پەیوەندییەکی خۆشەویستی نێوان ئەندامانی ھەمان ڕەگەز From Wikipedia, the free encyclopedia
ھاوزایەندخوازی (پێشووتر ھاوڕەگەزخوازی؛ بە ئینگلیزی: Homosexuality) بریتییە لە پەیوەندییەکی ڕۆمانتیکی و سێکسی لە نێوان ئەندامانی ھەمان زایەنددا. ھاوڕەگەزخوازی «نەخشێکی ھەتاھەتایی سەرنجی سۆزداری و سێکسیی و ڕۆمانسییە» لە نێوان ئەندامانی ھاوڕەگەز. ھەروەھا «ئاماژەیەکە بۆ ھەستی شوناسی کەسێک لەسەر بنەمای ئەو سەرنج و ڕەفتارە پەیوەندیدارانە و ئەندامییەتی لە کۆمەڵگەیەک کە ھەمان ھەست تیایاندا ھاوبەشە.»[1][2]
لە پاڵ جیاڕەگەزخوازی[kurdish-alpha 1] و دووڕەگەزخوازیدا، ھاوڕەگەزخوازی یەکێکە لە سێ پۆلە سەرەکییەی خواستی ڕەگەزی[1] زاناکان ھۆکاری سەرەکیی خواستی ڕەگەزی نازانن، بەڵام پێیان وایە بەھۆی کاریگەرییەکی دوولایەنەی بۆماوەیی و ھۆرمۆنییەوە دروست دەبێت، لە پاڵ ئەوانیشدا، کاریگەری کۆمەڵگا لەوانەیە ڕۆڵێک بگێڕێت.[3][4][5] زاناکان پێیان وانییە ھاوڕەگەزخوازی ھەڵبژاردەی کەسەکە خۆی بێت.[3][4][6] ھەرچەندە ھیچکام لە بیردۆزەکان پاڵپشتییەکی گشتییان نییە، بەڵام زاناکان پشت بەو بیردۆزانە دەبەستن کە لە سایەی ژینناسیدا ھاتوونەتە ئاراوە[3] و دەچنەوە سەر ھۆکارە بۆماوەیییەکان.[7][8] ھیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو یان پشتگیراو لەلایەن زانستەوە نییە ئەوە بسەلمێنێت کە خێزان و تەمەنی منداڵی کاریگەرییان لەسەر خواستی ڕەگەزی ھەیە.[7] ھەرچەندە ھەندێک خەڵک پێیان وایە کە ھاوڕەگەزخوازی کردارێکی نا-سروشتییە، بەدواداچوونی زانستی سەلماندوێتی کە ھاوڕەگەزخوازی جیاوازییەکی ئاسایی و سروشتییە و دەرئەنجامێکی خراپ یان نەخۆشیی دەروونی نییە،[1][9] خۆیشی لە خۆیدا شتێکی خراپ نییە. بەڵگە و لێکۆڵینەوەی پێویست لەبەردەستدا نییە ئەوە بسەلمێنێت کە دەستێوەردانی دەروونی توانای گۆڕینی خواستی ڕەگەزی ھەیە.[10]
باوترین ئەو دەستەواژانەی کە بۆ کەسانی ھاوڕەگەزخواز بەرکاردەھێنرێن لێزبیان[kurdish-alpha 2] و گەین،[kurdish-alpha 3] بەڵام گەی بە شێوەیەکی بەرچاو و دیار بۆ ئاماژەکردن بە ھەردوو مێ و نێرە ھاوڕەگەزخوازەکان بەکاردەھێنرێت. ئەستەمە زاناکان بتوانن بە وردیی یاخود بە نزیککراوەیی ڕێژەی سەدیی کەسانی ھاوڕەگەزخواز یاخود ئەوانەی کرداری سێکسییان لەگەڵ ئەندامانی ھەمان دیاری بکەن، لەبەر چەند ھۆکارێک، لەوانە؛ کەسانی ھاوڕەگەزخواز نایانەوێت شوناسی خۆیان ئاشکرابکەن، بەھۆی ئەو ھۆمۆفۆبیا و جیاکاری و کینە و توندڕەوی کە لەوانەیە، بەتایبەتی لە دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا ڕووبەڕوویان ببێتەوە.[11] ڕەفتاری ھاوڕەگەزخوازی بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ئاژەڵانیشدا بینراوە و دیاری کراوە.[12][13][14][15]
زۆرێک لە گەی و لێزبیانەکان، ھەر وەک جیاڕەگەزخوازەکان، لە پەیوەندیی خۆشەویستی و ھاوسەرگیری پاک و دروست دان.[kurdish-alpha 4] ھەرچەندە ماوەیەکی کەمیشە سەرژمێریی دانیشتووان ئەوان لە ئاماری ھاوسەرگیری و پەیوەندییەکاندا پیشان دەدات.[16] پەیوەندییەکانی نێوان ھاوڕەگەزخوازان لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە ھەر وەک ھی جیاڕەگەزخوازەکان وایە و ھیچ جیاوازییەکیان تێدا بەدی ناکرێت.[2] کرداری ھاوڕەگەزخوازی بە درێژایی مێژوو ھەبووە و ھەندێک جار پەسەند کراوە و ھەندێک جاری تریش بەپێی ئەو کۆمەڵگەیەی ئەو کەسانەی تێدا ژیاون ئەم دیاردەیە نەفرینی لێکراوە.[17] لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەھەمەوە، جووڵە جیھانییەکان بۆ داواکردنی مافی یاسایی بۆ ھاوڕەگەزخوازان زیادی کرد. داواکارییەکانیان بریتیبوون لە دەستەبەرکردنی مافی شارستانی و ھاوسەرگیری و پاراستن و بەخێوکردنی مناڵە بێسەرپەرشتەکان و پاراستنیان لە توندوتیژی. لە ئێستادا ھیچ مافێک لەلایەن حکوومەتی ئێراق و ھەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی بۆ ھاوڕەگەزخوازان دانەندراوە، ئێن ئاڕ تی لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر ھاوڕەگەزخوازان ئەمەی دڵنیا کردووەتەوە.[18] لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ھاوڕەگەزخوازان بە ھەڵە لەگەڵ لەشفرۆشەکان و مناڵباز و نێربازاندا تێکەڵ دەکرێن، بە تایبەتی ھاوڕەگەزخوازە نێرەکان یاخود گەیەکان،[18] زۆرجار وەک سووکایەتییەک پێیان بە «ھەتیوباز»یان «دوودەگی» بانگ دەکرێن، بەڵام لەڕاستیدا ھاوڕەگەزخوازی ھیچ پەیوەندییەکی بە لەشفرۆشی و مناڵبازی و نێربازییەوە نییە و پەیوەندییەکی ڕۆمانسی و سۆزدارانەی نێوان دوو مرۆڤی پێگەیشتووە.
پێشووتر وشەی ھاوڕەگەزخوازی لە زمانی کوردیدا بەکار دەھات، لەبەر نەبوونی وشەیەکی باشتر. ئەم وشەیە لە ڕووی زمانەوانییەوە کێشەی ھەیە، لەبەر ئەوەی وشەی ڕەگەز بەرامبەر بە وشەی (race) بەکارھاتووە، بۆیە ھاوڕەگەزخواز دەقاودەق بە کەسێک دەوترێت کە ڕەگەزپەرستە (تەنیا ھاوڕەگەزی خۆی دەخوازێ). وشەی زایەند لە کوردیی باکووردا بەرامبەر بە وشەی (sex) بەکارھاتووە، وشەی (ھاوزایەندخواز) دەقاودەق مانای ئەوە دەدات کە کەسێک ھاوزایەندی خۆی (same-sex) لە ڕووی جنسییەوە دەخوازێت.
بەپێی زانستی وشەڕەتناسی وشەی ھۆمۆسێکشواڵ، کە لە زمانە بیانییەکاندا بە واتای ھاوڕەگەزخواز دێت، تێکەڵەیەکی یۆنانی و لاتینییە، یەکەم پێکھاتەی لە گریکییەوە وەرگیراوە، ὁμός (ھۆمۆس) کە بەواتای «ھەمان» دێت، و بۆ وەسفکردنی کردار و سەرنجی سێکسی لە نێوان ئەندامانی ھەمان ڕەگەزدا بەکاردێت، و لێزبیانیزمیش دەگرێتەوە.[19][20] یەکەم دەرکەوتنی وشەی ھۆمۆسێکشواڵ لە نووسیندا لە نامیلکەیییەکی ساڵی ١٨٦٩ی ڕۆماننووسی نەمسایی کارل-ماریا کێرتبێنیدایە، کە نازانرێت کێ بڵاوی کردووەتەوە.[21] نامیلکەکە دژی ھەندێک یاسای شانشینی پڕوسیا وەستاوەتەوە کە ھەندێک کرداری سێکسیی قەدەغە کردبوو.[21][22] لە ١٨٨٦دا دەروونناس ڕیچارد ڤۆن کرافت-ئیبن لە کتێبەکەیدا بەناوی سایکۆپاتیا سێکسیوالیس ھەردوو ناوی ھۆمۆسێکشواڵ و ھێترۆسێکشواڵی بەکارھێناوە. کتێبەکەی ئەو ھێندە بەناوبانگ بوو لە نێو خەڵکیدا، بوویە ھۆی ئەوەی ئەم دوو ناوە بە فەرمی بەکاربھێنرێن و ببن بە دوو ناوی گشتی.[23][24]
زۆرێک لە ڕێنیشاندەرەکانی نووسینی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە کە ھۆمۆسێکشواڵ وەک ناو بۆ کەسێک بەکارنەھێنرێت و لەجێی ئەوە گەی یان لێزبیان بەکار بھێندرێت.[25] ھەندێکی تر پێشنیازیان کردووە کە بە تەواوەتی دەست ھەڵبگیرێت لە بەکارھێنانی ئەو وشەیە لەبەر ئەوەی مێژوویەکی تاریکی ھەیە و وەک سووکایەتییەک وایە، چونکە دەستەواژەکە زیاتر بۆ خووڕەوشتی سێکسی کەسەکە بەکاردێت نەک ھەستە ڕۆمانسییەکانی. گەی و لێزبیان ناودارترین جێگرەوەی وشەکەن کە لە کۆمەڵگەدا بە شێوەیەکی خراپ بەکارنایەن.[25] پیتی سەرەتای ھەر یەک لە وشەکانی لێزبیان، گەی، بایسێکشواڵ و ترانسسێکشواڵ بۆ دروستکردنی وشەی LGBT (ئێڵ جی بی تی) بەکارھێنراون، کە ئاماژەیە بۆ کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە.
گەی خۆی ئاماژەیە بە ھاوڕەگەزخوازیی نێرینە،[26] دەشکرێت بۆ ئاماژەکردن بە تەواوی کەسانی ئێڵ جی بی تی بەبێ گوێدان بە زایەندیان بەکاربھێنرێت. بەڵام لێزبیان تەنھا تایبەتە بە ھاوڕەگەزخوازانی مێینە. وشەی لێزبیان لە دوورگەی لێسبۆسی یۆنایییەوە وەرگیراوە، لەوێ ھۆزانڤانی یۆنانی سافۆ ھۆزانی سەبارەت بە پەیوەندییە سۆزدارییەکانی لەگەڵ کچانی گەنجدا دەھۆنییەوە.[27][28]
ھەرچەندە نووسەرانی کۆن دەستەواژەی ھۆمۆسێکشواڵیان بۆ چوارچێوەیەک بەکارھێناوە کە تەنیا یەک ڕەگەزی تێدا بێت (بۆ نموونە قوتابخانەیەک تەنیا کچی تێدا بێت)، بەڵام لە ئێستادا وشەکە لە ڕێڕەوەکەی لای داوە و تەنھا بۆ خواستی ڕەگەزی و ھەستی سێکسیی کەسێک بەرامبەر بە ڕەگەزی خۆی بەکاردێت.
بە گشتی لەجێی وشەی ھۆمۆسێکشواڵێتی چەند وشەیەکی دیکە بەکارھێنراون، لەوانە؛ ئەو پیاوانەی سێکس لەگەڵ پیاو دەکەن، (MSM) کە لە پزیشکیدا بۆ ئاماژەکردن بە چالاکیی سێکسی بەکارھێنراوە. ھۆمۆئیرۆتیک، بۆ کاری ھونەریی بەکاردێت.[29][30] چەند وشەیەکی دیکە کە وەک سووکایەتی بەکاردھاتوون: کویر، فاگێت، فەیری، پووف و ھۆمۆ.[31][32][33][34] لە سەرەتاکانی ١٩٩٠ەکاندا ئەم وشانە لەلایەن کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تییەوە ئاماژە خراپەکانیان لێکرایەوە، وشەی کویر لە لێکۆڵینەوەی کویر و بیردۆزەی کویر و تەنانەت لە زنجیرەی تەلیفیزیۆنی چاوێکی کویر بۆ کوڕێکی سترەیتدا بەکارھاتووە.[35] (سترەیت بەو کەسانە دەوترێت کە ھاوڕەگەزخواز نین و جیاڕەگەزخوازن). ھەرچۆنێک بێت، گەر کەسێک مەبەستی خراپ بێت لە بەکارھێنانی ئەم وشەیە بە شێوازی لێدوانەکانیدا دیار دەبێت.[36]
ھەندێک جار، لەبری وشەی «ھاوڕەگەزخواز» (کە وشە ڕاستەکەیە)، «ھاوڕەگەزباز» بەکار دەھێندرێت. لە زمانی کوردیدا وشەی شیاوی پەیوەندیدار بە جێندەر و زایەندەوە دانەندراوە، بۆیە ئەو ناوانەی ئێستا لە جێی ھاوڕەگەزخوازی بەکاردێن، دروست نین.[37]
ڕەوشتی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ھاوڕەگەزخوازان و مامەڵەکردن لەگەڵیان بەپێی کات و ناوچە جوگرافییاکان گۆڕاوە، شوێن ھەبووە کە ھەموو نێرەکان تێیدا بەشداری پەیوەندی ھاوڕەگەزیان کردووە، لە ھەندێک شوێنیش دیاردەکە پشتگوێ خراوە و پەسەند کراوە، لە ناوچە ئایینییەکانیش بە کفر ناوبراوە و سزای کوشتنی بۆ داندراوە.
