کەسایەتییەکی مێژوویی From Wikipedia, the free encyclopedia
ئانیلیس ماری 'ئانە' فرانک (ئەڵمانی: [ˈanəˌliːs maˈʁiː ˈfʁaŋk]، وەشانی کورت: [ˈanə ˈfʁaŋk] ( گوێگرتن)، ھۆڵەندی: [ˈɑnəˌlis maːˈri ˈfrɑŋk]؛ لەدایکبووی ١٢ی حوزەیرانی ١٩٢٩ – مردووی شوبات یان ئازاری ١٩٤٥)[1] جوولەکەیەکی ئەڵمانی-ھۆڵەندی بوو، بەیەکیک لە باسکراوترین کەس لە ناو قوربانیانی ھۆڵۆکۆست دادەنرێت. بەنووسینەوەی یادەوەرییەکانی ناوبانگی لەدوای مردنی دەرکرد، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی بیرەوەرییەکانی کچێکی گەنج (ناوە ڕەسەنەکەی: Het Achterhuis)، کە بەڵگەنامەی ژیانی خوشاردنەوەیەی بوو لە ساڵانی ١٩٤٢ بۆ ١٩٤٤، لەکاتی داگیرکردنی ھۆڵەندا لەلایەن ئەڵمانیا لەسەردەمی جەنگی جیھانیی دووەم. کتێبەکەی ئانە بەیەکێک لە بەناوبانگترین کتێبەکانی جیھان دادەنرێت، ھەروەھا بووەتە سەرچاوەی کۆمەڵێک شانۆگەری و فیلم.
ئانە فرانک | |
---|---|
لەدایکبوون | ئانیلیس ماری 'ئان' فرانک ١٢ی حوزەیرانی ١٩٢٩ فرانکفورت، پروسیا، کۆماری ویمار |
مردن | شوبات یان ئازاری ١٩٤٥ (١٥ ساڵان) کەمپی بێرگن بیلسن، ڕۆژھەڵاتی ھانۆڤەر، ئەڵمانیای نازی |
گۆڕ (گڵکۆ) | کەمپی کەمپی بێرگن بیلسن، ساکسۆنیای خواروو، ئەڵمانیا |
پیشە | یادەوەرینووس |
زمان | ھۆڵەندی |
ھاووڵاتی |
|
خزم(ەکان) |
|
واژوو |
ئان لەدایکبووی فرانکفۆرت، ئەڵمانیایە بەڵام زۆربەی ژیانی لەناو یان ننزیک ئەمستەردام، ھۆڵەندا بەسەربردووە. ئانە تەمەنی چوار ساڵان بووە، کاتێک خێزانەکەی لە ئەڵمانیاوە چوونەتە ھۆڵەندا، لەکاتی گەیشتنە دەسەڵاتی نازییەکان. لە ساڵی ١٩٤١، ھاوڵاتینامەی ئەڵمانی لێسەندرایەوە، بەمەش بووە کەسێکی بێوڵات. لە ئایاری ١٩٤٠، ئانە لە ئەمستەردام گیری خوارد، ئەمەش دوای داگیرکردنی ھۆڵەندا لەلایەن ئەلمانیای نازییەوە. لەدوای زیادبوونی مەترسی و کۆمەڵکووژی گەلی جوو، ئەوا ئانە لە ژوورێکی نھێنی خۆی شاردەوە، کە لە پشت کتێبخانەیەکدا بوو، ژوورەکە لە ھەمان ئەو باڵەخانەیەدا بوو کە باوکی، ئۆتۆ فرانک کاری لێ دەکرد. لەوکاتەوە تاکوو گیرانی خێزانەکەی لەلایەن گێستاپۆکان لە ئابی ١٩٤٤، ئەو خەریکی نووسین و پاراستنی یادنامەیەکی بوو کە بەدیاری پێی درابوو، بەشێوەیەکی ڕێک و بەردەوام لێی دەنووسی. دوا بەدوای گیرانیان ئەوا خێزانی فڕاک برانە کەمپی زۆرەملێی نازییەکان. لە تشرینی یەکەم یان دووەمی ١٩٤٤، ئانە لەگەڵ خووشکەکەی مارگۆت، لە کەمپی ئاشڤیتز گواسترانەوە بۆ کەمپی بێرگن بیلسن، کە دوای چەند مانگێک، لەوێ مردن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی نزیککراوەی خاچی سوور، ئەوا لە مانگی ئازار مردن، دەسەڵاتی ھۆڵەندا مردنی ئەوانی بە ٣١ی ئازار وەک ڕۆژی فەرمی مردنی ئانە دانا، بەڵام دواتر لە ساڵی ٢٠١٥، بەپێی توێژینەوەیەکی خانەی ئانە فرانک ئەوا پێدەچێت مردنی لە مانگی شوبات بووبێت.[1]
ئۆتۆ، تاکە ڕزگاربووی خێزانەکەی بوو، کە لەدوای جەنگ گەڕایەوە ئەمستەردام وە بینی یادەوەری ئانە لەلایەن سکرتێرەکەیەوە پارێزگاری لێکراوە، میپ گیس کە دواتر بە ھەوڵی ئۆتۆ وەک کتێب لە ساڵی ١٩٤٧ چاپکرا. یادەوەرییەکە بەزمانی ھۆڵەندی نووسرابوو، دواتر لە ساڵی ١٩٥٢ وەرگێڕانی بۆکرایە سەر زمانی ئینگلیزی و تا ئێستا بۆ زیاتر لە ٧٠ زمان وەرگێڕانی بۆکراوە.
ئانیلیس ماری 'ئانە' فرانک[2] لە دایکبووی ١٢ی حوزەیرانی ١٩٢٩، لە کلینیکیکی خاچی سوور[3] لە فرانکفۆرت، ئەڵمانیا. دایکی ناوی ئیدیت بوو، باوکیشی ئۆتۆ، ھەروەھا خووشکێکی لەخۆی گەورەتری ھەبوو، بەناوی مارگۆت.[4] خێزانی فرانک، جوولەکەی لیبڕالی بوون، ھەموو ڕێوەڕەسمێکی جوولەکایەتیان نەدەکرد.[5] ئیدت و ئۆتۆ کەسی بڕواداربوون، کە زیاتر ھەوڵی فێربوونیان دەدا و خاوەنی کتێبخانەیەکی گەورەش بوون؛ ھەردووکیان ھانی منداڵەکانیان دەدا تا بخوێننەوە.[6] [7] لەکاتی لەدایکبوونی ئان، خێزانەکە لە ماڵەکەیان لە مارباچوگ ٣٠٧ دەژیان، کە دوو نھۆمیان بەکرێ گرتبوو. لە ساڵی ١٩٣١ خێزانەکە چوونە گەڕەکێکی مۆدێرن و لیبراڵ کەپێی دەگوترا گەڕەکی شیعر (Dichterviertel). ھەردوو ماڵەکە ھەتا ئێستاش ماون.[8]
لە ساڵی ١٩٣٣، دوای بردنەوەی حیزبی نازی بە سەرکردایەتی ھیتلەر لە ھەڵبژاردنەکان، ئەوا ھیتلەر کرایە ڕاوێژکاری وڵات، لەوکاتەدا ئانە لەگەڵ دایک و خووشکەکەی لە ماڵی داپیرەی لە ئاخن دەژیان، باوکیشی لە فرانکفۆرت بوو بەڵام دوای وەرگرتنی پێشنیارێکی کارکردن لە ئەمستەردام ئەوا بڕیاریاندا ماڵەکەیان بگوازنەوە ئەو شارە، سەرەتا ئۆتۆ بەتەنیا چوو، بۆئەوەی کارەکانی و شوێنی مانەوە بۆ خێزانەکەی دابین بکات.[9] ئۆتۆ دەستیکرد بەکارکردن لە کۆمپانیای ئۆپێکتا. دواتر خێزانەکە شوێنێکیان لەگەڕەکی ڕیڤەرنبەرت دۆزییەوە، کە پەنابەرێکی زۆری جووی ئەڵمانی لەوێ نیشتەجێ ببوون.[10] لە کانوونی یەکەمی ١٩٣٣، ئیدت و مارگۆت چوونە لای ئۆتۆ لە ھۆڵەندا، بەڵام ئانە لەلای داپیرەی مایەوە تاکوو مانگی شوبات، کە لەو کاتەدا خێزانەکە یەکیانگرتەوە لە ھۆڵەندا.[11] خێزانی فرانک لەناو ئەو ٣٠٠ ھەزار جوولەکەدا بوون کە لەساڵانی ١٩٣٣ بۆ ١٩٣٩ کۆچیانکرد.[12]
لەدوای چوونە ئەمستەردام، ئەوا ئانە و مارگۆت لە قوتابخانە وەرگیران، مارگۆت چووە قوتابخانەی حکومی ھەروەھا ئانە چوو بۆ قوتابخانەیەکی مۆنیتسۆری. وێرای کێشە سەرەتایییەکانی لەگەڵ زمانی ھۆڵەندی، ئەوا مارگرێت بووە قوتابییەکی زیرەک لە ئەمستەردام. ئانە لەماڵەوە خوێندنی مۆنتیسۆری دەکرد و منداڵانی ھاوتەمەنی خۆی دەبینی، یەکێک لەوانەش ھانا گۆسلار بوو کە دواتر بوونە باشترین ھاوڕێی یەکتر.[13]
لە ساڵی ١٩٣٨، ئۆتۆ فرانک لەگەڵ کۆمپانیای دووەمی دەستی بەکارکردن کرد، بەناوی پێکتاکۆن، کە لە بەرھەمھێنانی سۆسەچ کاریان دەکرد.[14][15] ھێرمان ڤان پیلس لە کۆمپانیای پێکتاکۆن وەک ڕاوێژکاری بەرھەمھێنانی بیبەر کاری دەکرد، ئەو گۆشتفرۆشێکی جوولەکە بوو، کە لەگەڵ خێزانەکەی ئەڵمانیاوە ھاتبوون.[15] لە ساڵی ١٩٣٩، داپیرەی ئانە ھاتە ھۆڵەندا و لەگەڵ خێزانی فرانک ژیا تاکوو مردنی لە کانوونی دووەمی ١٩٤٢.[16]
