From Wikipedia, the free encyclopedia
ئاسیا ڕەمەزان ئەنتەر (١٩٩٧–٢٠١٦) ھەروەھا ناسراو بوو بە ڤیان ئەنتەر یان ڤیان قامیشلۆ ئەندامێکی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بوو کە بوو بە سیمبولی خەباتی ئازادیخوازانەی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژاڤا و شەڕی دژ بە داعش لە میدیا جیھانییەکاندا.
ئاسیا ڕەمەزان ئەنتەر | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٩٧ قامیشلۆ، سووریا |
مردن | ٣٠ی ئابی ۲۰۱٦ (١٩ ساڵ ژیاوە) مەنبج، سووریا |
دڵسۆزی | خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوا |
ساڵی ٢٠١٤ و لەتەمەنی ١٦ ساڵی ڤیان پەیوەندی بە ھێزەکانی یەپەژەوە کرد بە ئامانجی شەڕ دژ بە چەکدارانی داعش. دوای ئەوەی وێنەکانی بە ئینتەرنێت و لە جیھاندا بڵاوبوویەوە، ڤیان لە میدیاکانی جیھاندا نازناوی ئەنجلینا جۆولیی کوردی لێنرا بەھۆی وێنا و ڕووخسارییەوە.[1][2][3] ئەم چواندنەی ڤیان بە ئەنجلینا جۆولی ڕەخنەی چەکدارانی دیکەی کوردی بە دوادا ھات کە پێیان وابوو ڤیان دەبێت بۆ خەون و ئامانجەکانی سەرنجی بخرێتە سەر نەک وێنا و ڕووخساری.[4]
ڤیان لەناو خێزانێکی کوردی شاری قامیشلۆ لە ساڵی ١٩٩٧ لەدایکبوو، ھەر لە تەمەنی منداڵیدا ژیانی ھاوسەری پێکھێنا لە ھاوسەرگیرییەکدا کە پێشوەختە لەلایەن خێزانەکەیەوە ڕێکخرابوو. دوای چەند مانگێکی کەم ڤیان توانی جیاببێتەوە لە ھاوسەرەکەی بەھۆی ئەو یاسا نوێیانەی تازە لەلایەن ھێزە کوردییەکانەوە دانرابوون. ساڵی ٢٠١٤ و دوای جیابوونەوەکەی ڤیان پەیوەندی بە ھێزەکانی یەپەژەوە کرد بە ھیوای شەڕکردن بۆ ئازادی ژنان لەدەست زوڵمی ئەو کۆمەڵگە پیاوسالارییەی بوونی ھەیە لە ھەرێمەکەدا.[5]
ڤیان سەرنجی جیھانی بۆ خۆی ڕاکێشا لە ساڵی ٢٠١٥ دوای ئەوەی وێنەگرێک وێنەیەکی گرت و بە «ئەنجلینا جۆولی کوردی» ناوی ھێنا. ژمارەیەکی زۆری میدیا وێنەکانیان بڵاوکردەوە و ھەواڵی لەسەر نوسرا و ھەندێکیش بە ئەکتەری ئیسپانی پێنێلۆپی کروز چواندیان.
دوای گیان لەدەستدانی ڤیان دووبارە بوو بە ھەواڵی میدیاکان و سەردێرەکان نووسرا بە «ئەنجلینا جۆولی کوردی گیانی لەدەستدا»، ئەمە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڤیان بۆ لێکچوونی لەگەڵ ئەنجڵینا جێگەی گرنگی پێدرا نەک بۆ بەژداری لە شەڕی دژ بە چەکدارانی داعش و خەون و ئامانجەکانی. ئەم کردەیەی میدیاکان لەلایەن پشتیوانانی دۆزی کورد و ھاوڕێیانی ڤیانەوە سەرکۆنە کرا.[4][6]
بچووککردنەوەی ڤیان لە ڕووخساریدا وەک سووکایەتی دانرا لەلایەن زۆرێک چالاکوانی کوردەوە، بەتایبەتی کە ڤیان شوێنکەوتوویەکی بیروباوەڕی فێمینیزم بوو. چۆمان کەنعانی، چالاکوانێکی کورد و چەکدارێکی یەپەگە، مامەڵەی میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژاوای بەرامبەر ڤیان ڕەتکردەوە، لە ڕاپۆرتێکی بی بی سیدا چۆمان گووتی: «تەواوی فەلسەفەی یەپەژە ئەوەیە شەڕی دژ بە جیاکاری ڕەگەزی بکات و ڕێگا نەدات چی دیکە ژنان وەک کاڵایەکی سێکس بەکاربھێنرێن،» سەبارەت بە پێگەی یەپەژە لەسەر جیاکاری ڕەگەزی چۆمان گووتی:[4]
ئێمە دەمانەوێت جێگەی شیاوی خۆیان بە ژنان بدەین لە کۆمەڵگادا و وابکەین خاوەنی چارەنووسی خۆیان بن. ڤیان لەپێناو ئەم بیروباوەڕانە گیانی بەخت کرد. لە میدیادا کەس باسی ئەم ھۆکارانەی نەکرد کە ڤیان خۆی بۆ کردن بە قوربانی، و نە ئەوەش کە ڤیان بەدەستی ھێنا بۆ ژنان لە ڕۆژاڤا لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا.
ڤیان لە ڕۆژی ۳۰ی ئابی ٢٠١٦ کوژرا لە دەمی ھێرشێکدا لە شاری مەنبج دوای بەژداریکردنی لە ئازادکردنی شارەکە لە دەستی چەکدارانی داعش.[7] ئەگەرچی ڕاپۆرتە سەرەتایییەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە ڤیان لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری یەپەگە کوژراوە لە جەرابلوس لە ھێرشێکی سوپای ئازادی سووریا بەڵام ئەم دەنگۆیانە لەلایەن وتەبێژی یەپەژەوە ڕەتکرانەوە.[8]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.