فیلمێکی ھونەری جەنگیی ڕۆمانسیی و درامیی ١٩٨٤ From Wikipedia, the free encyclopedia
مناڵی کاراتێ (بە ئینگلیزی: The Karate Kid) فیلمێکی ھونەری جەنگی و درامای ئەمریکیی ساڵی ١٩٨٤ە لە نووسینی ڕۆبێرت مارک کەیمن و دەرھێنانی جۆن جی. ئاڤیڵدسن. یەکەم بەشی زنجیرە فیلمی مناڵی کاراتێیە، و لە نواندنی ڕاڵف ماچیۆ، پات مۆریتا، و ئێلیسابێت شووە.[4][5] چیرۆکی مناڵی کاراتێ بریتییە لە دانیەڵ لاروسۆ (ماچیۆ)، کە ھەرزەکارێکە و فێری کاراتێی گۆجو-ریو[ژێدەر پێویستە] دەبێت لەلایەن بەڕێز میاگی (مۆریتا) تا پارێزگاری لە خۆی بکات و ڕووبەڕووی ملھوڕیکەرەکانی ببێتەوە لە پێشبڕکێیەکدا، و یەکێکیان خۆشەویستی پێشووی ئالی میڵس (شوو)، خۆشەویستی ئێستای لاروسۆیە.
مناڵی کاراتێ | |
---|---|
دەرھێنەر | جۆن جی. ئاڤیڵدسن |
بەرھەمھێنەر | جێری وێنترۆب |
نووسەر | ڕۆبێرت مارک کەیمن |
ئەکتەران |
|
مۆسیقا | بیڵ کۆنتی |
وێنەگری سینەمایی | جەیمس کرەیب |
مۆنتاژ |
|
کۆمپانیای بەرھەمھێنەر | Delphi II Productions Jerry Weintraub Productions |
بڵاوکردنەوە | کۆلومبیا پیکچەرز |
دەرچوون |
|
ماوەی فیلم | ١٢٧ خولەک[1] |
وڵات | ویلایەتە یەکگرتووەکان |
زمان | ئینگلیزی |
تێچوون | ٨ ملیۆن دۆلار[2] |
داھات | ١٠٠ ملیۆن دۆلار (ویلایەتە یەکگرتووەکان/کەنەدا)[3] |
کۆلومبیا پیکچەرز داوای لە کەیمن کرد تا فیلمێکی ھاوشێوەی فیلمی سەرکەوتووی ڕۆکی (١٩٧٦)، کە ھەمان دەرھێنەر کردبووی، بنووسێت. کەیمن سوودی لە ژیانی خۆی وەرگرت بۆ نووسینی فیلمەکە.[6] لە ئەنجامدا، بڕیاری بەھێزی دەھێشتەوە لە ھەڵبژاردنی ئەکتەرەکاندا، و زۆر سوور بوو لەسەر بەشداریی مۆریتا.[7] ئامادەکاری بۆ فیلمەکە یەکسەر دوای کۆتا دەستکاریی سیناریۆکە دەستیپێکرد، و ھەڵبژاردنی ئەکتەرەکان لەنێوان نیسان تا حوزیرانی ١٩٨٣دا بوو. وێنەگرتنی سەرەکی لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٣ لە لۆس ئانجلەس دەستیپێکرد، و تا ١٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٣ وێنەگرتن تەواوببوو.
مناڵی کاراتێ لە ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٨٤دا لە سینەماکانی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بڵاوکرایەوە. فیلمەکە ستایشێکی جیھانی لەلایەن ڕەخنەگرانەوە لێکرا، کە زۆربەیان ستایشی دیمەنە ئەکشنەکان، نووسین، چیرۆک، نمایشی نواندن، و مۆسیقاکەیان کرخبوو. فیلمەکە ھەروەھا لە ڕووی بازاڕکردنیشەوە سەرکەوتووبوو، بە کۆکردنەوە ١٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەنەدادا،[3] و بووە یەکێک لە پڕداھاتترین فیلمی ١٩٨٤ و گەورەترین سلیپەر ھیتی ھۆڵیوودی ئەو ساڵە.[3]
فیلمەکە دیاریشە بەوەی کە ژیانی پیشەگەریی ماچیۆی گۆڕی، و پیشەی نواندنی مۆریتای باشتر کرد، کە پێشتر بەزۆری بە ڕۆڵە کۆمیدییەکانھ ناسرابوو، و بەھۆیەوە مۆریتا پاڵێورا بۆ خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەری پاڵپشت.[8] مناڵی کاراتێ دواتر زنجیرەیەکی میدیایی دروستکرد، و فیلمەکە ناسراویشە بۆ بەناوبانگکردنی کاراتێ لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.[9][10]
لە ١٩٨٤دا، دانیەڵ لاروسۆی تەمەن ١٧ ساڵ و لوسیڵی دایکی لە نیوارک، نیو جێرسییەوە دەچنە ڕێسیدا، لۆس ئانجلەس، کالیفۆرنیا. پیاوی چاککەرەوەی ئەپارتمانەکە پەنابەرێکی ئۆکیناواییی نائاسایی، بەڵام میھرەبان و لەسەرخۆیە.
