چالاکوانێکی سویدیی ئاووھەوا From Wikipedia, the free encyclopedia
گرێتا تینتین ئەلیونوورا ئارنمان توونبەری (FRSGS) (سویدی: [ˈɡrêːta ˈtʉ̂ːnbærj] ( گوێگرتن)؛ لەدایکبووی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣) کچە چالاکوانێکی سویدیی بواری گۆڕانی ئاووھەوایە. گرێتا لە ژمارەیەکی زۆر خۆپیشانداندا سەبارەت بە گۆڕانی ئاووھەوا بەشداریی کردووە. گرێتا کاتێک بە قسەکانی، باسەکانی گۆڕانی ئاووھەوای خستەوە بیری جیھان ناوبانگی لە جیھان پەیدا کرد،[3] ھەروەھا بەھۆی بچووکیی تەمەنی و شێوازی قسەکردنی ڕاستەوخۆ (بێ پێچ و پەنا) بەناوبانگە.[4] گرێتا ڕەخنەی لە سەرکردە جیھانییەکان گرتووە، کە تا ئێستا ھیچ کارێکی جدییان لەسەر بابەتی گۆڕانی ئاووھەوا نەکردووە.[5]
گرێتا توونبەری | |
---|---|
Greta Thunberg | |
لەدایکبوون | ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ ستۆکھۆڵم، سوێد |
پیشە | |
چالاکبوون | ٢٠١٨–ئێستا |
بزاڤ | مانگرتنی خوێندنگە بۆ ئاووھەوا |
باوان |
|
خزمەکان | ئۆلۆف توونبەری (باپیرە) |
خەڵاتەکان |
|
واژوو | |
چالاکییەکانی گرێتا ئەوکاتە دەستی پێ کرد، کە دایک و باوکی ڕازی کرد کە بۆ کەمکردنەوە شوێنپێی کاربۆنیان ھەندێک کەرستە لە ماڵەوە بەکارنەھێنن. لە ئابی ٢٠١٨، کاتێک تەمەنی ١٥ ساڵان بوو، مانگرتنی لە خوێندن ڕاگەیاند، لەبەردەم پەرلەمانی سوێد داوای کارکردنی بەھێزتری دەکرد لەمەڕ گۆڕانەکانی ئاووھەوا. بە گرتنی دروشمی Skolstrejk för klimatet (مانگرتنی خوێندنگە بۆ ئاووھەوا)، بەزوویی خوێندکارانی دیکەش لە شوێنی خۆیان دەستیان بە ناڕەزایی دەربڕین کرد. دواتر بەیەکەوە، بزاڤی مانگرتنی خوێندنگەیان بۆ ئاووھەوا لەژێر ناوی Fridays for Future (ھەینییەکان بۆ داھاتوو) ڕاگەیاند. دوای ئەوەی گرێتا بانگھێشتی کۆنفرانسی گۆڕانی ئاووھەوای نەتەوە یەکگرتووەکانی ٢٠١٨ کرا، مانگرتنی خوێندکاران ھەموو ھەفتەیەک لە شوێنە جیاجیاکانی جیھان دەکرا. لە ٢٠١٩، لە چەندین شار خۆپشاندانی گەورە ئەنجام درا، کە ھەریەکەیان بە بەشداری زیاتر لە ملیۆنێک کەس، زۆرینەش خوێندکار بوون.[6][7] بۆ ئەوەی بە فڕۆکە گەشت نەکات، گرێتا بە پاپۆڕ چووە کۆڕبەندی کارکردن لەسەر ئاووھەوا، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو. لەوێ لە وتارەکەیدا، گرێتا بە ڕستەی «چۆن دەوێرن؟» ڕەخنەی لە سەرکردەکان و جیھان لەبارەی کەمتەرخەمییان لەسەر گۆڕانەکانی ئاووھەوا گرت. قسەکانی توونبەری دەنگدانەوەی گەورەی میدیاییی بەدوای خۆیدا ھێنا.
بەناوبانگبوونی گرێتا لەپڕێکدا، وای کرد وەک سەرکردەیەک چاوی لێ بکرێت،[8] لە ھەمان کاتیشدا بکرێتە ئامانجی ڕەخنەگرتن.[9] کاریگەرییەکانی گرێتا، لەلایەن گاردیان و ڕۆژنامەکانی دیکەوە بە «کاریگەریی گرێتا» وەسف کرا.[10] گرێتا چەند خەڵاتێکی پێ دراوە لەوانە: شانازینامەی ھاوڕێیەتی لە کۆمەڵگەی جوگرافیی شاھانەی سکۆتلاندی؛ لەلایەن گۆڤاری تایم وەک یەکێک لە ١٠٠ کاریگەرترین کەسایەتیی ساڵ ھەڵبژێردرا، کە ناوبراو بچووکترینیان بوو؛ ھەروەھا لەلایەن فۆربزەوە، لە پێڕستی ١٠٠ بەھێزترین ژنانی ٢٠١٩ ھەڵبژێردرا.[11] ھەروەھا بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بۆ ساڵانی ٢٠١٩، ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ پاڵێوراو بووە.[12]
گرێتا وڵاتانی زۆر گەڕاوە کە خەڵک و سیاسەتوانەکان دەربارەی کێشەکانی گۆڕانی ئاووھەوا ئاگادار بکاتەوە. لە زۆر شوێندا وەکوو نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەربارەی ئامانجەکانی قسەی کردووە. ھەروەھا خۆپیشاندانی مناڵانی جیھانی ڕاگەیاندووە[13] بۆ ئاگادارکردنەوەی وڵاتەکان لە مەترسییەکانی قەیرانی ئاووھەوا.[14]
گرێتا توونبەری لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ لە ستۆکھۆڵم، سوێد لەدایکبووە.[15][16] دایکی گرێتا، مالینا ئێرنمان، مێزۆ-سۆپرانۆیێکە و باوکی، سڤانت توونبەری، ئەکتەر، نووسەر و بەرھەمھێنەرە. باپیری، ئۆلۆف توونبەری، ئەکتەرە. گرێتا خوشکێکی ھەیە بە ناوی بیاتا، کە سێ ساڵ لەو بچووکترە و لە ئێستادا گۆرانیبێژە.[17]
توونبەری لە تەمەنی ٨ ساڵیدا دەربارەی کێشەکانی ئاووھەوای زانی، و لەوە تێنەدەگەیشت کە بۆچی کارێکی زۆر کەم بۆ چارەسەری ئەم کێشە گەورەیە کراوە.[18] بارودۆخەکە ئەوی دڵتەنگ کردبوو، ھەربۆیە قسەی نەدەکرد و نانی نەدەخوارد، کە لە ئەنجامدا و لەماوەی دوو مانگدا ٢٢ کیلۆ لە کێشی خۆی لەدەست دا.[19] ھەروەھا تووشی نەخۆشیی تێکچوونی بیر، ڕاڕایی (OCD)، ھەروەھا کۆنیشانی ئەسپێرگەری بوو.[18] لە یەکەم وتاری لەسەر داواکاری کارکردن بۆ کێشەی ئاووھەوا، گرێتا ھۆکاری بێدەنگبوونی لە ھەندێک باردا بۆ بارودۆخی تەندروستیی خۆی گەڕاندەوە، مەبەستی لەوەش ئەوەیە کە ئەو «تەنیا لەکاتی پێویستیدا قسە دەکات.»[18]
گرێتا ماوەی سێ بۆ چوار ساڵان، بەرلەوەی مان لە قوتابخانە بگرێت تووشی خەمۆکی بووبوو.[20] کاتێک دەستی بە دەربڕینی ناڕەزایی کرد، دایک و باوکی پشتگیرییان نەدەکرد. باوکی لەوبارەیەوە وتی «[ئێمە] ڕێز لەوە دەگرین کە ئەو دەیەوێت بۆی دەجەنگێت. ئەو دەتوانێت لە ماڵەوە بەخەمباری بمێنێتەوە، یانیش لەدەرەوە ناڕەزایی دەرببڕێت، کە بەمە دڵشادبێت».[21] نەخۆشییەکانی گرێتا لەلایەن دایکییەوە باسکرا و ئەمەش دەنگدانەوەی لە ئاستی سوێد پەیداکرد. دواتر کەمپەینێکیان بۆ یارمەتیدانی خێزانەکانی دیکە کە منداڵەکانیان ھەمان نەخۆشییان ھەیە کرد.[22] گرێتا لەمبارەیەوە وتوویەتی کە ڕاستە کۆنیشانی ئەسپێرگەری لەپێشتردا کارەکانی ئەوی سنووردار کردووە، بەڵام ڕوانینی خۆی بۆ ئەو شتە نەخۆشی نییە، بەڵکوو «ھێزێکی گەورەیە».[23]
"من نەخۆشی کۆنیشانی ئەسپێرگەری، ڕاڕایی (OCD) و کەم دوان (کەم قسەکردن)م ھەیە. بەسادەیی واتا تەنیا ئەوکاتانە دەتوانم قسە بکەم کە پێویستە. ئیستاش یەکێک لەو ساتانەیە."
