فڕۆکە
From Wikipedia, the free encyclopedia
From Wikipedia, the free encyclopedia
فڕۆکە یان تەیارە (بە ئینگلیزی: Airplane، بە عەرەبی: الطائرة) جۆرێک باڵافڕە کە باڵەکانی جێگیرن.
ئەم وتارە بۆ سەلماندن پێویستی بە ئاماژەی زیاتر بە سەرچاوەکان ھەیە. |
لەوانەیە پێویست بکات ئەم وتارە سەرلەنوێ بنووسرێتەوە بۆ گونجاندنی لەگەڵ ستانداردەکانی شێواز. |
ئەم وتارە لەوانەیە پێویستی بە خاوێنکردن ھەبێت تا بگات بە شێوازی ستانداردی نووسین. |
فڕۆکە | |
---|---|
لقی | fixed-wing aircraft، powered aircraft |
دەبێتە ھۆکاری | پیسکردن بە دەنگ، مەترسیەکانی پیسبونی ھەوا، گەشت، گۆڕانی ئاووھەوا |
کاتی دۆزینەوە | ١ی کانوونی دووەمی ١٩٠٣ |
Powered by | بزوێنەری فڕۆکە |
Wing configuration | fixed-wing aircraft |
ناوی سەربازی | A، V |
بەستەری وەسفکراو | https://neal.fun/earth-reviews/airplanes |
بەکارهێنەر | global airplane fleet |
دەنگی بەرھەمھێنراو | aircraft noise |
فڕۆکەی مووشەکی کە خێراترین جۆری فڕۆکەیە بە خێرایی زیاتر لە (٧٢٤٠ کم لە یەک کاتژمێر) دەبڕێ کە لە توێژینەوەکان بەکاردێت. فڕۆکەکان ھەموویان وەک فڕۆکەی مووشەک یان فیشکەدار گەورە و بەھێز نین زۆربەیان تەنھا یەک دانە بزوێنەری ھەیە و ژمارەیەکی کەم سەرنشین ھەڵدەگرن ئەم فڕۆکە سووک و بچووکانە بۆ گەشتی نزیک و گەشتی تایبەت بە پیاوانی کار و بازرگانان بەکاردێن.
فڕۆکەکان قورسترن لە ھەوا فڕۆکەی گواستنەوە کێشەکەی لە (٣٢٠ تۆن) زیاترە لەو کاتەی کە بە تەواوی بارکراوە. فڕۆکە دەفڕێت بەھۆی بزوێنەرەکانی و باڵەکانی و ڕووەکانی کۆنترۆڵ تێیدا بزوێنەر (یان بزوێنەرەکان) پاڵ بە فڕۆکەوە دەنێن بۆ پێشەوە بە بڕینی ھەوای ئاسمان بە پێشڤەچوونی فڕۆکە ئەو ھەوایەی کە لەسەر ڕووی سەرەوەی باڵەکەیە بە خێرایی دەجوڵێت کە دەبێتە ھۆی نزمبوونەوەی پاڵە پەستۆی ھەوا بە بەراوردکردنی لەگەڵ پاڵەپەستۆی ھەوا لە ڕووی خوارەوەی باڵی فڕۆکە، ئەم جیاوازی پاڵەپەستۆیە پێی دەڵێن ھێزی بەرزکردنەوە کە پارێزگاری لە بەردەوامبوونی فڕینی فڕۆکەکە دەکات لە ئاسمان فڕۆکەوان دەتوانێت پارێزگاری لە ھاوسەنگی فڕۆکە بکات لە کاتی فڕین بە بەکارھێنانی ڕووی کۆنترۆڵ کە چەند بەشێکن توانای جووڵەیان ھەیە و دەکەونە باڵ و کلکی فڕۆکە.
دروستکردن و پێشخستنی فڕۆکە بە زانستی فڕۆکەوانی دەناسرێت. لە کۆتایی سەدەی ھەژدەی زایینیدا بالۆن بەکار ھات لە ھەوڵەکانی یەکەمی فڕین لە ئاسمان، ئەم بالۆنانە دەفڕن چونکە کێشیان لە کێشی ھەوا کەمترە. پاش ھەوڵەکانی یەکەمی فڕین لە ئاسمان بالۆن داھێنەران ھەوڵیان دا کە ئامێری قورستر لە ھەوا بفڕێنن. ھەندێکیان تاقیکردنەوەیان لەسەر فڕۆکەی چارۆگەدار کرد (کە ھیچ بزوێنەرێکی تێدا نییە) ئەویش بە لاسایی کردنەوەی باڵی باڵندە کە داھێنەران بینیان کەمێک کوڕِِە، بەمەش توانیان بە فڕۆکەی چارۆگەدار سەدەھا مەتر بفڕن بە باڵی کوڕ لەجیاتی باڵی ڕاست. لە سەدەی نۆزدەی زایینیدا، داھێنەران توانیان یەکەم بزوێنەری سووتانی ناوخۆ بۆ بەدەست ھێنانی توانای پێویست بۆ فڕین دروست بکەن.
پاشان لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٠٣ ز دوو برای ئەمریکی (ئۆرڤیل و ویلبەر ڕایت) کە لەکارگەی دروستکردنی پایسکل کاریان دەکرد توانیان یەکەم فڕۆکە دروست بکەن لە مێژوو ئەم کارەیان لە شارۆچکەی کیتی ھۆک لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور ئەنجام دا و ئۆرڤیل یەکەم فڕینی ئەنجام دا کە دووری (٣٧ مەتر) ی بڕی بە فڕۆکەکەی کە لە دار و تێل و پارچە قوماش دروستکرابوو پاش سەرکەوتنی ئەم دوو برایە داھێنەران و فڕۆکەوانان بەردەوامبوون لە کارەکانیان چاکسازی لەدروستکردنی فڕۆکە بە تێپەڕبوونی ھەر ساڵ خێرایی فڕۆکەکان ڕوو لە زیادبووندا بوو و ھەروەھا دووری زیاتری دەبڕی بە بەراوردکردنی لەگەڵ ساڵی پێشوو. لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا فڕۆکەی دروستکراو لە کانزا دەستیپێکرد کە یەک ڕووی ھەبوو (واتە یەک باڵ) و دوو ڕوویی (واتە دوو باڵ) و داپۆشراو بە قوماش شوێنی ئەو فڕۆکانەی گرتەوە کە لە دار دروست دەکران.
داھێنانی بزوێنەری فیشکەدار لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا بە سەرچاوەی فڕۆکە دادەنرێت کە یەکەی پاڵنەری فڕۆکە دابین دەکات بە توانای بەرز. لە شەڕی جیھانی دووەم (١٩٣٩–١٩٤٥ز) کارەکان بەردەوامبوون بۆ پێشخستنی فڕۆکە کە فڕۆکەی پەروانەداری جەنگی بەکارھێنرا و یەکەم فڕۆکەی فیشکەداری جەنگی و ھەروەھا جەنگی قورسی دوور ھاوێژ، لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی بیستەمدا گەشتی ئاسمانی ڕۆژانە بۆ پەڕینەوەی زەریای ئەتڵەسی بە فڕۆکە ڕێکخرا بێ وەستان، و لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی بیستەمدا فڕۆکەی فیشکەداری نەفەرھەڵگر ڕۆلێکی گرنگی ھەبوو لە نزیک کردنەوەی ھەموو وڵاتانی جیھان و ئاسان بوونی گواستنەوە لە نێوانیاندا بەمەش جیھان بچووکتر بوو بە بەر لەسەدەیەک پێش ئێستا.
