From Wikipedia, the free encyclopedia
ماگدالینا کارمین فریدا کالۆ کالدیرۆن (بە ئیسپانی: Magdalena Carmen Frida Kahlo y Calderón) (٦ی تەممووزی ١٩٠٧ – ١٣ی تەممووزی ١٩٥٤)[1] وێنەکێشێکی مەکسیکی بوو کە بەھۆی وێنە پۆرترەیتەکانییەوە ناوبانگی دەرکرد، بەتایبەت بەھۆی خۆپۆرترەیتەکانییەوە. سروشت و کەلەپووری مەکسیک بوو بە سەرچاوەی ئیلھامبەخش بۆ کارەکانی فریدا. بە کەڵکوەرگرتن لە کولتووری عەوامی مەکسیک، فریدا ھونەری ناییڤی بەکار ھێنا بۆ ورووژاندنی پرسەکانی ناسنامە، سەردەمی دوای کۆلۆنیالیزم، جێندەر، چینایەتی و ڕەگەز لەناو کۆمەڵگای مەکسیکی.[2] وێنەکانی فریدا پەیوەندیی پتەویان ھەبوو لەگەڵ ژیانی ئەو لەگەڵ تێکھەڵکێشکردنیان لەگەڵ توخمی ڕیالیزم و خەیاڵ. کالۆ وەک کەسێکی سوریالیست و ڕیالیزمی سیحری دادەنرێت.[3] ئەو بەوەش ناسراوە کە لە وێنەکانیدا ڕەنگدانەوەی ئازاری بەردەوامی خۆی پیشان دەدات.[4]
فریدا کالۆ | |
---|---|
لەدایکبوون | ماگدالینا کارمینن فریدا کالۆ کالیدرۆن ٦ی تەممووزی ١٩٠٧ |
مەرگ | ١٣ی تەممووزی ١٩٥٤ ساڵ ژیاوە) کۆیۆئاکان، مەکسیکۆ سیتی، مەکسیک | (٤٧
پەروەردە | خود-فێربوون |
ناسراوە بە | وێنەکێشان |
کارەکان | یەک |
بزاڤ | سوریالیزم، ڕیالیزمی سیحری |
ھاوسەر | دیێگۆ ڕیڤێرا (ھاوسەرگیری ١٩٢٩؛ ١٩٣٩) (ھاوسەرگیری ١٩٤٠) |
باوان |
|
خزمەکان | گویلێرمۆ کالۆ (باوک) کریستینا کالۆ (خوشک) |
کالۆ لە باوکێکی ئەڵمانی و دایکێکی میستزیۆیی لە دایک بوو. زۆربەی تەمەنی منداڵیی لە لا کاسا ئەزول لە کۆیۆئاکان بەسەر برد. ئێستا ئەم شوێنە بووەتە مۆزەخانەی فریدا کالۆ و بۆ ھەمووان کراوەیە. وێڕای ئەوەی بە دەردی ئیفلیجیی مناڵان دەیناڵاند، بەڵام ھیوای بەوە بوو کە بچێتە بەشی پزیشکی، بەڵام کاتێک تەمەنی ١٨ ساڵان بوو، تووشی ڕووداوێکی ھاتوچۆ ھات، کاتێک لەناو پاسێک بوو. ئەم ڕووداوە وای کرد تەواوی ژیانی لەناو ئازاردا بناڵێنێت و تووشی کێشەی تەندروستی ببێت. دوای ڕووداوەکە، کاتێک تەندروستیی بەرەو گەڕانەوە دەچوو ئەوا خولیای مناڵیی بۆ بوون بە ھونەرمەند گەڕایەوە لای کالۆ.
لە ساڵی ١٩٢٧، فریدا دەچێتە ناو بواری سیاسەت و دەبێتە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی مەکسیکی،[5] لەم ڕێگایەوە ھونەرمەند و وێنەکێش دیێگۆ ڕیڤێرای ناسی. دواتر بەیەکەوە لە ساڵی ١٩٢٩ ھاوسەرگیرییان کرد.[6] لە ساڵانی سییەکان بەیەکەوە گەشتی مەکسیک و ئەمریکایان کرد. لەو کاتانەدا، فریدا شێوازی تایبەتی کارکردنی خۆی دۆزییەوە. تابلۆ سەرەکییەکانی خۆی کە لە کولتوور و فۆلکلۆری مەکسیکی وەرگیرابوون، ھەروەھا ئەو پۆرترێتانەی خۆی کە تێکەڵی کردبوون لەگەڵ بیروباوەڕەکانی سەردەمی پێش کۆلۆمبی و کاتۆلیک. تابلۆکانی ئەو وایان لە وێنەکێشی سووریالیستی ئاندرێ بریتۆن کرد کە لە ساڵی ١٩٣٨ پێشانگایەکی بۆ بکاتەوە لە گالێریی جولیەن لێڤی لە نیویۆرک. پێشانگایەکە سەرکەوتنی بەدەست ھێنا. بۆ ساڵی دواتر (١٩٣٩)، فریدا پێشانگایەکی دیکەی لە پاریس کردەوە. ھەرچەندە کە پێشانگاکەی پاریس بەمجۆرە سەرکەوتوو نەبوو، مۆزەخانەی لووڤر تابلۆیەکی لە کالۆ کڕییەوە. زە فرەیم، یەکەم تابلۆی وێنەکێشی مەکسیکییە کە لە کۆکراوەکانی مۆزەخانەی لووڤر دابنرێت. لە ساڵانی چلەکاندا، کالۆ ھەم لە پێشانگا ھونەرییەکانی مەکسیک و ئەمریکا بەشداری کرد، ھەروەھا لەلایەکی دیکەوە وەک مامۆستای ھونەر کاری کرد. کالۆ یەکێک بوو لە ئەندامانی دامەزرێنەر لە کۆمەڵەی سێمیاریۆ دی کولتوورا مێکسیکانا. لە ساڵی ١٩٥٣، یەکەمین پێشانگای تاکەکەسیی کردەوە لە مەکسیک، ئەمەش بەماوەیەکی کورت بوو بەر لە مردنی لە ساڵی ١٩٥٤، واتە لە تەمەنی ٤٧ ساڵی.
کارەکانی فریدا وەک ھونەرمەندێک بە نەناسراوی مایەوە تاکوو کۆتاییی حەفتاکان. ئەمەش کاتێک کارەکانی لەلایەن کەسانی ھونەرمەند، مێژووناس و چالاکوانانی سیاسەت دۆزرانەوە. لە سەرەتای نەوەدەکان، نەک تەنیا وەک کەسایەتییەکی مێژوویی لە ھونەر بەڵکوو وەک ئایکۆنێکی بزووتنەوەی چیکانۆ، فێمێنیزم و کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە ناوبانگی دەرکرد. ئێستا بەرھەمەکانی کالۆ لە جیھاندا پێشوازی لێ دەکرێن، وەک بەرھەمی ڕەسەنی مەکسیکییەکان دەبینرێن، ھەروەھا لەلایەن فێمێنیستەکان بە ئاڕاستەی قووڵی لە دەربڕینی ژنانە دەبینرێن.[7]
ماگدالینا کارمینن فریدا کالۆ کالیدرۆن[kurdish-alpha 1] لە ساڵی ١٩٠٧ لە گوندی کۆیۆئاکان لە مەکسیکۆ سیتی لە دایک بوو،[9][10] کالۆ خۆی وتوویەتی لە ماڵی خێزانەکەی لە دایک بووە، واتە لە لا کاسا ئەزل (خانووە شینەکە)، بەڵام بەپێی تۆماری لەدایکبوونی فەرمی ئەوا لە شوێنێک لە نزیک ماڵی داپیری لەدایکبووە.[10] دایک و باوک کالۆ وێنەگر بوون، گویلێرمۆ کالۆ (١٨٧١–١٩٤١) و ماتیڵدە کاڵدیرۆن گۆنزالێز (١٨٧٦–١٩٣٢)، ئەو کاتەی کالۆ لەدایکبوو ئەوان تەمەنیان ٣٦ و ٣٠ ساڵان بوو.[11] باوکی بەڕەچەلەک ئەڵمانی بوو، گویلێرمۆ لە ساڵی ١٨٩١ بە پەنابەری ھاتبووە مەکسیک.[12] ھەرچەند کالۆ گوتوویەتی کە باوکی جوولەکە بووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو لەسەر پەیڕەوی لوتەریانیزم بوو.[13][14] ماتیڵدە (دایکی کالۆ) لە دایکبووی واخاکا بوو، لە باوکێکی ڕەسەن مەکسیکی و دایکێکی ئیسپانی زمان بوو.[15] جگە لە کالۆ، خێزانەکە سێ کچی دیکەیان ھەبوو؛ ماتیڵدە (بەنزیکی ١٨٩٨–١٩٥١)، ئەدریانا (بەنزیکی ١٩٠٢–١٩٦٨) ھەروەھا کریستینا (بەنزیکی ١٩٠٨–١٩٦٤).[16] کالۆ دوو زڕخوشکی دیکەی ھەبوو لە ژنی یەکەمی باوکی، ماریا لوسیا و مارگاریتا، بەڵام ئەوان بەجیا بەخێوکران.[17]
لە کۆتایییەکانی ژیانیدا، کالۆ لە وەسفی ژینگەی ژیانی منداڵیی گوتبووی «زۆر زۆر خەمگینانە بوو.»[18] دایک و باوکی نەخۆش بوون،[19] ھاوسەرگیرییەکەیان دوور بوو لە خۆشەویستی.[20] پەیوەندی فریدا لەگەڵ دایکی ھەردەم لە گرژیدا بوو.[21] کالۆ لە وەسفی دایکی گوتوویەتی، «ئەو میھرەبان، چالاک و زیرەک بوو، بەڵام ئەو کەسێکی بەحساب، دڵڕەق و دەرماگیریی ئایینی بوو.»[21] لە ماوەی شۆڕشی مەکسیک، کارەکەی باوکی وەک وێنەگر زیانی گەورەی بەرکەوت، بەوەی حکوومەتی نوێ کارەکەی لێ سەندەوە و بەھۆی درێژیی ماوەی شەڕی ناوخۆی وڵاتیشەوە لەو کاتەدا کاری تایبەت زۆر کەمی کردبوو.[19]
کاتێک تەمەنی شەش ساڵان بوو تووشی دەردی شەپڵەی مناڵان بوو. ئەم نەخۆشییەی وای لە قاچی ڕاستی کرد زۆر لاوازتر بێت بەراورد بە قاچی چەپی.[22][kurdish-alpha 2] نەخۆشییەکەی وای کرد خۆی لە ھاوڕێ و ھاوپۆلەکانی بشارێتەوە، لەبەر ئەوەی گاڵتەی پێدەکرا.[25] دوای چاکبوونەوەی لە نەخۆشییەکە، شێوازی ڕۆیشتنی ناڕێک بوو (شەل)، ھەر لەبەر سەرەنجامەکانی نەخۆشییەکەی، بەناچاری تەنوورەی درێژی دەپۆشی. بۆ ئەوەی بەسەر نەخۆشییەکەی زاڵ بێت، باوکی ھەمیشە ھانی دەدا کە وەرزش بکات، ھەر بۆیە لە کاتی منداڵیدا تۆپی پێی، مەلەوانی و تەنانەت زۆرانبازیشی دەکرد، ئەم کارانەش لەو کاتە بۆ کچان نامۆ بوون.[26] باوکی فێری کاری وێنەگریشی کرد لەگەڵ دەستکاریکردنەوەی وێنە و ڕەنگەکان.[27] ھەرچەندە نەخۆشییەکەی دڵتەنگی کرد،[18] بەڵام وای کرد کالۆ لەماوەی ژیانیدا، لە پەیوەندییەکی بەرزی ھاوڕێیەتی بێت لەگەڵ باوکی.[28] کالۆ سوپاسی باوکی کرد بەوەی وای کرد ژیانی منداڵی نایاب بێت، «ناوازەیە… ئەو نموونەیەکی باڵای خۆشەویستی بوو بۆ من، لە کارەکانی وێنەگری و وێنەکێشی، لە سەرووی ھەمووشیانەوە ئەوە بوو کە ئەو لە ئازەرەکانم تێدەگەیشت.»
