From Wikipedia, the free encyclopedia
ھەڵبەستی پاڵەوانی، پاڵەواننامە، ئێپیک، حیماسە یان حەماسە (بە ئینگلیزی: Epic poetry) چەشنێک لە ھەڵبەستی گێڕانەوەییی دڕێژە کە زۆرتر سەبارەت بە کردەوە نائاساییەکانی کەسایەتییە نائاساییەکان دەھۆنرێتەوە کە لەگەڵ خواکان و ھێزە سەروومرۆڤییەکان لە پەیوەندیدان و گەردوونی فانی بۆ نەوەکانییان بەدی دەھێنن.[1]
لە زمانی ئینگلیزیدا بە ھەڵبەستی پاڵەوانی ئێپیک (بە ئینگلیزی: epic) دەڵێن کە لە وشەی لاتینی ئێپیکووس (epicus) گێڕاوە و ئەوەیش لە وشەی یوونانیی کۆنی ئپیکۆس (epikos) گێڕاوە کە لە سەروشەی ئێپۆس (epos)[2] بە واتای وشە، چیرۆک و ھەڵبەستە.[3]
لە زمانی یوونانیی کۆن وشەی ئێپیک (epic) دەتوانێت ئاماژە بە ھەموو ھەڵبەستێک بکات کە لە سەر کێشی شەش بڕگەیی یان ئێپیا (epea) بێت کە نە تەنیا ھۆمیرۆس، بەڵکوو ھەڵبەستە زاناییەکانی ھێسیۆدۆس، گوتنەکانی پێشبینیکەری دلفی، و بەیتەکانی نامۆی خواناسانەی نیسبەتدراو بە ئۆرفێئۆس لەوانەیە. بەڵام دواتر ئەمە باو دەبێت کە وشەی ئێپیک تەنیا بۆ ئاماژە کردن بە ئێپیکی پاڵەوانی و چیرۆکە قارەمانانە سنۆردار بکرێت کە مژاری ئەم وتارەیە.
لە زمانی تورکی بۆ ئەم چەشنە ھەڵبەستە وشەی ئەپیک (Epik şiir) باوە کە لە زمانی یوونانی گیراوە. لە زمانی عەرەبییش (شعر مَلحَمي) یان (المَلحَمَة) دەڵێن کە ئەم وشە لە ڕیشەی (لَحم) بە واتای گۆشت گێڕاوە و واتای شەڕی گەورە، مرۆڤکوژی و گۆڕەپانی شەڕە. لە زمانی فارسیدا بەم شێوەی ھەڵبەستە حەماسە دەڵێن کە خۆی وشەیەکی عەرەبییە و لە ڕیشەی (حَمِس) بە واتای سامناکی، دلێری، دلاوەری و ئازایییە، بەڵام لە فارسیدا جگە لە واتای پاڵەوانی و ئازایی بەگشتی بە واتای کردەوەیەکی نائاساییش بە کار دەچێت کە شانازی پێ دەکرێت.[4] لە زمانی تەبەری بەم چەشنە ھەڵبەستە سووتخوونی دەڵێن. ھەروە ھا لە زمانی ئەرمەنی ئێپۆس (Էպոս) دەوترێت.
لە زمانی کوردییش وشەی پاڵەوان لە وشەی پەھلە یان پاڵە گێڕاوە کە ناوی وڵاتێک بووە کە لە سەرەتادا ئیمپراتۆریەتیی پارت حکوومەتیان لەسەر کردووە. ئەم وشە لە پەرسەوە (Parθava) ھاتووە کە دواتر لە زمانی پاڵەویی سەردەمی ساسانییەکان بە پەھلە گۆڕاوە و دوای ئیسلام بچۆکتر کراوە و لە سەردەمەکانی ناوێن بە ناوچەکانێک لە ناوەند و ڕۆژاوای ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستانی ھەنووکەیی سنۆردار کراوە. ھەندێک لە لێکۆڵێنەرانی وێژە و مێژوو پێیان وایە کە بەھۆی ئەوەی کە خەڵکی ئەم ناوچە لە سەردەمی پارتەکان لە بەرامبەر دوژمنانی بیانی شەڕی زۆریان کردووە و بە دلێری ناسراو بوونەتەوە، ناوی خۆیانیان بەو چەشنە چیرۆک و ھەڵبەستە بەخشیوە کە سەبارەت بە ئازایی و بوێری بووە و بۆیە ئەم شێوەی وێژەییە بە ھەڵبەستی پاڵەوانی یان پاڵەواننامە ناسراوەتەوە و بە کەسایەتییەکانی ئازا و دلێرەکانیش ناوی پاڵەوان دراوەتەوە.[5]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.