ڕێکخراوەی ڕاسان
ڕێکخراوێکی مافی ژن و کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە / From Wikipedia, the free encyclopedia
ڕاسان ڕێکخراوێکی ناحکوومیی کوردیی مافەکانی مرۆڤبوو کە لە ساڵی ٢٠٠٤ لە پارێزگای سلێمانی، لە ھەرێمی کوردستانی عێراق دامەزراوە، پاش نزیکەی دوو دەیە لە چالاکی دواجار لە ٣١ ی ئایاری ٢٠٢٣ بە فرمانی دادگە ڕێکخراوەکە داخرا و قەدەغەی ھەموو چالاکییەکی لێکرا لە کوردستان، ئەمەش بە تۆمەتی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و چالاکی دژی ئادابی گشتی و ئایین و کلتوری کۆمەڵگەی کوردی.[9] ڕاسان کاری بۆ مافی ژنان و ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە دەکرد[10] و چەندین پڕۆژەی ھاندان بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی پەیڕەو کردووە بە بەکارھێنانی ھونەر و سیمینار و وەرکشۆپ و ڕاھێنان و ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، و ھەروەھا تێکەڵکردنی پێشڕەوەکانی گرووپە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگە لە وتووێژ دەربارەی شووناسی جێندەری و یەکسانی و پێکەوەژیان.[11] لە سەرەتادا لە ٢٠٠٤–٢٠١٢، ڕاسان تەنیا ڕێکخراوێکی فێمێنێستی مافی ژنان بوو، بەڵام لە ٢٠١٢ دوای ڕاگرتنی چالاکییەکانیان بۆ ماوەیەک، بواری کارەکانیان فراوانتر کرد و دەستیان کرد بە کارکردنی لەسەر ئەو کێشانەی ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە ڕووی مافی مرۆڤەوە ڕووبەڕووی دەبوونەوە، بەوەش بوونە یەکەم ڕێکخراوی مۆڵەتپێدراو لەعێراق کە کار بۆ مافی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە بکات. ھەرچەندە ڕاسان بە شێوەیەکی گشتی بانگەشەی چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ دەکات، زۆرینەی چالاکییەکانیان بۆ ھۆشیاری دانە لە بارەی مافەکانی ژنان و کەسانی ھاوڕەگەزخواز لەگەڵ ھەوڵی دیکە بۆ ھۆشیاری دان لە بارەی کێشەی توندوتیژی خێزانی و ھاوسەرگیریی مناڵان. نووسینگەی سەرەکیی ڕاسان لە پارێزگای سلێمانییە و زۆربەی چالاکییەکانیان سلێمانی و ناوچە نزیکەکانی دەگرێتەوە، بەڵام بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری زیاتر لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی ھەوڵ دەدەن، ئەمەش لەڕێی بەکارھێنانی پێگە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە. پەیامەکانی ڕاسان دەربڕینی پشتگیرییە بۆ ژنان و ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە، ھاوکات ھاندانی حکوومەت و دامەزراوە یاسادانەرەکانە بۆ پێدانی مافە سەرەتایی و یاسایییەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە و مافی پاراستنیان لە سەرکوتکردن بۆ دابین بکەن.
