ڕۆمانسیزم (بە ئینگلیزی: Romanticism) بزووتنەوەیەکی ھونەری، وێژەیی، میوزیکی، ڕووناکبیری بوو کە لە ئەورووپا سەری ھەڵدا و لە کۆتایییەکانی سەدەی ھەژدەیەمەوە ھاتە کایەوە، لە سەدەی ١٨ی زایینیدا (١٨٠٠–١٨٥٠) گەیشتە لووتکە.[1] پێناسەی سەرەکی رۆمانسیزم، گرینگیدان بە هەست و سۆز، تاکەکەسێتی، بە پیرۆز زانینی ڕابردوو و سروشت بوو. ئەم بزووتنەوەیە بە ڕێژەیەکی بەرچاو لێکەوتەی بەرانبەر بە شۆڕشی پیشەسازی، دەبێ و نابێیە کۆمەڵایەتییەکان، ڕامیاری ئەرستۆکڕاتیک لە سەردەمی ڕۆشنگەری و پشتڕاستکردنەوەی عەقڵانی سروشت لەسەر بنەمای زانست بوو کە لەڕاستیدا هەموو ئەوانە پێکهێنەرەکانی مۆدێرنیتەن.
ئەم بزووتنەوەیە زۆرترین ڕەنگدانەوەی لە هونەرە جوانەکان، مۆسیقا و وێژەدا بوو بەڵام کاریگەری لەسەر مێژوونووسی، ڕاهێنان، شەتڕەنج، زانستی کۆمەڵایەتی و زانستی سروشتیش هەبوو. وێڕای ئەمانە کاریگەرییەکی قوڵ و بەرچاویشی لە ڕامیاریدا هەبوو و ناکرێت نکۆڵی لێ بکرێت کە بیرمەندانی بزووتنەوەی ڕۆمانتیک کاریگەرییەکی گرینگیان لەسەر لیبڕالیزم، ڕادیکاڵیزم، کۆمەڵگاپارێزی و ناسیۆنالیزم هەبوو.
- ھەندێک سەرچاوە دەیگەرێنەوە بۆ (Roman)کە بە لاتینی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئەنوسرا بە واتای زاراوەی (Romantic) واتا (خۆشەویستییەک بۆ (مێینە)یەکی ئاستی چینی ئەرستۆکرات و پیاوێکی ئاسای کە ناتوانێت بگات بەو ژنە خانەدانە و تەنھا لە دورەوە سەرسامیانن، ئەم خۆشەویستییە بە شیعر (دەردەبڕدرێت) گرنگ نییە ڕووداوەکە ڕاستی بێت یاخود چیرۆکێکی خەیاڵی مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە سۆزێکی قووڵ ھەلبگرێت.
بەکار ھێنانی ئەم وشەیە
- یەکەم بەکارھێنانی ئەم وشەیە دەگەرێتەوە بۆ وەسفکردنی شعرەکانی ئەرستۆ و تاسۆ چیرۆکەکانی سەدەی بیستەم.
- ھەندێکی کە وەک (سامۆئیل جۆنسۆن) وشەی (ڕۆمانتیک)ی لە فەرھەنگێکدا لە ساڵی ١٧٥٥ شیکردووەتەوە، ھەرچەندە گومانی زۆر لەم وشەیە ھەبووە بەڵام لە شیکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە ڕۆمانتیک وەکو چیرۆکە سەرنجراکێش و ھەستبزوێنەکان وایە و بە شەبەنگی دیمەنە سروشتییەکان ڕونکراوەتەوە، ھەروەھا بە واتای شتێکی درۆ و چاوەڕوان نەکراو بۆ کرداریش بەکاردەھێنرێت. لێرەدا نووسەر بە شێوازێکی نەرێنییانە پێناسەی وشەی ڕۆمانتیکی کردووە.
- یەکەم کەس کە بە شێوەیەکی ئەرێنییانە پێناسەی وشەی ڕۆمانتیکی کردبێت (فریدریک ڤۆن شلیگل)ی ئەلمانی بووە لە دەوروبەری سالی ١٧٩٧ کە وەک ئاراستەیەکی نوێ بۆ وێژە دژی کلاسیکییەت، و بە شیعری پێشکەوتن و جیھانی ناوی بردووە.