فڕۆکە زۆر گۆڕانی بەسەر شێوەی ژیانی خەڵکی داھێنا، ئێستا ملیۆنەھا کەس پشت بە فڕۆکە دەبەستن لە گواستنەوە، بازرگان و پیاوانی کار چاوەنواڕی ڕاژەی پۆستە و گەیاندنی خێران، و زۆر لە کارگەکان بەرھەمەکانیان لە ڕێگەی ئاسمانی دەگوازنەوە، ھەروەھا فڕۆکە خزمەتی تریش پێشکەش دەکات لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئاگر کەوتنەوە لە دارستان و گواستنەوەی یارمەتی مرۆیی لە باری نائاسایی و فڕۆکە چەکێکی سەرەکییە لە شەڕ. لە خوارەوە قۆناغەکانی پێشکەوتنی فڕۆکە و سیمای فڕۆکەی نوێ باس دەکرێت. ھەروەھا بەشەکانی فڕۆکە و ڕۆل و کاری ھەر یەکێکیان لە یارمەتیدانی فڕۆکە بۆ فڕین و چۆنییەتی لێخوڕینی فڕۆکەوان بۆ فڕۆکە و ڕێگەی دروستکردنی فڕۆکە و مێژوو و پێشکەوتن پیشەسازی فڕۆکەوانی.
مرۆڤ ھەزاران ساڵ خەونی بە فڕین دەبینی و ھەندێ کەس ھەوڵی فڕینیان دا بە بەستنی پەڕی باڵندە لە دەستیان و بەکارھێنانی وەک باڵی باڵندە. بەڵام زۆربەیان لەو باوەڕەدا بوون کە فڕین لە سەرووی تواناکانی مرۆڤە زۆر قسە ھەیە دەربارەی پیاوچاکان کە توانای فڕینیان ھەبووە، یان ئەو کەسانەی کە لە ھەوا بەرز دەبنەوە بەھۆی گیانلەبەری باڵدار. یۆنانییە کۆنەکان دەگێڕنەوە کە داھێنەرێک ھەبوو ناوی دیدالوس و کوڕەکەی کە ناوی ئیکارۆس بوو توانیان بفڕن بەھۆی باڵی دروستکراو لە پەڕی باڵندە و مۆم، بەڵام کە لە خۆر نزیک بوونەوە باڵەکان توانەوە بە گەرمی خۆر و کەوتنە ئاوی دەریا و خنکان.
ساڵ | زانیاری |
---|---|
١٥٠٠ز | ھونەرمەندی داھێنەری ئیتاڵی لیۆناردۆ داڤینشی وێنەی ئامێرێکی فڕینی بە باڵی کێشا. |
١٧٨٣ز | لەلایەن ھەردوو فەڕەنسی جان ف. بیلاتەر دیڕۆزی و مارکیز دارلاند یەکەم بەرزبوونەوە لە ئاسمان بە باڵۆنێکی سووکتر لە ھەوا بە بەکارھێنانی ھەوای گەرم ئەنجام درا. |
١٨٠٤ز | سێر جۆرج کایلی ی بەریتانی یەکەم نموونەی فڕۆکەی چارۆگەداری دروستکرد. |
١٨٤٣ز | ویلیەم س. ھینسۆن ی داھێنەری بەریتانی دیزاینی فڕۆکەیەکی دانا کە بە بزوێنەرێکی ھەڵمی کاری دەکرد و زۆربەی بەشە سەرەکییەکانی فڕۆکەی ئێستای تێدابوو. |
١٨٤٨ز | جۆن سترۆنگ فیلو ی بەریتانی نموونەیەکی بچووککراوی فڕۆکەیەکی دروستکرد بە پشت بەستن بە دیزاینەکانی فڕۆکەی ھینسۆن بەڵام ئەم فڕۆکەیە بۆ ماوەیەکی کەم لە ئاسمانمایەوە. |
١٨٩١–١٨٩٦ز | (ئۆتۆ لیلینتال) ی ئەڵمانی یەکەم کەس بوو کە فڕۆکەیەکی چارۆگەداری لێخوڕی. |
١٨٩٦ز | سمۆئیل ب. لانگلی ی ئەمریکی نموونەی فڕوکەیەکی دروست کرد کە بە بزوێنەری ھەڵمی کاری دەکرد. |
١٩٠٣ز | ھەر دوو برا ئۆرفیل و ویلبەر ڕایت کە ئەمریکین یەکەم فڕینیان ئەنجام دا بە فڕۆکەیەک کە قورستر بوو لە ھەوا بە ھێزی پاڵنەری ئامێری لە نزیک شارۆچکەی کیتی ھۆک لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور کە دووری (٣٧ مەتر) ی بڕی لە فڕینی یەکەم بۆ ماوەی (١٢ چرکە) لە ئاسمانمایەوە |
١٩٠٦ز | تراجان فۆلا داھێنەری ڕۆمانی توانی یەکەم فڕۆکە دروست بکات بە تەواوی قەبارەوە بە یەک باڵ بەڵام نەیتووانی بفڕی. |
١٩٠٩ز | لویس بلیریو ی فەڕەنسی یەکەم کەس بوو کە کەناڵی ئینگلیزی بڕی بە فڕۆکە. |
١٩١٣ز | ئیگۆر ڕ. سیکۆرسکی ی داھێنەری ڕووسی یەکەم فڕۆکەی چوار بزوێنەری دروستکرد و لێخوڕی. |
١٩١٥ز | یەکەم فڕۆکەی دروستکراو بەتەواوی لە کانزا بە باڵی کابولی لە ئەڵمانیا دروستکرا بە ناوی یونکرز ج-١ |
١٩٢٤ز | تاقیکردنەوەی ئاسمانی لە ئەڵمانیا بۆ یەکەم فڕۆکەی دروستکراو بەتەواوی لە کانزا و بە سێ بزوێنەر لە جۆری یونکرز ج-٢٣. |
١٩٢٧ز | فڕۆکەی گواستنەوەی جۆری لۆکھید ڤێگا یەکەم فڕینی ئەنجام دا کە یەک بزوێنەری ھەبوو. |
١٩٣٠ز | ئەندازیاری بەریتانی فرانک ویتل ھەستا بەدانانی دیزاینی یەکەم فڕۆکەی فیشکەدار. |
١٩٣٦ز | فڕۆکەی گواستنەوەی جۆری دۆگلاس دی-سی-٣ کەوتە کار لە ھێلی گواستنەوەی ئاسمانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بووە یەکێک لەو فڕۆکانەی کە بە زۆری بەکاردێن. |
١٩٣٩ز | بۆ یەکەم جار فڕۆکەی فیشکەدار یەکەم فڕینی ئەنجام دا لە ئەڵمانیا. |
١٩٤٧ز | چارڵز بیجەر ی نەقیبی فڕۆکەوانی لە ھێزی ئاسمانی ئەمریکی یەکەم فڕینی ئەنجام دا بە خێرایی زیاتر لە خێرایی دەنگ بە فڕۆکەی مووشەکی کە ناوی بیل ئێکس -١ بوو. |
١٩٥٢ز | فڕۆکەی جۆری دیھافیلاند کۆمیت ی فیشکەداری گەورە بۆ یەکەم جار لە ھێلی ئاسمانی بەکار ھێنرا. |
١٩٥٣ز | یەکەم فڕۆکەی گواستنەوەی پەروانەدار بە ناوی فیکرز فیسکۆنت لە ھێلی گواستنەوەی ئاسمانی بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بەکارھات. |
١٩٥٨ز | فڕۆکەی جۆری بۆینگ - ٧٠٧ کەوتە کار کە یەکەم فڕۆکەی گواستنەوە بوو لە نێوان ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاری کرد. |
١٩٦٠ز | فڕۆکەی بەریتانی جۆری ھۆکەر ب-١١٢٧ یەکەم فڕۆکە بوو بەیەک بزوێنەر کە بە شێوەیەکی ستوونی بەرز دەبووەوە و دەنیشت. |
١٩٦٨ز | فڕۆکەوانانی ڕووس تاقیکردنەوەیان لەسەر یەکەم فڕۆکەی گواستنەوە لە جیھان کرد کە خێرایییەکەی لە خێرایی دەنگ زیاتر بوو ئەویش فڕۆکەی تی - یو ١٤٤ بوو. |
١٩٧٠ز | فڕۆکەی جۆری جامپۆ ی فیشکەدار کەوتە کار جۆری بۆینگ - ٧٤٧. |
١٩٧٦ز | فڕۆکەی جۆری کۆنکۆرد کەوتە کار بۆ گواستنەوەی خەڵک کە خێرایییەکەی لە خێرایی دەنگ زیاترە و لەلایەن بەریتانیا و فەڕەنسا دروست کرا. |
١٩٩٥ز | فڕۆکەی جۆری بۆینگ - ٧٧٧ کە گەورەترین فڕۆکەی فیشکەدارە لە جیھان کە دوو بزوێنەری ھەیە. |
٢٠٠٠ز | فڕۆکەی جۆری کۆنکۆرد لە فڕین ڕاگیرا تا دۆزینەوەی ھۆی ئەو درزانەی کەلە لەشی فڕۆکە بینرا. |
مێژووی بیرۆکە و ھەوڵی فڕین دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٤٠٠) پێش زایین کە زانای یۆنانی ئەریشتاس کۆترێکی لە دار دروستکرد لە ھەوا جوڵاندی، تا ئێستاش نازانرێ کە چۆن ئەریشتاس توانی ئەم کۆترە بفڕێنی، بەڵام وا دەخەملێنرێ کە ئەم کۆترەی بە باسکێکی سووڕاو بەستابێو ھەڵم یان گازێکی بەکارھێنا بۆ جوڵاندنی بە ئارستەی سووڕانەوە. لە نێوان (٤٠٠–٣٠٠)پ. ز چینییەکان دروستکردنی کۆلارەیان دۆزییەوە کە جۆرێکە لەجۆرەکانی فڕۆکەی چارۆگەدار، پاش ماوەیەک ئەم کۆلارانە بەکارھاتن بۆ ھەڵگرتنی مرۆڤ.
