کەسایەتییەکی ئایینی From Wikipedia, the free encyclopedia
نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە مەلا کرێکار (٧ی تەممووزی ١٩٥٦ سلێمانی) زانا و چەکداری سوننەی عێراقییە کە دامەزرێنەر و سەرکردەی پێشووی گرووپی چەکداری ئیسلامی ئەنسارولئیسلام بووە. ئێستا لە ئیتاڵیا سزای زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٠ لە نەرویجەوە ڕادەست کرایەوە.[2] ساڵی ١٩٩١ وەک پەنابەرێک لە کوردستانی عێراقەوە ھاتووەتە نەرویژ، ھاوسەرەکەی ڕووخۆش ئەحمەد[3] و چوار منداڵەکەی ڕەگەزنامەی نەرویژییان ھەیە، بەڵام خۆی نە. ماستەری لە فەرموودەناسیدا ھەیە، زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی و نەرویژی دەزانێت. زیاتر لە ھەزار وانە و حەفتا پەرتووکی ھەیە و شاعیریشە و دیوانی شیعرەکانی ٣٠٠ لاپەڕەیە.[4] لایەنەکانی دژ بە مەلا کرێکار بە تیرۆریست ناوی دەبەن.[5][6] بەڵام خودی مەلا کرێکار و لایەنگرانی ئەمە ڕەت دەکەنەوە و لەسەر ئەم باوەڕەن کە مەلا کرێکار تیرۆریست نییە و ھیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە نییە و دەڵێن دادگای نەرویژیش نەیتوانیوە تیرۆریستبوونی بسەلمێنێت.[7]
مەلا کرێکار | |
---|---|
لەدایکبوون | |
نەتەوە | کورد |
ناوەکانی تر | مەلا کرێکار سەید قوتبی کورد |
پیشە | ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام |
چالاکبوون | ٢٠٠١–٢٠٠٣ |
حیزبی سیاسی | ئەنسارولئیسلام |
ئایین | ئیسلام |
ھاوسەر | ڕووخۆش ئەحمەد (١٩٨٤-ئێستا)[1] |
مناڵ(ەکان) | ٤ |
خزمەکان | خالید ڕەنجدەر (برا) |
وێبگە | https://www.krekar.co |
نەجمەدین فەرەج ئەحمەد لە ساڵی ١٩٥٦ لە خێزانێکی ھەژار لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، شەش برا و چوار خوشکی ھەیە. لە ساڵی ١٩٦٢ دەستی بە خوێندن کردووە و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٧٤ بووەتە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەردەوام بووە تا نسکۆی ساڵی ١٩٧٥. لە پاش نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ و لەناوچوونی شۆڕشی ئەیلوول، دەگەڕێتەوە سلێمانی و پاش ماوەیەک ڕوو دەکاتە شاری ھەولێر و لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا وەک فەرمانبەر لە ئەمانەتی گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتی دادەمەزرێت، و ھاوکات درێژە بە خوێندنی شەوانە دەدات، قۆناغی دواناوەندی بە سەرکەوتوویی و نمرەیەکی باش تەواو دەکات. لە ساڵی ١٩٧٨دا، دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و لە زانکۆی سلێمانی وەردەگیرێت لە بەشی وێژەی زمانی عەرەبی و زانکۆ تەواو دەکات.[1]ئاشنا بووە بە ئەندامان و لایەنگرانی ئیخوان موسلمین و بەھۆی ڕەوشت بەرزی و پابەندبوونی دیندارانەیان و یادکردنەوەی بۆنە ئایینییەکان و کۆڕو مەجلیسی مزگەوتیان ھۆگریان بووە و بۆ یەکەمجار لە لای مەلا حەسەن پێنجوێنی لە مزگەوتی ئەبوبەکری سدیق لە شاری سلێمانی زانستە شەرعییەکانی خوێندووە و پاشان بووەتە ئەندامی ڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین. خۆشەویستییەکی زۆری بۆ مەلا حەسەن پێنجوێنی دەبێت، ھەر وەک خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «مامۆستا حەسەن پێنجوێنی ئیمامی مزگەوت بووە ئیمامی ژیانم، لە خۆم و باوک و دایکمم زیاتر خۆش دەویست» بۆیە مزگەوتی ئەبووبەکری سدیق دەبێتە یەکەم قوتابخانەی ئیسلامەتی و بانگەواز و ھەروەھا کاری کۆمەڵکارانەی ڕێکخراوەکە. پاش ئاوارە بوون، بەھۆی ستەم و دەستدرێژی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٧٤ بووەتە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەردەوام بووە تا نسکۆی ساڵی ١٩٧٥.[ژێدەر پێویستە]
لە پاش نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ و لەبارچوونی شۆڕشی ئەیلوول مەلا کرێکار دەگەڕێتەوە سلێمانی و پاش ماوەیەک ڕوودەکاتە شاری ھەولێر و لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا وەک فەرمانبەر لە دەستپاکی گشتی کاروباری کۆمەڵایەتی دادەمەزرێت و ھاوکات درێژە بەخوێندنی شەوانە دەدات، دواتریش قۆناغی دواناوەندی تەواودەکات.
