ئەنجلینا جۆولی (بە ئینگلیزی: Angelina Jolie، گۆکردن: /dʒoʊˈliː/؛ پێشتر: جۆولی پیت،[١] لەدایکبووی ٤ی حوزەیرانی ١٩٧٥)[٢] خانمەکتەر، فیلمساز و چاکەکارێکی ئەمریکییە. براوەی چەندین خەڵاتە لەوانە؛ بەدەستھێنەری خەڵاتی ئۆسکار، ھەروەھا سێ خەڵاتی گۆڵدن گلۆبە. چەندجارێک وەک گرانترین ئەکتەر لە لوتکەی خانمەکتەرەکانی ھۆلیوود ناوی ھاتووە.
ئەنجلینا جۆولی | |
---|---|
لەدایکبوون | ئەنجلینا جۆولی پیت ٤ی حوزەیرانی ١٩٧٥ |
شارۆمەندێتی | ئەمریکا، کەمبۆدیا، سارایێڤۆ (شانازی) |
پیشە | ئەکتەر، دەرھێنەر، نووسەر، بەرھەمھێنەر، خێرخواز |
چالاکبوون | ١٩٨٢; ١٩٩١– بەردەوامە |
ھاوسەر | جۆنی لی میڵەر (١٩٩٦–١٩٩٩) بۆب ترۆتنتن (٢٠٠٠–٢٠٠٣) براد پیت (٢٠١٤–تا ٢٠١٩) |
مناڵ(ەکان) | ٦ |
باوان(ەکان) | جۆن ڤۆیت مارچێلین بێرتراند |
خزمەکان | جەیمس ھاڤین (برا) چیپی تایلۆر (خاڵ) |
ئەنجلینا لەیەکەم فیلمیدا بە منداڵی لەپاڵ باوکی دەرکەوت، کاتێک لە فیلمی بەدوای دەرچوون (١٩٨٢)ی دەرھێنەر جۆن ڤۆیت بەشداربوو، بەڵام ژیانی کارکردنی لە فیلم دوای دە ساڵ لەو فیلمە دەستیپێکرد، ئەمەش کاتێک بەفیلمێکی تێچوو کەم بەناوی سایبۆرک ٢ (١٩٩٣)، دواتر لەیەکەم ڕۆڵی سەرەکی خۆیدا بەفیلمی هاککەرەکان (١٩٩٥) بەشداربوو. دواتر لەچەند فیلمێکی ژیاننامەیی بەشداربوو لەوانە؛ جۆرج والاس (١٩٩٧) و جیا (١٩٩٨)، کە بوونە جێگای بایەخی ڕەخنەگران، ھەروەھا بەھۆی بەشداریکردنی لەفیلمی ژیانی پچڕ پچڕی کچێک (١٩٩٩) ئەوا خەڵاتی ئۆسکاری پێدرا وەک باشترین خانمە ئەکتەری پاڵپشت. دواتر بەشداربوو لە فیلمی لارا کرۆفت: تۆمب ڕایدەر (٢٠٠١) بە کارەکتەری یاری ڤیدیۆیی لارا کرۆفت، ئەمە وایکرد ناو و ناوبانگی بگاتە لووتکەی کچەئەکتەرەکانی ھۆلیوود. دواتر بەردەوامی بە فیلمە ئاکشنەکانی دا بەبەشداربوونی لەفیلمەکانی؛ بەڕێز و خاتوو سمس (٢٠٠٥)، ویستراو (٢٠٠٨) و خوێ (٢٠١٠)، ھەروەھا پێشوازییەکی باشی وەرگرت لەلایەن ڕەخنەگرانەوە کاتێک لە دوو فیلمی درامی دەرکەوت بەناوەکانی؛ دڵێکی مەزن (٢٠٠٧) و منداڵی گۆڕدراو (٢٠٠٨)، کە ئەمەی دووەم، وایکرد جوولی ببێتە پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین خانمەئەکتەر. گەورەترین سەرکەوتنی بازرگانی ئەو، لە فیلمی مالیفیسنت (٢٠١٢) بوو، وە بەشێکی دووی لەساڵی (٢٠١٩). و فیلمی پاڵەوانەکانی نەمرەکان (٢٠٢١). ڕۆڵی دەنگی لە زنجیرە فیلمی ئەنیمەیشنی پاندای کۆنگ فو لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٦ بینیوە، جۆولی دەرهێنەر و نووسینی دراماکانی جەنگی لە خاکی خوێن و هەنگوین (٢٠١١)، نەشکاو (٢٠١٤) و یەکەمجار باوکمیان کوشت (٢٠١٧) بەژداری کردووە، و بەرهەمهێنانی میوزیکاڵی بێگانەکان (٢٠٢٤)، خەڵاتی تۆنی بۆ باشترین فیلمی میوزیکاڵ بەدەستهێنا.
لە پاڵ کارکردنی لەفیلم، جۆولی خەریکی کارە مرۆڤایەتییەکانە، بۆ ئەوەش خەڵاتی جان ھەرشۆلتی مرۆڤایەتی پێدراوە، ھەروەھا شانازی قەدیس میخائیل و قەدیس جۆرج (DCMG) وەرگرتووە، لەگەڵ چەند خەڵاتی دیکەش. ئەنجلینا لە چەندین بوار کاردەکات، لەوانە ژینگە، پەروەردە، مافەکانی ژنان، و دیارترین کاریشی وەک کەسایەتی چاکەکار کاردەکات لەگەڵ کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR).
وەک کەسایەتییەکی گشتی، جۆولی بەیەکێک لە کاریگەرترین کەسەکان لەنێو بواری کاتبەسەربردن (ئینتەرتەینمێنت) ی ئەمریکی دادەنرێت. بۆ چەندین ساڵ، لەلایەن چەند میدیایەکەوە بەجوانترین ژنی جیھان دادەنرا، و ژیانی ڕۆژانەشی بووە جێگای بایەخی خەڵک. ئەنجلینا لەھەریەکە لە ئەکتەران جۆنی لی میڵەر، بیلی بۆب تۆرنتن و برادپیت جیابووەتەوە؛ لەگەڵ پیت خاوەنی شەش منداڵن، کە سێ دانەیان ھەڵگیراونەتەوە لەجیھان.
سەرەتای ژیان و خێزان
ئەنجلینا جۆولی ڤۆیت لە لۆس ئەنجەلۆس، کالیفۆرنیا لەدایکبووە، ئەو کچی ھەریەک لە ئەکتەران، جۆن ڤۆیت و مارچێلین بێرتراند، ھەروەھا خووشکی ئەکتەر جەیمز ھاڤین، ھەروەھا ناسیاوی گۆرانینووس چیت تایلۆورە،[٣] ھەروەھا زەونیناس باری ڤۆیت.[٤] دایە و بابە گەورەشی ئەکتەرن، ماکسیملیان شیل و جاکلین بیسێت.[٥] خێزانی باوکی، لەبنەچەدا ئەڵمانی-سلۆڤاکین.[٦][٧] ھەروەھا خێزانی دایکی بنەڕەتیان فەڕەنسی، کەنەدی، ھۆڵەندی و ئەڵمانین.[٦] وەکو دایکی، جۆولی خۆی بە خەڵی ئیرۆکوایی دادەنێت،[٨]
دوای جیابوونەوە دایک و باوکی لە ساڵی ١٩٧٦، جۆولی و براکەی لەلای دایکیان دەمانەوە، کە ناوبراو وازی لەکاری نواندن ھێنا و سەرنجی خستە سەر گەورەکردنی مندالەکانی.[٩] دایکی جۆولی وەک پەیڕەوی کاتۆلیک گەورەکرد، بەڵام زۆری لێنەدەکرد کە بچێتە کڵێسا.[١٠] لەکاتی منداڵیدا، ئەوا لەگەڵ دایکی سەیری فیلمیان دەکرد کە ئەمە ھۆکاربووە لەگەڵ سەرکەوتنەکانی باوکی لە سینەما، کە وایان لە جۆولی کرد حەزی بچێتە نواندن،[١١] ھەربۆیە ئەوکاتەی تەمەنی پێنج ساڵان بووە، لەفیلمێکی باوکی بەناوی لووکین تو گێت ئاوت (١٩٨٢) بەشداربوو.[١٢] کاتێک جۆولی تەمەنی شەش ساڵان بوو، دایکی لەگەڵ خۆشەویستەکەی ماڵیان بردە پالیسەیدس، نیویۆرک؛ دوای پێنج ساڵ لەوە گەڕانەوە بۆ کالیفۆرنیا.[١٠] لەوکاتەدا، جۆولی بڕیاریدا بێتە ناو بواری نواندن و لە پەیمانگای شانۆیی لی ستراسبێرگ دەستی بەخوێندنکرد، لەوێ بۆ ماوەی دوو ساڵان مەشقی کرد و لەچەند بەرھەمێکیش لەسەر ستەیج بەشداریکرد.
جۆولی لە ئامادەیی بێڤرلی ھیلز دەیخوێند، لەوێ ھەستی بە خۆکەمزانی دەکرد لەبەرئەوەی، بەراورد بە قوتابییەکانی دیکە ئەوا سەرچاوەی دارایی دایکی کەمبوو. لەلایەن قوتابییەکانەوە گاڵتەی پێدەکرا، بەھۆی لەچاوکردنی چاویلکە و دانانی تێل لە ددانی.[١١] یەکەم کاری وەک نمایشکاری جلووبەرگ سەرکەوتوونەبوو.[١٣][١٤] دواتر گواسترایەوە بۆ ئامادەیی مۆرێنۆ، کە لەوێ بوو بە کەسێکی «دەرەکی و شەڕەنگێز».[١٣] لەوکاتەدا، دەستیکرد بە پۆشینی جلی ڕەش، ھەڵگرتنی چەقۆ و ژیانکردن لەگەڵ کوڕە ھاوڕێکەی.[١١] ھاوکات، وازی لە بەشداریکردن لە پۆلەکانی نواندن ھێنا، ئامانجی بوونی بە بەڕێوبەری مردووخانە دیاریکرد، بۆئەوەش لەماڵەوە لەبارەی مۆمیاکردنەوە دەیخوێند.[١٥] لە شازدە ساڵیدا، کۆتایی بە پەیوەندییە خۆشەویستییەکەی ھات، قۆناغی ئامادەیی تەواوکرد. دواتر شوقەیەکی بۆخۆی بەکرێگرت، ئەمەش پێش ئەوەی بگەڕێتەوە خوێندنی شانۆ.[٩] دواتر لە ساڵی ٢٠٠٤، لەبارەی ئەو سەردەمە جۆولی وتی «من ھێشتا و ھەمیشە لەدڵمایە، منداڵێکی شەڕەنگێز بە تاتۆیەوە.»[١٦]
کاتێک ھەرزەکاربوو، ئەوا جۆولی ھەستیدەکرد کە لەڕووی درووستکردنی پەیوەندی سۆزدارانە لەگەڵ خەڵکی باش نییە، ئەمەش وایکرد دەستبکات بە بریندارکردی خۆی،[١٧] دواتر لەمبارەیەوە وتوویەتی «لەبەر چەند ھۆکارێک، خۆم برینداردەکرد و ھەستم بە ئازار دەکرد، ڕەنگە ئەوە ھەستکردنبێت بۆ ژیان، ھەستکردنبێت بۆ ئازادی، بەجۆرێک چارەسەری منی دەکرد.»[١٨] ھەروەھا جۆولی بەدەست بێخەوی و کەمخواردن دەیناڵاند،[١٥] ھەروەھا لەتەمەنی ٢٠ ساڵیدا دەستیکرد بە حەب خواردن، لەمبارەیەوە توویەتی، «ھەموو حەبێکم بەردەستکەوتبێت بەکارمھێناوە»، ڕەنگە ھۆرینیش.[١٩] لەوکاتەی تەمەنی لەنێوان ١٩ بۆ ٢٢ ساڵانبووە، بەدەست ڕاڕایی دەیناڵاند، ھەوڵی خۆکوشتنی داوە، جارێکیان ھەوڵیداوە کە پارە بداتە بکووژێت بۆ ئەوەی بیکووژێت.[١٢] کاتێکیش تەمەنی گەیشتە ٢٤ ساڵان، تووشی پەشێویی دەروونی بووە،[٢٠] ماوەی ٧٢ کاتژمێر لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.[١٢]
جۆولی پەیوەندییەکی زۆر پتەوی لەگەڵ باوکی نەما، کاتێک ناوبراو لەخێزانەکەیان جیابوویەوە و تەمەنی جۆولی ئەوکاتە کەمتربوو لە ساڵێک،[٢١] لەم بارەیەوە وتوویەتی کە چەندجارێک بۆ بەردەم کامێرا و میدیاکان لەگەڵ باوکی دەرچوونی کردووە.[٢٢] دواتر بەھۆی یاری ڤیدیۆیی لارا کرۆفت: تۆمب ڕایدەر (٢٠٠١) بەیەکگەیشتنەوە، بەڵام دواتر بۆ جارێکی دیکە پەیوەندییەکەیان نەما.[٩] جۆولی داواکاری پێشکەش بە دادگا کرد، بەمەبەستی لابردنی پاشناوی ڤۆیت، داواکارییەکە لە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠٠٢ جێبەجێکرا.[٢٣] دواتر باوکی لە بەرنامەیەکدا دەرکەوت، ئاماژەی بەوەکرد کە جۆولی کێشەی دەروونی ھەیە.[٢٤] لەو کاتەدا دایک و براکەی، ئەوانیش ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ ڤۆیت ھەڵوەشاندەوە.[٢٥] جۆولی و باوکی، بۆ شەش ساڵ و نیو قسەیان لەگەڵ یەکتری نەکردەوە،[٢٦] بەڵام دواتر دەستیانکردەوە بەدرووستکردنی پەیوەندی، کاتێک لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٧ دایکی مرد بەھۆی شێرپەنجەوە،[٢٥] ھەروەھا ئەمە پێش سێ ساڵ بەر لەڕاگەیاندنی بەیەکگەیشتنەوەیان بوو لەبەردەم ڕاگەیەندکارەکان.[٢٥]