— گرێتا توونبەری لە کۆنفڕانسی تێد
ستۆکھۆڵم، تشرینی دووەمی ٢٠١٨[24]
بۆ ماوەی دوو ساڵان، گرێتا ئالنگاریی خێزانەکەی بۆ دوورخستەوە لە شتوومەکی ناپێویست و ئەو شتانەی زیان بە ژینگە دەگەیەنن کرد، و بۆ ئەوەش بوو بە ڤیگان، دووبارە بەکارھێنانەوەی کەرستەکان ھەروەھا وازھێنان لە گەشت بە فڕۆکە بە مەبەستی پاراستنی ژینگە.[25][26][27] گرێتا لەبارەی ڕازیکردنی دایک و باوکییەوە وتی ھەوڵمدا بەڕێگای گرافیک و دراوە (داتا) بۆیان بسەلمێنم، بەڵام سوودی نەبوو. گرێتا ئاگاداری دایک و باوکی کردەوە کە ئەوان داھاتووی ئەو دەبەن.[28] وازھێنان لە گەشتی فڕۆکە، مانای وازھێنانی دایکی بوو لە کاری گۆرانیبێژی ئۆپێرا.[21]
لە ٢٠١٥، دایکی وازی لە فڕین ھێنا و دوای ساڵیک، دایکی پشتگیریی لە بڕیاری کچەکەی کرد. خێزانی گرێتا لە کێڵگەیەک لە دەرەوەی شار سەوزە بەرھەمدێنن، و بە یارمەتیی خانەی خۆری کارەبا بەرھەمدێنن. ئەوان ئۆتۆمۆبیلی کارەبایی بەکار دەبەن. دایکی ئەو کتێبێکی لەبارەی ئۆتیزم و ماخۆلان نووسیوە و بۆ کچەکانی بڵاوکردووەتەوە.[18] گرێتا کۆنیشانی ئەسپێرگەری ھەیە.[18] گرێتا سوپاسی دایک و باوکی دەکات، کە بەدەنگ داواکارییەکەی چوون و بۆئەوەی ئومێد بەو بدەن تاکوو گۆڕانکاری دروست بکات شێوازی ژیانیان گۆڕی.[25] ئەم چیڕۆکە خێزانییە لە کتێبی «دیمەنەکان لە دڵمەوە» باسکراوە.[29]
لە چاوپێکەوتنێکی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، لە تۆڕی بی بی سی، باوکی گرێتا وتی ژنەکەی وازی لە گەشتی فڕۆکە ھێناوە چونکە ئەو دەیەوێت کچەکەی بپاریزێت نەوەک وەک بابەتێکی ئاووھەوا: «بۆئەوەی ڕاستی بڵێم، دایکی ئەو کارەی نەکردووە بۆ پاراستنی ئاووھەوا. ئەو بۆ پاراستنی مناڵەکەی وا دەکات چونکە بینی ئەو کارە چەندە لای ئەو بەمانایە، و کاتێک ئەم بڕیارەی دا، بینی کە بەھۆی بڕیارەکەوە چەندە گرێتا پڕ وزە بووە.»[30]
لە ئابی ٢٠١٨، گرێتا دەستیکرد بە مانگرتن لە قوتابخانە لەپێناو باشترکردنی ڕەوشی ئاووھەوا، ئەو لەبەردەم خەڵک وتاری پێشکەشدەکرد و قسەی دەکرد، بەمەش لە ئاستی جیھان، وەک چالاکوانێکی ئاووھەوا ناسرا. لە چاوپێکەوتننێکی لەگەڵ ئامی گوودمان لە (دیموکراسی ناو!)، وتی سەرەتای بیرۆکەی کارکردنی لەبواری ئاووھەوا دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوی ھێرش و تەقەکردن لە ئامادەیی ستۆنمان دۆگلاس لە فلۆریدا، ئەمریکا کە وایکرد قوتابییەکان نەچنە قوتابخانە.[25] بەشێک لە چالاکوانە گەنجەکانی قوتابخانەکە «ڕێپێوانی ژیانی ئێمە» یان سازکرد بۆ پشتگیریکردن لە یاسای سنووردارکردنی چەک.[25][31] لە ئایاری ٢٠١٨، گرێتا لە پێشبڕکێی نووسینی داڕشتن لەبارەی گۆڕانەکانی ئاووھەوا خەڵاتێکی بردەوە، پێشبڕکێیەکە لەلایەن ڕۆژنامەی سوێدی سڤێنسکا داگبلادێت ڕێکخراوبوو. لە بەشێکیدا، گرێتا نووسیبووی "دەمەوێت ھەست بە سەلامەتی بکەم. بەڵام چۆن ھەست بە سەلامەتی بکەم کاتێک دەزانم لە گەورەترین قەیرانی مێژووی مرۆڤایەتیدام؟"[32]
لەدوای بڵاوبوونەوەی وتارەکەی، لەلایەن 'بۆ تۆرین فرۆم فۆسل فری دالساند'، گرێبەستێکی واژووکرد، کە گرووپێکن ئارەزووی ئەنجامدانی چالاکییان ھەیە لەبارەی گۆڕانەکانی ئاووھەوا. گرێتا لەچەند دانیشتنێکی ئەواندا بەشاریکردم دەزگاکە پێشنیاری کرد کە منداڵانی دیکەش مانبگرن لە قوتابخانە.[33] گرێتا ھەوڵی دا، ئەمکارە لەگەڵ قوتابییانی دیکە بکات بەڵام «ھیچ کەس بەڕاستی مەیلی نەبوو»، ھەربۆیە گرێتا بڕیاریدا بەتەنیا مانبگرێت.[18]
لە ٢٠ی ئابی ٢٠١٨، توونبەری کە ئەوکاتە لە پۆلی نۆ بوو، بڕیاریدا نەچێتە قوتابخانە تاکوو ٩ی ئەیلوول، ھەڵبژاردنی گشتی سوێد. ناڕەزایییەکانی دەستپێکرد لەماوەی ھاتنی گەرمی و ئاگرێکی زۆر لە سوێد، کە بەلانی کەمەوە ٢٦٢ ساڵە سوێد ئەو گەرمییەی بەخۆیەوە نەدیتبوو.[21] داواکارییەکانی گرێتا، بریتیبوون لە حکوومەتی سوێدی بەکارھێنانی کاربۆن کەمبکاتەوە بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی پاریس، بۆ ئەوەش ئەو لەماوەی سێ حەفتەدا، ھەموو ڕۆژێک لەبەردەم پەرلەمانی سوێد ناڕەزایی دەردەبڕی لەکاتی دەوامی قوتابخانەدا لەگەڵ بەرزکردنەوەی نووسراوی Skolstrejk för klimatet (واتە:مانگرتن لەخوێندن بۆ ئاووھەوا).[34][35]
گرێتا لەبەرەی بۆچوونی مامۆستاکانی وتوویەتی ئەوان بۆچوونی جیاوازیان لەبەرامبەر من و نەچوونە قوتابخانە ھەبووە: «خەڵک وابیردەکەنەوە کە من کارێکی باش دەکەم، بەڵام مامۆستاکانم دەڵێن دەبێت وازبێنم.»[21]
گرێتا وێنەی یەکەم ڕۆژی مانگرتنەکەی لە تۆڕەکانی ئینستاگرام، تویتەر و تۆڕەکانی دیکە بڵاوکردەوە، وێنەکان دەنگدانەوەی باشیان ھێنا.[36] ئەوڕۆژە گرێتا، لەلایەن چالاکوانی گەنجی دیکەوە پشتگیری لێکرا، بۆ ڕۆژی دواتر لەلایەن چەند چالاکوانێکی ناسراوەوە فۆلۆو (شوێنکەوتن) کرا.[36] نوێنەرێکی بانکی نۆردیای فرلەندی، یەکێک لە توویتەکانی گرێتای توویتکردەوە بۆ زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار شوێنەکەوتووەکانی لەو تۆڕە. لەماوەی کەمتر لە حەفتەیەک، گرێتا بووە ڕووماڵی گرنگی میدیا جیھانییەکان.[36]
