باوەڕ
From Wikipedia, the free encyclopedia
کاتێ مرۆڤ شتێک بە ڕاست و دروست دەزانێت، بەتایبەت ئەگەر بەڵگە و ئیسپاتی پێ نەبێ، ئەوە لە ڕوانگەیەکەوە سەیری ئەو شتە دەکات یا ھەڵوێستێکی بەرامبەر بەو شتە گرتووە، بەو ڕوانگە و ھەڵوێستە دەڵێن باوەڕ یا بڕوا. مرۆڤێکی پێگەیشتووی ئاسایی باوەڕی بە زۆر شت ھەیە، بەڵام، لەو زۆرە، لە ھەر ساتدا، تەنیا ژمارەیەکی کەمیانی لە پێش زەیندایە. واتە باوەڕمەندیی بە شتێ پێویستی بە بیرکردنەوەی چالاکانە لەبارەی ئەو شتەوە نییە. زۆرێ لەو شتانەی باوەڕمان پێیانە تا ڕادەیەک ئاسایی و ناسەرنجڕاکێشن: ئەوەی کە ئێمە «سەر»مان ھەیە، ئەوەی کە ئێستا لە سەدەی ٢١داین، یان ئەوەی کە گوڵدانەکە لەسەر مێزەکەیە. بۆیە، دروستکردن و شێوەدان بە باوەڕەکان بە یەکێک لە بنەڕەتیترین و گرینگترین تایبەتمەندییەکانی زەین دەژمێردرێ و تێگەیشتەی باوەڕ ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێ لە فەلسەفەی زەین و مەعریفەتناسیدا. لە فەلسەفەی زەیندا، بۆ وێنە، «پرسی زەین-لەش» پرسێکی زۆر بنچینەیییە و، بەشێکی دەپەرژێتە سەر ئەوە کە ئاخۆ ئۆرگانیزمێکی بەتەواوی فیزیکی چۆن دەتوانێ خاوەن باوەڕ بێ. بەشێکی زۆری مەعریفەتناسیش لە دەوری ئەم پرسیارە دەسووڕێتەوە کە چۆن بۆ باوەڕەکانمان پاساو دەھێنینەوە و چ باوەڕێک ھێژای ئەوەیە پێی بوترێ ناسیاری (knowledge).[1]