لە کۆکراوەیەکی مرۆڤناسی وردی مێژوویی تایبەتە بە وەسفی چاندی گەلانی پێش-پیشەسازیی، «ھاوڕەگەزخوازی بەبەھێزی پەسەندنەکراوە بە ڕێژەی ٤١٪ لە ٤٢ چانددا؛ پەسەند کراوە یانیش پشتگوێ خراوە لەلایەن ٢١٪ی خەڵکی و، ١٢٪ ئامارێکی وایان نەداوە لەسەر ئەو دیاردەیە. لە ٧٠ گرافی مرۆڤزانیدا، ٧٠٪ وا پیشانی دەدەن کە ھاوڕەگەزخوازی نادیارە یان دەگمەنە. ٤١٪ش وای نیشان دەدەن کە ھەیە و شتەکە دەگمەن نییە.[38]
لەو چاندانەی کە کاریگەری ئایینە ئیبراھیمییەکانیان لەسەرە، یاسا و کڵێساکان ھاوڕەگەزخوازیان بە لادان لە ئایین و وەستان دژی یاسا و سروشت ناوبرد. ناپەسەند کردن و خراپ سەیری کردنی سێکسی کۆم لە نێوان دوو پیاودا دەگەڕێتەوە بۆ پێش مەسیحییەت بەھەرحاڵ. ئەوە شتێکی دیار بووە لە یۆنانی کۆندا، ناو بردنیشی بە نائاسایی یان ناسروشتی دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوفی یۆنانی بەناوبانگ ئەفلاتوون.[39]
زۆرێک لە کەسایەتییە مێژوویییەکان وەک سوقرات، لۆرد بایرۆن، ئێدواردی دووەم و ھادریان[40] بە دووڕەگەزخواز یان گەی بانگ کراون؛ ھەندێک لە زاناکان، وەک میشێل فوکۆ، ئەمەیان بە پێشەکییەکی نەگونجاوی مێژووی ناوبردووە کە ئاژۆکی خواستی ڕەگەزی بیانی دەخاتە مەترسییەوە.[41][42]
کۆنترین تۆماری دوو خۆشەویستی ھاوڕەگەزخواز لە ئەفریقا دەگەڕێتەوە بۆ ٢٤٠٠ ساڵ پێش مەسیح لە لە میسر، ھەردووک خاناماوھاتپیو و نیەداناخاناماو بە کۆنترین کەپڵی ھاوڕەگەزخوازی ناوچەی ئەفریقیا داندراون. وێنەکەیان ئەوان پیشان دەدات کە لووتیان ناوە بە لووتی یەکەوە و خەریکە ماچ دەکەن، ئەمە یەکێکە لە ناودارترین ئەو شێوازی وێنانە کە ھونەری میسری پێی ناسراوە. لە وێنەکەدا وادیارە ئەوان دەورووبەریان گیراوە بە میراتگرەکانیان. ھەردوو ئاسترۆپۆلۆجیست ستیڤن مورەی و ویڵ ڕۆسکۆ دەڵێن کە ژنەکانی لیسۆتۆ پەیوەندی سێکسی و ئیرۆتیکیان بەستووە لەگەڵ یەکتری کە بە ماتزۆێل ناوبراوە.[43] لە کۆنگۆی کۆنیش تۆمارکراوە کە شۆڕشگێڕانی ئازاندێ کوڕیان بە کرێ گرتووە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەن لە کاروباری گشتی ماڵەوە لەگەڵ سێکسکردن لەگەڵیان.[44]
پێش داگیرکردنی لەلایەن ئەورووپاوە، لەنێوان ئەمریکییە سوورپێستەکاندا لە ئەمریکاکاندا شێوازێکی ھاوڕەگەزخوازی و سێکسی ھەمانڕەگەز بەرڵاوبووە لەلایەن کەسایەتییەکان. ئەوان کاتێک مناڵەکانیان پەروەردە دەکرد و گەورە دەکرد، لە تەمنێکی لاوێتیدا ھەڵبژاردنێکیان پێ دەدرا لەلایەن باوانەکانیانەوە کە ڕێگەیەک ھەڵبژێرێت تاکو ژیانی پێ بەسەر بەرێت، ئەگەر مناڵەکە ھەر کامێک لە دوو زایەندەکی ھەڵبژاردایە ئەوان بە پەروەردەیەکی تایبەت بەخێویان دەکرد و گەورەیان دەکرد و فێری خووڕەوشتی ئەو زایەندەیان دەکرد کە ھەڵی بژاردووە. ئەم کەسایەتییانە بە گشتی شامان بوون و واش بڵاوبوو کە گوایە ئەوان لە مرۆڤێکی ئاسایی بەھێزتر و باشتر بوون.
ھاوڕەگەزخوازان و ترانسجێندەرەکان لە شارستانێتەکانی تری ئەمریکای لاتینی زۆربوون پێش داگیرکردنیان، وەک ئەزتێک، مایا، کوێنچاز، مۆچس، زاپۆتێکس و تەپینامبای بەڕازیل.[45][46] داگیرکەرانی ئیسپانیا لەو ڕاستییە تۆقی بوون لە کرداری ھاوڕەگەزخوازی بە کراوەیی ئەنجام دەدرا لەلایەن دانیشتووانە ڕەسەنەکان، و ھەوڵی لەناوبردنی دیاردەکەیان دا بە ھەڕەشەکردن لەو کەسانە و ڕووبەڕووی کردنەوەیان لەگەڵ سزای سەخت وەک کوشتنی بە سووتان و سەگ تێ بەردان تێیان.[47] لە ساڵی ٢٠١٣دا ھاوسەرگیری ھاوڕەگەزخوازان یاسایی کرا لە ئەمریکا.[48]
لە ڕۆژھەڵاتی ئاسیا، ئەوین و سێکسی ھاوڕەگەز ئاماژەی پێ کراوە ھەر لە سەرەتای دەستپێکردنی نووسینەوەی مێژووەوە.
ھاوڕەگەزخوازی لە چین بیندراوە و ئەوان لای خۆیان چەند ناوێکی تایبەتیان بۆ داناوە، چەند حاڵەتێکی لەو شێوەیە تۆمار کراوە لە ٦٠٠ی پێش مەسیحەوە. ھاوڕەگەزخوازی لە چەندین کاری بەناوبانگی وێژەی چینیدا ناوی ھاتووە. بۆ نموونە، باسی سێکسی ھەمانڕەگەز کراوە لە ڕۆمانی کلاسیکی خەون لە ھۆبە سوورەکە، کە ھەر لەو دەمدا کتێبی ھاوشێوە لەسەر پەیوەندییە سێکسییەکان نووسراوەتەوە. کۆنفووشیزم، کە فەلسەفەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری بوو، زۆر بە کەمی تیشکی خستبووە سەر خواستی ڕەگەزی، ئەمە ھاوڕەگەزخوازی و جیاڕەگەزخوازیش دەگرێتەوە. وێژەی مینگ دایناستی، وەک بیان ئێر چای (弁而釵/弁而钗)، بە شێوەیەک پەیوەندی سۆزداری نێوان ھاوڕەگەزخوازان پیشان دەدات کە ئارامتر و خۆشترە وەک لەوەی جیاڕەگەزخوازەکان.[49]
دژایەتیکردنی ھاوڕەگەزخوازی لە دەمی خانەدانی تانگدا دەستی پێ کرد (٦١٨–٩٠٧)، کە دراوەتە پاڵ بەرزبوونەوەی کاریگەرییەکانی ئیسلام و مەسیحییەت.[50] لە سینگاپور، لە حوزەیرانی ٢٠١٤دا ٢٠٬٠٠٠ کەس پشتگیری خۆیان پیشان دا بۆ دامەزرانی مافی تایبەت بۆ ھاوڕەگەزخوازەکان.
کۆنترین دۆکیومێنتی ڕۆژاوایی (لە شێوەی کاری وێژەیی، ھونەریی و شتومەکی میتۆگرافیکی) کە ھاوڕەگەزخوازی لەخۆ دەگرێت دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن. جگە لە ھاوڕەگەزخوازی، ئەو دۆکیومێنتانە وای پیشان دەدەن کە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ژنان و گەنجان سەرەکیترین بنیاتنەری ژیانی ئەوینی پیاوێکی ئاسایی ئەو کاتە بووە. پەیوەندی سۆزداری ھەمانڕەگەزەکان دەروازەیەکی کۆمەڵایەتی ئەو کاتە بووە کە بە شێوەیەکی جۆراوجۆر بوونیاتنراوە بە تێپەڕبوونی کات و لە شارێکەوە بۆ ئەوی تر. ھاوڕەگەزخوازی لە یۆناندا بە نرخ داندراوە بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە گەشەسەندنی مرۆڤایەتیی. ئەفلاتوون لە نووسینە کۆنەکانیدا باسی لە لایەنە باشەکانی کردووە،[51] بەڵام لە نووسینە نوێترەکانیشیدا لەگەڵ قەدەغەکردنی بووە.[52] ئەرستۆ لە کتێبی پۆلیتیکس بیرۆکەکەی ئەفلاتوون لە لەناوبردنی ھاوڕەگەزخوازی پشتگوێ خستووە (٢٫٤)؛ ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە بەڕبەڕی وەک کێلتەکان بە بۆنەیەکی تایبەت دایان ناوە (٢٫٦٫٦) لەکاتێکدا کە کریتەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دانیشتووان بەکاریان ھێناوە.[53]
کەمتر زانراوە لەسەر ھاوڕەگەزخوازی نێوان ژنان لە یۆنانی کۆندا. سافۆ، لەدایکبوو لە دوورگەی لێسبۆس، کاریگەری کردووەتە سەر ئەو ناوانەی کە بۆ ژنە ھاوڕەگەزخوازەکان بەکاردێن، سافیک و لێزبیان بوون بە دووناوی فەرمی بۆ بەکارھێنان لەگەڵ ھاوڕەگەزە ژنەکاندا لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەھەمدا.[54][55] ھۆنراوەکانی سافۆ تیشک دەخاتە سەر ئەوین و پەیوەندی سۆزداری بۆ ھەردوو زایەند. خوێنەرەوەکانی ھۆنراوەکانی ئەم ھۆزانڤانە بەناوبانگە باسی خۆشەویستی و پەیوەندییەکەی دەکەن لەگەڵ چەند ژنێک، بەڵام بەڵگە لەسەر پەیوەندی جەستەیی لەگەڵیان کەمە.[56][57]
لە ڕۆمای کۆندا، جەستەی نێرەکان ناوەندی سەرنجی سێکسی بووە، بەڵام پەیوەندی سۆزداری تەنھا لە نێوان پیاوی ئازادی پێگەیشتوو و کۆیلەکەی یان پیاوێکی گەورەتر و پیاوێکی گەنجی بەرەڵاکراو کە ڕۆڵی وەرگری ھەبووە لەکاتی سێکسدا ڕوویداوە. ئیمپڕاتۆری مەسیح تیۆدۆسییەسی یەکەم یاسایەکی دەرکرد لە ٦ی ئابی ٣٩٠ کە نێرە وەرگرەکان بسووتێندرێن. لە کۆتایی دەسەڵاتەکەی، جوستینیانی یەکەم قەدەغەکردنی ھاوڕەگەزخوازی زیاتر فراون کرد بەبیانووی ئەوەی کە دەبێتە ھۆی وێرانکردنی شارەکان و ئەویش «سزای خوا» دەبێت. دوای نەمانیشی لەسەر دەسەڵات سزادانی ھاوڕەگەزخوازان ھەر تا ماوەیەک بەردەوام بوو.
لە ڕێنێسانسدا، شارە دەوڵەمەندەکانی ئیتاڵیا – بەتایبەتی فلۆرێنس و ڤێنیز – ناسرابوون بەو ژمارە زۆرەی ھاوڕەگەزخوازان کە ھەیانە، کە زۆرێک لە نێرەکانی ئەو کاتەی گرتبۆوە و بەردەوامبوون لەو نەخشەی کە ڕۆمانییەکان و یۆنانییەکان بەخشیبوویان بە ھاوڕەگەزخوازی.[58][59] ھەرچەندە ڕێژەیەکی زۆری پیاوەکان ھاوڕەگەزخواز بوون، دەسەڵاتدارەکان بڕیاریان دا کە دەست بکەن بە کوشتن و غەرامەکردنی ڕێژەیەکی ئەو دانیشتووانانە.
لە نیوەی دووەمی سەدەی سێزدەھەم، کوشتن سزای ھاوڕەگەزخوازی بوو لە زۆربەی شوێنەکانی ئەورووپا.[60] چەند کەسایەتییەکی مێژووی وەک شا جەیمسی یەکەم و دوق بەکینھام لە چەند نامیلکەیەکدا زۆربوونی ڕێژەی ھاوڕەگەزخوازانیان باس کردووە.
چەند نامەیەکی خۆشەویستی نێوان پیاوێکی خانەدان و کەسایەتی بەناوبانگ مستەر ویڵسن بڵاوکرانەوە لە ساڵی ١٧٢٣ لە ئینگلتەرا و لەلایەن چەند زانایەکی نوێخوازەوە ھاندرا تاکو ببێتە ڕۆمانێک. ڕۆمانی بەناوبانگی ١٧٤٩ بەناوی فانی ھیڵ بەشێکی ھاوڕەگەزخوازی لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئەمە لە گۆڕانکاری وەشانی ١٧٥٠کەیدا لابرا.[61] ھەروەھا لە ساڵی ١٧٤٩دا یەکەم پەڕتووکی پارێزگاریکردن لە ھاوڕەگەزخوازان بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کرایەوە، کە لەلایەن تۆماس کانۆن نووسرابوو، بەڵام ھەر یەکسەر بڵاوکردنەوەی ڕاگیرا. لە دەورووبەری ١٧٨٥ەکاندا، جێریمی بێنتامیش پارێزگارییەکی تری نووسییەوە، بەڵام بڵاونەکرایەوە تاکو ساڵی ١٩٧٨.[62] سزای مەرگی ھاوڕەگەزخوازان بەردەوام بوو لە ھۆڵەندا تا ساڵی ١٨٠٣، لە ئینگلتەراش تاکو ساڵی ١٨٣٥ ھەر بەردەوام بوو.