دانیەڵ دەبێتە ھاوڕێی ئالی میڵس، کە سەرنجی جۆنی لۆرێنس، خۆشەویستی پێشووی ئالی، بۆلای خۆی ڕادەکێشێت، کە خاوەن پشتێنی ڕەش و باشترین قوتابیی دۆجۆی «کۆبرا کای»یە، کە لەوێدا شێوازێکی سەیری کاراتی فێردەبێت. جۆنی و دەستەی کۆبرا کای بە بەردەوامی دانیەڵ مووبەدەکەن. لە ھاڵۆویندا، دوای ئەوەی دانیەڵ ئاو دەڕژێت بەسەر جۆنیدا، ئەو و دەستەکەی دوای دانیەڵ دەکەون و لێی دەدەن، تا بەڕێز میاگی دێت و بەتەنھا ھەموویان دەبەزێنێت. دانیەڵ بە سەرسوڕماوییەوە داوا لە بەڕێز میاگی دەکات تا فێری کاراتیی بکات. میاگی ڕەتیدەکاتەوە بەڵام بەڵێنی پێدەدات کە لەگەڵیدا بڕواتە دۆجۆی کۆبرا کای بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. سێنسێی جۆن کریس، بەئەزموونێکی پێشووی ھێزە تایبەتەکان لە ڤیێتنام، دەبینن کە ئاشتبوونەوەیەکەیان ڕەتدەکاتەوە. دواتر میاگی بڕیاردەدات تا دانیەڵ بڕواتە پاڵەوانێتی کاراتێی ئۆڵ ڤاڵی، و لەوێدا ڕووبەڕووی جۆنی و قوتابییەکانی تری کۆبرا کای ببێتەوە بە یەکسانی، و داوا دەکات کە مووبەکردنەکان بوەستێنن تا دانیەڵ مەشقدەکات. کریس مەرجەکان قبووڵدەکات بەڵام ئاگاداریان دەکاتەوە گەر لە پێشبڕکێکەدا ئامادە نەبن، ئەوا ئازاردانەکە بەردەوام دەبێت بۆ ھەردوو دانیەڵ و میاگی.
مەشقەکەی دانیەڵ بە کردنی کارەکانی ماڵەوەی میاگی دەست پێدەکات کە دانیەڵ پێی وایە تەنھا دەیکات بە کارەکەری میاگی. کاتێک بێزار دەبێت، میاگی پیشانیدەدات کە کردنی کارەکان وای لێکردووە فێری خۆپارێزی ببێت لەڕێی یادەوەریی ماسولکەوە. ھاوڕێیەتییەکەیان گەشە دەسەنێت، و میاگی مردنی ھەردوو ھاوسەر و کوڕەکەی لە لەدایکبووندا لە کەمپی دەستبەسەرداگرتنی مانزاناردا بۆ دانیەڵ ئاشکرا دەکات و لەو کاتەدا میاگی خۆی لە ٤٤٢ەم بڕیارگای سوپای پیادە لە جەنگی جیھانیی دووەمدا شەڕی کردووە لە ئەورووپا، و مەدالیای شەرەفی وەرگرتووە. لە ڕێی وانەکانی بەڕێز میاگییەوە، دانیەڵ تەنھا کاراتێ فێرنابێت، بەڵکو وانە گرنگەکانی ژیانی وەک گرنگیی ھاوسەنگیی کەسی فێردەبێت، و دەیخاتە سەر ئەو باوەڕەی کە مەشقکردنی ھونەرە جەنگییەکان زیاتر دەربارەی مەشقکردنی ڕۆحە نەک جەستە. دانیەڵ ئەو وانەی ژیانانەی لەلایەن میاگییەوە فێرکراوە بەکاردێنێت بۆ بەھێزکردنەوەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئالیدا. لە ١٨ەم یادی لەدایکبوونی دانیەڵدا، میاگی گییەکی کاراتێی بۆ پێشبڕکێکە و یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی بە دیاری پێدەدات.
