نەتەوەیەک لە ڕۆژھەڵاتی ناوین From Wikipedia, the free encyclopedia
کورد نەتەوەیەکی گەورەی نیشتەجێی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستن کە ژینگە سەرەکییەکەیان بە کوردستان دەناسرێت کە بەسەر وڵاتانی ئێران، ئێراق، تورکیا، سووریا، ئەرمینیا، ئازەربایجان و بەشێک لە گورجستان دابەش کراوە و لە شاخەکانی ئەنادۆڵ ھەتا زنجیرە چیای زاگرۆس درێژ دەبێتەوە. کوردەکان لە شوێنەکانی دیکەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش بڵاو بوونەتەوە. ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی کوردەکان نییە بەڵام بە ٥٥ تا ٧٠ میلیۆن کەس مەزەندە دەکرێت.[2][42][43][44] زمانی کوردەکان لەسەدەی بیستەمدا لە لایەن زمانناسانی بیانی بە دوو لقی زمانە کوردییەکان و زازا-گۆرانی دابەش کراوە کە کوردەکان بە ھەردوو کوردی دەڵێن و ھەردوو لقێکە لە زمانە ھیندوئەورووپایییەکان. لە باری ئایینییەوە، نزیکەی ٦٥ لە سەدی خەڵکی کورد موسڵمانی سەر بە مەزھەبی سوننەی شافعین[45]؛ بەدوای ئەوانە ٢٠ لە سەدیان عەلەوی، ١٠ لە سەدیان موسڵمانی شیعە، ٤ لە سەدیان ئێزیدی، کاکەی، سارلی و شەبەک، ٠.٥ لە سەد نوێئایینەکانی مەسیحی و زەردەشتین بە لقە جیاجیاکانەوە و ٠.٥ لە سەدیش جوون و تاقمێکیش بەهایین. ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەشێکی بەرچاو لە کوردەکانیش سەر بە هیچ ئایینێک نین و بێدین، خواناباوەڕ، یاخود سەر بە ڕێبازەکانی دیکەی هاوشێوەی بێئایینخوازین، بەڵام لەو جێیەوەی کە ئەم ڕێبازانە لە هیچ کام لە پارچەکانی کوردستان بە فەرمی نەناسراون و ناچارن خۆیان سەر بە یەکێک لە ئایینە فەرمییەکان لە قەڵەم بدەن، هیچ ئامارێکیش سەبارەت بە سەرژمێریان لەبەردەستدا نییە
لەوانەیە پێویست بکات ئەم وتارە سەرلەنوێ بنووسرێتەوە بۆ گونجاندنی لەگەڵ ستانداردەکانی شێواز. |
کورد ئەوڕۆ یەکێکە لە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتى سەر گۆی زەوییە، یەکێکە لە کۆنترین و ڕەسەنترین نەتەوەکانی جیهانە. سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناخی مێژوو. بەڵگە زانستییەکان پیشانى دەدەن کە کوردستانیش مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ کانگەی کەونارایەکی ھەرە کۆن و دێرین. لە چاخی بەستەڵەکدا کە نزیکەی نیو میلیۆن ساڵ بەر لە ئێستا ڕوویدا و نزیکەی ٢٠٫٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین کۆتایی ھات زۆربەی ناوچەکانی ئەورووپا و ئەمریکای باکووری بە سەهۆڵ داپۆشرابوون. ئەو دەمە ناوچە بیابانی و چۆڵەوانییەکانی ئەفریقا و مەڵبەندە وشکە عەرەبییەکان کەشێکی مامناوەندیان ھەبوو. کوردستانیش کەش و ئاوھەوایەکی بارانی و مامناوەندیی ھەبوو. ئادەمیزادی دێرین پەنای دەبردە بەر ئەشکەوتەکان بۆ زنج و دەشتەکان بۆ ڕاوگە و لەڕێی ڕاوەوە ژیانی خۆی دەبردە سەر؛ بۆیە ناچار دەبێ ئامێری لەبار دروست بکا کە لە کاتی ڕاودا بەکاری بێنێت. لە پێشدا بەردی تیژ و پاشان ئێسقانی بەکار دەھێنا و بەرەبەرە ئامێری نوێی ساز کرد. بەم قۆناغەی مێژوو دەوترێ شارستانییەتی بەردی کۆن.