لە نێوان ١٨٦٤ و ١٨٨٠ کارل ھێنریک ئولریش زنجیرەیەک لە دوازدە کتێبی بڵاوکردەوە بەناوی بەدواداچوون لەسەر مەتەڵی خۆشەویستی پیاو-پیاوانە. لە ١٨٦٧دا، ئەو بووبە یەکەم ھاوڕەگەزخواز کە بە کراوەیی بە ڕووی خەڵکدا قسەی کرد و پارێزگاری لە ھاوڕەگەزخوازەکان کرد کاتێک کە لە کۆنگرەی ئەڵمانی لە مونیک بەشداری کرد بۆ چارەسەرێک بۆ یاسای ئەنتی-ڕەگەزخوازەکان و لابردنی ئەو یاسایانە.[11] ھەڵگەڕانەوەی سێکسی کە لەلایەن ھاڤلۆک ئیلیسەوە نووسرابوو لە ساڵی ١٨٩٦دا بڵاوکرایەوە کە بەرەنگاری ئەو بیردۆزانە دەبۆوە کە دەیانوت ھاوڕەگەزخوازی شتێکی ناسروشتییە، ھەروەھا ھەوڵی شکاندنی پڕوپاگەندە و ستێریۆتایپەکانی دەدا. ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەی کە ھاوڕەگەزخوازی شتێکی سروشتییە و حاڵەتێکی تایبەت بووە و پەیوەندیی ھەبووە بە زیرەکی و داھێنەری مرۆڤەکانەوە.[63]
ھەرچەندە خەڵکی کتێبی پزیشکی لەم شێوەیەیان نەدەخوێندەوە بە گشتی، ئەوان بوونە ھۆی دروستبوونی ساینتیفیک ھیومانتێریان کۆمیتیی ماگنەس ھیرشفیڵد، کە لە ساڵی ١٨٩٧ەوە بۆ ١٩٣٣ دژی سزای ئەنتی-ھاوڕەگەزخوازی وەستایەوە لە ئەڵمانیا، لەگەڵ دروستبوونی چەندین جووڵەی گەورە لای ڕۆشنبیران و نووسەرانی بەریتانیا کە لەلایەن ئێدوارد کارپێنتەر و جان ئادینگتن سیمندسەوە نوێنەرایەتی دەکرا. لەگەڵ کتێبێک بە ناوی خۆشەویستی ھۆمۆجێنیک لە ساڵی ١٨٩٤، توێژەری کۆمەڵایەتی ئێدوارد کارپێنتەر دەستی کرد بە نووسینەوەی زنجیرەیەک لە وتار و نامیلکە لەسەر ھاوڕەگەزخوازی و لە ساڵی ١٩١٦دا لە کتێبەکەیدا بە ناوی ڕۆژەکانم و خەونەکانم ڕوونی کردەوە کە ئەو ھاوڕەگەزخواز بووە.
چەند کۆچکردنێکی عەرەب ڕوویداوە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو ئەورووپا لە ناوەندی ١٨٠٠کاندا. دوو لەو کۆچکەرانە، ڕافیعە ئەلتەحتاوی و محەممەد ئەلسەفەر سەرسووڕمانی خۆیان پیشان دا کە فەڕەنسییەکان زۆرجار بە ئەنقەست بە ھەڵە ئەو ھۆنراوانەیان وەرگێڕاوە کە لەسەر کوڕ نووسراون و ئەوان لەجێی کوڕ کچیان داناوە بۆ ئەوەی لە پێوەرە ڕەوشتییەکانیان و نەریتیان لانەدەن.[65]
ئیسرائیل بە باشترین وڵات ناسراوە لەگەڵ ھاوڕەگەزخوازان لە ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا[66] و تێل ئەڤیڤ ناسراوە بە «پایتەختی گەیەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست»،[67] و بە یەکێک لە ئارامترین و باشترین شارەکان بەرامبەر بە ھاوڕەگەزخوازان داندراوە. نواندنی شانازی ھاوڕەگەزخوازان ھەموو ساڵێک لە تێل ئەڤیڤ جێ دەگرێت.[68]
لەلایەکی ترەوە، زۆرینەی حکوومەتەکانی تری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست زۆرجار دیاردەی ھاوڕەگەزخوازی پشتگوێ دەخەن و دان بە ھەبوونیدا نانێن، ھەندێک جاریش بەتاوانبوونی دەکەن. ھاوڕەگەزخوازی لە نزیکەی ھەموو دەوڵەتە ئیسلامییەکان نایاسایییە.[69] جووتبوون لە نێوان ئەندامانی ھاوڕەگەز لە ھەندێک لە دەوڵەتە ئیسلامییەکان سزای کوشتنی ھەیە، وەک لە عەرەبستانی سعوودی، ئێران، مۆریتانیا، باکووری نێجیریا، سوودان، و یەمەندا دیارە.[70] سەرۆککۆماری ئێران مەحموود ئەحمەدینەژاد لە یەکێک لە وتارەکانیدا لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە ئێراندا کەسی گەی نەبووە. بەھەرحاڵ، ھەرچی ھاوڕەگەزخوازێکیش ھەبێت بە کراوەیی دان بەوەدا نانێت کە گەیە، لە ترسی ڕەتکردنەوەیان لەلایەن خێزانەکەیانەوە یانیش دەستدرێژی کردنە سەریان لەلایەن حکوومەتەوە.[71]
لە مێژووی کوردستاندا ھاوڕەگەزخوازی ھەر ھەبووە، وەک ھەموو ناوچەکانی تری جیھان، بەڵام ھەرگیز بە کراوەیی ماف بۆ ھاوڕەگەزخوازان دانەندراوە و دیاردەکە پشتگوێ خراوە. لە ئێستادا، ھاوڕەگەزخوازی لە ئێراقدا قەدەغە نەکراوە، بەڵام ھێشتا خەڵکی دژی دەوەستن و بە چاوێکی خراپ سەیری دەکرێت. لە ساڵی ٢٠١٠دا بڵاوکرایەوە کە یاسایەکی نوێ دادەندرێت بۆ یەکسانی نێوان زایەندەکان. بەڵام لە کۆمەڵگە ئایینییە ناوخۆیییەکان ناڕەزایی دەربڕدرا و وترا کە ئەمە یاسایەکە بۆ پەسەندکردنی ھاوڕەگەزخوازی.[72] کامیل حاجی عەلی، بەڕێوەبەری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە کوردستان وتی کە ئەم یاسایە «بەدڕەوشتی» بڵاودەکاتەوە و کۆمەڵگەی کوردی «تێک دەدات.» دوای کۆمەڵێک جووڵەی ئایینی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکیان بەست و دانیشتووانیان ئاگادار کردەوە کە ئەم یاسایە ھاوسەرگیری ھاوڕەگەزخوازەکان یاسایی ناکات.[72]
لە ساڵی ٢٠١٧دا، کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ناوخۆی کوردستان ئێن ئاڕ تی بەڵگەفیلمێکیان بە ناو کوردستاندا پەخش کرد لەسەر ھاوڕەگەزخوازی کە بیرۆکەی گشتیی بابەتەکەیان خستە ڕوو، لە بەڵگەفیلمەکەدا چەند ھاوڕەگەزخوازێکی کورد بانگھێشت کرابوون بۆ ئەوەی قسە لەسەر بابەتەکە بکەن.[18] بەڵگەفیلمەکە بە گشتی وەڵامێکی خراپی درایەوە لەلایەن کوردستان و کۆمەڵگە ئایینییەکانەوە.
لە ١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧، ڕێکخراوی لاڤە دامەزرا، کە یەکەم ڕێکخراوە لە ناوخۆی کوردستان بە ئاشکرا داوای مافی ھاوڕەگەزخوازان بکات. دواتر لاڤە داخراو و کار و چالاکییەکانیان گواستەوە بۆ ڕێکخراوەی ڕاسان. ڕێکخراوەی ڕاسان لە ساڵی ٢٠٢١دا لەلایەن ئەندام پەرلەمانێکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە ناوی عومەر گوڵپی سکاڵایان لەسەر تۆمار کرا. دواتر چەند ھەوڵێک درا بۆ دەستگیرکردن و دەرکردنی یاسا دژی ھاوڕەگەزخوازی، بەڵام گشت ھەوڵەکان شکستیان ھێنا.
لە ئیمپڕاتۆرێتی ئاشووری کۆندا، ھاوڕەگەزخوازی ھەبووە و باو بووە؛ قەدەغەنەکراو بوو ھەروەھا بە بێڕەوشتی یان نەخۆشی دا نەئەندرا. ھەندێک لە تێکستە ئایینییەکان پاڕانەوەی تێدابووە بۆ ھاوڕەگەزخوازان. چەند کتێب ھەبوون کە بە شێوەیەکی یەکسان پاڕانەوەی تێدابووە بۆ پەیوەندییە سۆزدارییەکانی ھەر سێ خواستی ڕەگەزییەکە.[73][74][75]
لە ئاریانی مەزندا، ھاوڕەگەزخوازی و پەیوەندی سێکسی و ئرۆتیکی نێوان ئەوان ڕێگە پێدراو بووە، تەنانەت لە زۆربەی شوێنە گشتییەکانیشدا. لە سیمینار و بۆنە تایبەتەکانەوە بۆ کامپی سەربازان و گەرماو و کافێخانەکان. لە سەردەمی سەفەوییەکاندا (١٥٠١–١٧٢٣) تەنانەت خانەی لەشفرۆشی پیاوانیش یاسایی بووە.[76]
ھەندێک لە زاناکان دەڵێن کە دەتواندرێت نموونەی ھاوڕەگەزخوازی لە وێژەی کۆندا بەدی بکرێت، وەک لە داستانی گلگامێش و چێرۆکی دەیڤد و جۆناتانی کتێبی پیرۆزی مەسیحییەکان دیارە. لە داستانی گلگامێشدا، پەیوەندی نێوان گلگامێش و کەسایەتییەک بە ناوی ئینکیدو ھاوڕەگەزخوازی بووە.[77][78][79][80] ھەروەک چۆن دەیڤد خۆشەویستییەکی بەھێزی ھەبووە بۆ جۆناتان.[81]
کۆمەڵەی دەروونی ئەمریکی، کۆمەڵەی دەروونپزیشکی ئەمریکی، لەگەڵ کۆمەڵەی نەتەوەیی کارمەندانی کۆمەڵایەتی دەڵێن کە خواستی ڕەگەزی «تایبەتمەندییەکی کەسیی نییە کە بتواندرێت بە جودایی پێناسە بکرێت، بەڵکو خواستی ڕەگەزی جیھانی ئەو کەسە پێناسە دەکات کە ئەگەری دۆزینەوەی پەیوەندییەکی سۆزداری بەچێژی ھەیە تێیدا.»[2]
« | خواستی ڕەگەزی بە زۆری وەک خەسڵەتێکی کەسێک باس دەکرێت، وەک سێکسی ژینناسیی و یانیش تەمەن. ئەم تێڕوانینە ناتەواوە لەبەرئەوەی خواستی ڕەگەزی بەردەوام بە زاراوەی ژیری پێناسە دەکرێت و پێویست بە پەیوەندی سۆزدارییە لەگەڵ تاکەکەسەکانی تر. کرداری سێکسی و سەرنجی ڕۆمانتیکی بە ھاوڕەگەزخوازی یان جیاڕەگەزخوازی پۆلێن دەکرێت لەسەر بنەمای زایەندی زیندەیی کەسەکەی کە پێیان ھەڵدەستێت. بە دڵنیایییەوە، پەیوەندی بە کردارەکەوە ھەیە – یان ویستنی کردنی کارەکە – لەگەڵ یەکێکی تر کە جیاڕەگەزخوازی، ھاوڕەگەزخوازی، یان دووڕەگەزخوازییەکەی خۆی دەنوێنێت. ئەمە کرداری ئاسایی وەک دەست گرتن و ماچکردنیش دەگرێتەوە.[2] | » |
لە لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠٠٤دا، کە لەسەر ژنان بوو، ھەردووک ژنە لێزبیان و جیاڕەگەزخوازەکانیش لە ڕووی سێکسییەوە کاریگەرییان کرایە سەر کاتێک فیلمی ئیرۆتیکی و سێکسییان پیشاندرا، فیلمەکان لە ژن و ژن و پیا و ژن پێکھاتبوون و ھەردووکیان کاریگەرییان کردە سەر مەبەستەکان. بەڵام کاتێک ھەمان لێکۆڵینەوە لەگەڵ پیاوە جیاڕەگەزخوازەکان کرا، ئەوان تەنھا بە فیلمێک ئارەزووی سێکسییان بەرز دەبۆوە کە ژنی تێدا بوو، گەیەکانیش تەنھا بەوانەی کە پیاویان تێدابوو. نوێنەری لێکۆڵینەوەکە وتی کە خواستی ڕەگەزی ژنان کەمتر تیشکی خستووەتە سەر یەک زایەندی دیاری کراو لە چاو پیاوەکاندا.[82]
ئەو کەسانەی کە ھاوڕەگەزخوازن دەتوانن بە چەند شێوەیەکی جیاواز خۆیان دەرببڕن، ئەگەریش ھەیە کە بە ڕەفتارەکانیاندا دیاربێت، وەک شێوازی ھەڵبژاردنی پۆشاک و ڕۆیشتن و قسەکردن، لەوانەشە بەو شتانەدا دیار نەبێت.[1] ئەوان لەوانەیە بە ناحەزی پەیوەندی لەگەڵ زایەندێکی جیاوازدا ببەستن (ئەگەر پیاو بوو لەگەڵ ژن و بەپێچەوانەوە)، بە سەرەکی بۆ ئەوەی ھەست نەکرێت بەوەی ئەوان کە ھاوڕەگەزخوازن، لەوانەشە لە پەیوەندی خۆشەویستی ئاسایی (ھاوڕەگەزخوازی) خۆیان بن، ھەندێکیشیان لەوانەیە ھیچ خۆشەویستییەک نەکەن بە مەبەستی ئایینی.[1] یەکێک لە ڕاپرسییەکان وای پیشان دەدات کە لە بەینی ٤٠٪ و ٦٠٪ گەیەکان لە پەیوەندی سۆزداریان و لە نێوان ٤٥٪ و ٨٠٪ لێزبیانەکانیش بە ھەمان شێوە.[83] لە زانیارییەکانی ڕاپرسییەکەش دەبیندرێت کە لە بەینی ١٨٪ و ٢٨٪ی خۆشەویستە گەیەکان و لە بەینی ٨٪ و ٢١٪ی لێزبیانەکان بۆ ماوەی ١٠ ساڵ پێکەوە ماونەتەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان. زۆرێک لەو بەدواداچوونانەی کە کراوە ڕوونی دەکاتەوە کە پەیوەندییە ھاوڕەگەزەکان و جیاڕەگەزەکانیش یەکسانن لە ڕووی توندی پەیوەندییەکانەوە و ھیچ جیاوازییەکیان نییە. زاناکان دەڵێن کە تەمەن و زایەند باشترە بۆ کردن بە پێوەر بۆ پێوانی درێژخایەنی پەیوەندییەک نەک خواستی ڕەگەزی تاکێک. ئەوانەی لە ناو پەیوەندییە ھاوڕەگەزخوازی و جیاڕەگەزخوازییەکانن وەک یەک ھەوڵی پاراستنی پەیوەندییەکەیان دەدەن.[84][85][86]