لە نێوان ساڵانی (١٨٩١–١٨٩٦) ز ئۆتۆ لیلینتالی ئەڵمانی یەکەم کەس بوو کە فڕۆکەیەکی چارۆگەداری لێخوڕی. پێش کۆتایی سەدەی نۆزدەھەم داھێنەری تری وەک بیرسی بیلتشری بەریتانی و ئۆکتیڤ چانیۆت ی ئەمریکی فڕینی ھاوشێوەیان ئەنجام دا، ھەندێک لەو فڕۆکەچارۆگەدارانە زۆر بە باشی دروستکرابوون کە تەنانەت فڕۆکەوانی بۆ دووری سەدەھا مەتر لە ھەوا ھەڵگرت. بەڵام لێخوڕینی فڕۆکەی چارۆگەدار شتێکی گران بوو لە زۆربەی کاتەکان، ھەروەھا دروست نەکرابوو بۆ ھەڵگرتنی مرۆڤ و کەل و پەل لەبەر ئەوە بە ڕێگای گواستنەوە نەدەژمێردرا.
لە ساڵی (١٨٩٠ز) ئەندازیاری فەڕەنسی کلیمەنت ئادەر ھەوڵیدا بفرێ بە فڕۆکەیەک کە بزوێنەرێکی ھەڵمی بەکاردەھێنا لە دروستکردنی بەڵام نەیتوانی کۆنترۆڵی بکات و نەفڕی. ھەر لەو ماوەیەدا سێر ھیرام مەکسیمی ئەمریکی، کە دوواتر بووە ھاووڵاتی بەریتانی، توانی فڕۆکەیەکی گەورە دروست بکات کە بە بزوێنەرێکی ھەڵمی کاری دەکردو دوو باڵ و دوو بزوێنەر و دوو پەروانەی لە پێشەوە ھەبوو، تاقیکردنەوەی مەکسیم لەسەر ئەم فڕۆکەیە لە ساڵی (١٨٩٤ز) ئەنجام درا، کە بۆ ماوەیەکی کورت لە ڕووی زەوی بەرز بووەوە بەڵام لە ڕاستیدا نەیتوانی بفڕێ.
لە فەڕەنسا لە ساڵی (١٩٠٨ ز) ویلبەر یەکەم فڕینی گشتی و فەرمی ئەنجام دا کە جێی سەرسووڕمانی جیھان بوو لە توانای فڕۆکە بۆ فڕین.
ئەلبیرتۆ سانتۆس دومۆنت بەڕازیلی کە لە فەڕەنسا دەژیا بووە سێیەم کەس کە بە فڕۆکەوە فڕی، لە ساڵی (١٩٠٦ز) ھەندێک فڕینی کورتی ئەنجام دا بە فڕۆکەکەکەی کە زۆر لە فڕۆکەی وەرەقی سندوقی دەچوو، پاشان ھەستا بە دروستکردنی چەند فڕۆکەیەک کە لە فڕۆکەکانی یەکەم دەژمێردرێن کە بەکارھێنران بۆ فڕینی تایبەت و گەشت و گوزار. لە ساڵی (١٩٠٦ز) تراجان فۆلا داھێنەری ڕۆمانی کە لە فەڕەنسا دەژیا توانی یەکەم فڕۆکە دروست بکات بە تەواوی قەبارەوە بە یەک باڵ (واتە تاک باڵ) فڕۆکەکەی بەوە جیادەکراوە کە پەروانەکان لە پێشەوەی باڵەکان دانا، ھەرچەندە ھەوڵەکانی سەرکەووتو نەبوو، کەچی کاریگەری ھەبوو لەسەر ئەو فڕۆکانەی کە لە دوای ھاتن.
فڕۆکەوانی ئینگلیزی ھینری فارمان کە لە فەڕەنسا دەژیا لە سەرەتای ساڵی (١٩٠٨ز) ھەوڵی فڕینی سووڕانی درێژتری دا. ھەریەک لە کوتیس و فارمان و برایان ڕایت بوونە سەرکەوتووترین دروستکەری فڕۆکە. تۆماس ئەی. سیلڤەر دیچ ئەفسەر لە ھێزی نیشاندان لە سوپای ئەمریکی یەکەم کەس بوو کە گیانی لەدەستدا لەڕووداوی تێکشکانی فڕۆکە کاتێک کە سوپای ئەمریکی بڕیاریدا کە فڕۆکەی برایان ڕایت تاقی بکاتەوە لە بواری سەربازی، لە (١٧ ی سیبتێمبەری ١٩٠٨ز) سیلڤەر دیچ و ئۆرفیل ڕایت ھەوڵی فڕینیان دا کە فڕۆکەکە (٢٣ مەتر) لە ڕووی زەوی بەرز بووەوە یەکێک لە پەروانەکان شکا و فڕۆکەکە تێکشکا لە ئەنجام دا سیلڤەر دیچ گیانی لەدەستدا و ئۆرفیل ڕایت بریندار بوو، بەڵام ئەمە نەبووە ھۆی وازھێنانی برایان ڕایت لە فڕین لە ساڵی (١٩٠٩ز) گرێبەستێکیان لەگەڵ سوپای ئەمریکی بەست بۆ دروستکردنی یەکەم فڕۆکەی جەنگی لە جیھان.