لە شاری ھەولێر بایەخێکی زۆر بە دیراسەکردن و خوێندنەوە دەدات و بینای فیکری خۆی دروست دەکات ئەمەش لە پاش ناسینی کەسانێکی دیندار و ئیسلامی، جگە لەوەش بایەخ زۆر بە خوێندنەوە دەدات و بەردەوام پەرتووک دەخوێنێتەوە.
لە ساڵی ١٩٧٨ دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و لە زانکۆی سلێمانی وەردەگیرێت لە بەشی ئاداب زمانی عەرەبی و بە پلەیەکی باش زانکۆ تەواو دەکات و پلەی دووەم بەدەست دێنێت لەسەر ئاستی کۆلێژ بەشی زمانی عەرەبی و شەشەم دەبێت لەسەر ئاستی بەشەکانی تری زانکۆ کە زانستەکانی زمان و کۆمەڵناسی لە خۆگرتووە، یەکێک دەبێت لە دە یەکەمەکانی زانکۆ کە یاسای ڕژێمی عێراقی ڕێگەی خوێندنی باڵای پێدەدان بەبێ ئەوەی دەدام و لایەنگیریان بۆ پارتی بەعس ھەبێت، چونکە لە یاسای بەعسییەکانی عێراقدا کۆلێژەکانی زانست و فێرکردن ھەر وەکو کۆلێژی سەربازی و پۆلیس وابوون تەنھا بۆ قوتابیانی بەعسی بوون جگە لە دە یەکەمەکان.
بۆیە پاش تەواوکردنی زانکۆ داوای خوێندنی باڵا دەکات و گرانترین بەشی زمانی عەرەبی ھەڵدەبژێرێت کە (بەلاغەی زمانی عەرەبییە)، بۆیە وەک پاڵێوراوێک بۆ ئەو بەشە ڕۆژی چاوپێکەوتنی بۆ دیاری دەکرێت، بەڵام لەکاتی چاوپێکەوتنەکەدا پرسیاری ئەوەی لێدەکرێت ئەگەر بەعسی نەبێت، چۆن دەبێتە ئاراستەوان و مامۆستای نەوەی نوێ، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: کارم بەسیاسەتەوە نییە، بەڵام کاتێک پرسیاری ئەنجامەکەی دەکات، دەڵێن: ھەر کات لەو بەشە قبوڵکرایت ئاگادارت دەکەینەوە، بەڵام لە ئێستادا پەیوەندی بکە بە یەکەی سەربازییەوە، کە ئەوەش جۆرێک بووە لە ئیزندان بەوەی وەرناگیرێت چونکە بەعسی بوونەکەی قبوڵنەکردووە.
پاشان بەغداد جێدێڵێت و دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و بۆ ئەوەی بە سەرباز نەگیرێت خۆی حەشار دەدات، تا لە ٢٠ی ئابی ١٩٨٢ بڕیاردەدات کوردستان جێبھێڵێت، بۆیە بە ھاوڕێیەتی عەلی باپیر بەنھێنی و قاچاغەرێ لە ڕێگەی شاخ و سەختایییەوە ڕوو دەکاتە وڵاتی ئێران و سەرەتا دەچێتە شاری تاران، بە گەیشتنی ھەوڵی ئەوە دەدات کە دەست بە خوێندن بکات لە زانکۆی تاران بەشی کۆمەڵناسی، بەڵام پرۆسەی خوێندنەکە سەر ناگرێت.
