بێرتراند ئارتەر ویلیام ڕەسڵ یان بێرتراند ڕەسڵ (لەدایکبووی ١٨ی ئایاری ١٨٧٢ – مردووی ٢ی شوباتی ١٩٧٠) فەیلەسووف، لۆژیکزان، مێژووزان، بیرکار، ڕیفۆرمخوازی کۆمەڵایەتی و ئاشتیخوازی بەریتانی بوو. زۆرینەی ژیانی لە بەریتانیا بەسەر برد، بەڵام لە وێڵز لەدایک بوو و ھەر لەوێش کۆچی دوایی کرد. ڕەسڵ بە بناغەدانەری فەلسەفەی شیکاری دا ئەنرێت لەگەڵ گۆتلۆب فرێگە، هاوکارەکەی جۆرج مۆر و لودڤیگ ڤیتینگشتاین کە قوتابی دکتۆرای بوو.[1] ڕەسڵ بە یەکێک لە لۆژیکزانە دیارەکانی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دائەنرێت. ڕەسڵ لەگەڵ جۆرج مۆردا پێشەنگی "شۆڕشی دژ بە ئایدیالیزم" بوون.[2].
بێرتراند ئارتەر ویلیام ڕەسڵ | |
---|---|
لەدایکبوون | بەریتانیا، وێڵز | ١٨ی ئایاری ١٨٧٢
مردن | ٢ی شوباتی ١٩٧٠ ساڵ ژیاوە) | (٩٧
نەتەوە | ئینگلیز |
بواری زانستی | فەلسەفە، بیرکاری |
خەڵاتەکانی | خەڵاتی نۆبڵ |
خێزان | ئەلیس پیەرسۆڵ سمیس، دۆرا بلاک، پاتریشیا سپێنس |
واژوو |
کورتەی ژیان
منداڵی
بێرتراند خوشک و برایەکی ھەبوو، لە ساڵی ١٨٧٤ دایکی ئەمرێت و دوای ئەوەش خوشکەکەی. لە ساڵی ١٨٧٦یش باوکی ئەمرێت. بێرتراند و براکەی ئەخرێنە ژێر بەخێوکردنی ماڵە باپیریانەوە کە ئەوترێ زۆر پێداگیرکەربوون لەوەی بە کەلتوری «ڤیکتۆریان» ناوئەبرێ پەروەردە ببن، واتە ئەوەی لە سەردەمی شازادە ڤیکتۆریا باوبوە. باپیریشی کە پێشتر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بووە لە ١٨٧٨ ئەویش کۆچی دوایی ئەکات. ئیتر داپیری بە ناوی خاتوو فرانسیس ئێلیەت ڕەسڵ ناوێک گەورەی ئەکات. ئەم خانمە کە خۆی بە ئەسڵ سکۆتلەندییە، کارێک ئەکات کە ھەندێ لە میراتەکەی بەکاربێت تا دوو نەوەکەی بە «ئەگنۆست/نازانمگەر» پەروەردە بکرێن لەسەر داوای باوکیان.[3]
خوێندن
لە ١٨٩٠ ئەچێتە ترینتی کامبریج، وە داوای ئەوەی بە پلەی یەکەم دەرئەچێت لە فەلسەفە، لە ١٨٩٥ ئەکرێتە یەکێ لە مامۆستاکان لەوێ.