لە ھەموو لایەکی جیھان فڕین بە فڕۆکەی قورس لەھەوا بڵاو بووەوە، لە ساڵی (١٩١٩ز) حاوی ئەمریکی ھاری ھۆدینی خەڵاتی یانەی فڕۆکەوانی بەدەست ھێنا لە یەکەم پێشبڕکێی ئاسمانی لە ئوسترالیا. ھاری ھۆدینی بە سەرکەوتوویی و بە کۆنترۆڵەوە سێفڕینی ئەنجام دا بە فڕۆکەی جووت باڵ کە زۆر بە فڕۆکەی چارۆگەداری سندوقی دەچوو، لە نزیک دیگەر لە ھەرێمی ڤیکتۆریا لە (١٨ ی ئابی ١٩١٠ز). لە (١٦ ی تەممووزی ١٩١٠ز) جۆن دویگان بە یەکەم فڕۆکەی دروستکراو لە ئوسترالیا فڕی. پزیشکی ددان ئەی. ھارت کە لەسیدنی لە دایک بووە، یەکەم کەسە کە بڕوانامەی فڕینی پێدرا لە ساڵی (١٩١١ز).
لە ساڵی (١٩١٣ ز) ئیگۆر ڕ. سیکۆرسکی داھێنەری ڕووسی یەکەم فڕۆکەی چوار بزوێنەری دروستکرد و لێخوڕی و ناوی نا گراند. لە کاتێک کە زۆربەی فڕۆکەکانی ئەو کاتە تەنھا یەک بزوێنەری ھەبوو.
شەڕی جیھانیی یەکەم بووە ھۆی پێشکەوتنی فڕۆکە لە سەرەتای شەڕدا ھەردوو لای شەڕکەر ھەستیان بە گرنگی فڕۆکە کرد بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی دوژمن و شوێنی بنکە سەربازییەکان. ئەندازیاران ھەستان بە دانانی دیزاینی بزوێنەری بە ھێزو بەتواناتر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسمان بە فڕۆکەی جەنگی خێراتر و بۆمبا ھاوێژ کە باری گەورە ھەڵگرێ لە چەک و تەقەمەنی بەمەش دروستکردنی ھەزارەھا فڕۆکە دەستی پێکرد لە ھەریەکە لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا. بە دواکەوتنی ئاسمانی لە شەڕدا زیادی کرد کە شەڕێکە لەنێوان فڕۆکە جەنگییەکان فڕۆکەکانی ئەڵمانی لە وێنەگرتنی ھێزی دەریاوانی دوژمن و مووشەک باران کردنی کەشتی ژێر ئاو (غەواسە) بەکارھات.
زۆربەی ئەو فڕۆکانەی کە لە سەرەتای جەنگدا بەکار ھاتن خێرایی لە (١١٠ کم / کاتژمێر) تێنەدەپەڕی کەچی لە کۆتایی جەنگدا خێرایی زۆربەی ئەو فڕۆکانە لە (٢١٠ کم / کاتژمێر) زیاتر بوو. ھۆگۆ یونکەرز کە لە پیشەسازی فڕۆکەوانی کاری دەکرد توانی فڕۆکەیەک دابھێنی کە کاریگەری گەورەی ھەبوو لە ڕێڕەوی شەڕ فڕۆکەکەشی ناونا یونکەرز ج-١ یەکەم فڕینی لە ساڵی (١٩١٥ز) ئەنجام دا کە یەکەم فڕۆکە بوو بە تەواوی لە کانزا دروستکرابێ و یەکەم فڕۆکە بوو باڵی کابولی ھەبوو، چونکە فڕۆکەکانی پێشوو باڵەکانیان بە گیرە جێگیر دەکرا لە لەشی فڕۆکە کە دەبووە ھۆی کەمکردنی خێرایی، کەچی باڵی کابولی بە بەشی ناوەوەی فڕۆکە جێگیر دەکرێ.
چاخی زێڕینی پێشکەوتنی فڕۆکە لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیستەم بوو، لەو ماوەیەدا پێشکەوتنی خێرا لە دیزاینی فڕۆکە ڕوویدا و یەکەم ھێلی ئاسمانی کەوتەکار بەشێوەیەکی فراوان، لەو ماوەیەدا لێھاتوویی و توانای فڕۆکەوانە ئازاکان بەدیارکەوت بە مانەوەیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئاسمان. لە ساڵی (١٩١٩ز) کۆمپانیای ھێڵی ئاسمانی بچووک لە ئەورووپا کەوتە کار، ئەم کۆمپانیایانە فڕۆکەی بۆمب ھاوێژیان بەکارھێنا کە پاشماوەی جەنگی جیھانی یەکەم بوون پاش چاککردنیان بۆ ئەوەی شیاو بێ بۆ گواستنەوەی مرۆڤ و پۆستە لە نێوان شارەکانی ئەورووپا، لە کابینەی نەفەر کورسی بە پشتێن دانرا لەگەڵ چەند جوانکارییەک، لەو کاتە سەرنشینەکان گوێیان لەیەکتر نەدەبوو لەبەر دەنگی بزوێنەرەکان و کابینەی نەفەر گەرم کەرەوەی تێدا نەبوو.
پاش جەنگی جیھانی یەکەم حکوومەتی ئەمریکی ھەزارەھا فڕۆکەی جەنگی کە زیاد بوون بۆ فرۆشتن ڕاگەیاند زۆربەی فڕۆکەوانانی شەڕکەری کۆن ئەم فڕۆکانەیان کڕی بۆ بەکارھێنانی لە گەشتی تایبەت بۆ دیتنی گوندەکان لە ئاسمانەوە. لەم فڕینانە یاری ئاسمانی پاڵەوانی پێشکەش دەکرا و لەسەر باڵەکان دەڕۆیشتن لەکاتی فڕین و لە باڵێکەوە بۆ باڵەکەی تر بازیان دەدا. لەھەمان کاتدا گرنگی درا بە خزمەتەکانی ھێڵی ئاسمانی، لە ساڵی (١٩١٨ ز) دەستکرا بە بەڕێوەبردنی پۆستەی ئەمریکی بە بەکارھێنانی فڕۆکەی بەریتانی دیھافیلاند. لە ساڵی (١٩١٩ ز) فڕۆکەی فەڕەنسی فارمان یەکەم گەشتی ھێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی ئەنجام دا لە فەڕەنسا بۆ بەلجیکا. و لە ئوسترالیا دوو لە فڕۆکەوانە پێشەنگەکان (ھێدسۆن فیش و ب.ج. ماک جینس) بە بەشداری لەگەڵ کۆمپانیای تایبەت بە بەخێوکردنی مەڕوماڵات لە ویلایەتی کوینزلاند ھەستان بە دامەزراندنی کۆمپانیای کانتاس لە ساڵی (١٩٢٠ز) و لە تشرینی دووەمی ساڵی (١٩٢٢ز) کۆمپانیای کانتاس گرێ بەستێکی دەستکەوت بۆ دامەزراندنی ھێڵی ئاسمانی کە دوو شاری شارل فیل و کلۆنکەری بەیەک دەبەست لە ویلایەتی کوینزلاند لە ئوسترالیا.