لە پێشبڕکێکەدا، دانیەڵ دەگاتە نیوە فیناڵ. جۆنی دەڕواتە فیناڵەوە، بە سێ خاڵی وەڵامنەدراوە دژی داریڵ ڤیداڵ. کریس ڕێنمایی بۆبی براون، کە دووەم باشترین قوتابییەتی و لە ھەموویان کەمتر ڕقی لە دانیەڵە، دەکات تا قاچی دانیەڵ لە کاربخات بە لێدانێکی نایاسایی بۆ ئەژنۆی. بۆبی بە ناچاری دەیکات، و زۆر بە خراپی دانیەڵ زامدار دەکات و خۆشی دەردەکرێت. دانیەڵ دەبرێتە ژوورەوە، و پزیشکەکە دەڵێت کە چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت. ھەرچۆنێک بێت، دانیەڵ پێی وایە گەر وازبێنێت، مووبەکەرەکانی زیاتر مووبەی دەکەن. داوا لە میاگی دەکات کە تەکنیکێکی ئازار نەھێشتن بەکاربێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت. کاتێک خەریکە جۆنی دەیباتەوە بەھۆی نەھاتنی دانیەڵەوە، دانیەڵ دەگەڕێتەوە بۆ شەڕکردن. لە یارییەکەدا، ھیچیان ناتوانن خاڵێک تۆمار بکەن.
یارییەکە دەوەستێنرێت کە دانیەڵ تەکنیکێکی مقەستیی قاچ بەکاردێنێت بۆ بەدەمدا خستنی جۆنی، و دانەیەک لە سەری دەدات و لووتی جۆنی دەپژێنێت. کریس بە جۆنی دەڵێت کە بە قاچە زامدارەکەی دانیەڵدا بکێشێت – کە جووڵەیەکی نایاسایییە. جۆنی لە داواکە دەترسێت بەڵام بە ناچاری قبووڵی دەکات. کاتێک یارییەکە دەگەڕێتەوە و خاڵەکانیان ٢–٢ی یەکسانن، جۆنی قاچی دانیەڵ دەگرێت و ئانیشکی پێدادەدات، کە قاچی دانیەڵ خراپتر دەکات. دانیەڵ، کە بە زەحمەت دەتوانێت بوەستێت، دانیەڵ لە شێوەی «قوڵنگ»دا دەوەستێت، کە بەڕێز میاگی لە کەنار دەریاکە دەیکرد. جۆنی ڕادەکات بەرەو دانیەڵ، و دانیەڵ بازدەدات و شەقێکی لە ڕوخساری جۆنی دەدات، و خاڵی بردنەوە تۆماردەکات. جۆنی، کە ڕێزێکی نوێی بۆ پەیدابووە بەرامبەر دوژمنەکەی، خۆی خەڵاتەکە دەداتە دانیەڵ، و خەڵکێکی زۆر دانیەڵ بەرزدەکەنەوە.
