هێزێکی سەربازی و سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان From Wikipedia, the free encyclopedia
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران (بە ئینگلیزی :Organization of Iranian Kurdistan Struggle، بە فارسی؛ سازمان خبات کردستان ایران) ھێزێکی سیاسی و سەربازی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە لە ٥ی خەرمانانی ١٣٥٩ کۆچی خۆری بەرامبەر بە ٢٧ی ئابی ١٩٨٠ لەلایەن مامۆستا شێخ جەلال حوسێنی[١] بەھاوکاری چەند مامۆستایەکی ئایینی دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند لەسەر فکری ئایینی و نەتەوەیی،[٢] لە سەرەتادا تا ساڵی ٢٠٠٤ لەژێر ناوی سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئێران (خەبات) کار و تێکۆشانی دەکرد. بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٤ لە کۆنگرەی سێ کە لە شارۆچکەی تۆبزاوە(ڕزگاری) سەر بە شاری ھەولێر بەسترا ناوەکەی بووە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕەوت و کارەکانی ئەم ڕێکخراوە دەستی پێکرد. ساڵی ١٩٨٠ یەکەم کۆنگرەی سازمان لە قەڵای خەبات لە بلەکی بەسترا لەو کۆنگرەیەدا جگە لە پەسەندکردنی پەیڕەو و پڕۆگرام و ھەڵبژاردنی سکرتێری گشتی و ئەندامانی سەرکردایەتی بڕیاری لەسەر ستراتیژی و ڕێبازی ئەم ڕێکخراوە درا کە ڕێکخراوێکی ئیسلامی و نەتەوەیی بێت ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی ھەڵگری پەیامێکی جیاوازتربێت لە حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردستانی ئێران بۆ گەیشتنی کورد بە مافەکانی لە چوارچێوەی ئێران. ھەروەھا یەکێک لە بنەما نەگۆڕەکانی خۆیان پەسند کرد ئەویش ڕەتکردنەوەی ھەرجۆرە وتوێژ و دانوستانێک لەگەڵ کاربەدەستان و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران. دوای دامەزراندن دەستکرا بە کاری ڕیکخستن و دانانی بنکە و بارەگای لە ناوچەکانی کوردستان ھەروەھا ھێزی پێشمەرگەی تایبەتی خۆی دامەزراند ھەرچەندە بەر لە دامەزراندنی سازمانی خەبات لەژێر ناوی ھێزی پێشمەرگەی دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین[٣] شەڕیان لە دژی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەکرد بەڵام دوای دامەزراندی سازمان لەژێر ئەم ناوە خەبات و تێکۆشانیان دژی کۆماری ئیسلامی درێژە پێدا ئەمەش بەھۆی ئەوەی بەشێک لە فەرماندە و کەسایەتییەکانی دەفتەری مامۆستا لە دامەزراندنی سازمانی خەبات ڕۆلیان ھەبوو. پاش ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران ھێرشی بەرفراوانی بۆ سەر ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستپێکرد سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کەوتەوە دەست، سازمانی خەبات ناچار بوو بنکە و بارەگاکانی خۆیان لە کوردستان بکشێنەوە بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان.[٤][٥] ئەمەش وای کرد چالاکیەکانی ئەم ڕێکخراوە زیاتر کەمتربێتەوە. لە ساڵی ١٩٨٧ سازمانی خەبات بەھۆی کێشە و ململانێی ناوخۆی بەشێک لەئەندامانی سەرکردایەتی ئەم سازمانە بە ڕابەرایەتی مامۆستا مەلا خدر عەباسی جیادەبنەوە و پاشان ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێری کوردستان دادەمەزرێنن، ئەمەش زیاتر بووە ھۆی بێ ھێز بوونی.[٦] لە ساڵی ١٩٨٤ بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی کار و چاڵاکی و ئامانجەکانیان ڕۆژنامەی تێکۆشانیان دەرکرد و لە ساڵی ١٩٨٥ ڕادوێی دەنگی خەباتیان دامەزراند کە تا ساڵانێکی زۆر بەردەوام بوو لە پەخشکردن.[٧][٨] لە پەیڕەو و پڕۆگرامی ئەم سازمانەدا ھاتووە کە سازمانی خەبات تێدەکۆشێت بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی دیموکراتی و پەرلەمانی لە کوردستان ھەروەھا مافی دیاریکردنی چارەنووسی بۆ کوردستان پێ پەسەندە و ھەوڵ بۆ بەدەست ھێنانی مافی خودموختاری بۆ کوردستانی ئێران دەدات.[٩] درووشمی ڕووخانی ڕژیم یەکێک لە درووشمە سەرەکی و نەگۆڕەکانی سازمانی خەبات.[١٠]
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران | |
دامەزران | ١٩٨٠ی زایینی (١٣٥٩ی ھەتاوی) |
پێگەی سەرەکی | باشووری کوردستان (ھەولێر) |
ھەواڵنامە | تێکۆشان |
ئامانج | دامەزراندنی حکوومەتێکی ھەڵبژێردراو و دیموکراتیک و پەرلەمانی لە کوردستاندا |
ناوچەی چالاکییەکان | ڕۆژھەڵاتی کوردستان |
ئایدۆلۆجیا | کوردایەتی (نەتەوەیی و نیشتمانی) |
دروشم | تاستەمم لەسەرە ڕِێی خەباتم لەبەرە (پەژار) |
ماڵپەڕ | سازمانی خەبات |
ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران زنجیرەیەک خۆپیشاندان بەرێوەچوو دژی ڕژێمی پاشایەتی کە دواتر بە شۆڕشی گەڵانی ئێران یاخود شۆرشی ئیسلامی ئێران ناسرا بەھۆی ئەوەی کە سەرجەم نەتەوە جیاوازەکانی ئێران تێیدا بەشدار بوون بەڵام لەھەمانکاتدا بە شۆڕشی ئیسلامیش ناوی دەبن بەھۆی ئەوەی لەلایەن پیاوانی ئایینی ئیسلام سەرپەرشتی دەکرا زیاریش بەھۆی ئەوەبوو کە دەرئەنجامی ئەم شۆرشەش کۆمارێکی ئیسلامی لێکەوتەوە.[١١][١٢] ئەم شۆڕشە بە یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانی مێژووی ھاوچەرخی ئێران دادەنرێت.[١٣] سەرەتاکانی شۆڕش لە کوردستانی ڕۆژھەڵات لە شاری مەھاباد دەستی پێکرد پاشان شاری بانە وەک دووەم شاری کوردستان خەڵکەکەی بە دروشمی جیاواز دژی شا ڕێپێوان و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بەسەرپەرشتی شێخ جەلال حسێنی بەتایبەت دوای ئەوەی لە کاتی بەخاک سپاردنی کەسێک بەناوی خان ئەحمەد خانی کە بەھۆی کەمتەرخەمی کاربەدەستانی تەندروستی گیانی لە دەست دا شێخ جەلال ھێرشی کردە سەر دەسەڵاتدارانی شای ئێران و بە زاڵم و زۆردار ناوی بردن و باسی لە گەندەڵی و خراپەکارییەکانی ئەم حکوومەتەی بۆ خەڵکی کرد دوای گەرانەوەیان لە گۆڕستان بە وتنەوەی دروشم خۆپیشاندان لەم شارە دەستی پێکرد و دواتر لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستانیش ڕاپەرین دژی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی شایەتی ئێران ئەنجامدرا توانرا شکست بە دەسەڵات دارانی شا بھێنن چەند ئەنجومەنێکی خۆ بەڕێوەبەرییان دامەزراند. دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕش و ڕووخانی سیتەمی پاشایەتی، گەڕانەوەی خومەینی لە پاریس بۆ تاران و دروستبوونی حکوومەتی کاتی بە سەرپەرشتی بازرگان،[١٤] ھێزەکانی کوردستانی ڕۆژھەلات بە سەرکردایەتی شێخ عیزەدین حسێنی بەمەبەستی تاوتوێکردنی مافەکانی کورد سەردانی خومەینی ڕابەری شۆری ئێرانیان کرد کە مافی خودموختاری بۆ کوردسان یەکێک لە داوا سەرەکییەکانیان بوو[١٥] بەڵام بێ دەستکەوت گەرانەوە بەھۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئێران باوەریان وابوو ئەمە دەبێتە ھۆی دابەشبوونی ئێران بۆیە داواکارییەکانیان جێ بەجێ نەکرد. ھەرچەند لە سەرەتای شۆڕشدا پشتیوانی خۆیان بۆ مافەکانی کوردستان دەڕبڕی بوو بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕش پەشیمان بوونەوە. ڕێبەرانی شۆرشی ئێران بریاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان دا بۆ ھەڵبژاردنی سیتەمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی وڵات. تەنھا پرسیارێک لە خەڵک کرا ئەویش (پاشایەتی یان کۆماری ئیسلامی ؟)