یەکێتیی سۆڤیەت
وڵاتێکی کۆمۆنیزمی لە یۆراسیا، ١٩٢٢-١٩٩١ / From Wikipedia, the free encyclopedia
یەکێتیی سۆڤیەت (بە ڕووسی: Советский Союз)، بە فەرمی یەکێتیی کۆمارە سۆشیالیستەکانی سۆڤیەت (بە ڕووسی: Сою́з Сове́тских Социалисти́ческих Респу́блик)، دەوڵەتێکی سۆشیالیستی[1] زلھێز بوو لە ئاسیا و ئەورووپا، کە لە ساڵی ١٩٢٢دا دامەزرا تاکو ٢٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٩١ ھەڵوەشا و کۆتایی ھات. یەکێتیی سۆڤیەت دەوڵەتێکی تاک-پارتی بوو[2] لەلایەن حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەت حوکم دەکرا[3][4] لە دامەزراندییەوە ھەتا ھەڵوەشانی لە کۆتایییەکانی ١٩٩١.[5] مۆسکۆ گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتەکەبوو، لەدوای ئەو چەند پێگە و شارێکی دیکە جێی بایەخ بوون لەوانە لێنینگراد (ئەمڕۆ سەنت پیتەرزبورگ)، کیێڤ (ئوکراینا)، مینسک (بیلاڕووس)، تاشکەند (ئوزبەکستان)، ئالماتی (کازاخستان)، نۆڤۆسیبرسک (ڕووسیا). یەکێتیی سۆڤیەت گەورەترین وڵاتی جیھان بوو بەڕووبەری ٢٢٬٤٠٢٬٢٠٠ مەتر چوارگۆشە کە ١١ ناوچەی کاتی جیاوازی لەخۆ گرتبوو. زیندە ھەرێمەکانی وشکانییەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بریتی بوون لە تەندرا، تایگا، گژوگیا، بیابان و چیاکان. دانیشتووانی وڵاتەکە بەگشتی پێیان دەوترا خەڵکی سۆڤیەت.
یەکێتیی سۆڤییەت | |
---|---|
زانیاریی گشتی | |
پایتەخت | مۆسکۆ |
زمانی فەڕمی | زمانی ڕووسی |
جۆری حوکم | کۆمۆنیزم |
مێژووی دامەزراندن | ١٩١٧ |
مێژووی ڕوخان | ١٩٩٢ |
دوایین سەرۆک | ڤلادمیر ڤیلانشکۆ |
ڕووبەر | 22,402,200 km2 |
دانیشتووان | ٢٩٣٬٠٤٧٬٥٧١ |
نەخشە لەدوای جەنگی جیھانی دووەم | |
ڕەگ و ڕیشەی یەکێتیی سۆڤیەت لە شۆڕشی تشرینی یەکەمی ١٩١٧ سەری ھەڵدا، کاتێک بۆلشێڤیکییەکان بەڕێبەرایەتی ڤلادمیر لێنین توانیان بەسەر حکوومەتی کاتیی ١٩١٧ی ڕووسیا زاڵبن و دەست بەسەر دەسەڵاتی تاجی ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیدا بگرن، لەبەرامبەردا کۆماری سۆڤیەتی ڕووسیایان دامەزراند. لە سەرەتاکاندا شەڕ کەوتە نێوان سوپای سووری بۆلشویکەکان و نەیارەکانیان لە ئیمپراتۆرییەتی ڕووس کە لە بەناوبانگترین لەو ھێزانەش ھێزی بزووتنەوەی سپی بوو. لە ئەنجامدا، سوپای سوور لەڕێی ھاوکارییەکانی بۆلشویکەکان توانی دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت و سۆڤیەت دابمەزرێنن، ھەروەھا لەڕێی دەزگای تیرۆری سوور نەیارە سیاسییەکانیان دوورخستەوە و بێدەنگکران. لە ساڵی ١٩٢٢، بۆلشویکییەکان سەرکەوتنی خۆیان ڕاگەیاند بە دامەزراندنی یەکێتیی سۆڤیەت کە لەپاڵ ڕووسیا ئەوا وڵاتانی قەوقازی باشوور، ئوکراینا و بیلارووسیاش وەک کۆمارێکی سۆسیالیستی ھاتنە پاڵ یەکێتیی سۆڤیەت. دواتر ڕێنمایی سیستمی ئابووری نوێ لەلایەن لێنینەوە دەرکرا، کە ڕێگەی بە بازاڕی ئازاد و خاوەندارییەتی تایبەتی دەکرد بە شێوەی سنووردار؛ ئەمەش وای کرد کە ئابووری بۆ وڵاتەکە بگەڕێتەوە.