دروشم | «شەڕکردن لە پێناو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی» |
---|---|
دامەزران | ٢٠٠٤ |
ھەڵوەشانەوە | ٣١ ی ئایاری ٢٠٢٣ |
جۆر | ناحکومی |
ئامانج | نەھێشتنی توندوتیژی و دووچاوەکی بەرامبەر ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە و ژنان.[1][2][3][4] |
شوێن | |
دەڤەری خزمەت | ھەرێمی کوردستان |
زمانی فەرمی | کوردیی ناوەندی |
بەڕێوەبەری جێبەجێکار | تانیا دەروێش[6][7][8] |
وێبگە | rasanorg |
ڕێکخراوەکە ھەستاون بە چەند ھەڵمەتێکی وریاکردنەوە و کردنەوەی چەند خولێک بۆ گەنجان لە کۆمەڵگەی کوردی دا بۆ ھەوڵدان بۆ بنەبڕکردنی کێشەکانی گۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە و ئەو جۆرە دیدگایەی ھەیە لەسەریان کە بە شێوازێکی خراپ سەیر دەکرێن لەلایەن کۆمەڵگەوە. یەکێک لە چالاکییەکانیان بریتی بوو لە نەخشاندنی چەند وێنەیەک لەسەر دیواری قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان کە پەیامی چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەی لە خۆ گرتبوو، لە ھەوڵێکدا بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتی بۆ بەرپاکردنی ھەڵسوکەوت و بیرکردنەوەیەکی نەرمتر بەرامبەر ئەندامانی کۆمەڵگەکە. پڕۆژەکە لە ٢٠١٧ دەستی پێکرد لە دەرەنجامی پاڵپشتی کردنی ڕێکخراوی «ئۆڵ ئاوت»، لە کۆتایی پڕۆژەکەش دا چەند وێنەیەک تێکدرابوون، بە تایبەتی ئەو وێنانەی پەلکەزێڕینەیان لەسەر بوو کە بە ئاشکرا دیاربوو پاڵپشتی بۆ کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە دەردەبڕی؛ بەڵام ڕاسان ھەستا بە چارەسەرکردنی کێشەکە. لە چالاکییەکی تردا، ڕاسان یارمەتی ٩٠ ژنیان دا کە لە دەستی داعش ڕایانکردبوو یاخود ئازاد کرابوون؛ لە چالاکییەکەدا کاریان بۆ ئەو ژنانە دەکرد کە لەسەر دەستی داعش ڕووبەڕووی توندوتیژی ببوونەوە، ھەندێکیان دەستدرێژیی سێکسیان کرابووە سەر لەلایەن ھەمان ئەو کەسانەوەی کە مێردەکانیان کوشتبوون. ڕاسان بەردەوامبوو لە کارکردن لەگەڵ ڕزگاربووانی دەستی داعش تا کۆتایی پڕۆژەکە. بەپێی سەرچاوەکان، ڕاسان ئێستاش لە ھەوڵدایە بۆ بەدەستھێنانی پشتگیری زیاتر لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ دابینکردنی یارمەتی و چارەسەری جەستەیی و دەروونی بۆ ئەو ژن و منداڵانەی لە دەست داعش ڕزگار بوون.[12]
لە عێراق ھیچ یاسایەک نییە کە پشگیری یاخود پارێزگاری لە کەسانی ھاوڕەگەزخواز بکات، ھەرچەندە لەژێر ھەڕەشە و ھێرشی بەردەوام دان و ھیچ میدیا و کەسایەتییەکیش بە ڕوونی پشگیری خۆیان دەرنابڕن لە ئاست چەندین ڕووداوی گەورە کە لە ھەرێم و عێراق ڕوودەدەن؛ بەڵام بە گشتی کوردستان و بە تایبەتیش سلێمانی بە شوێنێکی سەلامتتر دادەنرێن لەچاو شارەکانی دیکەی ھەرێم و عێراق. ئەگەر کێشەی پاراستن و ئاسایشیش نەبێت، کێشە دەربڕین و ئازادی یەخەی ئەندامانی کۆمەڵگەی ھاوڕەگەزخوازانی گرتووە. بەھۆی ھەڵە وەرگێڕان لە یاسای سزادانی عێراقی، کە یاسای ٣٩٣ دەگرێتەوە، یاساکە بەکاردەھێندرێت بۆ گرتن و تۆمەت خستنە پاڵی کەسانی ھاوڕەگەزخواز، ھەرچەندە ھیچ یاسایەک نییە بۆ پشتگیری یاخود ڕێگریکردن لێیان. لە ٢٠٢٠ دا، ڕاسان پڕۆژەی پەرەپێدانی گەنجانی دەست پێکرد، و بەشێک لە پڕۆژەکە خولێکی ڕاھێنانی ٦ ڕۆژییە لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و شوناس و ڕەگەز. بەشداربووانی پڕۆژەکە دەکرێت ببن بە خۆبەخش لە ڕێکخراوەکە تا پرۆژەی داھاتوو دێتە پێشەوە.