مناڵی کاراتێ چیرۆکێکی نیوە ژیاننامەیییە کە لە ژیانی سیناریۆنووسەکە، ڕۆبێرت مارک کەیمنەوە، سەرچاوەی گرتووە. لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا، دوای فێستیڤاڵی جیھانیی نیویۆرکی ١٩٦٤، کەیمن لەلایەن کۆمەڵەیەکی ملھوڕیکەرەوە لێیدرا. ئەو دواتر دەستیکرد بە مەشقی ھونەرە جەنگییەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆی.[6] کەیمن دڵخۆش نەبوو بە یەکەم مامۆستای کە ھونەرە جەنگییەکانی وەک کەرەستەیەکی توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە فێردەکرد. لەبەرئەوە وازی لێھێنا و خۆی فێری کاراتێی گۆجو-ریوی ئۆکیناوایی کرد لەژێر دەستی مامۆستایەکی ژاپۆنی کە زمانی ئینگلیزی نەدەزانی، و قوتابیی چۆجون میاگی بوو.[6]
وەک سیناریۆنووسێکی ھۆڵیوود، کەیمن ھەواڵی پێدرا لەلایەن فرانک پرایسەوە کە پێی وتبوو بەرھەمھێنەر جێری وێنترۆب وتارێکی ھەواڵی بەدڵ ببوو دەربارەی منداڵێکی گەنجی دایکێکی سەڵت کە پشتێنی ڕەشی بردبۆوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی دژی ملھوڕیکەرە دراوسێکانی. کەیمن دواتر چیرۆکی ژیانی خۆی لەگەڵ وتارە ھەواڵییەکەدا تێکەڵ کرد و ھەردووکیانی بەکارھێبا بۆ دروستکردنی سیناریۆیەک بۆ مناڵی کاراتێ.[6] دواتر، لەگەڵ تێوەگلانی جۆن جی. ئاڤیڵدسن لە ھەردوو فیلمەکەدا سیلڤستەر ستالۆنە زۆر جار گاڵتەی لەگەڵ کەیمندا دەکرد کە نووسەرەکە فیلمەکانی ڕۆکیی لەگەڵ مناڵی کاراتێدا «دزیوە».[6]
کۆمیکەکانی دی سی کەسایەتییەکی نەخێشنراوی ھەبوو بە ناوی مناڵی کاراتێ. فیلمسازەکان ڕەزامەندیی تایبەتیان وەرگرت لەلایەن کۆمیکەکانی دی سییەوە لە ١٩٨٤ بۆ بەکارھێنانی ناونیشانەکە بۆ فیلمی یەکەم (و بەشەکانی پاشکۆی).[11]
ژمارەیەک ئەکتەر دانرابوون بۆ ڕۆڵی دانیەڵ، لەوانە شۆن پێن،[11] ڕۆبێرت داونی جوونیەر، چارلی شین، ئێمیلیۆ ئێستێڤەز، نیکۆلاس کەیج، ئانتۆنی ئێدواردس، سی تۆماس ھاوڵ، تۆم کرووز، و ئێریک ستۆلتز.[6] ڕاڵف ماچیۆ بە سووری ھەڵبژێردرا بەھۆی بەھێزیی نواندنەکەی لە ڕۆڵی جۆنی کەید لە The Outsidersدا (١٩٨٣).[6] ماچیۆ ئاماژەی داوە کە نواندنەکەی لە ڕۆڵی جۆنی کەید بووەتە ھۆی گەشەپێدانی دانیەڵ لاروسۆ لە مناڵی کاراتێدا.[12][13]
ماچیۆ دواتر لێدوا. ی دا کە، «کەسایەتییەکە یەکەم جار ناوی دانی وێبەر بوو. بەڵام ھەر کە چوومە ژوورەکەوە، ناوەکە گۆڕا بۆ لاروسۆ.»[6]
ستودیۆکە سەرەتا ویستیان ڕۆڵی بەڕێز میاگی لەلایەن تۆشیرۆ میفونێوە بگێڕدرێت، کە لە فیلمەکانی Rashomon (١٩٥٠)، Seven Samurai (١٩٥٤)، و The Hidden Fortress (١٩٥٨) دەرکەوتبوو، بەڵام زمانی ئینگلیزی نەدەزانی.[6] دواتر پات مۆریتا تاقیکرایەوە بۆ ڕۆڵەکە، بەڵام ڕەتکرایەوە بۆ ڕۆڵەکە بەھۆی تێوەگلانی نزیکی لە ستاندئەپ کۆمیدیدا، و ڕۆڵگێڕانی کەسایەتیی ئارنۆڵد لە Happy Daysدا.[6] دوای چەند ھەوڵێکی شکستخواردوو، مۆریتا ڕیشێکی دانا و شێوەزاری مامی ھەڵگرتەوە، کە وای لێکرد ھەڵبژێردرێت بۆ ڕۆڵەکە.[14]