بەھۆی دەردی ئیفلیجییەکەیەوە، کالۆ بەراورد بە ھاوتەمەنەکانی درەنگتر خوێندنی تەواو کرد،[29] کالۆ لەگەڵ خوشکە بچووکەکەی کریستینا خوێندنی باخچەی ساویانی دەست پێکرد، پاشان ھەر لە گوندەکەیان خوێندنی سەرەتایی کرد، پۆلەکانی پێنج و شەشی بە سیستمی خوێندنی ماڵەوە تەواو کرد. کریستینا چووە قوتابخانەی کریستیانەکان، بەڵام فریدا لەسەر خواستی باوکی چووە قوتابخانەی ئەڵمانی.[30] دواتر بەھۆی نەخۆشییەکەیەوە دوورخرایەوە بۆ خوێندنی مامۆستای پیشەیی.[31] ژیانی خوێندنی فریدا پوخت بوو، لەلایەن مامۆستا ژنەکانیشەوە دووچاری سووکایەتیی سێکسی بوو.[31]
لە ساڵی ١٩٢٢، فریدا لە دواناوەندییەکی ناسراو وەرگیرا و ئامانجی ئەوە بوو بچێتە خوێندنی پزیشکی.[32] ئەم خوێندگایە، تازە کرابوویەوە لە کۆی ٢٠٠٠ کچ، تەنیا ٣٥یان وەرگرت.[33] ئەو لە خوێندنەکەی بەباشی ھەنگاوی دەنایە پێشەوە،[34] لەپاڵ ئەوەشدا بووە خوێنەرێکی باش و بە قووڵی کەوتە خوێندنەوە و کاریگەریی کولتووری مەکیسیکی، چالاکی سیاسی و دادگەریی کۆمەڵایەتی.[35] قوتابخانەکە گرنگی و بانگەشەی بۆ شوناس و ڕەسەنبوونی مەکسیکییەکان دەکرد، کە ڕۆحیەتێکی ئەوسا بوو بۆ بەرزکردنەوەی شوناس و کەلەپووری مەکسیکی، ئەمەش لەپێناو ڕزگاربوون بوو لەژێر کاریگەرییەکانی کۆلۆنیالیزمی ئەورووپی و بینینی ئەورووپییەکان وەک ھێزێکی باڵا.[36] لەگەڵ قوتابیانی قوتابخانەکەی گرووپێکی تایبەتیان دامەزراندبوو، ئەوان دژی زۆر شت دەوەستانەوە، وتووێژیشیان لەسەر فەلسەفەی کلاسیکی ڕووسی دەکرد.[37] [38] فریدا لەو کاتەدا، ھەوڵی دەدا تەمەنی ڕاستەقینەی لەوانی دیکەش بشارێتەوە، خۆی وەک «کچی شۆڕش» دەبینی، ھەربۆیە دەیگووت لە ٧ی تەممووزی ١٩١٠ لەدایکبووە، واتە ھەمان ساڵی دەستپێکردنی شۆڕش، دواتر ئەمە بەدرێژایی ژیانی بەردەوامی ھەبوو.[39] دواتر کەوتە خۆشەویستی لەگەڵ ئەلیخاندرۆ گۆمێز ئەریاز، کە سەرکردەی گرووپەکەیان بوو لە قوتابخانە، دایک و باوکی فریدا بەم پەیوەندییە ڕازی نەبوون، دواتر لەیەکتری جیابوونەوە بەبۆنەی دروست بوونی توندوتیژی و ناجێگیریی دۆخی سیاسەت لە وڵات، لەم ماوەیە کالۆ و ئەلیخاندرۆ نامەی دڵداریی و سۆزداریان دەگۆڕییەوە.[40][41]
لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٢٥، کاتێک کالۆ لەگەڵ کوڕە دڵدارەکەی ئەریاس، بەیەکەوە بە پاسێک لە قوتابخانە دەگەڕانەوە ماڵەوە، لەو دەمە پاسەکە جەنجاڵ بووە و شوفێرەکە ویستوویەتی لە ترامێکی کارەبایی تێپەڕبێت، لە ئەنجامدا دەبێتە ھۆی دروست بوونی ڕووداوێکی ھاتووچۆ، بەشێک لە سەرنشینەکانی پاسەکە مردن. لە ڕووداوەکە، ئەریاس زیانێکی کەمی بەرکەوت بەڵام ئاسنی دەستگرتنی پاسەکە بەر لەگەنەی فریدا دەکەوێت و بە سەختی برینداریی دەکات. دواتر لە وەسفی ئەم ڕووداوە فریدا وتویەتی، «ئەوە ھاوشێوەی کونکردنی گامێشێک وابوو لەڕێی شمشێرێکەوە.» ئاسنەکە لەلایەن ئەریاس و خەڵکەکە لە لەشی فریدا دەرھێنرا، کە ئەمەش زۆر بە ئازار بوو بۆ فریدا.[42][43][44]
جەستەی فریدا چەند زیانێکی بەرکەوت، ئێسکی کزیەی شکا. بەھۆی ئاسنەکەوە، سک و مناڵدانی کون بوو، بڕبڕەی پشتی لە سێ شوێنەوە شکا، قاچی ڕاستی لە یانزدە جێگاوە شکا، پێی ڕاستەی شکا و لەجێی خۆیدا چوو، ئێسکی چەڵەمەی شکا، ھەروەھا شانی لەجێی خۆیان چوون.[45][46] فریدا بەرلەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە دۆخێکی ئاسایی، مانگێک لە نەخۆشخانەی بەسەربرد، ھەروەھا دوو مانگیش لەماڵەوە لەجێگای خۆی مایەوە.[47][43][48] دوای ئەوەی بەردەوام تووشی ماندووبوون و ئازار چەشتن دەھاتەوە، دکتۆرەکەی دووبارە پشکنینی ئێکسی بۆ کرد و دەرکەوت بەھۆی ڕووداوەکەوە سێ لە فەقەرەکانی لە شوێنی خۆی دەرچوو بوون.[49] بۆئەوەش فریدا ناچاربوو کە پلاستەرێکی گەورە بە قەبارەی جلێکی کۆرسێت بپۆشێت.[49]
ئەم ڕووداوە خەونی فریدای بۆ بوون بە پزیشک بەکۆتا ھێنا، بەپێی قسەی ئەندرێس ھێنیسترۆسای ھاوڕێی لەو دەمە فریدا، «وەک مردوو دەژیا».[50] لە کۆتایییەکانی ١٩٢٧، باروودۆخی کالۆ باشتر بوو، بەتایبەت دوای بە کۆمەڵایەتیی بوون و تێکەڵ بوون لەگەڵ ھاوڕێیەکانی قوتابخانەی، ئەوان بەشی زانستە سیاسییەکانیان خوێند بوو. کالۆ پەیوەندیکرد بە حیزبی کۆمۆنیستی مەکسیکی (PCM). لەم نێوانەدا، چەندین کەسایەتی سیاسیی، چالاکوان و ھونەرمەندی
ناسی، لە نێویاندا کۆمۆنیستی دوورخراوەی کووبایی خولیۆ ئەنتۆنیۆ مێلا و وێنەگری ئەمریکی-ئیتالی تینا مۆدۆتی.[51]
لە یەکێک لەو ئاھەنگانەی کە مۆدۆتی ڕێکی خستبوون، بەدیاریکراوی لە حوزەیرانی ١٩٢٨، فریدا بە دیێگۆ ڕیڤێرا ناسێندرا.[52] پێشتر لە ساڵی ١٩٢٢، بە کورتی چاویان بەیەک کەوتبوو، کاتێک ناوبراو خەریکی وێنەکێشان بوو لە قوتابخانەکەی فریدا.[53] دوای تێپەڕینی ماوەیەکی کورت بەو دیدارە، کالۆ داوای لە دیێگۆ کرد کە بۆچوونی لەسەر کارەکانی ئەو دەرببڕێت، بۆئەوەی بزانێت ھیچ ھونەرێک لە کارەکانیدا ھەیە تاکوو ببێتە ھونەرمەند.[54] دیێگۆ کاتێک کارەکانی کالۆی بینیوە، سەرسام بووە بەکارەکانی و وتوویەتی کە ئەو ھونەرمەندێکی تەواو بڕواپێکراوە.[55]
دواتر فریدا و دیێگۆ کەوتە پەیوەندی خۆشەویستی، تا لە ڕۆژی ٢١ی ئابی ١٩٢٩ لە کۆیۆئاکان ھاوسەرگیرییان کرد، دیێگۆ دوو ژنی دیکەشی ھەبوو[56] و ٢٠ ساڵیش لە فریدا گەورەتر بوو.[57] دایکی دژی ھاوسەرگیرییەکەیان بوو، دایک و باوکی لە وەسفی ئەم پڕۆسەیە وتیان، «ئەمە ھاوسەرگیری فیل و کۆتر»، بەو مانایەی ھەردووکیان لە قەبارەوە جیاوازییان زۆر بوو؛ دیێگۆ درێژ و قەڵەو بوو، لەبەرامبەردا کالۆ لاواز و بچووکتر.[58] باوکی بە ھاوسەرگیرییەکە ڕازی بوو، بەوەی دیێگۆ دەوڵەمەند بوو و توانای ھەبوو کە پشتگیری کالۆ بکات، بەتایبەت کە خەرجییە پزیشکییەکان کالۆ زۆر بوون.[59] ھاوسەرگیرییەکەیان لە ناو ھەواڵەکانی میدیای مەکسیک و نێودەوڵەتی باسکرا،[60][61]
بەماوەیەکی زوو لەدوای ھاوسەرگیرییەکەیان، فریدا و دیێگۆ چوونە شاری کویرناڤاکا لە ویلایەتی مۆریلۆس، لەوێ ئەرکی وێنەکێشان لە پالاسی کۆرتێسیان پێ سپێدرابوو.[62] ھەر لەوکاتەدا، فریدا لە ئەندامبوون بۆ حیزبی کۆمۆنیست کشایەوە ئەمەش لەپێناو پاڵپشتیکردنی دیێگۆ، کە بەماوەیەکی کورت پێش ھاوسەرگیرییەکەیان لە ماڵی دوور خرابوویەوە بەھۆی پشتگیرییەکانی لە کۆمەڵەی چەپەکان.[63]
لەماوەی شەڕی ناوخۆیی مەکسیک، مۆرۆلێس کۆمەڵێک جەنگی دژواری بەخۆیەوە بینی، ژیانکردن لە شارێکی شێوە ئیسپانیایی (کویرناڤاکا)، وای لە فریدا کرد کە ھەستی بۆ شووناسی مەکسیکی بوون و مێژووەکەی بجووڵێت.[64] ھاوشانی ھونەرمەندە ژنەکانی دیکەی مەکسیک، کالۆ دەستیکرد بە پۆشینی جلووبەرگی ڕەسەنی مەکسیکییەکان، تەنوورەیەکی درێژی ڕەنگا و ڕەنگیشی پۆشی.[65][66] جلەکانی وایان لە کالۆ کرد کە بیرۆکە فێمێنیستی و دژە-کۆلۆنیالیزم دەرببڕێت.[67]
دوای ئەوەی دیێگۆ کارەکانی لە کویرناڤاکا، لە کۆتایییەکانی دەیەی سییەکان، کالۆ و دیێگۆ چوونە سان فرانسیسکۆ، ئەمریکا. لەوێ بەیەکەوە وێنەی سەر دیواریان دەکێشا بۆ یانەی لەنچیۆنی بازاڕی ئاڵووگۆڕی دراوی سان فرانسیسکۆ ھەروەھا بۆ بەشی ھونەرەجوانەکانی کالیفۆرنیا.[68] لەمانەوەی مانەوەشیان، لەلایەن کۆکەرەوەکان و کڕیارەکان ڕێزیان لێدەگیرا و بێزاریش دەکران.[69] ھەر لەوکاتەدا، فریدا پەیوەندییە خۆشەویستییە درێژەکەی لەگەڵ وێنەگری ئەمریکی-ھەنگاری، نیکۆلاس موراس دەستی پێکرد.[70]