بوو. خەڵکیکی زۆر لە ئێران بەشداریان تێدا کرد بەڵام لە کوردستانی ڕۆژھەلات خەڵکێکی کەم بەشدارییان کرد بەھۆی ئەوەی باوەڕیان وابوو ئەم ڕیفراندۆمە ھۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی کە وڵات بەرەو ناسەقامگیری و ناتەبایی زیاتر بڕوات و ھیچ ئاماژەیەک سەبارەت بە پێدانی مافەکانی کوردی تێدا نەدەبینرا، بەتایبەت شێخ عێزەدین لە بەیاننامەیەک کە لەیەکێک لە ڕۆژنامەکانی ئێران بڵاوکرایەوە ڕایگەیەند کە بەشداری ئەو ڕیفراندۆمە ناکات و خەڵکی ئازادکرد لە بەشداریکردن یاخود نا، پاشان ھێزەکانی دیکە بەتایبەت حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە ھانی خەڵکیان دا بەشداری نەکەن. بەڵام لە کۆتایدا ئەم گشت پرسییە سەرکەوتنی بەدەست ھێنا و دروستبوونی کۆمارێکی ئیسلامی لێکەوتەوە. سووربوونی کورد لەسەر داواکردنی مافەکانی وای لە دەسەڵاتدارانی ئێران بەگشتی و بەتایبەت خومەینی وەک ڕابەری ئێران کرد کە فەرمانی ھێرشکردن بۆ سەرکوردستان بدات بەمەبەستی دورخستنەوە و بێ دەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان و ئەو کەسانەی کە پشتیوانی حکوومەتی نوێی ئێران نین کوردی بە کافر و جیاخواز تۆمەتباری کردن.[١٦]
لە ئەنجامدا شەڕ و پێکدادان لە لە نێوان ھێزەکانی ئێران و ھێزە کوردییەکان ڕوویدا کە لە مێژووی ئەم بەشەی کوردستان بە فەرمانی جیھادی خومەینی دژی کورد ناسراوە. بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام بوو. خومەینی، سادق خالخاڵی وەک حاکمی شەرعی کوردستان دیاری کرد و ھەموو دەسەڵاتێکی پێ بەخشی پاش ئەوە خاڵخاڵی دەچێت بۆ کوردستان داوای ھاوکاری و پشتیوانی لە کەسایەتییەکانی ناوچە کوردییەکان دەکات بەڵام ڕەت دەکرێتەوە کاتێکیش ڕوودەکاتە بانە لە نامەیەکدا داوای پشتیوانی و ھاتنەریزی پشتیوانانی حکوومەت لە شێخ جەلال حوسێنی دەکات بەڵام ئەو لە نامەیەکدا ڕەتی دەکاتەوە پێی ڕادەگەیەنێت ئەو دژی سیاسەت و بەرنامەی حکوومەتە بۆیە لەلایەن خاڵخالی ھێرش دەکرێتە سەر بنەماڵەی شێخ جەلال لە ناوچەی بانە دووریان دەخاتەوە بەھەمان شێوە لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەست دەکات بە کوشتن و ئیعدامکردنی ئەو کەسانی دژی حکوومەتن و کار و چالاکیان ئەنجام دەدا کە ئەمانەش کۆمەڵکۆژیی قارنێ و کۆمەڵکوژیی قەڵاتان و چەندین ڕوویداوی دیکەی لێکەوتەوە.[١٧][١٨] ھێزەکانی ئێران لە شەڕەکانی ھێزی پێشمەرگە تووشی زیانی زۆربوونەوە بۆیە خومەینی داوای ڕاگرتنی شەر و دانووستانی کرد لەگەڵ نوێنەرانی کورد بەم شێوەیە جارێکی دیکە بە سەرکردایەتی شێخ عێزەدین حوسەینی کورد لەگەڵ شاندی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی کۆبوونەوە بەڵام سەرجەم دانیشتنەکان بێ ئەنجام بوو بۆیە دووبارە شەر لە نێوانیان سەری ھەڵدایەوە. ئەمانە ھەمووی بوونە ھۆی ئەوەی چەند گرووپ و ڕێکخراوێک دروست ببێت بەمەبەستی بەرپەچدانەوەی سیاسەت و بەرنامە و ھێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لەو ڕێکخراوانەی لەو سەروبەندە بیر لە دروستکردنی کرایەوە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بوو کە دامەزرێنەرانی ئەم ڕێکخراوە پێشتر لە دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین کاریان کردبوو.
سازمانی خەبات لە پێنجی خەرمانانی ١٣٥٩ بەرامبەر بە ٢٧ ئاگۆستی ١٩٨٠ لەلایەن مامۆستا شێخ جەلال بەھاوکار چەند مامۆستایەکی ئایینی دیکە لەسەر فکرەی ئیسلامی و نەتەوەی لە کوردستانی ڕۆژھەلات دامەزراندنی ڕاگەیەندرا. لە ئامانجە سەرەکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەدەست ھێنانی مافی خودموختاری بوو بۆ کوردستان.[١٩] ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی قۆناغێکی نوێ لەو بەشەی کوردستان دەست پێ بکات بەھۆی ئەوەی تا ئەو کاتە ھیچ ڕێکخراوێکی لەو شێوەیە بوونی نەبوو ھەروەھا حیزبەکانی دیکە لەسەر فکرەی چەپ کاری سیاسیان دەکرد ئەمەش بۆ ئەوکات بۆ بەشێک لە خەلکی کە خاوەن بیروباوەڕێکی ئیسلامی و مەزھەبی بوون ئاسان نەبوو ببنە ئەندامیان. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٨٠ یەکەم کۆنگرەی خۆی لە شاری بانە ئەنجامدا بە ناوی کۆنگرەی دامەزراندن لەو کۆنگرەدا ئەندامانی سەرکردایەتی و پەیڕەوپرۆگرام و ستراتیژی سازمانی خەبات و دروشمەکانی دیاریکران. شێخ جەلال حسێنی بە کەسی یەکەم و سکرتێر ھەڵبژێردرا. لەکاردانەوەی دامەزراندنی سازمانی خەبات بەشێکی زۆر لە خەڵکی بانە و سەردەشت بوونە ئەندامیان و پاشان لە ناوچەکانی دیکە خەڵک بە مەبەستی ئەندام بوون ڕوویان لێکردن دواتر سازمانی خەبات بنکە و بارەگای خۆی لە چەند شارێکی دیکە کوردستان. ھەروەھا حیزبی دێموکرات و کۆمەلە کا تا ئەوکات دوو حیزبی سەرەکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوون دامەزراندنی ئەم سازمانەیان بە نائاسایی لەقەڵەم دابوو پێیان وابوو بۆ دژایەتی ئەوان و بەربەست دانان لەسەر کارەکانیان دامەزراوە ھەربۆیە لە دژی وەستانەوە لە ساڵەکانی دواتریش توشی شەڕ و پێکدادان بوونەوە بەتایبەت لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ھەر چەند سازمانی خەبات ئەوەی ڕاگەیاند بوو کە ئەوان بۆ دژایەتی ئەو حیزبانە دروست نەبوون بەڵکو ئامانجی سەرەکیان بەرنگار بوونەوەی ھێزەکانی ڕژێم و بەدەست ھێنانی مافەکانی کوردە. ئەمانە بوونە ھۆی ئەوەی ئەم ڕێکخراوە لە سەرەتاوە تووشی ئاستەنگ و بەربەستی کاری ڕێکخراوەی ببێتەوە. کە کاریگەری ھەبوو لەسەر چالاکی سەربازی و سیاسییەکانی. دوای ماوەیەکی کەم لە دامەزراندن بەھۆی ھێرشی بەرفراوانی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ڕۆژھەلاتی کوردستان وەک ھێزەکانی دیکە و توانای بەرەنگارییان نەما بۆ ناو خاکی کوردستانی باشوور پاشەکشەیان کرد.[٢٠]
دامەزراندنی سازمانی خەبات لەسەر ڕەوتی ئیسلامی و نەتەوەیی لەو قۆناغەدا ڕووداوێکی نوێ بوو و ھۆکارێک بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکەدا جیاوازبێت. چونکە پێش شۆڕش و لە کاتی شۆڕشی ئێراندا ئەوانەی بەشداری خەباتی سیاسی و چەکداریان کردبوو لە ڕۆژھەڵات زیاتر ئەوانە بوون کە لە بیرکردنەوە و تێڕوانینی سیاسی و ئایدۆلۆژیایاندا، نەتەوەیی و چەپ و سۆسیالیستی بوون بە واتای ئەوەی کاریگەری فکری کۆمۆنیستی و بیروباوەری چەپییان لەسەر بوو. ھەرچەند بەھۆی جەنگ و خەباتی چەکداری بۆ بەدەست ھێنانی مافەکانیان بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستانی ڕۆژھەڵات لەو کاتەدا کەمتر لە بارەی پەیڕەو بەرنامەی ھێزەسیاسییەکانی کوردستانیان دەپرسی بەڵام بۆ بەشێکی دیکەیان بۆیان گرینگ بوو ئەو ڕێکخراوەی دەبنە ئەندامی لەگەڵ بیروباوەڕیان بگونجێت و بزانن کاری بۆ چی دەکات. دیارە ئەمەش دەرفەتی دروستبوونی ڕێکخراوێکی وەک سازمانی خەبات زیاتر لە بار کردبوو. لە بەرامبەر ئەمانەدا کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر مەزھەبی شیعەی دوازدە ئیمام بوونی ھەبوو دیارە ئەمەش بۆ خەڵکی موسڵمانی کوردی سونە مەزھەب جیگای قبووڵ نەبوو و نەچوونە ڕیزیان. بۆیە بوونی ڕێکخراوێکی ئیسلامی و نەتەوەیی بە پێویست زانرا بڕوایان وابوو ئەمە ڕێگایەکە بۆ بەدەست ھێنانی مافەکانیان. ھەرچەند ئەم ڕێکخراوە بە ئیسلامی ناسرا بەڵام لە قۆناغەکانی دواتریدا زیاتر خەباتی نەتەوایییەتیان پەرەپێ دا تا ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٤ بە تەواوی ئیسلام بوونی ڕێکخراوەکە کۆتایی ھات. بەڵام لە کۆنگرەی شەشەمەمی ئەم حیزبە کە لە ساڵی ٢٠١٧ بەرێوەچوو ئایینی ئیسلام و باقی ئایینەکانی دیکەش وەک سەرچاوەیەک بۆ نووسینەوەی دەستوور و یاسا لە پەیڕەو و پڕۆگرامی خۆیاندا پەسەند کرا.[٢٦]