کریسپین گلۆڤەر دانرابوو بۆ ڕۆڵی جۆنی، بەڵام ستودیۆکە دواتر ویلیام زابکایان بە ئەگەرێکی زۆرەوە ھەڵبژارد. دوای تاقیکردنەوەکەی، زابکا چاوی بە ماچیۆ کەوت، کە ماچیۆ وتوویەتی «[زابکا] ڕۆحی بردبووم» لە تاقیکردنەوەکەی لە ستودیۆکەدا.[6] کە ھەڵبژێردرا، زابکا زۆرانباز بوو و ھیچ مەشقێکی پێشووی لە کاراتێدا نەبوو.[11][15]
دێمی مووریش دانرابوو بۆ ڕۆڵی ئالی، بەڵام ئێلیسابێت شوو ھەڵبژێردرا بەزۆری بەھۆی ڕێکلامێکی بەرگەر کینگ کە زۆر بەناوبانگ ببوو لە سەرەتای ١٩٨٠کاندا. فیلمەکە یەکەم ڕۆڵگێڕانی زابکا و شووە.[6] دواتر لە بەرھەمھێناندا، ڤالێری ھارپەر دانرابوو بۆ ڕۆڵی لوسیڵ، بەڵام ستودیۆکە دواتر ڕاندی ھێڵەریان ھەڵبژارد بۆ ڕۆڵەکە.[6]
وێنەگرتن لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٣دا دەستیپێکرد،[16] و لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٣دا تەواوبوو.[17]
کۆریۆگرافەری شەڕی فیلمەکە بۆ دیمەنی شەڕەکان پات ئی. جۆنسن بوو، خاوەن پشتێنێکی ڕەشی کاراتێی تانگ سوو دۆیە کە پێشتر لە فیلمی ھونەرە جەنگییەکانی ئەمریکی-ھۆنگ کۆنگی Enter the Dragon (١٩٧٣)ی برووس لیدا بووە و کاری لەگەڵ چاک نۆریس لە قوتابخانە ھونەرە جەنگییەکانی تانگ سوو دۆی ئەمریکادا کردووە. ھەروەھا جۆنسن لە مناڵی کاراتێدا لە ڕۆڵی ناوبژیوانەکەدا دەردەکەوێت. ستەنت دەبڵرکەی پات مۆریتا بۆ بەڕێز میاگیش، کە فومیۆ دێمورایە، خاوەن پشتێنی ڕەشی کاراتێیە کە پێشتر کاری لەگەڵ برووس لیدا کردووە، و فێری چەبد تەکنیکێکی نەنچیکووی کردووە.[18]
سکۆری مۆسیقایی مناڵی کاراتێ لەلایەن بیڵ کۆنتییەوە دانرا، کە ھاوبەشێکی جۆن جی. ئاڤیڵدسن بوو لە فیلمی ڕۆکی (١٩٧٦)ەوە. سکۆرە ئامێرییەکە لەلایەن جۆن ئێسکیوەوە ئۆرکێسترا کرا و سۆلۆی پان فلوتی لەلایەن گۆرگێ زامفیرەوە تێدابوو. لە ١٢ی ئازاری ٢٠٠٧دا، ڤارێس ساراباند ھەموو چوار سکۆرەکەی مناڵی کاراتێی لە بۆکسێکی ٤ سی دیی بەربەستکراو بۆ ٢٬٥٠٠ کۆپی لە جیھاندا بڵاوکردەوە.[19]
ئەلبومێکی ساوندتراک لە ١٩٨٤دا لەلایەن کازابلانکا ڕیکۆردسەوە بڵاوکرایەوە کە زۆربەی گۆرانییەکانی ناو فیلمەکەی تێدابوو. یەکێک لەوانە «You're the Best»ی جۆو ئێسپۆسیتۆیە، کە لە ڕاستیدا بۆ فیلمی ڕۆکی ٣ (١٩٨٢) نووسرابوو، بەڵام سیلڤستەر ستالۆنە ڕەتیکردەوە بۆ «Eye of the Tiger»ی سوورڤایڤەر.[11] بە ڕێکەوت، سوورڤایڤەر گۆرانیی سەرەکیی («The Moment of Truth» مۆسیقا و تێکست: بیڵ کۆنتی، دێنیس لامبێرت، پیتەر بێکێت) مناڵی کاراتێی وتووە.
گۆرانیی بەناوبانگی «Cruel Summer»ی ١٩٨٤ی بەناناراماش یەکەم دەرکەوتنی لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا لە مناڵی کاراتێدا بوو بەڵام لە ئەلبومی ساوندتراکی فیلمەکەدا نەبوو. ئەو گۆرانیانەی تر کە لە فیلمەکەدا بوون و لە ئەلبومەکەدا نەبوون بریتین لە «Please Answer Me» لە وتنی برۆکن ئێج و «The Ride» لە وتنی دە ماچز.