یەکێک لە کۆمپانیا سویدییەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی، کە گرنگی بە گۆڕانەکانی ئاووھەوا دەدات، بەناوی 'ئێمە کاتمان نییە' (WDHT)، ئینگمار ڕەنتزۆگ دامەزرێنەرەکەی لەبارەی گرێتاوە وتی ئەو تەنیا بۆ خۆناساندن و بەناوبانگبوون مانیگرتووە، ئینگمار قسەکانی لە تۆڕەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و کەناڵی یوتیووبی کۆمپانیاکەی بڵاوکردەوە.[37] دواتر ئینگمار داوای لە گرێتا کرد کە وەک خۆبەخش کاری ڕاوێژکاری بۆ کۆمپانیاکەی بکات. دوای ڕازیبوونی، ئەوا ئەو ناوی گرێتای بەبێ پرسی ئەو بەکاردەھێنا بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ ڕێکراوەکەی، کە ناوبراو بەڕێوبەری جێبەجێکاری بوو.[38] گرێتا ھیچ پارەیەکی لەلایەن کۆمپانیاکە پێنەندرا،[37] ھەروەھا گرێبەستەکەشی وەک خۆبەخش ھەڵوەشاندەوە، دوای ئەوەی زانی لەژێر ناوی ئەو، کۆمپانیاکە پارە کۆدەکەنەوە.[39]
لە دوای تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، چالاکییەکانی گرێتا لە تەواوی ئەورووپا بوو بەباس، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشیدا، بەردەوام شوێنکەوتووی زیاددەبوو لەنێویشاندا کەسایەتییە ناسراوەکان ھەبوون. گرێتا لە دوای کانوونی یەکەمی ٢٠١٧، و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی گشتی ٢٠١٨، بەردەوامی بە مانگرتنەکانی دەدا لە ڕۆژانی ھەینی. ئەو بووە سەرچاوەی ئیلھامبەخش، بۆ قوتابیانی جیھان تاکو مانبگرن. لەو مانگەدا، زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار قوتابی لە ٢٧٠ شاردا مانیانگرت.[40]
وتاردانەکەی گرێتا، لەکاتی کۆنفرانسی ٢٠١٨ی گۆڕانی ئاووھەوای نەتەوە یەکگرتووەکان بەجیھان بڵاوبوویەوە.[41] لە کۆنفڕانسەکە، گرێتا بەسەرکردەکانی جیھانی وت، ئەوەندە گەورە نین تاکوو لەم باسە وەک خۆی تێبگەن.[42] لە نیوەی یەکەمی ٢٠١٩، بەشداریکرد لە کۆمەڵێک گردبوونەوە و ناڕەزایی قوتابیان لە شارە جیاوازەکانی ئەوورپا، ھەروەھا بانگێشتکرا بۆ ئامادەبوون و قسەکردن لە چەند کۆڕبەندێک و دانیشتنێکی پەرلەمانی جیاواز. لە کانوونی دووەمی ٢٠١٩، کۆڕبەندی ئابووری جیھان، گرێتا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی «ماڵەکانمان لەنێو ئاگردایە».[43] گرێتا بۆ پەرلەمانی ئەورووپا، بەریتانیا و فەڕەنسا بانگێشتکرا، کە دواتر لەلایەن چەند سیاسییەکی ڕاست ڕەو بایکۆتی دانیشتن لەگەڵ ئەو کرا.[44][45] لە دیدارێکی کورتدا، پاپا فرانسیس سوپاسی چالاکییەکانی کرد و ھانی بەردەوامبوونی دا.[46] لە ئازاری ٢٠١٩، وەک جاران، گرێتا بەردەوامبوو لە ناڕەزایییەکانی بەردەم پەرلەمانی سوێد لە ڕۆژانی ھەینی، ھەروەھا ژمارەیەک خوێندکاریش دەھاتنە پاڵییەوە. بەقسەی باوکی، چالاکییەکانی ئەو ڕێگری نەکردووە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی قوتابخانەی، بەڵام ئەو کاتەکانی کەمبوونەتەوە.[47] بە نمرەیەکی باش لە قوتابخانەی ناوەندی دەرچوو.[48] لە تەممووزی ٢٠١٩، بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری تایم، ئەوا ئەو ساڵە بۆ گرێتا دەبێتە ساڵێکی دابڕان لە خوێندن، بەھۆی دیدارەکانی لەئەمریکا بۆ بینینی ئەو کەسانەی لەبواری ئاووھەوا کاردەکەن.[49]
لە ئابی ٢٠١٩، توونبەری، گەشتی ئۆقیانووسی ئاتلانتیک کرد، کاتێک لە بەندەری شاری پلیموت، ئینگلتەڕا گەشتی کرد بەرەو نیویۆرک، ئەمریکا، گەشتەکە لەڕێگای یەختێکی ١٨ مەتری بوو، کە کەل و پەلی وزەی خۆر و ژێردەریایی تێدابوو. شێوازی گەشتکردنەکە بۆ گەیاندنی پەیامی کەم بەکارھێنانی دووکەڵ بوو، بەمەبەستی پاراستنی ژینگە. کەناڵی فەڕەنسا ٢٤، ھەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە دەستەیەک دەچنە نیویۆرک، بۆئەوەی دواتر یەختەکە بگەڕێننەوە ئەورووپا.[50] گەشتەکە ١٥ ڕۆژی خایاند، لە ١٤ تاکوو ٢٨ی ئابی ٢٠١٩. گرێتا بانگێشتکرابوو بۆ شایەتیدان لە لیژنەی قەیرانەکانی ئاووھەوا لە کۆنگرێسی ئەمریکا لە ڕۆژی ١٨ی ئەیلوول. لەبڕی شایەتیدا، ئەوا گرێتا بە ٨ ڕستە ڕاپۆرتی ئای پی سی سی لەبارەی گەرمبوونی زەوی بە ١٫٥ سلیزی وەک بەڵگەیەک پێشکەشکرد.[51]