سازمانی خەبات دوای حەوت ساڵ لە دامەزراندی توشی کۆمەڵک کێشە و گرفتی ناوخۆی بووە ئەم کێشەو گرفتانە بە کشانەوەیان لە خاکی ڕۆژڵاتی کوردستان بۆ باشووری کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر دەبوونەوە بەھۆی بەردەوامی ھێرشی ھێزەکانی ئێران بۆ سەریان دەرفەتی خۆ ڕیکخستنەوەی نەبوو. ناکۆکییە کەسییەکانیش بەڕادەیەک قووڵ بوونەوە ئەگەری جیابونەوە و لێکترازانی بەھێزتر کرد، بەتایبەت لە نێوان ھەردوو کەسیایەتی دیاری ئەم ڕێکخراوە شێخ جەلال حسێنی و مامۆستا مەلا خدر عباسی کاتێک لە ساڵی ١٩٨٦ کێشە و گرفت دەکەوێتە نێوانیان لەسەر چۆنییەتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە ناوخۆیییەکان، شێخ جەلال وەک کەسی یەکەمی سازمانی خەبات جەختی لەسەر بەشداری پێکردنی کۆمەڵیک لە کادر و ئەندامانی دەرەوەی سەرکردایەتی دەکردەوە لە ڕێی دەستنیشانکردنی تایبەتەوە بانگێشت بکرێن بۆ ئەوەی پرس و ڕاوێژیان پێ بکرێت لە چۆنییەتی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان بەڵام مەلاخدر باوەڕی وابوو کە دەبێت ھەر تەنھا ئەندامانی سەرکردایەتی کۆببنەوە کێشەکان چارەسەر بکەن ئەگینا بۆ بەشداریکردنی کادیران لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پێویستی بە کۆنفرانس و بەستنی کۆنگرەی حیزبی دەکات نابێت بە ئارەزووی شەخسی کادیر دەستنیشانبکرێت و جۆری دەستنیشانکردنەکە بێ ھەڵبژاردن بێت لەگەڵ ئەوەی کە مامۆستا مەلا خدر پشتی بە بڕگەکانی پەیڕەو و پڕۆگرام بەست بوو بۆ قسەکانی بەڵام شێخ جەلال لەسەر بۆچوونەکەی سووربوو چونکە باوەری وابوو کێشەکان بە سەرکردایەتی تەنھا چارەسەر نابێت. ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی ناکۆکییەکانیان زیاتر بێت سەرئەنجام لە ساڵی ١٩٨٧ مەلاخدری عەباسی لەگەڵ شەش کەسی دیکە لە ئەندامانی سەرکردایەتی کە بریتیبوون لە (عوسمان حوسێنی، تەھای مینایی، بایز ڕەسووڵی، ڕەشیدی ئەحمەدی، علی عەزیزی، مەلا حامید مەعروفی) جیابوونەوەی خۆیان لە سازمانی خەبات ڕاگەیاند و دامەزراندنی ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێرانی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئێرانیان ڕاگەیاند کە لە سەرتادا بە ھەمان ناوەڕۆک و پەیڕەوپڕۆگرام کار و چالاکیان ئەنجام دا.[٢٧] زۆرێک لەو توێژەران کە لێکۆلینەوەیان لە مێژووی سازمانی خەبات کردووە و بەتایبەت لەم بەشەی لە مێژووەکەی ھۆکاری ناکۆکی و ململانێ و لێکترازان بۆ پۆست و پلە دەگەرێننەوە نەک جیاوازی فکری و بۆچوون بەھۆی ئەوەی کاتێک ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێرانی ئیسلامی و نەتەوایەتی کوردستانی ئێران دامەزرا لەلایەن مەلاخدر عەبباسی ھەمان پەیڕەو پرۆگرامی سازمانی خەبات کرا بە بەرنامەی ڕێکخراوەکەیان و تەنھا دەستەواژەی شۆرشگێران جیاوازی ناوی ئەم دوو ڕێکخراوە بووە بەڵام باڵی جیابووە بە سەرکردایەتی مەلا خدر جیابوونەوەیان لە بەیاننامەیەکدا بۆ چەند ھۆکارێک گەراندووەتەووە وەک: پێشێلکردنی ڕێ و شوێنی دیموکراسی و حاکمییەتی تیرۆر و ئیرھاب، زاڵبوونی ڕابیتە بەسەر زابیتەدا، لەژێر پێنانی پەیڕەو و پڕۆگرامی ڕێکخراوی خەبات، پشکنینی بیروباوەڕ و سەپاندنی ویست و ئارەزووی بنەماڵە، دژایەتی لەگەڵ بیروباوەڕی پێشکەوتن خوازانە، حیف و مەیل کردنی ئیمکانات و سامانی سازمان بە قازانجی بنەماڵە. لە بارەی ئەم جیابوونەوەیە شێخ جەلال وەک کەسی یەکەم سازمانی خەبات لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووبوو کە " دەبوو ھەر دووساڵ جارێک کۆبوونەوە ئەنجامبدرایە بۆ ئەوەی کە ھەڵەکانمان ڕاست بکەینەوە بەھۆی گیروگرفتی ناوخۆی کە ھەلپەرستان و قازانج پەرست وەدییان دەھێنان و بەھۆی پلانی ھەندێ لە ئەحزابی ھاسنگەر، سازمان ئەورێی نەبوو ئەو ئەرکە بەجێ بگەیەنێت بۆیە بە کۆنفرانس و پلۆنۆمی کەم و کۆر چارەسەری کەم کورییەکانی دەکرد ئەمەش نەی دەتوانی سازمان لەم قەیرانە ڕزگار بکات " ھەروەھا شێخ جەلال لە دیمانەیەکدا ڕەتی کردەوە کە ئەو سازمانی بۆ بەرژەوەندی شەخسی و بنەماڵەی بەکار بێنیت وتی " زۆرجار کورِەکانم پێشڕەوی پێشمەرگەکان بوون لە شەرکردن دژی ھێزەکانی ئێران و لە داھاتی خۆی کار و چالاکییەکانی سازمانی بەڕێوەبردووە. بەڵام مەلا خدر کوریکانی نەداناردە بەرەکانی جەنگ ". ئەم جیابوونەوەیە کاریگەری زۆری دانا لەسەر پێگەی جەماوەری ئەم ڕێکخراوە لەگەڵ ئەوەی چەند جارێک ھەوڵ بۆ یەکخستنەوە و یەکگرتنەوەی ئەم ڕێکحراوە درا بەڵام بێ ئەنجام مایەوە ھەریەکەیان بە جیا درێژەیان دا بە کاروچالاکییەکانیان[٢٨]
لە ساڵی ١٩٨٧ ئەندامانی سازمانی خەبات لە ھەوڵی ڕێکخستنەوەی ڕێکخراوەکەیان بوو بەتایبەت دوای ئەو جیابوونەوەی کە کاریگەری خراپی لەسەر ڕێکخستن و کار ی سیاسی و سەربازی کردبوو. ساڵی ١٩٨٩ کۆنگرەی دووەمی لە بنکەی شیبانەی خەبات لە پشتی شاری ڕانیە ی باشووری کوردستان ئەنجام درا ئەمەش بەھۆی ئەوەی کاتێ: سازمانی خەبات لە ڕۆژھەلاتی کوردستان کشایەوە بەرەو باشووری کوردستان لە شاری ڕانیە جێگیر بوو و بنکە و بارەگاکانیان لەم ناوچەیە دامەزراند. لەم کۆنگرەیەدا دووبارە شێخ جەلال بە سکرتێری گشتی ھەڵبژێردرایەوە و پێداچوونەوەی گشتی بەسەر بەشەکانی دیکەیدا کرایەوە بەڵام بەھەمان شێوە لەسەر باوەڕبوون بە خەباتی نەتەوەیی و ئیسلامی و ڕووخانی کۆماری پێداگیری کرایەوە ھەروەھا چەند ئەندامێکی نوێ بۆ سەرکردایەتی ھەڵبژێردران ئەم کۆنگرەیە بە ناوی کۆنگرەی سەرکەوتن ناوەزەد کراوە. لەم ڕێکەوتە بەدواوە لە سازمانی خەبات بۆ ماوەی ١٦ ساڵ (١٩٨٩–٢٠٠٤) کۆنگرە بەڕێوە نەچوو بەشێکی ھۆکارەکان بۆ نەبوونی بەرنامەیەکی دروست بۆ کاری ڕێکحراوەکە و سەرھەلدانی ململانێ ناکۆکی لە ڕیزەکانی دەگەرێنەوە و بەشێکی دیکەش بۆ نەگونجانی کات و ئەو بارودۆخەی سازمانی خەبات تێیدابووە لەو ساڵانەدا گەڕاندراوەتەوە . ساڵی ١٩٩١ ڕاپەرین لە ھەرێمی کوردستان لە ناوچەی ڕانیە دژی حکوومەتی بەعس بە ھاوکاری بەرەی کوردستانی سەرھەڵدەدات کە ھاوکات بوو لەگەڵ ئەو بارودۆخە سەختەی ڕژێمی عێراق بەھۆی داگیرکردنی کووەیت بەسەریدا ھاتبوو سەرەتای ڕاپەرین لە شاری ڕانیە دەستی پێکرد پاشان سەرجەم شار و شارۆچنی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە.[٢٩] سازمانی خەبات لەگەڵ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی بەعس ئاسایی بوو بەڵام پێشمەرگە و ئەندامەکانیان بەشداربوون لە خۆپیشاندانەکان و بە شێوەیەیکی گشتی ڕۆلی ھەبوو لە بەرەنگاربوونەوە ھێزەکانی حکوومەتی بەعس لەو بەشدارییە یەکیک لە ئەندامەکانیان بە ناوی مریەم قادری کە نازناوی گوڵەباخی ھەبوو خەڵکی کرماشان بوو کوژرا کە بە یەکەم قوربانی ژنیش دادەنرێت لەم ڕاپەرینەدا.[٣٠][٣١] ئەمە جگە لەو یارمییەتییە سەربازیانەی لەلایەن ئەم ڕێکخراوەوە دران خەڵکی ڕانیە. شێخ جەلال لە وتارێکدا کە لە ڕادیۆی دەنگی خەبات کوردستان پێشکەشی کرد بە توندی ھێرشی کردە سەر حکوومەتی بەعسی بە زاڵم و زۆردار و دیکتاتۆر ناو برد و دەست خۆشی لە خەڵک و پێشمەرگەکانی خۆیان و بەرەی کوردستانی کرد کە توانیان بە سەر ھێزەکانی حکوومەتی بەعس سەربکەون. ئەمانە لەلایەن خەڵک و حیزبە بەشداربووەکانی ڕاپەرین ھەڵوێستەیان بەرزنرخێندرا.
