ململانێی دوو بەرەی جەنگی لە ٢٠٢٣‒٢٤ From Wikipedia, the free encyclopedia
قەیرانی دەریای سوور[1][2] کە بە شەڕی بریکاریی ئەمریکا و ئێران یان شەڕی ساردی ئەمریکا و ئێران[3] ناودەبرێت، شەڕێکی سەربازیی بەردەوامە کە لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە دەستی پێکردووە، کاتێک جوڵانەوەی حووسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لە یەمەن، ھێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانییان کردە سەر خاکی ئیسرائیل. جووڵانەوەی حووسییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە دژی حکوومەتی یەمەن چالاکی دەکەن، بەشێکی بەرچاو لە خاکە کەناراوەکانی وڵاتەکەیان بەدرێژایی دەریای سوور کۆنترۆڵ کردووە، و ئەمەیان وەک خاڵێکی دەستبەسەرداگرتنی دوژمنکارانەی کەشتییە بارھەڵگرە مەدەنییەکان بەکارھێناوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا جووڵانەوەیەکیی دانپێدانراوە. حووسییەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ھەر کەشتییەکی پەیوەست بە ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج لە ناوچەکەدا،[4][5][6] ھەرچەندە چەندین کەشتییان کردووەتە ئامانج کە پەیوەندیی ئەوتۆیان بە ئیسرائیلەوە نییە.[7]
قەیرانی دەریای سوور | |||||||
---|---|---|---|---|---|---|---|
نەخشەی ناوچە بەئامانج گیراوەکانی ھاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا دژی حووسییەکان لە یەمەن | |||||||
| |||||||
شەڕکەرەکان | |||||||
ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەمەن | ئیسرائیل بەرگریکاران: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەریتانیا ئوسترالیا بەحرەین کەنەدا سریلانکا سینگاپوور یۆنان ئەڵمانیا دانیمارک ھۆڵەندا نەرویژ نیوزیلاند سیشێل پشتیوانان: یەکێتیی ئەورووپا | ||||||
سەرکردەکان | |||||||
عەبدول مەلیک حووسی محەممەد ئەلعەتفی مەھدی ئەلمەشات عەبدولعەزیز بن حەبتور |
بێنیامین نێتانیاھو ئایزک ھێرزۆگ یۆواف گالانت بێنی گانتس جۆ بایدن لۆید ئۆستن ڕیشی سووناک | ||||||
زیانەکان | |||||||
٣٢ کوژراو ٨ بریندار وێران بوونی زیاتر لە ٦٠ ئامانج |
تێکشکانی ٢ Navy SEALs تێکشکانی ٢ MQ-9 Reaper |
دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، حووسییەکان وەک ھاوپەیمانی حەماس و بە پاڵپشتیی ئێران، چەندین ھێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی و مووشەکی بۆ سەر خاکی ئیسرائیل و کەشتییە مەدەنییە ئیسرائیلییەکان ئەنجام دا، زۆرێک لە ھێرشە مووشەکییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان شکستیان پێ ھێندرا؛ ھەندێکی تریان ئامانجەکانیان نەپێکا یان لەلایەن ھێزی دەریایی ئەمریکا و ھێزی دەریایی فەرەنساوە تێکشکێنران.[8][9]