پێڕستی تراکەکانی ساوندتراکی ١٩٨٤
فیلمەکە لە ڕووی بازاڕکردنەوە سەرکەوتووبوو. توانی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەنەدادا کۆبکاتەوە، و بووە یەکێک لە پڕداھاتترین فیلمەکانی ١٩٨٤ و گەورەترین سلیپەر ھیتی ھۆڵیوودی ئەو ساڵ.[3] لە شانشینی یەکگرتوو، فیلمەکە یەکەمی بۆکس ئۆفیس بوو بۆ دوو ھەفتە و ٢٬٩٦٠٬٩٣٩ پاوەنی کۆکردەوە[20] (٣٬٩٤٧٬٩١٩ دۆلاری ئەمریکی),[21] کە بە گشتی ١٠٣٬٩٤٧٬٩١٩ دۆلاری ئەمریکی داھاتی کردبوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، کەنەدا، و شانشینی یەکگرتوو.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەنەدادا، فیلمەکە نزیکەیی ٢٧٬٠٧٢٬٠٠٠ بلیتی فرۆشت.[22] ھەروەھا فیلمەکە ١٫٩ ملیۆن بلیت لە ئیسپانیا،[23] ١٬٨٨٨٬٨٤٥ بلیت لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا،[24] و ١٣٧٬٢١٧ بلیتی لە سێئولی پایتەختی کۆریای باشوور فرۆشت،[25] کە دەکاتە ٣٠٬٩٩٨٬٠٦٢ بلیتی فرۆشراو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، کەنەدا، ئیسپانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و سێئول.
لە وێبگەی ڕاتن تۆمەیتۆز، فیلمەکە ھەڵسەنگاندنی پەسەندکراوی %٨٨ی ھەیە لەسەر ٤٣ پێداچوونەوە، لەگەڵ ھەڵسەنگاندنی گشتیی ٦٫٨٣/١٠. کورتەی ڕەخنەگرانی وێبگەکە دەڵێت، «تەواو پێشبینیکراو و تەواوی سەردەمی خۆی، بەڵام گەرم، خۆشەویست، و قورسە بۆ پاشگەزبوونەوە لێی، بەشێکی زۆری بەھۆی پەیوەندییە ھێمنەکەی مۆریتا و ماچیۆ.»[26] لە مێتاکریتیک، فیلمەکە خاڵی گشتیی ٦٠ی لە ١٠٠ کۆکردووەتەوە، لەسەر بیروڕای ١٥ ڕەخنەگر، کە دەکاتە «پێداچوونەوەی تێکەڵ یان گشتی».[27]
لە بڵاوبوونەوەیدا، ڕۆجەر ئیبەرت فیلمەکەی بە باشترینی ساڵ ناوبرد، چوار لە چوار ئەستێرەی دایێ، و بە «چیرۆکێکی بە جۆش، لەسەرخۆ، دڵگەرم لەگەڵ یەکێک لە جوانترین ھاوڕێیەتییەکان لە کاتێکی زووەوە.»[28] جانێت ماسلینی نیویۆرک تایمزیش پێداچوونەوەیەکی ئەرێنی دایێ.[29] مناڵی کاراتێ پلەی #٣١ی ھەبوو لە پێڕستی ٥٠ باشترین فیلمەکانی قوتابخانەی دواناوەندیی ئینتەرتەینمێنت ویکڵیدا.[30]
لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڕیمەیکەکەی ٢٠١٠دا، دانا ستیڤنس نووسی: «فیلمە ڕەسەنەکەی ١٩٨٤ … لەوانەیە وەک فیلمێکی گەشەپێدانی وەرزشیی ستانداردی ئەو سەردەمە دیار بووبێت، بەڵام (لەگەڵ تەقینەوەیەکی بۆکس ئۆفیسی ھەمان ساڵ، The Terminator)، نەوەیەکی سڕانەوە دەریدەخات کە چ فیلمێکی جوان داڕێژراو بووە لە ڕاستیدا. ئەمڕۆ سەیرم کردەوە، مناڵی کاراتێیە ڕەسەنەکە، لە دەرھێنانی جۆن جی. ئاڤیڵدسنی ڕۆکی، زیرەک و نوێ دیارە، بە دەوڵەمەندیی وردەکاریی بچووکی کەسایەتی و بەشێکی ناوەندی بێ پەلە کە ڕێزە گەشەکەرەکەی کوڕەکە بۆ مامۆستاکەی پیشاندەدات.»[31]