چالاکییەکانی ھێڵی ئاسمانی و فڕۆکەوانی سنووردار بوون لە تواناکان و دووری بڕاو تا ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی بیستەم. ئەڵمانییەکان فڕۆکەی یۆنکەرز ج-٢٣ یان دروستکرد لە ساڵی (١٩٢٤ ز) وەک سەرەتایەک بۆ بەرھەمھێنانی زنجیرەیەک فڕۆکە کە سێ بزوێنەرو لەشی لە کانزا دروستکرابوو تواناکانی بەھێز کراو دووری زیاتری دەبڕی. پاشان فڕۆکەی ئەمریکی فۆرد تریمۆتۆر ھاتە مەیدان لە ساڵی (١٩٢٦ ز) کە ھاوشێوە بوو لەگەڵ فڕۆکەی پێشوو وبە (تین جۆس) ناونرا. لە ساڵی (١٩٢٩ ز) فڕۆکەی وشکاوەکی (دوورنییر دوو ئێکس) توانی (١٥٠) سەرنشین بۆ دووری (١٧٠٠ کم) بگوازێتەوە لەگەڵ ئەوەی کە فڕۆکەی (ە.ب. -٤٢)ی بەریتانی خێرایییەکەی زۆر کەم بوو و دووانە باڵ بوو بەڵام پشتی پێ بەسترا و ھێڵی ئاسمانی شانشینی بەریتانی پێ کرایەوە. لە ساڵی (١٩٣٣ز) شۆڕش بەرپا بوو لە دیزاینی فڕۆکەی ھێڵی ئاسمانی بە کەوتنەکاری فڕۆکەی بۆینگ-٢٤٧ کە بە خێرایی (٣٠٠ کم / کاتژمێر) دەفڕی، کە تەنھا دە سەرنشینی دەگواستەوە بە یەکەم فڕۆکەی ھێڵی ئاسمانی دانرا. پێشبڕکێیە ئاسمانییەکان یارمەتیدەر بوون بۆ چاککردن و پێشخستنی دیزاینی فڕۆکە لە بیستەکانی سەدەی بیستەم. یەک لە پێشبڕکێیە گرنگەکان پێشبڕکێی شنایدەر بوو لە ئەڵمانیا کە فڕۆکەوان ترۆفی لە ساڵی (١٩٢٠ ز) بە یەکەم دەرچوو بە خێرایی (١٧٢ کم /کاتژمێر) و لە ساڵی (١٩٣١ ز) خێرایی فڕین گەیشتە (٥٤٧ کم /کاتژمێر).
لە ماوەی بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیستەم فڕۆکەوانان ژمارەی نوێیان تۆمار دەکرد لە خێرایی فڕین و سووربوون لەسەر ئەوەی کە فڕۆکە دەتوانێ دووری زۆر ببڕێ لەنێوان کیشوەرەکانی ئەورووپا و ئەمریکای باکوور و ئاسیا و ئەفریقا. بە تەواو بوونی جەنگی جیھانی یەکەم حکوومەتی فیدراڵی ئوسترالی خەڵاتی (١٠٠٠٠ جونەیھی ستیرلینی) دانا بۆ ئەو فڕۆکەوانانەی کە دەتوانن بۆ یەکەمجار لە نێوان لەندەن و ئوسترالیا بفڕن بەپێی ئەم ڕاگەیاندنە حکوومەتی فیدراڵی ئوسترالی پێشبڕکێیەکی ئاسمانی گەورەی ئەنجام دا کە دوو برای ئوسترالی (ڕۆس و کیس سمیس) سەرکەوتنیان بەدەست ھێنا کە بە فڕۆکەی فیکرز فیمی لە شاری داروین ھاتنە خوارەوە بە چوار کەس کە لەناو فڕۆکەکەدا بوون لە ڕۆژی (١٠ ی دیسێمبەر١٩١٩ز) ئەم گەشتە (٢٧ ڕۆژ و ٢٠ کاتژمێر) ی خایاند، ھەروەھا فڕۆکەوانانی ئەمریکی گەشتی درێژخایەنیان ئەنجام دا لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیستەم.
لە ساڵی (١٩٢٦ ز) ڕیچارد ڕ. بیرد و فلوید بنیت یەکەم فڕینی لە ئاسمانی جەمسەری باکوور ئەنجام دا بە بەکارھێنانی فڕۆکەی دوتش کە سێ بزوێنەری ھەبوو. لە ساڵی (١٩٢٧ ز) چارڵز لیندبیرگ بە تەنیا زەریای ئەتڵەسی بڕی بە فڕین بێ وەستان. درێژی گەشتەکە (٥٨١٠ کم) بوو لە گاردن ستی لە ویلایەتی نیویۆرک بۆ شاری پاریس لە فەڕەنسا گەشتەکە (٣٣٬٥ کاتژمێر)ی خایاند بە فڕۆکەی (گیانی سانت لویس) کە فڕۆکەیەکە لە جۆری ڕیانی یەک ڕوو کە دروستکرا بەتایبەتی بۆ ئەم گەشتە وەبە بزوێنەرێکی ھەمان جۆری فڕۆکەی برایان ڕاین پاش ڕاستکردن و پێشخستنی فڕۆکەکە بە نوێترین ئامێری فڕۆکەوانی ئەوکاتە ئامادە کرا کە یارمەتی (لیندبیرگ) ی دا بۆ دەستنیشانکردنی ڕێڕەوی فڕۆکەکە لەسەر زەریای ئەتڵەسی بەبێ بەکارھێنانی ئامێری بێتەل. لە ساڵی (١٩٢٥–١٩٢٦ ز) سێر ئالان جۆن کۆبام کە فڕۆکەوانێکی بەریتانی بوو، یەکەم فڕینی درێژ خایەنی ئەنجام دا بە چوون و ھاتن لە بەریتانیا بۆ بۆرما و باشووری ئەفریقا. لە ساڵی (١٩٢٨ ز) فڕۆکەوانی ئوسترالی بێرت ھینکلەر یەکەم کەس بوو کە بەتەنیا لە بەریتانیا بۆ ئوسترالیا فڕی کە (١٥٬٥ ڕۆژی خایاند).
دوو فڕۆکەوانی تری ئوسترالی ناوبانگییان دەرکرد یەکەمیان سێر چارڵز کینکز فۆرد سمیس و دووەمیان چارڵز ئولم بوو لە ساڵی (١٩٢٨ ز) کەیەکەم فڕۆکەوان بوون یەکسەر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فڕین بۆ ئوسترالیا بە بەکارھێنانی فڕۆکەی فۆکەر کە سێ بزوێنەری ھەبوو بەناوی سزرن کروس لە ھەمان گەشتدا دوو ئەمریکی تریان لەگەڵ بوو ھاری لیۆن وەک کەشتیوان و جیم وارنەر وەک ھونەریی بێتەل گەشتەکە تەواو بوو کە درێژییەکەی (١١٨٤٠ کم) بوو لە برزبین و (٨٣ کاتژمێر و ٣٨ خولەکی خایاند. لە ساڵی (١٩٣١ ز) دوو فڕۆکەوانی ئەمریکی ھیوج ھیرندۆن و کلید بانجبۆرن یەکەم گەشتیان ئەنجام دا بۆ پەڕینەوە لە زەریای ئەتڵەسی بێ وەستان. لە ساڵی (١٩٣٣ ز) فڕۆکەوانێکی تری ئەمریکی بە ناوی وایلی پۆست گەشتێکی ئەنجام دا بە تەنیا بە دەوری زەوی بە بەکارھێنانی فڕۆکەی لۆکھید ڤێگا.
زۆر لە ژنان گەشتی ئاسمانییان ئەنجام دا بەمەش جێی ڕێزو سەرنجی جیھان بوون، لە ساڵی (١٩٣٠ ز) فڕۆکەوانی ئاسمانی بەریتانی ئامی جۆنسۆن لاپەڕەی یەکەمی ھەواڵەکانی داگیرکرد لە ھەموو جیھان کاتێک کە بەتەنھا فڕی لە بەریتانیا بۆ ئوسترالیا لە ساڵی (١٩٣٢ ز) فڕۆکەوانی ئاسمانی ئەمریکی ئیمیلیا ھارت یەکەم ژن بوو کە بە تەنیا لە زەریای ئەتڵەسی پەڕییەوە بێ وەستان؛ و لە ساڵی (١٩٣٥ ز) فڕۆکەوانی ژن جین باتی کە خەڵکی نیوزیلەندا بوو یەکەم ژن بوو کە بە تەنیا لە باشووری زەریای ئەتڵەسی پەڕییەوە بە فڕینی لە بەریتانیا بۆ بەڕازیل.
