سەرۆکی کۆمەڵەی دادگەریی کوردستان From Wikipedia, the free encyclopedia
عەلی باپیر وەتمان (لەدایکبووی ١٩٦١ لە سلێمانی، قەزای پشدەر) نووسەر و بیرمەندێکی ئیسلامیی کوردە کە باشتر بە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ناسراوە. عەلی باپیر زیاتر لە ١١٠ کتێبی بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسیوە، و چەندین شریتی دەنگی و وتار و سیمیناریشی ئەنجام داوە. لە ھەولێر خۆی بۆ پەرلەمانی عێراق ھەڵبژارد و لە ھەموو لیستەکانی ھەولێر پلەی یەکەمی وەرگرت.[ژێدەر پێویستە] عەلی باپیر لە ھۆزی میراودەلیە.
لەوانەیە ئەم وتارە لە https://web.archive.org/web/20110307132501/http://www.alibapir.net/alibapirPages.php?page=biblography (دووپ دێت · کۆپی ڤایۆز) لەبەرگیرابێتەوە، لەوانەیە ئەم کارە دژی سیاسەتی مافی لەبەرگرتنەوەی ویکیپیدیا بێت. (حوزەیرانی ٢٠٢٠) |
عەلی ئەحمەد باپیر | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٦١ (تەمەن ٦٢–٦٣) گوندی کەنجاڕە، سەنگەسەر، پشدەر |
پیشە | سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، نووسەر |
تەلەڤیزیۆن | پەیام، کۆمەڵ |
حیزبی سیاسی | کۆمەڵی دادگەریی کوردستان |
ئایین | ئیسلام – سوننە |
وێبگە | www |
عەلی باپیر لە تەمەنی گەنجیدا وەک پێشمەرگەیەک لە دژی سەدام شەڕی کردووە و براکەی خۆی کوشتووە بەهۆی ئەوەی یارمەتی سەدام دەدات بۆ کوشتنی ئەندامی بزووتنەوەیەکی ئیسلامی کوردستان.[1] عەلی باپیر یارمەتی دروستکردنی میرنشینی ئیسلامی بیارا دا و دوای لەناوچوونی میرنشینی ئیسلامی بیارا، ئەمریکییەکان ٢٤ سەربازی عەلی باپیریان کۆمەڵکوژ کرد و عەلی باپیریان دەستگیرکرد، تەنها دوای ئەوەی حکومەتی کورد داوای لێکردن ڕێگەیان پێدا بڕوات.[2]
عەلی باپیر یەکێکە لە یەکەم سیاسەتمەدارە کوردەکانی باشووری کوردستان کە لەکاتی سەردانێکی فەرمیدا بۆ تورکیا دژی مامەڵەی تورکیا لەگەڵ هاووڵاتییە کوردەکانی قسە دەکات. باپیر لە ساڵی ٢٠١٦ بەشداری کۆنفرانسێکی کرد لە تورکیا و ڕایگەیاند کە “دەبێت تورکیا واز لە ستەمکردنی کورد لە باکور بهێنێت” و “مەسەلەی جیهانی موسڵمانان ئەوەیە کە وازیان لە ئیسلام و نەریت هێناوە بۆ ئەوەی بە یاساکانی ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ لە ساڵی ١٩١٦ کە گەلانی بە درێژایی سنوورە ناشەرعیەکان دابەش کردووە”.[3]
ئەم بەشە ئاماژەی بە ھیچ سەرچاوەیەک نەداوە. تکایە بە دانانی ئاماژە بۆ سەرچاوە بڕواپێکراوەکان، ئەم بەشە باشتر بکەن. دەقە بێسەرچاوەکان لەوانەیە داوای سەرچاوەیان لێ بکرێت یان لاببرێن. |
دوای شەش مانگ مانەوە لە کوردستانی ئێران بەرەو تارانی پایتەختی ئیران بەڕێدەکەوێ بەنیازی درێژەدان بە خوێندنی زانکۆ، بەڵام پاش شەش مانگ مانەوە ھەوڵەکانی بێھوودە دەبن و دەگەڕێتەوە کوردستانی عێراق و لەڕێی چەند دۆست و برادەرێکەوە کێشەی ڕژێمی بەشێوەیەکی کاتی بۆ چارەسەر دەکرێ و سەرەنجام لە ئەوقافی ھەولێر تاقیکردنەوەیەکی پێشنوێژیی و وتاربێژیی دەدات و دەردەچێ. لە ١٩٨٣ لە مزگەوتی «نەوڕەسی» لە ڕانیە وەردەگیرێت، بەشێوەی «الإنتداب» لەجیاتی خزمەتی سەربازیی و کێشەی سەربازیی نەکردنیشی چارەسەر دەبێ. لە ھەمان ساڵی ١٩٨٣ دا یەکەمین پەرتووکی دەنووسێ بەناوی «پوختەیەک دەربارەی ئیسلام» و لە ساڵی ١٩٨٤ لە بەغداد چاپ دەکرێ.