چەکدارە حووسییەکان تەقەیان لە کەشتییە بازرگانییەکانی وڵاتانی جیاواز کردووە لە دەریای سوور و بەتایبەتی لە گەرووی بابوولمەندەب، کە خاڵێکی سەرەکی ئابووری جیھانە، چونکە دەروازەی باشووریی دەریای سوورە بۆ نۆکەندی سوێزی وڵاتی میسر. بۆ دوورکەوتنەوە لە ھێرشی حووسییەکان، سەدان کەشتی بازرگانی ڕێڕەوەکانیان گۆڕی، و بەناچاری بە دەوری کیشوەری ئەفریقا دەسوڕانەوە، بۆ ئەوەی بگەنە جێی مەبەست؛ چالاکییە چەکدارییەکانی حووسییەکان لە دەریای سوور، وەڵامی سەربازیی ژمارەیەک وڵاتی لێکەوتەوە، ئەمریکا و بەریتانیا، ئۆپەراسیۆنێکیان ڕێکخست بە ھاوکاری چەندین وڵاتی تر، و ناوچەکانی یەمەنی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانیان بۆردومان کرد و ھێرش کرایە سەر کەشتییەکانی حووسییەکان لە دەریای سوور. لە ١٢ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە ئەمریکا و بەریتانیا و ھاوپەیمانەکانیان چەندین گەمارۆی سەربازییان خستووەتە سەر گرووپە چەکدارییەکانی نزیک دەریای سوور.[10]
جوڵانەوەی حووسییەکان ڕێکخراوێکی چەکداری ئیسلامیی زەیدی شیعەیە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و بەشێوەیەکی دی فاکتۆ کۆنترۆڵی بەشێک لە یەمەن دەکات، سەرھەڵدانی حووسییەکان لە یەمەن لە ساڵی ٢٠١٤ بووە ھۆی کۆنترۆڵکردنی شاری سەنعای پایتەخت لەلایەن گرووپەکەوە، بەڵام ئەنجومەنی سەرکردایەتی دژە حووسییەکان کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی لێ دەکرا، وەک حکوومەتی یاسایی یەمەن ناسرا. دوای ھێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، کە شەڕی ئیسرائیل و حەماسی لێکەوتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە سەرانسەری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست (لەوانەش حووسییەکان) پشتگیری خۆیان بۆ فەلەستینییەکان دەربڕی و ھەڕەشەی ھێرشکردنە سەر ئیسرائیلیان کرد.[11][12][13]
لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەرپرسانی ئەمریکا ڕایان گەیاند کە کەشتی تێکشکێنەری ھێزی دەریایی ئەمریکا USS Carney سێ مووشەکی ھێرشبەری وشکانی و چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرەو ئیسرائیل خستووەتە خوارەوە کە لەلایەن حووسییەکانەوە لە یەمەنەوە ھەڵدرابوون. ئەمە یەکەم چالاکیی سوپای ئەمریکا بوو بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل لە دوای دروستبوونی شەڕەکەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان شانشینی سعوودیەش بەشداری لە تێکشکاندنی ھێرشەکانی حووسییەکان کردووە.[14][15]
لە ١ی تشرینی دووەم کاتژمێر ٠٠:٤٥ی شەو، ھێزی ئاسمانی نێودەوڵەتی ڕای گەیاند، ھێرشێکی ئاسمانی کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوو، باشووری ئیلاتی کردوەتەوە ئامانج.[16] دواتر لە ٨ی تشرینی دووەم فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی MQ-9 Reaper لە لە کەناراوەکانی یەمەن لەلایەن بەرگری ئاسمانی حووسییەکانەوە خرایە خوارەوە؛ پێشتر پنتاگۆن ڕای گەیاندبوو کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی MQ-9 لە ڕۆڵی کۆکردنەوەی ھەواڵگریدا بەسەر کەرتی غەززەدا دەفڕێت بۆ یارمەتیدان لە ھەوڵەکانی وەرگرتنەوەی بارمتەکان.[17] لە ٩ی مانگدا حووسییەکان مووشەکێکیان بەرەو شاری ئیلات ئاراستەکرد.