لە نێوان ساڵی ١٩٨٢ بۆ ١٩٨٤ لە وڵاتی ئێران نیشتەجێ دەبێت و لە ئۆردوگایەکی سەر بە شاری کەرەج دەبێتە ئیمام و خەتیب و جگە لەوەی بایەخێکی زۆر بە خوێندنەوە دەدات، ھاوکات لە لای زۆرێک لە زانایانی ڕۆژھەڵات زانستە شەرعییەکان دەخوێنێت. ھەروەھا لەگەڵ مامۆستا سەلاحەدین بەھادئەین و چەند چالاکوانێکی ئیخوان بەشداربووە لە دروستکردنی ڕێکخراوێکی جیھادیی بە ناوی کۆمەڵی پشتیوانان، ھەرچەند ئێرانییەکان وەعدی پشتگیری و ھاوکارییان پێداون، بەڵام سەرئەنجام لەوەی کە دڵنیا بوون دەستەمۆ نابن بۆیان، نەک ھاوکاری بگرە کەوتونەتە دژایەتیان و زۆرێک لە ئەندامانی ئیخوانیان دەستگیرکردووە. ھەروەھا کەوتونەتە لێپێچینەوە لەگەڵ مەلا کرێکار بۆیە بڕیاری ڕاکردن و گەڕانەوەی داوە پێش ئەوەی بڕیاری دادگا دەربچێت لە دژی؛ بۆیە لەلایەن برایانی ئیخوان ئامۆژگاری کراوە بەوەی کۆچبکات بەرەو وڵاتی پاکستان، یاخود تورکیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتێکی عەرەبی بە مەبەستی خوێندنی باڵا، ئەویش داواکەیانی قبوڵکردووە، بەڵام بە باشی زانیوە پێش ئەوەی زیاتر دوربکەوێتەوە لە کوردستان، ژیانی ھاوسەری پێک بھێنێت بۆیە بە قاچاخەرێ گەڕاوەتەوە کوردستانی باشوور بەمەستی پێکھێنانی ژیانی ھاوسەری.[ژێدەر پێویستە]
پاش ئەوەی لە مانگی ٨ی ساڵی ١٩٨٤ دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی، لە ٢٢ی تەممووزی ١٩٨٤ ژیانی ھاوسەری لەگەڵ ڕووخۆش ئەحمەد دەکات کە پێشتر یەکیان ناسیووە و مەلا کرێکار ھۆکار بووە بۆ ئەوەی لە ڕیزی کۆمۆنیستەکان دووری بخاتەوە. خاوەنی چوار منداڵن بە ناوەکانی (معالم و سەید قووتب و زەلال و ئیبن تەیمییە).[ژێدەر پێویستە]
پاش ئەوەی لەگەڵ ڕوخۆش ژیانی ھاوسەری پێک دێنن، بە ڕێگەی قاچاخەوە دەگەڕێنەوە وڵاتی ئێران و پاش ١٣ ڕۆژ لەوێوە بە نھێنی و قاچاخەوە ڕوو دەکەنە وڵاتی پاکستان، لەگەڵ گەیشتنیان، لە سنووری پاکستان دەستگیر دەکرێن و مەلا ماوەی ١٠٠ ڕۆژ زیندانی دەکرێت. لەبەر ئەوەی زیندانیش بۆ ژن نییە ھاوسەرەکەی تەسلیم بە ماڵی شێخ عبدالخالق زامرانی دەکرێت کە زانایەکی دیاری ناوچەی بەلوچستانە و ئەندامی کۆمەڵی ئیسلامی پاکستان بووە.
لە پاش سەد ڕۆژ زیندانی بە ھەوڵی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکراوە ئیسلامییەکان، لە ناویشیاندا کەسایەتی دیارو ناسراو عبداللە عزام ئازاد دەکرێت.