بە ئینگلیزی پێی دەڵێن ھاتنەدەرەوە لە دۆڵابی جلەکە، دەستەواژەیەکە کە بۆ کەسێک بەکاردەھێندرێت کە ئاشکرای دەکات بۆ دەورووبەرەکەی کە ھاوڕەگەزخوازە. ئەمە پڕۆسەیەکی سەختی ژیانی ھاوڕەگەزخوازانە چونکە خەمی ئەوەیان دەبێت کە دەورووبەرەکەیان سروشتی ئەوان پەسەند نەکەن و ھەستان بەم کارە لەڕووی دەروونییەوە فشاریان دەخاتە سەر.[88] بە گشتی، خۆئاشکراکردن بە سێ قۆناغ دادەندرێت. یەکەم قۆناغ ئەوەیە کە تاک تێیدا خۆی دەناسێت یانیش درک بەوە دەکات کە ھاوڕەگەزخوازە و چێژ لە پەیوەندی ھاوڕەگەزەکانی وەردەگرێت و ئەم ڕاستییە قبوڵ دەکات. ئەمە زۆرجار بە خۆئاشکراکردنێکی دەروونی ناو دەبرێت.[89] دووەم قۆناغیش بڕیاردانی کەسەکەیە لە ئاگادارکردنەوەی دەورووبەرەکەی (نم. خێزانەکەی و ھاوڕێکان) کە ئەو ھاوڕەگەزخوازە. سێیەم قۆناغیش تێکەڵبوون و ژیانە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی.[90] لە ئێستادا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، خەڵکی بە گشتی یان لە تەمەنی ١٥–١٨ خۆیان ئاشکرا دەکەن یان لە تەمەنێکی دواتردا کە دەگەنە کۆلێژ بۆ نموونە. لە کوردستان و ئێراق خۆئاشکراکردن بە ڕێژەیەکی زۆر کەم ھەیە و لەوانەیە خەڵکانی ئێڵ جی بی تی خۆیان ئاشکرا نەکەن چونکە ھیچ یاسایەک نییە بیانپارێزێت و ئەگەر ھەیە ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە. لەو تەمەنەدا لەوانەیە بڕوایان بە دەورووبەرەکەیان نەبێت و ئاگاداریان نەکەنەوە، بە تایبەتی چونکە کۆمەڵگە زۆرینەیان بەھۆی ھەڵە تێگەیشتنەوە بە خراپی دادەنێن؛ ھەندێکجار تەنانەت خێزانەکانی خۆشیان نازانن.
درک پێ کردن بە ھاوڕەگەزخوازی خود پرۆسەیەکی ئاسان نییە و بگرە زۆریش ئاڵۆزە. بە پێچەوانەی کۆمەڵەکانی ترەوە (وەک ئایینەکان بۆ نموونە) ھاوڕەگەزخوازان لە کۆمەڵگەیەکدا گەورە نابن کە یەکسەر ھەڵی بژێرن کە ھاوڕەگەزخواز بن وەک کەسانی دەورووبەریان،[kurdish-alpha 5] چونکە شتێک نییە ھەڵبژاردن بێت.[91] واتە ھەر تاکێک دەتوانێت بە ئاسانی ھەڵگری ئایین و بیر و باوەڕی باوان و کۆمەڵگەکەی بێت و کەیش ویستی دەتوانێت بیانگۆڕێت، بەڵام لە ھاوڕەگەزخوازیدا وا نییە و ئەمیان شتێکی درک پێ کردنە نەک ھەڵبژاردن و ھەرگیزیش ناتواندرێت بگۆڕدرێت.[92] باشترین بەڵگە لەسەر ئەوە ئەمەیە، ئەگەر پیاوێک جیاڕەگەزخواز بێت، واتە گەی نەبێت، ناتوانێت سێکس لەگەڵ پیاوێکی تردا بکات چونکە دژی سروشتی ئەوە، بە ھەمان شێوە بۆ گەیەک یان لێزبیانێک. ھەندێکجار لە کۆمەڵگەکاندا دەبیسترێت کە کەسێک «گەی بووە بەڵام بووەتەوە بە جیاڕەگەزخواز»، ئەمە لەڕاستیدا مەحاڵە، ئەو کەسە یان ھەر لە سەرەتاوە دووڕەگەزخواز بووە یانیش ئێستاش ھەر گەیە. خەڵکانی ئێڵ جی بی (گەی و لێزبیان و دووڕەگەزخوازەکان) زۆرجار لە کۆمەڵگەیەکدا پەروەردە دەکرێن کە کۆنەپەرست و تێنەگەیشتوون بەرامبەر بە ھاوڕەگەزخوازی.[93] ئەوان کاتێک لە سروشتی خۆیان تێدەگەن کە سەیری کۆمەڵگەکانی تری دەورووبەریان دەکەن.[kurdish-alpha 6]
ھەندێک لە ھاوڕەگەزخوازان بە گشتی و بە ڕووی جیھاندا خۆیان ئاشکرا دەکەن،[94] زۆرێکیش لە کەسایەتی ناودار ھەیە لەو شێوەیە، بۆ نموونە لەیدی گاگا. خۆئاشکراکردن ئاوا بە کراوەیی دەکرێت چەند ھۆکارێکی لە پشتەوە بێت، وەک سیاسی یان ئاکاریی و، دەکەوێتە ناو مەودایەکی فراوانتری ھۆکارییەوە.[95]
لێزبیانەکان زۆرجار خواستی ڕەگەزییەکەی خۆیان بە شێوەیەکی جیا ڕووندەکەنەوە وەک لە پیاوە گەیەکان، و تێگەیشتنی جیایان ھەیە لەو ئیتۆلۆژیایانەی کە لە لێکۆڵینەوە لەسەر پیاوە گەیەکان ھاتوونەتە بەردەست. ئەوان لەوانەیە بە شێوەیەکی جیاتر بڕواننە ژیان وەک ھاوڕەگەزخوازێک وەک لە پیاوەکان.
کاتێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٧٠ لێکۆڵینەوەیەک کرا، لێزبیانەکان باسی ژیانی خۆیان کرد وەک ھاوڕەگەزخوازان. ئەمە تەنھا بەدواداچوونێکی گەورەیە کە لەسەر خواستی ڕەگەزی ژنان کراوە کە ڕوونی دەکاتەوە چۆن ژنەکان دەڕواننە ھاوڕەگەزخوازی لەوەتەی بەدواداچوونی کینسی کرا لە ١٩٥٣وە. لێکۆڵینەوەکە زانیارییەکی گشتی تێدابوو لەبارەی تێڕوانینی لێزبیانەکان لە پەیوەندی سۆزداری ھاوڕەگەز و خواستی ڕەگەزی ئەوان. لێزبیانەکان ئەو کوالیتییانەیان باس کرد کە لە ژنێکدا ھەیە بەڵام لە پیاوێکدا نییە، ئەوانەش کە وا دەکەن باشتر بن بۆ پەیوەندییەک لەچاو پیاوەکاندا، لەو کوالیتیانە کە ئەوان بەسۆزترن بەرامبەر ھەستی کەسانی تر جگە لە خۆیان وەک لە پیاوان.[96] لێزبیانەکان بە گشتی دوو جۆریان ھەیە، بەچ (پیاوانە) لەگەڵ فێم (ژنانە). بەچەکان وا دەبیندرێن کە قژیان کورتە و پۆشاکی پیاوان لەبەر دەکەن و ژنانەکانیش وەک ھەر خانمێکی ترن.
داتا و زانیاری لەسەر گەی و لێزبیانەکان پێویستە بۆ ئەوەی ڕێژەی ھاوڕەگەزخوازانی جیھان بە جێگیری بزانرێت و بەرچاو بکەوێت کە ھاوڕەگەزخوازان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لەلایەن کۆمەڵگەوە.[98] ئەم داتایانە سوودی زیاتریان دەبێت؛ بۆ نموونە یارمەتی ژماردنی زەرەرەکان و سوودەکانی ئابووری پەیوەندی نافەرمی دەدات،[98] و کاریگەری یاسایی کردنی ڕێگەدان بە بەخێوکردنی ھەتیوەکان لەلایەن ھاوڕەگەزخوازان دەخاتە ڕوو، ھەروەھا ڕۆڵەکانیان لە نێوان سەربازیی دەوڵەتەکان؛ و لەلایەکی ترەوە، زانینی ڕێژەی «گەی و لێزبیان پەیمان ھەڵدەگرێت لە یارمەتیدانی زانایانی کۆمەڵناسی لە تێگەیشتنی مەودایەکی گەورە لە پرسیاری گرنگ—[وەک] پرسیارەکان لەبارەی ھەڵبژاردەی مارکێتیی گشتییەوە، یەکگرتووی شارستانییەتی مرۆڤایەتی، خانووبەرە، جیاکاری، لەگەڵ بڕیارەکان [لەبارەی ھەڵبژاردەی] نیشتەجێبوونی جوگرافییەوە.»[98]
پێوانی دیاردەی ھاوڕەگەزخوازی کارێکی دژوارە، لەبەر ئەوەی دەبێت بایەخێکی زۆر بدرێت بە یەکەی پێوانەکەی بەکاردێت،[11] وڵاتەکانی جیھان، کە زۆربەیان ڕەتی دەکەنەوە قسە لەسەر ھاوڕەگەزخوازی بکەن (ئێران بە نموونە)، زانیاریی زیاتر لەسەر سروشتی خواستی ڕەگەزیی کەسەکانەوە، و ھتد. زۆرێک لە خەڵکی ھەن کە سۆزیان ھەیە بەرامبەر کەسانی تر کە لە ھاوڕەگەزی خۆیانن، بەڵام ڕەتی دەکەنەوە کە دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە یان گەیین یان دووڕەگەزخواز. ئەمەش کێشەیەکی ترە. ھەروەھا شتێکی تر کە خەریکە بەدواداچوونەکە مەحاڵ دەکات، ئەوەیە کە دەبێت چەند خەسڵەتێک کە لەوانەیە پەیوەندی بە خواستی ڕەگەزییەوە نەبێت دەستنیشان بکات لە خەڵکیدا. لەوانەیە زۆرێک لەو کەسانەی کە خۆیان بە جیاڕەگەزخواز ناودەبەن ھاوڕەگەزخواز دەربچن.[98]
لە ساڵەکانی ١٩٤٨ و ١٩٥٣دا، زیندەزان و پرۆفیسۆری ئێتیمۆلۆژیا ئاڵفرێد کینسی، ڕای گەیاند کە نزیکەی ٤٦٪ خەڵکی لە ڕەگەزی نێر کاردانەوەی سێکسییان بەرامبەر بە ھەردوو زایەند ھەبووە لە تەمەنیاندا، و ٣٧٪ ئەو کەسانەش بە لایەنی کەمەوە یەک کاردانەوەی ھاوڕەگەزخوازییان ھەبووە.[100][101] دواتر ڕەوشتناسییەکەی کینسی ڕەخنەی لێ گیرا لەلایەن جان تەکیەوە، لەبەر بەکارھێنانی سامپڵی ھەڵبژاردوو لەجێی بەکارھێنانی سامپڵی ھەڵکەوتیی.[102][103] بەدواداچوونێکی تر کرا بۆ بەدرۆخستنەوەی سامپڵەکانی کینسی، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو بەدواداچوونەش بە ھەمان ئەنجامەکەی کینسی گەیشت.[104] سایمن لاڤەی، کو لێکۆڵەرەوەی سروشتی مێشکی ھاوڕەگەزخوازانە، ئەنجامەکانی کینسی بەکارھێنا وەک نموونەیەک بۆ ئەو ئاگادارییەی کە پێویستە لەکاتی بەدواداچوونی دێمۆگرافیکی، لەبەرئەوەی لەوانەیە ئەنجامی بە تەواوەتی بەدەست بێت لەسەر بنەمای ئەو سیاسەتانەی بەکارھێندراوە بۆ بەڕێوەبردنی بەدواداچوونەکە.[11]
بەپێی بەدواداچوونە گەورەکان، ٢٪ بۆ ١١٪ خەڵکی جۆرێک لە کۆنتاکتی ھاوڕەگەزییان ھەبووە لە ژیانیاندا؛[105][106][107][108][109][110][111][112][113][114] ئەم ژمارەیە بەرزتر دەبێتەوە بۆ ١٦–٢١٪ کاتێک خووڕەوشتی ھەردوو لا خراونەتە ڕوو لەکاتی بەدواداچوونەکە.[114] لە لێکۆڵینەوەیەکی ٢٠٠٦دا، ٢٠٪ی بەشداربووان بە نەناسراوی دانیان ناوە بە ھەبوونی ھەستی ھاوڕەگەز تێیان دا، بەڵام تەنھا ٢٪ بۆ ٣٪ لەو بەشداربووانە خۆیان بە ھاوڕەگەزخواز ناساندبوو.[115] بەدواداچوونێکی تری ١٩٩٢ کە لە بەریتانیا کرا، ئاماژەی بەوە دا کە ٦٫١٪ی نێرەکان کردەوەیەکی ھاوڕەگەزخوازییان کردووە، و لە فەڕەنساش ڕێژەکەی ئەو کەسانە ٤٫١٪ بووە.[116]
بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای ویلیامز کە لە ئازاری ٢٠١١ پێشکەش کرا، لە ٩ ملیۆن کەسی پێگەیشتوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تەنھا ٣٫٥٪یان گەی، لێزبیان، یان دووڕەگەزخواز بوون.[117][118] بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٠ی ویلایەتە یەکگرتووەکان، نزیکەی ٦٠١٬٢٠٩ خانوو ھەبووە کە کەپڵی ھاوڕەگەز تێیدا ژیاون.[119] بەدواداچوونێکی تری ساڵی ٢٠١٣ کە لەلایەن سی-دی-سییەوە کرا و ٣٤٬٠٠٠ ئەمریکی تێیدا بەشدارییان کرد، ڕێژەی لێزبیان و گەیەکان بە ١٫٦٪ دەخەمڵێنێت، و ڕێژەی دووڕەگەزخوازەکانیش ٠٬٧٪ بوون.[120]
دەروونناسی یەکێک بووە لە یەکەمین ئەو زانستانەی کە بە شێوەیەکی تایبەت و جیا لە ھاوڕەگەزخوازی کۆڵیوەتەوە. یەکەم ھەوڵدان بۆ ئەوەی ھاوڕەگەزخوازی بە نەخۆشی ناوببرێت لە سەدەی نۆزدەھەم درا لەلایەن چەند سێکسناسێکی تازەپێگەیشتووەوە لە جووڵەیەکی ئەورووپیدا. لە ساڵی ١٨٨٦، سێکسناس ڕیچارد ڤۆن کرافت-ئیبن، ھاوڕەگەزخوازی لەپاڵ ٢٠٠ بابەتی سێکسیی تر بە سەربەخۆیی باس کرد لە یەکێک لە کتێبەکانیدا لەژێر ناوی سایکۆپاتیا سێکسوالیس. بەپێی کرافت-ئیبن ھاوڕەگەزخوازی یان لە «قۆناغی دروستبوونی کۆرپەلەدا پەیدا دەبێت»یانیش «دوای لەدایکبوونی.» لە کۆتا دوو دەیەی سەدەی نۆزدەھەمدا، بیرۆکەیەکی جیاواز لەبارەی ھاوڕەگەزخوازی دەستی گرت بەسەر بوارەکانی پزیشکی و دەروونناسیدا، کە کردارەکەی بە «شێوەیەکی دروست کە لە کەسێکدا دەبیندرێت بە خواستی ڕەگەزییەکی جێگیرەوە» ناوی دەبرت.