بێرتراند لەساڵی ١٨٩٤ دا لە کامبریج ئەڕوات و لە پاریس لە باڵوێزخانەی بەریتانیا ئەبێت. لە ١٨٩٤ لە مانگی بەفرانبار (١٢)دا ھاوسەرگیری ئەکات لەگەڵ خاتوو ئەلیس پیەرسۆڵ سمیس. لە ١٩٠٠ سەردانی پاریس ئەکات و تێکەڵ بەکارەکانی بیرکاریزانی ئیتالی پیانۆ ئەبێت و ئیتر لە ١٩٠٣ یەکەم شاکاری خۆی بە ناوی بنەماکانی بیرکاری/ (بە ئینگلیزی: The Principles of Mathematics) ئەنوسێت. لە ١٩١٠ ئەبێتەوە بە مامۆستا لە کۆلێژی ترینتی زانکۆی کامبریج.[3]
دەرەوەی بەریتانیا
لە ساڵی ١٩٢٠ دا سەردانی ڕوسیا ئەکات بۆ توێژینەوە لەسەر بۆڵشەڤیزم. لە پایزی ھەمان ساڵدا ئەچێتە چین بۆ وتنەوەی وانەی فەلسەفە لە زانکۆی پەکین لە چین. لە ساڵی ١٩٢١ ئەوترێ کەوا خێزانەکەی لێی جیا ئەبیتەوە بۆیە ھاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو دۆرا بلاک ناوێک ئەکات. ئیتر لە ١٩٢٧ خۆی و خێزانەکەی ھەڵ ئەستن بە کردنەوەی قوتابخانەیەک بۆ منداڵان تا ساڵی ١٩٣٢. دیسان لە ساڵی ١٩٣٥ خێزانی لێی جیا ئەبێتەوە و ژنێکی تر بەناوی پاتریشیا ھێلەنە سپێنس ئەھێنێت. ساڵی دوای ئەوە ئەچێتە ویلایەت یەکگرتوەکانی ئەمریکا و لەوێ لەزۆرێک لە زانکۆ پێشەنگەکانی دنیا وانە ئەڵێتەوە.[3]
دوا ساتەکان
لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٠دا ڕەسڵ بەیاننامەیکی بڵاوکردەوە کە تیایدا سەرکۆنە (ئیدانە)ی "پەلاماری ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"ی کرد، بە تایبەتیش، پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ قوڵایی خاکی میسر لە "جەنگی پووکاندنەوە" (بە عەرەبی: حرب الاستنزاف)دا و داوای ئەکرد کە ئیسرائیل بگەڕێتەوە سەر نەخشەی پێش جەنگە شەش ڕۆژیەکە. ئەمە دوا چالاکی یان گوتاری سیاسی ڕەسڵ بوو. لە ڕۆژی ٣ی شوباتی ١٩٧٠دا لە "کۆنفرانسی نێونەتەوەیی پەرلەمانتاران"دا لە قاهیرە خوێندرایەوە کە ڕۆژی دوای کۆچی دوایی ڕەسڵ بوو.[4]
ڕەسڵ بە ئەنفلوەنزا کۆچی دوایی کرد، لە ڕۆژی ٢ی شوباتی ١٩٧٠دا لە ماڵەکەی خۆی لە وەیڵز. لە ڕۆژی ٦ی شوباتدا جەستەی کرا بە خۆڵەمێش لەسەر ویستی خۆی کە تەنها پێنج کەس تیایدا ئامادە بوون. هەر لەسەر وەسیەتی خۆی هیچ بۆنەیەکی ئاینی بۆ ڕێک نەخرا جگە لە یەک خولەک وەستان، خۆڵەمێشەکەشی ڕژێنرا بەسەر چیاکانی وەیڵزدا دواتر لە هەمان ساڵدا. دوای خۆی موڵکێکی نزیک ١ ملیۆن پاوەنی (بە خەمڵاندنی ٢٠٢٠) بەجێ هێشت. خاتوو کاترین جەین تەیت کە کچی ڕەسڵە لە دوای خۆی لە ساڵی ١٩٧٤دا "دامەزراوەی بێرتراند ڕەسڵ"ی دامەزراند بۆ هێشتنەوە و تێگەشتن لە کارەکانی.
کارە گرنگەکان
لەگەڵ مامۆستایەکیدا بەناوی وایتھێد، "بنەماکانی ماتماتیک" (Principia Mathematica)یان نووسی کە ھەوڵدانێکە بۆ خەستکردنەوەی ماتماتیک لەناو لۆژیکدا. وتارە فەلسەفییەکەی بە ناوی "دەربارەی جیاکردنەوە"[5] کە وەک "مۆدێلێکی فەلسەفە"یان دەزانی. ھەردوو بەرھەمەکە بەوە ناسراون کە لەسەر لۆژیک، ماتماتیک، دانانی تیۆریا، زمانناسی و ھەروا فەلسەفەی شیکاری کاریگەری زۆریان ھەبووە.
