From Wikipedia, the free encyclopedia
پەتای جیھانیی کۆڤید-١٩ لە میسر بەشێکە لە پەتای جیھانیی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای ٢٠١٩ (COVID-19) کە ھۆکارەکەی نەخۆشی سەختی کۆئەندامی ھەناسەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ٢ (SARS-CoV-2). لە ڕێکەوتی ١٤ی شوباتی ٢٠٢٠دا یەکەمین باری تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەدا پشتڕاست کرایەوە.
لە ١٤ی شوبات دا وەزارەتی تەندروستی میسر یەکەمین باری تووشبوونی لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی قاھیرە ڕاگەیاند کە کەسێکی بەڕەچەڵەک چینی بوو. ناوەندە حکومییەکانی میسر بە (ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی - WHO)یان ڕاگەیاندبوو لە تووشبووەکە لە نەخۆشخانە خراوەتە ژێر کەرەنتینەوە. یەکسەر دوابەدوای ئەم تووشبوونە ڕێکارەکانی ڕێگەگرتنی بڵابوونەوە جێبەجێ کران لە چاودێری کردنی ئەو کەسانەی بەرکەوتە و پەیوەندییان ھەبووە لەگەڵ کەسی تووشبوو.
لە ڕێکەوتی ٦ی ئازاردا وەزارەتی تەندروستی میسر و (ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی - WHO) ٦ باری تووشبوونی نوێیان بە ڤایرۆسی (SARS-CoV-2)یان پشتڕاست کردەوە. کەسانی تووشبوو بریتیی بوون لە کارمەندانی کەشتی گەشتیاری ڕوباری نیل کە لە شاری (ئەسوان)ەوە گەشتی دەکرد بۆ شاری (ئەقسەر). سەتاپای کەسانی تووشبوو کە ئەنجامی پشکنینەکانیان ئەرێنی دەرچووبوو خاوەنی ھیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکە نەبوون و بەپێی زانیاری پشکنینەکان ڤایرۆسەکە لە گەشتیارێکی مێینەی بەڕەچەڵەک تایوانی-ئەمریکییەوە لەناو کەشتییەکەدا بڵاوبووەتەوە.[1][2]
لە ٧ی ئازاردا، ناوەندە تەندروستییەکان حکوومەت ڕایانگەیاند کە ٤٥ کەسی ناو کەشتییەکە پشکنینەکانیان ئەرێنی دەرچووە و کەشتییە گەشتییارییەکە خراوەتە ژێر کەرەنتینەوە لە شوێنی لەنگەرگرتنی کەشتییەکان لە شاری ئەقسەر. لە ٩ی ئازاردا یەکەمین باری تووشبوونی نێودەوڵەتی پەیوەست بە کەشتییەکەوە پشتڕاست کرایەوە دوای ئەوەی کەسێکی بەڕەچەڵەک ئەمریکی گەڕابۆوە وڵاتەکەی و ئەنجامی پشکنینەکەی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەرێنی دەرچووبوو.[3][4]
لە ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٠دا لەڕێی ڕاپۆرتێکەوە کە زانیارییەکانی بەند بوو لەسەر نامە و چاوپێکەوتنی نھێنی لەگەڵ زیندانیان دا، ئاماژەی بەوە دەدا کە چەند کەسێک لە چەند بەندینخانەیەکەی میسری تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. چەندین زیندانی گیانیان لەدەستداوە بەھۆکاری ئەنجام نەدانی پشکنین بۆیان و وەرنەگرتنی چارەسەری پزیشکی پێویست بۆیان دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە. ھەروەھا کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند کە بە دەیەھا ھەزار کەس لە وڵاتەکەدا خراونەتە بەندینخانەی زۆر قەرەباڵغ و نا پاکژ.[5][6]
لە ماوەی پەتای جیھانیی کۆڤید-١٩دا، کارمەندانی تەندروستی ھەستان بە ڕەخنەگرتن و ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر شێوازی مامەڵەی حکوومەت لەگەڵ قەیرانە تەندروستییەکە. میسر پشکنینە (کارلێکی زنجیرەیی پۆلمەرایز - PCR) پەسەندکراوە جیھانییەکانی ڕەتکردەوە و ھەستا بە ئەنجامدانی پشکنینی دژە تەنەکان (Antibody) بۆ دەستنیشان کردنی ڤایرۆسەکە سەڕەرای ڕاگەیاندنی (ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی - WHO) کە پشکنینی دژەتەنەکان توانای دەستنیشانکردنی ڤایرۆسەکەیان نییە بەڵکو ئەو جۆرە پشکنینانە ھەڵدەستن بە دیاریکردنی وەڵامی کۆئەندامی بەرگریی کەسەکە دژ بە ڤایرۆسەکە. پشکنینی خێرا و ھەڕەمەکی دژە تەنەکان لە مانگی نیسان دا لە وڵاتەکەدا دەستی پێکرد کە ھەتا کۆتایی مانگی نیسان نزیکەی ٢٠٠ ھەزار پشکنین ئەنجامدرابوو. وەزارەتی تەندروستی کارمەندانی تەندروستی ڕیزی پێشەوەی پابەندکردبوو بە ئەنجامدانی پشکنین بۆیان لە کۆتایی ھەموو نۆبەکارییەکەدا (شیفتی ئیشکردن) و تەنھا دوای دەرچوونی ئەنجامی ئەرێنی پشکنینی دژە تەن، ئەنجامدانی پشکنینی (PCR) ڕێگەپێدراوبوو.[7]
لە ڕێکەوتی ١٩ی ئازاردا وەزیری فرۆکەوانی ھەستا بە دەرکردنی بڕیاری داخستنی فرۆکەخانەکان و ھەڵپەساردنی تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان. بڕیارەکە لە ١٩ ھەتا ٣١ی ئازار کاری پێ دەکرا.
ھەتا ٢٥ی ئازار، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند کە ٢٥ ھەزار پشکنینی (کارلێکی زنجیرەیی پۆلمەرایز - PCR) ئەنجام دراوە.
ھەتا ١٧ی نیسان ٥٥ ھەزار پسکنینی (PCR) ئەنجامدراوە.
ھەتا ٢٣ی نیسان ٩٠ ھەزار پشکنینی (PCR) ئەنجامدراوە.
ھەتا ٩ی مایس ١٠٥ ھەزار پشکنینی (PCR) ئەنجامدراوە.
ناوەندە بیانییەکانی ڕاگەیاندن بڵاویان کردبۆوە کە چەند کەسێک دەستگیرکراون بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری ھەڵە و نادروست دەربارەی پەتای جیھانییەکە.[8]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.