لە ئایاری ١٩٤٠، ئەڵمانیا ھۆڵەندای داگیرکرد، حکوومەتی داگیرکەر دەستیکرد بە گرتن و کۆکردنەوەی جوولەکەکان بەپێی یاسای جیاکاری و سنووردارکردن.[16] لەوکاتەدا ئۆتۆ فرانک ھەوڵی کۆچکردنی خێزانەکەیدا بۆ ئەمریکا، ئەو شوێنەی کەدەکرا لێوەی بەسەلامەتی بژین[17] - بەڵام پڕۆسەی وەرگرتنی ڤیزە بۆ خێزانی فرانک نەچووە باری جێبەجێکردنەوە، چونکە بەھۆی ڕەوشەوەکەوە کە بووە ھۆی داخرانی کونسڵخانەی ئەمریکا لە ڕووەتەردام و ونبوونی ھەموو کاغەزەکان لەوێ، لەنێویشاندا داواکارییەکانی فیزە.[18] ئەگەر پڕۆسەکە جێ بەجێش کرابووایە ئەوا لەوکاتەدا، ئەمریکا بەچاوی دۆست و سیخوڕی ئەڵمانیای نازی لەو خەڵکەی دەڕوانی.[17]
بۆ یادی ١٣ ساڵەی لەدایکبوونی لە ١٢ی حوزەیرانی ١٩٤٢، ئانە کتێبێکی پێگەیشت کە پێشتر لەگەڵ باوکی/دایکی لە کتێب فرۆشێک کڕیبووی،[19] کتێبەکە کتێبێکی ئۆتۆگراف بوو، کە بەقوماشێکی سوور و سپی دەور درابوو لەگەڵ قوفلێکی بچووک لە بەرگی پێشەوەی.[20] ئانە بڕیاردا وەک دەفتەری یادەوەری بەکاری بھێنێت،[21] زوو دەستیشی کرد بەنووسین. لەیەکم نووسینی لە ١٦ی تەممووزی ١٩٤٢، ناوی پێرستی ئەو شوێنانەی نووسی کە لە جوولەکە ھۆڵەندییەکان قەدەغەکرابوو.[22]
ئۆتۆ و ئدیت پلانی خۆشاردنەوەیان لەگەڵ منداڵەکانیان دانا بۆ ڕۆژی ١٦ی تەممووزی ١٩٤٢، بەڵام کاتێک مارگۆت ئاگادارییەکی پێگەیشت لە نووسینگەی ناوەی بۆ کۆچبەرە جووەکان لە ٥ی تەممووز، کە تێیدا فەرمان دەکات بۆ ڕاگوزاستنیان بۆ کەمپی کارکردن. ئەمەش ناچاری کردن کە ١٠ ڕۆژ زووتر پلانەکەیان جێبەجێ بکەن.[23] بەماوەیەکی کورت بەرلەوەی خۆیان حەشاربدەن، ئانە کتێبێک، دەستەیەک چا لەگەڵ کۆمەڵێک کەللا و مۆری بەخشییە کچە ھاوڕێ دراوسێکەی، تووسج کوپەرس. لە ٦ی تەممووز، خێزانی فرانک ڕۆیشتن و تێبینییەکیان بۆ ماڵی کوپەرس جێھیشت تاکوو ئاگاداری پشیلەکەیان موورجی ببن. وەک ئەسۆشییەتد پرێس نووسیویەتی، ئانە بە تووسج وتووە: "من نیگەرانی کەللاکانی خۆمم کە بکەوێتە دەستێکی ھەڵەوە، دەتوانیت بۆ ماوەیەک ئاگاداریان بیت؟"[24]
لە بەرەبەیانی دووشەممە، ٦ی تەممووزی ١٩٤٢،[25] خێزانی فرانک چوونە شوێنە شاراوەکەی خۆیان، شوێنەکەیان بە ئەختەرھایس ناوی دەرکرد. شوقەکەیان بە شێواوی جێھێشت، بۆئەوەی وا نیشانی بدەن کە لە پڕێکدا ڕۆیشتوون، ھەروەھا ئۆتۆ تێبینییەکی جێھێشت کە ئەوان دەڕۆن بۆ سوویسرا، ھەروەھا بۆ پاراستنیان پشیلەکە، مۆرتیان جێھێشتووە. لەبەر ئەوە جووەکان بۆیان نەبوو کە ھۆکارەکانی گواستنەوە بەکاربھێنن، ئەوا دەبوو بەپێ چەند کیلۆمەترێک بڕۆن.[26] دواتر دەرگای ئەختەرھایسەکە بە کتێبخانەیەک داپۆشرا بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە نەدۆزرێتەوە.[27]
ڤیکتۆر کوگلەر، یۆھانز کلیمان، میب گیس، بیپ ڤۆسکویل ئەو فەرمانبەرانەبوون کە لەبارەی خۆشاردنەوەکە دەیاننزانی. ھەروەھا مێردەکەی گیس جان گیس و باوکی ڤۆسکویل جۆناس ھاندریک ڤۆسکویل. ئەوان یارمەتیدەری خێزانی فرانک بوون لەکاتی خۆشاردنەوەیان. ئەوان تاکە سەرچاوەی خێزانەکە بوون بۆ جیھانی دەرەوە، بەردەوام ھەواڵی سیاسیی و گۆڕانکارییەکانیان پێ ڕادەگەیاندن. ھەموو پێداویستییەکیان بۆ دابیندەکردن، لە خواردن و پێویستی دیکە، ئەم ئەرکە بەتێپەڕبوونی کات دژوارتر دەبوو، فرانک لەبارەی ھەوڵ و کۆششی ئەوانەوە نووسیویەتی، کە ھەمووان دەیانزانی ئەگەر ئاشکرا ببن ئەوا دەکووژرێن بەتۆمەتی شاردنەوەی جووەکان.[28]
لە ١٣ی تەممووزی ١٩٤٢، خێزانی ڤان پیلس ھاتنە شوێنە شاراوەکەی خێزانی فرانک، کە پێکدەھات لە ھێرمان، ئۆگەست و پیتەری ١٦ ساڵان. ھەروەھا لە تشرینی دووەم، فریتز پفیفەر، کە پزیشکێکی ددانساز و ھاوڕێی خێزانەکە بوو. فرانک لەمبارەیەوە نووسی، کە ئەو دڵخۆشە بە ھاتنی کەسانی دیکە بۆ قسەکردن لەگەڵیان بەڵام کاتێک باروودۆخەکان بەرەو دژوارتر دەچوون ئەوا بەو ھەموو خەڵکەوە ناچاربوون لە شوێنێکی بچووکدا بژین. کاتێک ئانە ژوورەکەی لەگەڵ دکتۆر ھاوبەشکرد، ئەوا بەکەسێکی بێزارکەر و زۆربڵێ دانا،[29] ھەروەھا لە ڕووبەڕووبونەوەی ئۆگەست ڤان پیلس ئەوی وەک گەمژە بینی، وە ھێرمان و فیرتز وەک دوو کەسی خۆویست، بەتایبەت لەو خواردنانەی کە لەبەردەستیان دابوو.[30] ھەروەھا ئانە شەرم و ڕێزی لە پیتەر بینی، کە دواتر پەیوەندی خۆشەویستی لەنیوانیان درووستبوو. یەکەم ماچی ئانە لەگەڵ پیتەر بوو، بەلام دڵدارییەکەی بۆ پیتەر بەرەو کەمی چوو کە پرسیاری لەخۆی کرد، کە خۆشەویستییەکەی بۆ پیتەر ڕاستییە یان بەھۆی باروودۆخ و ھاوبەشیکردنی ماڵەکە بووە.[31] ئانە پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ ھاوکارەکانی باڵەخانە ھەبوو، لە ئۆتۆ فرانک لەبارەیەوە تێبینی کرد کە ئانە ھیچ ئۆقرەیەکی نییە بۆ قسەکردنی ڕۆژانە لەگەڵ ھاوکارەکانی سەرەوە. ھەروەھا تێبینی کرد کە ئانە لەگەڵ بیپ ڤۆسکویل ھاوڕێیەتی درووستکردووە و بە چپە قسەیان لەگەڵ یەکتر دەکرد لە گۆشەکان.[32]
لە نووسینەکانی، فرانک باسی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی دەکات و جیاوازییە گەورەکانیان لە ڕووی کەسایەتییەوە خستووەتە ڕوو. ئانە خۆی بەنزیکتر لەباوکی دەزانێت لەڕووی سۆزەوە، دواتر باوکی وتی، «من لە ئانە نزیکتربووم لەوەی مارگۆت، چونکە ئەو لەدایکییەوە نزیکتربوو. ڕەنگە ھۆکارەکەشی ئەوەبێت کە مارگۆت بەدەگمەن ھەست و سۆزەکانی دەربڕیبێت یان پێویستی بەیارمەتی بووبێت ھاوشێوەی ئان.»[33] دوو خووشکەکە پەیوەندییەکی باشتریان ھەبوو بەرلەوەی بچنە شوێنە نھێنییەکەیان، ھەروەھا ئانە زۆر جار ئیرەیی بە مارگۆت دەردەبڕی بەتایبەت کاتێک خێزانەکەی ڕەخنەیان لێدەگرت کە وەک مارگۆت بەڕێز و سرووشتی نییە. دوای ئەوەی کە ئانە گەورەتر بوو، ئەوا پەیوەندی لەگەڵ خووشکەکەی باشتربوو و ڕازی یەکتریان بەیەکتری دەگوت. لە بیرەوەری ١٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٤، ئانە نووسی «مارگرت زۆر باشتر بووە… ئەو چیتر شەڕانگێز نییە، بووەتە ھاوڕێی ڕاستەقینەم. ئەو چیتر من وەک منداڵێکی بچووک نابینێت.»[34]
ئان زۆرجار لەبارەی پەیوەندییە ئاڵۆز و دژیەکی دەنووسی، ھەروەھا لەبارەی ناکۆکییەکانیان. لە ٧ی تشرینی دووەمی ١٩٤٢، وەسفی بێڕێزییەکانی خۆی کردووە لەبەرامبەر دایکی، ھەروەھا "بێزارکردنی بۆ ڕووبەڕووبنەوەی دایکی ھەروەھا بێزارکردنی بۆ ڕووبەڕووبنەوەی دایکی، گاڵتەکردنەکانی و سەرھێشاندنی،" پێش ئەوەی تەواوبێت لە نووسینەکانی ئانە نووسی، "ئەو دایکێک نییە بۆ من."[35] دواتر، دوای سەیرکردنەوەی یادنامەکەی، ئانە شەرمی کردووە لەبەرامبەر ئەو قسە و ھەڵسوکەوتە زبرانە، نووسی: "ئان، ھەر بەڕاست ئەوە تۆیت کە باسی ڕق دەکەیت، ئای ئان، چۆن دەبێت ئەوە تۆ بیت؟"[36] ئانە لەوە تێگەیشت کە جیاوازییان لەگەڵ دایکی بووەتە بە ھەڵە تێگەیشتن لەنێوانیان کە تا چەند ھەڵەی دایکی بووە ئەوا ئەوەندەش ھەڵەی خۆی بووە. ھەروەھا لەوەش تێگەیشت کە ناڕەحەتی ناپێویستی بە دایکی داوە. لەم تێگەیشتنییەوە ئانە دەستیکرد بە ڕێزگرتن لە دایکی.[37]