لە ساڵی ١٩٢٤ و دوای مردنی لێنین، جۆزێف ستالین ھاتە دەسەڵات. ستالین ھەموو ھێزە بەرھەڵەستیکار و ئۆپۆزسیۆنەکانی لەناوبرد کە لەناو حیزبی کۆمۆنیست ھەبوون. ستالین تەواوی دەسەڵاتی ئابووری وڵاتی گەڕاندەوە بۆ وڵات. لە ئەنجامدا وڵات کەوتە دۆخی بەرھەمھێنان و بەپیشەسازیی بوون، لەم ڕێیەوە ئابووری گەشەی سەند بەڵام ھاوکات لە ساڵانی ١٩٣٢–١٩٣٣ برسێتییەکی زۆر سەری ھەڵدا کە وای کرد چەند ملیۆن کەسێک بمرن. لە سەردەمی ستالین، پاکسازیی گەورە کرا لەدژی نەیارانی دەسەڵاتەکەی، ھەر لە ناو حیزبی کۆمۆنیستەوە تاکوو خەڵکی ئاسایی. بەشێک لەو کەسانە برانە کەمپی کارکردنی زۆرەملێ و بەشێکی دیکەش سزای مەرگیان بەسەردا سەپێندرا.
لە ٢٣ی ئابی ١٩٣٩، دوای ئەوەی سۆڤیەت لەگەڵ وڵاتانی زلھێزی ڕۆژاوا نەگەیشتە ڕێککەوتنێک دەربارەی بەرەی دژە نازی، ئەوا سۆڤیەت ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەڵمانیای نازی واژوو کرد. لەدوای دەستپێکردنی جەنگی جیھانیی دووەم، ئەوا بەشێک لە خاکی سۆڤیەت لە ڕۆژھەڵاتی پۆلەندا و وڵاتانی بەلتیک لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیرکران. لە حوزەیرانی ١٩٤١، خوێناویترین جەنگ لە مێژوودا ڕوویدا لە نێوان ئەڵمان و سۆڤیەت. قوربانییەکانی سۆڤیەت ڕێژەیەکی زۆر بەرزتربوو بۆ دووبارە گەیشتنەوەیان بە ناوچە داگیرکراوەکانیان، بەتایبەتیش لە جەنگی ستالینگراد دا. لە ڕۆژی ٩ی ئایاری ١٩٤٥، ھێزەکانی سۆڤیەت توانیان بەرلین داگیر بکەن و ببنە براوەی جەنگی جیھانیی دووەم لە ئەورووپا. ئەو خاکەی کە سۆڤیەت داگیری کرد لەم جەنگەدا، بوونە پاشکۆی دەوڵەتانی بلۆکی ڕۆژھەڵات. دوای جەنگ، ئەوا جەنگی سارد سەری ھەڵدا ئەمەش بەتایبەت لەدوای ئەوەبوو کە پێگەی جوگرافیای سۆڤیەت فراوانتر بوو ھەروەھا بلۆکی ڕۆژاوا یەکیان گرت لە ڕێکخراوی ناتۆ لە ساڵی ١٩٤٩.
دوای مردنی جۆزێف ستالین لە ساڵی ١٩٥٣، قۆناغی بەناستالینکردنی سۆڤیەت لەلایەن نیکیتا خروشچۆڤ دەستی پێکرد. بەھۆی ئەم قۆناغەوە ئەوا وڵاتەکە زیاتر گەشەی سەند، ملیۆنان کەس لە جووتیار و ڕەجنبەران چوونە شارە پیشەسازییەکان بۆ ئەوەی لە کارگەکان کاربکەن. سۆڤیەت لە پێشبڕکێی وڵاتی جیھان توانی بێتە لووتکە لەڕێی ناردنی سپوتنیک-١ بۆ بۆشایی ئاسمان، ھەروەھا ناردنی یەکەم مرۆڤ (یووری گاگارین) بۆ بۆشایی ئاسمان، ھەروەھا توانیان یەکەم ئامێر بەسەرکەوتووی بگەیەننە ھەسارەیەکی دیکە، کە ھەسارەی ڤینۆس بوو. لە ساڵانی حەفتاکان، سۆڤیەت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەوتە دۆسایەتی و دانووستاندن، بەڵام کاتێک لە ساڵی ١٩٧٩ ھێزەکانی سۆڤیەت چوونە ناو خاکی ئەفغانستان ئەوا گرژییەکانی نێوانیان دووبارە دەستی پێکردەوە. لە جەنگەکەدا، ئەمریکا ھاوکاری موجاھیدە ئیسلامییەکانی کرد. دوای نۆ ساڵ، سەرەنجامی جەنگەکە بووە ھۆی وشکبوونی ئابووری سۆڤیەت و کشانەوەی ھێزەکانیان لە ئەفغانستان.