چاخی بەردین وا دابەش دەکەن:
ئەم چاخە نزیکەی ٣٥٠ ھەزار ساڵی خایاند. لەو سەردەمەدا تەوری بەردین و بەردی تیژ ساز کرا. لەم چاخەیە کە دەوترێت مرۆڤ شێوازی لە مەیموون دەچوو. پاشماوەی ئەم شارستانییەتە لە یەک کیلۆمەتری شاری چەمچەماڵ (لە ساڵی ١٩٤٩دا) لە ناوچەیەک بە ناوی «بەردەبەڵەک» دۆزراوەتەوە.
لەم دەورانەدا مرۆڤی «نیاندەرتال» بەدی ھات کە لە ئەشکەوتەکاندا دەژیان. پاشماوەی ئەم مرۆڤ و شارستانییەتە لە چیاکانی کوردستان لە ئەشکەوتی «شانەدەر» دۆزراوەتەوە کە دەکەوێتە باشووری چیای برادۆستەوە کە زاڵە بەسەر ڕووباری «زابی گەورە» و زۆر لە شاری سۆران دوور نییە. ئەو ئەشکەوتە چوار قات بوو. لە قاتی چوارەمدا ئاگردان و خۆڵەمێشی تێکەڵ بە ئێسقان دۆزراوەتەوە کە نیشاندەری ئەوەیە کە مرۆڤ ئاگری ناسیوە. ھەروەھا تەور و ڕنە و ئامێری کونکردن لە جنسی بەرد و ئێسقانی مرۆڤی نیاندەرتال دۆزراوەتەوە. ئەم قاتە دەگەڕێتەوە بۆ حەفتا ھەزار ساڵ بەر لە ئێستا. لە قاتی سێھەمدا بەردی چەخماخ دەبینرێت کە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردی نوێ. مێژووى ئەم قاتە ھی نزیکەی ٣٫٠٠٠ ساڵ پێشە و بە «پیشەسازی برادۆست» بەناوبانگە. لە قاتی دووەمدا ھەندێ ئامێری چاخی بەردی ناوەڕاست وەک چەقۆ، ڕنە، گورزی بەردی دەبینرێ. ھەڵبەت نموونەی ئەم ئاسەوارانە لە ھەندێ شوێنی تر وەک نزیکەی سلێمانی و چەمچەماڵ و ڕەواندز و بێستوون و باکووری کوردستانیش دۆزراوەتەوە. لە قاتی یەکەمدا پاشماوەی وا دۆزراوەتەوە کە نیشان دەدا مرۆڤ ئامێری نوێتر و جۆربەجۆرتری لە بەرد ساز کردووە.
دەستپێکی ئەم سەردەمە دەگەڕێتەوە بۆ ٣٥٫٠٠٠ ساڵ پێش. لەم چاخەدا، لە بەرد و ئێسقانی قۆچ و عاجی فیل ھەندێ ئامێری پێشکەوتووتر ساز کرا. بە مرۆڤی ئەم سەردەمە دەوترێ «ھوموساپینس» و بە شارستانییەتەکەی دەڵێن «کرومانیۆن».
لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی مێژینەناسی پیشانیان داوە کە ناوچەی کوردستان لە چاخی بەرددا جێگەی ژیانی مرۆڤە سەرەتایییەکان بووە.