لە ساڵی ١٩٩١دا عەلی باپیر لەگەڵ ھەریەک لە مەلا مەحموودی ئازادیی و مەلا ئەبووبەکری صدیقیدا لەڕێگای پاکستانەوە سەفەری حەج دەکات و نزیکەی سێ مانگی پێدەچێ و وەک شاندێکی ڕەسمیی بزووتنەوەش–کە ئەو کاتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی دەبێ–لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی دیدار و گفتوگۆی دەبێ چ لە سعودییە و چ لە پاکستانیش، وەک: عمر عبدالرحمنی میسری و برھان الدین ڕبانی. لە پیشاوری پاکستانی سمینارێک بە زمانی عەرەبی دەبەستێ لەبارەی کێشەی کورد و چۆنییەتی چارەسەرکردنییەوە لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، و ئەو کاتە لە گۆڤاری «المرابطون» دا بڵاوکراوەتەوە.
دوای ئەوەی لە مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٩٣ دا شەڕ لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حیزبەکەی عەلی باپیر دەست پێ دەکات، دەرەنجام سەرجەم بنکە و بارەگاکانی بزووتنەوە پاش بەرگرییەکی بەھێز لەلایەن یەکێتییەوە دەگیرێن و ژمارەیەکی زۆریش لە ھەردوولا دەکوژرێن، بەڵام باپیر خۆی بە ھاوکاری چەند دۆستێکی لەگەڵ سێ پێشمەرگەی دیکەدا دەربازی دەبێت. سەرەنجام دەچێتە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ژمارەیەکی باش لە ھێزی پێشمەرگە لە نزیک قاسمەڕەش و زەڵێ کۆدەکاتەوە، ھاوکات لەگەڵ شەڕی شارەزوور شەڕێکی دیکەی دژ بە یەکێتی لە پشدەر دەست پێ دەکات، پاش چەند مانگێک جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە، لە ئاکامدا، یەکێتی داوای ڕاگرتنی شەڕ دەکات و بەشێک لە داواکارییەکانی حیزبەکەی باپیر بەجێ دێنێت، کە لە گێڕانەوەی بنکە و بارەگاکان و قەرەبووکردنەوەی زیانە ماددییەکاندا خۆی دەنواند. پاش ھاتنەوەی بزووتنەوە بۆ نێو شار و شارۆچکەکانی کوردستان، وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن لە کاروباری حیزبیدا بەردەوام دەبێ ھەتا مانگی ٨ی ساڵی ٢٠٠٠ کە یەکەمین کۆنگرەی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامیی، لە گوندی تەوێڵەی بەسرا، کە لە ئاکامی ئەو کۆنگرەیەدا وەرچەرخان و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ژیانی ئەودا بەتایبەتی و لە بزووتنەوەدا بەگشتی ڕوویدا.
لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٤ دوای ئەوەی خۆی دەچێتە ناوچە سنوورییەکان و سەرگەرمی کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی ھێزەکانیان دەبێ، ماوەی چەند مانگێک ھەردوو ھاوسەری بە خۆحەشاردان دەیگوزەرێنن و پاشان ماڵەکەی دەباتە نەغەدە و دواتریش دەیگوازێتەوە بۆ مەریوان و لە ساڵی ١٩٩٥ و ١٩٩٦ دا ماڵی ھاوسەرێکی لە ئەحمەد ئاوا و ماڵی ئەوی دیشیان لە مەریوان دەبێ.
