ھونەر
پڕۆسەی بەرھەمھێنانی شتێکە بەھۆی ئارەزووەوە / From Wikipedia, the free encyclopedia
ھونەر (بە ئینگلیزی: Art) ژمارەیەک کاری جۆراوجۆرە کە مرۆڤ دەیکات بە مەبەستی دەربڕینی ھەست و بیری یا پیشاندانی شارەزایی و توانای خۆی. چالاکییە ھونەرییەکان دەتوانن ھونەری سۆمایی، دەنگی و نمایشی بن کە ھەموویان کە ڕێگەیەکن بۆ ئەوەی بەرھەمھێنەری کارەکە ئەندێشەکانی خۆی دەرببڕێت و بیرۆکەکانی خۆی ڕوون بکاتەوە. زۆربەی کات، کارە ھونەرییەکان بە نیازی پێزانین بەو جوانی و ھەستە سۆزییە بەھێزانەی کە دەیبەخشن دروست دەکرێن.[1][2] بە شێوەیەکی گشتی، چالاکییە پەیوەندیدارەکان بە ھونەرەوە ئەمانەن: بەرھەمھێنانی کاری ھونەری، ڕەخنەگرتن لە ھونەر، لێکۆڵینەوە لە مێژووی ھونەر، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی جوانی ھونەر.
کۆنترین جۆری ھونەر پێکھاتووە لە ھونەری سۆمایی، کە پێکھاتووە لە کێشان و دروستکردنی وێنە و شتومەک لەسەر شتێکی دیاریکراو. لە ھونەرە سۆماییەکان وەک: کێشانی تابلۆ، پەیکەرسازی، فۆتۆگرافی و میدیای بینراوی تر. تەلارسازییش زۆربەیجار وەک ھونەرێکی سۆمایی ناو دەبرێت، بەڵام وەک ھونەرێکی بینراویی بۆ دێکۆر و ڕێکلامکردن ناسراوە،[3] بە ھۆی ئەوەی ئەو کەرەستانەی لە ماوەی بەرھەمھێنانیدا بەکاردێن سەرەکی و گرنگن، بە پێچەوانەی تابلۆیەکەوە بۆ نموونە، کە ھونەرمەند تەنیا شتێکی تێدا بەکاردێنێت کە ئارەزووی لێی ھەبێت و بەباشی بیناسێت. مۆسیقا، شانۆ، فیلم، سەما و میدیای بینراوی تر، لەگەڵ وێژە، ھەموویان پێناسەیەکی تۆخیان ھەیە لە بواری ھونەرەکاندا.[1][4] ھەتاکو سەدەی حەڤدەھەم، ھونەر وەک ئاماژەیەک بۆ ھەموو چالاکییەک یان توانایەک بەکاردەھێنرا و جیا نەکرابۆوە لە زانست و بەرھەمی نا-ھونەریی تر. لە بەکارھێنانی مۆدێرندا (دوای سەدەی حەڤدەھەم) کە تێیدا تێڕامانی جوانی زۆر گەورەن، ھونەرە جوانەکان لە کرداری ناھونەریی گشتی تر جیاکراوەتەوە و جیاوازییەکانیان دیاریکراوە تاکوو تێکەڵ نەکرێن.
لەوانەیە کاری ھونەری بە بیشاندانی ژیان، دەربڕینی خود، پەیوەندی سۆزداری، یاخود شتی تر تەرخان کرابێت. لە سەردەمی ڕۆمانتیکدا، ھونەر بە شێوەیە پێناسە دەکرا و دەبیندرا: «بەھرەیەکی تایبەتی مێشکی مرۆڤ کە پێویستبوو پۆلێن بکرێت لەگەڵ ئایین و زانست.»[5] ھەرچەندە ئەو پێناسەیەی کە باس لە ھونەر دەکات ناکۆکی لەسەرە[6][7][8] و بە درێژایی کات گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، ڕوونکردنەوەیەکی گشتی لەسەری ئەوەیە کە ھونەر بەھرەیەکی تەکنیکی یاخود ئاڵۆزە، کە سەرچاوە لە ئەندێشەی مرۆڤەوە دەگرێت.[9]
سروشتی ھونەر و کرداری پەیوەندیداری تر، وەک داھێنان و بەرھەمھێنان، لە لقێکی فەلسەفەدا باسکراوە بەناوی جوانیناسی.[10][11]