![cover image](https://wikiwandv2-19431.kxcdn.com/_next/image?url=https://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/thumb/7/77/Cenral_tympanum_Chartres.jpg/640px-Cenral_tympanum_Chartres.jpg&w=640&q=50)
ھونەری گۆتیکی
ھونەرێکی ڕۆژاوایی / From Wikipedia, the free encyclopedia
ھونەری کۆتیکی (بە ئینگلیزی: Gothic art) شێوازێکی ھونەری سەدەکانی ناوینە کە لە ھونەری ڕۆمانسکییەوە دروست بووە لە باکووری فەڕەنسا لە سەدەی ١٢دا، کە بە پەرەسەندنی تەلارسازیی گۆتیکی نوێنەرایەتی دەکرا. ئەم ھونەرە بە گشت ناوچەکانی ئەورووپای ڕۆژاوادا بڵاوبووەوە، ھەروەھا لە چەندین ناوچەی ئەورووپای ناوەندی و باشووریش سەری ھەڵدا، ھەرچەندە زۆر بەناوبانگ بوو، ھێشتا بەسەر ھونەرە کلاسیکییەکەی ئیتالیادا سەرنەکەوت. لە سەدەی ١٤دا، شێوازێکی ئاڵۆزتری ھونەری گۆتیکی سەری ھەڵدا بە ناوی گۆتیکی نێودەوڵەتی، کە تاکوو سەدەی ١٥ پەرەی سەند. لە زۆرێک لە ناوچەکان، بە تایبەتی ئەڵمانیا، ھونەری گۆتیکیی کۆن ھەتاکوو سەدەی شازدەش پەرەی سەند و مایەوە، ھەتاکوو دواتر لەگەڵ ھونەری ڕێنێسانسدا تێکەڵ بوو. کارە ھونەرییە دیارەکانی دەمی گۆتیکی پێکھاتبوون لە پەیکەرتاشی، وێنەکێشانی سەر دار، وێنەکێشانی سەر شووشەکان، فرێسکۆ و مانیوسکریپتی ڕەنگدار. گۆڕانە زەقەکانی تەلارسازی لە ڕۆمانسکەوە بۆ گۆتیکی و دواتریش لە گۆتیکییەوە بۆ ڕێنێسانس زۆرجار وەک نموونەیەک بۆ ناساندنی دەمەکانی ھونەر بەکاردێن، ھەرچەندە ھونەرەکان بۆ ماوەی جیاجیا برەویان سەندووە.
![Thumb image](http://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/thumb/7/77/Cenral_tympanum_Chartres.jpg/640px-Cenral_tympanum_Chartres.jpg)
![Thumb image](http://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/thumb/4/48/Soissons_Cathedrale_Vitraux_01_04_2012_08.jpg/640px-Soissons_Cathedrale_Vitraux_01_04_2012_08.jpg)
کۆنترین ھونەری گۆتێکی پێکھاتبوو لە پەیکەری یادکردنەوە، کە لەسەر دیواری کەنیسە و کڵێساکان دەبیندرا. ھونەری مەسیحی زۆرجار تایپۆلۆجیکی بوون و چیرۆکی وەشانی کۆن و نوێی کتێبی پیرۆزیان پیشان دەدا لە تەنیشت یەکەوە. ئەم پەیکەرانە زۆرجار ژیانی قەشە و شێخەکانیان دەنواند، لە زۆر شوێنی تریشدا ڕەنگیان لەسەر ژیانی مریەم دەدایەوە کاتێک لەگەڵ مەسیح بووە و خزمەتی کردووە. لەم جۆرە ھونەرانەدا مریەم بەردەوام وەک دایکێکی بەسۆز نیشاندراوە.
ھەر لەم دەمەدا، ھونەری سێکیولار[kurdish-alpha 1] ھاتە ئاراوە لەگەڵ فراوانبوونی شارەکان، دۆزینەوەی زانکۆکان، زۆربوونی بازرگانی و دامەزراندنی سیستمی ئابووری دراوی و ھەروەھا دروستبوونی کۆمەڵەی بۆرجوازەکان کە بەھۆی دەوڵەمەندییانەوە دەیانتوانی پشتگیریی ھونەر و کارە ھونەرییەکان بکەن کە بووە ھۆی ئاسانکاری لە بەردەم پەرەسەندن و برەوسەندنی ھونەر. لەگەڵ بەناوبانگبوونی سێکیولاریزم و بەناوبانگبوونی وێژە، ھونەری سێکیولاریش بەرەو ناوبانگ بەرز بووەوە. ھەر لەم دەمەدا، بەھۆی پەرەسەندنی کۆمەڵگەوە لە ڕووە گشتییەکانەوە، ھەروەھا زۆربوونی ھونەرمەندانیش، سیاسەتێک دروستبوو کە وای پێویست دەکرد وێنەکێشەکان ببنە ئەندام لە دەستە و کۆمەڵەی جیاجیادا، کە وای کرد ئامار و تۆماری وێنەکێشەران باشتر پاشەکەوت بکرێن و ناوی زۆرێک لە وێنەکێشان بمێنێتەوە، کە زۆرترین ناوەکانن مابێتنەوە لەو دەمەدا.