لە ھاوینی ١٩٣١، فریدا و دیێگۆ گەڕانەوە مەکسیک، دواتر لە پاییز گەشتیان کرد بۆ نیویۆرک ستی بۆ کردنەوەی کارەکەی دیێگۆ لە مۆزەخانەی مۆدێرن ئارت. لە نیسانی ١٩٣٢، چوونە دێترۆیت، لەوێ دیێگۆ کارێکی پێدرابوو بۆ وێنەکێشان لە پەیمانگای ھونەرەکانی دێترۆیت.[71] لەم کاتەدا، بەرکەوتنەکانی کالۆ لەگەڵ میدیاکان زیاتر بوون، میدیاکان سەرسامیی ئینگلیزییە ڕەوانەکەی ئەو بوون.[72] لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەزگای دێترۆیت نیوز، لە ٢ی شوباتی ١٩٣٣ وتی، «بێگوومان ئەو [دیێگۆ] شتی چاکی کردووە وەک کوڕیژگە (منداڵی بچووک)، بەڵام ھەنەرمەندە مەزنەکە منم.»[73] ئەو ساڵانەی لە ئەمریکا بەسەری برد بۆ فریدا دژواربوون، وێڕای ئەوەی چێژی لە دیتنی نیویۆرک و سان فرانسیکۆ دیت، بەڵام ئەو ناڕەحەت بوو بە کۆمەڵگای ئەمریکی بەوەی وەک وڵاتێکی کۆلۆنیالیست دەیدیت، ھەروەھا بەوەی ئەمریکییەکانیش ئەویان وەک کەسێکی «بێزارکەر» تەماشا دەکرد.[74] فریدا حەزی نەدەکرد تێکەڵبێت لەگەڵ کەسانی سەرمایەدار (کاپیتالیست)ی وەک ھێنری فۆرد و ئێدسل فۆرد، ھەروەھا تووڕەبوو، بەوەی زانی کە زۆرێک لە ھۆتێلەکانی نیویۆرک پێشوازی لە میوانی جوولەکە ناکەن.[75] لە نامەیەکیدا بۆ ھاوڕێیەکی، فریدا نووسی بووی، «وێڕای ئەوەی کە پێشکەوتنی پیشەسازیی و میکانیکی لە ئەمریکا سەرنجی ڕاکێشاوم… توڕەم لە گشت ئەو پیاوە دەوڵەمەندانەی ئێرە، لەبەرئەوەی لێرە بە ھەزاران کەس دەبینم لە گوزەرانێکی زۆر وێراندان، ھیچ شتێکیان نییە بیخۆن و ھیچ شوێنێکیان نییە لێی بخەون، ئەم بابەتەیە کە زۆرترین سەرنجی من ڕاکێشاوە، لەکاتێک دەوڵەمەندەکان ھەموو شەو و ڕۆژێک ئاھەنگ دەگێڕن، لەکاتێکدا بە ھەزاران و ھەزاران کەسی دیکەش لە برسان دەمرن».[76] ئەو کاتەی لە دێترۆیت بوو، بەھۆی دووگیان بوونییەوە ئاڵۆزی تێکەوت، دکتۆرەکەی ڕازی بوو کە کرداری لەباربردن ئەنجام بدات، بەڵام ئەو دەرمانەی کە بەکارھات کاریگەریی نەبوو.[77] کالۆ تەواو ڕاڕا بوو لەوەی منداڵێکی ببێت، لەبەرئەوەی پێشتریش منداڵێکی دیکەی خۆی لە دیێگۆ لەبار بردبوو.[77] دوای ئەوەشی کە لە باربردنەکە سەرکەوتوو نەبوو، بڕیاریدا کە بەردەوامیی بدات بە دووگیانییەکەی، بەڵام لە مانگی تەممووز منداڵەکەی لەبارچوو، ئەمەش کێشەی ھۆرمۆنی بۆ دروستکرد و وایکرد دوو حەفتە لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.[78] دوای کەمتر لە سێ مانگ، دایکی لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆز مرد.[79]
لە ئازاری ١٩٣٣، فریدا و دیێگۆ گەڕانەوە نیویۆرک، کارێکی دیکەیان پێدرابوو بۆ وێنەکردنی لە باڵەخانەی سەنتەری ڕاکفلر.[80] لەم ماوەیەدا، کالۆ تەنیا تابلۆ جلەکەم لەوسەرەوە ھەڵواسراوە (١٩٣٤) کێشا.[80] ھەروەھا چاوپێکەوتنی زیاتری ئەنجام دا لەگەڵ میدیا ئەمریکییەکان.[80] لە مانگی ئایار، دیێگۆ لە کاری وێنەکردن بۆ سەنتەری ڕاکفلر دوور خرایەوە، لەبەرامبەردا کارێکی دیکەی وەرگرت بۆ قوتابخانەی نیویۆرکەرس.[81][82] ھەرچەند کە دیێگۆ حەزی بەوەدەکرد لە ئەمریکا بژیێت، بەڵام فریدا تووشی غەریبی بوو بۆ وڵاتەکەی، لە کانوونی یەکەمی ١٩٣٣ گەڕانەوە ئەمەش بەماوەیەکی کورت لەدوای تەواوکردنی کارەکەیان.[83]
فریدا و دیێگۆ گەڕانەوە مەکسیکۆ ستی، دواتر ماڵیان گواستەوە بۆ ماڵێکی نوێ و لە گەڕەکێکی خانەدانانە لە سان ئەنخێل.[84] ماڵەکە لەلایەن قوتابییەکی لو کۆربوزیێ، خوان ئۆ'گۆرمان دیزاین کرابوو، ئەم ماڵە لە دوو بەش پێکدەھات، لەڕێگای پردێکەوە بەیەکتری بەسترابوونەوە؛ بەشەکەی کالۆ بە شین ڕەنگ کرابوو، بەشەکەی دیێگۆش بە سپی و پەمەیی.[85] دواتر ماڵەکە بووە شوێنی کۆبوونەوەی ھونەرمەندان و چالاکوانانی سیاسیی لە مەکسیک و دەرەوە.[86]
دواتر بۆ جارێکی دیکە، فریدا تووشی کێشە تەندرووستییەکانی بوویە، کاتێک تووشی کێشەی ڕیخۆڵە، دووجار لەبارچوون ھەروەھا قاچی تووشی لاڕەشە (گانگرین) ھات.[87] لەلایەکی دیکەشەوە کێشە کەوتە نێوان خۆی و ھاوسەرەکەی، دیێگۆ بە گەڕانەوەیان بۆ مەکسیک دڵخۆش نەبوو، سەرزەنشتی دەکرد کە بووە ھۆی گەڕانەوەیان.[88] ھەرچەند کە کالۆ متمانەی بە دیێگۆ نەبوو، بەڵام کاتێک بینی دیێگۆ لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کریستینای خوشکی، ئەوا ھەستەکانی بریندار بوون.[89] دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٥ بەم پەیوەندییەی زانی، فریدا ماڵەکەی گواستەوە بۆ شوقەیەک لە ناوەڕاستی مەکسیکۆ ستی و وای دانا لە دیێگۆ جیابووەتەوە.[90] فریدا خۆشی کەوتبووە داوای خۆشەویستی لەگەڵ ھونەرمەند و تەلارسازی ئەمریکی ئیسامو نوگوچی، پەیوەندییەکەیان ئەوەندەی نەکێشا، بەڵام تاکوو مردنی فریدا وەک دوو ھاوڕێ مانەوە.[91][92]
لە ساڵی ١٩٣٥، کالۆ گەڕایەوە سان ئەنخێل و چاوی کەوتەوە بە دیێگۆ و کریستینا. کالۆ دڵی بەوە خۆشبوو کە بووەتە پوور بۆ منداڵەکانی کریستینا، ئیسۆلدا و ئەنتۆنیۆ.[93] وێڕای ئەوەی دیێگۆ و کالۆ ئاشت بوونەوە، بەڵام درێژەیان بە دڵپیسییەکانیان دا.[94] لە ساڵی ١٩٣٦، کالۆ گەڕایەوە ناو سیاسەت و پەیوەندی بە فۆرت ئینتەرناشنال کرد (کۆمەڵە چەپەکەی ترۆتسکی)، ھاوکات بووە دامەزرێنەری لیژنەی گەیاندنی کۆمەک بۆ کۆمارییەکان لەکاتی شەڕی ناوخۆیی ئیسپانیا.[95] فریدا و دیێگۆ بەیەکەوە توانیان حکوومەتی مەکسیک ڕازی بکەن، بۆئەوەی مافی پەنابەریی سیاسیی بداتە لیۆن ترۆرتسکی، دواتریش پێشنیاریان کرد کە خۆی و ژنەکەی ناتالیا سیدۆڤا لە ماڵەکەیان (لا کاسا ئەزول) نیشتەجێبن.[96] ترۆتسکی و ژنەکەی لە ماوەی کانوونی دووەمی ١٩٣٧ تاکوو نیسانی ١٩٣٩ لەو ماڵەدا ژیانیان بەڕێ کرد، لەم دەمەدا کالۆ و ترۆتسکی ھەر نەبوونە ھاوڕێ، بەڵکوو بۆ ماوەیەکی کەمیش پەیوەندی دڵدارییان ھەبوو.[97]
دوای کردنەوەی پێشانگایەک لە پاریس، کالۆ گەڕایەوە نیویۆرک.[98] لەوکاتەدا، تامەزرۆ بوو بچێتەوە لای مورای بەڵام ئەو بڕیاریدا بوو کە کۆتایی بە پەیوەندییەکەیان بھێنێت، بەوەی ژنێکی دیکەی دۆزیبوویەوە و دەیویست ھاوسەرگیری لەگەڵ ئەودا بکات.[99] کالۆ گەڕایەوە مەکسیکۆ ستی، لەوێ دیێگۆ داوکاری جیابوونەوەی پێدا. ھۆکاری ئەم داواکارییەش دیار نەبوو، بەڵام دواتر دیێگۆ بۆ ڕای گشتی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە تەنیا پەیوەندی بەلایەنی یاسایییەوە ھەیە کە لە نەریتی نوێی کۆمەڵگا پەیڕەو دەکرێت، ھیچ پەیوەندی بە لایەنی ھونەری و ئابوورییەوە نییە.[100] بەڵام بەگوێرەی قسەی ھاوڕێکانیان بێت، ھۆکاری جیابوونەوەیان بۆ ئەو پەیوەندییە ئەویندارییانە بوون کە ھەردوولا لەگەڵ کەسانی دیکە ھەیان بوو.[101] لە تشرینی دووەمی ١٩٣٩، کالۆ و دیێگۆ بەفەرمی جیابوونەوە بەڵام ھەروەک دوو ھاوڕێ مانەوە؛ کالۆ خۆی خەرجییەکانی خۆی بەڕێوە دەبرد.[102]
دوای جیابوونەوەی لە دیێگۆ، کالۆ گەڕایەوە بۆ لا کاسا ئەزول، لەو دەمە بڕیاریدا کە خۆی بژیێنێت، ھەموو ئەم ڕووداوانەی ئەم دواییانە وایانکرد کە سەردەمێکی دیکەی چالاکی بۆ فریدا بێتە ئاراوە، ئەمەش بەوەرگرتنی ئەو ئیلھامانە بوو کە لە گەشتەکانی بۆ دەرەوە وەری گرتبوو.[103][104] لەم سەردەمە کارەکانی فریدا، تەکنیکی کەمتری بەکاردەھێنا و پۆرترەیتەکانی کردە قەبارەی چوارگۆشە، ئەمەش وایکرد کە بە ئاسانتر بفرۆشرێن.[105] لەم ماوەیە زۆرێک لە بەرھەمە دیارەکانی خۆی کێشا لەوانە، دوو فریداکە (١٩٣٩)،[106] پۆرترەیتی خود بە قژبڕانەوە (١٩٤٠)،[107] مێزە بریندارەکە (١٩٤٠)،[108] خۆپۆترەیت بە ملوانکەیەکی دڕکاوی و ھەمینگبێرد (١٩٤٠).[109] لە ساڵی ١٩٤٠، بەرھەمەکانی لە سێ پێشانگای ھونەریی نمایشکران؛ لە نێویاندا چوارەمین پێشانگای نێونەتەوەیی سووریالی لە مەکسیکۆ ستی، گۆڵدن گەیت ئینتەرناشنال ئێکسپۆشن لە سان فرانسیسکۆ، ھەروەھا ھونەری مەکیسیکی سەدەی بیستەم لە نیویۆرک.[110][111]
لە ٢١ی ئابی ١٩٤٠، لە کۆیۆئاکان ترۆتسکی تیرۆرکرا، ئەو تا ئەوکاتەش لە مەکسیک دەژیا.[112] بۆ ماوەیەکی کورت وەک بکووژێک، گومان خرایە سەر کالۆ، ئەو لەگەڵ کریستینای خوشکی بۆ ماوەی دوو ڕۆژان دەستبەسەر کران.[113] بۆ مانگی دواتر، فریدا چووە سان فرانسیسکۆ بۆ وەرگرتنی چارەسەر پزیشکی، ئەمەش دوای ئەوەبوو کە دەستی ئازاری ھەبوو.[114] دوای جیابوونەوەکەی، کالۆ بەسەختی ئاڵوودەی مەی ببوو.[115]
