قەزیە (لۆژیک)
From Wikipedia, the free encyclopedia
لە لۆژیکدا، قەزیە ئەوەیە کە بە وتەیەک (ڕستەیەکی ھەواڵی) ئاشکرا بووە و دەتوانێ دروست یان زڕ بێت. ھەواڵێکە کە لە پێشدا دانراوە تا زەین لەبارەی دروستی یان نادروستییەوە داوەری بکات و بڕیار بدات. بۆ وێنە، ڕستەکانی «زەوی خرتە» یان «چوار لە پێنج کەمترە» بە قەزیە دەژمێردرێن، چونکە بۆیان دروستی یا زڕی دەست دەدات.[1]
لە قەزیەدا ھەمیشە چەشنێ حوکم و قەزاوەت ھەیە[2] (وشەکانی قەزیە و قەزاوەت لە یەک بنەماڵەن). ھەندێ جار خەبەر یا حوکم -یشی پێ دەڵێن.[3] ئیبنی سینا لە زانستنامەی عەلاییدا دەڵێ:
«لەم وشە تاکانەوە، به شێوەی جۆراوجۆر تێکەڵاوی پێک دێ و، لەوانە یەک جۆریان ئێستا بۆ ئێمە دەشێ و، ئەوەش ئەوەیە کە پێی دەڵێن قەزیە و پێی دەڵێن خەبەر و پێی دەڵێن قسەی بڕیاردەر. وە ئەمەش ئەوەیە کە کاتێ بیبیسی دەشێت کە بڵێی ڕاستە و دەشێت کە بڵێی درۆیە.»[4]
قەزیە لە سێ بەش دروست دەبێ. یەکێک ئەوەی کە خەبەرەکە لەبارەیەوە دەدرێ، واتە بە ئەرێ یا بە نەرێ شتێک دەخرێتە پاڵی و، پێی دەڵێن دانراو (موضوع). وەک «زەوی» لە ڕستەی «زەوی خرتە». دووەم ئەوەی کە دەخرێتە پاڵ دانراوەوە و، پێی دەڵێن ھەڵگیراو (محمول). وەک «خرت» لە ڕستەکەی سەرەوە. وە سێیەم وشەیەک کە نیشاندەری پاڵدان یا لکانی ھەڵگیراوە بە دانراو و، پێی دەڵێن پێوەندی، وەک «ە» یا «نییە».[3]
قەزیەیەکی دروست بە شێوەی «د» یان «١» یان «T» ھێما دەکرێت و قەزیەیەکی زڕ بە شێوەی «ز» یان «٠» یان «F» دیاری دەکرێت.