کۆمەڵەی دەروونی ئەمریکی، کۆمەڵەی دەروونپزیشکی ئەمریکی، لەگەڵ کۆمەڵەی نەتەوەیی کارمەندانی کۆمەڵایەتی دەڵێن:
« | لە ١٩٥٢دا، کاتێک کۆمەڵەی دەروونپزیشکی ئەمریکی یەکەمین پێڕستی نەخۆشییە دەروونییەکانی بڵاوکردەوە، ھاوڕەگەزخوازیشی لەخۆ گرتبوو. ھەر یەکسەر دوای ئەمە، ئەم پۆلێنکردنە بەدواداچوونی سەختی بۆ کرا بۆ پشتڕاستکردنەوەی لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەلایەن پەیمانگای نەتەوەیی تەندروستی دەروونییەوە سپۆنسەر کرابوو. بەھەرحاڵ، ئەم لێکۆڵینەوەیە و ھەموو ئەوانەشی کە بەدوایدا ھاتن شکستیان ھێنا لەوەی کە بتوانن بە بەڵگەی زانستییەوە بیسەلمێنن کە ھاوڕەگەزخوازی نەخۆشییە یان نائاسایییە و یەکێک لە خواستی ڕەگەزییە ئاسایییەکانی مرۆڤەکان نییە. لە ئەنجامی کۆکردنەوەی ئەم جۆرە بەدواداچوونانە، پرۆفیشناڵەکانی پزیشکی، تەندروستی دەروونی، و زانستی کۆمەڵایەتی و ڕەفتاری بەو دەرئەنجامە گەیشتن کە ناوبردنی ھاوڕەگەزخوازی بە نەخۆشی دەروونی نابەجێیە و ئەو پۆلێنکردنەی کۆمەڵەی دەروونپزیشکی ئەمریکی خەمڵاندنێکی سەربەخۆیانە بووە و لەسەر بنەمای کۆمەڵایەتی و تێڕوانینی پزیشکیی ھەڵە ھاتووەتە ئاراوە.
بەھۆی ئەو بەڵگە زانستیانەی کە ڕووبەڕووی کۆمەڵەی دەروونپزیشکی ئەمریکی بوونەوە دەربارەی ھەڵەکەیان، ئەوان ھاوڕەگەزخوازییان لە پێڕستی نەخۆشییە دەروونییەکان دەرکرد لە ساڵی ١٩٧٣دا. دوای ئەوەی کۆمەڵەی دەروونپزیشکی ئەمریکی بەسەر زانیاری و داتا زانستییەکاندا چوونەوە لەم بارەیەوە، ئەوان ھەمان ڕێیان گرتە بەر لە ١٩٧٥[kurdish-alpha 7]، ھانی ھەموو پرۆفیشناڵی تەندروستییە دەروونییەکانی دا کە «نوێنەرایەتی لابردنی ئەو نەخۆشییە دەروونییە بدەن کە ماوەیەکی زۆرە دراوەتە پاڵ ھاوڕەگەزخوازی.» کۆمەڵەی نەتەوەیی کارمەندانی کۆمەڵایەتییش ئێستا لەسەر یاسا و سیاسەتێکی ھاوشێوە کار دەکەن. بۆیە، پرۆفیشناڵان و لێکۆڵەرەوەکانی تەندروستی دەروونی دەمێکە ئەو ڕاستییەیان خستووەتە ڕوو کە ھاوڕەگەزخوازی ھیچ کۆسپ و بەربەستێک دانانێت لەبەردەم ژیانێکی خۆش و تەندروست و بەپڕشت، و ھەروەھا زۆرینەی ھاوڕەگەزخوازانی جیھان بە شێوەیەکی دروست لە مەوداکانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکان دەبیندرێن.[2] |
» |
—[7] |
ھەتاکو ئێستاش یەکدەنگی لەلایەن زانایانی تەندروستی بەردەوامە لەسەر ئەوەی کە پەیوەندی سێکسی و سۆزداری نێوان ھاوڕەگەزخوازان بە تەواوەتی سروشتی و ئاسایی و تەندروستە.[121] لە ئێستادا بەدواداچوونێکی گەورە و قووڵ ھەیە کە دەیسەلمێنێت کە کەسێک گەی، لێزبیان، یانیش دووڕەگەزخواز بێت، دەروونێکی ئاسایی و بێ کێشەی ھەیە و لە توانایدایە بە شێوەیەکی ئاسایی ژیان بباتە سەر.[7] ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی لە یەکێک لە پێڕستەکانیدا بەھەمان شێوە سەرەتا ھاوڕەگەزخوازی بە نەخۆشی ناودەبرت، بەڵام دواتر لە پێڕستەکە لابرا دوای ئەوەی ٤٣ ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی دژی ئەمە وەستان لە ١٧ی ئایاری ١٩٩٠.[122][123][124] کۆمەڵگەی دەروونپزیشکی چینی ھاوڕەگەزخوازی لە پێڕستی نەخۆشییە دەروونییەکان لادا لە ساڵی ٢٠٠١دا دوای پێنج ساڵ لە بەدواداچوون لەسەر ھاوڕەگەزخوازی.[125] کۆلێژی ڕۆیاڵی دەروونپزیشکان دەڵێت: «ئەم مێژووە بەدبەختە ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن کۆمەڵێک لە خەڵکی بە تایبەتمەندییەکی کەسییەوە تووشی لێکۆڵینەوەی پزیشکی زیان بەخش دەبن و دەبنە بنەمای بە-کەم-سەیرکردن لە کۆمەڵگەدا.»[7] ھەرچەندە کە زانست ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە ھاوڕەگەزخوازی سروشتێکی ئاسایی مرۆڤە، ھاوڕەگەزخوازان ھێشتا تووشی ڕەتکردنەوە دەبن لەلایەن ھەندێک لە ھاوڕێکانیان و ئەندامانی خێزانەکانیان، کە ئەمەش ڕوونی دەکاتەوە کە کەسانی ئێڵ جی بی تی لە ڕووی دەروونییەوە قورسیی زیاتریان دەخرێتە سەر وەک لە مرۆڤێکی باوی تر.
ھەندێک لەو لێزبیان و گەی و دووڕەگەزخوازانەی کە دەست درێژ دەکەن بۆ تێراپی و چارەسەری دەروونی، لەبەر ھەمان ئەو ھۆکارانەیە کە جیاڕەگەزخوازان ڕووی تێدەکەن (فشار و دڵەڕاوکێ، کێشەی پەیوەندی، کێشە لە کار و لەگەڵ ھاوڕێکانیدا، ھتد)؛ خواستی ڕەگەزی ئەوان ھیچ پەیوەندییەکی بەم کێشانەوە نییە و ھیچ پزیشکێکی دەروونی لە خواستی ڕەگەزی کەس ناپرسێت لەکاتی تیمارکردنیان. ئیتر ھەر کێشەیەکی ھەبێت کەسەکە، چانسێکی زۆر ھەیە کە ڕووبەڕووی ھۆمۆفۆبیا دەبێتەوە دوای وەرگرتنی تیمارەکەی، بەبیانووی ئەوەی کە ئەو کەسە بۆیە لەڕووی دەروونییەوە فشاری لەسەر بووە چونکە ھاوڕەگەزخواز بووە.[126] بەھەرحاڵ، خواستی ڕەگەزی کەسێک ھیچ پەیوەندییەکی بە نەخۆشییە دەروونییەکانییەوە نییە.
ھەرچەندە زاناکان فاکتەرە بۆماوەیییەکانیان بەلاوە گرنگترە،[3] ئەوان ئەگەریان بۆ ئەوە داناوە کە دەکرێت ھاوڕەگەزخوازی لە ھەردوو بۆماوەیی و ژینگەییشەوە دروست ببێت و باوەڕیان تەنھا بە یەک دانە نییە و ئەوی تریان پشتگوێ خستبێت. ئەوان دەڵێن کە خواستی ڕەگەزیی کەسێک ھەر زوو لە تەمەنی لاوێتییەوە دەردەکەوێت و، جێندررخوازی بەھۆی دەستتێوەردانێکی ئاڵۆزی سروشت و نەرچەر دروست دەبێت.[1][4][5] فاکتەرە بایۆلۆژییەکان بۆماوەیی و ھۆرمۆنییە، کە ھەردووکیان ڕۆڵی سەرەکییان ھەیە لە پێگەیاندنی مێشک، و فاکتەرە ژینگەیییەکانیش لەوانەیە پەیوەست بە کۆمەڵایەتی و ژینگەی گەورەبوونی ھاوڕەگەزخوازەکە بێت.[1][3][4] ھەر کامێک لەوانە بێت، زاناکان پێیان وانییە کە ھاوڕەگەزخوازی ھەڵبژاردنی کەسەکەیە.[4][127]
پەیمانگای ئەمریکیی پزیشکیی مناڵان دەڵێت:
« ھیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە [جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە] کە دایک و باوکایەتی نائاسایی، دەستدرێژی سێکسی، یانیش ڕووداوە ناحەزەکانی تری ژیان کاریگەری ھەیە لەسەر [دروستبوونی] خواستی ڕەگەزی. ئەو بەڵگانەی ئێستا ھەن پیشانی دەدەن کە زۆرجار خواستی ڕەگەزی لە تەمەنی لاوێتیدا سەر ھەڵدەدات. » [3][128]
کۆمەڵەی دەروونی ئەمریکی، کۆمەڵەی دەروونپزیشکی ئەمریکی، لەگەڵ کۆمەڵەی نەتەوەیی کارمەندانی کۆمەڵایەتی لە ٢٠٠٦دا وتیان:
« لە ئێستادا، ھیچ بەڵگەیەکی زانستی یەکدەنگ نییە لەسەر فاکتەرێکی دیاری کراو کە وا لە کەسێک دەکات ببێت بە جیاڕەگەزخواز، ھاوڕەگەزخواز، یانیش دووڕەگەزخواز–بە کاریگەرییە بایالۆژی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانیشەوە کە لەوانەیە لەسەر باوان ھەیانبووبێت. بەھەرحاڵ، زۆرینەی بەڵگەکان وای پیشان دەدەن کە زۆرینەی گەی و لێزبیانەکان لەلایەن باوانی جیاڕەگەزخوازەوە گەورە کراون و زۆرینەی ئەو مناڵانەشی لەلایەن دایک و باوکی ھاوڕەگەزخوازە گەورە دەکرێن[kurdish-alpha 8] لەکاتی گەورەبوونیاندا دەبن بە جیاڕەگەزخواز. » [1]
بەدواداچوون لەسەر ھاوڕەگەزخوازی کۆمەڵە دیبەیتێکی زانستی و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەھێنێتە ئاراوە و ئەگەری زیاتر فەحسکردنی دوو کەس پێش ھاوسەرگیری بەرزتر دەکاتەوە.[129][130] تاکو ئێستا ھیچ «جینێکی گەی» نەدۆزراوەتەوە، ھەرچەندە چەندجارێکیش ھەوڵی دۆزینەوەی دراوە. لەلایەکی ترەوە، چەند بەڵگەیەکی باشی بۆماوەیی ھەن کە لەسەر ھاوڕەگەزخوازی کراون، بە تایبەتی لە نێرەکاندا، کە لەسەر دووانەکان کراون. باسەکە دەچێتەوە سەر کرۆمۆسۆم ٨ لەگەڵ جینی XQ28 لەسەر کرۆمۆسۆمی ئێکس.[131] ماوەیەک دەبێت کە خواستی ڕەگەزی دەدرێتە پاڵ ئێپیجێنێتیکس.