ژیانی کارکردن
١٩٩١–١٩٩٧: دەستپێکی کارەکان
جۆولی لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا، دەستیکرد بەکاری پیشەگەری کرد لە نواندن، بەڵام لە سەرەتادا تووشی زەحمەتی بوویەوە لە دەرچوون لە تاقیکردنەوەی ئەکتەری.[١٢] لە پێنج فیلمی 'خوێندکارانە' براکەی بەشداربوو، لەوکاتەی کە براکەی لە بەشی سینەما و تەلەڤیزیۆن دەیخوێند. ھەروەھا لە چەند بەرھەمێکی میوزیکی وەک ستاند بی مای وۆمەن (١٩٩١)ی لێنی کراڤیتز، ئەلتا ماریا (١٩٩١)ی ئەنتۆنتۆ ڤێندیتی، ئەباوت تایم (١٩٩٣)ی لێمۆنھێد و ڕۆک ئەند دریمز کەم سرو (١٩٩٣)ی میت لۆف بەشداربوو. جۆولی لەوکاتەنەدا لەگەڵ باوکی فێری شتەکان دەبوو، پەیوەندی جۆولی و باوکی لەوکاتەدا ئاسوودە نەبووە بۆ جۆولی، بەڵام وەک جۆولی ئاماژەی پێکردووە ھەردووکیان دراماکوین بوون (نواندنیان کردووە).[١١]
جۆولی لە ساڵی ١٩٩٣، دەستی بەکاری پیشەگەری کرد، کاتێک لەفیلمێکی خەیاڵی زانستی سایبورگ ٢ (١٩٩٣)، کە ڕۆبۆتێکی نزیک لە مرۆڤی گێڕا، کە درووستکراوە بۆ سیخوڕی و کوشتن. جۆولی لەئەنجامی فیلمەکە زۆر دڵتەنگبوو، ھەربۆیە بۆ ماوەی ساڵێک ھیچ تاقیکردنەوەیەکی ئەکتەری نەکردەوە.[١٢] دواتر بەفیلمی وزاوت ئڤیدنس (١٩٩٥) بەڕۆڵی پاڵپشت دەرکەوتەوە، لە ساڵی ١٩٩٥، لەیەکەم فیلمی ھۆلیووددا بەشداربوو، ئەویش بە فیلمی ھاکەرز. فیلمەکە لەڕووی داھاتەوە سەرکەوتنی بەدەست نەھێنا، بەڵام دوای دەرچوونی یاری ڤیدیۆیی لەسەری ئەوا ناوبانگ و قازانجێکی باشی پەیداکرد.[٢٧]
دواتر لەگێڕانەوەیەکی نوێی ڕۆمیۆ و جولەیت، لەفیلمی ڵۆڤ ئز ئۆڵ زێر ئز (١٩٩٦)، و فیلمێکی ڕێگا بەناوی مۆھاڤی موون (١٩٩٦)، کە بەمھۆیەوە ھۆلیوود ڕیپۆرتەر لەسەری نووسی «جۆولی، کچەئەکتەرێکە کەبەڕاستی کامێرای خۆشدەوێت، کۆمێدیا و ورووژێنەرییەکەی وادەکات کەکارەکتەری دانی ئیلۆ واز لەھەمووشتێک بھێنێت بۆ ئەوەی ھەلی مانەوەی لەگەڵ ئەودا بۆبمێنێتەوە.»[٢٨] لە فۆکسفایە (١٩٩٦) ڕۆڵی کەسێک دەگێڕێت کە لەگەڵ چوار کچی نەوجەوان یەکدەگرن لەدژی مامۆستاکەیان کە ھەراسانکردنی سێکسی لەگەڵ کردوون. جاک ماتیۆ لە لۆس ئەنجەلۆس تایمز لەبارەی ئەم دەرکەوتنە نووسی، «پێویستی بە چەپەڵییەتێکی زۆر ھەیە تاکوو ئەم کارەکتەرە بەرجەستە بکەیت، بەڵام جۆولی، کچەکەی ڤۆیت گورزی خۆی ھاوێشت و لەم ستانداردە دەرچوو.»[٢٩]
لە ساڵی ١٩٩٧، جۆولی لەفیلمێکی ھەستبزوێنی دەرھێننە دەیڤد دەچۆڤنی بەناوی پلەینگ گاد (١٩٩٧) بەشداریکرد، سێتی فیلمەکە لە شوێنی خراپەکاری لۆس ئەنجەلۆس بوو. فیلمەکە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە، ئەوەندە جێگای گرنگی نەبوو، ڕەخنەگ ڕۆبێرت ئەلبەرت بۆ شیکاگۆ سەن-تایمز نووسی، «جۆولی شوێنی خۆی لەو ڕۆڵانە دەدۆزێتەوە کە سەخت و تووندووتیژن؛ ئەو زۆر جوان دەردەکەوت وەک کچەھاوڕێی (دڵدار) مافیاکان.»[٣٠] دواتر لەفیلمی تروو وۆمەن (١٩٩٧) بەشداریکرد، فیلمەکە سەرکەوتنی بەدەستنەھێنا و بووە جێگای ڕەخنەی ڕەخنەگران.[٣١] دواتر ھەر لە ساڵی ١٩٩٧، جۆولی لە ڤیدیۆ گۆرانی (ئەنیبەدی سین مای بەیبی؟)ی ڕۆلین ستۆن دەرکەوت.[٣٢]
١٩٩٨–٢٠٠٠: سەرکەوتن
ژیانی کاکردنی جۆولی گەشەسەندی بەخۆیەوە بینی، کاتێک بووە براوەی خەڵاتی گۆڵدن گلۆب بۆ ئەو ڕۆڵگێڕانەی لە فیلمی جۆرج والاس (١٩٩٧) بینی، کە فیلمێکی ژیاننامەیییە لەسەر کاندیدی سەرۆککۆمار جۆرج والاس، لە فیلمەکەدا، جۆولی ڕۆڵی ژنی دووەمی جۆرجی بینی، کۆرنیلا والاس. فیلمەکە پێشوازییەکی باشی ڕەخنەگرانی بردەوە، لەگەڵ بەدەستھێنانی چەند خەڵاتێکیش لەوانەش خەڵاتی گۆڵدن گلۆب بۆ باشترین فیلمی تەلەفزیۆنی یان کورتەزنجیرە. ھەروەھا جۆولی بەبۆنەی ڕۆڵگێرانەکەیەوە، پاڵێوراوکرا بۆ خەڵاتی ئێمی.
یەکەم سەرکەوتنی گەورەی جۆولی، کاتێک بوو کە ڕۆڵی نمایشکاری ئەمریکی، جیا کارەنگی گێڕا لەفیلمی جیا (١٩٩٨).[٣٣] فیلمەکە باس لە لەدەستدانی ژیان و پیشەی کارەنگی دەکات لە ئەنجامی ئاڵوودەبوونی بە ھۆرین، ھەروەھا کەوتن و مردنی بەھۆی ئایدز لەناوەڕاستی ھەشتاکان. بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک، جۆولی خەڵاتی گۆڵدن گلۆبی بردەوە، پاڵێوراوی خەڵاتی ئێمی کرایەوە ھەروەھا بووە براوەی خەڵاتی سکرین ئەکتەرس گیلد.
بە پشتبەستن بە میتۆدەکەی لی ستراسبێرگ لەبارەی نواندن، ئەوا جوڵی لە سەرەتای کارەکانی، مانەوەی لەناو کارەکتەرەی ھەڵبژارد، لەئەنجامدا ناوبانگی بەوە دەرکرد کە مامەڵەکردن لەگەڵیدا قورسە. لەکاتی وێنەگرتن بۆ فیلمی جیا، ئەوا بەھاوسەرەکەی جۆنی لی میڵەر وت، کە ناتوانێت وەڵامی پەیوەندییە تەلفۆنییەکانی ئەو بداتەوە: «من تەنیام، من دەمرم، من ھاوڕەگەزخوازم؛ من بۆ چەند حەفتەیەک تۆ نابینم.»[٣٤] لەدوای تەواوکردنی وێنەگرتنی فیلمی جیا، ئەوا بۆ ماوەیەک وازی لەنواندن ھێنا، چونکە پێی وابوو «ھیچ شتێکی نییە تا پێشکەشی بکات».[١٢] دواتر لە میڵەر جیابوویەوە و ماڵی بردە نیویۆرک، لەوێ شەوانە لە زانکۆی نیویۆرک لە بواری دەرھێنان و سیناریۆنووسین دەیخوێند.[٩] دوای بردنەوەی خەڵاتی گۆڵدن گلۆب بۆ فیلمی جۆرج والاس، ھەروەھا پێشوازییە باشەکانی ڕەخنەگران بۆ فیلمی جیا، ئەوا جۆولی دەستیکردەوە بەکارکردن.[١٢] لەدوای فیلمی ھێل کیتچن (١٩٩٨)، جۆولی گەڕایەوە سەر شاشەی سینەماکان بە فیلمی پلەینگ بای ھارت (١٩٩٨)، کە لەپاڵ ھەریەکە لە شۆن کۆنەری، گیلیان ئەندەرسن و ڕایان فلیپس دەرکەوت. فیلمەکە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازی ئەرێنی لێکرا، بەتایبەت ڕۆڵی جۆولی.[٣٥] بۆ ئەو ڕۆڵەشی خەڵاتی برێکترو پێرفرۆمانسی پێدرا لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی پێداچوونەوەی فیلمەکان.
لە ساڵی ١٩٩٩، جۆولی بەشدایکرد لەفیلمی کۆمێدی-درامی پوشین تین، لەپاڵ ھەریەکە لە جۆن کیوساک، بیڵی بۆب تۆرنتن و کەیت بلانشێت. فیلمەکە بۆچوونی جیاوازی لەنێوان ڕەخنەگرەکان ھێنایە کایەوە، کارەکتەرەکەی جۆولی وەک ژنە سێکسییەکەی تۆرنتن دووچاری ڕەخنەی تایبەت بوویەوە.[٣٦] دواتر جۆولی لە فیلمێکی دەرھێنەر دێنزڵ واشینگتن، بەناوی زە بۆن کۆلێکتەر (١٩٩٩) بەشداریکرد. لە فیلمەکە ڕۆڵی ئەفسەرێکی پۆلیس دەگێڕێت کە ھەوڵی دۆزینەوەی بکووژێک دەدات. فیلمەکە لەئاستی جیھان، ١٥١٫٥ میلیۆن دۆلاری کۆکردەوە، بەڵام لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازی ئەرێنی لێنەکرا. لەمبارەیەوە ڕەخنەگر تێری لاوسن بۆ دیترۆیت فری فرێس ئاماژەی بەوەکرد «ھەرچەندە جۆولی، خۆشە دایمە سەیری بکەیت بەڵام ئەو بەرھەمە سادە و بە ھەڵبژاردنی کاستێکی ھەڵە ئەنجامدراوە.»[٣٧]
دواتر لە ساڵی ١٩٩، لەفیلمی (گێرل، ئینترەپتد) دەرکەوت بە کارەکتەرێک کە نەخۆشی ناکۆمەڵایەتیی بوونی ھەیە، چیڕۆکەکە لە ژیان و یادەوەری سوزانا کەیسن وەرگیراوە. وێڕای ئەوەی لەفیلمەکە وینۆنا ڕایدەر، ڕۆڵی سەرەکی گێڕا و چاوەڕێی گەڕانەوەیەکی باشی بۆ خۆی دەکرد، بەڵام ئەوەی زۆر سەرکەوتنی بەدەستھێنا ئەوا جۆولی بوو.[٣٨] بەھۆی فیلمەکەوە جۆولی سێیەم خەڵاتی گۆڵدن گلۆبی بردەوە، ھەروەھا دووەمین خەڵاتی سکرین ئەکتەرس گیلد، و بۆیەکەمینجار خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە وەک خانمەئەکتەری پاڵپشت. ئیمانوێل لیڤی بۆ ڤاریتی نووسی، «جۆولی نایابە بەرۆڵگێڕانی کچێکی بێباک، لە لە پزیشکەکان زۆر زیاتر بەدەم ھاوکاری و چارەسەری سوزانا کاریگەربوو.»[٣٩]
لە ساڵی ٢٠٠٠، لە فیلمی گەن ئن ٦٠ سێکەندس دەرکەوت، کە ئەوکاتە بووە پڕداھاتترین فیلمی ئەو بەکۆکردنەوەی ٢٣٧٫٢ میلیۆن دۆلاری ئەمریکی لە ئاستی جیھان.[٤٠] لە فیلمەکە، جۆولی ڕۆڵێکی ناوەندی ھەبوو، بەکارەکتەری کچە خۆشەویستی پێشووی ئوتومبێل دزێک کە لەلایەن نیکۆلاس کەیج ئەو ڕۆڵە بینرا؛ ستیفن ھەنتەر لە واشینگتن پۆست ڕەخنەی لە جوڵی گرت، «ھەموو ئەوەی ئەو پێشکەشی کرد وەستانبوو لەلایەک و نمایشکردن بوو.»[٤١] دواتر جۆولی لەبارەی ئەم فیلمە وتی، ئەم ڕۆڵەم پێویستبوو لەدوای ورووژانی ھەست و سۆزم بەفیلمی (گێرل، ئینترەپتد).