لەو کاتەدا، دیێگۆش لە سان فرانسیسکۆ بوو، ئەمەش دوای مردنی ترۆتسکی بوو کە کارێکی لە ئەمریکا پێسپرێردا بوو.[116] لەو کاتەی لە سان فرانسیسکۆ بوو، بۆ ماوەیەکی کورت کالۆ لەگەڵ بازرگانی ھونەر ھێنز بەرگروین کەوتە پەیوەندییەوە.[117][118][119][120] دواتر، لەگەڵ دیێگۆ ئاشت بوویەوە.[121] لە ڕۆژی ٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٠، لە ڕێوەڕەسمێکی سادەدا بۆ دووەمجار ھاوسەرگیرییان کرد.[122] زوو لەدوای ھاوسەرگیرییەکەیان، بەیەکەوە گەڕانەوە مەکسیک. ئەم بەیەکەوەبوونە، کێشەیەکی وایانی بۆ دروست نەکردن،[123] بەوەی ھەردووکیان ئازادی زیاتریان بەیەکتری دا،[124] بەیەکەوە لە لا کاسا ئەزول دەژیان، لەگەڵ ئەوەشدا دیێگۆ ماڵەکەی دیکەی واتە سان ئەنخێل کردە ستۆدیۆیەک بۆ کارکردن.[125] ھەردووکیان درێژەیان دا بە پەیوەندییە دڵدارییە دەرکییەکانیان، کالۆ کە دووڕەگەزخواز بوو، واتە پەیوەندی لەگەڵ ژن و پیاوان دەبەست، بەپێی بەڵگەکان، پەیوەندییەکانی لەگەڵ پیاوان بۆ کالۆ گرنگترن بوون لەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژنان.[126][127]
لە ساڵانی چلەکان، وێڕای وەرگرتنی چارەسەرەکانی سان فرانسیسکۆ، بەڵام تەندرووستی کالۆ بەبەردەوامی خراپ بووە. بەھۆی ھەبوونی کێشە لە دڕکەپەتکی ئەوا فریدا ٢٨ جلی کۆرسێتی دەپۆشی بۆئەوەی پاڵپشتی لە جەستەی بکات، ئەمەش لە ساڵانی نیوان ١٩٤٠ بۆ ١٩٥٤ بەردەوامیی ھەبوو. لەو کاتانەدا، فریدا ھەستی بە ئازار دەکرد لە قاچەکانی ھەروەھا ئەو نەخۆشییەی کە لەدەستی بۆی دروست ببوو، لێی بوو بە نەخۆشییەکی درێژخایەن، فریدا چارەسەریشی وەردەگرت بۆ نەخۆشی سفلس.[128] دوای ئەوەی باوکی لە نیسانی ١٩٤١ کۆچی دوایی کرد، فریدا تووشی خەمۆکی بوو.[123] لەو کاتەدا، فریدا کاتەکانی زیاتر لە لا کاسا ئەزول بەسەر دەبرد بە گرنگیدان بەو ماڵ و باخچەکەی، ھاوکات چەند ئاژەڵێکیشی بەخێو دەکرد لەوانە مەیموونی جاڵجاڵۆکەیی، سەگی مەکسیکی و تووتی.[129] لەوکاتانەدا، فریدا لەناو وڵاتەکەی بەناوبانگ دەبوو، بەڵام ڕەوشی تەندرووستی بەردەوام بەرەو خراپی دەچوو. لە ناوەڕاستی چلەکان گەیشتە بڕیارێک کە ئەو چیتر ناتوانێت چاوەڕێ بکات و دانیشێت.[130] لە حوزەیرانی ١٩٤٥، چووە نیویۆرک بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی دژوار،[131] نەشتەرگەرییەکە شکستی ھێنا،[132] بەقسەی ھێریرا، کالۆ خۆی بەشێک بووە لە ھۆکاری چارەنەبوونی کێشە تەندرووستییەکانی، بەوەی ئەو پشووی نەدەدا کە لێی داواکرابوو، ھەروەھا جارێکیش بەئەندازەیەکی خراپ برینەکەی کردبوویەوە.[132] وێنەکانی ئەو کاتانەی فیردا، دەربڕین بوو لە خراپی ڕەشی تەندرووستی لەوانە، ستوونە شکاوەکان (١٩٤٤)، بێ ھیوا (١٩٤٥)، داری ھیوا، خێرا وەستاو (١٩٤٦)، ھەروەھا ئاسکە بریندارەکە (١٩٤٦).
لە ساڵی ١٩٥٠، کالۆ زۆربەی ساڵەکەی لە نەخۆشخانەی ئەی بی سی لە مەکسیکۆ ستی بەسەر برد، جارێکی دیکە نەشتەرگەری ئێسکی کردەوە.[133] ئەم نەشتەرگەرییە تەندرووستی خراپتر کرد، پێویستی کرد کە نەشتەرگەری دیکەش بکات.[134] دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە، کالۆ لە ماڵەکەی لە لا کاسا ئەزول گیری خوارد، بۆئەوەی ڕێ بکات بەناچاری کورسی و دارشەقەی بەکاردەھێنا.[134] لە کۆتا ساڵەکانی ژیانی، کالۆ کاتەکانی تەرخان کرد بۆ بواری سیاسەت. ئەو جارێکی دیکە لە ساڵی ١٩٤٨، چووە پاڵ حیزبی کۆمۆنیستی مەکسیک.[135] ئەو دەستی بە دروستکردنی کەمپەینی ئاشتی کرد.[136]
لە ساڵی ١٩٥٨، قاچی ڕاستی لە ئەژنۆیەوە بڕایەوە بەھۆی نەخۆشی لاڕەشە (گانگرین).[137] لەو ساتانەدا دەیناڵاند بە خەمۆکی و ڕاڕایی، ئەوەی ھێشتبوویەوە پشت بەستن بوو دەرمانی ئازارشکێنەکان.[137] کاتێک دیێگۆ خەریکی ئەوەبوو پەیوەندییەکی دیکەی دڵداری ببەستێت، کالۆ خەریک بوو خۆی بە دەرمان بکووژێت.[137] لە یادنامەکەیدا، لە شوباتی ١٩٥٤، فریدا نووسی، "ئەوان شەش مانگ لەمەوبەر قاچیان بڕیمەوە، ئەوان سەدەیەکی دیکە لە ئازاریان پێبەخشیم، ئەمەش لە ساتێکدا کە ھۆکارێک نابینمەوە بۆ بەردەوامبوونم. بەردەوام دەبم لەو ویستەی کە دەکەمەوێت خۆم بکوژم.[138]
لە ٢ی تەممووزی ١٩٥٤، لە کۆتا ڕۆژەکانی ژیانیدا، وێڕای ئەوەی تەندرووستی باش نەبوو، بەڵام لەگەڵ دیێگۆ بەشداریکرد لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی لە دژی دەستێوەردانی سی ئای ئەی لەمەڕ کێشەکان و کودەتای گواتیمالا.[139] واپێدەچێت لەوکاتەدا ھەستی بە نزیکبوونەوە لەکاتی مردنی کردبێت، بەوەی لەبارەیەوە قسەی لەگەڵ سەردانیکەرانی دەکرد، ھەروەھا وێنەی ئێسکبەند و فریشتەی لەسەر دەفتەری یادنامەکەی کێشا.[140] دوایین وێنەشی، فریشتەیەکی ڕەش بوو، وەک ھایدن ھێرێرا، ژیاننامەنووسی کالۆ ئەمەی وەک فریشتەی مەرگ لێکداوە.[140] لە کۆتا نووسینیدا کالۆ نووسی، «بەشادییەوە چاوەڕێی دەرچوون دەکەم - و ھیوادارم ھەرگیز بۆی نەگەڕێمەوە. — فریدا»[140]
باروودۆخی کالۆ خراپتر دەبوو، شەوی ١٢ی تەممووزی ١٩٥٤ کۆتا شەوی بوو، کالۆ تایەکی بەرز و ئازارێکی زۆری ھەبوو.[140] نزیکی ٦ی بەیانی بوو، لە ١٣ی تەممووزی ١٩٥٤، پەرستیارەکەی کالۆی بە مردوویی لەسەر جێگا بینی.[141] لە تۆماری فەرمیدا، ھۆکاری مردنی کالۆ بە جەڵتەی سی نووسراوە.[140] ژیاننامەنووس ھێرێرا مشتموڕی ئەوەی کردووە کە ئەگەری ھەیە کالۆ خۆی کوشتبێت.[142][140] ئەو پەرستیارەی کە کالۆی بە مردوویی بینی، ئاماژەی بەوە کردووە لەکاتی پشکنینی بۆ بەکارھێنانی دەرمانەکانی کردووە، ئەوا بۆی دەرکەوتووە لە شەوی مردنیدا دەرمانی ئازارشکێنی زۆر خواردووە، لە کۆی ٧ دەرمان ئەوا ١١ی خواردووە.[143] ھەر لەو شەوەدا، فریدا دیارییەکی بۆ دیێگۆ جێھێشت بەبۆنەی ساڵیادی ھاوسەرگیرییەکەیان، ھەرچەند کە مانگێک مابوو بۆ ئەو یادە.[143]
لە ١٣ی تەممووز، جەستەی فریدا برایە پالاسیۆ دی بێلاس ئارتیس، لەوێ لەژێر ئاڵایەکی کۆمۆنیستیی دانرا. ڕۆژی دواتر، لەنێوان خزم و ھاوڕێکانی لە پرسە و ماتەمینێکی نافەرمی ئامادەبوون، بە سەدان لە ھەوادارانیشی لە دەرەوە ئامادەبوون.[144] لەسەر ویستی خۆی، جەستەی فریدا بەخۆڵەمێشی کرا.[144] دیێگۆ لەبارەی ئەم ڕۆژەوە وتی، «ئەوە تراژیدیاترینن ڕۆژە لە ژیانم.» دوای سێ ساڵ، دیێگۆ لە ساڵی ١٩٥٧ کۆچی دوایی کرد.[144] خۆڵەمێشەکەی فریدا لە ناو گۆزەیەکی کۆنی پێش سەردەمی کۆلۆمبی لە لا کاسا ئەزل دانراوە، لە ساڵی ١٩٥٨ ماڵەکەی وەک مۆزەخانەیەکی گشتی کرایەوە.[144]
کالۆ ھەر لە منداڵییەوە خولیای کاری ھونەری و وێنەکێشان پەرەی سەند، بەتایبەتیش کاتێک وێنەکێش فێرناندۆ فێرناندێز (ھاوڕێی باوکی)[145] ڕێنمایی دەکرد، کالۆ لەسەر دەفتەرەکەی وێنەکەی دەکێشا.[146] لە ساڵی ١٩٢٥، بۆ یارمەتیدانی خێزانەکەی دەستی بەکارکردن کرد.[147] یەکێک لەو کارانە لەگەڵ فێرناندێز بوو کە بەیەکەوە خەریکی کاری نەخش کردن بوون.[34] ھێرناندێز سەرسامیی بەھرەمەندی فریدا بوو،[148] ئەمەش وێڕای ئەوەی لەوکاتەدا فریدا خەون و خولیای ئەوەی نەبوو ببێتە ھونەرمەند، ھونەر بکاتە پیشەی خۆی.[146]
بەھۆی ڕووداوی پاسەکەوە کە لە ساڵی ١٩٢٥ تووشی ھات، کالۆ سێ مانگ لەسەر جێگا کەوت، دوای ئەم ڕووداوە دەستی کرد بە وێنەکێشان.[149] لەبەرئەوەی پێش ڕووداوەکە، خولیای بوونی بە پزیشک ھەبوو، ھەر بۆیە لە سەرەتاکان وەک وێنەکێشی پزیشکی دەستی پێکرد، بەمەش خولیاکانی لە ھونەر و زانست تێکەڵکێش کرد. دایکی تەختەیەکی نیگارکێشی تایبەتی بۆ دروست کرد، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانێت لەسەر جێگاکەشی خەریکی کاری وێنەکێشان بێت، باوکیشی کۆمەڵێ ڕەنگی زەیتی خۆی پێشەشکرد، کالۆ ئاوێنەیەکیشی ھەبوو، بەھۆی ئەوەوە خۆی دەبینی و وێنەی خودی خۆی کێشا.[150][151] وێنەکێشان وای لە فریدا کرد بەدوای پرسیارەکانی شوناس و بوون بگەڕێت.[152] لە بارەی وێنەکێشانەوە، فریدا وتویەتی، «وێنەی خۆم دەکێشم، چونکە ھەندێک کات بەتەنیام و من توخمێکم، ئەوە بەباشترین شێوە دەزانم.»[153] دواتر ئەوەشی درکاند کە ئەو ڕووداوە و ماوەی چاکبوونەوە وای لێکرد «جارێکی تر دەستپێبکەمەوە، وێنەکێشان ھەر ئەوەیە کە بە چاوانم دەیبینم. لەوە زیاتر نییە.»[154]