لە ٢٣ی ئەیلوول، توونبەری لە کۆڕبەندی کارکردنی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئاووھەوا بەشداربوو لە نیویۆرک.[52][53] لەو ڕۆژەدا، ڕێکخراوی یوونیسێف ڕایگەیاند کە گرێتا و ١٥ منداڵی چالاکوانی دیکە، بەیەکەوە سکاڵا لە دژی پێنج وڵات تۆماردەکەن کە کار بە ڕێنمایییەکانی کەمکردنەوەی دووکەڵ ناکەن، کە لەڕێککەوننامەی پاریس لەسەری ڕێککەوتبوون، وڵاتەکانیش: ئەرژەنتین، بەڕازیل، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و تورکیا بوون.[54][55] سکاڵاکە ئالنگاری ئەو وڵاتانەی دەکرد لەسەر بژاردەی سێیەم لە پڕۆتۆکۆلی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ. ئەو پڕۆتۆکۆڵە، ڕێگا بە مندڵان دەدات یانیش نوێنەرەکانیان، کە دەتوانن سکاڵا بکەن کاتێک ھەستدەکەن مافەکانیان پێشێل کراوە، ئەوکاتە لیژنەی مافەکانی منداڵ،[56] لەئەگەری سەرکەوتنی سکاڵاکە، بۆیان ھەیە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکەن.[57][58]
لە کۆڕبەندەکەدا، گرێتا بەسەرکردەکانی جیھانی وت: "ئەوە شتێکی تەوا ھەڵەیە. من نەدەبوو لێرەبم. دەبوو لە قوتابخانە بم لەلایەکی دیکەی ئۆقیانووسەکە بم. لەگەڵ ئەوەش دێن بەئێمە دەڵێن بەھیوا بین؟ چۆن دەوێرن! ئێوە خەونەکانی من دزی و مندڵیی منتان پڕ کرد لە قسە بەتاڵەکانتان. وە ھێشتا پێم وایە من یەکێکم لە کەسە بەبەختەکان، خەڵکانێک ھەن ئازار دەچێژن. خەڵکانێک ھەن دەمرن. تەواوی سیستمی ژینگە ڕووخاوە. ئێمە لەسەرەتای لەناوچوونە گەورەکەین. وە ھەموو ئەوشتەی کە ئێوە دەتوانن قسەی لەسەربکەن پارە و چیڕۆکە ئەفسانەکانی گەشەسەندی ئابوورییە. ئێوە چۆن دەوێرن!"[59]
لە کەنەدا، توونبەری بەشداریکرد لەچەند ناڕەزایییەک لە شارەکانی مۆنتریال، ئێدمنتن وە ڤانکۆڤەر لەنێویشاندا بەشداربوو لە ڕێپێوانی ٢٧ی ئەیلوول، مانگرتنی جیھانی بۆ ئاووھەوا لە مۆنتریال.[60] مانگرتنی قوتابخانەکان بۆ ئاووھەوا، لە ڕۆژانی ٢٠ بۆ ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠١٩ بەبەشداری چوار میلیۆن کەس بەڕێوەچوو، بەقسەی یەکێک لە ئامادەکارەکان.[61] لە مانگرتنەکەی مۆنتریال، سەدان ھەزار کەس بەشداربوون، کە بەیەکێک لە گەورەترین ڕێپێوانەکانی مێژووی شارەکە دادەنرێت. سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، جەستن ترودۆ بەشداری لە ڕێپێوانەکە کرد، وە لەگەڵ گرێتا بۆ ماوەیەکی کەم قسەیانکرد.[62] لە ئەمریکا، گرێتا بەشداربوو لە ڕێپێوانی شارەکانی نیویۆرک ستی، لۆوا ستی، لۆس ئەنجەلۆس و ڕارلۆت دینڤەر. لە زۆربەی قسەکانی لە شارە جیاوازەکان، گرێتا ئاماژەی بەودەکرد کە ئێستا لەسەر خاکی سوورپێستەکانە و تا ئێستا مرۆڤایەتی سوود لەئەزموونی ئەوان وەردەگرێت.[63][64]
توونبەری لە ئەمریکا مایەوە، بەڕێگای وشکانی گەشتیکرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی گۆڕەکانی ئاووھەوای نەتەوەیەکگرتووەکان (COP25)، سەرەتا وا دانرابوو لە سانتیاگۆ، چیلی لە مانگی کانوونی یەکەم بکرێت. بەڵام دواتر لەماوەیەکی کەمدا، ڕاگەیەندرا کە کۆنفڕاسی (COP25) لە مەدرید، ئیسپانیا دەکرێت بەھۆی بەڕیوەچوونی خۆپشاندانێکی گەورە لە چیلی.[65] توونبەری ڕەتیکردەوە کە فڕۆکە بەکاربھێنێت، بەھۆی بەکارھێنانی کاربۆن لە ھەوادا، ھەربۆیە لە سۆشیال میدیاکانیدا، ئەوەی بڵاوکردەوە کەپێویستە گەشتی ئۆقیانووسی ئاتلانتیک بکاتەوە. ڕیلی وایتلیوم لەگەڵ ژنەکەی، ئیلیانا کاراوسو، دوو ئوسترالین کە بە یەختێک لەدەوری جیھاندا گەشتیان دەکرد، ئەوا پێشنیارێکیان خستەر بەردەم توونبەری تا لەگەڵ خۆیاندا بیبەن. لە ڕۆژی ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، ئەوا بە یەختەکە گەشتی ھامپتن، ڤیرجینایان دەستپێکرد بەرەو لیسبۆن، پرتووگال. لەکاتی دەرچوونی بۆ گەشتەکە، گرێتا وتی «پەیامی من بۆ ئەمریکییەکان ھەمان پەیامە بۆ خەڵکی ھەموو شوێنێک - کەیەکبگرن لەپشت زانست و کار بە زانست بکەن.»[66][67][68]
لە ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، توونبەری گەیشتە لیسبۆنە. دواتر گەشتیکرد بەرەو مەدرید و وتاری لە کۆنفڕانسەکە پێشکەشکرد، ھەروەھا لەگەڵ خەڵکی شارەکە، بەشداریشی کرد لە ناڕەزایی ڕۆژی ھەینی وەک جاران. بەر لەو ڕێپێوانە، لەکاتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی، گرێتا وتی پێویستمان بەکاری زیاترە، مانگرتنی قوتابخانە شتێکی وای بەدەستنەھێنا، چونکە بەکارھێنانی گازی سەوز بەردەوام ڕوو لەبەرزبوونەوە دەکات بەڕێژەی ٤٪ لەوەتەی ٢٠١٥.[69][70]
لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩، لە ڕادیۆی بی بی سی. چاوپێکەوتنێکی لەبارەی گۆڕانەکانی ئاووھەوا کرد، لەگەڵ سێر دەیڤد ئەتینبرە، سەرۆکی بانکی ئینگلتەڕا، ماڕک کارنی ھەروەھا ڕۆبێرت دل ناجا، بەڕێوبەری شێل ئۆیل کرد. دواتر بی بی سی چاوپێکەوتنەکەی بەشێوەی پۆدکاست بڵاوکردەوە.[71] لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، گریتا داوای لە کۆمپانیای سێمێنس کرد کە چیتر کەلووپەلی شەمەندەفەر نەنێرێت بۆ کۆمپانیایەکی ھیندی بەناوی ئەدانی لە ئوسترالیا،[72] بەڵام ڕۆژی ١٣ی کانوونی دووەم، سیمێنس ڕایگەیاند کە ئەوە شانازییە بۆ ئەوان کە بەردەوامبن لە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ کۆمپانیای ئەدانی.[73]
لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، توونبەری گەڕایەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیھان، کە لە داڤۆس، سوویس بەڕێوە چوو، لەوێ دوو وتاری پێشکەشکرد، ھەروەھا بەشداربوو لە پانێلێکی نیویۆرک تایمز و کۆڕبەندی ئابووری جیھانی لە قسەکانیدا، گرێتا کۆمەڵێک لە وتەکانی پێشووی باسکردەوە، بەڵام زیاتر جەختی لە «ماڵەکانمان ھێشتا لەنێو ئاگردایە» کردەوە. وەک گاڵتەیەکیش، گرێتا وتی ئەو ناتوانێت گلەیی لە گوێ لێنەگیران لێی بکات، وتی «ھەمیشە گوێ بۆمن گیراوە.»[74][75][76]
لە ٤ی ئازاری ٢٠٢٠، توونبەری لە دانیشتنێکی گرنگی لیژنەی ژینگە لە پەرلەمانی ئەورووپا بەشداریکرد و قسەی لەبارەی یاسای ئاووھەوای ئەورووپا کرد، ئاماژەشی بەوەکرد کە داواکارییە نوێکەی لیژنەی ژینگە لە پەرلەمانی ئەورووپا خۆبەدەستەودانە.[77]
توونبەری پێی وایە مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەدەبێتەوە بەھۆی گەرمبوونی زەوی[78] وە نەوە باڵغبووەکانی ئێستا ھۆکاری درووستبوونی ئەو کێشەیەن.[79] زۆرجار بەوێنە و گڕافیک (نموونەی "خانووەکەمان دەسووتێت") بەکاردێنێت بۆ پشتگیریکردن لە قسەکانی لەبەرامبەر بازرگان و کەسایەتییە سیاسییەکان، ھەروەھا بۆ کارە ھەڵەکانی ئەوان، لەمەر ھەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.[80][81] توونبەری ئاماژە بەوەدەکات کە گۆڕانەکانی ئاووھەوا کاریگەری دەبێت لەسەر گەنجەکان و داھاتووی مرۆڤایەتی. ھەروەھا تووێژ لەسەر ئەوە دەکات، کە ئەم نەوەیە ھیچ داھاتوویەکی نابیت، چونکە «ئەو داھاتووە فرۆشراوە بۆئەوەی ژمارەیەکی کەم لە خەڵک، بڕەپارەیەکی بێ ھەژمار قازانج بکەن».[82] گرێتا ئاماژەش بەوەدەکات، کە خەڵکی نیوەگۆی باشووری زەوی (ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین) بەھۆی گۆڕانەکانی ئاووھەوا تووشی زۆرترین ناڕەحەتی دەبنەوە، وێڕای ئەوەی ئەوان بەشدارن لەکەمتر بەکارھێنانی کاربۆنی دائۆکساید.[83] توونبەری پشتگیری لە گەنجە چالاکوانەکانی وڵاتە گەشەسەندووەکان دەکات، کە ئێستا ڕووبەڕووی گۆڕانەکانی ئاووھەوا بوونەتەوە. لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، لە مەدرید وتی: «ئێمە باسی داھاتوومان دەکەن، ئەوان باسی ئێستایان دەکەن.»[84]
لەو کۆڕبەندانەی کە گرێتا بەشداربووە، ڕەخنەی لە سەرکردەکانی جیھان گرتووەم لەسەر کەمتەرخەمیان بۆ بابەتەکە. ھەروەھا ئەوەشی ڕاگەیاند کە کەمکردنەوەی دووکەڵ و گاز بەس نابێت، تا ئەوکاتە ئاستەکەی نەگەیەندریتە سفڕ ئەمەش ئەگەر زەوی وا بەردەوام گەرمببێت بۆ کەمتر لە ١٫٥ سلیزی. لەنیسانی ٢٠١٩، قسەی بۆ پەرلەمانی بەریتانیا کرد، گرێتا وتی: "ئەو ڕاستییەی کە ئێمە لەکاتی قسەکانمان لەبڕی وشەی "وەستان" وشەی "کەمکردنەوە"ی بەکارھێنانی دووکەڵ و گاز ئەوا لەوانەیە گەورەترین ناچاری بەھۆی بەردەوامی بازرگانییەکانەوە بێت وەک ھەمیشە".[85][86] بۆئەوەی کاری پێویست بکرێت، گرێتا ئەوەشی بە سەرکردەکان وت کە پێویست ناکات گوێ لە ئەو بگرن، بەڵکوو دەبێت گوێ لە زاناکان بگرن کە چۆن ئەو قەیرانە چارەدەکرێت.[85][87]
بەدیاریکراوتر، توونبەری وتوویەتی ئەو ڕێککەوتننامەیەی لە پاریس کراوە بەس نییە بۆ سنووردارکردنی گەرمبوونی زەوی لە ١٫٥ پلەی سلیزی. پێویستە ئاستی بەکارھێنانی گازی گرینھواز کەمبکرێتەوە پێش ٢٠٢٠، وەک لە وردەکارییەکانی ڕاپۆرتی ٢٠١٨ی ئای پی سی سی لەسەر گەرمبوونی زەوی بڵاوکراوەتەوە.[88] لە شووباتی ٢٠١٩، لە کۆنفڕانسێکی کۆمیتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەوورووپا، گرێتا وتی کەمکردنەوەی دووکەڵ بەڕێژەی ٤٠٪ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ «بەس نییە بۆ پاراستنی داھاتووی ئەو منداڵانەی ئەمڕۆ گەورەدەبن» وە دەبێت ئەورووپا ڕێژەی کەمکردنەوەی گازی دووانەئۆکسیدی کاربۆن بەڕێژەی ٨٠٪ کەمبکاتەوە.[89][90]
لە ئازاری ٢٠٢٠، گرێتا وایزانی کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە بەڵام، بەڵام تەنھا بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەشی بوو.[91] لەمبارەیەوە توونبەری ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا دەبێت ھاوتەریبانە کاربکرێت لەسەر کێشەی ئاووھەوا و چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا، وە قەیرانی تەندرووستی نەکرێتە بیانوو بۆ کەمکردنەوەی بەکارھێنانی دووکەڵی کاربۆن. توونبەری لەچاوپێکەوتنێکی دیکەشدا وتی «ئەگەر یەک ڤایرۆس بتوانێت کێشە بۆ تەواوی سیستمی ئابوور درووستبکات لەماوەی چەند حەفتەیەکدا، ھەروەھا بتوانێت کۆمەڵگاکان دابخات، ئەوە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆمەڵگاکان پتەونین. ھەروەھا ئەوەش پشاندەدات لەکاتی فریاکەوتندا، ئێمە دەتوانین کاربکەین و ئاکارەکانمان بەخێرایی بگۆڕین.»[92]
گرێتا توونبەری ستایش و ڕەخنەی تووندی پێگەیشت لەلایەن کەسایەتییە سیاسیی و ڕاگەیاندنەکان.