لە مانگی ٢ی ساڵی ١٩٨٥ لەگەڵ خێزانی لە شاری کراتشی پاکستان نیشتەجێ دەبن و درێژە بە ژیان دەدەن. بایەخێکی زۆر بە خوێندنەوە دەدات و ھەروەھا بڕوانامەی ماستەر لە زانستی فەرمودەدا وەردەگرێت و وەک مامۆستا لە زانکۆی ئەبوبەکر کە لقێکە لە زانکۆی مەدینەی مننەوەرە وانە دەڵێتەوە و ھەروەھا بەردەوام دەبێت لە کاری ڕێکخراوەیی ئیخوان. تا ساڵی ١٩٨٨ و کارەساتی ھەڵەبجە، کە تەواو گۆڕانکاری دێنێت بە سەر ژیانیداو واز لە ھەموو کارەکانی دێنێت، لەکاتێکدا خوێندکاری دکتۆرایە، دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە کاری فریاگوزاری لێقەوماوان لە خێوەتگاکانی ئێران کە ١٧٥٠٠٠ پەنابەربوون و لە تورکیا ١٠٠٠٠٠ زیاتر بوون.
لە نێوان ئاوارەیی ئێران و پاکستان چەند پەرتووکێک دەنوسێت و وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی کە دیارترینیان (معالم فی الطریق)ی سەید قووتبە، و ھەروەھا یەکەم دیوانە شیعرییەتی بە ناوی (ژانی مان).
لەگەڵ ئەوەی لە ڕیزەکانی ئیخوان کاری دەکرد، وەک بیر و مەنھەج پێوەیان پابەند بوو بەڵام لە ڕووی عەقائیدییەوە ھەر لە ساڵانی خوێندنی زانکو، باوەڕیکی سەلەفییانەی ھەبووە، بەھۆی ئەوەی ئاشنایەتییەکی باشی لەگەڵ ھەندێک عەرەبی بەغدادی و مووسڵاوی پەیداکردبوو، کە چەندین پەرتووکی زانایانی سەلەفییان بۆ ھێنابوو وەک پەرتووکەکانی ئیحسان ئیلاھی زەھیر کە دیدێکی دیکەی لە بارەی ناسینی شیعە و تەشەیووع پێبەخشیبوو، پاشان چەندین پەرتووکی لە بارەی عەقیدە و سوننەت و وەلاء و بەراء و بیدعەوە، کە ئەو سەردەمە باسەکانی تەوحیدی وەک ئەسماء سیفات و ناسینی پەروەردگارێتی و حاکمییەتی بۆ خوێندکارەکانی ڕوون دەکردەوە.
لە ساڵی ١٩٨٨ پاش کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە، ڕیزەکانی ئیخوان جێدەھێڵێت و پەیوەندی دەکات بە بزووتنەوەی ئیسلامی لەژێر ڕابەرایەتی مەلا عوسمان عەبدول عەزیز و لە ساڵی ١٩٨٩ بووەتە ئەندامی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی.
لە ساڵی ١٩٩٤ خەتی ئیسلاح دادەمەزرێنێت، کە ئامانج لێی پەروەردەکرن و پاراستنی گەنجانی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی بووە لەوەی نەکەونە ژێر کاریگەری ئەو کەسانەی ئێران، وەیان لایەنە دەرەکییەکان ئاراستەیان دەکردن.
پاش ئەوەی عەلی باپیر و باڵی نەھزەکان لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٠١ جیابوونەوە لە بزووتنەوەی ئیسلامی، و ھەروەھا ھێزی دووی سۆران لە ١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ بەیانی خۆیان کرد وەک جووندوولئیسلام و بزووتنەوەی یەکبوون بوویەوە بە بزووتنەوەی ئیسلامی، لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠١ باڵی ئیسلاحی مەلاکرێکار و جووندوولئیسلام یەکیان گرت و ئەنسارولئیسلامیان دروست کرد.[ژێدەر پێویستە]
مەلا کرێکار کە لە ١٩٨٨دا چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەزگای پەسەندکردنی پەنابەریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئیسلام ئابادی پاکستان کرد و وەکو کوردەکانی دیکە فایلی پێناسەی ڕێکخرا، نەتەوە یەکگرتووەکان فایلەکەی ناردە چەند وڵاتێک کە پەنابەرێتی ھەندێک کورد پەسەند بکەن لەوانە نەرویژ بوو کە لێکۆڵینەوەی لە فایلی مەلا کرێکار کرد و مافی پەنابەرێتی دایە لەگەڵ سێ منداڵەکەی.