٢٠٠١–٢٠٠٤: بەناوبانگبوون
وێڕای توانای لە نواندن، جۆولی، بەڵام سەرەتا کارەکانی نەدەگەیشتنە بینەرێکی زۆر، بەڵام بەڕۆڵگێڕانی لە فیلمی لارا کرۆفت:تۆمب ڕایدەر (٢٠٠١)، ناوبانگی جیھانی بەئەو بەخشی. فیلمەکە لە یاری ڤیدیۆیی بەناوبانگ تۆمب ڕایدەر وەرگیراوە، بۆ. ڕۆڵگێران لە فیلمەکە ئەوا جۆولی پێویستی بە فێربوونی زاراوەیەکی ئینگلیزی تایبەت ھەروەھا فێربوونی ھونەری بەرگری تایبەت بۆ ئەوەی ڕۆڵی لارا کرۆفت، سەرکێشێکی شوێنەوەرناس بگێڕێت. وێڕای ئەوەی فیلمەکە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێداچوونەوەی نەرێنی وەرگرت، ئەوا جۆولی ستایشکرا بۆ خۆئامادەکارییەکەی لەڕووی جەستەیییەوە.[٤٢] فیلمەکە لەئاستی جیھان سەرکەوتنی بەدەستھێنا، توانی ٢٧٤٫٧ میلیۆن دۆلاری ئەمریکی کۆبکاتەوە،[٤٠] ھەروەھا وایکرد جۆولی لەئاستی جیھان وەک ئەستێرەی کچەئەکتەری ئاکشن ناوبانگ پەیدا بکات.
دواتر لەبەرامبەر ئانتۆیۆ باندراس ڕۆڵی سەرەکی گێڕا بەکارەکتەری بووکێک لە فیلمی ئۆریجنڵ سێن (٢٠٠١) فیلمەکە لەلایەن ڕەخنەگران و خەڵکیشەوە پێشوازی نەرێنی لێکرا. ئلڤیش میتچێل بۆ نیویۆرک تایمز پرسی، بڕیاردانی جۆولی بۆ بەدەستھێنانی ئۆسکار بۆ باشترین ڕۆڵگێڕان بە فیلمێکی ئیرۆتیکی نەرم شتێکی بۆشە.[٤٣] دواتر لەفلمی کۆمێدی-ڕۆمانسی لایف ئۆر سەمتینگ لایک ئت (٢٠٠٢) بەشداریکرد، بەھەمان شێوە ئەم فیلمەش پێشوازی لێنەکرا، وەک فیلمێکی نامۆ دیاریکرا لەنێو ھەڵبژاردەی فیلمەکانی جۆولی.[٤٤] وێڕای شکستەکانیشی لە بۆکس ئۆفیس، ئەوا جۆولی ھێشتا وەک کچەئەکتەرێکی دڵخواز مایەوە؛ لە ساڵی ٢٠٠٢، ناوی لە پێرستی گرانترین کچەئەکتەرەکانی ھۆلیوود بینییەوە،[١٦] بەوەرگرتنی ١٠–١٥ میلیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ ھەر فیلمێک لە پێنج ساڵی داھاتوو.[٤٥]
جۆولی جارێکی دیکە ڕۆڵی لارا کرۆفت دەرکەوتەوە، ئەمەش بە فیلمی لارا کرۆفت:تۆمب ڕایدەر - زە کرەدل ئۆف لایف (٢٠٠٣)، بەڵام وەک بەشی پێشوو سەرکەوتنی بەدەستنەھێنا، ئەمجارە توانی ١٥٦٫٥ میلیۆن دۆلار کۆبکاتەوە لە بۆکس ئۆفیسی جیھان. ھەر لە ٢٠٠٣، لە ڤیدیۆ گۆرانییەکی کۆرن، دەرکەوت بەناوی دید مای تایم، کە بەکاری ھێنا بۆ بەبازاڕکردنی فیلمەکەی لارا کرۆفت. فیلمی دواتر بەناوی بیۆند بۆردەرس (٢٠٠٣) بوو، کە تێیدا ڕۆڵی توێژەرێکی کۆمەڵایەتی دەبینێت کە کاردەکات لەگەڵ کارمەندێکی فریاگوزاری، کە لەلایەن کلیڤ ئۆینەوە ڕۆڵی گێردراوە. وێڕای ئەوەی فیلمەکە بەدڵی بینەر نەبوو، بەڵام یەکەم فیلمی جۆولی بوو، کە ھەڵیببژێرێت وەک ئەرکێکی مرۆڤینی.[٤٦] فیلمەکە لەلایەن ڕەخنەگرانیشەوە پەسەند نەکرا، کینێت توران لە لۆس ئەنجەلۆس تایمز ستایشی تواناکانی جۆولی کرد بۆ «ھێنانی وزە و بڕوا بەو ڕۆڵە»، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی نووسین بۆ کەسایەتی کارەکتەرەکە لاوازە.[٤٧]
لە ساڵی ٢٠٠٤، جۆولی لە چوار فیلمدا دەرکەوت، سەرەتا لەفیلمی ھەستبزوێن تەیکینگ ڵایڤز دەرکەوت، لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازی جۆراوجۆری وەرگرت. کیرک ھۆنیکەت لە ھۆلیوود ڕیپۆرتەری نووسی «جۆولی ڕۆڵێکی گێڕا، کە بێگوومان وا ھەستدەکەیت کە پێشتر ئەو ڕۆڵەی گێڕاوە، لەگەڵ ئەوەش لە جوانی و تامەزرۆبوون دانەبڕاوە.»[٤٨] جۆولی ڕۆڵێکی کەمی ھەبوو وەک فڕۆکەوانێکی جەنگاوەر لە سکای کاپتن ئەند زە وۆێلد ئۆف تومۆرۆو، فیلمەکە لە جۆری خەیاڵی-زانستی بوو، تەواوی دیمەنەکان لەناو ستۆدیۆ وێنەیان گیرا. دواتریش ئەنجلینا لە ئەنیمەیشنێکی کۆمپانیای دریم وۆرکس ئەنیمەیشن، بەناوی شارک تەیڵ بەدەنگ بەشداربوو. ھەروەھا جۆولی لەو ساڵەدا، لەفیلمی ئەلێکساندەری دەرھێنەر ئۆلیڤەر ستۆن بەڕۆڵێکی پاڵپشت بەشداریکرد، لەفیلمەکەدا جۆولی ڕۆڵی شاژنە ئۆلەمپیاسی بینی، فیلمەکە باسی ژیانی ئەلێکسەندەری مەزنی دەکرد، ھەروەھا فیلمەکە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بۆچوونی جیاوازی ھێنایە کایەوە، بەتایبەت دەربارەی قسەکردنی جۆولی بەشێوەزاری سلاڤی.[٤٤] فیلمەکە لە باکووری ئەمریکا شکستی ھێنا، کە ستۆن (دەرھێنەر) ھۆکارەکەی بۆ نیشاندانی ئەسکەندەر بە جووت ڕەگەزخواز گەڕاندەوە،[٤٩] لەگەڵ ئەوانەشدا فیلمەکە لەئاستی جیھان سەرکەوتنی بەدەستھێنا و توانی ١٦٧٫٣ میلیۆن دۆلار کۆبکاتەوە.[٤٠]
٢٠٠٥–٢٠١٠: سەرکەوتنە بازرگانییەکان
لە ساڵی ٢٠٠٥، جۆولی گەڕایەوە بۆ سەرکەوتنە بازرگانییەکانی بەبەشداریکردنی لەفیلمی مستەر & مسز سمیت، لە فیلمەکە لەبەرامبەر برادپیت ڕۆڵی سەرەکی گێڕا، چیڕۆکی فیلمەکە باسی دوو ھاوسەری بێزاربوو لەیەکتر دەکات کە دواتر بۆیان ئاشکرادەبێت ھەریەکەیان بکووژی نھێنین. فیلمەکە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بۆچوونی جیاوازی درووستکرد، بەڵام لەڕووی دەرکەوتن و نێوانی (کێمستری) برادپیت و جۆولی ئەوا ستایشکران.[٥٠] فیلمەکە توانی لەئاستی جیھان ٤٧٨٫٢ میلیۆن دۆلاری ئەمریکی بەدەستبھێننێت، ھەروەھا پلەی حەوتەمی لە پڕداھاتترین فیلمەکانی ساڵ وەرگت، تا ١٠ ساڵیش لە ڕیزی پڕداھاتترینن فیلم بۆ جۆولی مایەوە.[٤٠][٥١]
دواتر جۆولی لەفیلمی زە گوود شێفەرد (٢٠٠٦)، ڕۆڵی ژنی ئەفسەرێکی سی ئای ئەی پشتگوێخراوی گێڕا، فیلمەکە لەدەرھێنانی ڕۆبێرت دی نیڕۆیە. دواتر جۆولی ڕۆڵی مارینە پێرلی گێڕا، لە فیلمی درامی-شێوە دۆکیومێنتاری ئە مایتی ھاڕت (٢٠٠٧)، فیلمەکە باس لە ڕفاندن و کووشتنی ھاوسەرەکەی مارینە دەکات، ھەڵبژاردنی ئەکتەرانی فیلمەکە دووچاری ڕەخنەش ھاتەوە و تۆمەتی ڕەگەزپەرستیان خرایە پاڵ،[٥٢] لەگەڵ ئەوانەشدا نواندنی ئەکتەرەکان ستایش کرا.[٥٢] جۆولی بۆ ڕۆڵەکەی پاڵێوراوکرا بۆ خەڵاتی گۆڵدن گلۆب و سکرین ئەکتەرس گیلد. دواتر لەفیلمی بێوۆلف (٢٠٠٧) دەرکەوت، ئەم فیلمەیان لەڕووی ڕەخنەگران و بازرگانیشەوە سەرکەوتنی بەدەستھێنا، لەئاستی جیھان توانی ١٩٦٫٤ میلیۆن دۆلار کۆبکاتەوە.[٤٠]
لە ساڵی ٢٠٠٨، جۆولی ناوی بە گرانترین کچەئەکتەری ھۆلیوود تۆمارکرد، بە وەرگرتنی ١٥–٢٠ میلیۆن دۆلار بۆ ھەر فیلمێک.[٥٣][٥٤] ئەمەش لەوکاتەی کچەئەکتەرانی دیکە داوایان لێدەکرا کە کەمتر وەربگرن، بەڵام جۆولی جگە لەوەرگرتنی ٢٠ میلیۆن دۆلار ئەوا ڕێژەشی لە سەرکەوتنی فیلمەکە وەردەگرت.[٥٥] دواتر جۆولی لەفیلمی ئاکشنی وانتید (٢٠٠٩)، لەپاڵ ھەریەکە لە جەیمز مەکڤۆی و مۆرگان فریمەن دەرکەوت، فیلمەکە لەئاستی جیھان سەرکەوتنی باشی بەدەستھێنا، دوای ئەوەی توانی ٣٤١٫٤ میلیۆن دۆلار کۆبکاتەوە.[٤٠] فیلمەکە پێداچوونەوەی ئەرێنی وەرگرت لەلایەن ڕەخنەگرانەوە، مانھۆلا دارگیس لە نیویۆرک تایمز لەبارەی فیلمەکەوە نووسی کە «ھەڵبژاردنی (جۆولی) نایابە وەک کەسێکی تەواو تۆقێنەر و بکووژێکی نائەخلاقی دەردەکەوت،» ھەروەھا نووسیشی کە «ئەو کەسایەتییەکی ھەیە، دەتوانێت ھەر کوڕێک لە ھەرتەمەنێکدابێت بخاتە سەر ئەژنۆ یان ھیچ نەبێت لەسەر کورسی سینەما دایانیشێتنێت.»[٥٦]
جۆولی ڕۆڵی سەرەکی لەفیلمێکی دەرھێنەر کلینت ئیستوود گێڕا، فیلمەکە لەجۆری درامییە بەناوی چێنگلینگ (٢٠٠٨)، لەفیلمەکە جۆولی ڕۆڵی کریستینە کۆلینزی بینی، کە لە ساڵی ١٩٢٨ بە کوڕە ڕفێندراوەکەیدا دادەگەڕێت. بەھۆی فیلمەکەوە جۆولی پاڵێوراوکرا بۆ خەڵاتی گۆڵدن گلۆب، سکرین ئەکتەرس گیلد ئەوارد، خەڵاتی بافتا ھەروەھا خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین کچەئەکتەر. ھەر لە ٢٠٠٨، جۆولی لەبەرھەمێکی دیکەی دریم وۆرکس بەناوی کۆنگ فو پاندا بە دەنگ بەشداربوو، دواتریش لەبەشی دووەم و سێیەمی ئەم ئەنیمەیشنە لەساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٦ بەشداربوویەوە.
