From Wikipedia, the free encyclopedia
پەیوەندییەکانی کۆماری چیک و ھەرێمی کوردستان پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان کۆماری چیک و ھەرێمی کوردستانە.[1] کۆماری چیک لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە نوێنەرایەتی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە لە ڕێگەی کونسوڵخانەی گشتی لە ھەولێر، بەڵام ھەرێمی کوردستان ھیچ نوێنەرایەتییەکی لە کۆماری چیکدا نییە. پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە بە گفتوگۆی ئاست بەرز و ھاوکاری شەڕی دژی داعش تایبەتمەندە. مەسعوود بارزانی، سەرۆکی ھەرێم لە ساڵی ٢٠١٥ سەردانی کۆماری چیکی کرد و چاوی بە میلۆش زێمان، سەرۆککۆمار و بەرپرسانی باڵای دیکەی حکوومەتی چیک کەوت. لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥، میلۆش زێمان، سەرۆکی چیک ڕای گەیاند: «بەم نزیکانە ھەرێمی کوردستان سەربەخۆ دەبێت».[2][3]
کۆماری چیک |
ھەرێمی کوردستان |
---|
پراگ لە ١٦ی تەممووزی ١٩٥٨ دانی بە حکوومەتەکەی عەبدولکەریم قاسمدا نا، ھەروەھا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕاپەڕیوانی کورد و کۆمۆنیستە عێراقییەکان پاراست. لە ساڵی ١٩٥٩ و چەند ھەفتەیەک دوای کردنەوەی باڵیۆزخانەی چێکۆسلۆڤاکیا لە بەغدا، سکرتێری باڵیۆزی چیک لەگەڵ مستەفا بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا کۆبووەوە.[4] لە ساڵی ١٩٦٠ عێراق و چێکۆسلۆڤاکیا پرۆتۆکۆلێکیان لەسەر ھاوکاری زانستی و تەکنیکی واژوو کرد و خوێندکارانی عێراقی کە زۆرینەیان کورد بوون[5] بۆ خوێندن گەشتیان کرد بۆ چێکۆسلۆڤاکیا.[6][7]
لە ساڵی ١٩٧٥ کاتێک پراگ دەستی کرد بە گەڕاندنەوەی خوێندکارە کوردەکان بۆ ڕژێمی بەعس، خوێندکاران بە سەرکردایەتی یەکتا ئۆزنۆگلو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو ڕێوشوێنانە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.[8][9]
دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان چێکۆسلۆڤاکیا و عێراق بەھۆی شەڕی ئێران و عێراق،[10] و بەشداری کۆماری چیک لە سزاکانی سەر عێراق لە ساڵی ١٩٩٠ تا ٢٠٠٣،[11] کۆماری چیک بە پلەی یەکەم سەرنجی لەسەر ئاوەدانکردنەوەی عێراق بوو، بەڵام لە ٢٠٠٦ نووسینگەی پەیوەندی لە ھەولێر کرایەوە و لەم ماوەیەدا بە بەشداری کەسایەتییە چیکییەکانی نووسینگە، پێشانگای ڕۆشنبیری لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە.[12][13]
لە ساڵی ٢٠١٥ ژوورێکی بازرگانی چیک‒کوردی بە ئامانجی پێشخستنی گەشەپێدان و گەشەکردن لە نێوان کۆمپانیاکانی چیک لە ھەرێمی کوردستان و بە پێچەوانەشەوە، دامەزرا.[14][15] لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٧ حکوومەتی چیک ڕای گەیاند کە وەبەرھێنان لە کەرتی کشتوکاڵی کوردیدا دەکەن.[16]
کۆماری چیک لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ھاوکاری ھێزە سەربازییەکانی کوردییەکانی کردوە، کاتێک داعش ھاتە ناو عێراق و مووسڵی گرت. لە مانگی ئابی ٢٠١٤ کۆماری چیک ٥٠٠ تۆن تەقەمەنی و کڵاشینکۆف و دۆشکە و ٥٠٠ نارنجۆکی دەستی بۆ ھەرێمی کوردستان ناردووە، بارە ھاوکارییەکان زیاتر لە چەک پێکھاتبوو کە چیتر لەلایەن سوپای چیکەوە بەکار نەدەھێنرا.[17][18] لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ حکوومەتی چیک ڕای گەیاند کە پێنج ھەزار مووشەکی دژە تانک لە ڕێگادان بەرەو کوردستان بۆ شەڕی دژی داعش.[19][20]
ھەروەھا ئەفسەرانی کۆماری چیک مەشقییان بە ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردووە لە ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوەی مین و ڕاھێنانی پزیشکانی کورد لە پاریس، و ھەندێک پڕۆژەی بیناسازی تریش لە ناوچەکە.[21][22][23]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.