لە ١٤ی مانگدا حووسییەکان چەندین ھێرشی مووشەکییان ئەنجامدا، کە یەکێکیان ئاراستەی شاری ئیلات بوو. مووشەکەکە بە وتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی بە مووشەکی جۆری ئاڕۆ ڕێگری لێکراوە.[18] ڕۆژی دواتر بەرپرسانی ئەمریکا ڕایان گەیاند کە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی Thomas Hudner فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خستووەتە خوارەوە، کە لە یەمەنەوە بەئامانج گیرابوو.[19] لە ٢٢ی مانگدا حووسییەکان مووشەکێکی کروزیان ئاراستەی شاری ئیلات کرد. کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕایان گەیاندووە کە مووشەکەکە بە سەرکەوتوویی لەلایەن فڕۆکەی ئێف ٣٥ خراوەتە خوارەوە. لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بەرپرسانی ئەمریکا ڕایان گەیاند کە کەشتیی تێکشکێنەری USS Thomas Hudner چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ھێرشبەری خستووەتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوون.[20][21]
لە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ جووڵانەوەی حووسییەکان چەندین مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل کرد لە ئیلات. ھەمان ڕۆژ فڕۆکەی USS Mason فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خستە خوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوو، و ھیچ ئاماژەیەکی ڕوون بۆ ئامانجەکەی نەبووە.[22][23]
تا ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بەندەری ئیلات بەھۆی ھێرشی حووسییەکانەوە چالاکییەکانی بە ڕێژەی ٨٥٪ دابەزی، کە لە دەریای سوورەوە تاکە ڕێگەی ئاسانی کەشتییەکانی ئیسرائیلە بۆ ئەوەی بەبێ ترانزێتی نۆکەندی سوێز بچنە ئاسیا.[24][25][26]
لە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ حووسییەکان ڕایان گەیاند کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرشیان کردووەتە سەر ئیلات و ناوچەکانی دیکەی ئیسرائیل. ئەمریکا ١٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پێنج مووشەکی خستە خوارەوە کە لەلایەن حووسییەکانەوە نێردرابوون، ھاوکات ھێزەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتیش ڕای گەیاند، موشەکێکیان خستووەتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوو و خاکی ئیسرائیلی کردوەتە ئامانج.[27] لە ٢٦ی کانوونی دووەمدا ھێزی دەریایی ھیندستان کەشتییە تێکشکێنەرەکانی INS Mormugao و Visakhapatnamی لە دەریای عەرەبدا جێگیرکرد، دوای ئەوەی کەشتییەکی بازرگانی ئیسرائیل لە کەناراوەکانی ھیندستان تێکشکێنرا.[28][29]
لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، دوای چەند کاتژمێرێک ئاگادارکردنەوەی نێودەوڵەتی لەوەی ھێرشەکانیان بوەستێنن، حووسییەکان کەشتییەکی بێ کەشتیوانی (USV) بەرەو ھێزە دەریایییەکانی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکان ھەڵدا، بەڵام بە دووری زیاتر لە یەک میل لە کەشتییەکانەوە، تەقێندرایەوە.[30]
لە ٧ی کانوونی دووەم، جووڵانەوەی حووسییەکان ڕای گەیاند کە ھێرشی تۆڵەسەندنەوە دژی ھێزی دەریایی ئەمریکا بەردەوام دەبێت، تا ئەوکاتەی ئەمریکا ئەو ئەندامانەی ھێزی دەریایی کە ١٠ کارمەندی کەشتی ھێرشبەری حووسییەکانیان کوشتووە، ڕادەست نەکات بۆ ئەوەی لە یەمەن دادگایی بکرێن.[31]