مردنی دایکی لە ساڵی ٢٠٠٧، ژمارەی دەرکەوتنەکانی ئەنجلینای کەمکردەوە، دواتر ڕوونی کردەوە کە ئەوشتەی کە ھانی دا ببێتە ئەکتەر لە تامەزرۆیی و ئامانجەکانی دایکی سەرچاوەی گرتبوو.[٥٧] یەکەم فیلمی دوای دووساڵ، فیلمی ساڵت (٢٠١٠) بوو. ڕۆڵی ھەواڵگرێکی سی ئای ئەی دەگێڕێت، بەڵام ڕادەکات دوای ئەوەی تۆمەتبار دەکرێت بە ھەواڵگری شانە نوستووی ڕووسیا. لە بنەڕەتدا دەقی فیلمەکە بۆ کارەکتەرێکی کوڕ نووسرابوو، کە پێشنیارکرابوو بۆ تۆم کرووز، بەڵام دواتر ڕەگەزی کارەکتەرەکە گۆڕدرا لەسەر داوای بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆلومبیا پیکچەرز، کە پێشنیاری ڕۆڵەکەی بۆ جۆولی کرد. فیلمەکە توانی ٢٩٣٫٥ میلیۆن دۆلار کۆبکاتەوە، ھەروەھا لە ئاستی جیھانیدا سەرکەووتنی بەدەستھێنا.[٤٠] فیلمەکە پێداچوونەوەی ئەرێنی بۆکرا لەلایەن ڕەخنەگرانەوە، ڕەخنەگر ویلیام تۆماس لە ئیمپایەر ننووسی، «کاتێک باسەکە دێتە سەر فرۆشی، شێتی، مەرگ، ئەوا جۆولی تەنیا چەند ھاوشێوەیەکی کەمی ھەیە لە بازرگانی ئاکشن.»[٥٨]
جۆولی لەبەرامبەر جۆنی دێپ لەفیلمی ھەستبزوێنن زە توریست (٢٠١٠) دەرکەوت. فیلمەکە شکستی ھێنا لە ڕازیکردنی ڕەخنەگران.[٥٩] وێڕای بۆچوونی خراپی ڕەخنەگران و دەستپێکێکی ھێواش لە بۆکس ئۆفیسی باکووری ئەمریکا، ئەوا فیلمەکە لەئاستی جیھان توانی ٢٧٨٫٣ میلیۆن دۆلار کۆبکاتەوە، ئەمەش خواستی جۆولی پشاندا لەئاستی جیھان.[٦٠] بۆ ئەم فیلمە پاڵێوراوکرا بۆ خەڵاتی باشترین کچەئەکتەری گۆڵدن گلۆب.
٢٠١١-ئێستا: فراوانکردنی کاری پیشگەری
لەدوای دەرھێنانی فیلمێکی بەڵگەنامەیی ئە پلەیس ئن تایم (٢٠٠٧)،[٦١] ئەوا جۆولی کاری دەرھێنانی بۆ یەکەم فیلمی خۆی کرد بەناوی ئن زە لاند ئۆف بڵەد ئەند ھەنی (٢٠١١)، چیڕۆکی فیلمەکە لەسەر خۆشەویستی نێوان سەربازێکی سڕبی و بەندکراوێکی بۆسنەیییە؛ کاتی فیلمەکە لەنێوان ساڵانی ١٩٩٢–١٩٩٦ لە جەنگی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا. ئەو بەوبڕوایە ئەو فیلمەی کرد کەببێتە سەرنجی ڕزگاربووانی جەنگەکە، ئەمەش لەدوای دووجار سەردانیکردنی بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا لەکاتی کارکردن وەک باڵیۆزی چاکەکاری کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران.[٦٢] بۆئەوەی فیلمەکە جێگای خۆی بگرێت، ئەوا لەھەڵبژاردنی ئەکتەرەکان تەنیا لە وڵاتی یۆگسلاڤیای سۆسیالیستی پێشوو، کاستەکەی ھەڵبژارد، بۆ ئەوەش ھەریەک لەئەکتەران گۆران کۆستیچ و زانا مارجانۆڤیشی ھەڵبژارد، جۆولی ئەزموونی ژیانی ئەوانی لەکاتی جەنگدا تێکەڵی سیناریۆکەی کرد.[٦٣] فیلمەکە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازی جۆراوجۆری لێکرا، تۆد مەککارتی لە ھۆلیوود ڕیپۆرتەر نووسی، «جۆولی شایەنی پیاھەڵدانی گەورەیە بۆ سازکردنی ئەم کەشە بەھێزە و گێڕانەوەی ڕووداوێکی ھەژێنەر بەم نایابییەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەگەر فیلمەکە بەھێزیش بێت بەڵام واناکات کە خەڵک بچنە سینەماوە بۆ سەیرکردنی.»[٦٤] فیلمەکە پاڵێوراوکرا بۆ بردنەوەی باشترین فیلمی بیانی لە خەڵاتەکانی گۆڵدن گلۆب، ھەروەھا جۆولی ھاوڵاتینامەی شانازی لەشاری سارایێڤۆ پێدرا، بۆ گەیاندنی پەیامی ھۆشیاری لەبارەی جەنگەوە.[٦٥]
دوای سێ ساڵ و نیو ونبوون لەسەر شاشەکان، جۆولی بە فیلمی مالیفیسنت (٢٠١٤) گەڕایەوە، بؤچوونی ڕەخنەگران لەسەر فیلمەکە جیاوازبوو، بەڵام ھەمووان کۆکبوون لەسەر باشی نواندنی جۆولی لەفیلمەکە،[٦٦] شێری ڵیندن بۆ ھۆلیوود ڕیپۆرتەر لە وەسفی جۆولیدا نووسی، ئەو " ڕۆح و دڵ"ی فیلمەکەیە.[٦٧] تەنیا لەدەستپێکی حەفتەدا، فیلمەکە توانی ٧٠ میلیۆن دۆلار لە بۆکس ئۆفیسی باکووری ئەمریکا کۆبکاتەوە، ھەروەھا ١٠٠ میلیۆن دۆلاری دیکە لە وڵاتانی جیھان. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە جۆولی لەھەموو شوێنێک بینەری ھەیە لەفیلمە ئاکشن و خەیاڵییەکان، کە زیاتر ئەم فیلمانە لەلایەن ئەکتەرە پیاوەکانەوە ئەنجامدەدرێت.[٦٨] داھاتی فیلمەکە لە جیھان گەیشتە ٧٥٧٫٨ میلیۆن دۆلار، بووە چوارەم پڕداھاتترین فیلمی ئەو ساڵە، ھەروەھا بۆ جۆولیش پڕداھاتترین فیلمی مێژووی کارکردنی.[٤٠][٦٩]
دواتر جۆولی بۆ جاری دووەم وەک دەرھێنەر کاری کردەوە، لە فیلمی ئەنبرۆکن (٢٠١٤) کە لەبارەی پالەوانێکی جەنگی جیھانی دووەم، لویز زامپێرینی (١٩١٧–٢٠١٤) دەکات، ئەستێرەی یارییەکانی ئۆڵەمپیک کە لە تیکشانی فڕۆکەیەک ڕزگاری بوو و ھەروەھا ماوەی دوو ساڵ و نیو لەنێو کەمپی زیندانییانی ژاپۆن ژیانی بەسەربرد. جۆولی ئەم فیلمەی لەژێر ناوی کۆمپانیا بەرھەمھێنانەی خۆی، پاس بەرھەمھێنا.[٧٠] فیلمەکە لەسەر کتێبی نووسەر لۆرا ھیلێنبراند وەرگیراوە و دووبارە سیناریۆی بۆکراوەتەوە لەلایەن کۆین برازەرس، ھەروەھا لەلایەن جەک ئۆکۆنێل ڕۆڵی سەرەکی گێڕدراوە.[٧١] دوای ئەوەی لە پێداچوونەوە سەرەتایییەکان پەسەندکرا، ئەوا لەوکاتەدا وەک باشترین فیلم و دەرھێنانی ساڵ سەیر دەکرا، بەڵام دواتر، بۆچوونی ڕەخنەگرانەی تێکەڵاوی لەسەر نووسرا و لە خەڵاتەکانیش کەم ناوی ھێنرا،[٧٢] لەم نێوانەشدا فیلمەکە بەباشترین فیلمی ساڵ لەلایەن کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ پێداچوونەوەی فیلم ھەروەھا لەلایەن پەیمانگای فیلمی ئەمریکی ھەڵبژێردرا.[٧٣][٧٤] لە ڕووی بازرگانیشەوە فیلمەکە، دوور لە چاوەڕوانی پێشبینیکەران بوو لە دەستپێکی حەفتە داھاتێکی کەمی کۆکردەوە،[٧٥] لە کۆتاییدا، فیلمەکە لەگشت جیھاندا زیاتر لە ١٦٣ میلیۆن دۆلاری کۆکردەوە.[٧٦]
فیلمی دواتری جۆولی وەک دەرھێنەر ئەوا فیلمی درامی بای زە سی (٢٠١٥) بوو، کە خۆی لەگەڵ ھاوسەرەکەی براد پیت ڕۆڵی سەرەکیان گێڕا، ئەمەش یەکەم دەرکەوتنیان بوو بەیەکەوە لەدوای فیلمی مستەر & مسز سمیت (٢٠٠٥) سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن جۆولی نووسرابوو، ئەم پڕۆژە فیلمە زۆر لەلای ئەو تایبەتبوو چونکە لەژیانی دایکی وەرگیراوە. سەرباری ئەوەی ڕەخنەگران بە "سەرنجڕاکێش' وەسفی فیلمەکەیان کرد، بەڵام بەگشتی پێشوازی خراپیان بۆی کرد.[٧٧][٧٨] وێڕای ئەوەی فیلمەکە لەلایەن دوو ئەکتەری ناودار ڕۆڵگێڕانی بۆکرا، بەڵام لەژمارەیەکی سینەمای دیاریکراو نمایشکرا.[٧٧]
دوا بەدوای ئەوە، جۆولی پێی باشبوو کە خۆی زیاتر تەرخان بکات بۆ کاری چەکاکاری، کارە سینەمایییەکانی بۆماوەیەک دابڕانی تێکەوت. دواتر فیلمی فێرست زەی کیلد مای فازەر (٢٠١٧)، کە فیلمێکی درامییە کە سێتی فیلمەکە لە سەردەمی خمێر سووری کەمبۆدیایە، ئەوا وایکرد بێتەوە ناو بواری سینەما و لە کارە مرۆڤینییەکانیشی بەردەوامبێت، ھەروەھا فیلمەکە لەدەرھێنانی جۆولی خۆی بوو. ھەروەھا سیناریۆکەش لەکاری ھاوبەشی جۆولی و دۆستی دێرینی لۆننگ ئونگ، کە بیرەوەرییەکانی خۆی لەو سەردەمە، بوونە ئیلھامێک بۆ نووسینی سیناریۆکە. فیلمەکە ڕاستەوخۆ بۆ تۆڕی نێتفلێکس بەرھەمھێنرا.[٧٩] ڕافێر گوزمان لە نیوزدەی سەبارەت بە وەسفی جۆولی و فیلمەکە نووسی، «ئەو بەتوانا و فیلمسازێکی ھەستیارە.»[٨٠] فیلمەکە پاڵێوراوکرا بۆ خەڵاتی گۆڵدن فلۆب و بافتا بۆ باشترین فیلمی بیانی.[٨١][٨٢]
لە ساڵی ٢٠١٩، جۆولی بەشێکی دیکە لە فیلمی خەیاڵی مالیفیسێنت: میسترێس ئۆف ئیڤڵ بەشداربوو، کە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازی لێنەکرا بەڵام لەئاستی جیھان توانی ٤٩٠ میلیۆن دۆلار کۆبکاتەوە.[٨٣][٨٤][٨٥] بڕیارە لەفیلمی داھاتوویدا، جۆولی لەپاڵ دەیڤد ئۆیلوو دەربکەوێت لەفیلمی خەیاڵی (کەم ئەوەی)، ھەروەھا بڕیارە بەشداربێت لەفیلمێکی ھەستبزوێنی دەرھێنەر تایلۆر شێریدان بەناوی زۆس ھو ویش می دێد، کە لە ڕۆمانێکی مایکڵ کۆرتیا بەھەمان ناوەوە وەرگیراوە.[٨٦][٨٧] ھەروەھا بڕیارە وەک بەرھەمھێنەر و ئەکتەر لە فیلمی سووپەرھیرۆیی زە ئیتەرنالس دەربکەوێت، کە بەرھەمی جیھانی سینەمایی مارڤڵە، لە ڕۆمانێکی جەیمز سکۆت وەرگیراوە بەناوی زە کیپت.[٨٨][٨٩]
کارە مرۆڤایەتییەکان
باڵیۆزی UNHCR
جۆڵێ کاتێک خەریکی وێنەگرتنی فیلمی لارا کرۆفت:تۆمب ڕایدەر (٢٠٠١) بوو، بەھۆی چیڕۆکی فیلمەکەوە بۆیەکەمینجار لەبارەی کاریگەرییەکانی قەیرانی مرۆڤایەتی و جەنگێک لە کەمبۆدیا زانی، ئەم ئەزموونە وای لێکرد باشتر لەجیھان تێبگات.[٩٠] کاتێک لە کەمبۆدیا گەڕایەوە ماڵەکەی، ئەوا ڕێککەوتنی کرد لەگەڵ کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR) بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی کێشە نێودەوڵەتییەکان.[٩١] بۆ ئەوەی زیاتر ئاگاداری باروودۆخی ئەو ناوچانە بێت، ئەوا دەستیکرد بە سەردانیکردنی کەمپەکانی پەنابەران لە جیھان. لە شووباتی ٢٠٠١، یەکەم سەردانی مەیدانی کرد بۆ سیرالیۆن و تەنزانیا بۆ ماوەی ١٨ ڕۆژ؛ دواتر ڕایگەیاند کە ئەو تووشی شۆکبووە بەو شتانەی کە بینیویەتی.[٩١]
"ناتوانین خۆمان بەدووربگرین لەو زانیاری و ڕاستییانەی کە بە ملیۆنان کەس ھەن ئازار دەچێژن. بەڕاستی دەەمەوێت یارمەتیدەر بم. وانازانم کە من کەسێکی جیاوازبم لە خەڵکی دیکە. وابیردەکەمەوە کە ئێمە ھەموومان دادپەروەری و یەکسانیمان دەوێت، ھەلێک بۆ ژیانێکی بەمانا. ھەموومان لەو بڕوایەداین کە ئەگەر لە باروودۆخێکی خراپدابووین ئەوا کەسێک بەھانامانەوە دێت."