لە ماوەی سییەکانی سەدەی بیستەمدا زۆر چاکسازی ئەندازیاری کرا، کە بەھۆیەوە توانرا قەبارەی فڕۆکەکان گەورە بکرێ و خێرایی زیاد بکرێ و دووری زیاتر ببڕێ و لە بەرزی زۆر بفڕێ و قورسایی زیاتر ھەڵگرێ. ئەندازیاران توانیان فڕۆکەکان ئینسیابی بکەن بەجۆرێک بە ئاسانی ڕێ بکات لە ھەوا بە سوود وەرگرتن لە زانستی دینامیکی ھەوا. فڕۆکەوان و سەرنشینانی فڕۆکە کێشەی سەختی ھەناسەدانیان ھەبوو لەبەر کەمی ھەوا لە بەرزایی لەبەر ئەوە ئەندازیاران دیزاینی کابینەی پاڵەپەستۆی دیارکراویان کرد بەمەش ھەناسەدان لە بەرزایی (٩٠٠٠ مەتر) بە ھەمان ئاسانی ھەناسەدان لە بەرزایی (٢٠٠٠ مەتر). ھەروەھا دیزاینی پەروانەیان کرد کە دەتوانرێ کۆنترۆڵ لەسەر ھێڵەکانی بکرێ کە بەھۆیەوە فڕۆکەوان دەتوانێ باری پەڕەکانی پەروانەکە لە باشترین گۆشە دابنێ بەپێی خێرایی فڕۆکە. ھەروەھا چاکسازی لە ئامێری پەیوەندی بێتەل بووە ھۆی وەرگرتنی زانیارییەکان لە بنکەکانی سەر زەوی و ئامێری فڕۆکەوانی ئامێری یان ئۆتۆماتیکی (فڕۆکەوانی جیرۆسکۆبی) لە سییەکانی سەدەی بیستەم بووە ھۆی زیادکردنی وردبوونی فڕۆکەوانی ئاسمانی و یارمەتیدانی فڕۆکەوان بۆ دوورکەوتنەوە لە ماندوو بوونی زیاد لە گەشتە دوور خایەنەکان.
گشت چاکسازییە سەرەکییەکان بەکارھێنران بۆ دیزاینی یەکێک لە سەرکەوتووترین فڕۆکە و دروستکردنی کە فڕۆکەی دۆگلاس دی-سی-٣ ئەمریکی بوو، ئەم فڕۆکە جۆت بزوێنەرە یەکەم گەشتی ئاسمانی بە سەرنشینەوە لە ساڵی (١٩٣٦ ز) کە (٢١) کەسی ھەڵدەگرت و بە خێرایی (٢٧٤ کم/کاتژمێر) دەفڕی و بووە فڕۆکەیەکی سەرەکی لە ھێڵی ئاسمانی گەورە لە ھەموو جیھان. تا ئێستا فڕۆکەی دۆگلاس دی-سی-٣ ئەمریکی کۆن بەکاردێ لە گواستنەوەی سەرنشین و کەل و پەل لە گەشتە ناوخۆیییەکان لە زۆربەی وڵاتانی جیھان. لە ماوەی سییەکانی سەدەی بیستەمدا فڕۆکەی ئاوی زۆر لە سەرنشینانی گواستەوە بۆ پەڕینەوە لە زەریاکان. لە فڕۆکە بازرگانییە ئاوییەکان فڕۆکەی ئاوی دورنییر دوو ئێکس کە دوازدە بزوێنەری ھەبوو لە ساڵی (١٩٢٩ ز) بۆ یەکەم جار فڕی بەڵام سەرکەوتنی بەدەست نەھێنا و بڵاو نەبووەوە.
لە ساڵی (١٩٣٦ز) بەریتانیا ھەستا بە پەرەپێدانی فڕۆکە ئاوییەکانی سەر بە ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا بۆ دابینکردنی گواستنەوەی ئاسمانی لە نێوان بەریتانیا و بەشە دوورەکانی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا. دواترین و بەناوبانگترین فڕۆکەی ئاوی بۆینگ ٣١٤ کلیپەر توانی قورسایی(٧٤) سەرنشین ھەڵگرێ. و لە ساڵی (١٩٣٩ ز) فڕۆکەی کلیپەر یەکەم خزمەتگوزاری ڕێکوپێکی بۆ سەرنشینەکان ئەنجام دا لە ڕێگەی زەریای ئەتڵەسی. لە ساڵی (١٩٣٩ ز) بەریتانیا دەستی بە خزمەتگوزاری پۆستە و گەیاندن کرد لە باکووری ئەتڵەسی بە بەکارھێنانی فڕۆکەی ئاوی سەر بە ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا، ئەم خزمەتگوزارییە لە کار وەستا لە کاتی شەڕی جیھانی دووەم و پاش تەواوبوونی شەڕی جیھانی دووەم دەستکرا بە پەرەپێدانی فڕۆکەکان بۆ زیادکردنی تواناکانیان و پەرەپێدانی فڕۆکەخانەکان بە دروستکردنی شوێنی نیشتنی فڕۆکە بە درێژی پێویست کە بووە ھۆی کۆتایی ھاتنی چاخی فڕۆکەی ئاوی لە جیھان.
لە ماوەی جەنگی جیھانی دووەم (١٩٣٩–١٩٤٥ ز) ھەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا و یابان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی تر ھەستان بە بەرھەمھێنانی ھەزارەھا فڕۆکەی سەربازی لەم ماوەیەدا، ھەروەک لە ماوەی جەنگی جیھانی یەکەم، ئەندازیاران زۆر چاکسازییان بەسەر فڕۆکە بۆمب ھاوێژ و جەنگییەکان ھێنا ئەم فڕۆکە بۆمب ھاوێژانە کە پێشخران لە جەنگی جیھانی دووەم توانی دوو ئەوەندەی بارەکانی ھەڵگرێ و دوو ئەوەندەی دوورییەکان ببڕێ بێ ئەوەی دووبارە سووتەمەنی تێبکرێ بە بەراوردکردنی لەگەڵ فڕۆکە بۆمب ھاوێژەکانی پێش جەنگ. لە سەرەتای جەنگ ئەوپەڕی خێرایی فڕۆکە جەنگییەکان (٤٨٠ کم/کاتژمێر) بوو بە بەرزی (٩٠٠٠ م) کەچی لە کۆتایی جەنگ خێرایی زیاد کرا بۆ (٦٤٠ کم/ کاتژمێر) و گەیشتە بەرزایی (١٢٠٠٠ م) لە ھەمان کاتدا فڕۆکە جەنگییە فیشکەدارەکان خێراییان لەمەش تێپەڕی.
لە سەرەتای سییەکانی سەدەی بیستەم دا فرانک ویتل ئەندازیاری بەریتانی ھەستا بە دانانی دیزاینی بزوێنەری فیشکەدار، بەڵام فڕین بە یەکەم فڕۆکەی بزوێنەری فیشکەدار فڕۆکەیەکی ئەڵمانی ئەنجامی دا لە جۆری ھێی-١٧٨ لە ساڵی (١٩٣٩ ز) کەچی یەکەم فڕۆکەی بەریتانی بە بزوێنەری فیشکەدار فڕۆکەی گلۆستەر ئەی ٢٨/٣٩ کە لە ساڵی ١٩٤١ بەرھەم ھێنرا. فڕۆکەی ئەڵمانی میسر شمیدس می-٢٦٢ یەکەم فڕۆکەی فیشکەدار بوو کە لە شەڕی ئاسمانی بەکار ھات لە جەنگی جیھانی دووەم کە باڵادەست بوو لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان بە فڕۆکەی گلۆستەر متیور یەکەم فڕۆکەی فیشکەداری جەنگی بەریتانی، کە دەیتوانی بەخێرایی زیاتر لە (٨٨٠ کم/کاتژمێر). یەکەم فڕۆکەی فیشکەداری ئەمریکی فڕۆکەی بێل ب-٥٩ ڕ لە ساڵی ١٩٤٢ ز. زانایانی ئەڵمانی تاقیکردنەوەیان لەسەر فڕۆکەی مووشەکی کرد لە ساڵی ١٩٢٨ز، و لە سەرەتای جەنگی جیھانی دووەم، نموونەی یەکەم بەتەواوی قەبارەی فڕۆکە بەرھەم ھێنرابە ناوی میسر شمیدس م.ی. ١٦٣ ئەم فڕۆکەیە بە پاڵنەری مووشەکی خێرایییەکەی گەیشتە(٩٧٠ کم/ کاتژمێر). ئەندازیارانی ئەڵمانی ئەم فڕۆکەیان وەک نموونە بەکارھێنا بۆ فڕۆکەی جەنگی م. ی ١٦٣ کۆمیت کە لە کۆتایییەکانی شەڕدا بەکار ھات.