تایبەتمەندییەکانی ڕێبازی ڕۆمانسیزم
- دەسەڵاتی عەقل وەلا دەنێ، بایەخ بە ئازادکردنی ھەست و سۆزدەدات لە جیاتی مێشک دڵ دەکا بە کانگای ئیلھام و شوێنی ھەست و ویژدان
- گەڕانەوەیە بۆ باوەشی سروشت، شاعیر حەز بە گۆشەگیری ناو سروشت ئەکا تا بکەوێتە ڕامان و خەیاڵی تێدا ئازاد بکا.
- بایەخ بە تاکی شاعیر دەدات، بەرھەمەکانی بە تەواوەتی بیر و بۆچوون و ھەست و سۆزی ھەڵقوڵاوی ناخی شاعیر خۆیەتی.
- ڕۆمانتیک باوەڕی بە ئازادی ھەیە، لە دەربڕینی ھەست و سۆز و جۆشی ناوەوە و گوێ بە ھیچ دەستور و قالبێکی چەسپاو نادات، ڕۆمانتیک لە بنچینەدا شۆرش و ئازادییە جڵەو بەردانە بۆ ئەو ئەندێشەیەی کە ھیچ سنوورێک نایوەستێنێ.
- ڕۆمانتیک لە بایەخدانی بە کات و شوێن، تووشی نامۆیی دەبێت، لەگەڵ سەردەم و شوێنی خۆی ناگونجێت، بە خەیاڵ بەرەو ڕابردوو دەگەرێتەوە و خەفەت بۆ ساتە خۆشە بەسەرچووەکان دەخوات. بۆ ڕزگاربوونیش لە ئاژاوەی سەردەم پەنا بۆ سروشت دەبا.
- ڕۆمانتیکەکان ھیوا و ئاواتیان زۆربوو بەڵام توانای ھێنانەدی ئەو ئاواتانەیان نەبوو، ناکۆکی نێوان ئاواتی زۆر و توانای کەم، ببووە ھۆی نائومێد بوون و ڕەشبینییەکی تەواو ئەمەش بەرەو وەڕسبوونی بردبوون لە ژیان، و گازندەیان لە بەختی خۆیان دەکرد.
- بەھۆی ئەوەی لە ڕێبازی ڕۆمانتیکدا مرۆڤ ئازاد بوو لە دەڕبرینی ھەست و سۆزی خۆی، بۆیە مۆرکی ناوچەیی بە تەواوەتی ڕەنگی دابۆوە لە ڕۆمانتیکدا، چونکە مرۆڤی یۆنانی جیاواز ئەژی لە مرۆڤی فەرەنسی کەواتە بەرھەمەکانیشیان جیاواز بوو.
- بابەتی وێژەیی ڕۆمانتیکی ئەورووپی بابەتی وێژەیی لاساییکەرەوە(تەقلیدی) نین، دەتوانێ ھەموو شتێک بکات بە نووسین وەکو دیمەنەکانی سروشت، مێژووی نەتەوایەتی، مۆرکی ناوچەیی، شتی تایبەتی لە باتی گشتی، فەلسەفەی میسالی، ڕەگەزی لە ئاسیایی بە دەر، کەلاوە، شەو، مردن، گۆر، خەون … ھتد.
- دەربڕین لە ڕۆمانتیکدا پەنا دەباتە بەرھەندێک سیمای تایبەتی وەکو (ڕزگاربوون لە دەستوور و یاسا، ئالۆزی، تێکەڵکردنی ھەستەکان، بەناوییەکداچوونی ئەرکی ھونەرە جوانەکان، ڕەچاوکردنی لایەنی زاتی، لیریکی … ھتد)
- ڕێبازی ڕۆمانسیزم: کە یەکەمجار وشەی ڕۆمانسیزم دەبیستین شتی خودی و خەیاڵی و سۆز و شەیدابونی سروشت و خۆشەویستی شوێنەواری کۆن بە بیرمان دادێت.ڕێبازی ڕۆمانسیزم، نزیکەی (سەدە و نیوێک) دوای دەرکەوتنی ڕێبازی کلاسیزم لە ئەورووپا سەری ھەڵداوە. ئەم ڕێبازە شۆڕشێک بوو دژی بنەما دەقگرتوەکانی کلاسیزم، ھەروەھا شۆڕشێک بوو بۆ ڕزگارکردنی ھونەر و وێژە لەژێر دەسەڵاتی داسەپاوی وێژەی یۆنانی و لاتینی کۆن.
|
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ڕۆمانتیزم تێدایە. |