بۆیە لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ١٩٩١دا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیاندنییە نەرویژ و لەو کاتەوە لەوێ جێگیر بوون.
لە ٦ی ئابی ٢٠٠٢ دەگەڕێتەوە وڵاتی ئێران بەمەبەستی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی ئەنسارولئیسلام بەڵام ئێرانییەکان دەستگیری دەکەن و دەیڕفێنن، پاش دەستبەسەرکردن دواتر بە وڵاتی ھۆڵەندای دەدەنەوە.
حکوومەتی نەرویژی مەلا کرێکار بەوە تاوانبار دەکات کە دژواریی لەسەر ئاسایشی نەرویژی ھەیە، وەک ئەوەشی باس دەکرێت سێ جار ھەوڵی ڕفاندنی دراوە لەلایەن سی ئای ئەی یەوە.
لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ لە نیوەشەودا لە ناو ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ لە ناو ماڵەکەی خۆیدا ھەوڵی تیرۆرکردنی لەلایەن باندێکەوە دەدرێت و سەرکەوتوو نابێت، پاشانیش زانیاری دەگاتە دەستی بەوەی کەسانێکی دیکە ڕەوانە کراون کە ھەوڵی دووەم بدەن بۆ تیرۆرکردنی، بەڵام پاش ئەوەی لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە پۆلیس ئاگادار دەکرێتەوە، دواتریش ئەو یەکێتیی نیشتمانی کوردستانی بە بەرپرسی ھێرشەکە تۆمەتبار کرد.
بەپێی بڕیارێک کە وەزارەتی شارەوانی و ھەرێمەکان لە ١٩ی شوباتی ٢٠٠٣ دەری کردوە گوایە مەترسی دەبێت لەسەر ئاسایشی نەرویژ، فەرمانگەی کاروباری بێگانەکان مافی پەنابەرێتی و ڕەگەزنامە و نیشتەجێی ھەمیشەیی و مافی کارکردنی لە مەلا کرێکار سەندەوە.
ھەواڵگری نەرویژی زیاتر لە ٤٠ جار مەلا کرێکاری بردووەتە بەردەم دادگا بە تۆمەتی تیرۆر و ھاندان بۆ کاری توندوتیژی بەڵام لەبەر نەبوونی بەڵگەی تەواو زیندانی نەکراوە، پاشان لە ٢٧ی ئازاری ٢٠١٢ دەست بەسەردەکرێت و پاشان بە بڕیاری دادگا بە دوو ساڵ و دە مانگ زیندانی دەکرێت، لە زیندانی کۆنگسڤینگەر.
لە پاش دوو ساڵ و دە مانگ زیندانی لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە نێو ماڵی خۆی لە شاری ئۆسلۆ، بەڵام پاش ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ئێن ئارکۆی نەرویژی دەستگیر دەکرێتەوە.[ژێدەر پێویستە]
مەلا کرێکار بەرھەمەکانی زۆرن و زیاتر لە ھەزار وتاری دەنگی و ڤیدیۆی و زیاد لە ھەشتا پەرتووک نووسین وەرگێڕانی ھەیە و دیوانە شیعرییەکەی سێ سەد پەڕەیە.[ژێدەر پێویستە]
سەرەنجام، بە سێ سکاڵاکەی لەسەر، دادگا حووکمی دوو ساڵ و دە مانگ سزای زیندانیکردنی بۆ مەلا کرێکار دەرکرد. دواجار لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ ئازاد کرا.
لە ٢٦ی ئازاری ٢٠٢٠دا، ئەوە ڕاگەیەندرا کە سوێد مەلا کرێکاری ڕادەستی ئیتاڵیا کردووە.[8] پارێزەرەکەی و زۆر کەسایەتی کوردستان ڕەخنەیان لەم بڕیارە گرت، بەوەی کە سوێد بەبێ سەلماندنی ھیچ تۆمەتێکی سەر مەلا کرێکار ئەویان ڕادەست کردووە و ڕادەستکردنەکە لە کاتێکی نەخوازراوی وا بووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە فراوانی لە ئیتاڵیا بڵاوبووەتەوە.
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.