لە ١٤ی کانوونی دووەم، حووسییەکان مووشەکێکی دژە کەشتیی کروزیان لە حودەیدەوە بە ئاراستەی کەشتیی USS Laboon ھەڵدا. مووشەکەکە پێش ئەوەی زیان بگەیەنێت، لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگییەوە خرایە خوارەوە.[32][33]
لە ١٦ی کانوونی دووەم، ئەمریکا چوار مووشەکی بالیستیکی دژە کەشتیی حووسییەکانی لە کاتی ئامادەکاری بۆ بە ئامانجگرتنی کەشتییەکان لە دەریای سووردا ھەڵدا. ڕۆژی دواتر، لە گەڕی چوارەمی ھێرشەکانی ئەمریکا ١٤ مووشەکیان لە سەرانسەری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان ھەڵدا. لە ٢٢ی کانوونی دووەم، لە گەڕی ھەشتەمی ھێرشەکان بۆ سەر حووسییەکان، ئەمریکا و بەریتانیا ھێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ھەشت ئامانجی حووسییەکان لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی سەنعا ئەنجامدا.[34][35]
لە ٢٩ی مانگی کانوونی دووەم، کەشتییەکی دانیمارکی بەرەو دەریای سوور بەڕێکەوت بۆ ئەوەی ھاوکاری ھاوپەیمانانی ئەمریکا بکات لە پاراستنی ھاتوچۆی بازرگانی لە دژی ھێرشی حووسییەکان.[36]
لە ٢ی شوباتدا حووسییەکان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە مووشەکێکی بالیستیکیان بەرەو ئیلات ھەڵداوە. ھەروەھا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕای گەیاند، سیستەمی بەرگری مووشەکێکی لە دەریای سوور خستووەتە خوارەوە.[37][38] لە ٣ی شوبات، ڕۆژێک دوای ئەنجامدانی ھێرشە ئاسمانییەکانی لە عێراق و سووریا، ئەمریکا و بەریتانیا ھێرشیان کردە سەر ٣٦‒٤٨ ئامانجی حووسییەکان، کە لە دامەزراوە ژێرزەمینییەکان، شوێنی ھەڵگرتن و ئامادەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سیستەمی مووشەکی، ڕادار و ھێلیکۆپتەر لە ١٣ ناوچەی جیاواز لە سەرانسەری ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانی حووسییەکان، پێکھاتبوون.[39][40]
لە ٨ی شوباتدا کەشتیی فەرگاتەی ئەڵمانی، ھێسن، لە ڤیلھلمشەڤنەوە بەرەو دەریای سوور بەڕێکەوت، بە نزیکەی ٢٤٠ کارمەندەوە، بە مەبەستی یارمەتیدانی ئەرکی داھاتووی یەکێتیی ئەورووپا.[41]
لە ١٠ی شوباتدا، میدیای فەرمی حووسییەکان ناوی ١٧ چەکداریان بڵاوکردەوە کە لە کاتی ھێرشە ھاوبەشەکانی ئەمریکا و بەریتانیادا کوژراون.[42]
لە ١٥ی شوباتدا، سوپای ئەمریکا ڕای گەیاند کە ھێزی پاسەوانی کەناراوەکان دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە کە لە ئێرانەوە ڕەوانە کرابوو، و لە ٢٨ی کانوونی دووەمەوە بەرەو ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانی ژێردەستی حووسییەکان لە یەمەن، بەڕێکەوتبوو، سوپای ئەمریکا ڕای گەیاند کە کەشتییەکە چەکی پێشکەوتوو و یارمەتی دیکەی ھەڵگرتووە.[43][44]
لە ١٩ی شوباتدا یەکێتیی ئەورووپا دەستپێکردنی ئەرکی دەریایی ئۆپەراسیۆنی ئەسپایدسی ڕاگەیاند، کە پلانێکە بۆ ناردنی کەشتی جەنگی و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی ئاسمانی پێشوەختە بۆ دەریای سوور و ئاوەکانی دەوروبەری. فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و بەلجیکا ھەموویان نیازی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ڕاگەیاند. ئۆپەراسیۆنی ئەسپایدس بارەگا سەرەکییەکەی لە شاری لاریسای یۆنانە.[45] ئۆپەراسیۆنەکە تەنھا لە دەریاوە چالاکی دەکات، و ھێرشی سەربازی ئەنجام نادات و بەشداری تێدا ناکات.[46] ھەمان ڕۆژ حووسییەکان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی MQ-9 Reaperیان بەسەر دەریای سووردا خستووەتە خوارەوە، بەرپرسانی ئەمریکا ڕووداوەکەیان پشتڕاست کردەوە و ئاماژەیان بەوەشکرد، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە سەر بە ھێزی ئاسمانی ئەمریکایە و لە کەناراوەکانی حودەیدە کەوتووەتە خوارەوە.[47]