—جۆولی لەبارەی ئەو پاڵنەرانەی وایکرد کار لەگەڵ یووئێن ئێچ سی ئار بکات.[٩١]
مانگی دواتر، جۆولی دەگەڕێتەوە کەمبۆدیا بۆ ماوەی دوو حەفتە، چاوی دەکەوێت بە پەنابەرە ئەفغانییەکانی پاکستان، لەوێ ١ میلیۆن دۆلار دەبەخشێت لەڕێگای یووئێن ئێچ سی ئار،[٩٢][٩٣] کە ئەمەش بەرزترین بەخشین بوو بەو ڕێکخراوە لەلایەن تاکێکەوە پێی گەیشتبێت.[٩٤] جۆولی خۆی تێچووی کار و سەردانەکانی خۆی گرتە ئەستۆ، ھەروەھا لەکاتی سەردانەکەی، لەھەمان شوێنی کارمەندەکانی دیکەی یووئێن ئێچ سی ئار دەمایەوە.[٩١] لە ٢٧ی ئابی ٢٠١١، جۆولی ناوی باڵیۆزی چاکەکاری کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران لە لقی سەرەکی دامەزراوەکە لە ژنێف وەرگرت.[٩٥] لەماوەی دە ساڵی دواتر، جۆولی سەردانی ٤٠ ناوچەی کاکردنی کرد، ھەروەھا دیدار لەگەڵ ئاوارەکانی زیاتر لە ٣٠ وڵات کرد.[٩٦] لە ساڵی ٢٠٠٢، کاتێک پرسیاری لێکرا کە ھیوای چ شتێک دەخوازێت، جۆولی وتی «ئاگاداربوون و زانین لەبارەی ئەو خەڵکە. پێموایە دەبێت ڕێز لەوان بگیرێت لەبەرامبەر ئەو شتانەی کە لێوەی ڕزگاری بوون، نابێت بەکەم سەیر بکرێن.»[٩٢] دواتر مێژووی سەردانییەکانی بۆ ئەو ناوچانە، بەشێوەی ڕیزبەند لە کتێبەکەی جۆولی نۆتس فرۆم می تراڤڵز باسکراون، کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٣ بڵاوکرایەوە کە ھاوکاتبوو لەگەڵ نمایشکردنی فیلمە مرۆڤینییەکەی بەناوی بیۆند بۆردەرس.
جۆولی ئامانجی بەردەوامی ھەبوو لەسەردانەکانی، کە خۆی پێی دەڵێت قەیرانی «فریاکەوتنەکانی لەبیرکراو» کە میدیاکان بەلاوەیان ناوە.[٩٧] دواتر تێبینی ئەوەی لێکرا، کە سەردانی ناوچەکانی جەنگ دەکات،[٩٨] لەوانە دارفور لە سودان لەکاتی ناکۆیییەکانی دارفور،[٩٩] سنووری عێراق-سووریا لەکاتی دووەم جەنگی کەنداو،[١٠٠] کە لەو ناوچانە تایبەت دیداری لەگەڵ ھێزەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ھاوپەیمان دەکرد،[١٠١] ھەروەھا پایتەختی ئەفغانستان، کابول لەکاتی جەنگ لە ئەفغانستان، کە لەکاتی سەردانەکەی سێ لە کارمەندەکانی فریاگوزاری مردن.[٩٨] بۆئەوەی لە بەشی فریاگوزاری کاربکات، ئەوا لە ساڵی ٢٠٠٤ بەشداری لە خوولی فێربوونی فڕۆکەوانی کرد، بەئامانجی گەیاندنی ھاوکاری بۆ گشت جیھان.[١٠٢] دواتر بووە خاوەنی مۆڵەتێکی فڕۆکەوانی تایبەت، ھەروەھا خاوەنی دوو فڕۆکەی یەک مەکینەیی.[١٠٣][١٠٤][١٠٥] لە ١٧ی نیسانی ٢٠١٢، لەدوای دە ساڵ خزمەتکردن لە یووئێن ئێچ سی ئار وەک باڵیۆزی چاکەکار، ئەوا پلەی جۆولی لە ڕێکخراوەکە بەرزکرایەوە بۆ نوێنەری تایبەتی ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، کە یەکەم کەس بوو ئەو پلەیە وەربگرێت. بۆ فراوانکردنی کارەکانی ئەوا مۆڵەتی کارکردنی وەک نوێنەری گۆتیرێس و ڕێکخراوەکە پێدرا بەئاستی دیپلۆماتکار، کە کارەکانیش زیاتر لەبواری قەیرانەکانی پەنابەریی خۆی دەبینێتەوە.[١٠٦] لەو مانگەی کە پلەکەی بەرزبوویەوە، ئەوا جۆولی سەردانی ئیکوادۆری کرد، لەوێ چاوی بە پەنابەرە کۆڵۆمبییەکان کەوت،[١٠٧] دواتر یاوەری گۆتیرێسی کرد بۆ گەشتێکی حەفتەیی بۆ وڵاتانی ئەردەن، لوبنان، تورکیا و عێراق بۆ زانینی باروودۆخی پەنابەرە سوورییەکان لەوڵاتانی ھاوسنووری سووریا.[١٠٨] لەوکاتەوە، جۆولی سەردانی چەندین ناوچەی دیکەی پەنابەرانی کرد، ھەروەھا بووەتە یەکێک لە پارێزەر و نوێنەری پەنابەران.[١٠٩]
پاراستن و پەرەپێدانی کۆمەڵگا
جۆولی لە ساڵی ٢٠٠٣، بۆ کوڕە کەمبۆدییە ھەڵگیراوەی خۆی، ماڵێکی لە کەمبۆدیا کڕی. ماڵەکە لە ٣٩ ھێکتار خۆی دەبینێتەوە لە باکووری ڕۆژاوای ھەرێمی باتامبانگ. جۆولی پارکێکیشی کڕی بە ڕووبەری ٦٠٬٠٠٠ ھێکتار و کردی بە شوێنێک بۆ ئاژەڵە کێوییەکان و ناوی کوڕەکەی نا، پڕۆژەی مادۆکس جۆولی.[١١٠] لەبەرامبەر ئەم کارانەیدا، پاشا نۆردۆم سیھامۆنی، لە ڕۆژی ٣١ی تەممووزی ٢٠٠٥، خەڵاتی ھاوڵاتیننامەی کەمبۆدی بەخشییە جۆولی.[١١١]
لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٦، جۆولی پڕۆژەکەی فراوانتر کرد و ناوەکەشی گۆڕی بۆ دامەزراوەی مادۆکس جۆی-پیت، بەئامانجی درووستکردنی یەکەم گوندێکی ملینیوم لە ئاسیا، بەھاوکاری بەشی ئامانجی گەشەپێدان لە یوئێن.[١١٢] ئەم بیرۆکەیەی لە ئابووریزان جێفری ساچ وەرگرت، کە دامەزرێنەری پڕۆژەی میلینیومە لە ئەمریکا، لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری جیھان، کە جۆولی وەک قسەکەرێک لەساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ بۆ کۆڕبەندەکە بانگێشت کرا. دواتریش بەیەکەوە لەگەڵ جێفری لەفیلمێکی کەناڵی ئێم تیڤی بەناوی زە دایەری ئۆف ئەنجلینا جۆولی و دۆکتۆر جێفری ساچ لە ئەفریقا بەشداربوون، کە تێیدا سەردانی گوندە میلینیومەکانی ڕۆژاوای کینیایان دەکرد. لە ناوەڕاستی ٢٠٠٧، نزیکەی ٦٠٠٠ گوندنشین، ٧٢ فەرمانبەر کە ھەندێکیان پێشتر پاسەوان بوون ئەوا بەیەکەوە دەستیان بە ژیان و کارکردن کرد لە دامەزراوەکەی جۆڵێ. لە ئەنجامی کارەکانیان توانیان، قوتابخانە، ڕێگا و کارگەری شیر درووستبکەن، کە ھەمووی لەلایەن جۆولی تێچووەکەی دابین دەکرا.[١١٠]
دوای وێنەگرتنی فیلمی بیۆند بۆردەرس (٢٠٠٣) لە نامیبیا، ئەوا جۆولی بوو بەیەکێک لە پاڵپشتییە دارایییەکان بۆ ڕێکخراوی ھەرناس وایللایف، کە ڕێکخراوێکە بۆ یارمەتیدانی ئاژەڵە کێوییە ھەتیوەکان و سەنتەرێکی پزیشکیشە لە بیابانی کەلھاری. جۆولی لەکاتی بەرھەمھێنانی فیلمەکەی، سەردانی ڕێکخراوەکەی کرد لەکاتێدا کە خەریکی ڕزگارکردنی داڵاشێک بوون.[١١٣] لە ساڵی ٢٠١٠، جۆولی و براد پیت بەیەکەوە ڕێکخراوێکیان دامەزراند لە بیابانی کەلھاری بەمەبەستی پاراستی ئاژەڵە کێوییەکان.[١١٤] بەناوی ھەڵگرتنەوەی منداڵە نامیبییەکەیان، بەیەکەوە پڕۆژەیەک گەورەی پاراستنی ئاژەڵە کێویەکانییان لەو ولاتە کردەوە لەپاڵ کردنەوەی کلینیکی تەندرووستی بەخۆڕایی، ماڵ ھەروەھا قوتابخانەیەک بۆ خەڵکی سان لە نانکوسی.[١١٥][١١٦][١١٧] ھەروەھا لە ئەیلوولی ٢٠٠٦، دوای کردنەوەی ڕێکخراوی جۆڵێ-پیت ئەوا یارمەتی دیکەی پێشکەش بە نامیبیا کرد.[١١٨]
خوێندن و منداڵانی پەنابەر
جۆولی کارەکانی دەستپێکرد بۆ بەیاساییکردنی ھاوکاریکردنی منداڵانی پەنابەر و ئەو منداڵانەی لەژێر مەترسیدان لە ئەمریکا و وڵاتانی گەشەسەندوو، لەم نێوانەشدا 'یاسای مافی پاراستنی منداڵانی بیانی بێ سەرپەرشت، ساڵی ٢٠٠٥' دەرکرد.[٩٥] لە ساڵی ٢٠٠٣، دەستیکرد بە چالاکییە مرۆڤایەتییەکانی لە پایتەختی ئەمریکا، لەمبارەیەوە وتی، «ھەرچەند حەز بەوەناکەم ھەرگیز سەردانی واشینتۆن بکەم، بەڵام ئەوە ڕێگای جووڵاندنی تۆپەکەیە.»[٩٥] لەوەتەی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٨، بووە ھاوسەرۆکی کیدز ئن نید ئۆف دیفێنس، کە تۆڕێکە بەخۆڕایی یارمەتی یاسایی کەمایەتییەکان پێشکەشدەکات لە پڕۆسەی وەرگرتنی پەنابەر لە تەواوی ئەمریکا.[١١٩]
جۆولی پارێزەری مافی خوێندنی منداڵانیشە، ئەمەش دوای دامەزرانی ڕێکخراوی دەستپێشخەری جیھانی کلینتۆن ئەوا لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوەکە، لە ئەیلوولی ٢٠٠٧، جۆولی وەک ھاوسەرۆکی خوێندنی منداڵان لە ناوچە کێشەدارەکان کاردەکات، بەمەبەستی یارمەتیدانی پڕۆگرامی خوێندن لەو ناوچانەی کە شەڕی تێدایە. لە یەکەم ساڵدا، جۆولی یارمەتی کردنەوەی پڕۆژەی خوێندنی بۆ منداڵی پەنابەرە عێراقییەکان کردەوە، ھەروەھا یارمەتییان پێشکەش بە گەنجانی دارفوور، کچانی لادێ نشینی ئەفغانستان کرد.[١٢٠] جوڵی یارمەتیشی پێشکەش بە ڕێکخراوی مەلالە فەند کردووە، کە لەلایەن مەلالە یووسفزای دامەزراوە بۆ یارمەتیدانی منداڵانی پاکستانی بۆ خوێندن،[١٢١] جوڵی وەک کەسی خۆی ٢٠٠ ھەزار دۆلاری بەخشییە ئەو ڕێکخراوە.[١٢٢]
جوڵی یارمەتی کردنەوەی بەشە ناوخۆیی کچانی لە کەمپی پەنابەرانی کاکوما داوە لە باکووری ڕۆژاوای کینیا،[١٢٣] کە لە ساڵی ٢٠٠٥ کرایەوە،[١٢٤] ھەروەھا دوو قوتابخانەی سەرەتایی لە ڕۆژھەڵاتی ئەفغانستان کردووەتەوە، کە لە ئازاری ٢٠١٠ و تشرینی دووەمی ٢٠١٢ کرانەوە.[١٢٥][١٢٦] لە ساڵی ٢٠٠٥، لە درێژەی چالاکییەکانی لە کەمبۆدیا ئەوا بەلانی کەم ١٠ قوتابخانەی کردووەتەوە.[١٢٧] لە شووباتی ٢٠٠٦، لە شاری پنۆم پێن واتە پایتەختی کەمبۆدیا، سەنتەرێکی منداڵانی بەناوی مادۆکس چیڤان کردەوە، بەمەبەستی یارمەتیدانی پزیشکی و گەیاندنی ھۆشیار بۆ ئەو منداڵانەی کە تووشی ئایدز بوون.[١١٢] جۆولی بەرھەمھێنەری بەرنامەیەکی تۆڕی بی بی سی، لەژێر ناوی جیھانی من، کە ئامانجی فێرکردنی منداڵانە کە نەکەونە ژێر پەستانی ھەواڵی درۆ و چەواشەکارییەوە.[١٢٨]
چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و ژنان