ئان و خووشکەکەی ھیوایان دەخواست بگەڕێنەوە قوتابخانە کە ھەرکاتێک باروودۆخەکە ڕووی لە باشی کرد، ھەروەھا ئەوان بەردەوامبوون لە خوێندن لەکاتی خۆ شاردنەوەیان. مارگرۆ لەڕێگای بیپ ڤۆسکویلەوە بەشێوەی نھێنی دەیخوێند و بەرزترین پلەی بەدەستھێنا. ئانە زۆربەی کاتەکانی بەخوێندنەوە و نووسین بەسەردەبرد. ئانە جگە لە نووسینەوە و گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە، ئەوا لەبارەی ھەست، بڕوا، خەون و ئومێد و ئەو بابەتانەی کە نەیدەتوانی لەگەڵ کەسێکی دیکە قسەی لەسەربکا دەینووسی. وە کاتێک تەمەنی گەورەبوو ئەوا بابەتەکانی قووڵتربوونەوە نموونە لەسەر بڕوابوون بەخودا و چۆن پێناسی سرووشتی مرۆڤ دەکات دەینووسی.[38]
لە کۆتاییدا کە دەبێت ئەرکەکانی قوتابخانە بکەم بۆئەوەی لە نەزانین بەدووربم، ھەروەھا بۆ ژیانێکی باشتر، بۆ ئەوەی ببم بە ڕۆژنامەنووس، چونکە من ئەوەم دەوێت! دەزانم کە دەتوانم بنووسم… بەڵام دەبێت بزانرێت کە ئایا من ئەو بەھرەیەم ھەیە؟
وە ئەگەر من ئەو بەھرەیەم نەبێت بۆ نووسینی کتێبەکان یان وتاری ڕۆژنامەکان، ئەوا ھەمیشە دەتوانم بۆ خۆم بنووسم. بەڵام دەمەوێت زۆر لەوە زیاتر بەدەست بھێنم. ناتوانم خەیاڵی ئەوە بکەم کە وەک دایکم، خاتوو ڤان دان و ھەموو ئەو ژنانەشی کە دەچنە سەر کار و دواتر مێژوو بەئاسانی لەبیریان دەکات، بژیم. شتێکم دەوێت لەپاڵ مێرد و منداڵەکانم کە خۆمی پێ خەریک بکەم!
دەمەوێت بە سوودبم یان بەچێژ بۆ ھەمووان، تەنانەت ئەو کەسانەشی کە ھەرگیز نەمدیتوون. دەمەوێت لەژیاندابم تەنانەت ئەوکاتەشی کە مردووم! ھەر لەبەر ئەوەشە کە زۆر سوپاسگوزاری خودام کە ئەم دیارییەی پێ بەخشیوم، کە تێیدا دەتوانم گەشە بەخۆم بدەم و ئەوەی ھەموو ئەو شتانەی کە لە ناخمدایە دەری ببڕم.
کاتێک دەنووسم ئەوا دەتوانم ھەموو بەرپەرسیارێتی و ئازارەکانم لەبیرببەمەوە، ڕۆحم سەرلەنوێ دەژێتەوە! بەڵام، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئایا دەتوانم ببمە نووسەری شتێکی مەزن، ئایا ھەرگیز دەتوانم ببمە ڕۆژنامەنووسێک یان نووسەرێک؟
ئان بەردەوامبوو لە نووسین، تا کۆتا نووسینی لە ١ی ئابی ١٩٤٤.
لە بەرەبەیانی ٤ی ئابی ١٩٤٤، ھێزێکی پۆلیسی ئەڵمانیا بەسەر شوێنە نھێنییەکەیان ھەڵدا (ئەختەرھایس).[39] ھەریەکە لە فرانک، ڤان پیلسس و فریتز پفیفەر برانە بنکەی سەرەکی ئاسایش ڕایخ، لەوێ شەوێک مانەوە و دواتر برانە ھیوس ڤان بیوارینگ (خانەی دەستگیرکراوان)، کە زیندانێکی قەرەباڵەغ بوو. دوای دوو ڕۆژ ئەوا گواسترانەوە بۆ کەمپی ڕاگوازراوانی وێتەربۆرک، لەوکاتەدا زیاتر لە ١٠٠ ھەزار جوو، کە زۆربەیان ئەڵمانی و ھۆڵەندی بوون کە خۆیان حەشاردابوو ئەوا دەستگیرکرابوون، ئەوان وەک تاوانبار سەیر دەکران و وەک سزایەکی ئەرکی دژوارتریان پێدەکردن.[40]
ڤیکتۆر کوگلەر و یۆھانز کلیمان دەستگیرکران و زیندانیکران لە کەمپی دوژنمان لە ئەمرسفورت. کلیمان دوای ٧ حەفتە ئازادکرا، بەڵام کوگلەر بەردەوام دەگوازرایەوە لەنێوان کەمپەکان تا کۆتایی بە جەنگەکە ھات.[41] میب گیس و بیپ ڤۆسکویل لەلایەن پۆلیسەوە پرسیاریان لێکرا و ھەڕەشەیان لێکرا بەڵام دەستگیرنەکران. دوای ڕۆژێک گەڕانەوە بۆ ئەختەرھایس، لەوێ کاغەزەکانی (ئان)یان دۆزییەوە کە پەرش و بڵاوببوو. بەیەکەوە کۆیان کردەوە لەگەڵ چەند وێنەیەک و ئەلبوومێکی خێزانەکە، وە گیس وای دانابوو کە دوای جەنگەکە بۆ ئانی بگەڕێنێتەوە. لە ٧ی ئابی ١٩٤٤، گیس ویستی ھەوڵەکانی خۆی بۆ ئازادکردنی گیراوەکان بخاتە گەڕ، ھەوڵی بۆ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئەفسەر (کارل سیبەربویر) وەربگرێت بە پارە، بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە.[42]
وێڕای ئەوەی بەردەوام باسی ھەواڵدانی شوێننە نھێنییەکە لەلایەن کەسێکی خیانەتکارەوە ھەبوو، لە شوێنە نھێنییەکەی بە پۆلیس و دەسەڵاتی نازی ئاشکرا کردبێت بەڵام تا ئێستا ناسنامەی ئەو کەسە نەزانراوە. لە نیسانی ١٩٤٤، پاسەوانی شەو ماڕتن سلیگەرس لەگەڵ ئەفسەرێکی پۆلیس لێکۆڵینەوەیان لە تاوانی دزییەک دەکرد لەشوێنەکە ئەوا ھاتنە باڵەخانەکەش بۆ زانینی بوونی ژوورێکی نھێنی. تۆنی ئەلەرس، ئەندام لە بزووتنەوەی سۆسیالیستی نەتەوەیی لە ھۆڵەندا یەکێکە لە گومانلێکراوەکان لەلایەن نووسەری ژیاننامەی ئۆتۆ فرانک، کارۆڵ ئانە لی. یەکێکی دیکە لە گومانلێکراوەکان، بەرپرسی بەشی کۆگا ویلیام ڤان مارین بوو. کەسانی باڵەخانەکە متمانەیان پێی نەبوو، جارێکیش لەناکاو پرسیاری ئەوەی کردبوو کە ئایا لەم ماوەیە بەڕێز فرانک لە نووسینگەکەیدا بووە. ھەروەھا لینا ھارتۆگ گومانی لێدەکرێت لەلایەن نووسەری ژیاننامەی ئانە فرانک، میلیسا مولەر. بەشێک لەو گومانلێکراوانە ئەوا یەکتری دەناسن، دەشێت بەیەکەوەش کاریان کردبێت. بەڵام لەکۆتاییدا کەسە گومانلێکراوەکان تەنیا پرسیاری لەسەرە، تا ئێستا بەتەواوی یەکلایی نەبووەتەوە کەکێ ھەواڵەکەی گەیاندووە.[43]
لە ساڵی ٢٠١٥، ڕۆژنامەنووس جیرۆن دی بروین و جووپ ڤان ویک، کوڕە بچووکەکەی بیپ ڤۆسکویل ئەوا کتێبی ژیاننامەی بیپ ڤۆسکویل نووسی بەناوی (بیپ ڤۆسکویل، بێدەنگی تەواوبوو: ژیاننامەیی بچووکترین ھاریکەری ژوورە نھێنییەکە)، کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات خووشکە بچووکەکی بیپ، نیلی (١٩٢٣–٢٠٠١) ئەوا دەکرێت کەسە خیانەتکارەکە بێت دژ بە بنەماڵەی فرانک. بەپێی کتێبەکە خووشکی بیپ و دەستگیرانەکەی بەتروس ھولسمان ئەوا تەلیفۆنکردنی نیلییان لەیادە بۆ گرووپی گەستاپۆ لە بەرەبەیانی ٤ی ئابی ١٩٤٤.[44][45] نیلی دژی بیپ و باوکی جۆناتان ڤۆسکویل بوو سەبارەت بە یارمەتیدانی جوولەکەکان. (جۆناتان ئەو کەسەبوو کە کتێبخانەکەی درووستکرد بۆ داپۆشینی شوێنە نھێنییەکە).[46] نیلی کاتێ تەمەنی ١٩ بۆ ٢٣ ساڵان بوو، ئەوا ھەواڵدەری نازییەکان بووە.[47] کارل سیبەربویر ئەو ئەفسەرەی کە بنەماڵەی فرانکی دەستگیرکرد، ئەوا لە بەڵگەکانی ئاماژە بەوەدەکات کە ئەو کەسەی ھەواڵی پێدا بەتەلەفۆن دەنگی کچێکی لاو بووە.[45]
لە ساڵی ٢٠١٦، خانەی ئانە فرانک توێژینەوەیەکی بڵاوکردەوە لەسەر ڕووداوی ئاشکرابوونی شوێنە نھێنییەکە، بەپێی توێژینەوەکەبێت ئەوا لەوکاتەدا چەندین چالاکی لەو ماڵەدا ھەبووە، ھەندێ لەو چالاکییانە ھی دەزگاکەی فرانک بووە بۆیە ھێزەکانی نازی بەسەریان دادوە؛[48] ئەمەش ناچێتە باری خیانەتەوە.[49]