ساڵ | خەڵات | پۆل | پاڵێوراو | ئەنجام |
---|---|---|---|---|
١٩٨٥ | خەڵاتەکانی ئۆسکار[32] | باشترین ئەکتەر لە ڕۆڵی پاڵپشت | پات مۆریتا | پاڵێوراو |
گۆڵدن گڵۆب[33] | باشترین نواندن لەلایەن ئەکتەرێک لە ڕۆڵی پاڵپشت لە وێنەی جووڵاو | پات مۆریتا | پاڵێوراو | |
خەڵاتەکانی ھونەرمەندە لاوەکان[34] | باشترین وێنەی جووڵاوی خێزانی - دراما | مناڵی کاراتێ | براوە | |
باشترین خانمەکتەری پاڵپشت لە وێنەی جووڵاوی موزیکاڵ، کۆمێدی، سەرکێشی یان دراما | ئێلیسابێت شوو | براوە | ||
باشترین ئەکتەری پاڵپشتی لاو لە وێنەی جووڵاوی موزیکاڵ، کۆمێدی، سەرکێشی یان دراما | ویلیام زابکا | پاڵێوراو |
فیلمەکە زنجیرەیەکی کاڵا و کۆکراوەی پەیوەندیداری دروستکرد وەک ئاکشن فیگەر، سەربەند، پۆستەر، تی شێرت، و کایەیەکی ڤیدیۆیی. ڕۆمانێک، کە لە فیلمەکەوە وەرگیرابوو، لەلایەن بی بی ھیڵەرەوە دروستکرا و لە ١٩٨٤دا بڵاوکرایەوە. ڕۆمانەکە دیمەنێکی تێدایە کە لە مەشقکردنەکەدا بوو کە دانیەڵ تووشی جۆنی دەبێت لە ژەمی نیوەڕۆی قوتابخانە. ھەروەھا لە کۆتاییدا، شەڕێک لە نێوان میاگی و کریس ڕوودەدات لە گەراجەکەدا دوای پێشبڕکێکە، کە بە کۆتاییی فیلمەکە دانرا بەڵام دواتر خرایە سەرەتای مناڵی کاراتێ بەشی دووەوە.
لە ٢٠١٥دا، کۆمپانیای یاریی فەنکۆ ئاکشن فیگەرەکەکانی مناڵی کاراتێی ھێنایەوە. دوو جۆری کەسایەتیی دانیەڵ لاروسۆ، جۆرێکی کەسایەتیی جۆنی لۆرێنس و جۆرێکی بەڕێز میاگی بەشێکی زنجیرەکە بوون. یارییەکان لە تارگێت و Amazon.comدا فرۆشران.[35]
زنجیرە فیلمەکە بووەتە ھۆی بەناوبانگبوونی کاراتێ لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.[36][37]
موزیک ڤیدیۆی ٢٠٠٧ی گۆرانیی «Sweep the Leg» لەلایەن نەو مۆر کینگس لە نواندنی سەرەکیی ویلیام زابکا (کە ڤیدیۆکەشی دەرھێناوە) لە ڕۆڵی کاریکاتێرێکی خۆی و چەند ئاماژەدانێکی بە مناڵی کاراتێ تێدایە، وەکو دەرکەوتنی کامیۆی ئەستێرە ھاوبەشەکانی زابکا لە مناڵی کاراتێدا.[38][39]
ماچیۆ و زابکا وەک میوان دەرکەوتن لە ڕۆڵی خۆیان لە ئەڵقەی «The Bro Mitzvah»ی چۆن دایکتانم بینیدا. لە ئەڵقەکەدا، ماچیۆ بانگھێشت کراوە بۆ ئاھەنگی بەکەلۆری باەنی ستینسن، کە بارنی پێی وایە جۆنی پاڵەوانی سەرەکیی مناڵی کاراتێ بووە و ڕقی لە ماچیۆیە. لە کۆتایی ئەڵقەکەدا، گاڵتەجاڕێکی ئاھەنگەکە میکیاجەکەی دەسڕێت و دەردەکەوێت کە زابکایە.[40]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.