شارەدێیەکە لە کوردستان From Wikipedia, the free encyclopedia
سیدەکان، شارۆچکەیەکی نوێی سەر بە ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانە،[1]دەکەوێتە دووری ١٤٤ کیلۆمەتری بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر. ناوەندی شارۆچکەى سیدەکانە و تا پێش ساڵی ١٩٩٦ بە فەرمی هەر بە شارەدێی برادۆست دەناسرا. سیدەکان لە ئەوپەڕی باکووری پارێزگای هەولێرە و کەوتووەتە ڕۆژئاوای شاری شنۆوە و لە ڕووی ڕووبەرەوە لە گەورەترین شارەدێیەکانی هەولێر بوو و زۆربەی دەڤەرەکە شاخاویە و دەشتایی کەمە. باشترین شوێنە بۆ بەروبوومی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ هەروەها لە ڕۆژگاری دێریندا ڕێرەوێکی گرینگی بازرگانی بووە، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای پێکەوە بەستۆتەوە بە ڕێگەی کێلەشینەوە.
لەوانەیە ئەم وتارە بۆ گەییشتن بە ئاستی ستانداردی شێوازی نووسینی وتار لە ویکیپیدیادا، ویکیسازی پێویست ببێت. تکایە ئەگەر دەتوانن ئەم پەڕەیە باشتر بکەن. |
سیدەکان | |
---|---|
وڵات | کوردستان |
ھەرێم | ھەرێمی کوردستان |
مێژووی سیدەکان (برادۆست) زۆر کەوناراییە. بنکەی خۆرپەرستی ڕۆژگاری ئۆرارتۆ لە نزیک ئەم شارۆچکەیە بووە، و بە مساسر یان موصاصڕ دەناسرا کە ئەمڕۆ پاشماوەکانی لە گوندی مجێسەردا ماون. شای ئاشووریەکان سەرگۆنی دووەم لە ساڵی ٧١٤ پێش زایین ھێرشێکی لە ناکاوی بردووەتە سەر پاشای موساسر ئورزانا و بەزاندوویەتی، و پەرستگای پیرۆزی مساسری خاپوور کردووە، و تاڵانی زێڕ و زیو و سەر و ماڵاتی دەڤەرەکەی گواستۆتەوە بۆ نینەوای پایتەختی ئاشوورییەکان. تۆمارەکانی خرسابادی نینەوا باس لەم ھێرشەی شای ئاشوور دەکەن. نووسراوەی کێلەشین (کە ئەمڕۆ لە مۆزەخانەی ورمێ پارێزراوە) و نووسراوەی سەر کێلی تۆپزاوا (کە لە مۆزەخانەی ھەولێرە) دوو شایەتحاڵی گرینگی مێژووی کەونارای سیدەکانن.
لە ڕۆژگاری عەبباسیەکان، سیدەکان بەشێک بووە لە ویلایەتی ئازەربێجان و مووسڵ و بۆ ماوەیەک یەحیای بەرمەکی کە والی مووسڵ و ئازەربێجان بوو، سەرپەرشتی ئیدارەی باج و دەرامەتی ڕێرەوی کێلەشینى دەکرد به هاوكارى کوردانی زەرزا (زەرزاری) و ڕەوەندی ھەدبانی. ئهم دوو هۆزه ڕۆڵی گرینگیان ھەبوو لەم ناوچەیەدا. لە سەردەمی سەرھەڵدانی ئەیوبییەکان، سیدەکان بەشێک بووە لە دەوڵتی ئەیوبی و باج و دەرامەتی کێلەشین بە ھۆی میرەکانی زەرزاوە ڕەوانەی میسڕ دەکرا. لە پەرتووکی صبح الاعشی دانراوی ساڵی ٨١٢ کۆچی باس لە سیدەکان و بەرازگر و کێلەشین دەکات و دەڵێت: چیای جنجرینی ھەنداو شنۆ لەلای ڕاستەوە زێدی ھۆزێکە بە ناوی زەرزا، ھەروەھا باس لە ئاواییەک دەکات وەک مازکرد (كه دهبێت بەرازگر) و رستاق (كه دهشێ ڕۆستێى بنارى ههڵگورد بێت يان گوندى رستاقى شهمزينان بێت) ومرت (كه دهبێ ناوچهى دهشتى ھێرت بێت) و ناوی میر حوسامەدینی زەرزاری دێنێت کە ئەوسا میری سیدەکان بووە و میر حنش کوڕی ئیسماعیلیش میری بەرازگر بووە، و ھاوچەرخی حوکمدارێتی ھۆلاکۆ بوونە کە پاتەختەکەی لە مەراغە و تەورێز بووە. لە ڕۆژگاری شەڕی دمدم، سیدەکان و ڕەواندز ھەر بەدەست ھۆزی زەرزاوە بوو، پاشان میری سۆران داگیری کرد. لە دوای شەڕی دمدم نەوەکانی خانی لەپزێڕین میرایەتی سیدەکان و بەرازگریان پێدرا و تا لە ڕۆژگاری میری ڕەواندز (پاشای گەورە ١٨٢٠) دووبارە خرایەوە ژێر کۆنترۆڵی میرنشینی سۆرانەوە. لە ساڵی ١٨٣٧ کاتێک ڕاولینسنی گەڕیدەی ئینگلیز گەیشتۆتە ڕەواندز ناوچەی برادۆست لە دۆخێکی نالەباردا بوو. پاش چەند ساڵێک لەشکری ئێران لە دیوی شنۆوە ھێرشێکی کردە سەر قەڵای سیدەکان و بۆ ماوەیەک تۆپبارانیان کرد بەڵام دواتر کشانەوە بۆ ئەودیوی سنوور.
