توندوتیژی خێزانی
From Wikipedia, the free encyclopedia
توندوتیژیی خێزانی (دەستدرێژیی خێزانی یان توندوتیژیی ناوخۆیی) توندوتیژی یان دەستدرێژییەکە لەلایەن کەسێکەوە بەرامبەر بە یەکێکی دی ئەنجام دەدرێت لە ژینگە و ڕێکەوتێکی ناوخۆییدا وەک (لە ھاوسەرگیری یان پێکەوەژیان). دەکرێت دەستەواژەی "توندوتیژیی نێوان ھاوبەشیی سۆزداریی" بۆ بەکار بھێنرێت کاتێک لەلایەن ھاوسەر یان ھاوبەشێکەوە ئەنجام دەدرێت لە دژی کەسەکەی تر کە لە پەیوەندییەکی سۆزداریدان، دەکرێت ڕووبدات لە ھاوسەگیری و پەیوەندیی سۆزداریی نێوان (ژن و پیاو، ھەمان ڕەگەز، ھاوسەرانی پێشوو یان کەسانی جیابۆوە.) ھەروەھا توندوتیژیی خێزانی توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵ، دایک و باوک یان بەساڵاچووانیش دەگرێتەوە.
ئەم توندوتیژییە چەند جۆر و شێوازێکی ھەیە، وەک (جەستەیی، زارەکی، سۆزداری، دارایی، ئایینی و سێکسی) و توندوتیژیی سێکسی وەک (زۆرملێیی، لاقەکردنی ھاوسەرگیری، دەستدرێژیی جەستەیی، خنکاندن، لێدان، خەتەنەکردنی ئافرەتان، ھێرشی ئەسیدی "تێزاب" کە دەرئەنجامەکەی شێواندنی ڕووخسار و مردنە.) کوشتنی خێزانی (بەردبارانکردن، سوتاندنی بووک، کوشتن لەسەر ناموس و کوشتنی مارەیی) دەگرێتەوە.
لەسەر ئاستی جیھاندا، قوربانییەکانی توندوتیژیی خێزانی بەشێوەیەکی بەرچاو ئافرەتن و ئافرەتان دووچاری شێوازێکی سەختتری توندوتیژی دەبنەوە[1][2] و ئەگەرێکی زیاتریان ھەیە لە پیاوان کە توندوتیژیی سۆزداری بەکار بھێنن وەک شێوازێکی بەرگریکردن لە خۆیان.[3] لە ھەندێک وڵاتدا، توندوتیژیی خێزانی بە ڕەوا تەماشادەکرێت و ڕێگەپێدراوە بەپێی یاسا بەتایبەتی لەو کاتانەی کە ناپاکی ڕوو دەدات.
لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ ھەیە لە نێوان ئاستی یەکسانیی ڕەگەزی (یەکسانیی نێوان ژن و پیاو بە گشتی) لە وڵاتێکدا لەگەڵ ڕێژەی توندوتیژیی خێزانی و دەرکەوتووە کە ئەو وڵاتانەی ئاستی یەکسانیی ڕەگەزیی کەمتریان ھەیە خاوەنی ڕێژەیەکی بەرزتری توندوتیژیی خێزانین.[4] بەھۆی بیروبۆچوونە باوەکانی ناو کۆمەڵگەوە دەربارەی قوربانیبوونی ڕەگەزی پیاو، زۆر جار ئەو پیاوانەی دووچاری توندوتیژیی خێزانی دەبنەوە ئەگەرێکی زیاتریان ھەیە لەلایەن ناوەندە تەندروستییەکانەوە فەرامۆش بکرێن.[5][6]