لە کانوونی دووەمی ٢٠١١، جۆولی کۆمەڵەی ھاوڕێیانی یاسایی جۆولی دامەزراند، کە تۆڕێکی فراوانی پارێزەرانە کە پشتگیری دارایی دەکرێن بۆ پارێزگاریکردن لەمافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکانیان.[١٢٩] لە کاتی بوومەلەرزەی ھایتی لە ساڵی ٢٠١٠، ھاوڕێیانی کۆمەڵەکەی جۆولی ھاوکاری بۆ پاراستن مافەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵانیان پێشکەشدەکرد، ھەروەھا لەدوای شەڕی ناوخۆیی لیبای ٢٠١١، ئەوا دەستیانکرد بە بانگەشەکردن و گەیاندنی پەیامی دیموکراسی لەو وڵاتە.[١٢٩][١٣٠][١٣١]
جۆولی بەیارمەتی حکوومەتی بەریتانیا، کەمپەینێکی لەدژی توندوتیژی سێکسی لەناوچەکانی جەنگ ئەنجامدا. دواتر لە ئایاری ٢٠١٢، دەستپێشەری بۆ ڕێگریکردنی توندوتیژی سێکسی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕاگەیاند، بەھاوکاری وەزیر ویلیام ھیگ، کە ویلیام بیرۆکەی ئەو کەمپەینەی لەفیلمەکەی جۆولی (ئن زە لاند ئۆف بڵەد ئەند ھەنی) بۆ درووستبوو.[١٣٢] دواتر ئەم باسە بووە جێگای گرنگی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی جیھانی گرووپی گی ٨، لە ساڵی ٢٠١٣. لە حوزەیرانی ٢٠١٤، جۆولی ھاوسەرۆکی کۆڕبەندێکی جیھانی کرد بۆ کۆتایی ھێنان بە توندوتیژی سێکسی لەکاتی جەنگدا، کە ئەمە گەورەترین کۆبوونەوەبووە لەسەر ئەم باسە،[١٣٣] لەئەنجامدا پڕۆتۆکۆڵێکی گرنگ نووسرایەوە کە لەلایەن ١٥١ وڵات پشتگیری کرا.[١٣٤]
خەڵات و ڕێزلێنان
جۆولی خەڵات و ڕێزلێنانی زۆری پێدراوە بەھۆی کارە مرۆڤایەتییەکانیەوە. لە ئابی ٢٠٠٢، خەڵاتی مرۆڤایەتی پێدرا لەلایەن چێرچ وۆرلد سێرڤس بۆ پڕۆگرام و چالاکییەکانی لەبواری پەنابەر و کۆچبەرانەوە.[١٣٥] لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥، خەڵاتی مرۆڤایەتی جیھانیی پێدرا لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی ئەمریکا،[١٣٦] ھەروەھا لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٧، خەڵاتی ئازادی لەلایەن کۆمیتەی ڕزگارکردنی نێودەوڵەتی پێدرا.[١٣٧] لە ساڵی ٢٠١١، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس خەڵاتی نیشانەی زێڕی بە جۆولی بەخشی بەھۆی کارکردنی لە یووئێن ئێچ سی ئار بۆ درێژترین ماوە، ھەروەھا بۆ کارکردنی لە ڕێکخراوەکە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ وەک باڵیۆزی چاکەکار.[١٣٨]
لە تشرینی دووەمی ٢٠١٣، لە ٨٦ەمین خەڵاتی ئۆسکاردا خەڵاتی جان ھەرشۆلتی مرۆڤایەتی پێبەخشرا.[١٣٩][١٤٠] لە حوزەیرانی ٢٠١٤، بەھۆی کارکردنی لەگەڵ حکوومەتی بەریتانیا، لە پڕۆگرامی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی سێکسی لەکاتی جەنگدا، ئەوا جۆولی خەڵاتی ڕێزلێنانی ئازایەتی قەدیس میخائیل و قەدیس جۆرجی پێدرا.[١٤١][١٤٢] لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، لەڕێوەڕەسمێکی تایبەتدا، لەلایەن شاژنە ئیلزابێتی دووەم، باجی ڕێزلێنانی پێدرا.[١٤٣]
ژیانی کەسی
پەیوەندی خۆشەویستی و ھاوسەرگیری
جۆولی کاتێک تەمەنی ١٤ ساڵان بوو، ئەوا لەپەیوەندییەکی ڕاستەقینەدا بوو لەگەڵ کوڕە ھاوڕێکەی. دایکی ڕێگای پێدان، کەبەیەکەوە بژین لەماڵەکەیدا، جوڵی لەمبارەیەوە وتویەتی، «دەبوو لەگەڵ کوڕە ھاوڕێکەم، بێباکانە لەسەر شەقامەکان بمێنینەوە یانیش دەبوو ئەو لەگەڵم بێتە ژووری نووستنەکەم و دایکیشم لەژوورەکەی تردا بمێنێتەوە. دایکم بڕیارەکەیدا، لەبەرئەوە من ھەموو بەیانیان زوو دەچووم بۆ قوتابخانە و بەشێوەیەکی سەلامەتانە یەکەم پەیوەندی دڵداریم کرد.»[١٤٤] جۆولی ئەو پەیوەندییەی وەک ھاوسەرگیری بەراوردەکردووە، و لەتەمەنی ١٦ ساڵیدا کاتێک جیابووەتەوە لەگەڵ کوڕە ھاوڕێکەی، ئەوا تووشی دڵتەنگی سۆزدارانە بووە، ئەمەش وایکردووە کە سەرنجی زیاتری لەسەر کاری نواندن دابنێت.[١٤٥]
لە ساڵی ١٩٩٥، لەکاتی کارکردن لەفیلمی ھاکەرز، ئەوا پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ئەکتەری بەریتانی جۆنی لی میڵەر بەست، ئەمەش یەکەم پەیوەندی خۆشەویستی جۆولی بوو لەدوای پەیوەندییەکەی لەسەردەمی ھەرزەکاری،[١٢] ئەوان لەدوای بەرھەمھێنانی فیلمەکە، ئەوەندە لەپەیوەندیدا نەمابوون، بەڵام لەپڕێکدا لە ئازاری ١٩٩٦، بەزوویی ھاوسەرگیریان کرد. لەئاھەنگی ھاوسەرگیرییەکەیدا، جۆولی بەپانتۆڵێکی ڕەشی تەسک دەرکەوت، لەگەڵ تیشێرتێکی سپی کە بەخوێن ناوی زاوای لەسەر نووسرابوو. وێڕی ئەوەی بۆ ساڵی دواتر جیابوونەوە، بەڵام بەشێوەیەکی ئاشتیانە، جۆولی لەدوای جیابوونەوەکە جارێک لەبارەی میڵەر وتی، «ئەو پیاوێکی پتەوە، ھەروەھا ھاوڕێیەکی پتەویشە.»[١٥] جیابوونەوەکەیان لەسەر داوای جۆولی لە شووباتی ١٩٩٩ دەستیپێکرد، بەکورتی بڕایەوە بەر لەوەی بۆ ساڵی دواتر جارێکی دیکە ھاوسەرگیری کردەوە.[١٤٦][١٤٧]
لەکاتی ژیانی ھاوسەرداری لەگەڵ میڵەر، جۆولی کەوتە پەیوەندی لەگەڵ کچە نمایشکار و ئەکتەر جێنی شیمیزو لە سێتی فیلمی فۆکسفایەر (١٩٩٦). دواتر لەمبارەوەی جۆولی وتی، «لەوانەبوو ئەگەر ھاوسەرگیریم لەگەڵ جێنی بکردبایە، ئەگەر پێشتر ھاوسەرگیریم لەگەڵ ھاوسەرەکەمدا نەکردبایە. من کەوتمە خۆشەویستی ئەو ھەر لەیەکەم دووەمین دیدارمان کە چاوم پێی کەوت.»[١٤٨] بە قسەی شیمیزو، ئەوا پەیوەندییەکەیان چەند ساڵێکی خایاندووە و بەردەوامبووە، تەنانەت ئەوکاتانەشی کە جۆولی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کەسانی دیکەشدا ھەبووە.[١٤٩] لە ساڵی ٢٠٠٣، کاتێک پرسیاری جووت ڕەگەزخوازبوون لە جۆولی کرا، ئەوا وتی، "بێگوومان. ئەگەر من سبەی بکەومە داوی خۆشەویستی ژنێکەوە، ئایا ھەستدەکەم کە باشبێت ماچی بکەم و دەستی لێبدەم؟ ئەگەر من کەوتبێتمە خۆشەویستی ئەوەوە؟ بێگوومان! بەڵێ!"[١٥٠]
دوای دوو مانگ لە دڵداری، جۆولی ھاوسەرگیری لەگەڵ ئەکتەر بیڵی بۆب تۆنتن کرد لە ڕۆژی ٥ی ئایاری ٢٠٠٠، لە لاس ڤێگاس. ئەوان پێشتر لە سێتی فیلمی پوشینگ تن (١٩٩٩) یەکتریان بینی بوو، بەڵام پەیوەندی خۆشەویستیان درووست نەکرد چونکە ئەوکاتە تۆرتن دەستگیرانداری خانمەئەکتەر لاورا دێرن بوو، ئەوکاتە ھەواڵی ئەوە ھەبوو کە جۆولی پەیوەندی ھەبێت لەگەڵ تیمۆتی ھەتن، کەبەیەکەوە لەفیلمی پلەینگ گاد (١٩٩٧) بەشداربوون.[١٤٧] دواتر لەکۆتاییدا، جۆولی لەگەڵ تۆرتن کرد، ئەم ھاوسەرگیرییە جێگای بایەخی ھەواڵی میدیاکان بوو.[١٥١] لە ساڵی ٢٠٠٢، جۆولی و تۆرتن ھەڵگرتنەوەی منداڵێکی کەمبۆدیان ڕاگەیاند، بەڵام دوای سێ مانگ لەیەکتری جیابوونەوە.[١٥٢] جیابوونەوەکەیان، لە ڕۆژی ٢٧ی ئازاری ٢٠٠٣ بوو بەفەرمی. دواتر کە پرسیاری ئەو جیابوونەوە لەناکاوە لە جۆولی کرا، ئەوا وتی، «ئەوە منیشی تووشی سەرسوڕمان کرد، و، چونکە لەشەوێکدا، ئێمە بەتەواوی گۆڕاین. واھەستمکرد لەڕۆژێکدا کە ھیچ شتێکی ھاوبەش کۆمان ناکاتەوە. ئەوەش ترسێنەر بوو بەڵام … وابیردەکەمەوە دەشێت ئەوە ڕووبدات کە تۆ لەناو باسەکەیت و ھێشتا خودی خۆت ناناسایت.»[١٦]
جۆولی تێوەگڵا لە بابەتێکی ئابڕووبەرانە کاتێک بەھۆکاری جیابوونەوە نێوان براد پیت و جێنیفەر ئانیستن لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥ تۆمەتبارکرا. جۆولی وتی لەکاتی فیلمی مستەر & مسس سمیت (٢٠٠٥) ئاشقی براد بووە، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە کە پەیوەندی سێکسی ھەبووبێت، لەمبارەیەوە وتی، «بۆدەبێت لە پەیوەندی سۆزدارانە لەگەڵ پیاوێکی ھاوسەرداردا بم، لەکاتێک باوکم خیانەتی لە دایکم کرد، ئەوە شتێکبوو کە ناتوانم لەبیری بکەم. ناتوانم لە بەیانیان سەریی خۆم بکەم ئەگەر ئەوە بکەم. نابمە ھۆی سەرنجڕاکێشانی پیاوێک کە ژنی ھەبیت.»[١٥٠] جۆولی و پیت ھیچ قسەیەکیان لەسەر چۆنییەتی پەیوەندییەکەیان دەرنەبڕی، تاکوو لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٦، کاتێک بەفەرمی ڕایگەیاند کە دووگیانە بە منداڵی براد.[١٥٣]
لە ماوە دوانزدە ساڵ پەیوەندییان، ھەردووکیان بوون بەباسی گرنگی میدیاکان.[١٥٤] لۆرین عەلی لە لۆز ئەنجەلۆس تایمز نووسی ئەوان یەکێک لە جوانترین کەپڵەکانی ھۆلیوود.[١٥٥] ھەردووکیان بوونە خاوەنی شەش منداڵ، کە سێیانیان ھەڵگیرابوونەوە ئەمانەش پێش نیسانی ٢٠١٢ بوو، کە لەوکاتە مارەییان ڕاگەیاند.[١٥٦] جۆولی و براد لە ٢٣ی ئابی ٢٠١٤ ھاوسەرگیریان کرد لە کۆرینس، فەڕەنسا.[١٥٧] دوابەدوای ئەوە، جۆولی پاشناوی پیت لەخۆی نا.[١٥٨] دووی دووساڵ، لە ئەیلوولی ٢٠١٦، جیابوونەوە لەیەکتری لەکاتی داوای جیابوونەوە، جۆولی داوای مانەوەی منداڵەکانی لای خۆیکرد.[١٥٩] لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨، شێوازێکی نوێ لە بەخوێکردنی منداڵەکانیان دانا.[١٦٠] لە ١٢ی نیسانی ٢٠١٩، دادگا جۆولی و براد وەک دوو کەسی سەڵت ناساندەوە.[١٦١]
منداڵەکان
جۆولی خاوەنی شەش منداڵە: سێ کوڕ و سێ کچ. لەنێو منداڵەکانی، سێ دانەیان ھەڵگیراونەتەوە لە وڵاتانی جیھان، سێ منداڵەکەی دیکەشی ھی ئەون.
