ئیمانوێل کانت
From Wikipedia, the free encyclopedia
ئیمانوێل کانت (بە ئەڵمانی: Immanuel Kant)، (١٧٢٤ - ١٨٠٤) بەناوبانگترین بیرمەندی سەردەمیی ڕۆشنگەرییە. بیرۆکەی بنەڕەتیی سەردەمی ڕۆشنگەری، ڕزگارکردنی خودە لە ڕێگای تێگەیشتنەوە. «ورەی ئەوەت بێت کە دەرکی خۆت بە کار بھێنیت» ئەمە پەیامی ئەو فەیلەسووفەیە کە لەگەڵ ھەژاری و دەستەنگی و لە بارودۆخێکی زۆر دەمارگیری ئایینیدا گەورە بوو، بەڵام ئەوەندە ئاستی ورەی بردە سەرەوە کە لا لە «کۆیلایەتیی سەردەمی لاوێتی» بکاتەوە و ورد بێتەوە لە پێنەگەیشتووییی خۆی. لێرەوە بوو کە بڕیاری دا ژیانی تەرخان بکات بۆ زانستی ڕزگاریی مرۆڤ و لەڕێگای زانینەوە تێ بکۆشێت کە مرۆڤ لە پێنەگەیشتوویی ڕزگار بکات. لەدوای کانتەوە، چۆنیەتیی ژیانی مرۆڤ ئاڵوگۆڕێکی بە سەردا ھات کە تێیدا مرۆڤ تەنیا بەندی ھێزە نامۆ و مێتافیزیکەکان یاخود جەبری مێژوویی و دیترمینیزم نییە، بەڵکوو لە نالەبارترین دۆخیشدا، دەتوانێت شوێنی گرینگ دانێ بەسەر شێوازی ژیانیەوە. خوێندنەوەیەکی وا لە مرۆڤ و ئیمکانی ھەڵبژاردن و وەرگرتنی بەرپرسایەتی، تەنانەت لە خراپترین ھەلومەرجیشدا، جەوھەری بۆچوونی ئاوەزمەندی لە مرۆڤدا پێک دەھێنێت. ئەم ھەڵوێستە لەگەڵ بەقوربانیزانینی مرۆڤ بەتەواوەتی ناکۆکە کە جەوھەری زۆربەی بۆچوونە دیترمینیزمی و توندڕەوەکانە لە مرۆڤ. کانت تێکڕای بەرھەمەکانی لە ٢٥ ساڵی کۆتاییی تەمەنی ھەشتا ساڵەیدا نووسیی. گرنگترین بەرھەمی «ھەڵسەنگاندنی عەقڵی پەتی»یە. کانت لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا (١٧٨٨) کتێبی «ڕەخنەی عەقڵی پراکتیکی» و دوو ساڵ دواتر(١٧٩٠) «ڕەخنەی ھێزی داوەری»ی نووسی. ھەموو کتێبەکانی باس و سەرنجی بێئەندازە زۆری لە سەرانسەری ئەورووپادا ورووژاند. ئەو باس و ھۆگرییە کەموێنانەی کە بیرەکانی کانت لە نێوان ھاوسەردەمەکانیدا پێکی ھێنا، زۆر کەمتر دێتە بەر چاو لە چاند ژمێریی سیاسەتی بەرچاوی دوای ژیانی لەسەر دنیای ھزر و ڕووناکبیران کە ئێستاش لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا درێژەی ھەیە. چونکە کانت شوێنێکی دەورانسازی لەسەر ڕەوتی بیر و ھزردا داناوە، نە تەنیا فەلسەفەی سیاسی، بەڵکوو زانستی ئەخلاق و جوانیناسی و بیردۆزی زانستیی بردە قۆناغێکی نوێوە. بەم پێیە دەکرێ گرنگایەتیی کانت لە سێ بەستێندا کورت بکەینەوە: ئەخلاق و بیردۆزی زانستی و فەلسەفەی سیاسی. کانت فەیلەسووفێکی پلۆرالیستە کە بۆ زۆرایەتی و جۆراوجۆربوونی ئامانجەکانی مرۆڤایەتی و بە دوای ئەودا سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی پلۆراڵ بەم بانگەوازەوە خەباتی دەکرد: «با ورەی سەربەستیت ھەبێت و ڕێز بۆ ئازادی و جۆراوجۆریی کەسانی تریش دابنێ، چونکە پلەوپایەی مرۆڤایەتی لە ئازادی و خۆئایینیدایە.» بە بڕوای کانت، مرۆڤ تەنیا لەڕێگای زانیاری و تێگەیشتن و خۆناسینەوە دەتوانێ لە لایەنی ڕۆحیەوە خۆی لە کۆیلایەتیی ھەڵقوڵاوی پڕوپوچ و پێشداوەری و بتەکان ڕزگار بکات