پاش ھەرەسی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری ١٨٨٢ ناوچەکە شڵەقا و بووە پەناگەی چەندین کەسی ئاوارەی ديوی ورمێ و شەمدینان، لە ساڵی ١٩١٧ کاتێک لەشکری ڕووسیا ھێرشی کردە سەر ڕەواندز بەشێکی سوپای ڕووس و ھاوپەیمانە ئهرمهنی و ئاشوورییەکان ڕژانە دیوی برادۆست. هێرشبەرانی ڕووس ڕووبەڕووی بەرگری ھۆزەکان بوونەوە، ههر لهم شهڕهشدا مهلا مەحەمەدەمینی ههوێڵان له نزيک گوندی ههسنان به دهستی لەشکری ڕووس كوژرا. کاتێک سمکۆ پەنای بردە بەر سیدەکان لە گوندی ژووژیلەی بناری چیای بۆڵێ گیرسایەوە و لەشکری شکاک بە ناوچەکەدا بڵاوببوون تا ساڵی ١٩٣٠ کاتێک سمکۆ گەڕایەوە ئێران و لە شنۆ تيرۆرکرا. هەر لەو ساتەدا لە لۆڵان خانەقای شێخ ڕەشید ناوبانگی دەرکرد و موریدێکی زۆری لە دەوری خۆی کۆکردەوە. پاشان لە سیەکان لەگەڵ دراوسێکانی لە بارزان دووچاری کێشە و ناکۆکی بوون. ساڵی 1931 شهڕ له ههردوولاوه درووست بوو و حکومەتی ئێراق و سوپای ئينگليزيش تێوهگلان. لە سهرەتای درووست بوونی یەکە ئيداريەکانی حکومەتی ئێراق سیدەکان کرایەوە بە ناحیە و گوازراوە شوێنە نوێیەکەی. لە سەردەمی کۆماری مەهاباد مەحمودبەگ گەورەی ناوچەکە بوو. لە پاش ساڵی ١٩٥٨ شێخ ڕەشیدی لۆلان لە حکومەتی عەبدولکەریم قاسم ھەڵگەڕایەوە و پەنای بردە بەر ئێران، دواتر ناوچەکە لەلایەن شیوعیەکانی لایەنگری دەوڵەتی ئێراق و بارزانییەکانەوە کۆنترۆڵکرا. لە ساڵی ١٩٦١ تا ١٩٧٥ ناوچەکە نائارامیەکی زۆری بەخۆوە بینی و لە ساڵی ١٩٧٨ پاش پەیدابوونی مەفرەزەکانی پێشمەرگە لە ھەکاری و خواکوڕک. ناوچە سنووریەکانی چۆڵکران و خەڵکەکەی ڕاگوازرانەوە ھەولێر و لە کۆمەڵگاکانی کەسنەزان و دیگەڵە و تۆپزاوە نیشتەجێکران. لە پاش ساڵی ١٩٨٤ سیدەکان بەرەیەکی گرینگی شەڕی نێوان ئێران و ئێراق بوو. له 1990ەوە بەشێکی چیاکانی سیدەکان بوون بە حەشارگەی پارتى کرێکارانی کوردستان بە تايبەت خواکوڕک.