بەڕێوەبەرانی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠٠٨ ڕایان گەیاند کە «بەڵگەی باوەڕپێکراو ھەیە لەسەر ئەوەی کە خواستی ڕەگەزی مرۆڤەکان کاریگەری بۆماوەیی لەسەرە، لەبەر ئەوە نازانرێت ھاوڕەگەزخوازی، کە یارمەتی کەمکردنەوەی زاوزێ دەدات، چۆن بە ڕێژەیەکی زۆر لە کۆمەڵگەدا دەرکەوتووە.» ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد کە لەکاتێکدا جێنەتیکی ھاوڕەگەزخوازەکان ڕێگرن لەبەردەم زاوزێ لەنێوانیاندا، ئەوان لەوانەیە سوود لە جیاڕەگەزخوازەکانی دەورووبەریان وەرگن بۆ زاوزێ.[132] بۆ نموونە، گەیەکان لە ڕێگەی چاندنی سپێرمی یەکێک لە پیاوەکان لە ژنێکی دیاریکراودا کە لە تاقیگەدا دەکرێت، مناڵ دروست بکەن، لەوانەشە ھەتیو بەخێو بکەن، لێزبیانەکانیش لە ھێلکەدانی یەکێکیان سپێرم دەچێندرێت و یەکێکیان دەبنە ھەڵگری مناڵەکە؛ ئەگەریشی ھەیە کە یەکێک بە کرێ بگرن مناڵێکیان بۆ دروست بکات. لێکۆڵینەوەیەکی ٢٠٠٩ش ئاماژەی دا بە زیادبوون لە دانیشتووانە ھاوڕەگەزخوازە ژنەکان.[133] بەدواداچوونێکی بەیڵی و زەک دوای لێکۆڵینەوە لەسەر ھاوڕەگەزخوازی لە ئاژەڵاندا تووانی تەحەدای ئەو بیرۆکەیە بکات کە دەڵێت ھاوڕەگەزخوازی یارمەتی کەمکردنەوەی دانیشتووان دەدات. ھەروەھا ئەوان پێشنیار دەکەن کە بەدواداچوونەکانی داھاتوو تیشک بخاتە سەر ھۆکارە بۆماوەیییەکان لەجیاتی دەرکەوتن و ئۆریجنەکەی.[134]
ھەتاکو ئێستا ھیچ لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی زانستی نییە کە ئەوە ڕوونبکاتەوە کە دەکرێت خواستی ڕەگەزی کەسێک بگۆڕدرێت، ھەرچەندە ھەوڵی ئەم کردارە دراوە و دەدرێت لەلای ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە ڕووی ئایینییەوە توندن و پێوەرێکی ڕەوشتیی جیاوازیان ھەیە وەک لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان.[10] یەکدەنگی پڕۆفیشناڵەکانی زانستی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوە دەروونی و تەندروستییەکانی تر ئەوەیە کە ھاوڕەگەزخوازی شتێکی ئاسایییە و یەکێکە لە خواستی ڕەگەزییەکانی مرۆڤەکان و ھەتاھەتاییشە، بۆیە نەخۆشییەکی دەروونی نییە و کەواتە چارەسەریشی نییە.[10] کۆمەڵەی دەروونپزیشکی ئەمریکی دەڵێت کە «زۆربەی کەسەکان ھەست بە ھیچ ھەڵبژاردنێک ناکەن لە خواستی ڕەگەزییەکەیان.»[135] کۆمەڵێک کەس ئەو بیر و باوەڕەیان ھێناوەتە ئاراوە کە گوایە ھاوڕەگەزخوازی نەخۆشییەکی دەروونییە، کێشەیەکە لەکاتی دروستبوونی کۆرپەلە یانیش بەرھەمی سیستی ئایین و ڕەوشتە و دەمەقاڵێی ئەوە دەکەن کە گوایە ھاوڕەگەزخوازی دەتواندرێت «چارەسەر بکرێت» بە بەکارھێنانی سایکۆتێراپی یان ئایین و دەستتێوەردان لەم کردارە. زۆرێک لەو کەسانەی ھەڵگری ئەم بیر و باوەڕەن و ھەوڵی بڵاوکردنەوەی دەدەن، وەک بیندراوە، بەشێکن لە جووڵەیەکی سیاسیی ئایینی کە توندڕەوی و ستێریۆتایپ بەرامبەر بە کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی بەرز دەکاتەوە.[10]
تاکو ئێستا ھیچ ڕێکخراوێکی دەروونی پرۆفیشناڵ و پێشکەوتوو ھەوڵی گۆڕینی ھاوڕەگەزخوازییان لە ھیچ کەسێکدا نەداوە و بەڵکو دژی ئەوەشن و سیاسەتەکانیان خەڵکی ئاگادار دەکاتەوە لە دوورکەوتنەوە لە شتێکی وا. لەو ڕێکخراوە پزیشکییە پێشکەوتووانەی کە دژی ھەوڵی گۆڕینی خواستی ڕەگەزی دەدەن پێکھاتوون لە: یەکێتی دەروونپزیشکی ئەمریکی، یەکێتی دەروونی ئەمریکی، یەکێتی ڕاوێژکاری ئەمریکی، کۆمەڵەی نەتەوەیی کارمەندانی کۆمەڵایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان،[136] زانکۆی ڕۆیاڵی دەروونپزیشکان،[137] لەگەڵ کۆمەڵگەی دەروونپزیشکی ئوستراڵین.[138] یەکێتی دەروونپزیشکی ئەمریکی و زانکۆی ڕۆیاڵی دەروونپزیشکان ناڕەزاێتی خۆیان دەربڕی لەبارەی ئەو ڕێکخراوانەی ھەوڵی گۆڕینی ھاوڕەگەزخوازییان داوە چونکە ئەوان بەبێ ھیچ بەدواداچوونێکی زانستی ئەم ھەوڵانە دەدەن و «بەڵگە» زانستییەکانیان لەسەر ئەوەی کە گوایە ھاوڕەگەزخوازی نەخۆشییە لاوازە و باوەڕپێنەکراوە. ئەوان ڕوونیان کردەوە کە ھەوڵێکی وا بە فیڕۆ دەڕوات و تەنھا کێشەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات.[137][139]
یەکێتی دەروونپزیشکی ئەمریکی دەڵێت کە «ھاوڕەگەزخوازی ھەرگیز ھەڵبژاردنێک نییە کە بتواندرێت بگۆڕدرێت، و خواستی ڕەگەزی کاریگەرییەکی دوولایەنەی فاکتەرە زیندەیی و ژینگەیییەکانە [...] کە لە تەمەنێکی گەنجدا لە کەسێکدا دەردەکەوێت[4] [...] و [بەڵگەکان پیشانی دەدەن] کە فاکتەرە زیندەیی و بۆماوەیی و ھۆرمۆنییەکان کاریگەرییەکی مەزنیان لەسەر خواستی ڕەگەزی ھەیە.» ئەوان دەڵێن کە «شوناسی زایەندیی[kurdish-alpha 9] – نەک خواستی ڕەگەزی – دەتواندرێت لەڕێی سایکۆتێراپییەوە یان ڕووداوەکانی ژیانەوە بگۆڕدرێت»[10] واتە ھاوڕەگەزخوازی وەک شوناسی ڕەگەزیی نییە بگۆڕدرێت. ئەوان ھەروەھا وتوویانە کە «کەسەکان لەوانەیە ئاگاداربنەوە لە ئاستی جیاوازی ژیانیاندا کە ئەوان جیاڕەگەزخواز، گەی، لێزبیان، یان دووڕەگەزخوازن» و «دژی ھەر چارەسەرێکی دەروونی دەبێت، وەک تێراپی دووبارەبووەوە و 'گۆڕین'، کە لەسەر بنەمای ئەو لێکدانەوەیە ھاتووەتە ئاراوە کە گوایە ھاوڕەگەزخوازی لەخۆیدا نەخۆشی دەروونییە»
یەکێتی دەروونپزیشکی ئەمریکی ھەروەھا ھانی پرۆفیشناڵەکانی تەندروستی دەدات کە خۆیان لە بە-ھەڵە-بڵاوکردنەوەی زانیارییە پزیشکییەکان دەربارەی ھاوڕەگەزخوازی بەدوور بگرن و باسی شتێکی وەک خواستی ڕەگەزی نەکەن لەکاتی چارەسەرکردنی نەخۆشێکدا.[10]
لەوەتەی ھاوڕەگەزخوازەکان لە ھەندێک لە شوێنەکانی جیھان مافی ھاوسەرگیری و بەخێوکردنی مناڵیان پێ دراوە، تێبینی کراوە کە باوانە ھاوڕەگەزخوازەکان ھێندەی باوانە جیاڕەگەزخوازەکان بەتوانان لە بەخێوکردنی مناڵەکانیان و توانیویانە بە شێوەیەکی تەندروست گەورەیان بکەن و لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و دەروونییەوە ھەر وەک مناڵەکانی تر بوون کە لەلایەن باوانە جیاڕەگەزخوازەکانەوە گەورەکراون؛ بگرە باشتریش بوون.[140][141][142] بەپێی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وێژەی زانستیی، ھیچ بەڵگەیەک نییە کە بەپێچەوانەوە شتەکان نیشان بدات و بڵێت کە ئەو مناڵانەی لەلایەن باوانە ھاوڕەگەزخوازەکانەوە گەورەکراون ھیچ کێشەیەکیان ھەیە.[2][143][144][145][146]
بەدواداچوونەکان ئەوە پیشان دەدەن کە مناڵەکانی کە لەلایەن باوانە ھاوڕەگەزخوازەکانەوە گەورە دەکرێن کەمتر خەم لە ھاوڕەگەزخوازی دەخۆن و زیاتر کراوەن بە ڕوویدا.[147] ھەروەھا ھەمان بەدواداچوون ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو ھاوڕەگەزخوازانەی کە پێشووتر ھاوسەرگیرییان کردووە و مناڵیان لە ڕەگەزی بەرامبەر ھەبووە، مناڵەکانیشیان لەکاتی گەورەبوونیاندا توخمێکی ھاوڕەگەزخوازییان تێدا دەرکەوتووە، ئەمەش بەھۆی جێنێتیک و بۆماوەیییەوە ڕوودەدات، ھەرچەندە ئەوە حاڵەتێکی زۆر دەگمەنە و ئەو مناڵانەی کە لەلایەن باوانە ھاوڕەگەزخوازەکانەوە گەورە دەکرێن زۆرینەیان جیاڕەگەزخواز دەردەچن.[148] لە ساڵی ٢٠٠٥دا، پڕۆفێسۆری دەروونناسی چارلۆت جەی پاترسن، بەدواداچوونێکی ئەنجام دا بۆ کۆمەڵەی دەروونپزیشکی ئەمریکی و داتاکانیش ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە ڕێژەی ھاوڕەگەزخوازی لە نێوان مناڵەکانی ئەواندا کەم بووە.[149]
ناوەکانی ئەو پیاوانەی سێکس لەگەڵ پیاو دەکەن لەگەڵ ئەو ژنانەی سێکس لەگەڵ ژن دەکەن بەکاردەھێندرێن بۆ ئەو کەسانەی کە سێکس لەگەڵ ھەمان ڕەگەزی خۆیان دەکەن بەبێ گوێدان بە شووناسی زایەندی ئەوان. زۆرێک لە خەڵکی ڕەتی دەکەنەوە کە خۆیان بەو ناوانەوە بگرنەوە کە کۆمەڵگە بۆیان دیاری دەکات و بەکاری بێنن بۆ پێناسەکردنی خۆیان، ناوەکانی وەک گەی و لێزبیان و بایسێکسوال (یان دووڕەگەزخوازی) ش ھەر کۆمەڵێکن لەو ناوانە.[150][151][152][153][154] ئەم دەستەواژانە زۆرجار لە وێژەی پزیشکی و زانستی کۆمەڵایەتی بەکاردێن بۆ باسکردنی ئەو کۆمەڵە خەڵکە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان، لەم پڕۆسەیەدا ئەوان گوێ بە شووناسی زایەند نادەن، واتە گوێ بەوە نادەن کە کەسەکە خۆی بە چی دادەنێت. ئەم دەستەواژانە بە کێشاویی دەبیندرێن لەبەرئەوەی «ڕەھەندی کۆمەڵایەتی ئاژۆکی سێکسی دەشارێتەوە؛ خۆ-ناونانەکانی لێزبیان، گەی، و کەسانی دووڕەگەزخواز لاواز دەکات؛ و بە شێوەیەکی تەواو باسی کردارە جنسییەکان و جۆرەکانی ناکات.»[155] ھەرچۆنێک بێت، گەیەکان و لێزبیانەکان لەگەڵ یەکدا چالاکن لەبەر چەند ھۆکارێکی جیاواز جیاواز، کە گرنگترینیان چێژی سێکسی و خۆشەویستی و پەیوەندییە. لە پاڵ ئەوەی ئەم کردارانە چەند لایەنێکی باشی ھەیە، دەکرێت نەخۆشی کوشندەشی پێوە بێت. بۆ ئەوەی خود لەم نەخۆشییە کوشندانە بپارێزرێت پێویستە کۆندۆم و شمەکی بەرگری تر بەکاربێت.[156] بەھەرحاڵ، ئەو نەخۆشییانەی وەک ئایدز وان ناگوازرێنەوە تاکو لایەنێکیان نەیانبێت. واتە ڤایرۆسی ئێچ-ئای-ڤی لە خۆیەوە دروست نابێت، بەڵکو دەگوازرێتەوە. ئەگەر پەیوەندی بەبێ کۆندۆم یاخود بەرگری تر بەسترا، پێویستە بەردەوام دڵنیا بکرێتەوە کە ئەو کەسەی کرداری سێکسی لەگەڵدا دەکرێت پاکە لەم ڤایرۆسانە. لە ئێستادا لە ھەندێک لە وڵاتەکاندا خوێنی گەیەکان وەرناگیرێت (واتە بەکار ناھێندرێت بۆ کەسێکی تر) لەبەرئەوەی پێیان وایە کە گەیەکان لە مەترسییەکی زیاتردان لە کۆمەڵگەدا بەرامبەر بەو نەخۆشییانە.[157]