بەر لەوەی کۆمەڵی ئیسلامیی ڕابگەیەنرێ، باپیر نامیلکەیەکی ٢٥ بڕگەیی نووسی بە ناونیشانی «بنەما شەرعییەکان و ھێڵە گشتییەکانی کۆمەڵێکی ئیسلامیی ڕەسەن» کە لەگەڵ ئەندامانی سەرکردایەتیدا دەیخاتە ڕوو و تاووتوێی دەکەن و ئەو بیست و پێنج خاڵە دەکرێتە بناغەی بەرنامەی بیری و سیاسەتی شەرعیی کۆمەڵ. پێش ڕاگەیاندنی کۆمەڵی ئیسلامیی و دوای بە بنبەست گەیشتنی باری بزووتنەوەی یەکبوون، دەچێتە ماڵی ھەرکام لە: صدیق عەبدولعەزیز، شێخ محەممەد بەرزنجی، ئەحمەد کاکە مەحموود، و بەنۆرە و بە جیاجیا داوا لە ھەرسێکیان دەکات کە ڕابەرایەتی ئەو گۆڕانکارییە بکەن کە خۆی فەرز کردووە، و ئامادەیی بەیعەت پێدان و پشتگیریی کردنی تەواوی خۆیشی و ئەوانەش کە بە قسەی دەکەن بۆیان دەربڕێ، بەڵام ھیچ کامیان ئامادە نابن بێنەپێش.
لە ساڵی ٢٠٠٣ دا بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵ لە شارەزوور و ھەورامان لەلایەن ئەمریکاوە مووشەکباران کرا و لە ئاکامدا نزیکی ١٠٠ کەسێکیان لە ئەندام و کادیر و پێشمەرگە لێ شەھید و بریندار دەبێ و سەرەنجام بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتیدا بنکە و بارەگاکانیان دەگوازنەوە بۆ ناوچەی پشدەر و خۆیشی بە ماڵ و خێزانەوە لە گوندی دارەشمانە نیشتەجێ دەبێ، تاکو لەنزیکەوە سەرپەرشتی ھێزەکان و بنکە و بارەگاکانیان بکات. لە مانگی ١١ی ٢٠٠٥دا و لە یەکەمین کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامیی دا بە یەکدەنگیی ئەندامانی کۆنگرە بە ئەمیری کۆمەڵ ھەڵبژێردرایەوە. لە ساڵی ٢٠٠٧ دا لەگەڵ شاندێکی کۆمەڵی ئیسلامییدا لە تاران بەشداریی کۆنفڕانسی پشتگیریی کردن لە خەڵکی فەڵەستین دەکات و لەگەڵ خالید مشعلی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس یەکتر دەبینن.
لە چوارەمین کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامیدا، ئاڵا، ناوی حیزب و پۆستی ئەمیری حیزبەکە بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە گۆڕی، و ناوی حیزبەکە گۆڕدرا بە «کۆمەڵی دادگەریی کوردستان»، ھەروەھا ئاڵای کۆمەڵیش گۆڕدرا و ناوی پۆستی ئەمیریشیان کردە سەرۆک و عەلی باپیر وەکوو سەرۆکی حیزبەکە ھەڵبژێردرا.[4][5]
مەلا خدر مستەفا یوونس، سەرۆکی لیژنەی فتوای سۆرانی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی وشە، دەڵێت کە عەلی باپیر ھانی چەندین کەسی دا، ھەم لە ناو حیزبەکەی خۆی و ھەمیش گەنجان، کە بچنە ناو داعشەوە دژی پێشمەرگە بجەنگێن،[6] ئەمە لەکاتێکدا کە خۆی نامەیەکی ئیدانەی تەماوی و ناڕوونی نووسیبووەوە کە تێیدا داوای لە داعش کردبوو ھێرش نەکەنە سەر کوردستان، بەڵام زۆر کەس پێیان وابوو ئەوە تەنیا جووڵەیەکی سیاسی بووە و عەلی باپیر و حیزبەکەی ھەمان تێڕوانینی داعشیان ھەیە، کاتێکیش دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە کە کۆمەڵی ئیسلامی لە ئەسڵدا ڕەتیان کردووەتەوە کە نامەکە بڵاو ببێتەوە، گومانەکان زیاتر بوون.[7]
عەلی باپیر چەند جارێک ڕەتی کردەوە کە لەبەر سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب ھەڵبستێت، بەبۆنەی بەشێک لە ھۆنراوەکە کە دەڵێت «دینمانە ئاینمان \ ھەر نیشتیمان»، کە بە نیزبەت عەلی باپیرەوە کفر و بێڕێزییە بەرامبەر ئایینی ئیسلام و موسڵمانان.[8] ئەمە وای کرد کە چەند ئەندامێکی تری کۆمەڵیش ھەمان کردەوە ئەنجام بدەن، تاکوو عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و زاوای عەلی باپیر، داوایەکی یاسایی لەسەر تۆمار کرا لە دادگای تاوانەکانی ھەولێر بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بەرامبەر سروودی نیشتیمانیی کوردستان.[9]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.