فەلسەفەی پێشسوقراتی
From Wikipedia, the free encyclopedia
فەلسەفەی پێشسوقراتی فەلسەفەی یۆنانی کۆنە بەر لە سوقرات، وە ھەروەھا قوتابخانەگەلی ھاوسەردەمی سوقرات کە لە ژێر کاریگەریی ئەودا نەبوون.[1] لە ئەورووپای کۆندا فەیلەسووفەکانی پێش سوقراتیان بە فەیلەسووفی فیزیکی یان سروشتی ناو دەبرد.[2] پرس و کۆڵینەوەکانیان سروشت و کۆمەڵگا و ئەخلاق و دینی لەبەر دەگرت و، ھەوڵیان ئەوە بوو بنەڕەتی ڕوونکردنەوەکانیان لەسەر پرەنسیپگەلی سروشتییەوە بێ، نەک کردەوەی خواکان. بۆ ئەوان جیھان کۆسمۆس بوو، واتە شتێکی ڕێکوپێک کە لە ڕێگای لێپرسینەوەی ئاقڵانەوە شیاوی تێگەیشتنە.[1]
فەلسەفەی پێشسوقراتی لە سەدەی شەشەمی پێش زایین و بە ھۆی سێ کەس لە خەڵکی شاری میلیتۆسەوە وەدی ھات: تالیس و ئاناکسیماندرۆس و ئاناکسیمینیس. ھەر سێی ئەمانە ئەیانویست ئارخێی جیھان دەسنیشان بکەن، یانی ئەو ماکە سەرەتایییە کە ھەموو شتەکانی تری لێ دروست بووە. ئەو ئارخێیە بە لای تالیسەوە ئاو و بە لای ئاناکسیماندرۆسەوە ئاپەیرۆن ( بێدوایی) و بە لای ئاناکسیمینیسەوە ھەوا بوو.