پزیشکەکان لە سەرانسەری جیھاندا ئەم خاڵانەیان پەسەند کردووە بۆ ئەوەی خانمە لێزبیانەکان و پیاوە گەیەکان ڕەچاوی بکەن لەکاتی سێکسدا تاکو خۆیان لە نەخۆشی بپارێزن:
لەکاتێکدا کە سەرەتا ھاوڕەگەزخوازی لەناو وێژەی پزیشکیدا سەری ھەڵدا، ئەوان زۆرجار پێیان وابوو کە نەخۆشییەکی دەروونی بۆماوەیی ڕەگەکەیەتی. زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکانی لەسەر ھاوڕەگەزخوازەکان دەکرا زیادتر تیشکی دەخستە سەر خەمۆکی، بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر، و خۆکوژی لەواندا. ھەرچەندە ئەم کێشانە ھەن لەناو ئەو کەسانەی کە جیاڕەگەزخواز نین و بە پێچەوانەوە، وتووێژکردن لەسەر ئەمە بە دراماتیکی کەم بۆوە دوای ئەوەی ھاوڕەگەزخوازی لە پێڕستی نەخۆشییە دەروونییەکان لابرا لە ساڵی ١٩٧٣. لەجێی ئەوانەی کە پێشوو باس کران، نالایەنگیری یاسایی، بەرزکردنەوەی درۆ و دەلەسە و، کەمی پشتگیری بۆ ھاوڕەگەزخوازان، بوون بە فاکتەرەکان کە تووشی خەڵکانی ئێڵ جی بی تی دەبێت و زۆرجاریش کاریگەری مەزنیان دەبێت لەسەریان لەڕووی دەروونییەوە،[161] ھەر ئەمانەش کران بە پێوەری حاڵەتی دەروونی ھاوڕەگەزخوازان. ئەو شورەیی، نایەکسانی، زوڵم و ستەم و بە-کەم-سەیرکردنەی کە بە ھاوڕەگەزخوازییەوە لکێنراوە دەبێتە ئەنجامی کێشەی دەروونی بەپێی تێپەڕبوونی کات، بەڵام بەپێچەوانەوە بۆ جیاڕەگەزخوازی چونکە دیاردەیەکی باوترە لە کۆمەڵگەدا.[162] بەڵگەکان وای پیشان دەدەن کە ئەم جۆرە کردارانە بەرامبەر بە ھاوڕەگەزخوازانی گەنج لە ڕووی دەروونییەوە دەیانخاتە مەترسییەوە.[163]
گەنجانی ئێڵ جی بی تی مەترسییەکی زیاتری خۆکوشتن، خوگرتن بە ماددە ھۆشبەرەکان، کێشەی قوتابخانە و گۆشەگیرییان لەسەرە بەھۆی ئەو ژینگە نەیار و گوناھبارکەرانەی کە تێیدا دەژین؛ کە خراپەی زۆریان بەرامبەر دەکرێت تێیدا، وەک بەدڕەفتاری دەروونی و جەستەیی بەرامبەریان، لەگەڵ جیابوونەوە لە خێزان و ھاوڕێکانیان.[164] ھەر لێرەشدا ڕاناوەستێت و گەنجانی ئێڵ جی بی تی بە شێوەیەکی زیاتر لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە لەلایەن باوانیان یاخود ھاوڕێکانیان ئازار دەدرێت و ھەندێک جار تەنانەت دەستدرێژی سێکسییشیان دەکرێتە سەر. ھۆکارەکانی ئەم خراپانە بەرامبەر گەنجانی ئێڵ جی بی تی دەگەڕێتەوە بۆ دوو ھۆکاری سەرەکی. ١: ئەوان ھێرشیان دەکرێتە سەر لەبەر شوناسی زایەند و جیاوازییان لە زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگە، زۆرجار لەبەر شێوازی پۆشاکەکانیان و شتی لاوەکی تر. ٢: لەکاتی ڕەتکردنەوەیان لەلایەن ئەندامانی خێزان و ھاوڕێکانیانەوە، ئەوان دەکرێن بە قوربانی و لەوانەیە ئەو مناڵانەی لە خێزانێکی ھۆمۆفۆبیدا گەورە دەکرێن ھەمان ڕەوشتیان ھەبێت بەرامبەر بە ھاوڕەگەزخوازان بەبێ ھیچ ھۆکارێک یان ھەڵبژاردنێک. ئەم ڕەتکردنەوانە ئەنجامی خراپیان لێ دەکەوێتەوە و ھاوڕەگەزخوازی ناگۆڕێت. ئەگەر کەسێک بەو شێوەیە ڕەت بکرێتەوە لەلایەنە کۆمەڵایەتییەکانی ژیان لەوانەیە خوو بداتە خواردنەوە و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر و سێکسکردن لەگەڵ چەند کەسێکدا لە ھەمان کاتدا بۆ ئەوەی قەرەبووی بکاتەوە، لەوانەشە ھاوڕەگەزخوازە ھەرزەکارەکان لە ماڵەوە ڕابکەن بەھۆی ئەم شتانەوە.[165]
« ڕەتکردنەوەی زیاتر لەلایەن خێزانەکانەوە دەدرێتە پاڵ تەندروستییەکی خراپتر. [ئەگەر بەراوردیان بکەین]، پێگەیشتووە لێزبیان، گەی، و بایسێسوالەکان کە زیاتر لەلایەن خێزانەکانیانەوە ڕەت کراونەتەوە لە تەمەنی ھەرزەکارییدا ٨٫٤ جار زیاتر مەترسی ھەوڵی خۆکوشتنیان لەسەر بووە، ٥٫٩ جار زیاتر مەترسی خەمۆکی سەختییان لەسەر بووە، ٣٫٤ جار زیاتر مەترسی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەری قەدەغەکراویان لەسەربووە و ٣٫٤ جاری تریش زیاتر مەترسیی سێکسی بێ بەرگرییان لەسەر بووە بەراورد بەو کەسانەی کە لەلایەن خێزانەکانیانەوە ھەرگیز ڕەت نەکراونەتەوە یاخود زۆر بە کەمی ڕەت کراونەتەوە. » [166]
کارەساتەکان کە بەسەر گەنجانی ئێڵ جی بی تی دێن زیاتر لە شارە گەورەکاندا ڕوو دەدات، بەھۆی ئەمەشەوە ماڵپەڕەکانی سەر ئینتەرنێت ھەستاون بۆ ئەوەی یارمەتی گەنجان و پێگەیشتووانی ئێڵ جی بی تی بەن.[167] پرۆژەی ترێڤەر، ھێڵێکی یارمەتی ڕێگریی خۆکوژی بۆ گەنجە گەیەکان، دامەزرا دوای پەخشێکی ئەو فیلمەی کە خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە بەناوی ترێڤەر. ڕێندی ستۆن و جەیمز لیسێزن، کە دروستکەری فیلمەکەن، بە یەکەوە پرۆژەکەیان دامەزراند.[168]
ھەندێک لە دەوڵەتەکان پەیوەندی سێکسیی ھاوڕەگەزخوازییان قەدەغە نەکردووە، بە مەرجێک ھەردوو لایەن لە تەمەنی یاساییدا بن و بە پەسەندکردنی ھەردوولا پەیوەندییەکە پێکھاتبێت. ھەندێک لە دەسەڵاتە دادوەرییەکانی کە لەناو جیھاندا ھەن مافی یەکسان بۆ ھاوڕەگەزخوازانی کۆمەڵگەکەیان دەستەبەردەکەن و دەیانپارێزن و وەک خێزانە جیاڕەگەزخوازەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، واتە ڕێگەی ھاوسەرگیریشیان پێ دەدرێت. ھەندێک لە دەوڵەتەکانی تریش ھانی خەڵکەکەیان دەدەن کە خۆیان بە پەیوەندی جیاڕەگەزەوە بلکێنن و لە ھەندێک لە دەوڵەتەکانی تریش ھاوڕەگەزخوازی بە تاوان داندراوە. ھاوڕەگەزخوازەکانی کە لە زۆرینەی ناوچە ئیسلامییەکان جێگیرن مەترسی سزای مەرگیان لەسەرە، وەک لە ئێران و بەشێکی نێجیریا دەبیندرێت.
ھەرچەندە ھاوڕەگەزخوازی لە ھەندێک شوێنەکانی جیھانی ڕۆژاوایی وەک پۆڵەندا لە ١٩٣٢، دانیمارک لە ١٩٣٣، سوید لە ١٩٤٤، و شانشینی یەکگرتوو لە ١٩٦٧، یاسایی کرا، کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی لە ناوەڕاستەکانی ١٩٧٠ ئینجا ھەندێک یاسای شارستانیی و سیاسییان بۆ داندرا، ئەویش تەنھا لە ھەندێک لە وڵاتە پێگەیشتووەکان. گۆڕانکارییەک بەرچاو ڕوویدا کاتێک لە ١٩٧٣دا کۆمەڵەی دەروونپزیشکی ئەمریکی ھاوڕەگەزخوازی لە پێڕستی نەخۆشییە دەروونییەکان سڕییەوە و پێناسەیەکی نوێی بۆ ھاوڕەگەزخوازی دابین کرد. لە ١٩٧٧دا، کیبێک بووبە یەکەم ویلایەت کە بە یاسایی بەدڕەفتاری بەرامبەر بە خواستی ڕەگەزییەکان قەدەغە کرد. لە ١٩٨٠ و ١٩٩٠ەکان، زۆرینەی وڵاتە پێگەیشتووەکان یاسای فەرمییان بۆ ھاوڕەگەزخوازەکان دانا و لە ھەمان کاتدا یاساییان کرد و بەدڕەفتارییان بەرامبەر بە ھاوڕەگەزخوازان قەدەغە کرد، بەتایبەتی بەرامبەر بە کەپڵە گەیەکان لە خانووبەرە و سێرڤس کارەکانیان، ھتد. لەلایەکی ترەوە، زۆرینەی وڵاتەکانی تر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، لەگەڵ چەند وڵاتێکی تر لە ئاسیا، و چەند ناوچەیەکی تریش، یان ھاوڕەگەزخوازییان لە یاساکانیان دەرکردووە و گرنگی پێ نایەن یانیش بە تاوان دەیژمێرن. کوردستان کە لە ئێستادا بەشێکە لە ئێراق، بە ھەمان شێوە دیاردەکەی پشتگوێ خستووە، بەڵام بە فەرمیش نایاسایی نییە. لەوانەیە ئەگەر کوردستان ببێت بە دەوڵەت، یاسای تایبەت بۆ ھاوڕەگەزخوازان دابنرێت. لە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣دا، ھاوڕەگەزخوازی کرا بە تاوان لە ھیندستان لەلایەن بڕیارێکی دادگاوە.[169]
لە یەکێتیی ئەورووپادا، جیاکاری لە ھەر جۆرێک لەسەر بنەمای خواستی ڕەگەزی یان شووناسی جێندەریی نایاسایییە لەژێر بەیاننامەی مافی یەکێتی ئەورووپی سەرەکی.[177]
لەکاتێکدا کە عێراق لەژێر دەستی بەریتانیادا بوو، ھاوزایەندخوازی تێیدا قەدەغە کرابوو. لەدوای ئەوە، کاتێک کە عێراق کەوتە ژێر دەستی حکوومەتی بەعسەوە، ھاوزایەندخوازی لەخۆیدا قەدەغە نەکرابوو. لەژێر یاساکانی ١٩٦٩دا، کاتێک کۆدی تاوانەکان دەرچوو، تەنھا لەکاتێکدا نایاسایی کردبوو ئەگەر دەستدرێژی، تۆلازی، بۆ فیلمی سێکسیی، لەشفرۆشیی، نەتوانین بۆ ڕێگەپێدان بەھۆی تەمەن و نەخۆشی دەروونی بووایە.[178] ھیچ یاسایەک دژی جیاکاری دانەندرابوو. لە ٢٧ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٤ پەڕلەمانی عێڕاق یاسای «بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی و لادانی سێکسی» تێپەڕاند و لە ٢ی تەمووزی ھەمان ساڵیشەوە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، بەمەش وەک لە یاساکەدا ھاتووە ئەو کەسانەی بانگەشە یاخود پڕاکتیزەی ھاوزایەندخوازی دەکەن ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە و ھەروەھا ئەو دکتۆرەش کە نەشتەرگەری گۆڕینی زایەند دەکات بەھەمان شێوە تووشی سزای یاسایی دەبێتەوە.[179]
لە ١٩٦٠ەکانەوە، زۆرێک لە خەڵکانی ئێڵ جی بی تی لە ڕۆژاوا، بە تایبەتی ئەوانەی لە شارە گەورەکان نیشتەجێ بوون، چاندێکی ھاوڕەگەزخوازییان دامەزراندووە. چاندی ھاوڕەگەزخوازی بە جووڵەی شانازی گەی ناسراوە لای زۆرێک لە خەڵکی، کە ساڵانە لەناو شارەکاندا ڕوودەدات. زۆرینەی ئەندامانی ئەم چاندە، بە ھاوڕەگەزخواز و پشتگیرەکانیشیانەوە، بەشداری لە شانازی گەی دەکەن بە لەبەرکردنی پۆشاک و بەرزکردنەوەی ئاڵای پەلکەزێڕینە، کە نیشانەیەکی ھاوڕەگەزخوازانە. سەرۆک وەزیری کەنەدا، جەستن ترودۆ، چەندین جار بەشداری کردووە لە شانازی گەی و پشتگیری خۆی بۆ ھاوڕەگەزخوازەکان دەربڕیوە.[180][181] ھەرچۆنێک بێت، ھەموو ھاوڕەگەزخوازەکان بەشداری ناکەن لە شانازی گەی. زۆرێک لە پیاوە گەی و ژنە لێزبیانەکان پشتگوێی دەخەن.