زۆرترین ئەو تابلۆیانەی کە لەم کاتەدا کالۆ دەیکرد، پۆرترەیتی خۆی، خوشکەکانی و ھاوڕێیانی قوتابخانەی بوون.[155] وێنە سەرەتایییەکانی کالۆ سەرچاوەی ئیلھامیان لە ھونەرمەندە ئەورووپییەکان سەرچاوەی گرتبوو، بەتایبەت مامۆستایانی سەردەمی ڕێنیسانس وەک ساندرۆ بۆتیچلی، برۆنزینۆ، ھەروەھا لە بزووتنەوە ئاڤانت-گارد.[156]
کاتێک لە ساڵی ١٩٢٩، لەگەڵ ھاوسەرەکەی دیێگۆ چوونە ویلایەتی مۆریلۆس ئەوا فریدا ئیلھامی لە شاری کویرناڤاکا وەرگرت، ئەو شارەی کە لێی دەژیا.[64] لەو دەمە، فریدا شێوازی ھونەری خۆی گۆڕی، کەوتە ژێر کاریگەری فۆلکلۆر و کەلەپووری مەکسیکی.[157] بەپێی قسەی مێژوونووسی ھونەر، ئەندریا کیتێنمان ئەوا ئەگەری ھەیە کە فریدا کەوتبێتە ژێر کاریگەریی وێنەکێشەی مەکسیکی ئەدۆلفۆ ماوگارد.[158] شووناسی فریدا وەک کەسێکی لا ڕازای مەکسیکی، و ئەو خولیایەی پێشووی لەبارەی کەلتوور ھەیبوو بوونە ڕوخساری ھونەری بۆ تەواوی کارەکانی فریدا کالۆ.[159]
کاتێک کالۆ و دیێگۆ لە ساڵی ١٩٣٠ چوونە سان فرانسیسکۆ، کالۆ ئاشنایەتی لەگەڵ ھونەرمەندانی ئەمریکی پەیدا کرد لەوانە ئێدوارد ویستن، ڕالف ستاکپۆل، تیمۆتی ئێل فلویگەر و نیکۆلاس مورای.[69] بەسەربردنی شەش مانگ لە سان فرانسیسکۆ بۆ فریدا ماوەیەکی پڕ لە بەرھەم بوو،[160] لەوکاتەدا گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینی بەراورد بەوەی لە شاری کویرناڤاکا دەستی کەوتبوو.[161] ھەروەھا گرێبەستی زیاتر بۆ کاکردن بۆ وێنەکێشانی پۆرترەیتی بەدەستھێنا.[162] لە ساڵی ١٩٣١، تابلۆی فریدا و دیێگۆ ڕیڤێرای تەواوکرد، ئەم تابلۆیە لە دوو پۆرترەیتی خۆی و دیێگۆ پێکدێت کە بە تابلۆی ھاوسەرگیرییەکان دەناسرێت،[163] ھەر لەو ساڵەدا، تابلۆی پۆرترەیتی لوتەر بێربانکی تەواوکرد، لە وێنەکە پۆرترەیتی لوتەر لەگەڵ درەختێک تێھەڵکێش کرابوون.[164] وێڕای ئەوەی فریدا زیاتر خۆی وەک کەسێکی سادە و ژنی دیێگۆ پشان دەدا لەوەی وەک ھونەرمەندێک،[165] بەڵام لە شەشەمین پێشانگای ساڵانەی کۆمەڵگای ژنانی ھونەرمەند لە سان فرانسیسکۆ بە تابلۆی فریدا و دیێگۆ ڕیڤێرا بەشداربوو، پێشانگاکە لە کۆشکی لیگیۆن ئۆف ئۆنەر ئەنجامدرا.[166][167]
دواتر کە لەگەڵ دیێگۆ چوونە دێترۆیت، کالۆ تووشی چەند کێشەیەکی تەندرووستی بوو لەوانەش دووگیانبوون.[78] سەرباری ئەو کێشە تەندرووستیانە و ڕقبوونی لە کەلتووری سەرمایەداریی (کاپیتالیست) ئەمریکا، مانەوەی لەو شارەدا ئیلھامی زیاتری پێبەخشی بۆ پشاندانی دەربڕینە ھونەرییەکانی. لەو دەمە، فریدا فێری تەکنیکی زیاتر بوو،[168] ھەروەھا تابلۆکانیشی پەیام و گێڕانەوەی زیاتری لە خۆ ھەڵدەگرت.[169] ھەروەھا دەستیکرد بە پشاندانی «تیرۆر، ناڵاندن، برین و ئازار» لە ڕووکاری تابلۆکانی.[170][171] لە دێترۆیت چەند کارێکی دیکە ئەنجامدا، لەو تابلۆیانەش وەک نەخۆشخانەی ھێنری فۆرد (١٩٣٢)، لەدایکبوونم (١٩٣٢)، پۆرترەیتی خۆد لەسەر سنووری مەکسیک و ویلایەتە یەکگرتووەکان (١٩٣٢).[168] لەوکاتەی لە دیترۆیت بوو، ھیچێک لە کارەکانی لە پێشانگاکان نمایش نەکران، کالۆ لە چاوپێکەوتنێکی میدیایی لەگەڵ دێترۆیت نیوز بەشدار بوو، قسەی لەبارەی ھونەرەکانی خۆی کرد.[172]
دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٤، گەڕایەوە مەکسیکۆ ستی، کالۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ ھیچ تابلۆیەکی نوێی نەبوو، ئەمەش بەھۆی کێشە تەندرووستییەکانی.[173] لە ساڵی ١٩٣٧ و ١٩٣٨، ژیانی پیشەگەریی کالۆ بەرھەمدار بوو، ئەمەش دوای جیابوونەوە و ئاشتبوونەوەی بوو لەگەڵ دیێگۆ. لەم ماوە کورتەدا، تابلۆی زیاتری دروستکرد بەراورد بە ھەشت ساڵی کاتی ھاوسەرگیرییەکەی، لەم ماوەیەدا چەند تابلۆیەکی کێشا لەوانە، من و پەستیارەکەم (١٩٣٧)، بیرەوەری، دڵەکە (١٩٣٧)، چوار دانیشتووانەکەی مەکسیک (١٩٣٨)، ھەروەھا ئاو چی پێ بەخشیم (١٩٣٨).[174] ھەرچەند خۆی دڵنیا نەبوو لە باشی کارەکانی، لە سەرەتاکانی ١٩٣٨، زانکۆی ناشنال ئۆتۆنۆمی مەکسیک بەشێک لە کارەکانی فریدای لە پێشانگایەک نمایش کرد.[175] یەکەم گەورە فرۆشی بەرھەمەکانی، لە ھاوینی ١٩٣٨ بوو، کاتێک ئەستێرەی فیلم و کۆکرەوەی بەرھەمی ھونەری، ئێدوار گی ڕۆبنسن چوار لە تابلۆکانی فریدای کڕی، بۆ ھەریەکێکیان بڕی ٢٠٠ دۆلاری ئەمریکا دا.[175] لەوە زیاتر، لە نیسانی ١٩٣٨، وێنەکێشی سوریالیستی-فەڕەنسی ئاندرێ بریتۆن سەردانی دیێگۆی کرد. لەو دەمە، بریتۆن سەرسامی کارەکانی کالۆ بوو، ڕاستەوخۆ ئەوی بە سوریالیست دانا، لەوەسفی کارەکانیشی وتی، «وەک شریتێک وان لەدەوری بۆمبێک».[176] ئەو نەک تەنیا بەڵێنی بە کالۆ دا کە پێشانگایەکی بۆ بکاتەوە لە پاریس، بەڵکو نامەیەکیشی نووسی بۆ ھاوڕی و بازرگانی ھونەری، جولیەن لێڤی کە دواتر بانگێشتی فریدای کرد بۆ بەشداریکردن لە یەکەمین پێشانگای تاکەکەسی خۆی لە مەنھاتن.[177]
لە تشرینی یەکەم، کالۆ بەتەنیا گەشتی کرد بەرەو نیویۆرک، لەوێ بەدرێسێکی ڕەنگاوڕەنگی مەکسیکی دەرکەوت، ئەمەش وایکرد بە نامۆ و جیاواز دەربکەوێت.[176] پێشانگاکەی فریدا لە تشرینی دووەم کرایەوە، کەسایەتی ھونەرمەند و بەناوبانگی وەک جۆرجیا ئۆکیفی و کلێر بووت لوسی ئامادەبوون، بەھۆی ئەم پێشانگایەوە، فریدا گرنگی میدایی بەدەست ھێنا، ھاوکات کۆمەڵێک ڕەخنەگریش بۆچوونی توندیان لەسەر کارەکانی بڵاوکردەوە.[178] سەرباری بوونی بێبازاڕیی مەزن، کالۆ نیوە لە ٢٥ تابلۆ نمایشکراوەکانی پێشانگاکەی فرۆشت.[179] دوای ئەوە کاری دیکەی وەرگرت لەلایەن ئەنسن گوودیەر (ئەوکاتە سەرۆکی مۆزەخانەی مۆدێرن ئارت بوو لە نیویۆرک)، ھەروەھا کلێر بووت لوسی، کە بۆ ئەویان وێنەی پۆرترەیتی ھاوڕێکەی دۆرۆتی ھال کێشا، ناوبراو خۆی کوشتبوو بەخۆ فڕێدانی لە باڵەخانەکەیەوە.[180] لە ماوەی ئەو سێ مانگەی لە نیویۆرک بەسەری برد، فریدا زۆر بەکەمی وێنەی دەکێشا، لەبڕی ئەوە چێژی لە گەڕانکردن بەناو شارەکە بەسەر دەبرد لەپێناو باشتربوونی ڕەوشی تەندرووستی.[181] ھەر لەوکاتەدا، چەندجارێک کەوتە پەیوەندی لەگەڵ ھەریەکە لە نیکۆلاس مورای، لێڤی و ئیدگار کاوفمان جونیۆر.[182]
لە کانوونی دووەمی ١٩٣٩، کالۆ چووە پاریس لەسەر بانگیشتنامەی ئەندرێ بریتۆن بۆئەوەی لە پێشانگای نمایشکردنی کارەکانی ئامادەبێت.[183] کاتێک کالۆ گەیشتە پاریس، بۆی دەرکەوت کە ئەندرێ ھیچێک لە تابلۆکانی ئەوی لە تێچووی گومرگ پاکنەکردووەتەوە، ھەروەھا ئەو خاوەنی ھیچ پێشانگایەکیش نییە. بە ھاوکاری مارسێل دوشامپ، فریدا پێشانگایەکی بۆ کارەکانی بکاتەوە.[184] دواتر فریدا تووشی کێشەی دیکە بوویەوە، پێشانگاکە ڕەتی کردەوە ھەندێ لە کارەکانی نمایش بکات، بەھۆکاری ئەوەی کە زۆر شۆکھێنەرن بۆ ئامادەبووان.[185][186]
پێشانگاکە لە مانگی ئازار کرایەوە، بەڵام پێشوازییەکی کەمتری لێکرا بەراورد بەوەی لە ئەمریکا لێی کرابوو، ڕەنگە ھۆکاری جەنگی جیھانیی دووەم بووبێت، ھەموو ئەمانەش زیانی دارایی بە کالۆ گەیاند، بووە ھۆکارێکیش بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پێشانگایەکی لە لەندەن.[187] ھاوکات، مۆزەخانەی لووڤر تابلۆ زە فرەیمی لێ کڕییەوە، بەمەش بووە یەکەم ھونەرمەندی مەکسیکی لەلایەن مۆزەخانەکەوە بەرھەمێکی کۆبکرێتەوە.[188] لە پاریس، لەلایەن ھونەرمەندانی ناسراو پێشوازی گەرمی لێکرا لەوانەش پابلۆ پیکاسۆ و خوان میرۆ.[186] ھەر لە گەشتەکەی پاریس، وێنەیەکی فریدا خرایە سەر ڕووپەڕی گۆڤاری ڤۆگی (چاپی پاریس).[187] سەرباری ھەموو ئەوانە بیرووباوەڕی خۆی لەسەر پاریس و سووریالیستەکان ھەر بە نەرێنی مایەوە، لە نامەیەکی بۆ مورای نووسی، ئەوان «کۆمەڵە کووکوویێکی گەلحۆ و سووریالیستی زۆر گێژن» ،[186] ھەروەھا «ئەوان زۆر گێلن، من چیتر بەرگە ناگرم لایان بمێنمەوە».[189]
