پیانۆ
ئامێری مۆسیقا / From Wikipedia, the free encyclopedia
پیانۆ ئامێرێکی بیستۆکی ژێدارە کە لە ١٧٠٠کاندا لە ئیتالیا لە لایەن بارتۆلۆمیۆ کریستۆفۆری داھێنراوە. ئەم ئامێرە چەند چەکوشێکی تایبەتی ھەیە کە دەکێشرێت بە تەلەکاندا بۆ دەرکردنی دەنگ؛ چەکوشەکانیش لە ڕێگەی فشار خستنە سەر کلیلەکانی سەر پیانۆکەوە دەخرێنە جووڵە.[1] ئەم کلیلانە لە چەند دەنگێکی سەرەکی پێکھاتوون بە پەردەی جیاواز (بەرز و نزم)؛ لەکاتی ژەنینی پیانۆدا، پیانۆژەن پەنجەکانی دەنێت بە کلیلە دیاریکراوەکاندا بۆ دەرکردنی دەنگ و مۆسیقا. دروستبوونی پەردە و دەنگی گڕ و بەرز بە ھۆی توندکردن و شلکردنەوەی تەلەکانەوە دروست دەبێت، لەگەڵ ھێزی پیاکێشان بە کلیلەکاندا. وشەی پیانۆ کورتکراوە فۆرتپیانۆیە، کە ناوی ڕەسەنی ئامێرەکە بوو بۆ یەکەمین وەشانەکانی لە ١٧٠٠کاندا، کە فۆرتپیانۆیشی لێوە دروست بووە.[2] لە زمانی ئیتالیدا، فۆرت و پیانۆ بە واتای «نەرم» و «بەرز» دێن، کە ئاماژەیەکە بۆ ڤۆلیومی ئامێرەکە.[3] ژمارەیەکی زۆر لە مۆسیقییەکان بۆ فێربوونی ئەم ئامێرە مەشقیان کردووە و یەکێکە لە ناسراوترین ئامێرەکان لە ڕۆژاوا. یەکەمین فۆرتپیانۆکانی ١٧٠٠کان دەنگێکی کزتریان ھەبووە بەراورد بە پیانۆکان لەمڕۆدا.
ئامێری تەختەکلیل | |
---|---|
ھۆرنبۆستێل-ساکس | ٣١٤٫١٢٢-٤-٨ (کۆردۆفۆن بە تەختەکلیلەوە) |
داھێنەر | بارتۆلۆمیۆ کریستۆفۆری |
پەرەپێدراوە لە | سەرەتاکانی سەدەی ١٨ھەم |
مەودای ژەنین | |
وتاری زیاتر | |
ئامێری تەختەکلیل • پەیدانەکانی پیانۆ • پایپ ئۆرگن • ھارپسیکۆرد • سینتسایزەر • ئامێری ژێدار • ئامێری کوتان | |
زانیاری زیاتر | |
کلیلەکانی پیانۆ پێکھاتوون لە: C (دۆ)، D (ڕێ)، E (می)، F (فائـ)، G (سۆڵ)، A (لا)، B (سی). ئەم نۆتانە لەسەر پەردەی جیاواز دووبارە دەبنەوە. دۆ یان سیی ناوەند بەیس و ترێبڵ لە یەک جیا دەکاتەوە. دەستی چەپ بۆ ژەنینی نۆتەکانی بەیس بەکاردێت و دەستی ڕاستیش بۆ ژەنینی نۆتەکانی ترێبل. کلیلە ڕەشەکان بە «ھەڵکەوتییەکان» یان «دێزەکان» ناسراون، و سپییەکانیش بە «سروشتییەکان.» |