لە ٧ی ئازاری ١٩٩١دا لە شاری سلێمانی خەڵک دژی دام و دەزگاکانی حکوومەتی بەعس ڕاپەرین،[٣٢] ھەر زوو ھەڵیان کوتایە سەر بنکەی حامییەیی پۆلیس و سەرا و ئازادیان کرد، ھەروەھا بۆ بەیانیی ٨ی ئازار قەڵای ئەمنە سوورەکەی سلێمانی و سەر بازگەی سەلام و پادگاکانی سەر چیای ئەزمەڕیان کۆنتڕۆل کرد بەجۆری بە ھەزاران سەرباز خۆیاندا بە دەستەوە و پارێزگاری سلێمانی و دەیان پلەدار و پیاوانی ڕژێم کوژران، ھێزەکانی سازمانی خەباتیش وەک ھێزێک کە ئەوکات لەو شارە بنکەی ھەبوو بەشداری کردیان کرد لە بەرەنگاربوونەوەی ھێزەکانی حکوومەتی بەعس،[٣٣] بەڵام دواتر حکوومەت ھێزەکانی ڕێکخستەوە و ھێرشی کردەوە سەر کورستان سەرجەم شار و شارۆچەکان خستەوە ژێر دەسەلاتی خۆی ئەمەش کۆچی بە کۆمەڵی دانیشتووانانی ھەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا و بە شێکیشیان بۆ ئەورووپا و وڵاتانی دیکەی جیھان ئەم ڕووداوە لە مێژووی کوردستاندا بە کۆڕەوی ١٩٩١ ناسراوە.[٣٤] و سازمانی خەباتیش لەلایەن حکوومەتی بەعس سەرکۆنە کرا لەسەر بەشدارییەکانی و چەندین بەرپرس و کادریان زیندانی کران. پاش ئەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانانی بڕیاری ناوچەی ئارامیان بۆ کوردستان دەرکرد خەڵک و حیزبەکان گەرانەوە کوردستان ھەوڵی پێکھێنانی یەکەم حکوومەتی خۆیاندا لە ئەنجامدا لە ساڵی ١٩٩٢ ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان دەستی پێکرد و ھێزەکانی پارتی و یەکیتَی دەنگی زۆرینەیان بەدەست ھێنا بەڵام لە دواتردا ناکۆکی وململانی لە نێوان ئەم دوو ھێزە دروست بوو کە بارودۆخی ھەرێمی کوردستانی زۆر خراپتر کرد تا ئەوەی لە ساڵَی ١٩٩٤ شەر لە نێوانیان ھەڵگیرسا و کوردستانیان دابەشی سەر دوو ناوچەی سەرەرکی کرد ناوچەی سڵیمانی دەوروبەری لەژێر دەسەلاتی یەکێتی بوو ھەولێر و دەھۆک و دەوروبەریان لەژێر دەسەڵاتی پارتی بوو ئەم شەڕە بۆ ماوەی چوار ساڵ بەردەوام بوو (١٩٩٤–١٩٩٨) تا بە نێوەندگیر ئەمریکا کۆتای بەو شەڕەھات. سازمانی خەبات لە دەورانی شەڕی ناوخۆی ئەم بەشەی کوردستان ھەڵوێستی بێلایەنەی ھەڵبژارد و پشتیوانی لە ھیچ کام لەو ھێزانە نەکرد لە چەندین قۆناغدا لە ھەوڵی نێوەندگیری بوو بەڵام بێ ئاکام بوو کاتێک شەڕی ناوخۆ ڕاوەستا شێخ جەلال وەک سکرتێری سازمان نامەی بۆ ھەر یەکە لە جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی نارد ستایش و دەستخۆشی ڕاگرتنی شەرەکەیانی لێکردن. ئەمەش بۆ ئەوکات ھەڵوێستیکی ئەرێنی بوو سالی ١٩٩٦ سازمانی خەبات پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران پەرەپێدا بەتایبەت لەگەڵ موجاھدین خلق کە ھێزێکی نەیاری ئێرانە لەو ساڵەدا ھاوپەیمانێتییەکیان لەسەر چەند خالێک واژوو کردن لەوانە ھاوکاری کردن و یارمەتیدانی یەکتر لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەدەست ھێنانی ئازادی و دیموکراسی ھەروەھا داننان بە مافی خودموختاری بۆکوردستان ئەم دووخاڵە لە خاڵە سەرەکییەکانی ھاوپەیمانی نێوان ئەم دوو حیزبە بوو لەگەڵ ئەوەی سازمانی خەبات ڕووبەروو ڕەخنەیەکی زۆری بوو وەوە بەڵام تا ئێستاش بەردەوامە ساڵانە لە کارو چالاکی یەکتر بەشداری دەکەن.[٣٥][٣٦] سازمانی خەبات لە ساڵی ١٩٩١ بە دواوە تووشی زینجیرەیەک لە تیرۆ کردنی کادر و ئەندامانی سەرکردایەتی بووەوە بە جۆرێک لە ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠٠٠ زیاتر لە ١١ کادر و پێشمەرگەی ئەم حیزبە لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتی ئێرانەوە تیرۆرکران بەشێکی دیکەیان لە ھەوڵەکان لێی دەرباز بوون یاخود بریندار دەبوون.[٣٧] ئەم ڕەوشە بەتایبەت لە شاری سڵیمانی زیاتر تووشی سازمانی خەبات بوو ھەربۆیە لە ساڵی ١٩٩٩ لە شاری سلێمانییەوە بەرەو شاری ھەولێر بەڕێ کەوتن و سەرجەم بنکە و بارەگاکانیان لەو ناوچەیە کشاندووە سەبارەت بەم تیرۆرانە ڕەخنەی توند ئاراستەی یەکی نیشتیمانی کوردستان کراو بە یارمەتی دەری ئێران تۆمەتبارکرا. ئەمە جگە لە ڕادەست کردنەوەی پێنج پێشمەرگەیان بە حکوومەتی ئێران کە سازمانی خەبات حیزبی دەعوەی ئیسلامی عێراق و بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان تۆمەتبارکردن بەو کارە دوایین ھەوڵیش کە ئاشکرا کرا لە ساڵی ٢٠٠٥ بوو کاتێک ئێران کەسێکی ناردبوو بۆ تیرۆرکردنی سکرتێری ئەم ڕێکخراوە بەڵام ھەوڵەکە شکستی خوارد و دەستگیکرا. بە شێوەیەکی گشتی سەرجەم ھێزەکانی ڕۆژھەلات لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەکرانە ئامانج ئەمەش ببوە ھۆی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو ئەندامانی ئەم ھێزانە. ساڵی ٢٠٠٤ کۆنگرەی سێیەمی سازمانی خەبات دوای ١٦ ساڵ لە ناحیەی ڕزگاری سەربە شاری ھەولێر لەژێر ناوی کۆنگەرەی پێشکەوتن ئەنجامدرا یەکێک لە خاڵە بنەڕەتی و گرینگەکانی ئەم کۆنگرەیە ئەوبوو ئاڵوگۆری بنچینەی بە سەر ناو و سیاسەت و بەرنامە و پەیڕەوپرۆگرامی ئەم ڕێکخراوەدا ھات دا لە سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئێران گۆڕا بۆ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ھەرووەھا یەکێکی دیکە لە خاڵە گرینگەکان لە حیزبێکی ئیسلامییەوە گۆڕا بۆ حیزبێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی. لەم کۆنگرەیەدا چەند ئەندامێکی نوێ بۆ سەرکردایەتی ھەڵبژێردران شێخ جەلال بەھۆی بەتەمەن بوون و نەتوانین بۆ بەرێوەبردنی کاروبارەکانی سازمان وازی لە پۆستی سکرتێری گستی ھێنا دواتر بابەشێخ حوسێنی وەک سکرتێری گشتی ئەم ڕێکخراوە ھەڵبژێردرا بەم شێویە قۆناغێکی دیکە لە مێژووی سازمانی خەبات دەستی پێکرد.[٣٨]
چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە بە کشانەوەی بۆ ھەولێر پایتەختی ھەرێمی کوردستان کەمتربووەوە بەڵام ساڵی یاخود چەند ساڵ جارێک مەفەرزە یاخود تیمی دەناردەوە بۆ کوردستانی ڕۆژھەڵات بەمەبەستی کار و چالاکی تەشکیلاتی بەڵام کاریگەری زۆری نەبوو لەسەر گۆرینی دۆخی ڕۆژھەڵات و تەنھا لە چوارچێوەی بانگەشەکردن بۆ ئەم ڕێکخراوەیە دەسووڕایەوە چەند جارێک ئەم چالاکیانەیان شەھید و بریندار بوونی لێدەکەتەوە دوایینیشیان ساڵی ٢٠١٦ بوو کە بەشێوەیەکی فەرمی شەھید بوونی یەکیک لە ئەندامانیان لە چالاکییەکی تەشکیلاتی دا لە شاری بۆکان ڕاگەیاند.[٣٩] دوای ئەو گۆڕانکاریانەی لە کۆنگەرەی سێیەمی ئەم ڕێکخراوە ھاتە ئاراوە دەستکرا بە ڕێکخستن و نوێکردنەوەی کاروبارەکانی سازمان ودانانی بنکە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان. بەڵام نەتوانرا خەڵک لە دوایین گۆرانکارییەکانی ئەم حیزبە بە شێوەیەکی بەرفراوان ئاگاداربکرێنەوە بەھۆی نەبوونی ئامرازەکانی گەیاندن و ھەروەھا دووری بنکە و بارەگاکانی لە ڕۆژھەلاتی کوردستان. جگە لەوەی لە ٢٠٠٤ ئیسلام بوونی ڕێکخراوەکە کۆتایی ھات بەڵام یەکێک لە خاڵە پەسەندکراوەکانی وای کرد کە تا ماوەیەکی زۆریش نەتەوەیی بوون و ئیسلام بوونی جێی پرسیار بێت ئەویش پەسەندکردنی ئایینی ئیسلام وەک سەرچاوەیەک بۆ قانوون دانان بوو کە زۆرجار ئەندامان و سەرکردایەتی ئەم حیزبە دەبوو ڕوونکردنەوە بدەن لە ھۆکاری دانانی ئەو خاڵە، لە وڵامی ئەوانەدا ڕایان گەیاندبوو کە ئەوان باوەریان بە مافی سەرجەم ئایین و ئایینزاکان ھەیە و جیاوازی لە نێوانیان ناکەن ئەو دەقەش وەک ڕێزێک و مافێک بۆ پەیڕەوانی ئەم ئایینە کە ئایینی زۆرینە خەڵکی ڕۆژھەڵاتە پەسەند کردووە باوەڕیشیان وایە کە سەختە دین و دەوڵەت لەیەکتر داببڕێن. ساڵی ٢٠٠٥ سکرتێری گشتی ئەم ڕێکخراوە لە ھەوڵیکی دیکەی تیرۆکردن کە لەلایەن ئێرانەوە ئامادەکرابوو دەربازی بوو کە ئەمەش لە چوار چێوەی ئەو زنجیرە ھەوڵانەی کە دەزگای ئیتلاعاتی ئێران بەمەبەستی تیرۆکردنی دژی نەیارانیان ئەنجامیان دەدا. کە دوایین ھەوڵ نەبوو بەڵکو لە سالانی دواتریشی بەردەوام بوون لە ھەول بۆ تیرۆرکردنی ئەندامانی سەرکردایەتی و پێشمەرگەکانیان بەلام بە ڕێگای جۆراو جۆر پوچەڵ دەکرانەوە.[٤٠] دوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سازمانی خەبات نوێنەرایەتی خۆی لە شاری سلێمانی کردەوە. ساڵی ٢٠٠٩ پشتیوانی خۆی بۆ سەرجەم ئەو خۆپیشاندانە دەڕبڕی کە لە ئێران بەھۆی ڕازی نەبوون بە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و ئەو ساختەکارییەی بۆ ھەڵبژاردنەوەی ئەحمەدی نەژاد کرابوو ئەنجامدرا کە ژمارەیەکی زۆر بریندار و کوژراوی لێکەوتەوە و بەشێکی دیکەشیان دەستگیرکران. ساڵی ٢٠١٠ کۆنگرەی چوارەمی خۆی لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە شاری ھەولێر بەڕێوەچوو سەرەتای ئەم کۆنگرەیە بە وتەی شێخ جەلال ڕێبەری پێشوویان کرایەوە کە وێرای پشتیوانی بۆ بە ئەندامانی کۆنگرە کورتە باسێکی لە بارەی سازمان و مێژوو جوولانەوەی کورد و چۆنییەتی تەحەموولکردن لەگەڵ پێکھاتە و دانیشتووانانی سنووری جوگرافیای کوردستان کرد.[٤١] بابەشێخ بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان بە سکرتێری گشتی ھەڵبژێردرایەوە دواتر پێداچوونەوەی گشتی بە بەرنامە و پەیڕەو و پڕۆگرامەکەی کرایەوە. ساڵی ٢٠١٠ چەند مانگێگ دوای کۆنگرە شێخ جەلال حسێنی دامەزرێنەری سازمانی خەبات لە تەمەنی ٨٠ ساڵی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ھەولێر کۆچی دوایدەکات.[٤٢] لە سالێ ٢٠١١ سکرتێری گشتی سازمانی خەبات گەڵاڵەیەکی دەخاڵی پێشکەش بە ھێزەکانی ڕۆژھەڵات دەکات بە مەبەستی پێکھێنانی بەرەیەکی ھاوبەش بەڵام ھەوڵەکانی بێ ئاکام دەبێت. لە ماوەی ساڵانی ٢٠١١–٢٠١٣ کاروچالاکییەکانی لە چوارچێوەیەکی چالاکی سیاسی و دیپلۆماسی بوو بە دور لە چالاکی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران. ساڵی ٢٠١٣ لە ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو بە مەبەستی ئامادەکاری پۆ پێک پێنانی کۆنگرەی نەتەوەی کورد لەسەر پێشنیاری مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە بەشداری ٣٩ حیزب و ڕێکخراو لە ھەرچوار پارچەی کوردستان لەم کۆبوونەوەیەدا لێژنەیەکی ٢١ کەس ھەڵبژێردران ٥کەس لە ڕۆژھەڵات، ٥ کەس لە باشوور ،٦ کەس لە باکوور، ٤ کەس لە ڕۆژاوا، یەک کەسیش لە کەنەکە بۆ ئەوەی کار بکەن بۆ دانانی بەرنامە و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی کۆنگرەکە، سازمانی خەبات نەی توانی ببێت بە ئەندام لە لێژنەی ئامادەکاری ئەمەش ناڕزایەتی ئەم حیزبەی لێکەوتەوە پێی وابوو ڕێکەوتنی پێش وەختە کرابوو بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەرانی ڕۆژھەڵات.[٤٣] بەڵام لە دواتردا بووە ئەندامی ئەو لێژنە تایبەتیانەی کە دروست دەکران بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەسەر بارودۆخی ھەریەک لە پارچەکانی کوردستان لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سەربازییەوە. ئەم کۆنگرەیە بەھۆی ململانێی سیاسی بەڕێوەنەچوو. ساڵی ٢٠١٤ چوارەم کۆنگرەی سازمانی خەبات بە ناوی کۆنگەی وەفادای بۆ ڕێبازی مامۆستا سید جەلالەدین حسێنی بەڕێوەچوو وەک کۆنگرەکانی پێشوو پێداچوونەوە بە بەرنامە و پەیڕە و پڕۆگرامەکەیدا کرایەوە ھیچ ئاڵوگۆڕێکی بنەرەتی بە سەر سیاسەت و بەرنامەی ئەم ڕێکخراوەدا نەھات دژ بە ئێران. ھەر لەو ساڵەدا وڵاتی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ڕێکخراوی داعش ھێرش دەکرێتە سەریان و لە ماوەیەکی کەمدا توانیان پێشەڕەوییەکی زۆر بکەن و چەندین شار و ناوچە داگیر بکەن. داعش نزیک بوون لە گرتنی شاری ھەولێر بەڵام لە دەروازەی خازر ڕێگریان لێکرا توانرا پێشەڕەوییەکانیان بوەستێنن ئەمەش دوای ئەوەی کە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی ئەم ڕێکخراوە بە سەرکردایەتی ئەمریکا دروستت بوو. ھێزەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ئامادەی خۆیان بۆ بەشداری لە شەڕ دژی داعش ڕاگەیاند یەکێک لەوانە سازمانی خەبات بەھۆی نزیکی بنکە و بارەگاکانی لە شاری مووسڵ بە پێویستی زانی خۆی ئامادەبکات و بەشداربێت لە جەنگ بۆیە ھێزێکی تایبەتی پێک ھێنا بە چەک سووک و مام ناوەند و پێداویستی سەربازی بەری کران بۆ بەرەی پێشەوە جەنگ. بەڵام لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پێیان ڕاگەیەندرا کە ئەوان لە ئێستادا پێویستیان بە یارەمەتی ھێزەکانی ئەوان نییە بۆیە دوای ماوەیەک ھێزەکەیان لە بەرەی جەنگ کشاندەوە.[٤٤] ھۆکارەکەی بۆ فشاری ئێران گەڕێندرایەوە. ساڵیک دواتر بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان بەشێک لە ھێزەکانیان لە میحوەری باشیک جێگیرکران.[٤٥][٤٦] ساڵی ٢٠١٧ کۆنگرەی شەشەمی ئەم حیزبە لە ناحیەی ڕزگاری سەربەشاری ھەولێر بەڕێوەچوو لەژێر ناوی کۆنگرەی شەھیدان لەم کۆنگرەیە دەفتەری سیاسی سازمانی خەبات پێک ھێنراو ٣ ژن وەک ئەندامی ڕێبەری ئەم حیزبە ھەڵبژێدران ھەرچەند بەرنامەیەک ھەبوو بۆ گۆرینی شێوەی بەڕێوەبەری سازمانی خەبات بەڵام بێ ئاکام بوو دواجار بابەشێخ بە سکرتێری ئەم حیزبە بۆ جارێکی دیکە ھەڵبژێردرایەوە.