لە ئەمریکا، تابلۆکانی کالۆ بەردەوام نرخیان بەرز دەبوویەوە. لە ساڵی ١٩٤١، کارەکانی لە پەیمانگای ھونەری ھاوچەرخ لە بۆستن پشاندران، دوای ساڵێک لەوەش، بەشداری لە دوو پێشانگای ھونەرمەندە گەورەکانی کرد لە نیویۆرک. تابلۆی پۆرترەیتی سەدەی بیستەم لە پێشانگاکانی مۆزەخانەی مۆدێرن ئارت لە نیویۆرک و پێشانگای یەکەم کاغەزی سووریالی نمایشکران.[190] لە ساڵی ١٩٤٣، بەشداری کرد لە پێشانگای ھونەری مەکسیکی ئەمڕۆ لە مۆزەخانەی ھونەریی فیلادلفیا و ژنانی ھونەرمەند لە گالێری زە ئارت ئۆف زیس سێنتری لە نیویۆرک کرد.[191] دواتر کالۆ لە ناوخۆی مەکسیک زیاتر ناسرا. کالۆ بووە ئەندامی دامەزرێنەری سیمیناریۆ دی کەلتورا مێکسیکانا، گرووپێکی ٢٥ ھونەرمەندی بوون، کە لە ساڵی ١٩٤٢، لایەن وەزارەتی پەروەردەوە ئەرکیان پێ سپێردرا، بۆ ئەوەی زانیاری لەبارەی کەلتووری مەکسیکی لە نێو خەڵک بڵاوبکەنەوە.[192] وەک ئەندامێک، ئەرکی ڕێکخستنی پێشانگا و ئامادەبوون لە کۆنفرانسەکانی ھونەری گرتە ئەستۆ.[193] لەساڵانی ١٩٤٣ و ١٩٤٤، کالۆ لە دوو پێشانگای ھونەری لە مەکسیک بەشداربوو.[194] وتارەکەی دیێگۆ لەسەر ھونەری فریدا لەو ڕۆژنامەیە بڵاوبوویەوە کە لەلایەن سیمیناریۆ دی کەلتورا مێکسیکانا چاپدەکرا.[195]
لە ساڵی ١٩٤٣، کالۆ بووە مامۆستا،[196] ھانی قوتابییەکانیشی دەدا بۆ ئەوەی کە بەشێوەیەکی ئازادانە و ناڕەسمی مامەڵە لەگەڵ ئەودا بکەن، ھەروەھا ھانیدان بۆ ئەوەی فەرھەنگ و کەلەپووری مەکسیکییان خۆش بوێت و وەک توخمێک لە کارەکانیان لەسەر شەقام بەکاری بھێنن.[197] کاتێک باری تەندرووستی ڕێگری لەکاری مامۆستایەتی ئەو دەکرد، ئەوا وانەکانی بردە ماڵەکەی لە لاکاسا دی ئەزول.[198] چوار لە قوتابییەکانی، فانی ڕابێل، ئەرتورۆ گارسیا بوستۆس، گویلێرمۆ مۆنرۆی، ھەروەھا ئەرتورۆ ئستاردا بوونە ھەواداری فریدا، ھەندێکجار بە «لۆس فریدۆس» بانگدەکران.[199] کالۆ سێ کاری ھونەریی سەر شەقامی بۆخۆی و قوتابییەکانی دەستەبەر کرد.[200] لە ساڵانی چلەکان، گوزەرانی ئابووری کالۆ باش نەبوو، ئەمەش لەبەر ئەوەبوو کە ستایلی کارەکانی لەگەڵ خواستی کڕیارەکان یەکانگیر نەدەبوون.[201] لە سەرەتای چلەکان، دوو کاری پێدرا لەلایەن حکوومەتەوە، کاری یەکەمیانی تەواونەکرد، لەوانەیە لەبەر ئەوەبووبێت کە خۆی حەزی بەبابەتەکە نەکردبێت، کاری دووەمیشی لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیار ڕەتکرایەوە.[201] سەرباری ئەوانەش، ئەو ھەر کڕیاری تایبەتی ھەبوو، یەکێک لەوانەش ئەندازیار ئێدواردۆ مۆریلۆ سافا بوو، ئەو زیاتر لە ٣٠ پۆرترەیتی ئەندامانی خێزانەکەی داواکردبوو لەماوەی ئەو دە ساڵەدا.[201] دواتر گوزەرانی ئابووری باشتربوو کاتێک لە ساڵی ١٩٤٦، بڕی ٥٠٠٠ پیسۆی وەرگرت بۆ تابلۆی موسا (١٩٤٥)، ھەروەھا کاتێک لە ساڵی ١٩٤٧، تابلۆی دوو فریداکە لەلایەن مۆزەخانەی ھونەری ھاوچەرخ کڕا. بە قسەی مێژوونووسی ھونەری ئەندریا کاتینمان، لە ناوەڕاستی چلەکان، فریدا وێنەی ھەر چ شتێکی کێشابێت ئەوا لە پێشانگاکان پشاندراوە، ھەروەھا مارتا زامۆرا، ئەوەی نووسیوە کە لەو سەردەمە وێنەی ھەرچی کێشابێت ئەوا فرۆشراوە، تەنانەت ھەندێکجار وێنەی تەواونەکراویشی فرۆشراوە کاتێک لەسەر تەختەی وێنەکێشان بووە.[202]
لە کۆتا ساڵەکانیدا، کالۆ لەناوخۆی مەکسیکدا ناوبانگی پەیدا کردبوو، لەگەڵ ئەوەشدا تەندرووستی ھەر بەرەو خراپ بوون دەچوو، نەشتەرگەرییەکی کرد بۆ بڕبڕەی بەڵام شکستی ھێنا.[132] لەو کاتەدا، چەند تابلۆیەکی کێشا لەوانە، ستوونە شکاوەکان (١٩٤٤)، بێ ھیوا (١٩٤٥)، داری ھیوا، خێرا وەستاو (١٩٤٦)، ھەروەھا ئاسکە بریندارەکە (١٩٤٦)، ھەموو ئەو تابلۆیانە ڕەنگدانەوەی خراپی ڕەوشی تەندرووستی جەستەی ئەو بوون.[132] لە کۆتا ساڵانی تەمەنیدا، کالۆ کە زیاتر لە لاکاسا ئەزل بوو، دەستیکرد بەکارکردن لەبابەتی سروشت/ژیان لەڕێگای وێنەکێشانی میوە و گوڵ لەگەڵ سیمبوڵی سیاسیی وەک ئاڵا و کۆتر.[203] لە بارەی کارە سیاسییەکانی وتویەتی، «بێ ئۆقرەیییەکی گەورەم ھەیە لەبارەی تابلۆکانم. زیاتر لەبەر ئەوەیە دەمەوێت سوودیان ھەبێت بۆ شۆڕشی کۆمۆنیستی… تا ئێستا بە سادەیی و ڕاستگۆیانە لەبارەی خۆم دواوم… دەبێت بەوپەڕی توانامەوە کاربکەم بۆئەوەی وابکەم کە ئەو بڕە کەمە تەندرووستییەی ھەمە، ڕێگام بدات لە سوودی شۆڕش بەکاری بھێنم، ئەوە تاکە ھۆکاری ڕاستەقینەی مانەوەمە لە ژیان.»[204][205][135]
وێنەگر لۆلا ئەلڤارێس براڤۆ لەوە گەیشت بوو کە کالۆ لە کۆتا ساڵەکانی ژیانیدایە، ھەربۆیە یەکەمین پێشانگای تاکەکەسی بۆ کالۆ کردەوە لە مەکسیک، ئەمەش لە نیسانی ١٩٥٣ بوو.[206] سەرەتا بەھۆی نەخۆشییەکەیەوە نەیتوانی ئامادەبێت، بەڵام دواتر داوای کرد لەسەر جێگاکەیەوە بیگوازنەوە بۆ ھۆڵی گالێری پێشانگاکە. کالۆ بە ئەمبولانسێکەوە گەیەندرایە گالێرییەکە، لەوێ بە ئامادەبوونی میوانەکانی سەرسام کرد، کالۆ لەماوەی ئاھەنگی گالێرییەکە بەشداری کرد.[206] ئەم پێشانگایە لەناوخۆی مەکسیک و دەرەوەش بووە جێگای سەرنجی میدیاکان.[207] ھەر لەو ساڵەدا، لە پێشانگایەکی گالێری تیت، لە لەندەن دەربارەی ھونەری مەکسیکی، پێنج لە تابلۆکانی فریدا نمایشکران.[208]
لە نیسان و ئایاری ١٩٥٤، کالۆ جارێکی دیکە لە نەخۆشخانە خەوێندرا.[209] دواتر ھەر لە بەھاری ئەو ساڵەدا، فریدا دەستی کردەوە بەکاری وێنەکێشان، ئەمەش دوای نزیکەی ساڵێک بوو لە دابڕان.[137] کۆتا تابلۆکانی سیاسیی بوون لەوانە، مارکسیزم لە تەندرووستی بۆ نەخۆشی دەبەخشێت (دەورووبەری ١٩٥٤)، تابلۆی فریدا و ستالین (دەورووبەری ١٩٥٤)، ھەروەھا تابلۆیەک لە جۆری ژیان لەژێر ناونیشانی، ڤیڤا لا ڤیدا (١٩٥٤).[210]
ژمارەی ئەو تابلۆیانەی کە کالۆ لەماوەی ژیانیدا کێشابووی نەزانراوە، لەگەڵ ئەوەش بەپێی ئەگەرەکان بەنزیکەی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ تابلۆ دەخەملێندرێت.[211][212][213] ئەو تابلۆیانەی کە سەرەتا لە دەیەی بیستەم دەیکێشا لەژێر کاریگەری ڕێنیناس و مامۆستایانی ئەورووپی بوون، لەنێویشاندا ساندرۆ بۆتیچلی و ئەمیدیۆ مۆدیلیانی.[214] تا لەکۆتایییەکانی ئەو دەیەیە، کالۆ ھەنگاوی نا بۆ وەرگرتنی ئیلھام لە کەلەپوور و فۆلکلۆری مەکسیکی،[215] لە تابلۆکانیدا، توخمەکانی «خەیاڵ، بێتاوان، سۆز و تووندووتیژی و مەرگ» بەرچاو دەکەون.[216] ستایلی کالۆ تێکەڵەیەک بووە لە نێوان سووریالیزم و واقعی، کارەکانی دەربڕین بوو لە ئازار و مردن.[217]
لە سەرەتادا، لای فریدا یەکێک لە ھونەرمەندە پاڵەوانەکانی، ئەندرێ بریتۆن بوو، ئەو کاتێک فریدای بینی ئەوا وەک یەکێک لە بزووتنەوەی سووریالیستی دانا و پێشی گوت کە وەک ھونەرمەندێک دەبێت ستایلی خۆی ھەبێت.[218][219] بریتۆن کالۆی وەک ھێزێکی ژن دەبینی بۆ بزووتنەوەی سووریالی. کالۆ پرسی دوای-کۆلۆنیالیزیمی لە کارەکانی بە سووریالیزم ورووژاند.[220][221] بەڵام دواتر فریدا ڕایگەیاند کە ڕقی لە سووریالیزمە، بەھونەرێکی بورژوازی (چینی ناوەند) دانا و ھەروەھا پێی وابوو، «ئەو ھونەرە ڕاستەقینەیە نییە کە خەڵک لە ھونەرمەندی دەوێت».[222] ھەندێ لە مێژوونووسانی ھونەر بۆچوونیان جیاوازە کە فریدا بخەنە پاڵ بزووتنەوەی سووریالیزم، پێیان وایە ئەو ھەرگیز سووریالیزم نەبووە. بەپێی قسەی ئەندریا کیتێنمان، کالۆ زیاتر ھونەرمەندێکی سیمبوڵی بووە، ئەو ویستوویەتی ئەزموونی ناخی خۆی دەرببڕێت.[223] ئێما دێکستەر لەبارەی کالۆوە وتوویەتی، کارەکانی کالۆ تێکەڵەی خەیاڵ و واقع بوون، بەتایبەتیش لە نێوان میتۆلۆژیای ئەزتێک و کەلەپووری مەکسیکییە لەوەی ھونەرێکی سووریالیستی بێت، واباشترە کارەکانی کالۆ وەک بەرھەمێک لە نێوان ڕیالیزمی سیحری و خەیاڵیدا ببینین.[224]
