گریگۆر مەندل
From Wikipedia, the free encyclopedia
گریگۆر جۆھان مەندل (گۆکردن: /ˈmɛndəl/؛ بە چیکی: Řehoř Jan Mendel؛[1] لەدایکبووی ٢٠ی تەممووزی ١٨٢٢[2] – مردووی ٦ی کانوونی دووەمی ١٨٨٤) زانا و ئەندامێکی ئۆگۆستینی و سەرداری پەرستگەی تۆماس ئابەی بوو لە برنۆ، مارگراڤییەتی مۆراڤیا. مەندل لە خێزانێکی ئەڵمانی زمان ھاتووەتە دنیاوە لە بەشی سیلیسیای ئیمبراتۆرییەتی نەمسا (کۆماری چیکی ئێستا) و پاش مردنی وەکو دۆزەرەوەی زانستی سەردەم لە بۆماوەزانییدا ناسرا. ئەگەرچی جوتیاران چەندین ساڵ ئاگاداری ئەوە بوون کە دووڕەگکردنی ئاژەڵ و ڕووەک دەکرێت ھەندێک تایبەتمەندی خوازراوی لێ بە جێ بێت، تاقیکردنەوەکانی مەندل لەسەر ڕووەکی پۆلکە کە لە نێوان ساڵەکانی ١٨٥٦ بۆ ١٨٦٣ دا ئەنجامدرا، زۆرێک لە یاساکانی بۆماوەیی ھێنایە کایەوە کە ئێستا بە یاساکانی مەندل ناسراون لە بۆماوەدا.[3]
ئەم وتارە بەستەری نییە بۆ وتارەکانی تری ویکیپیدیا. |
گریگۆر مەندل | |
---|---|
لەدایکبوون | جۆھان مەندل (١٨٢٢-0٧-٢٠) ٢٠ی تەممووزی ١٨٢٢ ھێینسس، سیلیزیا، ئیمپراتۆریەتیی نەمسا (کۆماری چیک) |
مردن | ٦ی کانوونی دووەمی ١٨٨٤(١٨٨٤-٠١-٠٦) (٦١ ساڵ ژیاوە) برنۆ، مەجاری نەمسایی (ئێستا کۆماری چیک) |
نەتەوە | نەمسایی |
بوارەکان | بۆماوەزانی |
دامەزراوەکان | پەرستگەی تۆماس ئابەی، برنۆ |
خوێندی باڵا | زانکۆی ئۆلۆموک زانکۆی ڤیێنا |
ناسراوە بەھۆی | دۆزەرەوەی زانستی بۆماوەزانی |
مەندل کاری لە حەوت تایبەتمەندی ڕووەکی پۆلکەدا کرد: بەرزی ڕووەک، شێوە و ڕەنگی توێکڵ، شێوە و ڕەنگی تۆو، شوێن و ڕەنگی گوڵ. ئەو ڕەنگی تۆوی بە نموونە وەرگرت و ئەوەی ڕوونکردەوە کاتێک کە پۆڵکەی سەوزی یەک ڕەگ و پۆڵکەی زەردی یەک ڕەگ جووت ڕەگ دەکرێن، نەوەکەیان ھەمیشە تۆوی زەرد بەرھەم دەھێنێت. ھەرچۆنێک بێت لە نەوەی دواتردا کۆڵکە سەوزەکان بە ڕێژەی ١ سەوز بە سێ زەرد پەیدا دەبنەوە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم دیاردەیە، مەندل ھەردوو زاراوەی بەزیو و زاڵی داھێنا وەک ئاماژەکردن بە ھەر تایبەتمەندییەکی دیاریکراو (لە نموونەی پێشوودا، سیفەتی سەوز کە وا دەردەکەوێت لە یەکەم وەچەخستنەوەدا بە تەواوی لەناوچووبێت، سیفەتی بەزیوە و زەردەکەش سیفەتی زاڵە). ئەو لە ساڵی ١٨٦٦ دا ئەم کارەی بڵاوکردەوە کە تێیدا کاری کۆمەڵێک ھۆکاری نادیاری ڕوونکردەوە کە لە ئێستادا بە بۆماوە ناسراوە و ئەوەش دیاریکردنێکی پێشبینیکراو بوو بۆ تایبەتمەندی ئەندامەکان.[1]
گرنگی کاریگەریی کارەکانی مەندل تا سەدەی بیستەم درک پێنەکرا (زیاتر لە سێ دەیە دواتر) لەگەڵ دووبارە دۆزینەوەی یاساکانیدا. ھەریەک لە ئیریک ڤۆن چسمارک، ھیوگۆ دیڤرایس، کاڕڵ کۆڕەنس و وڵیام جاسپەر سپڵمان بە جیا لێکۆڵینەوەیان لە کارەکانی مەندل کرد و ئەوەش چەرخی نوێی بۆماوەی لێ پەیدا بوو.[4]