ڕاسیۆنالیزم
From Wikipedia, the free encyclopedia
لە مەعریفەتناسیدا، ڕاسیۆنالیزم بەو ڕوانگەیە دەوترێ کە ئاوەز یا ئەقڵ لە گوێن سەرچاوە و پێوانەی سەرەکیی مەعریفەت دەبینێ،[1] یا ئاماژە بە ھەر چەشنە بۆچوونێک دەکا کە بۆ بەدەستھێنانی مەعریفەت و پاساوھێنانەوە دەستەودامێنی ئەقڵ ببێ.[2] بە شێوەیەکی ڕێکوپێکتر، ڕاسیۆنالیزم وەکوو میتۆدۆلۆژییەک یا تیۆرییەک دەناسێنرێ کە تێیدا پێوانەی ھەڵسەنگاندنی ڕاستی، ھەستەکی نییە بەڵکوو ئەقڵانی و ھەڵھێنجانییە.[3]
لە کۆنەوە، ڕاسیۆنالیزم دژایەتیی ئیمپیریزم دەکا و لە بەرامبەریەوە دادەنرێ. ڕاسیۆنالیستەکان باوەڕیان ئەوەیە کە واقیع لە خۆیدا خاوەن پێکھاتەیەکی لۆژیکییە و، ھەر بەم بۆنەوە، ڕاستیگەلێکی بڕاوە و گومانھەڵنەگر ھەن کە ئاوەز ڕاستەوخۆ دەتوانێ وە چنگیان بخات. ئەوان پێداگرن لەسەر ئەوە کە لۆژیک و ماتماتیک و ئەخلاق و میتافیزیک، پرەنسیپگەلێکی ئەقڵانیی وایان ھەیە ھێندە لە بنی بنەوە ڕاست و دروستن کە حاشاکردنیان مرۆڤ دەخاتە ناو ناتەبایییەوە، واتە وتە و قسەکانی وایان لێ دێ کە خۆیان یەکتری ھەڵدەوەشێننەوە. ڕاسیۆنالیستەکان ئەوەندە متمانەیان بە ئاوەز زۆرە کە ئیمپیریستەکان بە دۆگماتیک ناویان دەبەن. ئەوان (واتە ڕاسیۆنالیستەکان) بوونی بەڵگەی ئەزموونی و فیزیکی بۆ سەلماندنی ھەندێ ڕاستیی تایبەت، بە ناپێویست دەزانن.[4]