ھاوشانی ھونەرمەندە مەکسیکییەکانی ئەو سەردەمە، کالۆ بەچڕی کەوتە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی مێکسیکاندید، کە ناسیۆنالیزمێکی ڕۆمانتیکانە بوو لەدەرەنجامەکانی شۆڕش دروست ببوو.[225][226] ئامانجی ئەم بزووتنەوە ئەوەبوو کە دژی بەبچووک زانینی کەلتووری وڵاتەکەیان بووەستنەوە کە لەلایەن وڵاتی کۆلۆنیالیستەوە دروست کرابوو، لەبەرامبەردا گرنگی کەلتووری ڕەسەنیان شی دەرکردەوە.[227] بەر لە شۆڕش، کەلتوور و کەلەپووری مەکسیکی ببووە تێکەڵەیەک لە بابەتی ڕەسەن و توخمی ئەورووپییەکان، ئەمەش لەلایەن دەسەڵاتدار و خانەدانەکانەوە جێی نیگەرانی بوو، ئەوان دەیانویست تەواوی شارستانییەتی وڵاتەکە بگوازنەوە سەر ئەورووپا و ئەوەیان بەھۆکاری پێشکەوتنیان دەزانی.[228] لەوکاتەدا، ئامانجی کالۆ ئەوەبوو کە وێنەی خەڵکی مەکسیک بکات، و ئەوەشی وت، «ھیوادارم ببێتە شتێکی بەنرخ، وێنەی ئەو خەڵکانە دەکەم کە خۆم بەیەکێک لەوان دادەنێم و ئەم بیرکردنەوەیەش بەھێزترم دەکات».[222]
کاتێک لە ساڵانی بیستەکان، کالۆ دەستی بە وێنەکێشان کرد، ھونەری نیگارکێشانی سەر دیوار لە مەکسیک برەوی سەندبوو. ھونەرمەندە مەکسیکییەکان ئەم ھونەرەیان بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسیی بۆ خەڵک بەکاردەھێنا.[229] وێڕای ئەوەی کە کالۆ لەگەڵ ھونەرمەندان و نیگارکێشانی سەر دیوار نزیکایەتی ھەبوو لەوانە، دیێگۆ ڕیڤێرا، خۆزێ کلیمێنتی ئرۆزکۆ و دەیڤد ئالفارۆ، بەڵام کالۆ زیاتر خەریکی وێنە پۆرترەیتەکانی خۆی و دروستکردنی تابلۆ بوو بە قەبارەی بچووک.[230] ئەمەش بەتایبەت لە ساڵانی سییەکان وابوو، کاتێک وێنەکێشە ئاست ناوەندییەکان خەریکی وێنەکردن بوو لەسەر ماددەی بچووک، بەتایبەتیش وێنە ئاینییەکان.[231][232] کالۆ نزیکەی ٢٠٠٠ وێنەی لەسەر ماددە بچووکەکان کێشاوە، کە دواتر لە ماڵەکەی لە لاکاسا ئوزول وەک نمایش داینابوون.[233] بەقسەی لاورا مولڤی و پیتەر وۆڵن، وێنەکێشانی فریدا لەسەر ماددەی بچووک (ھونەری ڕیتابلۆ)، وایانکرد کە باشتربێت لە ھونەری گێڕانەوە و باسکردن.[234]
زۆرێک لە تابلۆکانی فریدا لاسایی کردنەوە بوون بە یەو پۆرترەیتە کلاسیکییانەی سەردەمی کۆلۆنیالیزم، ئەو بە وێنەکانی ئەوەی پشاندا ئەم ھونەرەی ئەوان ئەوەندە سەرنجڕاکێش نییە بەراورد بە واقیع.[235] کالۆ لەنێو ھونەرمەندە مەکسیکییەکان زیاتر کاریگەر بوو بە ھیرمێنگیلدۆ بوستۆس، ئەو زیاتر خەریکی وێنەکشانی تابلۆی کەلتووری مەکسیکی و ژیانی جوتیاران بوو، ھەروەھا فریدا سەرسام بوو بە خۆزێ گوادالوپە پۆسادا، ئەو وێنەی ڕووداوەکان و تاوانی لەڕێی ھونەری تیزەوە دەکێشا.[236] کالۆ ئیلھامیشی لە کارەکانی ھیرۆنیموس بۆچ وەرگرت، فریدا ئەوی بە «پیاوی ژیر» ناودەھێنا، ھەروەھا بۆ کارەکانی پیتەر بروگێل ئلدەر، کە ناوبراو خەریکی وێنەکردنی سروشت بوو.[237] شاعیری مەکسیکی ڕۆزاریۆ کاتێلانۆس، کاریگەری لەسەر فریدا ھەبوو بەتایبەت کە ناوبراو گرنگی بە جەستەی ژنان دابوو، باسی لە ئازارە جەستەیی و سۆزدارییەکانی ژنانی کردبوو.[215]
زۆرجار لە تابلۆکانی کالۆ، وێنەی ڕەگ دەبینرێت کە لە جەستەیەوە بەرزبووەتەوە، لەلایەنی ئەرێنییەوە وەک گەشەپێدانی خود دەبینرێت، لەبەرامبەردا وەک لایەنێکی نەرێنی ئەوا وەک گیرخواردن لە شوێن، کات و باروودۆخێکی دیاریکراو دادەنرێت، ھەندێک کەسی دیکەش ئەمە بەجۆرێکی دیکە لێکدەدەنەوە، ئەوان پێیان وایە کە ئەمە نیشانی یادەوەرییەکانی ڕابردووە کە چۆن کاریگەرن بەسەر ژیانی ئەمڕۆدا جا چ بە باشە یان بە خراپە.[238] لە تابلۆی من و باوانم، کالۆ وێنەی خۆی وەک کچێکی ١٠ ساڵانە کێشا ھەروەھا قردێلەیەکی ھەڵگرتووە کە لە شێوەی دارێک درێژدەبێتەوە و وێنەی پۆرترەیتی ھەردوو داپیرە و باپیرەی (دایبابی باوک و دایکی) ھەڵگرتووە، ھەروەھا قاچی چەپی فریدا لە درەختێکەوە دەردەچێت، ھەموو ئەوانە ڕەنگدانەوە بیری کالۆن بۆ یەکگرتنی مرۆڤایەتی لەگەڵ زەوی، ھەروەھا ھەستی خۆیەتی بۆ یەکێتیی مەکسیکییەکان.[239] لە تابلۆکانی فریدا، دار ھێمای ھیوایە بۆ ئەو بەھێزی و بەردەوامییەی کە نەوەکان دەبڕێت.[240] قژ لە تابلۆکانی کالۆ و ھێمای گەشەکردن و ژنایەتی بەکارھاتووە، لە تابلۆی پۆرترەیتی خود بە قژبڕانەوە، کالۆ وێنەی خۆی بە قاتێکی پیاوانە و قژێکی بڕاوە کێشا. لە تابلۆکەدا، کالۆ مەقەسێکی بەدەستەوەیە و لە نزیکی ئەندامی زاوزێی گرتووە، کە وا لێکدەدرێتەوە کە ئەمە ھەڕەشەیەک بووبێت لە دیێگۆ ڕیڤێرا لەبەرامبەر ئەو ناپاکییە بەردەوامانەی لێی دەکرد، کالۆ پەیامی ئەوەی گەیاندووە کە زیان بە جەستەی خۆی دەگەیەنێت ھەرچۆن وەک ئەوەی قژی بڕیوە، ئەمەش نیشانەیەکە کە پشانی دەدات کە ھەندێکجار ژنان توڕەیی خۆیان بەسەر کەسانی دیکەدا بەسەر خۆیاندا دەنوێنن.[241] زیاتر لەوەش، تابلۆکە نەک تەنیا تووڕەبوون بێت لە کارەکانی دیێگۆ، بەڵکوو توڕەیی کالۆیە لەگەڵ کەلتووری پیاوسالاری لە مەکسیک، مەقەسەکان وەک ھێز و ھێمای پیاوانەیە کە چۆن ھەڕەشەی «بڕینی» ژنان دەکەن، لێرەدا کالۆ ئەم کەرەستەیەی ھەم وەک مێتافۆر و ھەمیش وەک دەربڕینی قسەکردن بەکارھێناوە.[241] لە مەکسیک، کەلتووری ئیسپانی بۆ بەھادانانی زۆر بۆ نێربوون (ماچیزمۆ) زۆر باوبووە، بەڵام کالۆ ھەمیشە ناڕەحەتی خۆی بۆ ئەم کەلتوورە دەربڕیوە.[241]
ھەر بەھۆی بەرکەوتنی لە ڕووداوی پاسەکە، کالۆ بەشێکی زۆری لە ژیانیدا لە نەخۆشخانە بەسەر برد و نەشتەرگەری بۆ دەکرا، کە زۆربەیان لەلایەنی کەسانی ناشارەزا و پسپۆڕ بوون، کالۆ بڕوای بوو کە بەھۆی ئەمەوە پشتی دگەڕێتەوە بۆ باروودۆخی پێش ڕووداوەکە.[239] زۆرێک لە تابلۆکانی کالۆ، بە وێنەی داو و دەرمانە پزیشکییەکانی ئەون، ئەمەش نیشانەی ئازار و ناڕەحەتییەکانی خۆی دەردەخەن، ھەروەھا لە تابلۆکانی خوێنڕژان و بیرنەکانی بەشێوەی کراوە دەردەکەون.[239] ئەو وێنانەی کە کالۆ لەبارەی ڕەوشی تەندرووستی خۆیەوە بوون، زیاتر ئەو وێنانەبوون کە باسیان لە منداڵبوون و منداڵ لە بارچوون دەکرد، لەم تابلۆیانە ھەستێکی بەھێزی تاوانیان ھەیە، ھەستێک کە دەربڕینێک دەکات کە ژیانی کەسێک پەیوەستە بەژیانی کەسێکی دیکەوە کە دەشێت بمرێت بۆئەوەی یەکێکیان بژیێت.[240]
ھەر چەند کە کالۆ وێنەی کەسی خۆی و ڕووداوەکانی دەکێشا، بەڵام مانای تابلۆکانی ھەر ئاوا ساکار نەبوون کە تەنیا پەیوەست بن بەژیانی خۆیەوە.[242] بەڵکو زۆرجار مەبەستی کالۆ لە پرسیارکردن بووە لە کۆمەڵگای مەکسیکی و دروستکردنی کەسایەتی بووە، بەدیاریکراویش لە پرسەکانی جێندەر، ڕەگەز و چینە کۆمەڵایەتییەکان.[243] مێژوونووس لیزا باکوێڵ، باسی ئەوەی کردووە کە کالۆ باسی ئەو کێشانەشی کردووە کە بەھۆی ئایدۆلۆژیای شۆڕشەوە دروست بوون.[244]
بۆ گەڕان لە نێو ئەم پرسیارانەدا، کالۆ چەند ئایکۆنگرافییەکی ئاڵۆزی لە تابلۆکانی بەکاردەھێنا لە نێویاندا میتۆلۆژیا و سیمبوڵەکانی سەردەمی پێش کۆلۆمبی و کریستیانەکاندا ھەبوون.[245] لە زۆرێک لە تابلۆکانیدا، کالۆ ڕوخساری خۆی وەک ماسکێک بەکاردەھێنا، بەڵام لە دەورووبەریدا ھەندێک ھێما و سیمبوڵی وەک مەیموون، ئێسکبەند، خوێنن و دڵ بەکاردەھێنا؛ ئەم ھێمایانە ژێدەرێکن بۆ میتۆلۆژیای کوتلیکۆ، کیتزالکواتل و شۆلوتل.[246][247] بەشێک لە تابلۆکانی کالۆ توخمی دژە یەکیان لەخۆ گرتبوو، لەوانە ژیان و مردن، پێش مۆدێرن و مۆدێرنبوون، مەکسیکی و ئەورووپی، ھەروەھا پیاو و ژن.[248]
لەپاڵ ئەفسانەکانی ئەزتیک، کالۆ چەندجارێک دوو کەسایەتی ژنی ناسراو لە فۆلکلۆری مەکسیکی لە تابلۆکانیدا بەکارھێناوە، ئەوانیش لا لۆرۆنا و لا مالینە بوون.[249] فریدا تابلۆی نەخۆشخانەی ھێنری فۆرد کێشا، ئەمەش لەدوای لەبارچوونی منداڵەکەی بوو لەو نەخۆشخانەیە لە شاری دێترۆیت، فریدای لە تابلۆکە بەچاوی پڕ لە فرمێسک لەگەڵ ھەستکردن بە ئازار دەرکەوێت، ھەر لە تابلۆکەدا وێنەی قژێکی پەشۆکاو و دڵێکی شیکراوە دەردەکەوێت، ھەموو ئەوانە دەربڕینن لەبوونی لا لۆرۆنا، ژنێک کە بکووژی منداڵەکانییەتی.[250][251]