لە شووباتی ٢٠١٩، ٢٤٤ کەسایەتی ئەکادیمی نامەیەکی کراوەی پشتگیریان واژووکرد، کەتێیدا کە گرێتا بۆتە سەرچاوەی ئیلھام بەخش بۆیان بە مانگرتنی لە قوتابخانە، بەمەبەستی گوێگرتن لێی.[93] سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس پشتگیری گرێتای کرد لە مانگرتنی لە قوتابخانە، دانی بەوە دانا کە «نەوەی سەردەمی من شکستیان ھێنان لە وەڵامدانەوەیەکی باش بۆ گۆڕانە دراماتیکییەکان ئاووھەوا. ئەوە بەقووڵی لەلایەن گەنجەکانەوە ھەستی پێدەکرێت. سەرسام نیم کە ئەوان تووڕەبن.»[94] لەکاتی قسەکردنی لە بۆنەیەک، لە ئایاری ٢٠١٩، نیوزلاند ئەوا گوتیرێس وتی «نەوەی ئێمە نەمانتوانی لە جەنگی گۆڕانەکانی ئاووھەوا سەرکەوتووبین» ئێستا لەسەر گەنجەکان ماوەتەوە کە «ھەسارەکە ڕزگاربکەن».[95]
لەبارەی ڕەخنەگرەکانی:
"زۆر گاڵتەجارانەیە کاتێک ھەموو ئەوشتەی کەسانێک دەتوانن بیکەن، بریتییە لە گاڵتەکردن پێت، یان باسی ڕووخسار و کەسایەتیت دەکەن، وەک ئەوەی ئەوان ھیچ وتووێژ و قسەیەکی دیکەیان نەبێت بۆ گوتن."
— گرێتا توونبەری
کەسایەتی ساڵ
گۆڤاری تایم، تشرینی یەکەمی ٢٠١٩
کاندیدانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کامەلا ھاریس، بیتۆ ڕۆرکی لەگەڵ بێرنی ساندەرس پشتگیری خۆیان بۆ قسەکانی گرێتا لە نیویۆرک، ئەیلوولی ٢٠١٩ ڕاگەیاند.[96] ئەنجێلا مێرکل، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئاشکرایکرد کە چالاکییەکانی گەنجێکی وەک گرێتا وای لە حکوومەتەکەی کردووە کە ھەنگاوی خێراتر بنێت لەسەر گۆڕانەکانی ئاووھەوا.[97]
توونبەری لەلایەن سیاسییەکانیشەوە ڕەخنەی ئاڕاستەکراوە، لەوانەش سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، سکۆت مۆریسن، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمیر پۆتین، ئۆپێک ھەروەھا چەندجارێکیش لەلایەن دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا.[98] ڕەخنەکان خۆی لەنێوان ھێرشکردنە سەر کەسایەتی گرێتا و زۆر بچووککردنەوەی کێشە گەورەکە دەبینێتەوە.
لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، ڤلادمیر پۆتین لە وەسفی گرێتا وتی «کچێکی بەڕێز و خۆشەویستە»، لەھەمان کاتدا ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو یاری پێدەکرێت بەپێی ویستی کەسانێک. پوتین ڕەخنەی لەئەو گرت و بە «کەم شارەزا» ناوی برد: «ھیچ کەسێک بۆ گرێتای ڕووننەکردۆتەوە کە جیھانی مۆدێرن ئاڵۆز و جیاوازە وە خەڵکی لەوڵاتانی ئەفریقا یان ئاسیا دەیانەوێت بەھەمان سەرمایەی کەسێکی سوێدی بژین.» گرێتا ھاوشێوەی کاردانەوەی بۆ قسەکانی تڕەمپ، ئەوا لەتوویتەر لە بەشی بایۆکەی نووسی لە کاردانەوەی وەسفەکەی پۆتین نووسی «کچێکی بەڕێز بەڵام بەزانیاری کەمەوە».[99] لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، گرێتا نووسی "سوورپێستەکان کووژران بەھۆی ھەوڵەکانیان بۆ پاراستنی دارستان و لەناوبردنی نایاسایی دارستانەکان. دووبارە و دووبارە. بەڕاستی شەرمە کە جیھان بەرامبەر ئەوە بەبێدەنگی بمێنێتەوە." دوای دوو ڕۆژ، کاتێک لەمبارەیەوە پرسیار لە جایر بۆلسۆنارۆ، سەرۆکی بەڕازیل کرا، وتی: "گرێتا دەڵێت سوورپێستەکان مردوون چونکە ئەوان ھەوڵی پاراستنی ئەمەزۆنیان دەدا. ئەوە مایەی سەرسامییە کە میدیاکان بۆتە دەنگی گەمژەیەکی ئاوا." لە ھەمان ڕۆژدا، گرێتا لە بایۆی تویتەرەکەیدا نووسی "pirralha"، کە بەزمانی پووتووگالی واتای گەمژە دێت، کە لەلایەن سەرۆکی بەڕازیل وا وەسفی ئەو کرابوو.[100]
لە ئەیلوولی ٢٠١٩، دۆنالد ترەمپ ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کاتیک کە گرێتا بەتوڕەیییەوە ناوی سەرکردەکانی جیھان دەھێنێت، لەگەڵ دیمەنی قسەکانی کە دەڵێت "خەڵکانێک ھەن دەمرن. تەواوی سیستمی ژینگە ڕووخاوە. ئێمە لەسەرەتای لەناوچوونە گەورەکەین." ترەمپ لەبارەی گرێتا نووسی: "واپێدەچێت ئەو کچێکی زۆر دڵخۆشبێت، چاوەڕێی داھاتوویەکی گەشی لێدەکەم. دڵخۆشم بەبینینی!" گرێتا لەکاردانەوەیدا، ڕوونکردنەوەی بایۆی توویتەرەکەی گۆڕی، کە ئەو "تێناگەم کە گەورەکان گاڵتە بە بچووک و ھەرزەکارەکان دەکەن کاتێک دەیانەوێت قسەبکەن لەبارەی زانست، ئەمەش لەوکاتەی ئەوان دەتوانن کاری باشتر بکەن لەبڕی ئەوە."[101] لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، ترەمپ جارێکی دیکە گاڵتەی بە گرێتا کردەوە کاتێک ناوی وەک کەسایەتی ساڵی گۆڤاری تایم ھات: "زۆر گاڵتەجارانەیە"، تڕەمپ لە توویتەکەیدا نووسی. "گرێتا پێویستە کار لەسەر کێشەی بەڕێوەبردنی تووڕەیییەکەی بکات، ئینجنا بچێتە فیلمێکی کلاسیکی ھاوڕێینانە! چێژ ببینە گرێتا چێژ!" توونبەر لەوەڵامی تڕەمپدا، دەربارەی بایۆکەی لە توویتەر گۆڕی: "ھەرزەکارێک کە کار لەسەر کێشەی تووڕەیییەکەی دەکات. ئێستا چێژ دەبینێت و سەیری فیلمێکی کلاسیکی دەکات لەگەڵ ھاوڕێیەکی."[102]
