![cover image](https://wikiwandv2-19431.kxcdn.com/_next/image?url=https://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/thumb/2/2d/Kingdom_of_Adiabene%252C_ca_37_AD.png/640px-Kingdom_of_Adiabene%252C_ca_37_AD.png&w=640&q=50)
ئادیابین
From Wikipedia, the free encyclopedia
ئادیابین، یان ئەدیابین، ئەدیاب، ھەدیاب (بە عبری و سریانی: حدیاب/ھدیاب) شانشینییەکی کۆنی باشووری کوردستان و میزۆپۆتامیا بوو، دەکەوتە باکووری ھەرێمی دێرینی مێزۆپۆتامیا (بەشی باکووری ڕۆژاوای ئاشووری کۆن).[1] سنووری ئەم شانشینییە لە گۆڕاندا بووە؛ سەرەتا تەنھا ناوچەی نێوان زێی گەورەو بچووکی دەگرتەوە، دواتر نەینەوای پێتەختی کۆنی ئاشووریش کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەدیابین لە سەردەمی میر مۆنۆبازی یەکەم (کۆتایی سەدەی یەکەمی پێش زایین)، ھەرێمی کوردنشینیی گۆردیێن (جزیرا بۆتانی ئێستا) و شنگار کەوتنە ژێر ڕکێفی مۆنۆبازس. [2] دەسەڵاتی ئادیابین لە سەردەمی ئیزاتێسی دووەمدا گەیشتە لووتکە، پاشای پارت ئارتابان (ئەردەوان)ی دووەم ناوچەی نسیبێنی پێبەخشی لە ساڵی(١٢–٤٠ز) وەک پاداشتێک بۆ یارمەتیدانی بۆ وەرگرتنەوەی تەختەکەی. [3] [4] سنوورەکانی ڕۆژھەڵاتی ئادیابین گەیشتنە چیاکانی زاگرۆس، ھاوسنووری میدیا. [2] ئەربێلا (ھەولێر) پایتەختی ئادیابین بووە. [2]
مێژووی سەرھەڵدان و دروستبوونی شانشینی حدیاب ناڕوونە. یەکەم جار لە تۆمارەکانی ساڵی ٦٩ پێش زاییندا باسکراوە، کاتێک پاشایەکی ئادیابینی (کە ناوی دیار نییە) بەشداری لە شەڕی تیگرانۆسێرتادا کردووە وەک ھاوپەیمانی پاشای ئەرمەنی تیگرانی گەورە (. ٩٥–٥٥ پێش زایین). [2] دیسان ناوی ئادیابین ساڵی ١٦٤ پێش زایین دەرکەوتەوە، دوای نەمانی دەسەڵاتی سلوکییە یۆنانییەکان لە ڕۆژھەڵاتی نزیکدا. [2] [5] ئادیابین لەلایەن پاشای پارت میتریداتی یەکەم داگیرکرا (١٧١–١٣٢ پێش زایین) تا سەردەمی میتریداتی دووەم (١٢٤–٩١ پێش زایین) بەشێکی دانەبڕاو لە دەسەڵاتی پارت ماوەتەوە. [2]
فەرمانڕەواکانی ئادیابین بتپەرست بوون، بەڵام لە سەردەمی حوکمڕانی شاژن ھێلێنای ئادیابین (سەدەی یەکەمی زایین) ھاتنە سەر ئایینی جووان (یەھودی) (لە سەرچاوە عیبرییەکاندا بە ھێلێنی ھامالکا ناسراوە (بە واتای: شاژن ھێلین))
دەسەڵاتی پارتەکان لە ساڵی ٢٢٤ لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی ساسانییەوە لەناوبرا [3] و شاپووری یەکەم (٢٤٠–٢٧٠ز) وەک حوکمڕانی ئەدیابین ناولێندرا تا ڕۆژگاری ئەردەشیری دووەم کە دوامین شازادەیە وەک پاشای ئادیابین ناوی ھاتبێت، دوای ئەوە لە دەوری (٣٧٩ز) شێوازی بەڕێوەبردنی شانشینەکە گۆڕدراو بۆ ھەرێم (شار) و لەلایەن (مەرزبان یان شەھراب)ێکی سەر بە پاشای ساسانییەوە بەڕێوەدەبراو کە مەرج نییە لە تۆرەمەی شازادەکان بوو بێت. [2]