لە کۆتایی جەنگی جیھانی دووەم کۆمپانیاکانی بەرھەم ھێن پەرەیان دا بە فڕۆکەی گواستنەوە لە ڕێگەی زەریای ئەتڵەسی بێ وەستان بۆ بەکارھێنانی لە ھێڵی ئاسمانی بازرگانی. ئەم فڕۆکانە بزوێنەری چوارینەیان بەکار ھێنا کە لە ماوەی جەنگ پەرەیان پێدرا. لەو گەشتە درێژ خایەنانە دوو جۆر فڕۆکەی ئەمریکی بەکارھات (دۆگلاس دی. سی-٤ و لۆکھید کۆنستلیشن). لەکاتی ئاشتی پەرە بە فڕۆکە جەنگییەکان درا کە لە شەڕ بەکاردەھێنران وەک فڕۆکەی بەریتانی ئەفرۆ یۆرک کە پەرەی پێدرا لە فڕۆکەی لانگستر بۆ ھەڵگرتنی(٤٥) کەس، بەڵام دەبوایە لە ڕێگا بوەستایە بۆ تێکردنی سووتەمەنی. پەڕینەوە لە زەریای ئەتڵەسی بێ وەستان پێویستی بە بەرھەمھێنانی بزوێنەری بەتواناتر ھەبوو کە بزوێنەری فیشکەدار لە ساڵی(١٩٤٥ز) ئەم توانایەی سەلماند بەڵام بڕی سووتەمەنی بەکارھاتوو زۆر بوو لەبەر ئەوە پێویستی بە دووبارە تێکردنی سووتەمەنی ھەبووپاش بڕینی دوورییەکی کەم، لەجیاتی پەرەپێدان بە بزوێنەری فیشکەدار، بزوێنەری پستۆنی بەکارھات کە بە توانا بوو کە تا ئێستاش لە زۆر لە فڕۆکەکان بەکاردێ. لەو فڕۆکانەی کەبە پاڵنەری ئامێری بە بزوێنەری پستۆنی کاریان دەکرد ئەم جۆرانەبوون: دۆگلاس دی. سی-٧ و فڕۆکەی لۆکھید سوپەر کۆنستلیشن و فڕۆکەی بۆینگ-٣٧٧ ستراتۆ کروزەر، کە (١٠٠)کەسی دەگواستەوە بە پەڕینەوەی زەریای ئەتڵەسی بێ وەستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئەورووپا بە خێرایی زیاتر لە (٤٨٠ کم/ کاتژمێر).
ئەندازیاران لە چلەکانی سەدەی بیستەم بزوێنەری فیشکەداریان پەرە پێدا کە لە شەڕی جیھانی دووەم بەرھەم ھێنرا کە زۆر سەرەتایی بوو لەوکاتەدا. ھێزی ئاسمانی ئەمریکی پێویستی بەبزوێنەری فیشکەدار ھەبوو بۆ زیادکردنی توانای فڕۆکە بۆمب ھاوێژ و فڕۆکە جەنگییەکان و زیادکردنی خێرایی، لە سەرەتای شەڕی کۆریا (١٩٥٠–١٩٥٣ ز) ئەمریکا فڕۆکەی فیشکەداری بەکارھێنا بەتوانایەکی بەرز، لە کاتی جەنگ دوو فڕۆکەی بەناوبانگی ف-٨٦ سابر ی سەر بەھێزی ئاسمانی ئەمریکی و مێگ-١٥ سەر بەھێزی ئاسمانی سۆڤیەتی لە ئاسمانی کۆریا بەیەکگەیشتن. لە بەریتانیا ئەندازیاران یەکەم فڕۆکەی فیشکەداری زەبەلاحیان دروستکرد و لە ھێڵی ئاسمانی بازرگانی کاری کرد ئەویش فڕۆکەی دی ھاڤیلاند کۆمیت بوو لە ساڵی (١٩٥٢ ز) خرایە خزمەتی خەڵک بە خێرایی (٨٠٠ کم/کاتژمێر) کە دەنگە دەنگ و لەرە لەری زۆر کەم بوو. لە دوو ڕووداوی یەک لەدوای یەک دوو فڕۆکەی کۆمیت لەکاتی فڕین تەقینەوەو گشت سەرنشینەکانی گیانیان لەدەست دا. یەکسەر پاش ئەم ڕووداوە حکوومەتی بەریتانی فڕۆکەی کۆمیتی لە فڕین قەدەغە کرد بۆ پشکنینی، پاش پشکنین دەرکەوت کە ھەڵەیەک لە لەشی فڕۆکەکەدایە، چونکە لەناو کابینەدا ئامێری کۆنترۆڵی پەستان ھەبوو بۆ سەلامەتی سەرنشین، کە فڕۆکەکە گەیشتە بەرزی زۆر کە لەو بەرزییە پەستانی ھەوا زۆر کەمە، پەستانی ناو کابینەی لە لەشی کانزایی فڕۆکەی بێ ھێز کرد و لەئەنجام دا تەقییەوە، پاش ئەم ڕووداوە لەشی فڕۆکە پێشخرا و بەھێزتر کرا ئەم کارەش بۆ ھەموو جۆرەکانی فڕۆکە ئەنجام درا بەتایبەتیش فڕۆکەی کۆمیتی نوێ.
لەھەمان کات بەریتانیا فڕۆکەی فیکەرز ڤیسکۆنتی دروستکرد کە یەکەم فڕۆکەی گواستنەوەیە پەروانەکەی بەشێوەی ئامێری پاڵدەدرێ بەھۆی بزوێنەری فیشکەدار، ئەم فڕۆکە تێربۆ پەروانەدارە خەڵکی گواستەوە لە ساڵی (١٩٥٣ ز). لە ساڵی (١٩٥٥ ز) فەڕەنسا فڕۆکەی فیشکەداری دوو بزوێنەری (کارافیل) ی دروستکرد. یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو فڕۆکەی فیشکەداری دوو بزوێنەری (تۆبۆلۆڤ تی.یو. ١٠٤) ی دروستکرد. کۆمپانیاکانی ئەمریکی دیزاینی فڕۆکەی فیشکەداری ھێڵی ئاسمانی بازرگانیان دانا، کە لە ساڵی(١٩٥٨ ز) فڕۆکەی فیشکەداری بۆینگ (٧٠٧) کە چوار بزوێنەری ھەبوو گەشتەکانی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو ئەورووپا دەست پێکرد. لە ساڵی(١٩٦٠ ز) دوو فڕۆکەی فیشکەداری تر کەوتنە کار ئەوانیش فڕۆکەی ماکدۆنەڵ دۆگلاس دی-سی-٨ و کۆنفیر ٨٨٠ بوو، لە ھەمان کاتدا پلان دادەنرا بۆ دروستکردنی فڕۆکەی گەورەتر وەک فڕۆکەی لۆکھید س-٥ بۆ گواستنەوەی سەربازی کە لە ھێزی ئاسمانی ئەمریکی کەوتە کار لە ساڵی (١٩٦٩ ز). و فڕۆکەی جامپۆی فیشکەداری بازرگانی و فڕۆکەی بۆینگ (٧٤٧) لە ساڵی (١٩٧٠ ز) کەوتنەکار و زیاتر لە (٥٠٠) سەرنشینی ھەڵگرتبوو. کۆمپانیاکانی ئەورووپی بۆ دروستکردنی فڕۆکە ھەستیان کرد کە ناتوانن پێشبڕکێ لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکی بۆ دروستکردنی فڕۆکە بکەن وەک کۆمپانیای بۆینگ ئەگەر بەیەکەوە کار نەکەن، یەکەم پڕۆژەی ئەورووپی ھاوبەش بۆ دروستکردنی فڕۆکە بۆ ھێڵی ئاسمانی سەرکەوتنی بەدەست ھێنا بە دروستکردنی فڕۆکەی ئێرباس ڕ-٣٠٠ بە درێژایی حەفتاکان و ھەشتاکانی سەدەی بیستەم.