لە مێژووی کورد چەند میرنشینێک فەرمانڕەوایی ناوچە جیاوازەکانیان کردووە وەکو دەوڵەت ھەڵسوکەوتیان کردووە بەڵام دواتر بەھۆی دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی سەرجەم میرنشینەکان ڕووخان لە گرنگترین و ناودارترینیان ئەمانەن: میرنشینی حەسنەوی، میرنشینی ڕەوادی، میرنشێنی دۆسکی و مەڕوانی، میرنشینی ئەردەڵان، میرنشینی سۆران، میرنشینی بادینان، میرنشینی بابان
مرۆڤی دانیشتووی کوردستان ٢٥٠٠ ساڵ زووتر لە ئەورووپا بۆ یەکەم جار قۆناغی ڕاوی تێپەڕاند و ھاتە قۆناغی کشتوکاڵەوە. لەبەر ئەوەی کە کوردستان کەشێکی لەباری بۆ سەوزبوونی گەنمی خۆڕسک ھەبووە ئادەمیزاد نزیکەی ١٠٫٠٠٠ ساڵ پێش لە کوردستاندا ھاتووەتە قۆناغی کشتوکاڵەوە. ھەندێک شوێنەوار و بەتایبەت چوار شوێنی گرنگی مێژینەیی کە لە کوردستاندا دۆزراونەتەوە ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن:
"شانەدەر" لە نزیکی سۆران. تەور و بەردی تیژ، ئامێری پێش لە کشتوکاڵی تیا دۆزراوەتەوە. "کەریمشار" لە نزیکی چەمچەماڵ. قووڵنگی بەردین، تەور و بەردی داتاشراو، ئامێری پێش لە کشتوکاڵ. "مەلفات" لەنێوان ڕێگەی کەرکووک–ھەولێر. ھەندێک ئامێری لە بەرد داتاشراو و داس دۆزراوەتەوە. لێرە ئەو ئامێرانە دەستپێکی قۆناغی کشتوکاڵ نیشان دەدەن. "چەرمۆ" لە نزیکی چەمچەماڵ لە باشووری کوردستاندا. دوازدە قات شارستانییەتی دۆزراوەتەوە بۆ نموونە: جامۆڵکەی لە قوڕ برژاو، پەیکەری گڵیی گیانلەبەران و سەرەتاییترین ئامێری چنین، ڕادەیەک گەنم و جۆی ڕەق بووەوە، ئێسقانی ئاژەڵ کە نیشاندەری ئاژەڵداریی مرۆڤە سەرەتایییەکانی ئەو سەردەمە بووە، پەیکەری گڵینی ژنێکی دووگیان. بەپێی زانیاریی و ئاگاداریی شوێنەوارناسان گوندی چەرمۆ ٦٧٠٠ ساڵ پێش لە زایین ئاوا کراوەتەوە. ئەمە کۆنترین گوندە کە لە جیھاندا ئاوا کراوەتەوە. ھەروەھا شوێنەوارناسانی ئەمریکی و ئەڵمانی و تورک لە ساڵی ١٩٨٥دا لە دەوروبەری ناوچەی ئەرخەنی، لە دیاربەکر ماڵێکیان لە بنی زەوی دۆزییەوە کە ٩٠٠٠ ساڵ کۆنە.
بەمجۆرە بەڵگەکان پیشاندەری ئەوەن کە ئادەمیزادی دێرین کوردستانی بۆ ژیان ھەڵبژاردووە و لە کاتی سەرما و سۆڵەدا پەنای بردووەتە ئەشکەوتەکانی و لە وەرزە لەبارەکاندا داوێنی چیا و دەشتەکانی ھەڵبژاردووە و ھەر لەوێش فێری کشتوکاڵ بوو و ئاژەڵداریی کرد و ئامێری لە بەرد و ئێسقان و چێو بەکار برد و لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان نەخش و نیگاری کێشا و پەیکەری گڵینی ساز کرد و بە ئاگر برژاندی و بەو جۆرە دەروازەی شارستانییەتی بۆ مرۆڤ کردەوە لەم بەشەی جیھانەدا.
