ئیسپات
From Wikipedia, the free encyclopedia
ئیسپات[1] بە گرۆڤ یا بەڵگەیەک دەڵێن کە خۆی بە تەنیا بەس بێ بۆ نیشاندانی ڕاستیی وتەیەک. بە زمانێکی تر، بە بەڵگەیەک کە ئەوەندەی پێوە بێ بەشی ئەوە بکا وتەیەکی پێ بسەلمێنرێ، دەوترێ ئیسپات.[2][3][4][5]
ئیسپات لە بوارە جیاجیاکاندا بە کار دەبردرێ. لە ھەر بوارێکیشدا ئەوەی کە بەڵگەکە یا پاساوەکە دەبێ چۆناوچۆن بێ تا لە گوێن ئیسپاتێ بۆ قەزیەکە قەبووڵ بکرێ، فەرق دەکا.[6] لەو بوارانەی کە پەیوەندییان بە ڕاگەیاندنی نووسراو و زارەکییەوە ھەیە، وەک وتووێژ و دیالۆگ و ڕەوانبێژی، ئیسپات بریتییە لەو کاریگەرییەی کە قسەکانی قسەکەرێک لەسەر بەردەنگەکەی یا ھاوکەلامەکەی دایدەنێ، کاتێ کە دەیەوێ ڕاستیی قەزیەیەکی پێ بسەلمێنێ و قەناعەتی پێ بێنێ. لێرەدا، ئیسپات چەشنێ speech act یا پەیڤکرد -ە.[7] لە لقە جیاجیاکانی ماتماتیکدا کە بناخەیان بە گریمانە و بەڵگەنەویست داڕێژراوە، ئیسپات بەڵگەیەکی لۆژیکییە (ئارگۆمێنتێکە) کە تیۆرمێک بنیات دەنێ، ئەویش بە بەکارھێنانی یاساکانی ئاکامگری و بە دەستپێکردن لەو بەڵگەنەویستانە و تیۆرمگەلی پێشتر بنیاتنراوەوە.[8] لۆژیک و بە تایبەت تیۆریی ئیسپات لە چەمکی ئیسپاتی شێوەیی دەکۆڵنەوە.[9] لە ھەندێ لە پانتایییەکانی ئیپیستیمۆلۆژی و تیۆلۆژیدا پاساو تەقریبەن ھەمان ڕۆڵی ئیسپات دەگێڕێ.[10] لە بواری دادگا و قانووندا ئیسپات ھەمان گەواھ و شایەتە.[11] دەستەواژەی باری ئیسپات چەمکێکی یەکجار باوە لە فەلسەفەی یاسادا.