From Wikipedia, the free encyclopedia
لۆژیک (لە یۆنانییەوە: λογική؛ دەخوێنرێتەوە "لۆگیکی")[1] بیرسا یان ژیربێژی ھونەر و زانستی بەکارھێنانی ئاوەزە.[2] لۆژیک لە زۆربەی چالاکییە ژیرانەکاندا بەکار دەبردرێت، بەڵام لە پلەی یەکەمدا لە بوارەکانی فەلسەفە و ماتماتیک و زانستی کۆمپیوتەردا توێژینەوەی لەسەر دەکرێت. لۆژیک شێوازەکانی بەڵگەھێنانەوە تاوتوێ دەکات و، وەڵامی ئەوە دەداتەوە کە کام شێوازگەل دەگونجێن و کام شێوازگەل ھەڵەوێژین. دەکرێت بڵێین لۆژیک چەشنێک بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیە.
لۆژیک سەرەتاکانی لە چەندین ژیاری کەونارا وەکوو ھیندستان، چین، و یۆناندا دەبینێتەوە. بەڵام وەکوو گۆڕەپانێکی زانستی یەکەمجار ئەرەستوو لە فەلسەفەدا دایمەزراند.[3]
زیاتر لۆژیک دەکرێتە دوو بەشەوە، ئیستیقرا و قیاس. یەکەمیان لە نموونەگەلی تاکەوە دەگات بە ئاکامێکی تێکڕایی (لە تاکەوە بەرەو تێکڕایی دەچێت)، دووەمیان لە پێناسەکان و بەڵگەنەویستەکانەوە ئاکامەکان دەردەکێشێت (لە تێکڕایییەوە بەرەو تاک دەچێت).
وشەی لۆژیک لە وشەی یۆنانیی لۆگۆس کەوتۆتەوە، کە گەلێ مانای جۆراوجۆری ھەیە، وەک ئاوەز، وتار، یا زمان.[4][1] لۆژیک، ھەر لە کۆنەوە، ئاوەھا ناسێنراوە: کۆڵینەوە لە یاساکانی بیرکردنەوە یا بەکاربردنی ئەقڵ لە جێگای خۆیدا؛[5] یا بە زمانێکی تر، تاوتوێکردنی یاساکان و ڕێساکانی ئاوەزانی[6] دروست و بێھەڵە. زۆربەی جارەکان لۆژیک لە ڕوانگەی بەڵگەھێنانەوە[7] و ئاکامگرییەوە[8] چاوی لێ دەکرێ.[5] ئاوەزان جموجووڵی ئەقڵە بۆ ئاکامگری و، پاشان ڕێکوپێککردن و دەربڕینی بە بەڵگە. مەبەست لە بەڵگە کۆمەڵێ پێشەکییە وێڕای ئاکامێک کە لەو پێشەکییانە گیراوە. ئەوەی لۆژیک تامەزرۆیەتی، ئەوەیە کە بزانێ ئاخۆ بەڵگەکە یا ئاکامگرییەکە ساغ و بەبڕستە یا نا؟ یانی ئاخۆ ئاکامەکە دەتوانێ شوێنھاتی پێشەکییەکان بێ یا نا؟
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.