کێری مرۆڤ
ئەندامێکی دەرەکی نێرینە کە کرداری فڕێدانی تۆواو و میز دەکات و بۆ سێکسکردن بەکاردێت. / From Wikipedia, the free encyclopedia
کێری مرۆڤ (ھەروەھا بەمانەش ناودەبرێت: چووک، چیر، ئەندامی زاوزێی نێرینە، ئەندامی سێکسیی نێرینە، سیرەت؛ بە ئینگلیزی: Penis) ئەندامێکی دەرەکی نێرینەیە کە کرداری دەرکردنی تۆواو و میزە. بەشە سەرەکییەکانی کێر پێکھاتوون لە سێ بەش: ڕەگ، لاشە، لەگەڵ شانەی پۆشەر، بە پێستی کێر و سەلکەپۆش، ئەو پێستە زیادەیەی سەری کێر دادەپۆشێت و لەکاتی خەتەنەکردندا لادەبرێت. لاشەی کێر پێکھاتووە لە سێ ستوون شانە، دوو دانەیان کەلێنەتەنن، ھەروەھا بە «شانەی ئەشکەوتی» ناودەبرێن، کە لەملا و لەولای سێیەمین شانەن کە پێکھاتووە لە تەنێکی ئیسفنجی کە دەوری میزەڕۆی داوە (ناسراو بە ئیسفینجەتەن). لە مرۆڤی نێرینەدا، میزەڕۆ بە ناو پرۆستاتدا تێپەڕ دەبێت، لە ناو پڕۆستاتدا لەگەڵ دەرچەی تۆواو یەک دەگرێت و دواتریش بە ناو کێردا تێپەڕ دەبێت تاکوو دەگات بەو کونەی کە لەسەر سەری کێرە، دواتریش لەوێوە دەردەچێتە دەرەوە. ئەم کونە تۆواو و میزیشی لێوە فڕێ دەدرێتەوە دەرەوە (سیستمی زاوزێی پیاوانە ببینە.)
زۆرینەی ئەم ئەندامە لە ھەمان شانەی ئاوەڵمەییەوە دروست دەبێت کە دەبێتە ھۆی دروستبوونی میتکە لە مێدا. ئەو پێستەی دەوری میزەڕۆ و کێر ھەمان بنچینەی ئاوەڵمەیی لێوە بچکۆلەکانی قوزیان ھەیە.[1][2] ڕەپبوونی کێر پێکھاتووە لە ڕەقبوون و کشانی کێر تاکوو شێوەیەکی لاکێشەیی وەردەگرێت، ئەمەش لەکاتی ورووژانی سێکسیدا ڕوو دەدات، بەڵام مەرج نییە کێر ھەر بەبۆنەی ورووژانی سێکسییەوە ڕەپ ببێت. لە ھەرزەکاراندا، کێر بە شێوەیەکی ھەرەمەکی یاخود لەکاتی خەوتنا ڕەپ دەبێت، و تەنانەت لەگەڵ چوونە ناو تەمەنیشەوە، ڕەنگە کێر لەدوای خەو و لە بەیانیاندا ڕەپببێت. لە حاڵەتی ئاساییدا، کێر نەرمە و فۆرمی لاکێشەیی وەرناگرێت. ئەگەر ھاتوو کێرەکە خەتەنە نەکراوبوو، سەلکەپۆشەکە سەری کێر دادەپۆشێت. کاتێک بە تەواوەتی ڕەپ دەبێت، شانە ئیسفنجییەکەی کێر دەکشێت و ڕەق دەبێت، ھەروەھا سەری کێر دەئاوسێت. شێوازی ڕەپبوونی کێر لە مرۆڤی نێردا جیاوازی ھەیە، لە ھەندێکدا دەچەمێتەوە و لە ھەندێکیشدا ڕێکە. قەبارەی باوی کێرێکی ڕەپبوو پێکھاتووە لە ١٣.١٢ سەنتیمەتر درێژ و ١١.٦٦ کەمەرە.[3][4] ناتواندرێت قەبارەی کێرێکی ڕەپنەبوو بۆ ھەڵسەنگاندنی قەبارەی ڕەپبوونەکەی بەکاربھێندرێت.
باوترین شێوازەکانی دەستکاریکردنی کێر پێکھاتوون لە خەتەنە و سمین. ڕەنگە ھۆکاری خەتەنەکردن بگەڕێتەوە بۆ ھەر ھۆکارێک کە پەیوەندی بە چاند، ئایین، یان لە حاڵەتی زۆر دەگمەندا، ھۆکاری پزیشکییەوە ھەبێت، بەڵام بابەتی خەتەنکردن بۆچوونی جیاوازی لەسەر ھەیە، لەلایەن زۆرێک لە خەڵکییەوە بە کردارێکی نابەجێ و ناپێویست ناودەبرێت، لەکاتێکدا کەسانێکی تر بەرگری لەو کردارە دەکەن. زاناکان ئێستا ھەوڵی ئەوە دەدەن کە بەشێک یان تەواوی پەیکەری کێر دروست بکەنەوە، کە دەبێتە ھۆی یارمەتیدانی ئەو کەسانەی بەبێ خواستی خۆیان دەستکاری کێریان کراوە، ئەوانەی بەبۆنەی برینداری و نەخۆشییەوە بەشێک یان تەواوی کێریان لەدەستداوە، یاخود ئەوانەی بە کێشەی بایۆلۆژییەوە لەدایکبوون.