و لەسەر پێی خۆی بوەستێت. کانت بە درێژاییی تەمەنی لە کونیگزبورگی زێدی دوور نەکەوتەوە. بەم حاڵەیش، تایبەتمەندیی گرنگی شێوەی بیر و بەڵگەھێنانەوەی ڕوانگەی جیھانگیرییە. ئەو خۆی بە شارۆمەندی جیھان دەزانی. ھزری سیاسی و بەتایبەت ئاشتیی ھەمیشەیییەکەیشی ھەر لەم بیرەوە سەرچاوە دەگرێ. دەکرێ بەگشتی بڵێین کە کانت چوار پرسیاری سەرەکی دەھێنێتە گۆڕێ و لە ڕوانگەی خۆیەوە وەڵامی ھەرکامیان دەداتەوە: ١- مرۆڤ چی دەتوانێت بزانێت؟ ٢- چۆن دەبێت بژین؟ ٣- چ ھیوایەکمان دەکرێت ھەبێت؟ ٤- مرۆڤ چییە و چۆن دەبێ بۆ جیھانی «بوون» بڕوانێت؟
لەوانەیە ئەم وتارە بۆ گەییشتن بە ئاستی ستانداردی شێوازی نووسینی وتار لە ویکیپیدیادا، ویکیسازی پێویست ببێت. تکایە ئەگەر دەتوانن ئەم پەڕەیە باشتر بکەن. |
ئەم وتارە ئاماژەی بە ھیچ سەرچاوەیەک نەداوە. تکایە بە دانانی ئاماژە بۆ سەرچاوە بڕواپێکراوەکان، ئەم وتارە باشتر بکە. دەقە بێسەرچاوەکان لەوانەیە داوای سەرچاوەیان لێ بکرێت یان لاببرێن. |
ئەم وتارە لەوانەیە پێویستی بە خاوێنکردن ھەبێت تا بگات بە شێوازی ستانداردی نووسین. |
ئیمانوئێل کانت | |
---|---|
لەدایکبوون | (١٧٢٤-0٤-٢٢) ٢٢ی نیسانی ١٧٢٤ کالینینگراد شانشینی پرووس. |
مەرگ | ١٢ی شوباتی ١٨٠٤(١٨٠٤-٠٢-١٢) (٧٩ ساڵ ژیاوە) کالینینگراد شانشینی پرووس. |
واژوو | |
کانت لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا گەورە بوو، وە باوەڕی ئایینی و پارێزگاربوونی بنەماڵە شوێنێکی گرنگی لەسەر گیرساندنی فکری و فەلسەفی ئەو دانا. کانت کوڕی کۆپاندروویەکی دەست تەنگ بوو. سەردەمی منداڵی و لاویی بە چەرمەسەری بردە سەر، بەڵام توانیی ئەو ئاستەنگانە بکا بە ھێزێکی بزوێنەری لەڕادەبەدەر پۆزەتیڤ، نەوەک ڕۆحی گرژی و تۆڵە و ناھومێدی بەڵکوو وانەی ڕزگاری و جووڵانەوە و پێگەیشتنی فکریی لێوە فێر بێ. ھەر ئەم تێکۆشانە بەربڵاو و ڕزگارکەرە بەتوندی ناو و ژیانی کانتی بە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە گرێ داوە. کانت دایک و باوکی وەک نموونەی خاوێنی و پارێزگاری دەھێنێتەوە بیر و لەبارەی دایکیەوە دەنووسێت: «قەت دایکم لەبیر ناکەم؛ ئەو بوو کە یەکەم تۆوی چاکەی لە مندا چاند و پەروەدەی کرد. ئەو دڵی منی بە ڕووی سروشتدا کردەوە، ھزرمی لە خەو ڕاپەڕاند و بەرینی کرد. ڕاھێنانەکانی لە ژیانمدا ھەردەم شوێنی شایان و بەردەوامی بووە.» کانت ھەڵسووڕاوانە بەشداری لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نەکرد و دوور لە ھەراوھوریای دەرەوە ژیانی بردە سەر. خولیای سەرەکیی کانت جیھانی بیرکردنەوە و ماریفەت و ڕامان بوو. ئەو ژیانێکی لەڕادەبەدەر تاقەتپڕووکێن و پڕکار و ڕێکوپێکی ھەبوو. لە بارەی نەزم و وردبینی و شێوەی ژیانی کانتەوە بۆ نموونە پیاسەی ڕۆژانە و بەرنامەی ڕێکوپێکی بۆ ئەم بوارە دەھێننەوە. پیاسەکانی ھەموو ڕۆژێک و لە کاتژمێرێکی دیاریکراودا بەڕێوە دەچوو و قەت نەدەبڕایەوە. پیاسەکانی ھێندە ڕێکوپێک بە ڕێسای تایبەتەوە