بەھار
یەکێک لە چوار وەرزەکە / From Wikipedia, the free encyclopedia
بەھار (بە عەرەبی: الربیع، بە ئینگلیزی: Spring) یەکێکە لە چوار وەرزی ساڵ لە ناوچە مامناوەندەکان، دوای زستان و پێش ھاوین. چەند پێناسەیەک بۆ بەھار ھەیە، لەوانە پێناسەی کەشوھەوا («نیوە وەرز» کە دەکەوێتە نێوان وەرزی سەرما و گەرما) و بەپێی ساڵنامە دەگۆڕێت، بەڵام بەکارھێنانی ناوخۆیی ئەم زاراوەیە بەندە بە جۆری کەشوھەوا و نەریت لە ناوچەکەدا، کاتێک بەھار لە نیوەگۆی باکوورە پاییز لە نیوەگۆی باشووردایە، و بە پێچەوانەشەوە. لە ڕۆژانی یەکسانبوونی بەھاردا، درێژی ڕۆژەکە نزیکەی ١٢ کاتژمێرە، و لەگەڵ پێشکەوتنی ڕۆژەکانی وەرزەکەدا زیاد دەکات. بەھار ئاماژەیە بۆ نوێبوونەوە و دووبارە لەدایکبوونەوە و گەشەکردنەوە. ئەو کاتەیە کە زەوی بە ڕەنگی چیمەن سەوزە و گوڵەکان دەکرێنەوە و پلەی گەرمی مامناوەندە و ئاژەڵەکانیش دوای خەوتنیان چالاک دەبن.[1]