ئاوەز
From Wikipedia, the free encyclopedia
ئاوەز یان ئەقڵ ئەو ھێزەیە لە مرۆڤدا (لە گیانلەبەرانی تردا نییە) کە ئەگەر بێت و بە کاری بێنێ (چونکە خۆبەخۆ ناکەوێتە کار)[1] ئەتوانێ:
- ئاگادارانە و بەئەنقەست خۆی لە شتەکان تێ بگەیێنێ،
- مەنتیق بە کار بگرێ،
- بە تاوتوێکردن و لێکدانەوەی زانیاریگەلی لەبەردەست یا تازەدەسکەوتوو، کردار و باوەڕەکانی ڕێک بخاتەوە یا پاساویان بۆ بدۆزێتەوە.[2]
پێوەندییەکی نزیک لە نێوان ئاوەز و جموجووڵگەلی تری تایبەت بە مرۆڤ وەک فەلسەفە و زانست و زمان و ماتماتیک و ھونەردا ھەیە و، وەکوو باری جیاکەرەوەی مرۆڤ لە گیانلەبەرانی تر چاوی لێ ئەکرێ.[3]
ئاوەزان (ھەروەها: ئاوزان، ئاوەزیان، ئاوەزین) چاوگی وشەی ئاوەزە و لە فەرھەنگەکاندا بە مانای ئەقڵ پێ شکیان، خاوەن ئەقڵ و ئاوەز بوون، فامین و، گەیشتن بە تەمەنی خۆناسین ھاتووە. [4][5][6] شێوەگەلێ وا مرۆڤ بە بەڵگەوە «دەئاوەزێ» لە گۆڕەپانێک بە ناو لۆژیکدا تاوتوێ ئەکرێنەوە.[7] ئاوەزان لەگەڵ تێفکرین و ناسین و ژیروژووڵیدا دەست لەناو دەستە و خۆی چەند شێوازی ھەیە:
- ئاوەزانی دیداکتیڤ یا قیاسی (deductive reasoning)
- ئاوەزانی ئینداکتیڤ یا ئیستیقرایی (inductive reasoning)
- ئاوەزانی ئەبداکتیڤ (abductive reasoning)