محەممەد
پێغەمبەری ئایینی ئیسلام / From Wikipedia, the free encyclopedia
محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا کوڕی عەبدولموتەڵیب (بە عەرەبی: أَبُو الْقَاسِم مُحَمَّد بْن عَبْد اللە بْن عَبْد المُطَّلِب بْن ھَاشِم؛ لەدایکبووی ٢٢ی نیسانی ٥۷١ – ٨ی حوزەیرانی ٦٣٢) پێغەمبەری ئیسلام و کەسایەتییەکە کە موسڵمانان بە پێغەمبەری خوای دادەنێن کە بۆ ھەموو مرۆڤەکان ھاتووە ھەتا خەڵک بگەڕێنێتەوە بۆ یەکتاپەرستی و خواپەرستی لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم. شوێنکەوتووانی لەو باوەڕەدان کە باشترین دروستکراوەی خوایە و پێشەوای مرۆڤە و لەگەڵ ناوھێنانیدا دەڵێن «صلی اللە علیە وسلم» واتە «دروودی خوای لێبێت». ئەم سڵاوناردنە لە قورئان و سوننەتدا ھاتووە و وایان لێدەکات سڵاواتی لەسەر بدەن.[1] موسڵمانان وتە و کردار و سیفەتەکانیان پاراستووە لە پەڕتووکەکانی ژیننامە و فەرموودە، و یادی لەدایکبوونی دەکەنەوە لەمانگی ڕەبیعول ئەوەل لە ھەموو ساڵێکدا.[2] لە مەککە لە مانگی ڕەبیعولئەولی ساڵی فیل، بەرامبەر ساڵی ٥٧٠ یان ٥٧١ی زایینی لە دایکبووە،[3] پێش ئەوەی لەدایک بێت باوکی کۆچی دواییی کردووە و ھەر لە مناڵیشدا دایکی لەدەست دەدات، پەروەردە دەبێت لای عەبدولموتەڵیب کوڕی ھاشم باپیرەی پاشان لای ئەبو تاڵیب کوڕی عەبدولموتەڵیب مامی، لەو ماوەیەدا خەریکی شوانی دەبێت، پاشان بازرگانی دەکات، لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا ژیانی ھاوسەری پێک ھێناوە لەگەڵ خەدیجە کچی خووەیلید، کە دایکی ھەموو مناڵەکانی بووە بێجگە لە ئیبراھیم.
محەممەد کوڕی عەبدوڵڵا کوڕی عەبدولموتەليب | |
---|---|
نووسراوەی محەممەد بە عەرەبی | |
«ئەحمەد، ئەبووقاسم، ئەبووتەییب، پێغەمبەری گەڕانەوە، پێغەمبەری بەزەیی، پێشەوای بەنی ئادەم، خۆشەویستی ڕەحمان، موختار، مستەفا، موجتەبا، سادق، مەسدووق، ئەمین، خاوەن شەفاعەت و پێگەی بەرز، خاوەن چاکە و پلەی بەرز، خاوەن تاج و میعراج، پێشەوای لە خواترسان، پێشەوای نێردراوان، پێغەمبەری نەخوێندەوار، پێغەمبەری خوا، دوایین پێغەمبەر، پێغەمبەری مەزن، چرایەکی ڕووناک، نوور، میھرەبان و ھتد» | |
لەدایکبوون | ١٢ی ڕەبیعولئەوەل ٥٢ی پێش کۆچی (نیسانی ٥٧١ زایینی) مەککە |
کۆچی دوایی | ڕەبیعولئەوەل ١١ی کۆچی / حوزەیرانی ٦٣٢ز مەدینە |
ڕێزلێنراوە بە | ئیسلام |
ناردن | ڕەمەزان ١٢ پ. ک / ئابی ٦١١ز, ئەشکەوتی حەراء لە مەککە |
شوێنگەی سەرەکی | حوجرەی عائیشە لە مزگەوتی پێغەمبەر لە مەدینە |
مێژووی یادەوەری | ١٢ی ڕەبیعولئەوەلی ھەموو ساڵێکی کۆچیی |
شەفیعە بۆ | بەگشتی بۆ ھەموو خەڵکی بەتایبەتیش بۆ ئیمانداران |
نەژاد | لە عەرەبە لە قوڕەیش لە نەوەی ئیسماعیل کوڕی ئیبراھیم دایکی ئامینە کچی وەھب باوکی عەبدوڵڵا کوڕی عەبدول موتەلیب دایکی بە شیری حەلیمە سەعدی، و سۆیبە باوکی بە شیری حارس کوڕی عەبدول عیز خوشک و براکانی بە شیری حەمزە کوڕی عەبدولموتەڵیب (مامی)، و ئەبووسەلەمە کوڕی عەبدئەسەد، و ئەبووسوفیان کوڕی حارس (کوڕی مامی)، و عەبدوڵڵا کوڕی حارس، و شەیما کچی حارس، و ئەنیسە کچی حارس خێزانەکانی خەدیجە کچی خووەیلید، و سوودە کچی زمعە، و عائیشەی کچی ئەبووبەکر، و حەفسە کچی عومەر، و زەینەب کچی خزیمە، و ئوم سەلەمە، وزەینەب کچی جەحش، و جوبریە کچی حارس، و ماریە قبتی، و ئوم حەبیبە، و سەفییە کچی حەیی، و مەیموونە کچی حارس کوڕەکانی قاسم، و عەبدوڵڵا، وئیبراھیم کچەکانی زەینەب، و ڕوقەیە، و ئوم کەلسوم، و فاتیمە |
لە پێش ئیسلامدا حەنیفی بووە و خوای پەرستووە لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم و پەرستنی بتی ڕەتکردووەتەوە کە لەو کاتانەدا بەربڵاوبووە لە مەککەدا، موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە نیگای خوای پێ گەیشتووە کاتێک لە تەمەنی چل ساڵیدا بووە، سێ ساڵ بە نھێنی بانگەوازی کرد،[4] پاشان دە ساڵی تری لە مەککە بەسەر برد بە بانگکردنی خەڵکەکەی و بازرگانەکان و سەردانکەرانی کەعبە کە دەھاتنە مەککە، لە ساڵی ٦٢٢ز کۆچی کرد بۆ شاری مەدینە کە ناودەبرا بە یەسرب، دوای ئەوەی گەورەکانی قوڕەیش کەوتنە پیلان گێڕان لێی و بانگەوازەکەیان ڕەت دەکردەوە، دە ساڵی کۆتایی ژیانی لە مەدینە بەسەر برد بە بانگەوازی ئیسلامی، و بناغەی دەوڵەتی ئیسلامیی دانا، کە دواتر فراوان بوو و مەککە و ھەموو شار و ھۆزە عەرەبییەکانی گرتەوە، و بۆ یەکەم جار عەرەبی یەکخست لەسەر یەک ئایینی یەکتاپەرستی و لە دەوڵەتێکی یەکگرتوودا،[5][6] بانگەشەی بۆ دورکەوتنەوە لە ڕەگەزپەرستی و وەلانانی دەمارگیری ھۆزایەتی کرد.[7][8][9][10][11]