![cover image](https://wikiwandv2-19431.kxcdn.com/_next/image?url=https://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/thumb/a/a1/Milet_Asia_Minor.png/640px-Milet_Asia_Minor.png&w=640&q=50)
قوتابخانەی میلیتۆسی
From Wikipedia, the free encyclopedia
قوتابخانەی میلیتۆسی قوتابخانەیەکی فیکری بوو لە سەدەی شەشەمی پێش زاییندا. ئەندێشەگەلی سەر بەو قوتابخانەیە لەلایەن سێ فەیلەسووفی خەڵکی شاری میلیتۆسەوە شرۆڤە کراون: تالیس، ئاناکسیماندرۆس و، ئاناکسیمینیس. ئەم سێ کەسە، دژی باوەڕە باوەکانی سەردەمی خۆیان لەمەڕ جیھان و چۆنییەتیی پێکھاتن و شێوەگرتنی وەستان. پێش ئەمان، تەنیا ڕوونکردنەوەیەک کە بۆ دیاردەکان لە سروشتدا ئەدرا خواست و ئیرادەی خواکان بوو. بەڵام بە لای ئەمانەوە سروشت شیاوی لێڕوانین و تێگەیشتن بوو و، بەم بۆنەوە ئەکرێ بڵێین بەڕاستی یەکەم فەیلەسووفگەلی زانستی بوون.
![]() | ئەم وتارە بەزۆری یان بەتەواوی پشت بە تەنیا یەک سەرچاوە دەبەستێت. |
![](http://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/thumb/a/a1/Milet_Asia_Minor.png/640px-Milet_Asia_Minor.png)
ھەوڵ و کۆششی ئەم سێ فەیلەسووفە زیاتر ئەوە بوو کە ئەو جەوھەرە یا ئەو ماکە بنەڕەتییە کە جیھانی لێ دروست بووە (مادة المواد یا ماکەی ماکەکان) دەسنیشان بکەن. ئەو ماکەیە بە لای تالیسەوە ئاو، بە لای ئاناکسیماندرۆسەوە بێسنوور و، بە لای ئاناکسیمینیسەوە ھەوا بوو.
قوتابخانەی میلیتۆسی و قوتابخانەی یۆنیایی یەکێ نین. قوتابخانەی یۆنیایی ھەم داگری بیروڕا و فەلسەفەی میلیتۆسییەکانە، و ھەم داگری فەلسەفەی ھزرڤانانی تریشە کە خەڵکی میلیتۆس نەبوون، وەک ھێراکلیتوس.[1]