ھەموومان مردووین (زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی)
From Wikipedia, the free encyclopedia
ھەموومان مردووین (بە کۆری: 지금 우리 학교는) زنجیرەیەکی تەلەڤیزیۆنی ترسناکی کۆریای باشوورە، لەسەر ژانەری کارەساتی زۆمبی دروستکراوە، ئەستێرەکانی زنجیرەکە بریتییە لە: پارک جی-ھوو، کیم بیونگ-چول، یۆن چان-یۆنگ، چۆ یی-ھیون،پاڕک سۆ لۆمۆن، یۆ ئین-سو، لی کیو-ھیونگ، جیۆن بای-سو. زنجیرەکە زیاتر لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە کۆریای باشوور ڕوودەدات کە لەناکاو ڤایرۆسی زۆمبی دەردەچێت و مەترسی لەسەر سەلامەتی خوێندکارەکان دروست دەکات. لەسەر بنەمای کۆمیکی وێبتۆن لە پلاتفۆرمی Naver بە ھەمان ناو لەلایەن جو دونگ-گیون لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ دروست کراوە.[1][2] ئەم زنجیرەیە لە قوتابخانەی ئامادەیی کچانی سونجی لە شاری ئەندۆنگی کۆریای باشوور وێنەگیراوە. زنجیرەکە لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، لە نێتفلێکس بڵاوکرایەوە.[3] دوای بڵاوبوونەوەی، زنجیرەکە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژی یەکەمیدا لە خزمەتگوزارییەکەدا زیاتر لە ٤٧٤٫٢٦ ملیۆن کاتژمێر بینرابوو. لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ زنجیرەکە بۆ وەرزی دووەم نوێکرایەوە.[4] دوای تاقیکردنەوەیەکی زانستی شکستخواردوو، قوتابخانەیەکی ئامادەیی ناوچەکە پڕ دەبێت لە زۆمبی و خوێندکارە گیریخواردووەکان خەبات دەکەن بۆ ئەوەی بژین. بەھۆی نەبوونی خواردن و ئاو، و پچڕانی پەیوەندی لەلایەن حکوومەتەوە، دەبێت ئامێرەکان لە دەوروبەری قوتابخانەکە بەکاربھێنن بۆ ئەوەی لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی شەڕدا خۆیان بپارێزن یان دەبنە بەشێک لە تووشبووەکان. زنجیرەکە بەھۆی دووبارە بڵاوبوونەوەی پەتای جیھانیی کۆڤید-١٩ لە کۆریای باشور لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ بەرھەمھێنانی بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیرا.[5] ماڵپەڕی کۆکەرەوەی پێداچوونەوەکان ڕاتن تۆمەیتۆز بە پشتبەستن بە ٢٣ پێداچوونەوە، ڕیزبەندی پەسەندکردنی ٨٧٪ی ڕاگەیاندووە، بە تێکڕای ڕیزبەندی ٦٬٩٠/١٠.[6] مێتاکریتیک بە پشتبەستن بە پێداچوونەوەکانی ٥ ڕەخنەگر، تێکڕای نمرەی قورسایی ٦٧ لە کۆی ١٠٠ی پێبەخشیوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ «پێداچوونەوەی بەگشتیی لەبار».[7] ئای جی ئێن زنجیرەکەی بە ٧ لە کۆی ١٠ ھەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەدا کە زنجیرەکە «زیرەکی و ورووژێنەرە».[8] ڤارایتی ستایشی زنجیرەکەی کردووە و ڕای گەیاندووە کە «زۆرترین سوود لە شوێنی ناوەندی کابوساوییەکەی وەردەگرێت بۆ کاریگەرییەکی جیھانی دیکە و سەرسووڕھێنەر». زنجیرەکە بەگشتی پێداچوونەوەی ئەرێنی وەرگرت بەھۆی نمایشەکانی و سیناریۆ و زنجیرە ئەکشنەکانی، ھەرچەندە ماوەی درێژخایەنی نمایشکردنی ڕەخنەی لێگیرا.[9]
![Thumb image](http://upload.wikimedia.org/wikipedia/ckb/thumb/c/cd/All_of_Us_Are_Dead_%281%29.jpeg/220px-All_of_Us_Are_Dead_%281%29.jpeg)