[٤٧] ساڵی ٢٠١٨ لە یەکێک لە بنکەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە شاری سلێمانی دوای کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری کۆمیتەیەکی ھاوکارییان بە ناوی ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن حدک، حدکا، کۆمەڵەی شۆڕشگێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، سازمانی خەبات دامەزرێنەرا[٤٨] لەسەر چەند خاڵیک وەک ڕێگا خۆشکەر بۆ دروستکردنی بەرەیکی ھاوبەش لەگەڵ سەرجەم ھێزە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران.[٤٩] کاروچالاکی و کۆبوونەوەکانی ئەم پێنج لایەنە پێکەوە بەردەوام بوو ھەروەھا لە سەرجەم ئەو ڕووداوانەی پەیوەندی دار بوون بە ئێران و کوردستانی ڕۆژھەڵات پەیام و ھەڵوێستیان بڵاودەکردەوە بە ھەرسێ زمانی کوردی، فارسی، ئینگلیزی. بۆ بۆ ماوەی یەک ساڵ[٥٠][٥١] بەڵام لە کۆتایییەکانی ساڵی ٢٠١٨ ساَزمانی خەبات کشانەوەی لە ناوەندی ھاوکاری ڕاگەیاند،[٥٢] بەھۆی ئەوەی ئەندامانی دیکەی ناوەند بە بێ ئاگادارکردنەوەی ئەوان کاریان بۆ دانیشتن و گفتوگۆکردن لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیان کرد بە ناوبژیوانی ڕێکخراوێکی نەروێژی کە ئەمەش بە تەواوی پێچەوانە بوو لە سیاسەت و ستراتیژی سازمانی خەبات کە ھەر جۆرە دانوستان و وتووێژێکیان لەگەل کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەتکردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ھۆکارەکانی کشانەوەی لە ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیاند، ئەم ھەڵوێستەی سازمانی خەبات کاردانەوەی جۆراو جۆری لێکەوتەو و بەشێکیان بۆ بوونی پەیوەندی موجاھدین و سازمان گەڕاندەوە و بەشێکی دیکەیان پشتیوانیان بۆ دەڕبرین، سازمانی خەبات لە جوابی ئەوەی موجاھدین خەلق دەستی ھەبووبێت لە ھاندانی ئەوان بۆ کشانەوەیان لەو ناوەندە بە تەواوەتی ڕەت کردەوە.[٥٣] ساڵی ٢٠١٩ گرژی لە نێوان حدک و حدکا و سازمانی خەبات دروست دەبێت کاتێک پێشمەرگەکانی ئەم لایەنانە گەمارۆی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات دەدەن لە چیای ھەڵگورد .بابەشێخ حوسێنی سکرتێری ئەم ڕێکخراوە لە پەیامێکی بە پەلەدا بۆ ھەیەک لە مستەفا مەولوودی سکرتێری پێشووی حیزبی دیموکراتی کوردستان و مستەفا ھیجری سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران نارد داوای کرد ئەو گەمارۆیە لەسەر پێشمەرگەکانیان لاببرێت پێش ئەوەی ڕووداوی نەخوازراو لە نێوانیاندا ڕووبدات کە لە دواجار ئەوان بە بەرپرسیار دادەنرێن.[٥٤][٥٥] دوای چەند سەعاتێک لەم ڕووداوە گەمارۆی ھێزەکانیان لەسەر پێشمەرگەکانیان لابرا ئەم ڕووداوە کاردانەوەی توندی لە نێوان ئەندامانی ئەم سێ لایەنە لێ کەوتەوە بەڵام دواتر بە گفتوگۆ چارەسەری کێشەکان کران.
ڕۆژی دووشەمە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ئەندامێکی سازمان بەناوی ئەکبەر سجانی لە شاری هەولێر، گەڕەکی سێتاقان لە شوێنی ناوەندی پەیوەندییەکانی سازمانی خەبات لە ھەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بوو، دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند ھەوڵەکە لە ڕێگای لکاندنی بۆمبی موگناتیزی بووە بە ئۆتۆمبێلەکەی ئەو ئەندامە.[٥٦] لە ئەنجامی تەقینەوەکە ئەکبەر بریندار دەبێت و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت.[٥٧] سازمانی خەبات سەبارەت بەم کردەوەیە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە ئەنجامدەری ڕووداوەکە تۆمەتبار کرد.[٥٨]
لە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٣ کۆنگرەی حەوتەمی خۆی بەناوی "کۆنگرەی شۆڕشی ژینا "ئەنجامدا و لە ٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ کۆتایی هات.ناوی کۆنگرەکە بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی ساڵی ڕابردووی ئێران و ڕۆهەڵاتی کوردستان بەهۆی کوژرانی ژینا ئەمینی بەدەستی پۆلیسی ڕەوشتی ئەو وڵاتە دەستنیشانکرا.لەم کۆنگرەیە بابەشێح بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە.[٥٩]لە ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ بەهاوبەشی لەگەڵ پێنج حیزبی دیکەی کوردستانی ئێران، ڕاگەیەندراوێکیان سەبارەت بە ڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە و داوای مانگرتن و داخستنی دووکان و بازاڕیان لە خەڵکی ڕۆژهەڵات و ئێران کرد.[٦٠]لە بەشێک لە ڕاگەیەندراوەکەیان ئاماژەیان بەوەداوە "لەم ڕۆژەدا هەموو دووکان و بازاڕ و ناوەندەکانی کار و ئیدارەکان دادەخرێن؛ سەر لە بەیانیی ئەو ڕۆژە (٢٥ی خەرمانان)، جەماوەری خەڵکی کوردستان سەردانی گڵکۆی ژینای جوانەمەرگ و سەرجەم شەهیدان و گیانبەختکردووانی شۆڕشی" ژن، ژیان، ئازادی" لە شار و گوندەکانی کوردستان دەکەن و چەپکەگوڵی ڕێز و خۆشەویستی لەسەر مەزارەکانیان دادەنێن و ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانیان بۆ بەڕێوە دەبەن."هەروەها داوایان لە ڕەوەندی دەرەوەی وڵات کرد پشتیوانی ئەو مانگرتنە بن.[٦٠]
ئامانجەکانی سازمانی خەبات لە چەند بەشێک پێک دێت ھەندیکیان پەیوەندیان بە ئێستای ڕێکخراوەکەیە و بە شێکی دیکەیان پلان و بەرنامەی ئەم ڕێکخراوەیە بۆ داھاتوو بەھۆی ئەوەی ئەم حیزبە دژبەری ئێرانە یەکەم ئامانجی لە ئێستادا ڕووخاندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەت و بەرنامەکانییەتی ھەروەھا بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی دیموکراتی و پەرلەمانی لە کوردستان کە مافی ھەموو نەتەوە و چین توێژەکانی ناو سنووری جوگرافیای کوردستان پارێزراوبێت تێدەکۆشێت لەگەڵ ئەمانەشدا سازمانی خەبات مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ ئەو بەشەی کوردستان بەڕەوا دەبینێت بۆ ئێستا دەستەبەرکرانی مافی خۆبەرێوەبەری لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاد و دیموکراتیک و پەرلەمانی بە باش دەزانێ و ھەوڵی بۆ دەدات یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ئەم ڕێکخراوە ھاوکاری و نزیک بوونەوەیە لەگەڵ سەرجەم ئەو ھێزانەی لەگەڵ سیاسەت و بەرنامەیان دەگونجێنن و دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانن بە تایبەت لە نێو ھێزە کوردییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان وەک کارێکی پێویست لێ دەڕوانێت بە تایبەت بۆ دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران ھەر بۆ ئەو مەبەستەش پشتیوانی دروستبوونی بەرەیەکی ھاوبەش دەکات کە مافی سەرجەم لایەنەکانی تێدا پارێزراو بێت ھەروەھا پشتیوانی خەباتی ئازادیخوازانای نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەکات بۆ گەیشتن بە مافەکانیان.
ھێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات باڵی سەربازی و چەکداری ئەم ڕێکخراوەیە، ئەرکی سەرەکیان ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕکردنە لەگەڵ ھێزەکانی ئێران، ناوچەی چالاکیان ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. لە چەند بەشێکی تایبەت پێک دێت لەلایەن فەرماندەی سازمانی خەبات بەرڕێوە دەبرێن، چالاکییەکانیان لە ئێستادا سنووردارە بەھۆی بوونیان لە خاکی ھەرێمی کوردستان. ھەردوو ڕەگەزی نێر و مێ ئەندامن لەم ھێزە. ساڵی پێکھانیان دەگەرێتەوە بۆ پێش دامەزراندنی سازمانی خەبات بەھۆی ئەوەی پێشتر ئەم ھێزە لەژێر فەرماندەی دەفتەری شێخ عێزەدین کار و چالاکی ئەنجام داوە دژی ھێزەکانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ بەڵام ساڵی ١٩٨٠ چووە ژێر فەرماندەیی سازمانی خەبات و بووە باڵی سەربازیان بەھۆی ئەوەی بەشێکی زۆری فەرماندە و پێشمەرگەکانیان ڕۆڵیان ھەبوو لە پێکھێنانی ئەم ڕێکخراوە. لە سەرەتای دامەزراندنیان ناوچەی چالاکیان شاری بانە و سەردەشت بوو دواتر چالاکی سەربازییان لە شارەکانی مەھاباد ،سەقز، بۆکان ،سنە ،مەریوان و کامیاران دژی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام دا. زۆربەشیان شەڕی پارتیزانی و بەرگریکردن بووە بەڵام لە ساڵی ١٩٨٣ بەھۆی ھێرشی بەرفراوانی ھێزەکانی ئێران بۆ سەریان و گرتنەوەی ناوچە کوردییەکانی ڕۆژھەڵات پاشەکشەیان کرد بۆ باشووری کوردستان لەگەڵ ئەوەی ئەم ھێزە لە ناوچە سنوورییەکان چالاکییەکانی بەردەوام بوو،[٦١] بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ بە شێوەیەکی تەواوی شکستی ھێنا لە خەباتی چەکداری و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ھێزەکانی ئێران کە بەشێک لە ھۆکارەکانی بۆ نابەرامبەری ھێزەکانیان لەگەل ئێران و نەبوونی پێداویستی زۆری سەربازی و ھەروەھا دووری بنکە و بارەگاکانیان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان. بەشداربوون لە ڕاپەرینەکانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ بەتایبەت لە شاری ڕانیە و گرتنی ئەمنە سوورەکە لە شاری سڵیمانی ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١٤ کاتێک ھێرشی داعش بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێکرد، بەشداری کرد لە جەنگ دژیان لە میحوەری باشیک جێگیر بوو. لە چەند ساڵی ڕابردوو بۆ ڕێزگرتن لە پێشمەرگەکانیان سازمانی خەبات ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەری ھەموو ساڵیکی کردووە بە ڕۆژی پێشمەرگەی ئەم ڕێکخراوە. ساڵانە خولی تایبەت بەو کەسانە دەکاتەوە کە ڕوویان لێ دەکەن بە مەبەستی بوون بە پێشمەرگە بە چەکی سووک و مامناوەند ڕاھێنانیان پێ دەکرێت.
١٠ی خەزڵوەر ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەباتە ھۆکاری دیاریکردنی ئەم ڕۆژە بۆ پێکدادانێکی سەربازی لە ساڵی ١٩٧٩ لە نێوان ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگەی ئەم ھێزە و پاشماوەی ھێزەکانی شای ئێران لەژێر ناوی گاردی جاویدان کە خومەینی لە دوایدا ناوی سوپای قودسی لێنا دەگەرێتەوە ئەنجامەکەی بە سەرکەوتنی ھێزەکانی سازمانی خەبات کۆتایی ھات ئەم شەڕە چەند مانگێگ پێش دامەزراندنی سازمانی خەبات ڕوویدا کاتێک ھێزێکی زۆر لەژێر ناوی گاردی جاویدان لە ساڵی ١٩٧٩ بەمەبەستی ھێرشکردن بۆ سەر کوردستان بەڕێ کەوتبوون لە جادەی نێوان بانە -سەردەشت ھێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات کەئەوکات ناویان پێشمەرگەی دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی بوو ئامادەکاریان کردبوو بۆ ھێرشکردنی لەناکا و پارتیزانی ھەروەھا لە کۆتا شوێنیان کە دەروازەی شاری بانە بوون بۆ بەرگریکردن ھێزێکیان جێگیر کردبوو. کاتێک ھێزی ئێران نزیکتربوونەوە بە درێژایی ڕێگاکە تووشی ھێرشی پێشمەرگەکان بوونەوە شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوانیان ڕوویدا لە کۆتا شوێن کە دەروازەی بانە بوو ھێرشیانکرایە سەر لە ئەنجامی ئەم ھێرشانە ژمارەیەکی بەرچاو لە ھێزەکانی ئێران کوژران و برینداربوون، کەل و پەلە سەربازییەکانیان وەک سەیارەی سەربازی و تانکێکیان تێکشکان و سوتێنران ھەروەھا لە ھێزی پێشمەرگەی سازمان ٨ کەس کوژران لە کاردانەوەی ئەم شکانەی ھێزەکانیان خومەینی لە یەکێک لە ڕادیۆکان داوای ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانی کرد و وەک ئاماژەیەک بۆویستی کورد ڕایگەیەند " خەڵکی کوردستان من دەنگی ئێوەم بیست " ئەم ڕووداوە بووە بووە ھۆکارێک بۆ گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان ئێران و ھێزە کوردییەکان بە سەرکردایەتی شێخ عێزەدین حوسەینی.[٦٢][٦٣] بەھۆی ئەو کاریگەریانەی لەم ڕووداوەوە سەری ھەڵدا سازمانی خەبات بە ڕۆژی پێشمەرگەی خۆی دەستنیشانی کرد و ساڵانە لەم بۆنەدا پەیام و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن.[٦٤]
سازمانی خەبات خاوەنی دوو ڕێکخراوی تایبەت بە لاوان و ژنانە ئەم دوو ڕێکخراوە ھەریەکەیان خاوەن پەیڕەو و پرۆگرامی خۆیانن و لەلایەن سازمانی خەباتەوە پشتوانی دەکرێن بەناوەکانی ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران[٦٥] و ڕێکخراوی ژنانی خەباتی کوردستانی ئێران[٦٦] کەسی یەکەمی ئەم ڕێکخراوانە ڕاستەوخۆ دەبنە ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی لە پرسەکانی ژنان و لاوان ڕاوێژیان پێ دەکرێت لەگەڵ ئەوەش دەتوانن بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبەکەیان بکەن. لە بۆنە و کاروچالاکییەکانی تایبەت بە ڵاوان و ژنان ڕێکدەخەن ھەروەھا بەشداریش لەو بۆنانە دەکەن کە تایبەتن بەو دوو توێژە.[٦٧]
ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران ڕێکخراوێکی مەدەنی ولەھەمانکاتدا سیاسییە تایبەت بە توێژی لاوانە لە ساڵی ٢٠١١لە باشووری کوردستان لەلایەن کۆمەڵێک لە لە لاوانی ناو ڕیزەکانی سازمانی خەبات دامەزراندنی ڕاگەیاندرا.[٦٨] لەسەر باوەڕ بە ئازادی کار دەکات بۆ بەدەست ھێنانی مافە بنچینەیەکانی لاوان لە کوردستانی ڕۆژھەڵات. تا ئێستا دوو کۆنگرەی بەستووە خاوەنی لۆگۆ و پەیڕەو پڕۆگرامی خۆیەتی سەرەتا بەناوی ناوەندی لاوانی خەبات کار و چالاکییەکانی دەست پێکرد بەڵام دواتر لە کۆنگرەی دووەمی ئەم ڕێکخراوەدا کە لە ساڵی ٢٠١٥ لە ناحیەی ڕزگاری ئەنجامدرا لەژێر ناوی ″کۆنگرەی یەکڕیزی و سەرکەوتن″ بڕیاردرا پێشگری ناوەند بگۆڕن بۆ ڕێکخراو.[٦٩] لە ئامانجە سەرەکییەکانیان ئاشکرا کردنی سیاسەتەکانی ئێرانە دژ بە ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان بەگشتی و لاوان بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوە و سمینار ڕێکدەخات جگە لە بەشداری لەو کۆڕ و کۆبوونەوانەی تایبەتن بە توێژی لاوان بەرێوەدەچن بەشداری ئەو خۆپیشاندانەش دەکەن کە دژ بە ئێران ئەنجام دەدرێت.[٧٠] لە پەیڕەو و پڕۆگرامی ئەم ڕێکخراوەدا ھاتووە کە تێدەکۆشن بۆ پێکھێنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک کە مافی ھەموو چین و توێژەکان و تاکەکانی تێدا پارێزراو بێت و باوەری قووڵیان بە ڕووخانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران ھەیە.[٧١] بەشێک لە ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە لە ھەمانکاتدا پێشمەرگەن. یەکەم بەرپرسی علی بەھرامی بوو بەشێوەی کاتی تا بەستنی بەکەم کۆنگرەیان پاشان لە کۆنگەری یەک فواد جەعفەری کرا بە بەرپرسی یەکەمی ئەم ڕێکخراوە بۆ ماوەی زیاتر لە دووساڵ بەردەوام بوو پاش لە کۆنگرەی دووی ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ٢٠١٥ ئارام سلێمانی وەک بەرپرسی یەکەم دیاری کرا بۆ چەند ساڵیک بەردەوام بوو دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨ بەبێ ئەوەی ھۆکارێک ڕابگەیەنێت دەستی لەکار کێشایەوە تەنھا ئەوە نەبێت لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕای گەیاند کە لە ئێستادا دەستی لە بەڕێوەبەری ڕێکخراوی لاوان کشاندووتەوە. پاش ئەوە بە بڕیاری سەرکردایەتی فواد جەعفەری وەک بەرپرسی کاتی ئەم ڕیکخراوە دەست نیشان کرایەوە لە دوایین کۆڕی گشتی ئەم ڕێکخراوە بڕیاردرا بە شێوەی شورا کارەکانی بەرێوە ببرێت. لە ئێستادا ئەندامی لێژنەی ھەواھەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ڕۆژھەڵاتە
ڕێکخراوی ژنانی خەباتی کوردستانی ئێران قەوارەیەیکی سنفی و سیاسییە سەربە ڕۆژھەڵاتی کوردستانە لە ساڵی ٢٠٠٢ لە شاری ھەولێر دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند لە سەرەتادا ناوی کۆمیتەی ژنانی خەبات بەڵام لە دوایین کۆنگرەی خۆیان گۆڕیان بە ڕێکخراوی ژنان و پەیڕەوپڕۆگرام و بەرنامە و لۆگۆی تایبەتیان ھەیە لەلایەن سازمانی خەباتەوە پشتیوانی دەکرێن کاروچالاکییەکانی تایبەتە بە ژنان. ئامانجی سەرەکیان بەدەست ھێنانی مافەکانی ئەم چینەیە، دژی سیاسەت و بەرنامەی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و لە ڕێگای نووسینی وتار و ڕێکخستنی سمینار و کۆڕ و کۆبوونەوە کار لەسەر وشیار کردنەوەی کۆمەڵگا دەکەن،[٧٢] بەڵام لە چوارچێوەیەیکی سنوورداردا. ئەندامی ناوەندی ژنانی ڕۆژھەلاتی کوردستانن چالاکییەکانیان بە ھاوبەشی لەگەڵ ئەو ناوەندە ئەنجام دەدەن.
