زمانی عەرەبی
زمانێکی سامی / From Wikipedia, the free encyclopedia
زمانی عەرەبی (بە عەرەبی: اللغة العربية) گەورەترین زمانەکانی گرووپی زمانە سامییەکانە لە باری قسەپێکەرانەوە و یەکێکە لە زمانە ھەرە بەربڵاوەکانی جیھان کە ٤٢٢ ملیۆن کەس قسەی پێ دەکات،[1] و قسەپێکەرانی بەربڵاون لەو ناوچەیەی کە پێی دەوتری ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لەگەڵ زۆرێک لە شوێنەکانی تری جیھان کە لە دەوروبەری ئەم وڵاتانەن وەکوو: ئێران، تورکیا، چاد، مالی، سینیگال، ئێرتریا. زمانی عەرەبی گرنگییەکی تایبەتی ھەیە لە لای موسڵمانان، چونکە زمانی قورئانە، و زۆربەی زۆری خوداپەرستی لە ئایینی ئیسلامدا بەبێ زمانی عەرەبی ناکرێ[ژێدەر پێویستە]، ھەروەھا زمانی عەرەبی زمانێکی سەرەکیی بۆنەکانە لە چەند کڵێسایەکی کریستیانی لە وڵاتە عەرەبییەکاندا. ھەروەھا زمانی عەرەبی زۆرێک لە کارە ئایینییەکان و بیرمەندییەکانی جوولەکەکانی پێ نووسراوە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا.
پێویستە ئەم وتارە نوێبکرێتەوە. |
دوای بڵاوبونەوەی ئیسلام و پێکھێنانی چەند دەوڵەتێک، زمانی عەرەبی گرنگییەکی تایبەتی وەرگرت و بووە زمانی ڕامیاری و زانست و وێژە بۆ چەند سەدەیەکی دوورودرێژ لەو خاکانەی کە موسڵمانان بەڕێوەیان دەبرد.
زمانی عەرەبی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ھەبووە لەسەر زۆرێک لە زمانەکانی وڵاتە ئیسلامییەکان، وەکوو تورکی، فارسی، زمانی ئوردوو، و ئەلبانی و زمانە ئەفریقییەکان و زمانە ئەورووپییەکان وەکو فەڕەنسی، ئیسپانی، ئیتاڵی، و ئەڵمانی. ھەروەھا زمانی عەرەبی بە شێوەیەکی فەرمی یان نافەرمی دەخوێندرێت لە وڵاتە ئیسلامییەکان و ئەفریقایەکانی دەوروبەری وڵاتە عەرەبییەکان.
عەرەبی زمانی فەرمییە لە ھەموو وڵاتە زۆربە عەرەبەکان، ھەروەھا زمانێکی فەرمییە لە وڵاتانی سێنیگال، مالی، چاد، ئێرتریا. ھەروەھا زمانی عەرەبی وەک یەکێک لە زمانە فەرمییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دانراوە.
زمانی عەرەبی ٢٨ پیتی نووسراو لە خۆ دەگرێ و ھەندێک لە زمانەوانانیش پێیان باشە یپتی ھەمزە (ء) زیاد بکرێ بۆ پیتەکانی زمانی عەرەبی وببێتە ٢٩ پیت. عەرەبی لە ڕاستەوە بۆ چەپ دەنووسرێ ھەر بەشێوەی زمانی فارسی و زمانی عیبری و بەپێچەوانەی زۆربەی زۆری زمانەکانی تری جیھان، و
لە سەرەوەی پەڕە بۆ خوارەوە دەنووسرێ.[2]
(زمانی ضاد) ئەو ناوەیە کە عەرەبەکان زمانی عەرەبی پێ ناو دەبەن لە بەر ئەوەی لە باوەڕی ئەواندا تەنھا زمانە کە ئەو پیتەی تیادا بێت.[3][4]