ڕەسڵ تێکۆشەری ئاشتیخواز، پاڵپشتی بازرگانی ئازادی نێو نەتەوەکان و دژی دەسەڵاتی بەھێز بوو. ڕەسل بۆ ھەوڵدانە دژەشەڕەکانی لە درێژەی شەڕی جیھانی یەکەم، بۆ بزووتنەوەی دژی ھیتلەر، ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی، ڕەخنەگرتن لە دیکتاتۆری سۆڤیەت و تێکەڵ بوونی ئەمریکا لە شەڕی ڤیێتنام، لە بەندیخانە کرا. ڕەسڵ لە ڕێکخستنی دەوڵەتاندا "بە پەرۆشەوە پێشوازی" دەکرد لە بیرۆکەی حکومەتێکی جیهانی.[6]
خەڵاتی نۆبڵ
لەساڵی ١٩٥٠دا ڕەسل بۆ نووسراوە جۆربەجۆر و بەنرخەکانی خەڵاتی نۆبێلی وێژە و ھونەری وەرگرت. لە نووسینەکانیدا پاڵپشتی کردووە لە ھاوجۆر دۆستی و ئازادیی بیرۆکە.[3] وتاری وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی ڕەسڵ بەپێز و گرنگبوو، کە وەرگێڕدراوەتە سەر چەندین زمان و لەوانەش زمانی کوردی.
بیر و بۆچوونەکان
فەلسەفە
لە ئێستادا تەنھا ئەکرێ بوترێت ڕەسڵ جگە لەوەی دامەزرێنەری فەلسەفەی شیکارییە، لەسەر ئەم بابەتانەش نوسیویەتی، مێتافیزیک، لۆژیک (ژیربێژی) و فەلسەفەی بیرکاری، فەلسەفەی زمان، ڕەوشت و مەعریفەتناسی.
ئایین
ڕەسڵ خۆی بە کەسێکی «نازانمگەرا» دا ئەنا. نازانمگەرا ئەوانەن کە نە ئەڵێن خوا ھەیە نە ئامادەن بڵێن خوا نیە. بەڵام خۆی ئەڵێ من بەرامبەر فەیلەسوفەکان وا خۆم ئەناسینم دەنا بەرامبەر خەڵکی سادە ناچارم بڵێم بێ باوەڕم.[7]
لە کتێبی «مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوادا» ڕەسڵ بناغەی فەلسەفەی دین باس ئەکات و ئەی گەڕێنێتەوە بۆ چۆنێتی گەشەی یۆنانی کۆن کە لە بابلی و میسریە کۆنەکانەوە فێری نووسین بوون و شارستانێتیەکەیان گەشەی کردوە.[8] ھەروەھا لە ھەمان سەرچاوەدا دەربارەی پیتاگۆرس ئەڵێ: «گرێدانی بیرکاری و خواناسی کە لە پیتاگۆرسەوە دەستی پێکرد شێوەپێدەری ئاین بوە لە یۆنانی کۆندا، لە چاخەکانی ناوەڕاست و ھەتا سەردەمی کانتیش».[9] وە ھەروەھا ئەڵێ ئەو تێکەڵ بوونەی دین و «بیرکردنەوەی ئەقڵانی» لەگەڵ دیندا سەرچاوەکەی لە پیتاگۆرسەوە دێت کە لای ئەفلاتون، سەنت ئۆگستین، تۆماس ئەکویناس، ڕێنێ دێکارت، سپینۆزا وە لایبنیز ھەبوە.[10]
ئا لەم گۆشەوە ئازادانە کاتێک باسی مەسیحیە کاتۆلیکەکان ئەکات ئەڵێ: «کەنیسەی کاتۆلیکی لە سێ سەرچاوەوە دەرھێنراوە. مێژوە پیرۆزەکەی ھی جولەکەیە، خواناسیەکەی ھی یۆنانیەکانە، وە یاسا و دەوڵەتەکەشی لانی کەم ناڕاستەوخۆ ئەگەڕێتەوە بۆ ئیمپراتۆریەتی ڕۆم. چاکسازیی پرۆتێستانتیش ھیچی نەکرد ئەوە نەبێ کە بابەتە ڕۆمانیەکانی ڕەتکردەوە، بابەتە یۆنانیەکانی نەرمترکرد وە بابەتە جولەکەییەکانی توندوتۆڵتر کرد».[11]
نەتەوە