سازمانی خەبات لە سەرتای دامەزراندنی تا ئێستا خاوەنی چەند بڵاوکراوەیەکی تایبەت بە خۆی بووە لە ڕابردوو ڕادوێوی دەنگی خەباتی کوردستانی ھەبوو بەڵام بەھەندێک ھۆکار پەخشەکەی ڕاوەستا ھەروەھا بڵاوکراوە یاخود مانگنامەی تێکۆشانی ھەیە کەئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی دەری دەکات و مانگانە بڵاودەکرێتەوە سەرتا بە شێوەی چاپ بوو بەڵام ساڵانێکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی بڵاودەکرێتەوە[٧٣] جگە لەمانە دوو ماڵپەری ئەلیکترۆنی ھەیە کە سیاسەت و بەرنامە وپەیام و ھەوڵەکانی پەیوەندی دار بە کوردستان و ئێران و جیھانی تێدا لە بوارە جیاوازەکان تێدا بڵاودەکاتەوە.
لە سەرەتای دامەزراندنی سازمانی خەبات بڵاوکراوەی ڕەسمی نەبوو تەنھا چەند لاپەڕەیەکی لە شێوە ھەواڵنامە بڵاودەکردەوە بەڵام وەک پێویست نەبوو دوای چوار ساڵ لە دامەزراندنی سازمانی خەبات ژمارە (یەک)ی بڵاوکراوەی تێکۆشانیان دەرچواند کە بە ھەردوو زمانی کوردی و فارسی بابەتی تێدابڵاودەکرایەوە لە مانگی پێنج ی ساڵی ١٩٨٤ ژمارە دووی ئەم بڵاوکراوەیە دەرچوو کە خۆی لە چەند بابەتێکدا دەبینییەوە لە ڕووپەری یەکەم ئایەتی (وجاھدوا فی اللە حق جیھادە) لەسەرەوەی دانراوە و ئەم بابەتانەی لە خۆ گرتووە " جەنگی ئێران و عێراق، یادی ڕۆژنامەی کوردستان، ئاوڕێک لە بانەمەڕی ٥٩، ١١ ی بانەمەڕ - عید معبس، درسھای از اسلام " لەگەل ئەوەشدا ھەندێک کات لە کاتی خۆی دوادەکەوت ئەمەش بەھۆی ئەو بارودۆخەی کە لەو کاتەدا بوونی ھەبوو بەتایبەت کە شەڕی نێوان عێراق و ئێران بەردەوام بوو. ھەروەھا ئامێر و ئامرازەکانی نووسین و چاپکردن کەم و کوڕیان ھەبووە و نەتوانراوە وەک پێویست سودی لێ وەربگرن بە شێوەیەیک گشتی ٢٤ ژمارەی تا ساڵی ١٩٨٧ دەرچواند پاشان بەھۆی جیابوونەوە بۆ ماوەیەکی کاتی لە بڵاوکردنەوە وەستا بەڵام دوای ڕێکخستنەوە دەستکرایەوە بە چاپ و بڵاوکردنەوە جێگای ئاماژەپێکردنە دوای ئەوەی بەشێک لە ئەندامانی سازمانی خەبات جیابوونەوە و ڕێکخراوێکی تایبەت بەخۆیان دامەزراند بە ھەمان ناو و قەبارە تێکۆشانیان بڵاودەکردە وەک زمانحاڵی فەرمی ڕێکخراوەکەیان. ە. لە سالانی دواتر تێکۆشان گۆڕانکاری بەرچاوی بەسەردا ھات بە تایبەت لە شێوە و دیزاین و قەبارەیدا. تا مانگی جۆزرەدانی ٢٠٢٠ (٣٢١) ژمارەی بلاوکردووەتەوە بە زمانحالی فەرمی سازمانی خەبات دادەنرێت
ڕادیۆ دەنگی خەباتی کوردستان[٧٤] یەکێکی دیکە بوو لە ئۆرگانەکانی بەشی ڕاگەیاندنی سازمانی خەبات لە ساڵی ١٩٨٥ لە میراوای ناوچەی شارباژێڕ بە شێوەیەکی سەرەتایی دامەزرا ئەمەش دوای ئەوە کەل و پەلە پێویستییەکانی ڕادیۆ لە ئەورووپا و چەند شوێنێکی دیکە دابین کرا. لە سەرەتایی دامەزراندنییەوە تا لەتبوون و لێکترازان سازمانی خەبات لەلایەن مامۆستا شێخ جەلال و مامۆستا مەلا خدر سەرپشتی دەکرا جیاواز بووە لە بڵاوکراوەی تێکۆشان بەرپرس و کادری تایبەتی خۆی ھەبووە دوای لەت بوون بە شێوەیەکی گشتی لەلایەن شێخ جەلال سەرپەرشتی دەکرا. پەخشی ئەم ڕادیۆیە تەنھا ٣ کاتژمێر بووە لە ٢٤ کاتژمێر ئێوارانی ھەموو ڕۆژێک یەک کاتژمێر و نیو بە ئایەتێک و دروشمی ئێرە دەنگی خەباتی کوردستانە بەرنامەکانی دەست پێدەکرد. کاتژمێرێک بە زمانی کوردی و نیوکاتژمێر بە زمانی فارسی بوو بەیانی ڕۆژی دواتر ئەو یەک کاتژمێر و نیوە دووبارە دەکرایەوە. بەرنامە سەرەکییەکانی بریتیبوون لە وتاری سیاسی و دەنگ و باس جگە لەمانەش چەند بەرنامەیەکی ھەفتانەی دیکەی ھەبوون وەک:
ساڵی ١٩٨٧ ڕادیۆی دەنگی خەبات توشی چەندین گیروگرفت بوو وەوە بەھۆی ناجێگیربوونی بارودۆخی سیاسی و شەڕی بەردەوامی عێراق و ئێران ھەروەھا شەڕی نێوان ھێزەکانی ڕۆژھەڵات و کۆماری ئێسلامی چەندین جار بارەگای خۆی گواستووەتەوە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە وێرای ئەمانەش کاتێک ھاتنە باشووری کوردستان حکوومەتی بەعس چەندین جار دەستی دەگرت بە سەر کەل و پەلەکانیدا ئەمەش ببوە ھۆی ئەوەی کە پەخشی ڕادیۆکە جار جار بوەستێت. لە ساڵانی دواتر ماوەی بەرنامەکانی بۆ چەند کاتژمێرێک درێژکردەوە بەڵام بۆ دواجار ئەم ڕادیۆیە بەھۆی نەبوونی ئامێر و کەرەستەی پێشکەوتوو ھەروەھا دووری بنکەکانی سازمانی خەبات لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و نەبوونی دارایی پێویست لەلایەن سازمانی خەباتەوە بۆ ئەم بەشە بڕیار لەسەر داخستنی درا و لە پەخشکردن ڕاگیرا لەگەڵ ئەوەشدا ھەموو ساڵیک سازمانی خەبات یادی دامەزرانی دەکاتەوە و پەیامی تایبەت بەو بۆنەیەوە بڵاودەکاتەوە[٧٥]
سازمانی خەبات لە چەند وڵاتێکی ئەورووپا کۆمیتەی تایبەتی دامەزراندووە ھەریەکە لەم کۆمیتانە لە چوارچێوەی کۆمیتەکانی ئەورووپای سازمانی خەبات ڕێکخراون و کەسێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی کە لە ئەورووپا دەژیت سەرپەرشتیان دەکات، ساڵانە چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن و بەشداری ئەو چالاکیانە دەکات کە دژ بە ئێران ئەنجام دەدرێت کۆمیتەکانی ئەورووپای سازمانی خەبات لەم ولاتانەدا ھەیە سوێد، نەرویژ، کەنەدا، سویس، فینلاند، ئیسپانیا ئەرکیان گەیاندنی سیاسەت و بەرنامەی سازمانە بۆ ناوەندەکانیئەم وڵاتانە ھەروەھا ئاسانکاری بۆ کوردانی نیشتەجێ ئەورووپا بۆ بوون بە ئەندام لەم ڕێکخراوە، کارەکانیان لە ئێستادا لە چوارچێوەیەکی سنوورداردایە.
سکرتێر و ئەندامانی سەرکردایەتی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەم حیزبە لە کۆنگرە ھەڵدەبژێردرێن.[٧٩]
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ھەر وەک حیزبێکی دیاری کراو خاوەنی پەیرەوپرۆگرام ی خۆیەتی تێیدا ئامانج و سیاسەتەکانی ئەم ڕێکخراوە باس دەکات
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.