لە ٣ی ئەیلوولی ١٩٤٤،[kurdish-alpha 1] دوایین گرووپ لە وێستەربۆرک گواسترانەوە بۆ کەمپی ئاشویتز، دوای سێ ڕۆژ ماوەی گواستنەوەکە؛ لە ھەمان شەمەندەرفەر، بلۆیمی ئیڤەرس ئمدن، کە ھۆڵەندی زمانێک بوو لەگەڵ مارگۆت و ئانە بوو، کە پێشتر لە ساڵی ١٩٤١ بوون بە ھاوڕێ.[50] بلۆیمی زۆر جار چاوی بە ئان، مارگۆت و دایکیان دەکەوت لە ئاشویتز.[51] کە دواتر لە چاوپێکەوتن و دۆکیومێنتارییەکان لەبارەی ژیانی ئانە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کرا، لەوانەش دوایین حەوت مانگی ئانە فرانک (١٩٨٨) کە لەلایەن فیلمسازی ھۆڵەندی ویلی لیندەر[52] دەرھێنراوە ھەروەھا فیلمێکی بەڵگەنامەیی بی بی سی بەناوی یادەوەری ئانە فرانک (١٩٩٥).[53]
ھەر لەگەڵ گەیشتن بە ئاشویتز، ئەوا ھێزەکانی شوتزشتافل بەزۆر پیاوەکانیان لە، ژن و منداڵەکانیان جیادەکردەوە، ھەروەھا ئۆتۆ فرانک لە خێزانەکەی دابڕا. ئەوانەی دەیانتوانی لە کەمپەکە کاربکەن، ئەوا دەیانخستنە سەر کار وە ئەوانەشی کە کاریان بۆ نەدەکرا ئەوا ڕاستەوخۆ دەکووژران. لە کۆی ١٬٠١٩ سەرنشین، ٥٤٩یان لەنێویشیاندا منداڵی خوار ١٥ ساڵان ھەبوون ئەوا ڕاستەوخۆ نێردران بۆ ژووری گاز. ئانە فرانک کە تەنیا سێ مانگ دەبوو، تەمەنی گەیشتبووە ١٥ ساڵان، یەکێکبوو لەو کەسە بچووکانە کە جیاکرانەوە لە سەرنشینەکانی دیکە، ھەروەھا ئەو ھەرگیز ئاگاداری ئەوە نەبوو کە خێزانەکەی و تەواوی ھاوژوورانی ئەختەرھایس لەم جیاکردنەوەیە ڕزگاریان بووە. تەنانەت بۆ باوکیشی وایزانیوە کە ڕاستەوخۆ کووژراوە، چونکە پێی وانەبوو باوکی لەناوەڕاستی تەمەنی پەنجا ساڵی بتوانێت کاربکات.[54]
ئان لەگەڵ ژن و کچەکانی دیکە کە ھەڵنەبژێردرابوون بۆ مردنی ڕاستەوخۆ، ئەوا بەزۆر ڕووتکرانەوە بۆ ئەوەی پاکبکرێنەوە، قژیان تراشرا و تاتۆیەکی ژمارەیی لەسەر شانیان کرا بۆ ناسینەوەیان. لە ڕۆژدا، ژنەکان وەک کرێکاری کۆیلە کاریان پێدەکرا، وە ئانە ناچارکرا کە بەرد بگوازێتەوە و ڕووەکیش بچێنێت. لەشەوانیشدا ژنەکانیان لە ھۆڵێکی قەرەباڵغ کۆدەکردەوە. بەشێک لە شایەتحاڵەکان کە دواتر قسەیان لەسەر ئانە فرانک کردووە، باسی ئەوەیان کردووە لەو کاتەدا ئانە زۆر دڵتەنگ و چاوبەفرمێسک بوو کاتێک دەیزانی منداڵەکان دەبەنە ژووری گازەکە؛ ھەروەھا ھەندێکی دیکەش باس لەوە دەکەن، کە ئەو ھێز و توانای زیاتری بەکارھێناوە کەپێناو وەرگرتنی نانی زیاتر بۆ دایک، خووشکەکەی و خۆی. دواتر نەخۆشی لەنوێ کەمپەکە بڵاوبوویەوە، فرانک بەخراپی تووشی نەخۆشی جەربی پێست بوو. ئانە لەگەڵ خووشکەکەی برانە کلینیکێک کە ژوورێکی تاریکبوو، لەوێ مشک و جورج ھەبوون، لەوکاتەدا دایکیان وازی لە خواردن ھێنا و ھەموو خواردنەکانی خۆی لەڕێگای کونێکەوە کەخۆی درووستی کردبوو بۆ کچەکانی دەنارد.[55]
لە تشرینی یەکەمی ١٩٤٤، فرانک لەگەڵ خووشک و دایکی، ناویان لەناو خشتەی گواستنەوە بوو بۆ کەمپی کرێکاران لە ناوچەی سیلیزیای سەرەوە، کە ناوچەیەکە لەنێوان پۆڵەندا و چیک. بەڵام بلۆیمیئان ڕێگری ڕۆیشتنی لێکرا چونکە نەخۆشییەکەی پەرەی سەندبوو، دایک و خووشکەکەشی لەگەڵیدا مانەوە. بەڵام بلۆیمی بەبێ ئەوان ڕۆیشت.[53]
لە ٢٨ی تشرینی یەکەم، ھەڵبژاردن دەستیپێکردەوە بۆ جێگۆڕینی ژنان بۆ بێرگن-بێلسین. پتر لە ٨٬٠٠٠ ژن، لەنێویشاندا ئان، مارگۆت و ئۆگەست ڤان پیلس گواسترانەوە. ئیدت فرانک (دایک) لە برسا مرد.[56] خێمەکان ھەڵدران لە کەمپی بێرگن-بێلسین بۆ نیشتەجێبوونی زیندانییەکان، ھەر کە دانیشتوانەکە زۆریکرد ئەوا نەخۆشییەکان بەخێرایی بەربڵاوبوونەوە. ئانە لەگەڵ دوو ھاوڕێی دیکەی یەکیان گرتەوە، ئەوانیش ھانیلی گۆسلار و نانیتی بیڵتز بوون، کە لەبەشێکی دیکەی کەمپەکە نیشتەجێ ببوون. گۆسلار و بیڵتز ڕزگاریان بوو لەدوای جەنگەکە، ھەروەھا بە کورتی باسی ئەو ساتانەیان دەکرد لەگەڵ ئانە فرانکدا بوون. بیڵتز لە وەسفی باروودۆخی ئانە وتیویەتی، ئانە کەچەڵ، لاواز و نەخۆش بوو. گۆسلەریش وتویەتی، ئەو لەو بڕوایەدابوو کە دایک و باوکی مردوون بۆیە چیتر نەدیوەیست بژی. گۆسلەر دواتر پێشبینی دیدارەکانی خۆی و ئانی کرد کە لەمانگی کانوونی دووەم یان سەرەتای شوباتی ١٩٤٥ بووبن.[57]
لە سەرەتاکانی ١٩٤٥، نەخۆشی جەربی پێست بەتەواوی کەمپەکە بڵاوبوویەوە، ١٧٬٠٠٠ زیندانی کووشت.[58] ھەروەھا نەخۆشییەکانی دیکەش، لەوانە گرانەتا سەریان ھەڵدا.[59] لەبەر ئەو باروودۆخە ناھەموارە، ئەوا زۆر سەختە کە ھۆکاری مردنی ئانە بزانرێت؛ ھەرچەند بەڵگەش ھەیە کە بەھۆی نەخۆشی پێستەکەی مردبێت. گینا تورگل، ڕزگاربوویێکی بێرگن-بێلسین، کە ئانە فرانکی ناسی لەکەمپەکە. لە ساڵی ٢٠١٥، تورگل بە ڕۆژنامەی بەریتانی زە سەن وت: «شوێنی خەوتنەکەی لە گۆشەیەکی مندا بوو. ئەو خەمباربوو، باروودۆخی خراپبوو، ئەو دەسووتا،» ھەروەھا باسی ئەوەشی کرد کە ئاوی بۆبردووە بۆ خۆشووشتن.[60] تورگل کە لە نەخۆشخانەی کەمپەکە کاری دەکرد، ئەوا ئاماژەشی بە خراپی باروودۆخی زیندانییەکان کرد کە بەھۆی نەخۆشی جەربی پێست تووشیان ببوو. خەڵکی دەمردن بەژمارەیەکی خەیاڵی - بەسەدان کەس… جار ھەبوو ھەواڵ ڕادەگەیەندرا کە ٥٠٠ کەس مردوون. یان دەگوترا سێ سەد کەس. ئەوکاتە ئێمە دەمانگووت تەنیا سێ سەد کەس؟ ئەوا سوپاسی خودامان دەکرد کە تەنیا سێ سەد کەس مردوون."[60]
دواتر ھەندێک لە شاھێدییەکان ئەوەیان باسکرد کە ئانە بەھۆی لاوازی و باروودۆخییەکەی لە شۆکێکدا مردووە. ئانە چەند ڕۆژێک بەدوای مردنی مارگۆت مرد. بەدیاریکراوی ڕۆژی مردنی ھەریەکە لە ئانە و مارگۆت نازانرێت. چەند حەفتەیەک لەدوای مردنیان، ئەوا کەمپەکە لەلایەن سەربازانی بەریتانیا ئازادکرا لە ڕۆژی ١٥ی نیسانی ١٩٤٥.[61] بەپێی توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٥، ئەوا مردنی ئانە لە مانگی شوبات بووە.[62] بەپێی قسەی شایەتحاڵەکان کە ئانە لە ٧ی شوبات، نیشانەکانی نەخۆشییەکەی پێستی تێدا دەرکەوتبوو.[63] بە قسەی بەرپرسانی تەندرووستی ھۆڵەندا، قوربانییەکان لە خراپترین دۆخی چارەسەرنەکردندا بوون. دوای ئازادکردنی کەمپەکە، ئەوا سووتێندرا لەپێناو بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییەکە؛ ھەردوو خووشکەکەش لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لەشوێنێکی نەزانراو نێژران.
