From Wikipedia, the free encyclopedia
لە بوارەکانی جوگرافیای سیاسی و پێوەندییە نێونەتەوایەتییەکاندا، سەرزەوی ناوچە یا ناوچەگەلێکی تێکتەنراوە کە بۆ ئەوەی دەستی بێگانە بە خەڵک و شوێنەکانی ڕانەگات ئەرکی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی بە تاک، کۆمەڵ، یا دامەزراوەیەک سپێردراوە.[1]
سەرەڕای جۆراوجۆریی ڕوانگەکان لەمەڕ مانای وشەکە، لە یاساکانی نێونەتەوەییدا، سەرزەوی پارچەیەکی لێنەبڕە لە پێکھاتەی وڵاتاندا: سەرزەوی یا خاکی ھەر وڵاتێ بریتییە لەو بەرینایییە (کە داگری ڕووی زەوی و ژێر زەوی و ئاسمان و بڕێ لە سەرچاوە دەریایییەکانی نزیک کەنارەکانیەتی) کە حکوومەتی ئەو وڵاتە داوای ئەکا و خۆی بە خاوەنی ئەزانێ و وڵاتانی تریش ئەو داوایەیان قەبووڵە و بە ھیی ئەوی ئەزانن.[2]
لە حکوومەتە فیدراڵەکاندا بۆ ئەوەی ویلایەتێک دەستڕۆشتووتر لەوانی تر نەبێ، پایتەختی وڵات ناخەنە ناو سنووری ھیچ ویلایەتێک. بە جێگەی ئەوە، بەتایبەت سەرزەوییەکی بۆ دیاری ئەکەن تا کورسیی حکوومەتی وڵات لەوێ جێگیر ببێ. بەو سەرزەوییە ئەڵێن سەرزەویی پایتەخت (Capital territory). بۆ نموونە پایتەختی وڵاتانی ھیند و پاکستان و ئۆسترالیا سەر بە ھیچ یەک لە ویلایەتەکان نین و خاک و سەرزەویی تایبەت بە خۆیانیان ھەیە.
سەرزەویی ناسەربەخۆ (Dependent territory) بە سەرزەوییەک ئەوترێ کە بۆ خۆی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و سەربەخۆ نەبێ بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتە حاکمەکەدا بێ.[3] بۆ نموونە سەرزەوییەکانی بریتانیا لە ئەوبەر دەریاکاندا سەربە شانشینی یەکگرتوون، ھەرچەند خۆیان تا ڕادەیەک حوکمیان بە دەستەوەیە.
سەرزەویی ئەوبەر دەریاکان (Overseas territory) ئەو سەرزەوییەیە کە بە ئۆقیانووسێک لەو وڵاتەی کە حوکمی پێ ئەکا جیا بۆتەوە. بۆ نموونە گرینلەند و دوڕگەکانی فارۆ بە بەشێک لە شانشینی دانمارک ئەژمێردرێن.
سەرزەویی جێناکۆکی (Disputed territory) بەو ڕووبەرە جوگرافیایییە ئەوترێ کە دوو وڵات یان زیاتر داوای بکەن. وەک کەشمیر کە ھیند و پاکستان، ھەر کامیان بە جیا، داوای ئەکەن. یان وەک کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری کە لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و بەغداددا بوونە بە جێی ناکۆکی.
سەرزەویی داگیرکراو (Occupied territory) ناوچەیەکە کە ھێزێک لە دەرەوە بە لەشکر دەستی بە سەریدا گرتووە، بەبێ ئەوەی بیلکێنێ بە قەڵەمڕەوی خۆیەوە.
چەند نموونەیەک لەم جۆرە سەرزەوییانە لە ڕابرددودا ئەمانەن: ئاڵمانیا دوای شەڕی دووەمی جیھانی، کوەیت دوای ئەوە لە ساڵی ۱۹۹۰دا ئێراق ھێرشی بۆ ھێنا، کۆزۆڤۆی داوی ساڵی ۱۹۹۹ و، زۆرێک تر.
لە نموونەکانی حاڵی حازریش ڕۆخی ڕۆژاوای ڕووباری ئوردن و ڕۆژھەڵاتی قودسن کە لە لایەن دەوڵەتی ئیسراییلەوە داگیر کراون.
سەرزەویی دەریایی یا سەرزەویی نزیک دەریا (Maritime territory) بەو ئاوانە ئەوترێ کە نزیکن بە کەنارەوە و گەرچی بە ئاوگەلی سەرزەمینی ناژمێردرێن بەڵام ئەکرێ ھاتوچووی کەشتیگەلی وڵاتانی تری تیا قەدەغە بکرێ.
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.