فریدا کالۆ کاتێک پۆرترەیتی خۆی لەناو تابلۆکاندا دەکێشا، زۆربەی کات بە شێواز و دەکەوتنی جیاوازبوون لەیەکتری، نموونە وەک کەسێکی بریندار، شکاو، منداڵ، بەپۆشینی جلووبەرگی جیاوازی تیھوانا، جلی پیاوانە، ھەروەھا جلی ئەورووپییەکان پشان دەدا.[252] ئەو جەستەی خۆی وەک مێتافۆرێک بەکاردەھێنا بۆ گەڕان بەناو پرسەکانی ڕۆڵەکانی کۆمەڵگا.[253] تابلۆکانی زۆرجار بە شێوەیەکی ناباو وێنای جەستەی مێینەیان پشان دەدا، وەک لەکاتی لەبارچوون، منداڵبوون یان پۆشینی جلی ڕەگەزی بەرامبەر.[254][255] بەپێی قسەی نانسی کوویی، لە تابلۆکانیدا «کالۆ وەک کەسایەتیی سەرەکی لە میتالۆژییەکانیدا، وەک ژنێک، مەکسیکییەک و کەسێکی ئازارکێش دەردەخات… ئەو شارەزابوو لەوەی کە ھەریەکێک لە شتانە بگۆڕێت بۆ سیمبوڵ و ھێمایەک بۆ دەربڕینی بەرگرییە ڕۆحییە مەزنەکەی مرۆڤ و ھەستە بەرزەکانی لە سێکس.»[256]
تێت مۆدێرن (گالێری ھونەری چاوچەرخ)ی لەندەن پێی وایە «کالۆ یەکێکە لە ھەرە گەورەترین ھونەرمەندەکانی سەدەی بیستەم»،[257] بەلای مێژوونووسی ھونەر ئیلیزابێت باکوێڵ، فریدا «دیارترین کەسایەتی مەکسیکییە لە سەدەی بیستەم».[258] ناوبانگی کالۆ زیاتر لەدوای مردنی دەرکەوت، ئەمەش لەبەر ئەوەی تا ئەوکاتەی لەژیاندا بوو وەک ژنی دیێگۆ ڕیڤێرا دەناسرا یانیش وەک کەسایەتییەکی نامۆ و نائاسایی لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی ھونەر و کەلتوور.[259] لە کۆتایی حەفتاکان، کالۆ زیاتر ناسراوبوو ئەمەش لەبەر ئەوەی زانا و لێکۆلەرەوەرە فێمێنیستەکان لە مێژووی ھونەردا بەدوای کەسی نەناسراو، پشتگوێخراو و ھەروەھا ھونەرمەندانی دەرەوەی وڵاتانی ڕۆژاوا دەدا دەگەڕان، ھەروەھا بزووتنەوەی چیکانۆ ئەویان وەک یەکێک لە ئایکۆنی خۆیان دانا.[260][261] یەکەمینن دوو کتێب لەبارەی کار و ژیانی کالۆ، لە ساڵانی ١٩٧٦ و ١٩٧٧، لەلایەن ھەریەکە لە تیرێسا دێل کۆندی و ڕاکێڵ تیبۆل نووسران.[262] لە ساڵی ١٩٧٧، تابلۆی داری ھیوای لە شوێنی خۆیەتی (١٩٤٤) بووە یەکەمین تابلۆی کالۆ بخرێتە زیادکردنەوە، کە بەبڕی ١٩٬٠٠٠ دۆلاری ئەمریکی فرۆشرا.[263][262]
لە دەرەوەی مەکسیک، دوو بۆنە ڕێکخران لەسەر ژیانی کالۆ. یەکەم بۆنەیان کاری ھاوبەشی لە نێوان تابلۆکانی کالۆ لەگەڵ وێنەکانی وێنەگرت تیننا مۆدۆتی لە گالێری وایتچاپێل لە لەندەن نمایشکران، ئەم بۆنەیە لەلایەن پیتەر وۆلن و لاورا مولڤی ڕێکخرا.[264] ئەم بۆنەیە لە ئایاری ١٩٨٢ ڕێکخرا، دواتر چووە وڵاتانی سوێد، ئەڵمانیا، ئەمریکا و مەکسیک.[265] دووەم بۆنەش لە ساڵی ١٩٨٣ بوو، بڵاوکراوەیەکی مێژوونووسی ھونەر ھایدن ھێرێرا بوو کە لەئاستی جیھان فرۆشێکی زۆری ھەبوو، کتێبەکە بەناوی فریدا:ژیاننامەی فریادا کالۆ بوو.[266][267]
لە ساڵی ١٩٨٤، ناوبانگی فریدا زیاتر بەربڵاوبوو بەجۆرێک، لە مەکسیک بڕیاردرا کارەکانی ببنە بەشێک لە میراتی کەلتووری نەتەوە، ھەناردەکردنی کارەکانی بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغەکران.[263][268] لە ئەنجامدا، کارەکانی بەدەگمەن لەڕێی مەزادخانە نێودەوڵەتییەکان فرۆشران.[269] سەرباری ئەوەش، کالۆ ڕیکۆردی گرانترین تابلۆی دەشکاند لەناو ھونەرمەندەکانی ئەمریکای لاتین، ئەمەش لە ساڵانی نەوەدەکان و دوو ھەزارەکان بوو. لە ساڵی ١٩٩٠، کالۆ بووە یەکەم ھونەرمەندی ئەمریکای لاتین کە تابلۆیەکی بە زیاتر لە ١ ملیۆنن دۆلار بفرۆشێت، ئەویش تابلۆ من و دیێگۆ بوو کە بەبڕی ١٬٤٣٠٬٠٠٠ دۆلاری ئەمریکی فرۆشرا. لە ساڵی ٢٠٠٦، تابلۆی ڕەگەکان (١٩٤٣) بەبڕی ٥٫٦ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی فرۆشرا،[270] ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١٦ تابلۆی دوو دڵدارەکە لە دارستانێک (١٩٣٩) بە بڕی ٨ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی فرۆشرا.[271]
فریدا بووە کەسایەتییەکی بەناوبانگ لە نێو خەڵکدا و ھەر بەمھۆیەشەوە وشەی «فریدامانیا» داھێنرا.[272] ئەو ھەر زوو بە ھونەرمەندێک دانرا،[265] کە ڕوخساری ببێتە سیمبوڵێک لەپاڵ کەسانی وەک چێ گیڤار و بۆب مارلی بەکاردێت.[273] ژیان و ھونەری فریدا، بووە سەرچاوەی ئیلھام بۆ دروستیکردنی چەندین کەرستەی بووکەڵە و دیاری جۆراوجۆر، ھەروەھا دەرکەوتن و شێوەیە ھاتە ناوبراوی فاشیۆنی جیھانی.[274][275][276] لە ساڵی ٢٠٠٢، فیلمێکی ژیاننامەیی بەناوی فریدا نمایشکرا، فیلمەکە لە دەرھێنانی ژوولی تایمۆر بوو. فیلمەکە لەسەر نووسراوەکانی ھێرێرا بەرھەمھێنرابوو، سەلما حایک ڕۆڵی فریدای گێڕا،[277] فیلمەکە لە بۆکس ئۆفیس بڕی ٥٦ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی کۆکردەوە، بووە پاڵێوراوی شەش خەڵاتی ئۆسکاریش، لە نێویاندا خەڵاتەکانی باشترین مەیک ئەپ و باشترین ئۆرجیناڵ سکۆری بەدەستھێنا.[278][279] لە ساڵی ٢٠١٧، لە ئەنیمەیشنی کۆکۆ، کالۆ وەک کارەکتەرێکی پاڵپشت دەرکەوت، ناتالیا کۆردۆڤا بەکلی دەنگی کالۆی ھێنا.[280]
ناوبانگی کالۆ بەھۆی کارە ھونەری و ئەو ئازارانە بوون کە لەژیانی چەشتی. ئەو بووە ئایکۆنێکیش بۆ کۆمەڵێک بزاڤ و کۆمەڵەی بچووک لەوانەش فێمێنیستەکان، کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە و چیکانۆس.[281][282][283] لەپاڵ ئەوانەش، ناوبانگ دەرکردنی کالۆ لە دوای مردنی، لەلایەن ھەندێ کەسەوە بووەتە جێگای سەرنج و ڕەخنە، پیتەر وۆلن و ستیفانی مینکیمر پێیان وایە کە ھەموو ژیانی کالۆ بەشێوەیەکی دروست و ڕاستی نەگواستراوەتەوە. ئەوان پێیان وایە کە دراماتیکی بوونی ژیانی ئەو، بەزیان بۆ کار و ھونەری کالۆ شکاوەتەوە.[284][285][286]
میراتی کالۆ بە چەند جۆرێک یاد دەکرێتەوە و پشان دەدرێت. لە ساڵی ١٩٥٨، لا کاسا ئەزول، ماڵەکەی خۆی لە کۆیۆئاکان وەک مۆزەخانەیەک کرایەوە، بووە یەکێک لە دیارترین مۆزەخانەکانی مەکسیکۆ سیتی، مانگانە نزیکەی ٢٥ ھەزار سەردانیکەری ھەیە.[287] ھەر لەوشارە، پاڕکێک بەناوی فریدا کالۆ نراوە.[288] لە پاڕکەکە، پەیکەرێکی بڕۆنزی کالۆ و دیێگۆی لێیە.[289] لە ساڵی ٢٠٠١، فریدا بووە یەکەم ژنی ئیسپانیزمان، وێنەی لەسەر پوولی پۆستەی ئەمریکا دابنرێت.[290] لە ساڵی ٢٠١٢، ناوی فریدا خرایە لیستی کەسە بەناوبانگەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە شیکاگۆ.[291]
لە ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠١٠، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی چەندین بۆنە و یادکردنەوەی ڕێکخرا. یەکێک لەو کارانەش وێنەی کالۆ خرایە سەر دراوی ٥٠٠ پیستۆ. کە لەپاڵ وێنەی خۆی ئەوا تابلۆی لە ئامێزگرتنی خۆشەویستی گەردوون، زەوی (مەکسیک)، خۆم، دیێگۆ و سێنۆر شۆلوتل لەسەر دراوەکە ھەبوو،[292] لە دیوەکەی دیکەش وێنەی دیێگۆ دەبینرێت.[293] لە ساڵی ١٩٨٤، پۆڵ لیدوک فیلمێکی درامی و ژیاننامەیی لەسەر کالۆ بەناوی فریدا:ھێشتا لەژیانە بەڕۆڵگێڕانی سەرەکی ئفیلا مەدینا بڵاوکردەوە،[294] مەکسیک فیلمەکەی نارد بۆ ئۆسکار بەڵام نەبووە پاڵێوراو بۆ باشترین فیلمی بیانی.[295] فریدا بووە پاڵەوانی چیڕۆک بۆ چەند ڕۆمانێکی خەیاڵ لەوانە باربارا موجیکای فریدا (٢٠٠١)،[296] ژووری خەوتنی فریدا (٢٠٠٨) ھەروەھا زە لاکونا (٢٠٠٩).[297] لە ساڵی ١٩٩٤، ئاوازدانەری ئەمریکی جەیمز نیوتن، ئەلبوومێکی بەناونیشانی سویت فۆر فریدا کالۆ بڵاوکردەوە.[298] لە ساڵی ٢٠١٧، وێنەکێش جۆن پارا کتێبێکی بۆ منداڵان لەسەر فریدا بڵاوکردەوە، کتێبەکە بەناونیشانی فریدا و ئاژەڵەکانی بوو، ئەم کتێبە زیاتر تیشکی دەخستە سەر ئەو ئاژەڵانی لە ژیان و تابلۆکانی فریدا ھەبوو.[299] ھەندێ لە ھونەرمەندان و وێنەکێشان، وێنەی کالۆیان لە کارەکانیان بەکارھێناوە لەوانە مارینا ئەبرامۆڤیچ،[300] ئالانا ئەرکەر،[301] گابرێلا گۆنزالێز دێلۆسۆ،[302] یاسوماسا مۆریمورا،[303] کریس مێلۆ،[304] ڕوپەرت گارسیا[305] و کۆمەڵێکی دیکە.
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.