لە دوای جەنگەکە، بەپێی ئاماری نزیککراوە ئەوا ٥٬٠٠٠ جوو لەکۆی ١٠٧٬٠٠٠ کەسیان ڕزگاریان بوو لەو ڕاگواستنەی لە ھۆڵەندا لەنێوان ١٩٤٢ بۆ ١٩٤٤ کرا. وە نزیکەی ٣٠ ھەزار جوو کە لە ھۆڵەندا و ژێرزەمینەکان مانەوە ئەوا بەنزیکی دوو لەسەر سێیان (٢/٣) ڕزگاریان بوو.[64]
ئۆتۆ فرانک یەکێکبوو لە ڕزگاربووەکانی ئاشویتز. لەدوای تەواوبوونی جەنگەکە، ئەو گەڕایەوە ھۆڵەندا بۆ ئەمستەردام بۆ ئەوشوێنەی کە لەلایەن جان و میپ گیس، خێزانەکەیان حەشاردابوو. لەوێ زانی کە ژنەکەی، ئیدت مردووە، بەڵام بەو ئومێدەبوو کە کچەکانی ڕزگاریان بووبێت. دوای تێپەڕبوونی چەن حەفتەیەک، ئەوا زانی کە مارگۆت و ئانە مردوون. دواتر کە ویستی لەبارەی ھاوڕێی کچەکانی بزانێت، ئەوا بۆی دەرکەوت زۆرێک لەوانیش مردوون. سان لیدەرمان، کە چەندجارێک لە یادنامەکەی ئانە باسکراوە، ئەوا لەگەڵ دایک و خووشکەکەی ڕزگاریان ببوو.[65] بەشێکی دیکە لە ھاوڕێیان دوو خووشکەکە ڕزگاریان بوو، کە دوای ڕزگاربوونیان ڕوویان کردە سوویسرا، بەریتانیا و ئەمریکا.[66]
لە تەممووزی ١٩٤٥، دوای ئەوەی خاچی سوور مردنی ھەردوو خووشکە فرانکەکەی ڕاگەیاند. میپ گیس یادنامەکەی ئانی بە ئۆتۆ دایەوە، کە ناوبراو ھەڵی گرتبوو بەو ئومێدەی ڕۆژێک بیداتەوە بە ئان. دواتر ئانە لەمبارەیەوە وتی کە ھەرگیز نەیدەزانی کە ئانە بەمشیوەیە باش دەنووسێت لەسەردەمی خۆ حەشاردنەوەکەیان. لە یادەوەری خۆیدا، ئۆتۆ باس لەئازاری خوێندنەوەی یادنامەکەی ئانە کرد، ھەروەھا باسی لەوەشکرد کە بۆیەکەمینجار ھەندێک لایەنی شاراوەی کچەکەی زانیوە، کەبەشێک لەو بەشانەی یادنامەکە ئەوا ئانە وتووێژی لەبارەیانەوە لەگەڵ کەس نەکردووە، «ئەوە بۆمن مایەی سەرسووڕمان بوو… ھەرگیز لەبارەی قووڵی ھەست و بیرکردنەوەکانیم نەدەزانی… ئەو ھەموو ئەوشتانەی لەخۆیدا ھەڵگرتبوو.»[67] لەسەر ئەوەی کە حەزی کردووە ببێتە نووسەر، ئەوا ئۆتۆ دەستیکرد بەھەوڵەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی یادنامەکە.[68]
یادنامەکەی ئانە دەربڕینی ھەست و سۆزە تایبەتەکانی بوو لە چەند کاتێکی جیاواز کە نەیدەھێشت کەس بیخوێنێتەوە. ئەو وەسفی خێزانەکەی، کەسەکانی دەورووبەری و باروودۆخەکانی ئەو سەردەمەی کردووە. لە ئازاری ١٩٤٤، ئانە گوێبیستی یەکێک لەبەرنامەکانی ڕادیۆ لەلایەن گریت بۆلکیستن بوو کە ئەندامێکی حکوومەتی دوورخراوەی ھۆڵەندا بوو، لە لەندەن دەژیا. لەبەرنامەکە گریت ئاماژەی بەوەکرد کە کاتێک جەنگەکە کۆتایی دێت، ئەوا تۆمارێکی گشتی درووستدەکات بۆ خەڵکی ھۆڵەندا لەکاتی ژیانیان لەژێر داگیرکاری ئەڵمانیا.[69] لە قسەکانیدا ئاماژە بەوەرگرتنی نامە و یادنامەکانیش کرد، وە ئانە بڕیاریدا کە نووسینەکانی بنێرێت کە کاتێک جەنگ کۆتایی پێدێت. ئانە دەستیکرد بە دەستکاری و لابردنی ھەندێ لە نووسینەکانی و نووسینەوەی بەشێکی دیکەشیان، بۆئەوەی بڵاوی بکاتەوە. ئانە ناوی خوازراوی بۆ ھەریەکێک لە کەسە ھاوکارەکانی بەکارھێنا. لە یادنامە دەستکاریکراوەکە، ئەوا ئانە ناوی کارەکتەرەکانی ڕۆمانی جووپ تیر ھویلی نووسەر جیزی ڤان مارکسڤیلدت بەکارھێنا،Joop ter Heul کە ڕۆمانێکی دڵخوازی ئەوبوو. ئانە ناوی خوازراوی بۆ ھەریەکێک لە کەسە ھاوکارەکانی بەکارھێنا. لە یادنامە دەستکاریکراوەکە، ئەوا ئانە ناوی کارەکتەرەکانی ڕۆمانی جووپ تیر ھویلی نووسەر جیزی ڤان مارکسڤیلدت ئۆتۆ فرانک یادنامەکەی خۆی لەژێرناوی «ڤێرژن ئەی» چاپکرد، ھەروەھا یادنامەکەی ئانە بەناوی «ڤێرژن بی» چاپکرد، لەیەکەم چاپیشیدا ئەوا ناوە ڕەسەنەکانی دانایەوە لەبڕی ناوە خوازراوەکان.[70]
ئۆتۆ فرانک یادنامەکەی دایە مێژووزان ئانە ڕۆمیەن ڤەرشخور، کە دوای ھەوڵدانی نەیتوانی بە چاپی بگەیەنێت بەڵام دایە ھاوسەرەکەی جان ڕۆمیەن، کە وتارێکی لەسەر نووسی بەناوی Kinderstem (واتە: دەنگی منداڵێک)، کە لە ڕۆژنامەی ھیت پاروول لە ڕۆژی ٣ی نیسانی ١٩٤٦ بڵاوکرایەوە. لەوتارەکەدا جان نووسی، «ئەو ڕستانەی لە دەنگی منداڵێکەوە دەرچوون، ھەموو شتێکیان لەبارەی فاشیزم ئاشکراکردووە، زیاتر لە تەواوی بەڵگەکانی ناو دادگایییەکەی نورمبێرگ.»[71] وتارەکە سەرنجی دەزگاکانی چاپی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، ئەمەش وایکرد کە یادنامەکە لە ساڵی ١٩٤٧ لە ھۆڵەندا چاپبکرێت بەناوی (Het Achterhuis).[72] دوای ساڵانی ١٩٥٠ ئەوا بەچەند زمانێکی دیکەش چاپکرا.[73]
لە ساڵی ١٩٥٠، سەرەتا لە ئەڵمانیا دواتریش لە فەڕەنسا چاپکرا، لەلایەن چەند دەزگایەکی چاپیش ڕەتکرایەوە، لە ساڵی ١٩٥٢، لە بەریتانیا بڵاوکرایەوە. یەکەم چاپی ئەمریکی، لە ساڵی ١٩٥٢ لەژێر ناونیشانی ئانە فرانک: یادنامەی کیژۆڵە بچووکەکە بڵاوکرایەوە، کە پێشوازی و پێداچوونەوەی ئەرێنی لێکرا. کتێبەکە لە فەڕەنسا، ئەڵمانیا ھەروەھا ئەمریکا سەرکەوتنی باشی بەدەستھێنا، بەڵام لە بەریتانیا سەرکەوتوو نەبوو لە ڕاکێشانی خوێنەران وە لە ساڵی ١٩٥٢ چاپی نەما. ھەروەھا لە ژاپۆنیش، ١٠٠ ھەزار دانەی لە چاپی یەکەم لێ فرۆشرا. لە ژاپۆن ئانە بووە چاند (کەلتوور)ێک لە نێو گەنجەکان وەک سیمبوڵی تێکشکانی گەنجان لەسەردەمی جەنگەکە.[74]
لە ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٥، شانۆگەرییەک لەلایەن ئەلبەرت ھاکت و فرانسیس گوودریخ لەسەر یادنامەکەی ئانە نمایشکرا، کە بووە براوەی خەڵاتی پولتیزار بۆ دراما. دواتر، فیلمی زە دایەری ئۆف ئانە فرانک (١٩٥٩) نمایشکرا، کە لەڕووی بۆکس ئۆفیس و پێشوازی ڕەخنەگرانە سەرکەوتووبوو. بەتێپەڕبوونی کات، یادنامەکە ناوبانگی زیاتری پەیداکرد، بەتایبەت لە ئەمریکا کە چووە ناو پڕۆگرامی خوێندنەوە، بۆ ناساندنی ئانە فرانک بە خوێنەری نوێ.[75]
