شارێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان From Wikipedia, the free encyclopedia
مەریوان لە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە کە ناوەندی شارستانی مەریوانی پارێزگای کوردستانی ئێرانە. مەریوان لە باکوورەوە بۆ بانه و سەقز، لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ سنە و لە باشوورەوە بۆ نۆدشە لە پارێزگای کرماشان ڕێگەی ھەیە. مەریوان لە ڕۆژاواوە تەنیا ١٦ کیلۆمەتر لە سنووری باشماخەوە کە لە خاڵە سنوورییە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقە دوورە و ئەمە بووەتە ھۆی گەشەی ئابووریی دانیشتووانی ئەم شارە. ھەروەھا نزیک بوون بە گۆلی زرێبار و ناوچەی ھەورامان کە دوو ناوچەی گەشیتارین بوونەتە ھۆی بەناوبانگ بوونی ئەم شارە. بە پێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١١[2] مەریوان ١١٠٤٦٤ کەس دانیشتووی ھەبووە. دانیشتووانی مەریوان بە سێ شێوەزاری کوردی بابانی و ئەردەڵانی و زاراوەی هەورامی قسە دەکەن وە هەر وەها بە پێی شێوەی قسە کردنی گوندەکانی خودی ناوچەی مەریوان دیارە کە شێوەزاری ڕەسەنی مەریوانی بابانییە ، بەڵام چەند ساڵێکە بە هۆی هاتنی زۆرتری دانیشتووانی گوندەکانی ئەردەڵانی زمان بۆ شاری مەریوان شێوەی قسە کردنی مەریوانی تێکەڵاو کراوە و بووەتە هۆی ئەوە کە شێوەی قسە کردنی مەریوانیەکان وەک جافی دیار بێت.[3]
شاری ئیمڕۆی مەریوان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدو پەنجا ساڵ لە مەوپێش ئەم شارە لە نزیکی سنوری دەوڵەتی عوسمانلی دابووە کە لە ساڵی 1865 زاینیدا بە فەرمانی ناسرەدین شای قاجار پاشای ئەو سەردەمەی ئێران لە نزیکی گۆلی زرێبار قەڵایەکی سەربازی دروست کرا کە تێچووەکەی چل هەزار تمەنی ئەو کاتە بووە چوار ساڵ دوای ئەوە فەرهاد میرزا مامەی ناسرەدین شا کە والی ئیالەتی ئەردەڵان بو قەڵاکەی نەختێ بچوک کردەوە و لە جاران بە هێزتری کرد و ناوی نا قەڵای شاەئاباد و لە نزیکی قەڵاکە شارۆکێکیان دروست کرد و چەند بنەماڵەیەکیان لە لادێکانی دەوروبەرەوە بۆ هانی دوای فەرهاد میرزا حاجی موحەمەد عەلی خانی زەفەرولمولک قەڵاکەی گەورەتر کرد و کاروانسەرا و حەمام و کارێزی ئاوی تێدا دروست کرد ئەم هەمو شتانە دوای ماوەیەک لە شەڕی هۆزەکانی مەریواندا وێران بو سەرچاوە مێژووییەکانی سەردەمی سەفەوی، قاجاڕ و عوسمانی ئاماژەی زۆریان تێدایە بە ڕوودانی شەڕ لە مەریوان یا لە دەشتی مەریوان. زۆری ئەم شەڕانە لە نێوان ئێران و عوسمانی یا میرنشینە کوردییەکاندا ڕووی داوە.[4] مەریوان سنووری نێوان ئیمپراتۆریی قاجاڕ و عوسمانی بووە و زۆر جار شوێنی شەڕ و ناکۆکیی تایەفە کوردەکان بووە.[5]
زرێبار دەریاچەیەکی گەورەی سروشتیی ئاوی شیرینە کە لە ٣ کیلۆمەتریی ڕۆژاوای شاری مەریواندایە. ئاوی زرێبار لە سەرچاوە ئاوییەکانی بنی خۆیەوە ھەڵدەقوڵێت و ھیچ ڕووبارێکی تر ناڕژێتە ناوی و ھەروەھا ساڕێژی ئاوەکەشی چەمی زرێبار پێک دێنێت کە بە دەشتی مەریواندا تێپەڕ دەبێت و دەڕژێتە سەر ڕووباری سیروان. زرێبار و سروشتی دەوروبەری کە دەشت و کێو و دارستان و گیانلەبەری جۆراوجۆری تێدایە، یەکێک لە سەیرانگا بەناوبانگە گەشتیارییەکانی کوردستان و ئێرانە. بەرزاییەکەی لە ئاستی دەریاکان ١٢۹٠ مەترە[6] و درێژییەکەی (ئاڕاستەی باشووری-باکووری) زیاتر لە ٨ کیلۆمەترە و پانییەکەشی (ئاڕاستەی ڕۆژھەڵات-ڕۆژاوا) نزیکەی ٣ کیلۆمەترە.[7] لە ھەندێک لە زستانە ساردەکاندا ڕووی زرێبار بە تەواوی سەھۆڵ دەبەستێت.
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.