بەردی کێلەشین بەردێکی نووسراوەی سەردەمی ئۆرارتووەکانە و ئێستا لە مۆزەخانەی ورمێ پارێزراوە.
دەقی وەرگێڕدراوی سەر بەردی کێلەشین:
کاتێک "ئیشپوینی" کوڕی "ساردور"
پاشای گەورە، پاشای بەهێز،
پاشای جیهان،
پاشای وڵاتی "نایری"
سەروەری گەورەی شاری "تووشیباشار" و "مەنوا"ی کوڕی،
بۆلای خودای "خالیدی" لە شاری "مووساسیر" و
بۆ ئەم پەرستگە بەرزەی کە بۆ خودای "خالیدی" بینا کرابوو هاتن،
"ئیشپوینی" کوڕی "ساردور" ئامرازی بە نرخی شەڕ و رەوەی جوانی هێناون،
"ئیشپوینی" کەل و پەلی مەفرەغی و دەفری مەفرەغی هێناون.
"ئیشپوینی "رەوەی زۆری هێناون،
هەمووی ئەم دیارییانەی دووبارە بۆ پەرستگە داناون.
"ئیشپوینی" تەواوی ئەم دیارییانەی لە بەرامبەر دوازدە "خالیدی"
بۆ بەردەوامی ژیانی خۆی، پێشکەش بە خودای "خالیدی" دەکا...
"ئیشپوینی" بە نیشانەی خێر، 1112 مانگا،
9120 مەڕ و بزنی قەڵەو و
12480 بزنی قەڵەوی بۆ بەخشین هێناوە.
کاتێک "ئیشپوینی" کوڕی "ساردور"
پاشای گەورە، پاشای بەهێز،
پاشای جیهان،
پاشای وڵاتی "نایری"
سەروەری گەورەی شاری "تووشیباشار" لە بەر خودای "خالیدی" پاڕایەوە،
بۆ بەزەیی خودای "خالیدی"
ئەم ...
دواتر "ئیشپوینی" ئەم ئاژەڵ و کەلوپەلانەی لە رێگای دەروازەکانی پرستگەی خودای "خالیدی" دانا.
لە "مووساسیر"، پاسەوانەکان رەوەکانیان بەردابوون یان لە پاراستنیان کۆتاییان کردبوو،
لە بەر دەرگای خودای "خالیدی" دزیان و فرۆشتیان.
ئەوەیکە لەم کاتەدا کە "ئیشپوینی" کوڕی "ساردور" و "منوا" کوڕی "ئیشپوینی" بۆ پاڕانەوە هاتنە شاری "مووساسیر"
رەوەیەکیان پێشکەش بە خودای "خالیدی" کردو ئاوایان گوت:
هەر کەس ئەو رەوانە لە بەر دەرگای خودای "خالیدی" بدزێ، هەر کەس ببێنێ کە دەیاندزن و خۆیان لە تاریکیدا ون دەکەن،
هەرکەس کە لە ناو شاری "مووساسیر" دەژی و دەبیسێ کە ئەو رەوانە لە بەر دەرگای خودای "خالیدی" دەدزرێن و لەگەڵ خۆیانیان دەبەن و پێی ناڕەحەت نابێ، خودای "خالیدی" هیچ بەزەییەکی بۆ ئەو کەسانە نییە و وەچەی لە سەر زەوی هەڵدەگرێ.
هەر کەس ئەم نووسراوەیە لێرە هەڵگرێ، هەرکەس ئەم نووسراوەیە بشکێنێ، هەرکەس کە بە کەسێکی تر بڵێ: بچو ئەم نووسراوەیە بشکێنە، تەواوی خوداکانی شاری "مووساسیر"، خودای "خالیدی"، خودای "هەوا" و خودای "هەتاو" وەچەی لە سەر زەوی ناهێڵن.
لە ساڵى ٢٠٢٢ مانگى تشرینى دووەم، بە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سیدەکان کرا بە شارۆچکەیەک سەر بە ئیدارەى سەربەخۆى سۆران. ئاوایی بەرمیزە (لە دەشتى بەرازگر) کرا بە شارەدێ. ئێستا شارۆچکەکە یەک شارەدێ و نزیکەى ٢٦٦ گوندى هەیە کە ١٤٨ یان لەبەر هۆکارى جیاجیا چۆلکراون. ناوچەکە بە گشتی ھاوینان فێنک و مەیلە و گەرمە و زستانیشی سارد و بەفراویە. ڕێژەی بارانبارینی لە چاو ناوچەکانی تر بەرزترە و بەفر لە کێوە سەرکەشەکانیدا دەمێنێت.