لەچاوپێکەوتنی لەگەڵ سوین ھایننز لە گۆڤاری تایم، گرێتا وتی «زۆر گاڵتەجارانەیە کاتێک ھەموو ئەوشتەی کەسانێک دەتوانن بیکەن، بریتییە لە گاڵتەکردن پێت، یان باسی ڕووخسار و کەسایەتیت دەکەن، وەک ئەوەی ئەوان ھیچ وتووێژ و قسەیەکی دیکەیان نەبێت بۆ گوتن.»[103] جۆو بایدن، جێگری پێشووی سەرۆککۆماری ئەمریکا و کاندیدی داھاتووی دێموکراتەکان بۆ ھەڵبژاردنی ٢٠٢٠، لە وەڵامی توویتە گاڵتەئامێزەکەی ترەمپ وتی «تۆ چ جۆرە سەرۆکێکی کە گاڵتە بە ھەرزەکارێک دەکەیت؟ @دۆننالدترەمپ، تۆ دەتوانی شتگەلێک لە گرێتاوە فێربیت لەبارەی سەرکردایەتیکردن.»[104]
لە ئابی ٢٠١٩، سکۆت والسمان لە ساینتفیک ئەمێریکان نووسی ڕەخنەگرانی گرێتا، ڕەخنە لە کەسایەتی و ئۆتیزم بوونی دەگرن.[105] ئەدیتیا چاکربۆرتی، لە گاردیان نووسی کە ستوونووسانی وەک بریندان نیل، تۆبی یەنگ، بلۆگی گویدۆ فاوکس لەگەڵ ھێلین دەیل و ڕۆد لیدل لە سپێکتەتۆر و سەندەی تایمز بەشێوەی ناشرین ھێرشدەکەنە سەر کەسێتی گرێتا. پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی بەریتانی پیرس مۆرگەن، ئەویش گاڵتەی بە گرێتا کرد.[106]
گرێتا کاریگەری لەسەر ژمارەیەک ھاوتەمەنی خۆی درووستکرد، ئەمەش بە «کاریگەرییەکەی گرێتا» وەسفدەکرێت.[107] لە وەڵامی وتارەکانی، ئەوا چەند سیاسییەکیش باسی ئەویان کرد لەگەڵ پێویستی کارکردن لەسەر گۆڕانەکانی ئاووھەوا. سکرتێری ژینگەی بەریتانیا، مایکل گۆڤ، وتی: "کاتێک گوێ لەتۆ دەگرم، ھەست بە ئاسوودەیییەکی زۆر دەکەم. لەھەمان کاتیش بەرپرسیارێتی و تاوان. من لەنەوەی دایک و باوکتم، دەشڵێم کە ئێمە بەدەم پێویستی چارەسەرکردنی قەیرانی گۆڕانەکانی ئاووھەوا و ژینگە نەچووین، کە ئێمە یارمەتیدەربووین بۆ درووستبوونی." ئێد میلاباند، سیاسیی لە حیزبی کرێکارانی بەریتانیا، کە بەرپرسیاربوو لە ناساندنی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانەکانی ئاووھەوای ٢٠٠٨، وتی: :تۆ ئێمەت بەخەبەر ھێنایەوە، سوپاست دەکەین. ھەموو ئەو گەنجانەی کە چوونەتە مانگرتنەکە ئەوا ڕەنگدانەوەیەکی وەک ئاوێنەیان بەکۆمەڵگای ئێمە بەخشی… تۆ فێری وانەیەکی گرنگت کردین. تۆ لەناو قەرەباڵەغییەکدا بەرز وەستایت."[10]
لە شووباتی ٢٠١٩، گرێتا لە ستەیج لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپا، جان کلۆد یەنکەر وەستا، لەوێ جان ئاماھەی بەوەدا «لە بودجەی ساڵانی داھاتوو ٢٠١٢ بۆ ٢٠٢٧، لە ھەر چوارەم یۆڕۆیەک لە بودجەی یەکێتیی ئەورووپا، دەچێتە بودجەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانەکانی ئاووھەوا.»[108] لە ئایاری ٢٠١٩، باسکردنی گۆڕانەکانی ئاووھەوا، باسێکی گرنگی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوورپا بوو، ھەربۆیەش پارتە سەوزەکان باشترین دەنگیان لەمێژووی خۆیاند ھێنا، کە ژمارەی ئەندامەکانیان لە پەرلەمان لە ٥٢ بەرزبوویەوە بۆ ٧٢.[109] زۆرێک لەو کورسیانە، بەدەنگی خەڵکی وڵاتانی باکووری ئەورووپا بەدەستھاتبوون، کە لەژێر کاریگەری گرێتا ناڕەزاییان دەردەبڕی.[110]
لە ئابی ٢٠١٩، بڵاوکراوە و کتێبی منداڵان لەبارەی قەیرانی گۆڕانەکانی ئاووھەوا بۆ دوو ھێندەی ساڵی پێشتر زیادیکرد. دەزگاکانی چاپ، ئەوەیان بۆ کاریگەری گرێتا توونبەری گەڕاندەوە.[111] لەژێر کاریگەری گرێتا، سەرمایەدار و وەبەرھەمھێنەرە خێرخوازەکان لە ئەمریکا بڕی ٦٠٠ ھەزار دۆلاریان بەخشی،[112] بۆ پشتگیرکردن لە گرووپە یاخیبوو و مانگرتووەکانی قوتابخانە بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوی ھاریکاری فریاکەوتنی ئاووھەوا.[113][114][115] تاڤۆن نێلسن، یەکێک لەو خێرخوازانە ئاماژەی بەوەکرد، سەد ھێندەی دیکە کۆمەک کۆدەکرێتەوە لە ھەفتە و مانگەکانی ئایندە.[112] لە کانوونی دووەمی ٢٠١٩، نیو ساینتیست لەوەسفی گرێتا و کۆمەڵەکەی نووسی: «ساڵی بەخەبەرھاتنەوەی جیھان بۆ گۆڕانی ئاووھەوا.»[116]
