محەممەد قازی
یەک لە ناودارترین وەرگێڕەکانی ئێران / From Wikipedia, the free encyclopedia
محەممەد قازی لە ناودارترین وەرگێڕەکانی ئێران بوو. ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٢٩٢ی کۆچی ھەتاوی (١٩١٣ی زایینی) لە شاری مەھابادی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بوو. لە خزمەت مامۆستا گیوی موکریانیدا دارەدارەی زمانی فەڕەنسەی کرد. بۆ خوێندن ڕووی کردە تاران و زۆربەی ژیانی لەوێ بەسەر برد. ساڵی ١٣١٥ لە دارەلفۆنوون کە بەناوبانگترین خوێندنگەی تاران بوو خوێندنی بەر لە زانستگەی تەواو کرد و سێ ساڵ دواتر، لە ١٣١٨دا بڕوانامەی «ماف» ی لە زانستگەی تاران وەرگرت. ساڵی ١٣٢٠ لە وەزارەتی دارایی دامەزرا. ١٣٢٣ ژنی ھێنا و دوو منداڵیان بوو، بە ناوەکانی مریەم و فەرھاد. ساڵی ١٣٣٧ لە لایەن زانستگەی تارانەوە خەڵاتی باشترین وەرگێڕی درایە. ساڵی ١٣٣٧ خێزانی کۆچی دوایی کرد. ساڵی ١٣٤٩ ژنی ھێنایەوە. ساڵی ١٣٥٤ دوچاری شێرپەنجەی قوڕگ بوو و بۆ چارەسەری ڕووی لە وڵاتی ئاڵمان کرد. پاش گەڕانەوەی ئیتر بەبێ میکڕۆفۆنێکی سەر قوڕگ کەس دەنگی نەدەبیست. ساڵێک دواتر، لە ١٣٥٥دا بەھۆی ئازاری نەخۆشیەکەیەوە داوای خانەنشین بوونی کرد و خانەنشین کرا. زۆربەی کارەکانی وی وەرگێڕان لە زمانی فەڕانسەوە بۆ زمانی فارسییە. یەکێک لە بەناوبانگترین بەرھەمەکانی وەرگێڕانی ڕۆمانی دۆن کیشۆتە کە خەڵاتی باشترین کاری وەرگێڕانی ساڵەکانی ١٣٣٦ و ١٣٣٧ی کۆچی ھەتاوی بۆی بە دیاری ھێنا. جگە لە وەرگێڕان، قازی بۆخۆی چەن بەرھەمیشی نووسیوە کە ئەوانیش ھەر بە زمانی فارسین. بە ھاوکاریی ئەحمەد قازی ڕۆمانی ژانی گەلی برایم ئەحمەدیشی لە کوردییەوە کردە فارسی. قازی بێجگە لە توانستی لە بواری وەرگێڕاندا، خاوەن بیروزەینێکی سەیر بوو و ھەزاران شێعری لەبەر بوو. جگە لەوە بۆخۆشی شێعری دادەنان. ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٦ی کۆچی ھەتاوی (١٩٩٨ی زایینی) لە تەمەنی ٨٤ ساڵەییدا، لە نەخۆشخانەی ئێرانمێھر لە تاران کۆچی دوایی کرد و ھێنرایەوە مەھاباد و لە گۆڕستانی بوداغ سوڵتان لە پاڵ مامۆستا ھێمن و ھەژار و خاڵەمین و ماملێ و ناودارانی تری کوردەوە بە خاکی نیشتمان ئەسپێردرا.
محەممەد قازی | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩١٣ |
مەرگ | ١٩٩٨ |
شوێنی دۆزینەی تەرم | مەھاباد |
نەتەوە | کورد |
ناوەکانی تر | محەممەد ئیمامی قازی |
پیشە | نووسەر، وەرگێڕ و شاعیر |
حیزبی سیاسی | حیزبی توودەی ئێران |
ئایین | ئیسلام، سوننە |
مناڵ(ەکان) | فەرھاد و مریەم |
خەڵاتەکان | خەڵاتی باشترین کاری وەرگێڕان بۆ دۆن کیشۆت |
ساڵی ١٣٨٦ لە مەیدانێک بە ناوی خۆیەوە، پەردە لە سەر پەیکەرەی چوار میتریی محەممەد قازی لا درا، کە دەستونەخشی ھونەرمەندی سنەیی مامۆستا ھادی زیائوددینییە.
لە مووزەی مامۆستا ھێمن (بە فارسی: موزە مفاخر فرھنگی و ھنری سرای ھیمن) لە شاری مەھاباد دیوێک بە ناوی محەممەد قازییەوە کراوە و بێجگە لە بەرھەمە چاپ کراوەکانی، بەشێک لە یادگارەکانی ئەویشی تێدا پارێزراو و ڕانراوە.