لە ھەزارەکانی چوارەم و سێھەمی بەر لە زاییندا گەلانێکی جۆراوجۆر لە کوردستان دەژیان (وەک هۆری، گۆتی، لۆلۆبی، ناییری، سووباری، کاسی، هیتی، میتانی و هتد) کە بە زمانگەلێکی نزیک لەیەک ئەدوان و ئایین و دابونەریتێکی هاوشێوەیان هەبوو. بەڵام پێدەچێ کە بنچینەی کوردەکان بەدەست دوو هۆزی گۆتی و هۆری، دروست بووبێ و پاشان بە درێژایی مێژوو و کاریگەریی داگیرکەرانی کوردستان (وەک ئاشوور، تورک، عەرەب، فارس و ئاری، یۆنانی، ڕۆمی و هتد) گەلانی کوردی ئەمڕۆ بەم شێوەیە ماونەتەوە. بنچینەی کوردایەتی لە یەکێتیی گەلانی کۆنی کوردستان (کە نیشتەجێی زاگرۆس-ئەنادۆڵ بوون) لە دژی شارستانییەتە داگیرکەرەکانی مێزۆپۆتامیا (ئاشوور، ئاکاد، بابل و سۆمەر) دروست بوو. لەو جێیەوەی کە گەلانی زاگرۆس بەهێز و جەنگاوەر بوون و پێکەوە لە بەرامبەر سۆمەر و ئاکاد ڕادەوەستان، خەڵکانی سۆمەر و ئاکادیش بۆ ئاماژە بە خەڵکانی زاگرۆس، لە وشەی کورد ( بە شێوەی کاردا، قردا و گوت، کە بە واتای پاڵەوان بووە) کەڵکیان وەرگرتووە. دواتر خەڵکانی بابل و ئاشووریش هەر بەم ناوە (کورتێ) ئاماژەیان کردووە.
بە ڕای زۆرێک لە مێژوونووسان، لە نزیکەی ٢-٣ هەزار ساڵ بەر لە زایین ناوی کورد بە شێوەی جۆربەجۆر لەلایەن دراوسێکانییەوە لە مێژوودا ھاتووە. سۆمەرییەکان یەکەم کەس بوون کە ئاماژەیان بە وڵاتی کوردان کردووە و لە نزیک ٥ هەزار ساڵ لەمەو پێش ناوی کوردستانیان بە شێوەی {کاردا}، ئەکەدییەکان لە نزیک چوار هەزار ساڵ لەمەو پێش بە شێوەی باقردا، ئاشوورییەکان لە نزیک ٣ هەزار ساڵ لەمەو پێش بە شێوەی {کورتێ}، لە گڵێنەی ماری لە نزیک ٤ هەزار ساڵ لەمەو پێش بە شێوەی {کوردا}، گەزنەفۆن لە ٤٠١ی پ.ز. بە شێوەی {کاردۆخ/کاردۆ}، سترابۆ لە سەرەتای زایین بە شێوەی {کوردوئێن} و هتد، کە هەموویان بە واتای جەنگاوەر و پاڵەوان دێن.[46][47][48][49][50][51][52][53][54]
زمانی کوردی یەکێکە لە لقەکانی زمانە ھیندوئەورووپایییەکان کە ئەویش بە لقێک لە زمانە ھیندوئێرانییەکان ناوی دەبەن. ھەندێک زمانی کوردی ھاوچەرخ پاشماوەی زمانی مادەکان دەزانن بەڵام بنچینەی زمانی کوردی بۆ زۆر پێشتر لە میدەکان دەگەڕێتەوە، واتە زمانگەلی هۆری-گۆتی-لۆلۆبی و هتد کە بەڕای زۆربەی مێژوونووسان لە زمانە هیندوئەورووپییەكان جیاوازن.
شوێنەواری زمانی پاڵەوی لە زمانی کوردیدا بە شێوەیەکی خۆیا بەرچاو دەکەوێت. دانانی پێناسەیەکی کتومت بۆ زمانی کوردی و ھەڵدانەوەی لایانە شاراوەکانی ئەم زمانە بەھۆی لەبەینچوونی سەرچاوەی نووسراوی زمانی کوردییەوە لە سەردەمە دێرینەکاندا جۆرێک لە ئاڵۆزی و دڕدۆنگی دەھێنێتە ئاراوە و ئەگەری هەیە بە هۆکاری سیاسی پنهان یان لەناویان بردبن.