لە ٢٠ی شوبات، فەرەنسا ڕای گەیاند کە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حووسییەکانی بەسەر دەریای سووردا خستووەتە خوارەوە. حووسییەکان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرشیان کردووەتە سەر ئیلات و ژمارەیەک کەشتی جەنگی ئەمریکی لە دەریای سوور و دەریای عەرەب.[48]
لە ٢٢ی شوباتدا، عەبدولمەلیک حووسی، سەرۆکی حووسییەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، ئۆپەراسیۆنەکان لە دەریای سوور و ئاوەکانی دەوروبەریدا بەردەوامن و پەرەدەسەنن و کاریگەرن، و بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو، ناساندنی «چەکی ژێردەریایی» ڕاگەیاند.[49]
لە ٢٤ی شوباتدا، ئەمریکا و بەریتانیا چوارەمین خولی ھێرشی ئاسمانی ھاوبەشیان ئەنجامدا و ١٨ ئامانجی حووسییەکانیان لە ھەشت شوێن پێکا. وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕای گەیاند، چوار فڕۆکەی جەنگی ھێزی ئاسمانی شاھانە بەشدارییان لە ھێرشەکاندا کردووە. ئاژانسی ھەواڵی فەرمی حووسییەکان ڕای گەیاند، لە ھێرشەکاندا ھاووڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە و ھەشت کەسی دیکەش برینداربوون، بەمەش یەکەم قوربانیی مەدەنی لە ھێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بەریتانیادا تۆمارکرا.[50][51]
لە ٢٦ی شوباتدا، زیانی کێبڵەکانی پەیوەندییەکانی ژێر دەریای دەریای سوور ڕاگەیەندرا. ڕاپۆرتە سەرەتایییەکانی سەرچاوە پیشەسازییەکان و ڕۆژنامە ئەفریقییەکان و ڕۆژنامەکانی ئیسرائیل، ئەمەیان بەستەوە بە ھێرشەکانی حووسییەکان.[52]
لە ٢ی ئازاردا، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی ئەسپایدس، کەشتیی جەنگیی ئیتاڵی، کایۆ دویلیۆ مووشەکێکی حووسییەکانی بەسەر دەریای سووردا خستە خوارەوە.[53]
لە ٤ی ئازار، میسفەر نومەیر، وەزیری پەیوەندیی حووسییەکان ڕای گەیاند، ئەو کەشتیانەی دەچنە نێو ئاوەکانی یەمەن، دەبێت مۆڵەت لە دەسەڵاتی کاروباری دەریایی وەربگرن کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حووسییەکاندایە، بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت درێژە بە گەشتەکەیان بدەن.[54]
لە ٦ی ئازار، حووسییەکانی یەمەن بە مووشەکێکی دژە کەشتی، کەشتییەکی M/V True Confidenceیان ئاگر تێبەردا، کە ئاڵای باربادۆسیای لەسەر بوو، و زیانی گەورەیان بە کەشتییەکە گەیاند، بەھۆی ئاگرەوە سێ ئەندامی تیمی کەشتییەکە گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.[55]
لە ١١ی ئازار، ئەمریکا و بەریتانیا ١٧ ھێرشی ئاسمانییان بۆ سەر شارە بەندەرەکان و شارۆچکەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان لە ڕۆژاوای یەمەن ئەنجامدا، ئامانجانەکان بە دیاریکراوی کراوەتە سەر حودەیدە و بەندەری ڕەئس عیسا. وتەبێژی حکوومەتی یەمەن کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە، ڕای گەیاند لە ھێرشەکاندا ١١ کەس کوژراون و ١٤ کەسی دیکەش برینداربوون.[56]
لە ١٢ی ئازار، وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا ڕای گەیاند کە دوو فڕۆکەی دیکەی بێفڕۆکەوانی حووسییەکانیان بە مەبەستی بەرگریکردن، خستووەتە خوارەوە.[57]