بوو کە دەکرا سەعاتی پێ ھەڵبھێنیت. شوێنپێی ئەم وردبینی و شێوە ژیانە بەڕوونی لە بەرھەم و نووسراوەکانی کانتدا دەبینرێت. دەڵێن پیاسەی ڕۆژانەی کانت تەنیا جارێک تێک چوو— ئەویش کاتێک بوو کە سەری بە خوێندنەوەی«ئیمیل»ی بەرھەمی ڕۆسۆوە قاڵ بوو. کانت مرۆڤێکی خاوێن و چاکەخواز بوو و ڕێزی بۆ ھەموو شتێکی شیاو دادەنا و پتر لە لایەنی خراپە، سەرنجی لایەنە چاکەکانی مرۆڤەکانی دەدا. تێکڕای تەمەنی لەگەڵ ئاستەنگی دارایی بەرەوڕوو بوو، بەو حاڵەیش نە یارمەتیی لە قوتابییەکانی وەردەگرت و نە پەشیمان دەبووەوە لەو ڕێبازەی ھەڵیبژاردبوو. لە پیریدا دوای ئەوەی لە ڕێی نووسراوەکانیەوە پاشەکەوتێکی خستبوو، یارمەتیی کەسوکارەکانی دەدا و مووچەی ھەفتانەی بۆ ھەندێک لە ھەژاران بڕیبووەوە. کانت وەک زۆربەی بیرمەندان و نوخبەکانی ھاوسەردەمی کە ژیانیان لەڕێی وانەگوتنەوەی تایبەتییەوە دەبردە سەر، چەند ساڵێک مامۆستای تایبەت بوو. دوای چەند ساڵ وانەگوتنەوە، بوو بە مامۆستای فەلسەفەی زانکۆ و ھەر بەم بۆنەوە لەو یەکەم بیرمەندانەیە کە پێیان دەڵێن: «فەیلەسووفی لێھاتوو.» کاری کانت وەک فەیلەسووف و ھەروەھا پسپۆڕی بواری فەلسەفە (فەلسەفەزان) ڕایکێشایە قووڵاییی مێژووی فەلسەفە و ھزرەوە و ئەو ھەلەی بۆ ڕەخساند کە نە تەنیا بە نیسبەت بەرھەمی فەیلەسووفانی سەردەمانی کۆن بەڵکوو دەرھەق ھزرڤانانی سەردەمی خۆیشی لەوانە دیکارت، سپینۆزا، لۆک، ھۆبز، ڕۆسۆ و، ھیووم مەعریفە و شرۆڤەی سیستماتیک پەیدا بکا. شیکاری و شرۆڤەی بەرھەمی ھاوسەردەمانی دەرفەتێکی بە کانت دا کە ئاکامی گرنگترین ھەڵوێستەکانیان کامڵ بکات و، ھەندێک لە لایەنە چەوتەکانیشیان بەوردی پووچەڵ بکاتەوە.
کانت وەک مامۆستای زانکۆ بە وانە مژاری جۆراوجۆری وەک ماتماتیک و فیزیک و فەلسەفە و خواناسی سروشتی و ئەستێرەناسی و مرۆڤناسیی دەگوتەوە و دانیشتن و باسەکانی ھەمیشە پێشوازییەکی زۆری لێ دەکرا. ھێردێر، فەیلەسووفی ئەڵمانی، یەکێک لەو کەسانەی کە چەندین جار لە کۆبوونەوە و قسەکانیدا بەشدار بووە، ئاوای نووسیوە: «ئەو وەک لاوان گەش بوو و پێم وایە لە پیریشدا ھەروا ماوە. ڕووی ئاوەڵا و تژی لە ھزری جێگای ئۆخژن و شادی بوو. گوتەی پڕ لە ھزر لە زاری جاری بوو. تەبعی شۆخ و پەیڤی نیان و وردبینی کەتبەستەی بوون و وانەکانی ھەڤپەیڤینێکی دڵپەسەن بوو. بە ھەمان ھەڵکەوتەییەوە کە ڕەخنەی لە ھزری لایبنیتس و ھیووم دەگرت، ڕووناکیی دەخستە سەر یاساکانی نیوتن و کێپلێر، خۆی بە نووسراوەکانی ڕۆسۆ و دۆزراوە نوێیەکانی سروشتیشەوە خەریک دەکرد... ئەو خۆی لە ھیچ مژارێکی شایانی زانین گێل نەدەکرد. لە پێناو ڕۆشنگەری و زانینی حەقیقەتدا، ھیچ پارت و ھیچ نەنگ و ھیچ ناوبانگ و قازانجێک، کەمترین نرخی نەبوو. ورەی دەدا بە کەسانی دیکە و ھانی دەدان بۆ بیرکردنەوەی سەربەخۆ. قەت مەبەستی ئەوە نەبوو بەسەریاندا سەرکەوێ. ئەم پیاوە کە من زۆر بە سوپاس و ڕێزەوە ناوی دەھێنم ئیمانوئیل کانتە. پیاوێک کە وێنە دلۆڤانەکەیم لە بەردەمدایە.»