پیانۆکان بە گشتی زۆرجار بەرگێکی دارییان بەسەرەوەیە کە دەوری تەختەی دەنگ و تەلەکانی داوە بۆ پارستنیان. تەلەکانی پیانۆکە بە بەھێزی پەستانیان دەخرێتە سەر لەسەر چوارچێوەیەکی ئاسنینی قورس. کاتێک پەنجە دەنرێت بە کلیلێک یان زیاتردا لەسەر تەختەکلیلی پیانۆکە، بەو ھێزەی پەنجە نراوە بە کلیلەکاندا، وا لە چەکوشە ناوەکییەکانی پیانۆکە دەکات کە بجوڵێنەوە و لە تەلەکانی ناوی بدەن. کاتێک چەکوشەکان لە تەلەکان جیا دەبنەوە، تەلەکان ھێشتا لە لەرەلەر بەردەوام دەبن بۆ ماوەیەکی دیاری کراو.[4] دواتر، ئەم لەرینەوانە لە ڕێی پردێکەوە دەگوازرێنەوە بۆ تەختەی دەنگی ئامێرەکە، کە دەبێتە ھۆی دووھێندەکردنی دەنگەکەی و گواستنەوەی بۆ ناو ھەوا، دواتریش ھەوا دەیگوازێتەوە بۆ گوێکان. دوای ئەوەی پەستان لەسەر کلیلەکان لابرا، خامۆشکەرێک لەرەی تەلەکان دەوەستێنێت، کە دەبێتە ھۆی کۆتایی ھاتنی دەنگەکە. بەھەرحاڵ، ڕێگەیەک ھەیە بۆ ڕاگرتنی خامۆشکەرەکە و ڕێپێدان بە تەلەکان بلەرنەوە، ئەویش بە بەکارھێنانی پەیدانەکان کە لە ژێر پیانۆکەدا دیاری کراون. پەیدانەکانی ڕاگرتن یارمەتی پیانۆژەنان دەدەن کە مۆسیقای وا بنووسنەوە یان بژەنن کە بە بێ ئەو پەیدانانە ژەنینیان ئەستەم بێت. بۆ نموونە: کاتێک پیانۆژەنێک پەیدانی ڕاگرتن بەکاردەبا، دەتوانێت ئەو نۆتانەی کە ژەنیوێتی بە پێی بگرێت و بە خێرایی دەستەکانی بگوازێتەوە بۆ ناوچەیەکی تر بۆ ژەنینی ئاوازی تر بەسەر نۆتە ڕاگیراوەکاندا. بە پێچەوانەی ئۆرگنی بۆری و ھارپسیکۆردەوە، کە دوو ئامێری زۆر بەناوبانگ بوون پێش سەرھەڵدانی پیانۆ، پیانۆکان بەپێی ئەو ھێزەی خراوەتە سەر کلیلەکان ڕێگە بە کزی و بەرزی دەنگ دەدەن.[5]
زۆرینەی پیانۆ ھاوچەرخەکان ڕیزێک لە ٨٨ کلیلی ڕەش و سپییان ھەیە، ٥٢ کلیلی سپی سەر بە پێوەری دۆی گەورە (C, D, E, F, G, A و B) و ٣٦ کلیلی کورتی تریش، کە لە سەروو کلیلە سپییەکانەوە دیاری کراون. ئەمە واتای ئەوە دەدات کە پیانۆیەک لە توانایدا ھەیە ٨٨ پەردە یان نۆتەی جیاواز بژەنێت، کە درێژدەبێتەوە لە قووڵترین مەوداوە کە بەیسە، بەرەو بەرزترین کە ترێبلە. کلیلە ڕەشەکان بەکاردەھێنرێن بۆ ژەنینی «ھەڵکەوتییەکان» (F♯/G♭, G♯/A♭, A♯/B♭, C♯/D♭, و D♯/E♭)، کە پێویستن بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ھەر دوانزە کلیلەکەدا ئاواز دەربکرێت.