ھەڵبژاردەی سێکسی
From Wikipedia, the free encyclopedia
ھەڵبژاردەی سێکسی بوارێکە لە بوارەکانی ھەڵبژاردەی سروشتی کە ئەندامەکانی سەر بە ڕەگەزێکی زیندەیی سێکسی ھەڵدەستن بە دەستنیشانکردنی تاکێک لە ڕەگەزە سێکسییەکەی بەرامبەریان بەمەبەستی ئەنجامدانی ھاوسەرگیری و ھەروەھا کێبرکێ کردن لەگەڵ ئەندامانای ھەمان ڕەگەزی سێکسی خۆیان دا بۆ گەیشتن بە ئەندامانی ڕەگەزی سێکسی بەرامبەر. ئەم دوو جۆرە لە ھەڵبژاردن ئەوە دەگەیەنێت کە ھەندێک لە تاکەکان خاوەنی سەرکەوتووییەکەی زیاترن لە ڕووی زاوزێ کردنەوە بە بەراورد بە تاکەکانی دیکەی ھەمان کۆمەڵە بەھۆی ئەوەی خاوەنی ڕووخسارێکی سەرنجڕاکێشترن یان ھاوسەری سەرنجڕاکێشیان لەلا پەسەندە بۆ خستنەوەی وەچە.[1][2]
بۆ نموونە، لە وەرزی زۆربوون دا ھەڵبژاردنی سێکسی ڕوودەدات لە بۆقەکان دا کە بۆقە ڕەگەز نێرەکان لە لێواری ئاوەکە کۆدەبنەوە و دەنگی جووتبوون (قیرە قیر) دەردەکەن. دواتر بۆقە ڕەگەز مێیەکان دەگەن و ئەو نێرانە ھەڵدەبژێرن کە خاوەنی دەنگێکی بەھێز و بەرز و باشترین ناوچەن. بەشێوەیەکی گشتی نێرەکان سوودوەردەگرن لە کردەی جووتبوونی بەردەوام و قۆرخکردنی گەیشتن بە کۆمەڵە مێیەکی بەپیت وە چونکە مێیەکانیش دەتوانن ژمارەیەکی دیاریکراو لە وەچە بخەنەوە ئەوا بەم ھۆیەوە ھەڵدەستن بە زیادکردنی پاشەکەوتکردنی ئەو وزەیەی بەکاریدەبەن لە کردەی زاوزێکردن دا.
بۆ یەکەمین جار چەمکەکە لەلایەن (چارڵز داروین) و (ئەلفرێد ڕەسل واڵس)ەوە ڕوونکراوەتەوە و ناساندوویانە بە پاڵنەری خۆگونجاندنی جۆرەکان کە چەندین زیندەوەر خاوەنی خەسڵەتی زیانبەخش بوون بەڵام دواتر لەم ڕێیەوە پەرەیاسەندووە.[3] لە سەرەتای سەدەی بیستەم دا چەمکەکە زیاتر پەرەی پێ دراوە لەلایەن رۆناڵد فیشەرەوە.
ھەڵبژاردەی سێکسی دەکرێت پاڵ بە نێرەکانەوە بنێت زۆرترین و بەھێزترین ھەوڵبدەن لە پیشاندانی لەباریی جەستەیی بە بەمەبستی دەستنیشانکردنیان لەلایەن مێیەکانەوە. ئەم دیاردەی ھەوڵدانە زۆر و توندە دەبێتە ھاتنە کایەی (جیاوازی ڕووخسار لە ڕەگەزەکان دا - Sexual Dimorphism) لە ماوەی خەسڵەتی سێکسی دووەم (باڵغبوونی دووەم) بۆ نموونە: چینی پەڕی جیاواز لە باڵندەی تاووس، شاخەکانی ئاسک و مووی شێر. ھەموو ئەمانە ڕوودەدات بەھۆی ڕێکاری وەڵامدانەوەی ئەرێنی بە ناوی (ھەڵبژاردەی فیشیریەن - Fisherian runaway) کە ئەم کردەیە بەرپرسیارە لە پەرەسەندنی ڕازاندنەوەی زیندەیی ڕەگەزی نێر بە ڕادەیەکی زۆر لەڕێی ھەڵبژاردنی بەردەوام و ئاراستەکەر لەلایەن ڕەگەزی مێووە. ھەروەھا گریمانەی کوڕی سەرنجڕاکێش پیشاندەری ئەوەیە کە مێیەکان وەچەی نێریان لا پەسەندترە بە بەراورد بە وەچەی مێ و کردەی ھەڵبژاردەی سێکسی بە ھەمان شێوە لە ڕووەک و کەڕووەکانیش دا بوونی ھەیە.[4][5]