ئەو فڕۆکانەن کە بەخێرایییەک دەفڕن زیاترە لە خێرایی دەنگ. خێرایی دەنگ لە ڕووی دەریا یەکسانە بە (١٢٢٠ کم/کاتژمێر) و بە زیادبونی بەرزی خێرایی کەم دەبێتەوە، بۆ نموونە لە بەرزایی (١٢٠٠٠ م) خێرایی دەنگ دەبێتە (١٠٦٠ کم/کاتژمێر). ھیچ فڕۆکەیەکی سەرەتایی تواناو ھێزی نەبوو کە خێرایی بگاتە خێرایی دەنگ، ھەندێکیان نەبن کە نزیکی ئەم خێرایییە بوون کە تێبینی ئەوەیان کرد کە چیتر ھەوا ڕێگە نادات و شەپۆلێکی بە لەرەلەر دروست دەکات بە جۆرێک کە کۆنترۆڵی فڕۆکە سەخت تر دەبێ، فڕۆکەوانەکان ھەستیان بە ترس کرد بە گەیشتنیان بە خێرایی دەنگ کە تێپەڕبوونی ئەم خێرایییە سەختە لە ژمارەی ماخ یەکی تەواو، واتە کە خێرایی فڕۆکە یەکسان دەبێ بە خێرایی دەنگ بە تەواوی.
لە ساڵی(١٩٤٧ ز) یەکەم فڕۆکەی مووشەک ئەمریکی بەناوی بیل ئێکس فڕینی خێراتر لە دەنگی ئەنجام دا لە مێژوو کە چارڵز بیجەر سەرھەنگ لە ھێزی ئاسمانی ئەمریکی بە ئەنجامی گەیاند. لە ساڵی(١٩٦٢ ز) فڕۆکەی مووشەک ئەمریکی ئێکس - ١٥ لە بەرزی (٩٥٩٣٦ مەتر) فڕی واتەبەرزی زیاتر لە (٨٠ کم) لەڕووی زەوی بەمەش فڕوکەوانی ئەمریکی ڕۆبێرت م. وایت سەر بە ھێزی ئاسمانی ئەمریکی بە پێشەنگی بۆشایی ناونرا، پاشان فڕۆکەی ئێکس - ١٥ توانی بە خێرایی زیاتر لە (٥-ماخ) بفڕی واتە پێنج جار زیاتر لە خێرایی دەنگ. لە ساڵی(١٩٥٣ ز) فڕۆکەی جەنگی فیشکەدار (ف-١٠٠) سوپەر سابر ی ئەمریکی یەکەم فڕۆکەی فیشکەدار بوو کە بە ڕێک وپێکی بە خێرایی زیاتر لە خێرایی دەنگ دەفڕی، و یەکەم فڕۆکەی فیشکەداری بۆمب ھاوێژ خێرایی زیاترە لە خێرایی دەنگ فڕۆکەی کۆنفێر ب-٥٨ ھۆستلەر سەر بە ھێزی ئاسمانی ئەمریکی بوو کە لە ساڵی (١٩٥٦ ز) فڕی. ھەموو فڕۆکە فیشکەدارەکان کە خێراتر بوون لەدەنگ سەربازی بوون لە سەرەتادا تاوەکو فڕۆکەوانانی ڕوسی لە ساڵی(١٩٦٨ ز) یەکەم فڕین بە فڕۆکەی گواستنەوەیان کرد بە فڕۆکەی تۆبۆلۆڤ تی. یو-١٤٤. فەڕەنسا و بەریتانیا بە ھاوبەشی فڕۆکەی خێراتر لە دەنگ (کۆنکۆرد) یان دروست کردکە یەکەم تاقیکردنەوەی فڕینی ئەنجام دا لە ساڵی(١٩٦٩ ز). یەکێتی سۆڤیەتی کۆن فڕۆکەی تۆبۆلۆڤ تی. یو-١٤٤ بەکارھێنا لە گواستنەوەی باری ئاسمانی لە ساڵی (١٩٧٥ ز) و لە گواستنەوەی سەرنشین لە ساڵی (١٩٧٧ ز) بەڵام لە ساڵی (١٩٨٣ ز) لەکار کێشرایەوە. بەریتانیا وفەڕنسا فڕۆکەی کۆنکۆردیان بەکارھێنا لە گواستنەوەی سەرنشین لە یەنایەری ساڵی (١٩٧٦ ز).
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆمپانیای بۆینگ دەستی کرد بە دروستکردنی فڕۆکەی خێراتر لە دەنگ، بەڵام لە ساڵی (١٩٧١ ز) ناچار بوو ئەم پڕۆژەیە ڕابگرێ پاش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکی ڕازی نەبوو کە بودجەی پێویست تەرخان بکات بۆ ئەم پڕۆژەیە. لەگەڵ ئەوەی کە فڕۆکەی کۆنکۆرد تەکنۆلۆجیایەکی بەرز و ناوبانگێکی باشی ھەبوو کەچی نەیتووانی بە خێرایی قازانج تۆمار بکات، ئەو دەنگەی کە بزوێنەرەکە دەری دەکرد، و ئەو شەپۆڵە دەنگییەو ڕاچەنینەی دروست دەبوو لەکاتی تێپەڕینی خێرایی دەنگ، بەرەنگاری پارێزەرانی ژینگە زیادی کرد بۆ ئەم فڕۆکەیە، بە تایبەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەو تەنگ و چەڵەمانەی کە لەسەر بەکارھێنانی فڕۆکەی خێراتر لە دەنگ دانرا بەتایبەتی لەو شوێنانەی کەمرۆڤی تێدا دەژی بووە ھۆی بەکار نەھێنانی لەلایەن گشت ھێلەکانی ئاسمانی، تەنھا (١٦ فڕۆکە) دروست کرا بۆ ھێلی ئاسمانی بەریتانی و بۆ ھێلی ئاسمانی فەڕەنسی کە تەنھا لە ھێلی باکووری زەریای ئەتڵەسی بەکار ھات. فڕۆکەی خێراتر لەدەنگ وەک کۆنکۆرد تێچووی کارپێکردنی زۆرە، (١٠٠ کەس) ھەڵدەگرێ و بڕێکی زۆر سووتەمەنی بەکاردێنێ، و دەنگێکی زۆر لە بزوێنەرەکانی دەردەچێ، بۆ دروستکردنی فڕۆکەی خێراتر و بێ دەنگتر و سەلامەتتر، ئەندازیارانی فڕۆکەوانی تۆژینەوەی پێویستیان ئەنجام دا بۆ چاککردنی توانای فڕۆکەکان، لەوانەیە فڕۆکەی دواڕۆژ بزوێنەری مووشەک بەکار بێنی کە خێرایییەکەی بە (١٥ جار) لە خێرایی دەنگ زیاترە.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە فڕۆکە تێدایە. |
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.