[5] لە ھەندێک حاڵەتی دەگمەنیشدا، ھەندێک لە پیانۆکان لەوانەیە کلیلی زیادتریان ھەبێت، کە وا دەکات تەلی زیاتریش دابنرێت. زۆرینەی نۆتەکان ٣ تەلیان ھەیە، جگە لە بەیسەکان کە یەک یان دووانیان ھەیە. ھەرچەندە پیانۆ تەلی ھەیە، زۆرجار بە ئامێرێکی کوتین پۆلێن دەکرێت چونکە تەلەکان لێیان دەدرێت و ڕاناکێشرێن (وەک ھارپسیکۆرد یان سپینێت)؛ لە سیستمی ھۆرنبۆستێل ساخسدا، پیانۆ بە کۆردۆفۆن ژمێردراوە. دوو جۆری سەرەکی پیانۆ ھەن: پیانۆی مەزن و پیانۆی ستوونی. پیانۆی مەزن بە زۆری لە مۆسیقای کلاسیک و چامبەر دا بەکاردێت، زۆرجاریش لە نمایشی جاز و پۆپدا بەکاردێت. پیانۆی ستوونییش، کە بچووکترە، بەناوبانگتر و ھەرزانتریشە. بە ھۆی قەبارەکەیانەوە، خواستی زۆریان لەسەرە لە لایەن ئەو کەسانەی بۆ بەکارھێنانی ماڵەوەی خۆیانیان دەوێت.[5]
لە ١٨٠٠کاندا، بە ھۆی کاریگەری مۆسیقای ڕۆمانتیکەوە، داھێنانی نوێی وەک چوارچێوەی ئاسنین و تەلی چڕ سەری ھەڵدا بۆ پیانۆکان، کە دەنگێکی بەھێز و دەوڵەمەندتری بەخشی بە پیانۆ مەزنەکان، و ڕاگرتنی نۆتەکانیشی درێژخایەن و باشتر کرد. لە سەدەی ١٩ھەمدا، پیانۆکانی لە ناو ماڵەکاندا ھەبوون، وەک ئەو ڕادیۆ و فۆنۆگرافانە ڕۆڵی دەگێڕا کە لە سەدەی ٢٠ەمدا پەیدابوون. کاتێک خێزانێکی سەدەی ١٩ دەیانویست گوێبیستی پارچەیەک مۆسیقا یان سیمفۆنی نوێ بن، ئەوان لە ڕێگەی پیانۆژەنێکی بە کرێ گیراو یان ئەندامێکی پیانۆژەنی خێزانەکەوە دەیان توانی وا بکەن. ھەر لە سەدەی ١٩دا، بڵاوکەرەوەکانی مۆسیقا زۆرێک لە ئاوازیان دانا بۆ ئامێری پیانۆ و وردە وردە پارچە مۆسیقییەکانی بۆ ئەم ئامێرە دەنووسرانەوە گەورەتر دەبوون. ئەم ئامێرە بە شێوەیەکی زۆرتر لە مۆسیقای کلاسیکی، جاز و سۆلۆدا بەکاردەھێندرێت؛ ھەروەھا بەکاردەھێندرێت بۆ مەشقپێکردنی گۆرانیبێژان و بەشێکی زۆری ئاوازدانەران ئەم ئامێرە بەکاردەھێنن بۆ نووسینەوەی گۆرانی و ئاواز. ھەرچەندە پیانۆ ئامێرێکی گەورە و قورس و گرانە و ناتوانرێت ھەڵبگیرێت وەک ئامێرە سووکەڵەکانی تر، ھێشتا لە زۆربەی قوتابخانە و یانەی کۆنسێرتەکان و ستودیۆکان بەردەستە، ئەمەش بەھۆی توانا بەھێزەکانییەوە لە ژەنینی کۆرد و توانای ھەڵبژاردنی پەردەی زیاتر بەراورد بە ئامێرەکانی تر، و ھەروەھا توانای دەرکردنی نۆتەکان بە نزمی و سافی یاخود بە بەرزی و گڕی، بەپێی خواستی ژەنیار. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنۆلۆژیادا، ئامێری پیانۆ توانراوە بە چەندەھا شێوە بەردەست بخرێت، وەک: پیانۆی ئەلیکتریک (١٩٢٩)، پیانۆی ئەلیکترۆنی (١٩٧٠کان)، لەگەڵ پیانۆی دیجیتاڵی (١٩٨٠کان). پیانۆی ئەلیکتریک بووە ئامێرێکی بەناوبانگ بۆ بەکارھێنان لە مۆسیقاکانی وەک جاز و ڕۆک و فەنک.[5]