کارڵ مارکس
فەیلەسووفی ئەڵمانی / From Wikipedia, the free encyclopedia
کارڵ ھاینریش مارکس (بە ئەڵمانی: Karl Heinrich Marx) (٥ی ئایاری ١٨١٨ – ١٤ی ئاداری ١٨٨٣) بیرمەند، فەیلەسووف، مێژووناس، کۆمەڵناس، و ئابوورناسی ئەڵمانی[1] و یەکێک لە کاریگەرترین فەیلەسووفەکان لە سەرانسەر دونیایە. نووسەری کتێبی سەرمایەیە؛[2] گرینگترین کتێبی بزووتنەوەی سۆسیالیستی بووە و بە ھاوکاری فرێدریش ئەنگەڵس تێزی مانیفێستی کۆمۆنیست، مێژووییترین نووسراوی بزووتنەوە سۆسیالیستیەکانیان نووسی.[3] هزری سیاسی و فەلسەفەی مارکس کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر مێژووی ڕۆشنبیری، ئابووری و سیاسی لە جیهان.
لەدایکبوون | ٥ی ئایاری ١٨١٨ |
---|---|
مەرگ | ١٤ی ئاداری ١٨٨٣ لەندەن، بەریتانیا |
ھۆکاری مەرگ | نەخۆشیی جەرگ |
شوێنی گۆڕ | گۆڕستانی ھایگەیت |
نەتەوە | ئەڵمانی |
پەروەردە | بەکالۆریۆس لە یاسا لە زانکۆی بۆن، ١٨٣٣، و دکتۆرا لە فەلسەفە، ١٨٤٠ |
پیشە | فەیلەسووف، ڕووناکبیر، ئابوورناس، ڕۆژنامەنووس، نووسەر، کۆمەڵناس |
ئایین | بێدین |
مارکس لە شاری تریر لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، لە زانکۆکانی بۆن و بەرلین لە بواری یاسا و فەلسەفە خوێندوویەتی. لە ساڵی ١٨٤٣، هاوسەرگیری لەگەڵ ڕەخنەگری شانۆی ئەڵمانی و چالاکوانی سیاسی جێنی ڤۆن وێستفالین کرد. بەهۆی بڵاوکراوەکانی سیاسی، مارکس بێ دەوڵەت بوو و بۆ ماوەی دەیان ساڵ لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ هاوسەرەکەی و منداڵەکانی لە لەندەن ژیاوە، لەوێ لەگەڵ فرێدریک ئەنگڵس لە پەرەپێدانی بیرکردنەوەکانی، توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی لە ژووری خوێندنەوەی مۆزەخانەی بەڕیتانی بەردەوام بوو.
بیردۆزی ڕەخنەکانی مارکس دەربارەی کۆمەڵگا، ئابووری و سیاسەت، کە بە گشتی بە مارکسیزم دەناسرێت، پێی وایە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە ڕێگای ناکۆکیی چینایەتییەوە گەشە دەکات. لە مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، ئەو ناکۆکییە خۆی دەردەخات لە نێوان چینی دەسەڵاتدار (ناسراو بە بۆرژوا) کە کۆنتڕۆڵی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دەکات، ئەمەش وا دەکات کە چینی کرێکاران (ناسراو بە پرۆلیتاریا) هێزی کارکردنی خۆیان بفرۆشن لەبەرامبەر وەرگرتنی مووچە.
مارکس بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی وەسف کراوە، و کارەکانی ستایش و ڕەخنەیان لێ گیراوە. کارەکانی لە بواری ئابووریدا بناغەی هەندێک لە تیۆرییەکانی ئێستا سەبارەت بە کار و پەیوەندیەکەی لەگەڵ سەرمایەدا داناوە.[4][5][6] زۆرێک لە ڕۆشنبیران، یەکێتیی کرێکاران، هونەرمەندان و پارتە سیاسییەکان لە سەرانسەری جیهاندا کەوتوونە ژێر کاریگەری هزر و کارەکانی مارکس، کە بەمهۆیەوە زۆرێکیان بیرۆکەکانی خۆیان گۆڕیوە یان گونجاندووە. مارکس بە شێوەیەکی دیار وەک یەکێک لە تەلارسازە سەرەکییەکانی زانستی کۆمەڵایەتیی هاوچەرخ ئاماژەی پێدەکرێت.[7][8]