زمانی کوردی لە بنەڕەتدا بنەماڵەیەکی زمانییە و پێکهاتووە لە شەش زمانی نزیک لەیەک کە بریتین لە: کوردیی باکووری، کوردیی ناوەندی، کوردیی باشووری، گۆرانی، زازاکی و لوڕی و لە هەندێ سەرچاوەی تر، بە بژاردنی لەکیش وەک زمان، دەبنە حەوت زمان.
فرە زمانیی کوردستان بەهۆی فرە گەلێتیی کوردە و هەروەها نەبوونی زمانێکی فەرمی و هاوبەش بۆ هەموو گەلانی کوردە. ئەمەش هەر لە کۆنەوە بووە، بە شێوەیەک کە سۆمەرییەکان لە بەشێکی کوردستان وەک وڵاتی خەڵکانی فرە زمان یادیان کردووە و هەروەها هەر گەلێکی کۆنی کوردستان، زمانێکی تایبەت بە خۆی هەبووە.
لە سەرەتای سەردەمی بڵاو بوونەوەی بیری ڕەگەزپەرستیی ئاریایییەکان، بۆ هۆکاری سیاسی و تواندنەوەی کورد لە ئێراندا، هەردەم کوردیان وەک ڕەگەزێکی پاک و ڕەسەنی "ئاری"، لە قەڵەم داوە. بەڵام لێکۆڵینەوە زانستییە نوێیەکان ئەم شتانە ڕەت دەکەنەوە.
لە لێکۆڵینەوەیەکی ژێنێتیکی کە لە کوردانی بانە و سەقز وەرگیراوە، زانایان هیچ شوێنەوارێکی ژێنی ئارییان (r1a-z93) نەدیتەوە.[55] توێژینەوەکانی دیکە لە سەرانسەری کوردستان، ئەو بابەتەیان پشتڕاست کردەوە و دەریان خست کە سەرەڕای هێرشی ئارییەکان بۆ کوردستان و گۆڕینی شێوەزاری زمانی کوردەکان، ژێنۆمی ئاری تەنیا لە بەشێکی زۆر کەم لە کوردەکان بەجێ ماوە. لە هەمان کاتدا، زانایان کوردەکانیان لە ڕووی ژێنێتیکەوە بە خەڵکانی ناوخۆی کوردستان،ئەنادۆڵ و قەوقاز داناوە.[56] هەروەها هۆرییەکانیان وەک یەکێک لە باپیرانی کوردانی ئێستا داناوە کە لە نزیک ٥ هەزار ساڵ لەمەوپێش لە کوردستان سەریان هەڵدا.[57] ئەم بابەتە لە ڕووی مێژینەناسیشەوە پشتڕاست کراوە و کلتووری کوردەکان بە کلتووری تل حەلاف (لە نزیک ٨ هەزار ساڵ لەمەوپێش، لە دیاربەکر) دەزانن.[58]
کوردەکان لە ڕووی دی ئێن ئەی میتۆکۆندێریایی (لەلای دایکەوە) لە خەڵکانی ئەورووپی نزیکن، بەڵام لە ڕووی دی ئێن ئەی کرۆمۆسۆمی وای (لەلای باوکەوە) لە خەڵکانی قەوقازی نزیکترن و بە گشتی، لە خەڵکانی ڕۆژاوای ئاسیا نزیکن و لە خەڵکانی ئاسیای ناوین دوورن.[59]
لە بواری جۆراوجۆریی ژێنێتیکی HLA-A,B,C لە جۆری |، لوڕەکانی لوڕستان و یاسووج، لە کوردەکانی پارێزگای سنە نزیکترن تاکوو لوڕەکانی لوڕدگان(بەختیارییەکان). بەڵام بە گشتی هەموویان لە یەکتر و هەروەها لە جوولەکەکان، ئەرمەنییەکان و گورجییەکان، نزیکن. [60] هەروەها کوردەکان و ئازەرییەکانیش لە بواری ژێنێتیکی HLA-A,B,C جۆری || زۆر لەیەک نزیکن.[61]