لەگەڵ بەربڵاوبوونەوەی ئەیدز لە ١٩٨٠دا، زۆرێک لە کۆمەڵەکان و خەڵکانی تری ئێڵ جی بی تی ھەستان بە ڕێکخستن و بەرزکردنەوەی ھەڵمەت بۆ پەروەردەکردنی خەڵکی لەسەر ئەیدز و چۆنێتی خۆلادان لەو نەخۆشییە و بەرزکردنەوەی ئاگاداری لەسەر بەکارھێنانی پاراستن لەکاتی سێکسدا. ھەروەھا ئەوان بەدواداچوونیان دەکرد لەسەر دیاردەکە و دەستی یارمەتییان درێژ دەکرد بۆ تووشبووەکان بەو نەخۆشییە و داوایان لە حکوومەت کرد کە گرنگی زیاتر بدات بەم دیاردەیە.
ئەو زیانانەی کە ئەو کاتە ئەیدز نایبۆوە و ڕێژەی کوشتنی زۆر کردبوو، وادیاربوو بووە ھۆی خاوکردنەوەی جووڵە ھاوڕەگەزخوازییەکان و لایەنەکانی تری ژیان، چونکە تیشک خرابووە سەر چارەسەرکردن و نەھێشتنی دیاردەکە. ھەرچۆنێک بێت، کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لەو کاتەدا لە لایەنی سیاسییەوە چالاکبوونەوە و تەحەدای کۆمەڵگەی جیاڕەگەزخوازانیان کرد کە بە ھەمان شێوەی ئەوان ھەستن لەسەر دیاردەکە و ئەو کارەساتەی ئەیدز نابوویەوە. بەھۆی ئەم جووڵانەوە، زۆرێک لە فیلمەکان ھەستان بە بەرچاوخستنی کێشەکە، لەو فیلمانە: بەستنێکی زوو (١٩٨٥)، دۆستی درێژخایەن (١٩٩٠)، فێڵەدێڵفیا (١٩٩٣)، و ھتد…
لە ڕامیارییدا، چەند ڕەگەزخوازێکی زۆر ھەن کە لە سیاسەتدا کار دەکەن، تەنانەت لەو وڵاتانەشی کە یاسایان دژی ھاوڕەگەزخوازی ھەبوو ئەمە بینراوە. لەم کەسایەتییانە گویدۆ ڤێسترڤل، پیتەر ماندلسن و پێر-کریستییان فاس، کە وەزیری کاروباری ئابووری نەرویج بوو.
جووڵەکانی ئێڵ جی بی تی لەلایەن چەند کەسایەتی و ڕێکخراوەوە تووشی ڕووبەڕووبوونەوە دەبن و کەسانێک ھەن کە دژی ھاوڕەگەزخوازی دەوەستنەوە، زۆرجار لەبەر ھۆکاری ئایینی. ھەندێک لە خەڵکی پێیان وایە کە ھەموو پەیوەندییەکی سێکسیی جگە لە لەگەڵ ھاوسەری جیاڕەگەز دژی نەریتیی خێزانییە[182] و پێیان وایە کە مناڵەکان دەبێت لە ماڵێکدا بن کە دایک و باوکێک بەڕێوەی بەرێ.[183][184] ھەندێک لەو کەسانەی کە دژی مافەکانی ھاوڕەگەزخوازانن پێیان وایە کە ئەم مافانە کێشەی تێکەڵبوون دروست دەکەن لە ڕووی ئازادی تاکەکەسی،[185][186][187][188][189] ئازادی ئایینی،[190][191] توانای بەڕێوەبردنی کڵێساکان،[192] ڕێکخراوە خێرخوازییەکان،[193][194] و ڕێکخراوی ئایینی تر. بەھەرحاڵ، ئەو کڵێسا و ڕێکخراوانەی کە دژی یاساکانی حکوومەت دەوەستن و جیاکاری دەکەن لەنێوان ھاوڕەگەزخوازان و بەدڕەفتاری دەکەن بەرامبەرییان، ھەڕەشەی باج لێسەندنیان لێ دەکرێت لەلایەن حکوومەتەوە.[195][196][197][198] لە ئێستادا کڵێساکان پارەی پێداویستییەکانیان (وەک ئاو، کارەبا، ھتد…) نادەن و لەسەر حکوومەتە.
پەسەند نەکردنی ئەو کەسانەی کە جیاڕەگەزخواز نین، وەک ھاوڕەگەزخوازان، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە زیاتر لە وڵاتەکانی ئاسیا و ئەفریقا دەبیندرێت، بە تایبەتی وڵاتە دواکەوتووەکان، و بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئەورووپا و ئوسترالیا و ئەمریکاکان پەسەند دەکرێن. کۆمەڵگەکانی ڕۆژاوا بە گشتی زۆر باشن لە ڕووی پەسەندکردنیانەوە و مافی خۆشیان ھەیە، بە تایبەتی لە کۆتا دەیەکانی ڕابردوودا گرنگی بە مافەکانیان دراوە و کۆمەڵگە فێرکراوە لەسەر دیاردەکە. لە ٢٠١٧دا، پرۆفیسۆر ئەیمی ئەدامچیک ڕوونی کردەوە کە ئەم جیاوازییە جیھانییانە لە پەسەندکردنی ھاوڕەگەزخوازان دەگەڕێتەوە بۆ سەر سێ فاکتەر کە پێکھاتوون لە: بەھێزی دیموکراسی، پێگەیشتوویی ئابووری، و ئەو ئایینانەی کە لەو شوێنانە بەربڵاون.[199]
لە ٢٠٠٦دا، کۆمەڵەی دەروونی ئەمریکی، کۆمەڵەی دەروونپزیشکی ئەمریکی، لەگەڵ کۆمەڵەی نەتەوەیی کارمەندانی کۆمەڵایەتی، لە دادگای باڵا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کورتەیەکیان پێشکەش کرد: «خەڵکانی گەی و لێزبیان پەیوەندی پابەندبوو و درێژخایەن دروست دەکەن کە یەکسانن بە پەیوەندییە جیاڕەگەزخوازەکان. ھاوسەرگیری کە لە ھاوڕەگەزخوازان دابڕاوە سوودی کۆمەڵایەتی، دەروونی، و تەندروستی دەھێنێت. بە ڕەتکردنەوەی مافی ھاوسەرگیری بۆ ھاوڕەگەزخوازان، ویلایەتەکە پشتی ئەو ستیگمایانە دەگرێت و ڕێیان پێ دەدات کە بەردەوام بێت کە [بە ھۆکاری مێژوویی] دراونەتە پاڵ ھاوڕەگەزخوازی. ھاوڕەگەزخوازی تووشی ستیگما کراوە و ئەم ستیگمایەش ئەنجامی نەرێنیی دەبێت. بەربەستنی ھاوسەرگیری ھاوڕەگەزخوازان لەلایەن ویلایەتی کالیفۆرنیاوە، شکانەوەیەکی ئەم ستیگمایەیە.» ئەوان ھەروەھا ئاماژەیان بەوە دا کە «ھیچ بنەمایەکی زانستیی نییە بۆ جیاکردنەوە لە نێوان کەپڵە جیاڕەگەزخواز و ھاوڕەگەزخوازەکان لە بارەی مافی یاسایی، سوودەکان، و [ئەو کێشانەی] کە لە ڕووی ھاوسەرگیری شارستانییەوە دروست دەبن.»[2] ھاوسەرگیری ھاوڕەگەز لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٠٨دا یاسایی کرا کاتێک ویلایەتی کالیفۆرنیا بڕوانامەی ھاوسەرگیری بۆ ھاوڕەگەزخوازان دەرکرد و بەسەر بەربەستەکەدا چۆوە کە دژی یاساکانی ویلایەتەکە بوو.[200]
ھەرچەندە پەیوەندی نێوان ھاوڕەگەزخوازی و ئایین دەتوانێت بگۆڕێت لە ناوچەیەکەوە و بۆ ناوچەیەکی تر و بەپێی تێپەڕبوونی کات، ئەو ئایینانەی کە لە ئێستادا بەربڵاوترینن لە جیھاندا، کە ئایینە ئیبراھیمییەکانن، ھاوڕەگەزخوازی و شێوەکانی تری پەیوەندیداری بە نەرێنیی پیشانی کۆمەڵگە دەدەن. ئەم دژ وەستانە دەتوانێت لە مەودایەکی فراوان لە بە کەم سەیرکردنی کردارەکە، تا تەواو بەربەستکردنی و دژ وەستانی لە ھەبوون لە کۆمەڵگەدا درێژ ببێتەوە. ھەندێک لە ئایینەکان وا بانگەشە دەکەن کە ڕووتێکردنی ھاوڕەگەز لە خۆیدا تاوانە،[201] ھەندێکی تر دەڵێن تەنھا کردارە ھاوڕەگەزییەکان تاوانە،[202] و ھەندێکی تریان بە تەواوی ھاوڕەگەزخوازییان پەسەند کردووە،[203] لەکاتێکدا ھەندێکی تریش ھەن بە ڕێژەیەکی زۆر کەم کە ھانی ھاوڕەگەزخوازان دەدەن.[204] ھەندێک لە خەڵکی پێیان وایە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ھەستی ھاوڕەگەز دەتوانرێت نەھێڵرێت بە باوەڕ بە ئایین. ھەندێک خەڵک کرداری ھاوڕەگەزخوازییان لەلا پیرۆزە و میتۆلۆجی خۆشەویستی ھاوڕەگەز دەتوانرێت لە بەشەکانی جیھاندا بدۆزرێتەوە.[205]
خووڕەوشتی ھاوڕەگەزخوازی و دووڕەگەزخوازی بە شێوەیەکی بەربڵاو لە نێوان ئاژەڵەکاندا دەبیندرێن. ئەم خووڕەوشتانە لە چالاکی سێکسییەوە درێژ دەبێتەوە بۆ باوانێتیکردن و بوون بە کەپڵ. بەدواداچوونێکی ١٩٩٩ی بڕووس بەیجمێڵ پیشانی دەدات کە کردەوە و خووڕەوشتی ھاوڕەگەزخوازی و پەیوەندیدار پێوەی لە سەروو ٥٠٠ جۆر لە ئاژەڵانی تردا تۆمار کراوە، ھەر لە پریماتەکانەوە تا کرمەکان.[15][206] پەیوەندی سێکسی نێوان ئاژەڵەکان بە شێوەی زۆر جیاواز دەردەکەوێت و دەنوێنرێت. ھەرچەندە چەند بیردۆزەیەک ھەیە، بەڵام لە ڕووی زانستییەوە ھێشتا نازانرێت ھۆکاری جیاوازی ئەم دەربڕینانە چییە لەم جۆرە پەیوەندییانەدا، و لەبەر ئەوەشی ھەموو جۆرێک لە ئاژەڵەکان بەدواداچوونیان لەسەر نەکراوە،[207] بیردۆزەیەک یان وەڵامێکی جێگیر ئەستەمە دەستکەوتنی. وەک بەیجمێڵ دەڵێت: «شانشینی ئاژەڵان [ئەم کردەوەیە] ئەنجام دەدەن بە جیاوازییەکی سێکسیی زۆریشەوە، لەوان ھاوڕەگەزخوازی، دووڕەگەزخوازی، و سێکسی بێ زاووزێ» وا دیارە لەلای ئاژەڵەکانی تر پەسەندکردنی زۆر زیاترە لە چاو مرۆڤەکاندا.[208]
لە یەکێک لە جۆرەکانی ئاژەڵان، کە پێکھاتووە لە پەزەکان، یان مەڕە ماڵی کراوەکان، ڕووتێکردنی ھاوڕەگەزخوازی بە شێوەیەکی زۆر دەبیندرێت.[209][210] نزیکەی ١٠٪ مەڕە نێرینەکان ڕەتی دەکەنەوە کە لەگەڵ مێینەکاندا کردەوەی سێکسیی ئەنجام بدەن، لەکاتێکدا وەڵامی خێرایان دەبێت بۆ ئەنجامدانیی لەگەڵ نێرێکی تردا.[210] ھاوڕەگەزخوازی نێوان ئاژەڵەکان ئەوەمان پیشان دەدەن کە ھاوڕەگەزخوازی لە ڕاستیدا نەخۆشی نییە و لە ناو سروشتدا بەردەوام ڕوودەدات، و لە ھەمان کاتدا قسەی زۆرینەی کەسایەتییە ئایینییەکان، بە تایبەتی ئەوانەی نێو کۆمەڵگەی ئیسلامی، پووچەڵ دەکاتەوە لەوەی کە دەڵێن ھاوڕەگەزخوازی لە ئاژەڵدا ڕوو نادات.
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.