From Wikipedia, the free encyclopedia
تاھێر یاروەیسی ناسراو بە وسا تاھێر (١٩٤٠ لە گاوارە - ١٦ی تەممووزی ٢٠١٩ لە کرماشان) مۆسیقازان و مامۆستای ئامێری تەموورە بوو. تاھێر یاروەیسی بەدوای تەمەنێک چالاکی لە بواری مۆسیقا بە تایبەت ئامێری تەموورە و مۆسیقای یارسان، لە کۆتاییەکانی تەمەنی تۆشت نەخۆشی بوو و بەدای ماوەیەک کە لە کۆمادا بوو، لە ١٦ی تەممووزی ٢٠١٩ لە نەخۆشخانەی بێستوونی شاری کرماشان کۆچی دواییی کرد.[1]
تاھێر یاروەیسی لە ساڵی ١٩٤٠ لە بنەماڵەیەکی یارسان لە شاری گاوارە سەر بە شارستانی داڵاھۆی پارێزگای کرماشان لە دایک بوو. ژەنینی تەموورە لە تەمەنی دە ساڵی دەستیپێکرد و لە لای سەید وەلی حوسەینی خەریکی فێربوونی مەقامەکانی ئەم ئامێرە بوو، کە یەکەمین و کاریگەرترین مامۆستای بوو کە چوو بۆ لای و یەکێک لە گەورەترین ژەنیارەکانی تەموورە بووە. ھەروەھا لالۆ بەیرخان یەکێک دیکە لە مامۆستاکانی بوو کە یاروەیسی لە ھونەریان کەڵکی وەرگرت. تاھێر یاروەیسی جگە لە ژەنینی تەموورە، لە تاشین و درۆستکردنی ئەم ئامێرەش زۆر بەکار بوو و ئەم ھونەرە لە لای چەنگیز فەرمانی فێر بووبوو کە گەورەترین مامۆستای تەموورەتاشی لە کۆمەڵگای یارسان بوو. تاھێر یاروەیسی قوتابییەکانێکی زۆری پەروەردە کرد و ژیانی خۆی بۆ پەروەردەکاریی چڕین و ژەنینی تەموورە پێشکەش کردبوو و کەلامچڕەکان و ژەنیارانێکی زۆر لە ناوچەکانی جیاوازی کرماشان و تەنانەت شارەکانی دیکە وەکوو تاران پەروەردە کرد.[1]