لە ساڵی ١٩٨٦، پەیمانگای ھۆڵەندی بۆ بە بەڵگەنامەکردنی جەنگ چاپی ڕەخنەگرانی یادنامەکەی بڵاوکردەوە. کە تێیدا بەراوردی گشت چاپەکان دەکات، بە دەستکاری و بێ دەستکاری. ھەروەھا باسی ڕاستیبوونی ڕووداوەکانی یادنامەکە دەکات، ھەروەھا باسکردنی چەند زانیارییەکی زیاتر دەربارەی خێزان و یادنامەکەش.[76]
کۆرنیلیس سویک، بەڕێوبەری پێشووی دامەزراوەی ئانە فرانک وە سەرۆکی دامەزراوەی سەنتەری ھۆڵۆکۆستی ئەمریکا، لە ساڵی ١٩٩٩ ڕایگەیاند کە پێنج پەڕە لە یادنامەکە لەلایە ئۆتۆ فرانکەوە لە یادنامەکە براوە. سویک، ئەوەشی وت کە ئۆتۆ بەرلەوەی بمرێت لە ١٩٨٠، ئەوا کاغەزەکانی بە ئەو داوە. کاغەزە ونبووەکانی ئانە فرانک کە سویک باسی دەکات، ئەوا بریتیبوون لە ڕەخنەگرتنی ئانە لە پەیوەندی نێوان دایک و باوکی دەگرێت،[77] ھەروەھا لاوازی فرانک لە کاریگەربوونی لەسەر دایکی ئانە دەکات. ھەندێک لە بۆچوونەکان ئەوەبوون، کە سویک دەیەوێت مافی بڵاوکردنەوەی پێنج کاغەزەکە لای خۆی بێت و بەمەش پارە قازانج بکات بۆ ڕێکخراوەکەی. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٠، وەزارەتی پەروەردە، کەلتوور و زانستی ھۆڵەندا ڕازیبوون کە ٣٠٠ ھەزار دۆلار بدەن بە ڕێکخراوەکەی سویک، وە ئەویش کاغەزەکانی گەڕاندەوە لە ساڵی ٢٠٠١. لەوکاتەوە ئەو پەڕانە لە چاپی نوێی یادنامەکە دادەنرێن.[78]
یادنامەکە ستایشکرا وەک گەنجینەیەکی ئەدەبی چاوی لێدەکرێت. ڕۆژنامەنووس مایر لیڤین نووسی «بەجۆرێک ئامادەکراوە کە پشتگیری نووسینەوەی ڕۆمانێک دەکات،» لیڤین سەرسامبوو بە ئاستی نووسینی ئان،[79] پەیوەندی بە ئۆتۆ کرد لەدوای بڵاوبوونەوەی یادنامەکە،[80] بەتایبەت کاتێک ئۆتۆ خەریکی نووسینەوەی ژیاننامەی خۆی بوو. شاعیری ئەمریکی جۆن بێریمان کتێبەکەی بە بێ ھاوتا وەسفکرد، ستایشیشی کرد بەتایبەت لە باسکردنی بابەتە ئابوورییەکان بەم سادەیی و ڕاستگۆیییەوە.[81]
لە پێشەکی یادنامەکە، لە چاپی یەکەمی ئەمریکیدا، ئیلینۆر ڕۆزەڤێڵت بۆ وەسفی یادنامەکە نووسی، "یەکێکە لە زیرەکانەترین و باشترین شێوازی گێڕانەوە لەبارەی جەنگ و کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤایەتی خوێندبێتمەوە.[82]" جان ئێف. کێنیدی لە ساڵی ١٩٦١، ناوی ئانی ھێنا لە قسەکانیدا و وتی "کەسانێکی زۆر لە مێژوودا باسیان لە ڕێزی مرۆڤەکان کردووە لەکاتی لەدەستدان و ناخۆشییەکان، بەڵام ھیچ دەنگێک بەراورد ناکرێت بە ئانە فرانک."[83] لە ھەمان ساڵدا، نووسەری سۆڤیەتی ئلیا ئرەنبێرگ لەبارەی ئانە نووسی: «یەک دەنگ قسەی لەبڕی شەش میلیۆن کەس کرد - ئەوە دەنگی بیرمەندێک یان شاعیرێک نەبوو، بەڵکو کچێکی بچووک.»[84]
دوای زیادبوونی ناسراویی ئانە وەک مرۆڤدۆست و نووسەر، ئەوا قسە لەسەر ئەوە دەکرا کە تایبەت بکرێت بە سیمبوڵی ھۆڵۆکۆست.[85] ھیلاری کلینتۆن لە لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتی ئیلی ویسێلی مرۆڤایەتی لە ساڵی ١٩٩٤، بە وتەیەکی ناو یادنامەی ئانە فرانک دەستی بە وتارەکەی کرد: «ئاگاداری کردینەوە کە گەمژەییمان لە ناحەزی و لەدەستدانی پارەکانمان ئەوا گەنجەکانمان لێ دەبات،» کە کلینتۆن مەبەستی لە ڕووداوەکانی سارایێڤۆ، سۆماڵیا و ڕواندا بوو.[86] لەدوای وەرگرتنی خەڵاتێکی مرۆڤدۆستی لە ساڵی ١٩٩٤، ئەوا نیڵسۆن ماندێلا لەنێو ئاپۆڕای خەڵک لە جۆھانزبێرگ ئاماژەی بەوەکرد کە لەکاتی زیندانیکرانی ئەوا یادنامەکەی ئانە فرانکی خوێندووەتەوە، لەو ڕێگایەوە ئازایەتی زیاتری بەدەستھێناوە، ماندێلا بەراوردی نێوان زەحمەتی ژیانی ئانی کرد لەسەردەمی نازی لەگەڵ باروودۆخی خۆی لە زیندان لەسەردەستی ڕژێمی ئەپارتایدی ئەفریقای باشوور.[87]
پریمۆ لێڤی چەندجارێک ئاماژەی بەوە داوە کە ئانە فرانک وەک تاکێک نوێنەرایەتی میلیۆن کەسی قوربانییە چونکە «تاکێکی وەک ئانە فرانک ئێمەی ھەژاند لەناو ژمارەیەکی بێ ھەژمار لە خەڵک کە بوونە قوربانی وەک ئەو، بەڵام ئەوەی ئەو کردی مانەوەیەتی لەناو سێبەرەکان. لەوانەیە ئەوە ڕێگایەکی باشتربێت لەوەی کە لەبارەی ئازاری ھەموو قوربانییەکان بخوێنینەوە کە نەیانتوانی بژین.»[88] لە کۆتایی ھێنان بە قسەکانی لە ژیانننامەی ئانە فرانک نووسینی مولەر، ئەوا میپ گیس ھەمان بۆچوونی ھەیە کە دەکرێت ئانە وەک نوێنەری قوربانییانی شەش میلیۆن جوو دابنرێت، لە نووسینەکەدا دەڵێت: «ژیان و مردنی ئان، ئەوا چارەنووسی کەسی خۆیەتی، کە ئەم چارەنووسە بۆ تاکەکەسێک لە شەش میلیۆن کەسدا ڕوویدا. ئانە نەیتوانی دژایەتی نازییەکان بکات، لەبەرامبەر بردنی ژیانی چەندان جوولەکە… بەڵام چارەنووسی ئەو یارمەتیمان دەدات لەو لەدەستدانە گەورەیەی کە جیھان بینی بەھۆی ھۆڵۆکۆستەوە.»[89]
لە بارەی سەرکەوتنی یادنامەکە و ھۆکاری چاپکردنی، ئۆتۆ فرانک ئاماژەی بەوەکرد، «یادنامەکە زۆر شت لە خۆدەگرێت، بۆیە ھەر خوێنەرێک شتێکی تایبەت دەیورووژێنێت.»[90] سایمۆن ویسەنتال بە ھەمان شێوەی باسی ناوبانگی و بەربڵاوی یادنامەکەی کردووە و پێشی وایە کە یادنامەکە ھۆشیاری زیاتری لەبارەی ھۆڵۆکۆست بڵاوکردەوە بەراورد بە دەستکەوتەکانی دادگایییەکانی نورمبێرگ، چونکە "خەڵک منداڵەکەیان خەڵکی ناسیاویان ھەیە وەک ئەو منداڵە. ئەوە کاریگەری ھۆڵۆکۆستە، ئەو خێزانە وەکو خێزانی من وایە، یان وەک خێزانەکەی تۆ وە بەمشێوەیە لە شتەکان تێدەگەین."[91]
لە ساڵی ١٩٩٩، گۆڤاری تایم چاوپێکی تایبەتی بەناوی «١٠٠ تایم: گرنگترین کەسایەتییەکانی سەدە». ئانە فرانک وەک یەکێک لە ھێماکانی «ئازایەتی و نموویەیی» دانرا.