لە ١٠ی ئازاری ٢٠٠٢، جۆولی یەکەم منداڵی ھەڵگرتەوە،[١٦٢] منداڵەکە حەوت مانگان بوو ئەوکاتە، ناویان نا مادۆکس چیڤان،[٢٣] لە ھەتیوخانەیەکی باتەمبانگ، لە کەمبۆدیا.[١٦٣] منداڵە لە دایکبووی ٥ی ئابی ٢٠٠١، لە ڕات ڤیبۆل، لە گوندێک.[١٥] ئەمەش دوای دوو جار سەردانیکردنی بوو بۆ کەمبۆدیا، لەکاتی وێنەگرتنی فیلمی لارا کرۆفت: تۆمب ڕایدەر (٢٠٠١) و کارەکانی لە ڕێکخراوی یووئێن ئێچ سی ئار، جۆولی لە تشرینی دووەمی ٢٠٠١، لەگەڵ ھاوسەرەکەی، بیڵی بۆب تۆرتن گەڕایەوە، لەوکاتەی کە مادۆکسیان بینی، ئەوا ھەڵیانگرتەوە وەک منداڵی خۆیان.[١٦٤] پڕۆسەی ھەڵگرتنەوەی مادۆکس کێشەی تێکەوت، ئەمەش کاتێک ئەمریکا بڕیاریدا کە ڕێگا لە ھەڵگرتنەوەی منداڵی کەمبۆدی بگرێت بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ.[١٦٤] وێڕای ئەوە لەوکاتەدا جۆولی بە فێڵکردن لە ڤیزە و پارە شووشتنەوە تۆمەتبارکرا، بەڵام پڕۆسەری ھەڵگرتنەوەی منداڵەکەی بە یاسایی بینرا.[١٦٥] کاتێک پڕۆسەی ھەڵگرتنەوەی منداڵەکە تەواوبوو، ئەوا لەگەڵ خۆیدا بردی بۆ نامیبیا، کاتێک خەریکی وێنەگرتنی فیلمی بیۆند بۆرسەرس (٢٠٠٣) بوو.[١٦٤] جۆولی و تۆرنتن بەیەکەوە ھەڵگرتنەوەی منداڵەکەیان ڕاگەیاند، بەڵام دواتر ئەو بەتەنیا منداڵەکەی ھەڵگرتەوە،[١٦٦] ئەمەش دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ بوو کە لەگەڵ تۆرنتن جیابوونەوە.[١٥٢][١٦٧]
دواتر لە ٥ی تەممووزی ٢٠٠٥، جۆولی کچێکی شەش مانگەی ھەڵگرتەوە، زەھرا مارلی، لە ھەتیوخانەیەکی ئەدیس ئەبابا لە ئەتیوبیا.[١٦٨][١٦٩] زەھرا لە ڕۆژی ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ لەدایک بووە.[١٧٠][١٧١] سەرەتا جۆولی وایزانی کە زەھرا ھەتیوێکی تووشبوو بە ئایدزە،[١٧٢] بەگوێرەی شایەتیدانی داپیرەی،[١٧٣] بەڵام کە دواتر ئەو دایکە ڕەسەنەکە لەبەردەم میدیاکان دەرکەوت، ئاشکرایکرد کە ئەو لەلایەن خێزانەکەیەوە دەرکراوە کاتێک زەھرا نەخۆش کەوتووە، ھەروەھا وتیشی کە زەھرا «زۆر بەبەختە» کە لەلایەن جۆولی ھەڵگیراوەتەوە.[١٧٠] ئەوکاتەی جۆولی لەگەڵ براد سەردانی ئەتیوبیایان کرد، ئەوکاتە زەھرایان ھەڵگرتەوە. دواتر ئاشکرایکرد ھەڵگرتنەوەی منداڵێک لە ئەتیوبیا بڕیاری ھەردووکیان بووە.[١٧٤] لەدوای ئەوەی کە براد ڕایگەیاند کە ئارەزووی ھەڵگرتنەوەی منداڵەکە ئەو دەکات، ئەوا جۆولی داوکاری یاسایی پێشکەشکرد کە نازناوەکەی لە جۆولی بگۆڕێت بۆ جۆولی-پیت، کە لە ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ بەفەرمی کرا.[١٧١] دواتریش براد مادۆکس و زەھرای ھەڵگرتەوە.[١٧٥]
بۆ ئەوەی دووربن لەچاوی میدیاکان، ئەوا ئەنجلینا و براد گەشتیانکرد بەرەو نامیبیا، بۆ لەدایکبوونی یەکەم منداڵی بایلۆژیان.[١٥٤] لە ٢٧ی ئایاری ٢٠٠٦، جۆولی کچێکی بوو بەناوی شیلۆھ.[١٧٦] جۆولی و براد، یەکەم وێنەی کچەکەیان فرۆشتە تۆڕی گێتی ئیمەیجز، بەمەبەستی بەکارھێنانی لە کاری خێرخوازی، ئەمەش لەبڕی ئەوەی وێنەگرێکی پاپارازی وێنەی بگرێت.[١٧٥] دەزگاکانی پیپڵ و ھێلۆ! وێنەکەیان کڕییەوە لە باکووری ئەمریکا و بەریتانیا بە نرخی ٤٫١ و ٣٫٥ میلیۆن دۆلاری ئەمریکی، کە ڕیکۆردێکی ئەوکاتەی فۆتۆجۆرنالیزم بوو،[١٧٧] دواتر ھەموو پارەکەش بەخشرایە یوونیسێف.[١٧٨]
لە ١٥ی ئازاری ٢٠٠٧، جۆولی کوڕێکی سێ ساڵانەی بەناوی پاکس تین، لە ھەتیوخانەیەکی شاری ھۆ چی منە، لە ڤیێتنام ھەڵگرتەوە.[١٧٩] کوڕەکە لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٣ لەدایک بوو، ھەر بە ساوایی لەلایەن دایکییەوە جێھێڵدرا بوو، لەدوای لەدایکبوونی.[١٨٠] لەدوای سەردانیکردنی ھەتیوخانەکە لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٦، جۆولی داواکاری پێشکەشکرد بەتەنیا، لەبەرئەوەی بەپێی یاسای ڤیێتنامی ڕێگا بە دوو کەس نادات بەبێ ھاوسەرگیری منداڵ ھەڵبگرنەوە.[١٧٩] لەدوای گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا، ئەوا لەڕێگای دادگاوە نازناوی کوڕەکەی لە جۆولی کردە جۆولی-پیت، کە لە ٣١ی ئایار بەفەرمی کرا.[١٨١] دواتر پیت پاکسیشی ھەڵگرتەوە لە ٢١ی شووباتی ٢٠٠٨.[١٨٢]
لە ئایاری ٢٠٠٨، لە کاتی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی فیلمی کان، جۆولی بەفەرمی باسی ئەوەیکرد کە چاوەڕێی لەدایکبوونی منداڵی دووانە دەکات. جۆولی لەکاتی منداڵبوونەکەی، بۆ دوو حەفتە چووە شاری نیس، لە فەڕەنسا. ڕۆژنامەنووس و میدیاکان لەدەرەوە کەمپیان کردبوو بۆ وێنەگرتنی منداڵەکان.[١٨٣] لە ١٢ی تەممووزی ٢٠٠٨، کوڕ و کچێکی بوو. یەکەم وێنەی دوو منداڵەکە فرۆشرایەوە دەزگاکانی پیپڵ و ھێلۆ! بەنرخی ١٤ میلیۆن دۆلار، بەمەش بووە گرانترین وێنەی مێژوویی کەسانی بەناوبانگ لەمێژوودا. دواتر پارەکەیان بەخشییە ڕێکخراوی جۆولی-پیت.[١٨٤] کوڕەکەیان ناونا نۆکس لیۆن و کچەکەش ڤیڤیان ماڕکلین.
چارەسەر و ڕێگریکردن لە شێرپەنجە
لە ١٦ی شووباتی ٢٠١٣، لەتەمەنی ٣٧ ساڵیدا جۆولی نەشتەرگەری لابردنی مەمکی کرد بۆ ڕێگریکردن لە گەشەکردنی شێرپەنجی مەمک، ئەمەش دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت ٨٧٪ ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجەی مەمکی ھەیە.[١٨٥] ھەروەھا بە وەرگرتنی نموونەی خێزانیشی، لەوانە دایکی تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک بوو، دواتر بە شێرپەنجەی ڕەحم کۆچی دواییکرد، ھەروەھا داپیرەشی بەھەمان شێوە بە شێرپەنجەی ڕەحم کۆچی دواییکرد.[١٨٦][١٨٧] پووریشی ھەمان جینی ھەبوو، دوای سێ حەفتە لە نەشتەرگەرییەکەی جۆولی ئەوا پووری بە شێرپەنجەی مەمک کۆچی دواییکرد.[١٨٨] دوای ساڵێک لەوە، لە ئازاری ٢٠١٥، ئەمجارەیان چەند چارەسەرێکی وەرگرت بۆ دوورکەوتنەوە لە نەخۆشی شێرپەنجەی ڕەحم.[١٨٧]
"بڕیارمدا چیڕۆکەکەی خۆم بەنھێنی نەھێڵمەوە چونکە ژنانێکی زۆر ھەن ڕەنگە نەزانن کە چۆن دەژین لەژێر ھەبوونی شێرپەنجە. ھیوای منیش ئەوەیە کە ئەوانیش بتوانن تاقیکردنەوەی جینات بکەن، و ئەگەر ئەوانیش مەترسی زۆریان لەسەربوو، ئەوا ئەوکاتە دەزانن کەدەبێت بڕیارێکی بەھێز بدەن."