گادەر و بۆگەن و ھاجیبەگ و نزاری و زەنا ھەر لە سیدەکانەوە سەرچاوە دەگرن. ڕێرەوی گادەر بەرەو شنۆ دەشتی سندووسە تا دەریاچەی ورمێ و ھاجیبەگ دەڕژێتە زێی گەورە لە ڕێزان و نزارێ و زەنا تێکەڵی ئاوی ڕووباری قەلەندەر دەبنەوە و دەڕژێتە ڕووباری ڕەواندز و تێکەڵی ئاوی زێی گەورە دەبێتەوە.
لە کۆپکی زۆزانەکانی برادۆست، چەند گۆمی مەزن ھەن کە جێماوەی بورکانین و بە بێرم دەناسرێن. گرینگترینیان بێرمی دیندارانە. لە نێوان گوندی بێرکم و کێلەشین. جوانترین مێرگەکانی برادۆست، مێرگەمیر و مێرگەدوکان و ھەوار بنەوش و مێرگەھەوشن. بێرمە سارد ، لەبناری چیای هەلگۆرد لە دەڤەری برادۆست[3]
بەرزترین چیای باشووری کوردستان حەسارۆست و کۆپکەکەی (ھەڵگورد) کەوتووەتە ڕۆژھەڵاتی سیدەکان. چیاکانی تر بریتین لە:
گرینگترین دەشتایی ناوچەی سیدەکانی برادۆست: بریتین لە دەشتی ھێرت و دەشتی بەرازگر.
سيدهكان ههميشه ڕێرهو و پهناگه بووه بۆ مرۆڤايهتی. له ڕۆژگاره دێرينهكانهوه ڕێرهوى بازرگان و ڕەوەند و جهنگاوهر و خهباتکاران و حهشارگهى خهڵکانى ستهمديده بووه. ديمهنى جوان و هەوای سازگار دهڤهرهکهى کردووه به جێگهى حهسانهوه له ڕۆژگارى ئۆرارتۆوه تا ئهمڕۆ. نووسراوهكانى ئۆرارتۆ پيشان دهدهن چۆن شا و ميرانى ئۆرارتۆ هاوينان بۆ حهسانهوهو پهرستکارى دههاتن بۆ وڵاتى مساسر (مجێسهر) و ئاردانا (هێردهن) و نايرى (نههرى). بهڵام پێگهى سيدەکان له جوگرافياى ههرێمەکەدا ههميشه بووهته هۆکارێک بۆ کاولبوون و ماڵوێرانى.
پاش ڕووخانى حوکمى پاشایەتی لە ئێراق دهڤهرى برادۆست دووچارى شهڕ و مەينەتيەکى بەردەوام بۆتهوە. لە سەرەتا ئاژاوەى ناسراو بە (شەعب شەعبانێ) و بزاڤی دژ بە ئاغاکان کە ساڵى 1959 بە ڕێنمايى شيوعیەکان دەستى پێکرد و بارزانیە تازەگەڕاوەکانی سۆڤیەت و سوپاى ئێراق تيايدا بەشدار بوون و لە ئەنجامدا زۆربەى دەڤەرەکە تاڵانکرا بە لۆڵانيشەوە کە خانەقاى (شێخ ڕەشيد)ە. لە پاش هەڵگیرسانی شۆڕشی کورد بە سەرکردايەتی بارزانی دژ بە حوکمى (عەبدولکەریم قاسم) لە هاوينى ساڵى 1961 سيدەکان کەوتە ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی کوردەوە و نوێنەری شۆڕش (عەریف یاسین) و (حەمیدەفەندی) بوون. زۆربەی لایەنگرانی شێخ ڕەشید سەرەتا ئاوارەی دیوی ئێران بوون و دواتر لەگەڵ شێخ ڕەشید گەڕانەوە ئێڕاق و لە هەولێر لە خانووەکانی ئیسکان دامەزران و بوون بە چەکدارى لايەنگرى دەوڵهت. لە دانووستانەکانى حکومهت و شۆڕش لە پێش 1968 بەشێک لەم خێزانە ئاوارەبووانە لە دەشتى ديانا بە نيازبوون بگەڕينهوە زێدى خۆيان، بەڵام لە ديوى چياى (زۆزک) و (حەسەن بەگ)ەوە کەوتنە بەر شلیکەى تۆپخانەى شۆڕشەوە و بە دەيان کەس بوون بە قوربانی، کە زۆربەيان ژن و منداڵ بوون. لە پاش هەرەسى شۆڕش ساڵی 1974 خەڵکى سیدەکان وەک ئەرکى هەمیشەییان سەربارى سوخرەکێشی و داپڵۆسین بەڵام هاریکارى ئاوارەکانى مێرگەسۆر و بادينانيان کرد کە پاش هەرەسى چەکدارى بەرەو ئێران دهڕۆيشتن.
