From Wikipedia, the free encyclopedia
مەرزیە شەھاب عەبدوڵڵا ناسراو بە مەرزیە فەریقی (٢٢ی ئایاری ١٩٥٨ لە مەریوان، ئێران – ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٥ لە ستۆکھۆڵم، سوید)[1] گۆرانیبێژێکی کورد بوو. مەرزیە لەدایکبووی شاری مەریوان بوو و لەگەڵ ھاوسەرەکەی ناسر ڕەزازی (گۆرانیبێژ) ماوەیەک لە نێو پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بوون. لەژێر نەشتەرگەریی دڵ لە سوید کۆچی دوایی کرد و لەسەر داواکاریی خۆی تەرمەکەی ھێنرایەوە کوردستان و لە سلێمانی لە گردی سەیوان بە خاک سپێردرا.[2][3]
م
مەرزیە فەریقی ساڵی ١٩٥٨ زایینی لە شاری مەریوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە،[4] بەڵام دایک و باوک و کەسوکاری خەڵکی شاری سنەن. خوێندنی سەرەتایی لە مەریوان دەست پێ کردووە؛ ھەر لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە حەزی لە گۆرانی و شانۆ بووە. چەندین جار لە قوتابخانەکەیاندا لە بۆنە و جەژنەکاندا بەشداری کردووە و لە تیپی شانۆشدا چالاکی نواندووە.
مەرزیە لە سەرەتادا بە گۆرانیی فارسی و بە گۆرانییەکانی فەتانە وەلیدی دەستی بە تێکۆشان کردووە. بەڵام لەبەر ئەو زوڵم و زۆرییەی کە حکوومەتی حاکم لە کورد و زمان و ئەدەب و ھۆنەری کوردی دەکرد، وازی لە گۆرانیی فارسی ھێناوە و گوتنی گۆرانی کوردی دەست پێ کردووە.
مەرزیە دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە مەریوان، لەبەر ئەوەی ئەو شارە بچووک و دەرەتان بۆ خوێندن کەم بووە، بۆ درێژەدان بە خوێندن چووەتە شاری سنەی ناوەندی پارێزگا. لەوێ چووەتە زانستە ئامادەیییەکان و خوێندنی مامۆستایەتی تەواو کردووە. ھەر لەو شارە ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ کۆڕی مۆسیقای سنە چەندین جار چووەتە سەر شانۆ و گۆرانی گوتووە. پاش تەواوکردنی ئەو دەورەیە لە سنە، گەڕاوەتەوە بۆ مەریوان و لە گوندێکی نزیک ئەو شارە بووە بە مامۆستا. مەرزیە پاش دوو ساڵ وانەگوتنەوە گوازراوەتەوە بۆ سنە و لەوێ، لەو شارە لە قوتابخانەی سەرەتایی دامەزراوە و دەستی بە وانە گوتنەوە کردووەتەوە.
ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ ناسر ڕەزازی ژیانی ھاوسەری پێک دێنێت؛[5] لەبەر بەسەرداھاتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ناسر شانبەشان لە خۆنیشاندان و ڕێپێوان و خەبات دژی شای دەرکراو، خەباتی کردووە و کەوتووەتە ژێر چاوەدێری. کە ئێران ھاتووەتە سەر کار، لەگەڵ ناسر خەباتی خۆی بۆ ڕزگاریی کوردستان ھەر درێژە پێ داوە، بەڵام ئەمجارەیان گیراوە و بۆ ماوەیکی کورت کەوتووەتە بەندیخانە و کاری مامۆستایەتییەکەی لێ سێندراوەتەوە.
ساڵی ١٩٨٠ کە کۆماری ئیسلامی شارەکانی کوردستانی خستەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، مەرزیەش لەبەر ڕاوەدوونان و گرتن نەیتوانی لە شاردا بمێنێتەوە و چووە بۆ لای ناسر لە شاخ و ئەویش بوو بە پێشمەرگە. مەرزیە لەگەڵ ناسر و دوو منداڵیان دڵنیا و ماردین شانبەشان لە چیا، لە شۆڕشی کوردستاندا لەناو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران خەباتیان کردووە. ناسر و مەرزیە بە خەباتی ھونەریی خۆیان لە چیا، لە ناو کۆڕی بانگەوازدا کۆمەڵێک گۆرانی و سروودی نیشتمانیی و شۆڕشگێڕییان بڵاو کردووەتەوە کە بوونەتە وێردی سەر زاری پێشمەرگە و خەڵک و ڕادیۆکانی شۆڕشی کوردستان.
