زەھا حەدید
From Wikipedia, the free encyclopedia
زەھا محەمەد حەدید (بە عەرەبی: زها حديد زها حدید ; ٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٠ – ٣١ی ئازاری ٢٠١٦) تەلارساز و هونەرمەند و دیزاینەرێکی عێراقی-بەریتانی بوو، وەک کەسایەتییەکی دیار لە بواری تەلارسازیدا لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا ناسراوە. حەدید لە بەغدای پایتەختی عێراق لەدایکبووە،[1] ئەو قۆناغی بەکالۆریۆسی لە بیرکاری خوێندووە و دواتر لە ساڵی ١٩٧٢ لە فێرگەی کۆمەڵەی تەلارسازی ناوی تۆمارکردووە.[2]
زەھا حەدید | |
زانیارییەکانی کەسایەتی | |
---|---|
ناوی تەواو | زەھا حەدید |
ڕێکەوتی لەدایکبوون | ٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٠ |
شوێنی لەدایکبوون | عێراق |
ڕێکەوتی مردن | ٣١ی ئازاری ٢٠١٦(٢٠١٦-٠٣-٣١) (٦٥ ساڵ ژیاوە) |
شوێنی مردن | مەیامی، فلۆریدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان |
ھاوڵاتیبوون | عێراقی-بریتانیایی |
چالاکی | |
خەڵاتەکان | خەڵاتی تەلارسازیی پریتزکێر(٢٠٠٤) |
زەها لەلایەن ڕۆژنامەی گاردیەن بە "شاژنی پێچ" وەسف کراوە،[3] کە "بواری ئەندازیاریی تەلارسازی ڕزگار کرد، بەوەی ناسنامەیەکی نوێی پێبەخشی".[4] کارە سەرەکییەکانی زەها بریتین لە سەنتەری ئەکوای لەندەن بۆ ئۆڵۆمپیادی ٢٠١٢، مۆزەخانەی هونەریی ئیلی و ئیدیتی، مۆزەخانەی MAXXI لە ڕۆما، و ئۆپێراخانەی گوانگژۆ لە چین.[5] هەندێک لە خەڵاتەکانی دوای مردنی پێشکەش کراون، لەنێویاندا پەیکەری بچووکی خەڵاتەکانی بریتانی ساڵی ٢٠١٧. ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد، چەندین کاری تەلارسازیی ئەو هێشتا لە قۆناغی دروستکردندا بوون، لەوانە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی داکسینگ لە پەکین و یاریگای ئەلوەکرە (ئێستا پێی دەڵێن ئەلجەنوب) لە قەتەر کە شوێنی بەڕێوەچوونی مۆندیالی ٢٠٢٢ بوو.[6][7][8]
زەها یەکەم ژن بوو کە خەڵاتی تەلارسازی پریتزکەری وەرگرت، لە ساڵی ٢٠٠٤.[9] لە ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١١ بەناوبانگترین خەڵاتی تەلارسازی بەریتانیا وەرگرتووە، ئەویش خەڵاتی ستێرلینگ بوو. لە ٢٠١٢ لەلایەن ئەلیزابێسی دووەمەوە بەهۆی خزمەتەکانی بە تەلارسازییەوە کرایە دام و لە شوباتی ٢٠١٦، مانگی پێش مردنی،[10] بووە یەکەم ژن کە بەشێوەی تاک مەدالیای زێڕی شاهانەی لەلایەن پەیمانگای شاهانەی تەلارسازەکانی بەریتانیاوە پێبدرێت ( پێشتر ڕەی ئیمز و شیلا ئۆدۆنێل بە هاوبەشی لەگەڵ چارڵز ئیمز و جۆن توومی خەڵاتەکەیان پێبەخشرابوو).[11][12]