ڕەسڵ بڕوای وابوو کەوا نەتەوایەتی کۆن و پێشکەوتوو لە ڕێگای جیھانگیریــەوە وای لێ دێت بە تەواوی نەمێنێت، ھەروەھا بەڕای ئەم نوسەرە ڕەسڵ پێی وابوە کەوا بەڕێوەبردنی جیھان لە لایەن دەوڵەتێکی لیبراڵی نێونەتەوەییەوە لە ڕێگای ئاشتیانە و بە پرۆسەیەکی بێ دەنگ نایەتە دی، بەڵام ئەوە ھیچی لەوە کەمتر نەبوە کەوا ڕەسڵ لەگەڵ دەوڵەتێکی نێونەتەوەیی جیھانیدابوە.[12]
ڕامیاری (سیاسەت)
لە وتاری فەلسەفە و ڕامیاریدا کۆتایی قسەکانی بەوە دێنێت کەوا ئەو پێشنیاری سیستمێکی لیبراڵی بەڵگەگەرایی - ئەزموونگەرایی - (empiricist) دەکات کە ڕای وایە لەگەڵ سۆسیالیزمی دیموکراتیدا ئەگونجێت باشترین جۆری سیستمە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.[13]
ڕەسل لەسەر زۆر لە پرسەکانی بەڕێوەبردن قسەی ڕوون و ئاشکرای هەبووە[14]، یەکێک لە وتە ناودارەکانی لەسەر دیموکراتی و زۆرینە دەڵێت: پێویست ناکات کەسێکی دیموکراتخواز بڕوای بەوە هەبێت کە زۆرینە هەمیشە بڕیارێکی ژیرانە دەدات. ئەوەی کە پێویستە بڕوای پێی هەبێت ئەوەیە، کە بڕیاری زۆرینە، ژیرانە بێت یان ناژیرانە، دەبێت قبوڵ بکرێت تا ئەو کاتەی زۆرینە بڕیاری پێچەوانە دەدات و دەیگۆڕێت.
کۆمەڵگا
ڕەسڵ بە درێژایی ژیانی خەباتگێڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو. ئەو بە درێژایی ژیانی چالاک بوو لە بواری سیاسیدا و نوسراوی ناردوە بۆ سەرۆکەکانی دنیا بۆ ئەو مەبەستانەی ھەیبوون تا کاریگەری بخاتە سەریان.
ڕەسڵ باوەڕی بە «کۆمەڵگای زانستی» ھەبوو، کە شەڕی تیا نەبێت، سنورێک ھەبێت بۆ ژمارەی دانیشتوان وە داھات و خۆشگوزەرانیش بەش بکرێت.[15] ئەو پێشنیاری کرد تەنھا دەوڵەتێکی ئاشتیخواز ھەموو جیھان بەڕێوە ببات.[16]
بژاردەی نووسراوەکانی
- ١٨٩٧ - وتارێک لەسەر بنەماکانی ئەندازە
- ١٩٠٣ - بنەمەکانی بیرکاری. چاپی کامبریج
- ١٠١٢ - گرفتەکانی فەلسەفە[17]
- ١٩١٦ - پرەنسیپەکانی زیندووکردنەوەی کۆمەڵایەتی
- ١٩١٩ - سەرەتایەک لە فەلسەفەی بیرکاری
- ١٩٢٢ - بیری ئازاد و پروپاگەندەی فەرمی
- ١٩٢١ - شیکاریی ئەقڵ
- ١٩٢٥ - ئەلف و بێی ڕێژەیی (نیسبی)
- ١٩٣٠ - سەرکەوتن بەسەر شادیدا
- ١٩٣١ - ڕوانگەی زانستیانە
- ١٩٣٢ - پەروەردە و ڕێڕەوی کۆمەڵایەتی
- ١٩٣٤ - ڕێکخستن و ئازادی
- ١٩٣٥ - ئاین و زانست
- ١٩٣٨ - دەسەڵات: شیکارێکی کۆمەڵایەتی نوێ لەلایەن بێرتراند ڕەسڵەوە. چاپی ئالەن ئاند ئەنوین ٣٢٨ پەڕە.[18]
- ١٩٤٥ - مێژوویەکی فەلسەفەی ڕۆژاوا
- ١٩٥١–١٩٦٩ ژیاننامەی بێرتراند ڕەسڵ (خۆنووس) چاپی لەندەن.
پەراوێزەکان
سەرچاوەکان
Wikiwand in your browser!
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.