تاکەکەسێتی
From Wikipedia, the free encyclopedia
تاکەکەسێتی ھەڵوێستێکی سیاسی، فەلسەفەی سیاسی، بیرۆکەیەک یان دیدگەیەکی کۆمەڵایەتییە کە پێ دادەگرێت لەسەر بەھای ڕەوشتی تاکەکەسیی و بەرز ڕای دەگرێت.[1][2] لایەنگرانی تاکەکەسێتی پشتگیری ئامانج و ویستی کەسەکان دەکەن بۆیە سەربەخۆیی و پشت بەخۆبەستنی تاکەکەس بەلایانەوە نرخدارە[3] و بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان دەبێت لەسەروو بەرژەوەندییەکانی دەوەڵەت و دەستە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێت،[3] کە لە ھەمان کات دا دژێتی دەکات لە دەست تێ وەردانی دەرەکی لە بەرژەوەندی تاکەکەس لەلایەن کۆمەڵگە و دامەزراوەکانەوە وەک حکوومەت.[3] تاکەکەسێتی زۆربەی جار پێناسەدەکرێت بە پێچەوانەوە و دژی تاکڕەوەیی، دیکتاتۆری و دەستە کۆمەڵایەتییە ھاوبەشەکان دادەنرێت.[4][5]
بیرۆکەی تاکەکەسێتی تاکەکەس بە خاڵی چەق دادەنێت[1] بۆیە یەکەم ھەنگاوی دەست پێ دەکات بە «گریمانەیەکی بنچینەی کە مرۆڤ خۆی سەرەکیترین و گرنگترین خاڵە لە خەباتی ئازادبوون دا.»[6] ئازادڕوەکان (لیبڕاڵییەکان)، بوونگەرایییەکان و دژە دەسەڵاتەکان نموونەی ئەو جووڵانەوانەن کە مرۆڤ بە یەکەی ناوەندیی شیکارکردن دادەنێنن.[6] بۆیە تاکەکەسێتی بریتییە لە «مافی تاکەکەس بۆ ئازادی و خۆ دۆزینەوە.»[7]
تاکەکەسیی پەیوەستە بە ھونەر، بۆھیمی و شێوازەکانی ژیانەوە کە ئامادەگییەکەی ھەیە بەرەو خۆ دروستکردن و تاقیکردنەوەی ئەو شتانەی ناپەسەندن بەپێی کلتوور یان بۆچوون و ھەڵسووکەوتە باوەکان.[8][9]
لە بەرامبەردا پرەنسیپی دەستەگەرایی ھەیە کە لانی کەم لای بێرتراند ڕەسڵ لە فەلسەفەی یۆنانەوە (ئایینگەرایی، کۆمەڵگاگەرایی و پاشایەتی ھتد) تا دەرکەوتنی پرۆتێستانیزم ڕێگای بە دەرکەوتنی تاکگەرایی نەداوە.[10] لە سەدەی ٢١یشدا نووسەری وەک ھەراری پێی وایە جۆرەکانی تاکگەرایی جێگای ئایینەکانیان گرتووەتەوە.[11]