حکومەتى بەعس بۆ پابەندبوون بە پەيماننامەى جەزاير ساڵى 1975 و پلانگێرانى دژ بە خەڵکى کوردستان و ترسان لە پەيدابوونى بزووتنەوەیەکى چەکدارى نوێ پاش پەیدابوونى یەکێتى نيشتمانى کوردستان لە سووريا. ڕەوشێکى ترى نالەبارى بەسەر خەڵکی برادۆست هێنا و زۆربەی دێهاتەکانى خواکوڕک و لۆلان بەزۆرەملێ ڕاگوێزرانە ديانا و کەسنەزان و دێگەڵە و قوشتەپەى هەولێر هەندێکیان لەلایەن دەوڵەتەوە قەرەبووکرانەوە، بەڵام زۆریان بە کولەمەرگی باروبارگەیان تێکنا بەرەو ئۆردوگا نوێیەکان. ئەم ڕاگواستنە تا ساڵى 1990 درێژەی هەبوو و خەڵکی دەشتەهێرت و گوندەکانی ناوچەکە بوونە ئامانج و ڕاگوێزرانە ديانا و بادليان.
لە پاش جەنگى ئێران ئێراق 1980-1988 سیدەکان بەرەیەکی جەنگ بوو، سوپاى ئێران و هێزى بەرەى کوردستانى کە بريتى بوو لە پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی ئێراق و سۆشيالست لە خواکوڕک دامەزران. شەڕى خواکوڕک ساڵى 1988 کۆتایی بە بوونی پێشمەرگە هێنا لە دەڤهرەکە. پاش جەنگى کوێت و کشانەوەی هێزەکانى حکومەتى بەعس لە بەشێکى هەرێمى کوردستان، دەڤەرى سيدەکان ئەمجارە بوو بە مەکۆى گەرێلاکانى پارتی کرێکارانى کوردستان بە سەرۆکايەتى عەبدوڵا ئۆجەلان.
شەڕى براکوژى 1992 یەکێک لە مەينەتيەکانى دەڤەرەکە بوو و زيانى مەزن بە هەردوولا کەوت. هێزەکانى تورکیاش لە سهرەتا 13 هاوڵاتى کوردى خواکوڕکیان لە سەر سنوورى خواکوڕک - شەمدينان کردە قوربانى، کە بۆ پهيداکردنى بژێوى ڕۆژانه سنووريان بەزاندبوو. لەوساوە و تا ئێستا تۆپباران و خاکبهزاندنى بەردەوامى لەشکرى تورکيا و ئێران بووەتە نەريتێکى وەرزانە و ڕێگرە لە ئاوەدانبوونەوەی دەڤەرەکە و ڕەوەندەکانی هەراسان و ماڵوێران کردووە. تا ئەمڕۆش خەڵکی برادۆست ديمەنی شەڕی نەبەردی گەريلاکان لە دژی تاکەکانی لەشکری داگيرکەرى تورک کە لە ديوى قەنديلەوە پەڕيبوونەوە سنووری سيدەکان لە ناو شارۆچکەى سيدەکان ساڵى 1998دا ڕووبەڕووى هێزی پەکەکە بوونەوە. بەگوێرەی ئامارێکى فەرمی حکومەتی هەرێم کوردستان: لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا تەنیا لەو ناوچەیە 158 کەس بوونەتە قوربانی تۆپباران و بۆردوومانەکانی ئێران و تورکیا، سەدان ماڵیش زیانی ماڵییان بەرکەوتووە. ئەو ئامارە ئاشکرای دەکات کە بەهۆی تۆپباران 73 کەس کوژران و 85 کەسی تریش برینداربوون.[4] ئەوە سەربارى وێرانبوونى چەندين پردى سەرەکى لە ناوچەکەدا دواترينيان پردى نێوان گوندى كەوەرتە - هەلموش لە گەلى خواکوڕک.[5]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.