گرێتا پێشەوایەتی لە بزووتنەوەی دژە-فڕین دەکات، لەبەرامبەردا بانگەشە بۆ گەشتکردن دەکات لەڕێگای شەمەنەدەفەر لەبڕی فڕین.[117] ئەو وشەیەی کە وەسفی ئەم بزووتنەوەیە دەکات، بریتییە لە (flygskam) یان فڕینی شەرم.[118][119] ئەوە ھەستێکە کە لای خەڵک درووستدەبێت، بۆ بەکارنەھێنانی فڕۆکە بەھۆی زۆر بەکارھێنانی گاز لەلایەن کۆمپانیاکانی ھێڵێ فڕۆکەوانی. لە بنەڕەتدا، ئەم ھەنگاوە دەگەڕێتەوە بۆ یاریزانی ئۆلەمپیکی سوێدی بیرن فێری، بەڵام دەنگدانەوەیەکی گەورەتری بەدوای خۆی ھێنا لەدوای چالاکییەکانی گرێتا، کە ڕەتی کردەوە بەفڕۆکە گەشتبکات لەپێناو ژینگە. گرێتا لە کەمپەینەکانی داوای فڕینی کەمتری دەکرد، ھەروەھا کردییە بەشێک لە قسەکانی ساڵی ٢٠١٩ لەکاتی گەشتی ھۆشیارکردنەوەکەی لە ئەورووپا.[120] دواتر سوێد بڕیاریدا، کە ٤٪ گەشتە ناوخۆیییەکان کەمبکاتەوە، لەبەرامبەردا گەشتی شەمەندەفەر زیاتر بکات. بی بی سی نووسی کە ئەم بزووتنەوەیە دەکرێت کاریگەری بخاتە سەر گەشەکردنی ڕێژەی گەشتە ئاسمانییەکان، بەڵام فڕۆکە ئاسمانییەکان و بۆینگ لەبەرامبەردا دەڵێن، ئەوان پێشبینی دەکەن ٤٪ گەشتەکان زیادبکەن تاکوو ساڵی ٢٠٣٥.[121][122] لە حوزەیرانی ٢٠١٩، ھێڵی شەمەندەفەری سوێد ڕایگەیانند کە ژمارەی گەشتە ناوخۆیییەکان لەڕێگای شەمەندەفەر بەڕێژی ٨٪ بەرزبوونەتەوە بەراورد بە پارساڵ.[123]
گرێگا توونبەری لەبواری کەلتوور و ھونەر بۆتە ناوێکی دیار.[124] گریتا ئەند زە گیانتس، ناوی کتێبێکە لەلایەن زۆی تەکەر و زۆی پەرسیچۆ نووسراوە، ھەروەھا لەلایەن دەزگای کتێبی منداڵانی فرانسیس لینکۆڵن بڵاوکراوەتەوە، کە لە چیڕۆکی ژیانی گرێتاوە سەرچاوەی گرتووە.[125] وێنەکێشی ئەمریکی، ئیلیزابێت پەیتن پۆرترەیتێکی گرێتای، لەیەکێک لە وێنە سەرەکییەکانی پێشانگایەکی دانا.[124] گرێتا لەسەر ڕووپەڕی گۆڤاری تایم دەرکەوت، لەچاپی ئایاری ٢٠١٩، کە وەک کەسێکی کاریگەر پشاندرا،[103] ھەروەھا وەک سەرکردەیەکی دواڕۆژ.[126] گرێتا و ١٥ چالاکوانی دیکە لەسەر ڕووپەڕی گۆڤاری فاشن، ڤۆگ دەرکەوتن لە ئەیلوولی ٢٠١٩.[127]
ھەندێک لە وتار و وتەکانی گرێتا لەگەڵ گۆرانی و میوزیک تێکەڵکران. لە ساڵی ٢٠١٩، بەشداریکرد لە دانانی دەنگی بۆ گۆرانی زە ١٩٧٥، لەگەڵ گرووپێک کە ھەمان ناوی گۆرانییەکەیان ھەبوو. لە گۆرانییەکە، گرێتا دەڵێت «ھەمووان لەدەرەوەن، ئێستا کاتی خەباتی مەدەنییە. ئێستا کاتی یاخیبوونە.»[128] میوزیکژەنانی ئوسترالی، مێگان واشینتن لەگەڵ ئاوازدانەر ڕۆبێرت دەیڤدسن درووشمی «چۆن دەوێریت» یان بەکارھێنا بۆ یەکێک لەبۆنەکانیان.[129] دیجەی سلیم، تێکەڵەیەکی لە وتارەکەی گرێتا و سەمایەکی خۆی بەناوی 'ڕایت ھێر، ڕایت ناو' بڵاوکردەوە.[130] جارێکی تر جیھانی گرێتا گەورەدەکەینەوە، فیلمێکی بەڵگەنامەیی ٣٠ خوولەکییە لەلایەن ڤیسەوە کە چاوپێکەوتنی تێدایە لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی سەرکردەی خۆپشاندەرەکانی ئەورووپا، ھەروەھا ڕێپێوانی ناڕەزایییەکانی گۆڕانی ئاووھەوای جیھانی ساڵی ٢٠١٩ لەخۆگرت.[131][132] فیلمێکی بەڵگەنامەیی دیکە، لە تۆڕی ھولو، بڕیارە کاری بەرھەمھێنانی لەسەر بکرێت لەلایەن سیسیلیا نیسان و فرێدریک ھینگ، ھەروەھا لەلایەن ناتان گرۆسمان دەرھێنانی بۆبکرێت.[133] لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، گرێتا ڕایگەیاند کە مافی بەکارھێنانی ناوەکانی «ھەینییەکان بۆ داھاتوو» ھەروەھا «مانگرتن بۆ ئاووھەوا» وەردەگرێت، بەمەبەستی بەکارنەھێنانی لەلایەن کەسانی دیکەوە بۆ بەمەبەستی بازرگانی.
لە شووباتی ٢٠٢٠، تۆڕی بی بی سی ڕایگەیاند کە فیلمێکی بەڵگەنامەیی بەرھەم دەھێنن لەسەر ژیان و چالاکییەکانی گرێتا.[134]
بەھۆی چالاکییەکانییەوە گرێتا توونبەری چەندین خەڵات و ڕێزلێنانی پێدراوە. بەرلەوەی دەست بەمانگترن لە قوتابخانە بکات لە ئایاری ٢٠١٨، پێشبڕکێیەکی داڕشتنی لەبارەی گۆڕانەکانی ئاووھەوا بردەوە، کە لەلایەن ڕۆژنامەی سوێدی سڤێنسکا داگبلادێت ڕێکخرابوو.[32] توونبەری ئامادەبوونی لە خەڵاتەکان ڕەتدەکردەوە، ئەگەر پێویستی بەگەشتی ئاسمانی بووایە، لەوانەش خەڵاتی ئاشتی منداڵانی نێودەوڵەتی.[135] جگە لەوەی چەندین خەڵاتی لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکان پێدرا، ئەوا لەلایەن پەیمانگا زانستییەکانیش خەڵات و پیزانینی وەرگرتووە.[136][137]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.