لە ١٨ی ئازار، حووسییەکانی یەمەن مووشەکێکی کروزییان ھەڵدا کە بە سەرکەوتوویی لە خاکی ئیسرائیلی دا، کە لە ناوچەیەکی باکووری ئیلاتی تەقاوەتەوە. ئیسرائیل ڕای گەیاند کە ھیچ زیان و بریندارێک نەبووە لەو ھێرشەدا.[58]
لە ٤ی نیسان، تیم لێندەرکینگ، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە یەمەن، ڕای گەیاند کە ھیوادارە لەگەڵ حووسییەکانی یەمەن چارەسەرێکی دیپلۆماسی لەبارەی ھێرشەکانیانەوە بەدی بێنن و ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە حووسییەکان لە پێرستی تیرۆری خۆیدا لابەرێت ئەگەر ھێرشەکان کۆتایی بێن.[59]
لە ١٠ی نیسان سوپای ئەمریکا ڕای گەیاند کە ١١ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی سەر بە حووسییەکانیان لەناوبردووە کە مەترسی لەسەر کەشتییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان و بازرگانییەکان دروست کردبوو. ٨ لە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە خاکی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان لەنێوبردران.[60]
لە ١٣ی نیساندا، حووسییەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئێران چەندین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد لەکاتی ھێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل. ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بەندەرەکانی ئیسرائیل بووە.[61] ڕۆژی دواتر سیستەمی C-Domeی ھێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ئامانجێکی ئاسمانی لە ناوچەی ئیلات بەردایەوە کە لە ئاراستەکە لەی دەریای سوورەوە ڕەوانەکرابوو.[62]
لە ٣٠ی ئایاردا ئەمریکا و بەریتانیا ھێرشیان بۆ سەر ١٣ ئامانجی حووسییەکان لە سەرانسەری یەمەن ئەنجامدا و بەھۆیەوە ١٦ کەس کوژران و لانیکەم ٣٥ کەسی دیکەش برینداربوون.[63]
حووسییەکان لە ١ی تشرینی یەکەمدا بانگەشەی ئەوەیان کرد کە بە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سامەد-٤ ھێرشیان کردووەتە سەر ئامانجێکی سەربازی لە تێل ئەڤیڤ و ئیلات. لەلایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ڕێگرییان لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە دەریای ناوەڕاست کردوە، لە نزیک کەناراوەکانی ناوەڕاستی ئیسرائیل. ھەروەھا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ھێزەکانی ئەمریکا لەو ماوەیەدا شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حووسییەکانیان لەناو خاکی ژێر کۆنترۆڵی ئەو گرووپە تێکشکاندووە.[64]
حووسییەکان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە کەشتییەکان دەکەنە ئامانج بەبێ گوێدانە ئەوەی کەشتییەکان ھیچ ئامانجێکی سەربازییان تێدابێت یان نا، ئەمەش بەپێی وتەی چاودێری ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ (HRW) بانگەشەی تاوانی جەنگی پێکدەھێنێت. ھەروەھا HRW ئاماژەی بەوەدا کە دەستبەسەرکردنی تیمە دەستگیرکراوەکان بە بارمتەگرتن ھەژمار دەکرێت ئەگەر دەستگیر بکرێن بۆ ئەوەی لایەنی سێیەم ناچار بکەن کە ھەر کارێک ئەنجام بدات یان خۆی لێ بەدوور بگرێت وەک مەرجێک بۆ ئازادکردن یان سەلامەتی بارمتەکان. بارمتەگرتن پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و تاوانی جەنگە.[65]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.