پێش فراوانخوازی ئایینی ئیسلام و مەسیحییەت و جوویەتی، کوردەکان چەند بیر و باوەڕێکی ئایینیی تریان ھەبوو کە بە ئایینی ڕەسەنی کوردەکان دادەنرێن و لە یەزدانێتەوە سەرچاوەیان گرتبوو.[63] بە درێژایی مێژوو، زۆرینەی ئایینە یەزدانییەکان تیاچوون و ئەوانەی تاکوو ئێستا ماونەتەوە پێکھاتوون لە یارسانیەت، عەلەویەت، لەگەڵ ئێزیدیەت، کە بەشێکی کوردەکان تاکوو ئێستا باوەڕیان پێیان ھەیە. کوردەکان باوەڕیان بە ئایینێکی تریش ھەبوو کە زەردەشتی بوو، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەھۆی کاریگەریی فارسەکانەوە ئەم بیر و باوەڕەیان ھەڵگرتبوو.[64]
لە تیۆلۆژی یەزادنییەتدا، ھێزێک ھەیە بە ناوی «حەق»[kurdish-alpha 1] کە لە ھەموو ئایینەکانی یەزدانییەت دا بە خودا ناسراوە جگە لە ئێزیدییەت. حەق بە دروستکەری گەردوون دەناسرێت، ھەموو گەردوون حەق بەستوویەتی بە یەکەوە، بەڵام جگە لە دروستکەری گەردوون ھیچ ڕۆڵێکی تر ناگێڕێت، بەڵکو دەسەڵاتی بەخشیوە بە ھێزێک کە خۆی دروستی کردووە و توانای دروستکردنی بەویش داوە. دروستکەرەکەش، لەکاتی دروستکردنی گەردووندا، پێنج دەسەڵاتی تری وەک خۆی دروست دەکات (کە بە بابا ناسراون، کە ڕەنگە واتای دەروازە بدات) تاکوو ھاوکاری بکەن و ئاگاداری پڕۆسەی دروستکردنی گەردوون بن. ھەموویان پێکەوە حەوت ھێزی پیرۆز پێک دەھێنن کە بە «کیشی فریشتەکان» ناسراوە. ئەم ھێزانە دەتوانن لە جەستەی مرۆڤدا لەدایک ببنەوە و ھاوشێوەی پەیامبەر ڕەفتار بکەن.[63]
ھەتاکوو سەدەی ١٢ش، تەنیا کەمینەیەکی کوردەکان موسڵمان بوون و کوردەکان بە نەتەوەیەکی موسڵمان نەدەناسرانەوە. لە نووسینەکانی نووسەرانی عەرەبی وەک نیزام ئەل مولک، ئەبو مەنسوور ئەل بەغدادی، و ھەروەھا ئیبن ئەتیر، کوردەکان بە «موشریک» و کافر ناوبراون. جگە لەو کەمینەیەی کە خۆیان موسڵمان بوون، زۆرینەی کوردەکان باوەڕیان بە ئایینە یەزدانییەکان بوو، ھەروەھا ڕەتیان دەکردەوە کە ببن بە موسڵمان، تاکو فراوانخوازیی ئیسلامییەکان دەستی پێکرد و لە دوای چەند شەڕێکی زۆر، ھەروەھا گۆڕانکاری لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەبۆنەی ئەو فراوانخوازییانەوە، کوردەکان بە زۆر کرانە موسڵمان.[64]
لە وەشانێکدا، گۆڤاری ھاوار ئایینی ڕەسەنی کوردەکان بە یەزدانییەت ناو دەبات و دەشڵێت کە تەنیا ئایینە کە بە چەندین سەدەی ھەوڵی لەناوبردندا تێپەڕ ببێت بەبێ لەدەستدانی پیرۆزییەکەی.[64]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.