مەرزیە ساڵی ٢٠٠٥ لەژێر نەشتەرگەریی دڵ گیانی سپارد، دواتر تەرمەکەی ھێنرایەوە بۆ شاری سلێمانی و لە گردی سەیوان نێژرا. دوای مردنی، ئەوا ساڵانە بەتایبەت لە سلێمانی یادی دەکرێتەوە.[6]
سڵاوی گەرمی دڵی پڕ ھومێدی مەت پێشکەش
پڵنگی ھەردی وڵات ئەی ھەڤاڵی پێشمەرگە
لە دەوری دەست و تفەنگت گەڕێم کە ڕۆژی خەبات
لە ئاستی ھەڵمەتی تیژت چ ناگرێ بەرگە
ئەوێستە تۆی لە شەوی تار مۆمی ھەڵگیرساو
لە نێو دڵی شەوەزەنگا وەکوو گڕێک ڕاساو
کە ڕاتشەکاندووە ئاڵا بە دەستی خاراوت
دەگەی لە کۆسپ و بوواران بە ھەستی پاراوت
سڵاوی گەرمی دڵی پڕ ھومێدی مەت پێشکەش
پڵنگی ھەردی وڵات ئەی ھەڤاڵی پێشمەرگە
لانک لانک لانکۆڵێ، لانک لە دار ھەنارێ
وەستا بێ لە تارانێ، لانکێ دروست کا بۆ چاو جوانێ
دەڵێ لە لانێکدا نانووم دەبا بۆی ساز کەم جۆڵانێ
ھەی ڕۆڵە سەردڵ خڕ بی باب مردوو بی، شەو درەنگە بۆ جێژوانێ
تاوە ڕۆژی ڕووناکە ھەموو عالەم دەیزانێ
قەت نەبوو بڵێ دانیشین تۆزێک بکەن ڕا و تەگبیر
سەد لەعنەت لەو کەسەی بێ دەس لە باڵات بکا گیر
جا چی بوو ماڵەبابم ئەتۆ جحێڵەو ئەمن پیر
ئەو قورعانەی بتگرێ ھێنات لێکت کردووە
سێ جار دەستت پێ دادا بۆ مزگەوتت بردەوە
بۆخۆت کەیفم بۆ دەکەی بە دەم داخ و دەردەوە
دەستە و ئەژنۆت داناوم بەھەناسەی سەردەوە
لانک لانک لانکۆڵێ، لانک لە دار ھەنارێ
وەستا بێ لە تارانێ، لانکێ دروست کا بۆ چاو جوانێ
دەڵێ لەلانێکدا نانووم دەبا بۆی ساز کەین جۆلانێ
ھەی ڕۆڵە سەر دڵ خڕ بی باب مردوو بی، شەو درەنگە بۆ جێژوانێ
تاوە ڕۆژی ڕووناکە ھەموو عالەم دەیزانێ
ژن ئەی مایە و ماک و ھەوێن
ئێوە زەریان گەر بھەژێن
بوومە لەرزەن گەر بلەرزێن
دەسا ھەستن ئەی بێبەشان
بۆ مافی یەکسان شان بەشان
ئەی ژنانی دایکی زەوین
ئەی ژنانی ڕەنج و کەوین
ئەی ژنانی زام و ئەوین
ئەستێرەمان لەئێوە زا
گەردنتانا شەو چرا
مێژووی ئێوە جیھانی بوو
زامی ئێوە بارانی بوو
دژی ئێوە نەزانی بوو
دەسا ھەستن ئەی بێبەشان
بۆ مافی یەکسان شان بەشان
باڵاتان باڵای وڵاتە
سنگتان کەلی ڕۆژ ھەڵاتە
بوونات ڕۆژی پڕ لەھاتە
ئەستێرەمان لەئێوەزا
گەردنتانەشەو چرا
شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم
هەر بۆ ئێوەیە ئاخ و داخەکەم
هەر بۆ ئێوە لێو بەباری خەمم
بولبولی بەستەو گریەو ماتەم
هەر وەک پایز ڕەنگ زەردی ئێوەم
داخی دەرون پڕ لە دەردی ئێوەم
خەمی ئێوەیە خەوو خۆراکم
شەوی تاریکە ڕۆژی ڕووناکم
بەرد ئەسوتێنێ گەرمی هەناسەم
بەسۆزی دڵ و ئاگری تاسەم
هاوار و ناڵەی مات و بێدەنگم
خورپەو لێدانی دڵەکەی تەنگم
شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم
شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم
هەر بۆ ئێوەیە ئاخ و داخەکەم
لەو ڕۆژەی دوورم لە ئێوە
هەر خۆم ئەزانم دڵ چەند پەشێوە
هەر خۆم ئەزانم کام بلێسەی خەم
لە دارو نەوا بەربۆتە جەستەم
هەر خۆم ئەزانم دەردی دڵی خۆم
توخوا با هەر خۆم بۆ خۆم خەم بخۆم
هەر خۆم ئەزانم چەند بەسەرسامی
گرتوومە مڵی خرەی بێ ئارامی
دەست لەناو دەستی دڵەی ڕەنجەڕۆم
بەڕێ دڕکاوی ماینەتا ئەڕۆم
شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم
شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم
هەر بۆ ئێوەیە ئاخ و داخەکەم
دەستە به دەستە باخەوانەکان
ئەگەڕێنەوە بەرەو باخەکان
مژدەبێ مژده دێمەوە لاتان
ئەکەم بژاری باخچەی هیواتان
شاد ئەبینەوە ئەمڕۆ یان سبەی
ئاوات خۆزگە خەو ئەبێ بە ئۆخەی
ئەژین ژیانێ هەمووی ئۆخەی بێ
هەرچی پێ بڵێی خەفەت ئەو نەیبێ
پەپوولەکانم پەپوولەی ئازیز
وا بەسەر ئەچێ ماتەمی پایز
شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم
ئەم سرودە، ھۆنراوەی شێرکۆ بێکەسە، مەرزیە فەریقی بە بۆنەی ٨ی ئازار لە میدیا تی ڤی بڵاوی کردەوە. ژنە ھۆنەرمەندی کورد مەرزیە فەریقی جیا، لە کاری ھونەری وەکوو ژنێک لە کۆڕ و کۆبونەوەکانی ژنان لە دەرەوەی وڵات لە بەرامبەر مەسەلەی مافی ژن چالاکانە بەشداری کردووە. مەرزیە لە دەرەوەی وڵات ئەندامی کۆمەڵەی مافی پاراستنی منداڵان لە سوید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و ھەروەھا ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی بووە.
مەرزیە بەر لەوەی کە ببێ بەھاوسەری ناسر، لە سەردەمی شادا، لە سنە لەگەڵ فەرھەنگ و ھونەری ئەو شارە گۆرانی گوتووە، بەڵام لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا کە تێکۆشانی ھونەری بۆ ژن قەدەغە بووە، وازی لە کاری ھونەری ھێناوە، بەڵام وەک باس کرا، لە سەردەمی شاخ کاری ھونەری دەس پێ کردووەتەوە. بەداخەوە لە شاخ لەبەر نەبوونی و بێ دەرەتانی ھونەری و پێشمەرگایەتی و چەندین ھۆکاری دیکە، ناچار لەگەڵ ناسر و منداڵەکانی وازیان لە پێشمەرگایەتی ھێناوە و ساڵی ١٩٨٥ چوونەتە وڵاتی سوید و وەکوو پەنابەر ماونەتەوە. مەرزیە لە سوید بووە بە خاوەن کوڕێکی دیکە بەناوی کاردۆ.
سەرەتا مەرزیە لەگەڵ ناسر لە سوید و ئەورووپا، کاری ھونەری دەست پێ کردووەتەوە بەڵام لەبەر ئەوەی کە کاردۆی کوڕی منداڵ بووە، بۆ ماوەیەک لە کاری ھونەری دابڕاوە.
ناوی ئەو شاعیرانەی لەم ئەلبومەدا ھۆنراوەکانیان کراوە بە گۆرانی بریتین لە:
(گۆران، ھێمن، مەولەوی، ڕێبوار پشکۆ و چەند ھۆنراوەیەکی فۆلکلۆر)
ناوی ئاوازدانەرەکانی نێو ئەم ئەلبومە بریتین لە:
(بورھان موفتیزادە، مەرزیە فەریقی، ناسڕ ڕەزازی و چەند ئاوازێکی فۆلکلۆر)
ناوی ئەو شاعیرانەی لەم ئەلبومەدا ھۆنراوەکانیان کراوە بە گۆرانی بریتین لە:
(عەبدوڵڵا پەشێو، ئەحمەد ھەردی، ناسر ئاغابرا، کاکەی فەلاح، ھێمن و شێرکۆ بێکەس)
ناوی ئاوازدانەرەکانی نێو ئەم ئەلبومە بریتین لە:
(بورھان موفتی زادە، مەرزیە فەریقی و ناسڕ ڕەزازی)
ناسر ڕەزازی وەکوو ھاوسەری مەرزیە لە بواری کاری ھۆنەریی گۆرانیگوتندا، زۆر یارمەتی مەرزیەی داوە. کاریگەرییەکانی ناسر لەسەر مەرزیە بۆ وێنە گوتنی گۆرانی بە چوار زاراوە واتە: ھەورامی، کورمانجی، کوردیی باشووری و سۆرانییە و یەکەم گۆرانیبێژی ژن لە کوردستان مەرزیەی فەریقییە کە توانیوەتی بەم چوار زاراوە گۆرانی بڵێ.
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.