لەدوای بەربڵاویی یادنامەکە بەتایبەت لەکۆتایییەکانی پەنجاکان، ئەوا کۆمەڵێک بۆچوونی جیاواز لەسەر ناوەڕۆکی یادنامەکە درووستبوون، وە یەکەم ڕەخنەکان لە سوێد و نەرویج بوون.[92]
لە ساڵی ١٩٥٧ گۆڤاری وشە ئازادەکان (Fria ord)ی سویدی، کە لەلایەن ڕێکخراوی نیۆفاشیستی ناشنال لیگی سوید دەردەچووم ئەوا وتارێکی بڵاوکردەوە کە لەلایەن نووسەری دانماڕکی ھارالد نیلسن نووسرابوو،[93] تێیدا ئاماژە بەوەدەکات کە ئەم یادنامە ھەر لەلایەن میەر لیڤین نووسراوە.[94]
لە ساڵی ١٩٥٨، لە کاتی پێشکەشکردنێکی یادنامەکەی ئانن فڕان، نووسەر سایمۆن ویستال لەلایەن گرووپێکی ناڕەزاییکارەوە ئالنگاری دەکرێت لەسەر ئەوەی کە ئانە فرانک بوونی نەبێت، ئالنگەرییەکەش ئەوەبوو کە ئەو کەسە بدۆزێتەوە کە ناوبراوی دەستگیر کردبوو. سایمۆن دەستیکرد بەگەڕان بۆ دۆزینەوەی کارل سیبەربویر، ئەو ئەفسەرەی کە ئانە فرانکی دەستگیر کردبوو. دواتر لە ساڵی ١٩٦٣، توانی سیبەربویر بدۆزێتەوە. کاتێکیش سایمۆن چاوپێکەوتنی لەگەڵ کارل سیبەربویر، کرد ئەوا دانی بە ڕۆڵ و کارەکی خۆی نا، ھەروەھا بەوێنە ئانی ناسییەوە وەک یەکێک لەو کەسانەی کەخۆی دەستگیری کردوون. قسەکانی کارل لەگەڵ ئۆتۆ یەکیان دەگرتەوە.[95]
لە ساڵی ١٩٥٩، ئۆتۆ سکاڵایەکی یاسایی لەدژی لۆتەر سیتیلاو، مامۆستای قوتابخانە و ئەندامی پێشووی کۆمەڵەی لاوانی ھیتلەر، تۆمارکرد بەھۆی بڵاوکردنەوەی پەڕەیەک لە قوتابخانە کە وەسفی یادنامەکەی بە ساختە کردبوو. سکاڵاکە بڕگەیەکی بۆ درێژکرایەوە لە دژی ھیرنریخ بودەرگەرگ، ئەو کەسەی کە پشتگیری لوتەری کرد لە ڕۆژنامەی لوبیک. دادگا لە ساڵی ١٩٦٠ لێکۆڵینەوەی لەسەر یادنامەکە کرد، دەست و خەتی ئانە لەگەڵ دەست و خەتی یادنامەکە یەکی گرتەوە بەمەش دادگایییەکە لەبەرژەوەندی ئۆتۆ تەواودەبوو. لوتەر لە قسەکانی خۆی پەشیمان بوویەوە، ھەروەھا ئۆتۆ چیتر بەدەم کەیسەکەدا نەڕۆیشت دوای بردنەوەی.[94]
لە ساڵی ١٩٧٦، ئۆتۆ سکاڵایەکی دیکەی تۆمارکرد، ئەمجارەیان لەسەر ھینز ڕۆت کە ئەویش یادنامەکەی بە ساختە ناوھێنا. دادگا (ڕوت)ی ئاگادارکردەوە، ئەگەر جارێکی دیکە قسەر لەسەر یادنامەکە بکاتەوە ئەوا بەبڕی ٥٠٠ ھەزار مارکی ئەڵمانی پێدەبژێرێت و سزای شەش مانگ زیندانی دەکات. ڕوت لەبەرامبەر بڕیارەکەی دادگا سکاڵای تۆمارکرد. دوای ئەوەی ناوبراو لە ساڵی ١٩٧٨ کۆچی دواییکرد ئەوا دادگا سکاڵاکەی ڕوتی ھەڵوەشاندەوە.
لە ساڵی ١٩٧٦، ئۆتۆ فرانک سکاڵایەکی یاسایی تۆمارکرد، لەدژی ئرنست ڕۆمەر، دابەشکاری نامیلکەیەک بەناونیشانی "یادنامەکەی ئانە فرانک، پڕفرۆشترین، درۆ". ھەروەھا پیاوێکیش بەناوی ئێدگار گیس کە ھەمان نامیلکەی لە دادگا دەفرۆشت، ئەویش خرایە کەیسەکەوە. ڕۆمەر وەک سزا، ١٥٠٠ ماڕکی ئەڵمان پێبژارکرا،[94] ھەروەھا گیس ماوەی ٦ مانگ زیندانی کرا، دواتر ماوەکەی کەمکرایەوە لەسەر داوکااری، دواتر کەیسەکە داخرا چونکە کاتی تەرخانکراو کۆتایی ھات.[96]
لەدوای مردنی ئۆتۆ لە ساڵی ١٩٨٠، یادنامە ڕەسەنەکە، نامەکان و کاغەزە ونبووەکان، بەیەکەوە کۆکرانەوە لە پەیمانگای بەڵگەنامەکردنی جەنگ لە ھۆڵەندا،[97] کە توێژینەوەیان لەسەر کرا لەلایەن وەزارەتی دادی ھۆڵەندا لە ساڵی ١٩٨٦. ئەوان دەست و خەتاکانیان بەراورد کرد، لەئەنجامدا ڕایانگەیاند کە ھاوتان. ئەوان ئاماژەشیان بەوەکرد کە ئەو جۆرە حوبر و مەرەکەبە لەو سەردەمەدا ھەبووە. لەئەنجامی کۆتایی توێژینەوەکەیان، دانیان بەڕاستی یادنامەکە دانا، دواتر توێژینەوە و ئەو زانیارییانەی دۆزیانەوە ئەوا چاپکران لەژێرناوی «چاپی ڕەخنەگرانە».[98] لە ساڵی ١٩٩٠، دادگای ھەرێمیی ھامبورگ دانی بە ڕاستی یادنامەکە دانا.[76]
لە ساڵی ١٩٩١، ئەو کەسانەی کە نکۆڵیان لە ھۆڵۆکۆست ھەیە، ڕۆبێرت فۆریسون و سیگفرێد ڤیربیک نامیلکەیەکیان بڵاوکردەوە بەناوی "یادنامەکەی ئانە فرانک: لایەنێکی ڕەخنەگرانە" لە نووسینەکەیان ئاماژە بەوەدەکەن، ئۆتۆ فڕان بەشێک لە یادنامەکەی نووسیوە، بەتایبەت ئەو شێوازە نووسینەی لەبارەی خۆشاردنەوەیان لە شوێنە شاراوەکە ئەوا مەحاڵە نووسینی ھەرزەکارێک بێت.[99][100] لە ساڵی ١٩٩٣، خانەی ئانە فرانک لە ئەمستەردام ھەروەھا ڕێکخراوی ئانە فرانک لە بازن، سکاڵایەکی یاساییان بۆ قەدەغەکردن و دابەشکردنی نامیلەکەکەی فۆریسون و ڤیربیک تۆمارکرد. لە ساڵی ١٩٩٨، دادگای ناوچەی ئەمستەردام بڕیاریدا بەقەدەغەکردنی ھەر نکۆڵییەک لە یادنامەکە وە قەدەغەکردنی و فرۆشتن و دابەشکردنی ھەر نووسراوێکیش، ھەروەھا سزای ٢٥٬٠٠٠ گیلدەریان دیاریکرد بۆ ھەر سەرپێچییەک.[101]
تەواوی یادنامەکەی ئانە فرانک لە ساڵی ١٩٩٥ بڵاوکرایەوە.[102] ئەو وەشانە وردەکاری و باسەکانی ئەندامەکانی جەستە و زانیارییە پچڕ پچڕەکانی ئانە لەبارەی سێکس و لەدایکبوونی منداڵ، ئەم چاپە ئەو نووسراوانە لە خۆدەگرێ کە پێشتر ئۆتۆ فرانک دەستکاری کردبوون.[103]