—جۆولی لەکاتی باسکردنی ھۆکارەکانی باسکردنی نەخۆشییەکەی.[١٨٥]
لەدوای وەرگرتنی چارەسەرییە پزیشکییەکان، ئەوا جۆولی بیرووڕای خۆی لە نیویۆرک تایمز بڵاوکردەوە، لەبارەی نەخۆشییەکە، بەمەبەستی درووستکردنی ھۆشیاری تەندرووستی لەم بابەتە. لە وتارەکەیدا، جۆولی بە تێرووتەسەلی باسی نەخۆشی، نەشتەرگەری، ئەزموونی خۆی و بڕیارەکانی خۆی لەپێناو شەش منداڵەکانی نووسی.[١٨٥][١٨٧][١٨٩] جۆولی ئەوەشی نووسی، «وەک کەسی خۆم، ھیچ ھەستێک بەکەمبوونەوە لەژنێتی خۆم ناکەم. ھەست بەبەھێزی دەکەم کە ئەو بڕیارەم داوە، ئەمە ھیچ لە مێینەبوونی من کەم ناکاتەوە.»[١٨٥]
بڕیاری وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و تاقیکردنەوەی جینات، وای لەچەندین کەسی بەناوبانگکرد کە ھانی جۆولی بدەن و ستایشی بڕیاردانەکەی بکەن.[١٩٠] لەو نێوانەشدا چالاکوانانی بواری تەندرووستی، سوپاسی جۆولیان کرد بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری لەسەر بابەتەکە.[١٩١] وتار و قسەکانی جۆولی لەئاستی جیھان کاریگەری ھەبوو، ڕێژەی پشکنینکردنی ژنان بەژمارەیەکی زۆر لە ئەمریکا، ئەورووپا،[١٩٢][١٩٣][١٩٤] کەنەدا بەریتانیا و ھیندستان ڕووی لەبەرزکردنەوە کرد.[١٩٥][١٩٦][١٩٧] لە وتارەکەیدا، جۆولی باسی نرخ بەرزی ئەو تاقیکردنەوەی کرد، کە دواتر لە حوزەیرانی ٢٠١٣، لە ئەمریکا نرخەکەی دابەزێنرا بەیاسا.[١٩٨][١٩٩]
لە میدیا
کەسایەتی گشتی
لەبەر ئەوەی کچی ئەکتەر جۆن ڤۆیت بوو، ئەوا ھەر لە منداڵییەوە چاوی میدیاکانی لەسەربوو.[٢٢] لەدوای دەستپێکردنی کارەکانی، ئەوا نازناوی «منداڵی دڕندە» ی پێدرا، بەھۆی سەرکەوتنەکانی لە کۆتایییەکانی نەوەدەکان و سەرەتای ٢٠٠٠ەکان.[٢٠٠] پڕۆفایلی جۆولی لەلایەن میدیاکان پڕبوون لە ڕووماڵی حەزەکانی بۆ خوێن، چەقۆ، ئەزموونی لەگەڵ ماددە و دەرمانەکان، ژیانی سێکسی و دوو ڕەگەزخوازی.[٢٠٠][٢٠١] لە ساڵی ٢٠٠٠، لەبارەی زۆر قسەکردن لەسەر ژیانی خۆی، ئەوا جۆولی وتی، «من باسی ئەو شتانە دەکەم، کە ڕەنگە خەڵکی دیکە پێیدا تێپەڕبن، ئەمەش ئەوەیە کە دەبێت ھونەرمەندان بیکەن.»[٢٠١] یەکێک لەو دەنگدانەوە میدیایانەی لەسەر جۆولی درووستبوو، لەکاتی بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار ئەوا ماچی براکەی کرد و لە وتارەکەشی وتی «ئێستا لەخۆشەویستیدام لەگەڵ براکەم»، دوابەدوای ئەوە میدیاکان ھەواڵی خۆشەویستی نێوان خۆی و براکەیان بڵاوکردەوە، دواتر جۆولی ڕەتیکردەوە لەمبارەیەوە وتی، «بەڕاستی زۆر نائومێدانەیە کەشتێکی وا جوان و سادە، بەمشێوە ناشرینە لێکدانەوەی بۆبکرێت.»[٢٠٢] ھەروەھا وتیشی «وەک دوو منداڵ لە دایک و باوکێکی لێکجیابوویەوە، ئەوا لەکاتی پێویست پشتگیری سۆزدارانەی یەکترمان کردووە.»[١٢]
ناوبانگی جۆولی بەرەو باشی چوو، کاتێک لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا بووە باڵیۆزی چاکەکاری کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران دواتر لەمبارەیەوە وتی، «کاتیک لەسەرەتی ٢٠ ساڵیدا بووم ئەوا دەجەنگام بۆخۆم. ئێستا ئەو شەڕەنگێزییە لەمندا ھەیە دەیبەمە واشینتۆن، و بۆ شتێکی گرنگ دەجەنگم.»[٩٥] بەھۆی چالاکییەکانییەوە ناوبانگی بەربڵاوتربوو بەجۆرێک لە ساڵی ٢٠٠٦، لەلای ٨١٪ ئەمریکییەکان ناسراوبوو، بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٠، لەلای ٣١٪ خەڵکی ئەمریکا دەناسرا.[٩٥] جۆولی تایبەتمەندی ئەوەی لێ بەدیکرا کە توانای ھەیە کاریگەربوونی خۆی لەبەردەم میدیا بەشێوەی ئەرێنی نیشان بدات، بەبێ ئەوەی کارمەندی ھیچ دەزگایەک و بڵاوکراوەیەک بێت.[٢٠٣] بەپێی ڕاپرسییەکی یووگۆڤ، ئەوا جۆولی ڕێزلێگیراوترین خانم بۆ ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دەرچوو لەئاستی جیھان.[٢٠٤][٢٠٥]
لە ساڵی ٢٠٠٦، کارەکانی لەگەڵ مۆدێلەکانی جلووبەر پەرەی سەند، لە ساڵی ٢٠١١، ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ کۆمپانیای جوانکاری لویز ڤویتن، بە ١٠ میلیۆن دۆلار مەزەندەکراوە، کە ئەمە ڕیکۆردی ڕێکلامکردنی ئەو کاتەبوو.[٢٠٦][٢٠٧] جۆولی لەلایەن گۆڤاری تایم بەیەکێک لە ١٠٠ کاریگەرترین کەسایەتی ساڵ ھەڵبژێدرا لە ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٨.[٢٠٨][٢٠٩] ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٩، ناوی لە ١٠٠ کەسایەتییە بەناوبانگەکەی فۆربیس ھات، ھەروەھا ناوی وەک کاریگەرترین کچەئەکتەر فۆربیس بۆ ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٨ ھەروەھا ٢٠١١ بۆ ٢٠١٣ ھات.[٢١٠][٢١١] ھەروەھا فۆڕبیس ناوی ئەوی وەک گرانترین خانمەئەکتەری ھۆلیوود لە ساڵانی ٢٠٠٩، ٢٠١١ و ٢٠١٣ ھێناوە، بەنزیکی وەرگرتنی داھاتی ساڵانەی ٢٧ میلیۆن، ٣٠ میلیۆن، و ٣٣ میلیۆن دۆلاری ئەمریکی.[٦٠][٢١٢][٢١٣]
دەرکەوتن
جۆولی وەک کەسایەتی خۆی بە دەرکەوتی جوان و سێکسی دەناسرێتەوە.[٢١٤] چەندین میدیا لەوانە ڤۆگ، پیپڵ، ڤینیتی فەیر ئەوا ناوی جۆولیان وەک جوانترین ژنی جیھان داناوە. لەبەرامبەردا ھەریەکە لە ئسکوایر، ئێف ئێچ ئێم و ئیمپایەر، ناوی جۆولی بە ورووژێنەرترین ژنی زیندووی جیھان ھێناوە، ھەردوو نازناوەکە لەڕێگای ڕاپرسی ناو خەڵک بەدەست ھاتوون، کە زۆربەی کات جۆولی لەپێشەوەی کچەئەکتەرانی دیکە بووە.[٢١٥] دیارترین شوێنەکانی جەستەی جۆولی تاتۆ، چاوەکانی، بەتایبەت لێوی، کە بەپێی نیویۆرک تایمز دەم و ددانی لە کیرک دۆگلاس و چاوەکانیشی بە بیتی داڤیس دەچێت.[٢١٦] نزیکەی ٢٠ تاتۆ لەسەر جەستەی جۆولی ھەیە، یەکێکیان نزایەکی بودیزمییە بەزمانی سانسکریتی کۆن نووسراوە بۆ پاراستنی.[٢١٧][٢١٨] لە تاتۆیەکی دیکەش بە ١٢ ئینج وێنەی پڵنگێک ھەیە، ھەروەھا وێنەی نەخشەی ئەو شوێنانەی بەتاتۆ کردووە کە منداڵەکانی بۆیەکەمجار لێ بینیون.[٢١٩] بەتێپەڕبوونی ھەندێک کات، بەلێزەر ھەندێ لە تاتۆکانی لابردووە، یەکێک لەوانە کە نووسرابوو «بیلی بۆب»، کە ناوی دووەم ھاوسەری بوو.[٢١٧]
لە ڕووی پیشەگەرییەوە، بوونی جۆولی بە ھێمای سێکس بووەتە یەکێک لە تایبەتمەندییەکان بۆئەو، لەنێو باشترین سەرکەوتنەکانی ئەو لە بۆکس ئۆفیس لەوانە لارا کرۆف:تۆمب ڕایدەر و بیوولف، ئەوا دەرکەوتنە ورووژێنەرەکانی ئەو کاریگەری ھەبوو لەسەر سەرکەوتنی ئەم فیلمانە.[٢٢٠][٢٢١] لەگەڵ ئەوەشدا کلینت ئێسوود، دەرھێنەری فیلمی چەنجلینگی ئەنجلینایە، لە بۆچوونێکیدا نووسی، «ھەندێک جار، جوانترین ڕووخسارت ھەبێت لەم گەردوونە، ئەوا دەبێتە ھۆی زیانگەیاندن بە نواندن و دراماتیکبوون لەگەڵ بینەر.»[٢٢٢] کاریگەری ڕووخسار و جەستەی جۆولی لە جیھانی ڕۆژاوا وای لە کۆمەڵێک ژنی دیکە کرد، دەستبکەن بە نەشتەرگەری جوانکاری. لە ساڵی ٢٠٠٧، جۆولی وەک ستانداردی جوانی جیھانی دیاریکرا.[٢٢٣][٢٢٤]
فیلمۆگرافی
خەڵات و پاڵێوراوبوون
ساڵ | خەڵات | پۆلین | فیلم | ئەنجام |
---|---|---|---|---|
١٩٩٨ | خەڵاتی ئێمی | باشترین کچەئەکتەر - لە فیلم یان کورتەزنجیرەی تەلەفزیۆنی[٢٢٥] | جۆرج والاس | پاڵێوراو |
١٩٩٨ | خەڵاتی گۆڵدن گلۆب | باشترین کچەئەکتەر - لە فیلم یان کورتەزنجیرەی تەلەفزیۆنی[٢٢٦] | براوە | |
١٩٩٨ | خەڵاتی ئێمی | باشترین کچەئەکتەر - لە فیلم یان کورتەزنجیرەی تەلەفزیۆنی[٢٢٧] | جیا | پاڵێوراو |
١٩٩٩ | خەڵاتی گۆڵدن گلۆب | باشترین کچەئەکتەر - لە فیلم یان کورتەزنجیرەی تەلەفزیۆنی[٢٢٦] | براوە | |
١٩٩٩ | خەڵاتی سکرین ئەکتەرس گیلد | باشترین کچەئەکتەر - لە فیلم یان کورتەزنجیرەی تەلەفزیۆنی[٢٢٨] | براوە | |
٢٠٠٠ | خەڵاتی ئۆسکار | باشترین کچەئەکتەری پاڵپشت[٢٢٩] | گێرل، ئینترەپتد | براوە |
٢٠٠٠ | خەڵاتی گۆڵدن گلۆب | باشترین کچەئەکتەری پاڵپشت[٢٢٦] | براوە | |
٢٠٠٠ | خەڵاتی سکرین ئەکتەرس گیلد | باشترین کچەئەکتەر[٢٣٠] | براوە | |
٢٠٠٨ | خەڵاتی گۆڵدن گلۆب | باشترین کچەئەکتەر - لە ڕۆڵی درامی[٢٢٦] | ئە مایتی ھارت | پاڵێوراو |
٢٠٠٨ | خەڵاتی سکرین ئەکتەرس گیلد | باشترین کچەئەکتەر[٢٣١] | پاڵێوراو | |
٢٠٠٩ | خەڵاتی ئۆسکار | باشترین کچەئەکتەر[٢٣٢] | چێنجلین | پاڵێوراو |
٢٠٠٩ | خەڵاتی بافتا | باشترین کچەئەکتەر[٢٣٣] | پاڵێوراو | |
٢٠٠٩ | خەڵاتی گۆڵدن گلۆب | باشترین کچەئەکتەر – لەفیلمی درامی[٢٢٦] | پاڵێوراو | |
٢٠٠٩ | خەڵاتی سکرین ئەکتەرس گیلد | باشترین ڕۆڵی کچەئەکتەر[٢٣٤] | پاڵێوراو | |
٢٠١١ | خەڵاتی گۆڵدن گلۆب | باشترین کچەئەکتەر- لەفیلمی کۆمێدی یان میوزیکال[٢٢٦] | زە توریست | پاڵێوراو |
٢٠١٢ | خەڵاتی گۆڵدن گلۆب | باشترین فیلم بەزمانی بیانی[٢٢٦] | ئن زە لاند ئۆف بلەد ئەند ھەنی | پاڵێوراو |
٢٠١٨ | خەڵاتی بافتا | باشترین فیلم نائینگلیزی | فێرست زەی کیلد مای فازەر | پاڵێوراو |
٢٠١٨ | خەڵاتی گۆڵدن گلۆب | باشترین فیلمی بیانی | پاڵێوراو | |
سەرچاوەکان
Wikiwand in your browser!
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.