لە ٣ی ئایاری ١٩٥٧، کۆمەڵێک خەڵک لەگەڵ ئۆتۆ فرانک دامەزراوەی ئانە فرانکیان دامەزراند لەپێناو ڕزگارکردنی باڵەخانەکە لە لەناوچوون و بەردەستکردنی بۆ خەڵک. ماڵی ئانە فرانک لە ٣ی ئایاری ١٩٦٠ کرایەوە. ماڵەکە پێکدێت لە نووسینگە و کۆگای کۆمپانیای ئۆپێکتا، وە ئەختەرھایس، سەردانیکەرانی ماڵەکە دەتوانن بچنە ھەموو ژوورەکان. ھەندێک لە دیاری و کەرەستەی دیکەش ماون لەوانە وێنەی ئەستێرەکانی فیلم کە لەلایەن ئانە بە دیوار ھەڵواسراون، شوێنی فووتەیەک لەسەر دیوار کە ئۆتۆ فرانک دیاری کردووە بۆ پێوانەکردنی باڵای کچەکانی، ھەروەھا نەخشەیەکی سەر دیوار کە تۆماری پێشکەوتنەکانی ھێزەکانی ھاوپەیمانانی جەنگی جیھانیی دووەم نیشاندەدات کە لەلایەن ئۆتۆ درووستکرابوو، ھەموو ئەو کەرەستانە لەناو پلێتێک پارێزگارییان لێکراوە. ژوورێکی بچووکیش کە ماڵی پیتەر ڤان پیلس بوو، کە ڕێڕەوێکی پەیوەندیداری ھەیە لەگەڵ ماڵە دراوسێکان ئەوا لەلایەن دامەزراوەی ئانە کڕایەوە. ئیستا ماڵەکەی ئانە فرانک، بەیەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەمستەردام دادەنرێت، لە ساڵی ٢٠٠٥، زۆرترین سەردانی کرا کە ٩٦٥٬٠٠٠ سەردانی ھەبوو. لە ماڵەکە زانیاری لەڕێگای ئینتەرنێتەوە دابین کراوە بۆ سەردانیکەران، ھەروەھا زانیاری لەبارەی گەشتی پێشانگای ساڵی ٢٠٠٥ لە خۆدەگرێت، کە پێشانگایان لە ٣٢ وڵات کردووەتەوە لە ئەورووپا، ئاسیا، ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور.[104]
لە ساڵی ١٩٦٣، ئۆتۆ فرانک لەگەڵ ژنی دووەمی، ئلفریدە گیرنگەر، ڕێکخراوی ئانە فرانکیان لە بازل، سوویسرا کردەوە بۆ مەبەستی خێرخوازی. بۆ دوای مردنی، ئەوا ئۆتۆ مافی لەبەرگرتنەوەی یادنامەکەی بە ڕێکخراوەکە بەخشی. ھەروەھا تەنھا ڕێکخراوەکە مافی دابەشکردن، وەرگێڕان وە چاپکردنی کتێبی ھەیە لەبارەی ئانە فرانک و خێزانەکەی. ڕێکخراوەکە ئامانجی پەروەردەکردنی گەنجانە لەدژی ڕەگەزپەرستی. لە ساڵی ٢٠٠٣، ڕێکخراوەکە چەند کاغەزێکی ئانە فرانکی دایە مۆزەخانەی بیرەوەری ھۆڵۆکۆستی ئەمریکا بۆ دانانی لە پێشانگایەک.[105]
شوقەی (Merwedeplein) ئەو شوێنەی کە بنەماڵەی فرانک لەماوەی ساڵانی ١٩٣٣ تاکوو ١٩٤٢ لێی ژیاون، وەک موڵکێکی تایبەت مایەوە تاکوو ساڵانی ٢٠٠٠ەکان. دوای ئەوەی بووە شوێنێکی گرنگ بۆ وێنەگرتنی فیلمی بەڵگەنامەیی لە تەلەڤیزیۆن، ئەوا لەلایەن کۆمپانیای نیشتەجێبوونی ھۆڵەندی کڕایەوە. شوێنەکە بە وێنە فۆتۆگرافییەکانی خێزان فڕاک و ڕوونکردنەوە نامەکانی ئانە فرانک پڕکرا، ھەروەھا نۆژەنکرایەوە بەشێوەی ١٩٣٠ییەکان. ھەروەھا ساڵانە خەڵاتی ئەو نووسەرانە دەکەن کە ناتوانن ئازادانە بنووسن، ساڵی یەکەم خەڵاتەکە درایە شاعیر و ڕۆماننووسی جەزائیری مەھدی ئەشەرشور.[104]
ناوی ئانە فرانک بووە یەکێک لە بەشەکانی ناو پێرستی مێژووی ھۆڵەندا، ئەم پێرستە لەلایەن لیژنەیەکەوە بە سەرۆکایەتی فریتس ڤان ئۆسترۆم وە لەلایەن وەزیری پەروەردە، کەلتوور و زانستی ھۆڵەندا، ماریا ڤان دێر ھۆڤن پێشکەشکرا، ٥٠ بابەت لەخۆ دەگرێت کە ئامانجی پشاندانی مێژووی ھۆڵەندایە بەشێوەی پووختەی کرۆنۆلۆجیایی بۆئەوە لە قۆناغی سەرەتیایی و دوو ساڵیش لە قۆناغی ناوەندی لە قوتابخانەکانی ھۆڵەندا بخوێندرێت. دواتر وەشانێکی پێداچوونەوە بۆکراو، لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧، لەلایەن حکوومەتی ھۆڵەندا بڵاوکرایەوە ئەوا ھێشتا ناوی ئانە فرانک لە خۆدەگرێت.
لە حوزەیرانی ٢٠٠٧، ھاوڕێکەیان، ئیلیاس نزیکەی ٢٥٬٠٠٠ بەڵگەنامەی لەسەر خێزانەکە بەخشییە ماڵی ئانە فرانک. لەنێو بەڵگەکانیش، وێنەی ئانە فرانک ھەیە کە لە ئەڵمانیا و ھۆڵەندا گیراون، ھەروەھا نامەیەکی ئۆت فرانک کە لە ساڵی ١٩٤٥ بۆ دایکی ناردووە، کە تێیدا باس لە مردنی ژن و کچەکانی دەکات لە کەمپی نازییەکان.[106]
لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٧، بڕیاردرا کە درەختی ئانە فرانک لەبەر مەترسی کەوتنی بەسەر باڵەخانەکانی دەورووبەری، ھەروەھا بەھۆی تێکچوونی دارەکەش. ئەرنۆلد ھیرتی، ژینگەناسی ھۆڵەندی لەبارەی درەختەکە وتوویەتی، «ئەمە درەختێکی ئاسایی نییە. ئەوە درەختی ئانە فرانکە، کە گرێدراوی مێژووی چەوسانەوەی جووەکانە.»[107] دواتر بەھۆی دەربڕینی ناڕەزایی لەسەر بڕینەوەی درەختەکە و ڕووماڵی میدیا جیھانییەکان. دادگای شارەکە بڕیاریدا کە لایەنە بەرپرسەکان ڕێگەچارەیەکی دیکەی بۆ بدۆزنەوە.[108] دواتر سنوورێکی ئاسنی بۆ درووستکرا، کەپێشبینی دەکەن ژیانی ١٥ ساڵی تر بۆ درەختەکە درێژ بکاتەوە.[107] ھەرچەندە دوای سێ ساڵ، لە ٢٣ی ئابی ٢٠١٠،[109] بەھۆی ڕەشەبایەکی بەھێزەوە درەختەکە شکا. دواتر یانزدە لە شەتڵی دارەکە بەخشرایە مۆزەخانە، قوتابخانە، پاڕک و سەنتەری یادەوەرییەکانی ھۆڵۆکۆشت لەڕێگای پڕۆژەیەکی سەنتەری ئانە فرانک لە ئەمریکا.[110][111]
بە تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، ئەوا چەند فیلمێک لەسەر ئانە فرانک بەرھەمھات. ھەروەھا ژیانی ئەو وای لەچەندین ھونەرمەند، کەسانی کمەڵایەتی و گرووپکرد کە لە بەرھەمەکانیان لە وێژە، گۆرانی، میوزیک، بەرنامەی تەلەفزیۆنی و بەرھەمی دیکەی میدیایی بەکاربھێنن. یەکێک لەوانەش سەمای بالێی ئانە فرانک بوو لەلایەن ئادەم داریوس کە بۆیەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٩ پێشکەشکرا.[112][113][114]
لە ساڵی ١٩٩٩، گۆڤاری تایم ناوی ئانە فرانکی لەنێو پۆلینی پاڵەوانان و کەسایەتییە دیارەکانی سەدەی بیستەم ھێنا لەژێرناوی دیارترین کەسە گرنگەکانی سەدە.[115] ڕۆماننوسی ئەمریکی، فلیپ ڕۆت ئانە بە کچە ونبووەکەی فرانز کافاکا دادەنێت.[116][117] لە ساڵی ٢٠١٢، مەدام توسو پەیکەرێکی مۆمی ھاوشێوەی ئانە فرانک درووستکرد. ئەستێرەی ٥٥٣٥، کە لە ساڵی ١٩٤٢، دۆزرایەوە ئەوا لە ساڵی ١٩٩٥ وەک ڕێزێک ناوی نرا ئانە فرانک ٥٥٣٥.[118]
لە ئەمستەردام قوتابخانەیەک بەناوی ئانە کرا (ژمارە ٦. قوتابخانەی سەرەتایی ئانە فرانک) لە ئەمریکا چەندین قوتابخانە لە داڵاس،[119] فیلادلفیا[120] وە تێکساس[121] بەناوی ئانە فرانک کراون.
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.